وەک ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بە پێویستی دەزانین لە هەلومەرجی سەخت و دژواری ئەمڕۆی جیهاندا..... لەگەڵ بەڕێزتان ئەم گفتووگۆیە ساز بکەین بە هیوای ئەوەی، کە هەم ڕۆشنایی بخاتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغە تێپەڕ و هەستیار و مەترسیدارەدا، چ لە ئاستی فراوانبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و چ لە ئاستی ئاڵوگۆڕە سیاسی یە جیهانی، یان لۆکەڵییەکان لە نێو عێراق و کوردستاندا. هاوکات دەرگایەک ئاواڵا بکات بۆ گفتووگۆیەکی هەمەلایەنەتر و فراوانتر، لانی کەم لە نێو ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و بەشێک لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا دەبینن.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: جیهانی سەرمایەداری لەئێستادا، لە نێو شەپۆلێکی گەورەی قەیرانی ئابوری سیستمەکەیدایە. باسی ئێمە لێرەدا باسی قەیرانی ئابوری نیە، بەڵکو باسە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. دەزانین کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا گوژم و تینێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لایەنی کەم دەکرێت یەکی ئایاری ئەمساڵ -ڕۆژی جیهانی کرێکار- بکەینە خاڵی وەرچەرخانێک لەمبارەوە... بزووتنەوەیەک کە دژ بە گرانی و برسێتی یە، لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و ئەندنوسیا و فلیبین..... هتد، پرۆلیتاریا وەک هێزێک، ئەگەرچی پەرشووبڵاو، بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی بەردەوام ناچارکراوە کە ناڕەزایەتی بکات و لەمبارەوە درێغی نەکردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی دیاری بەدەستنەهێناوە. هۆی سەرەکی ئەم پۆینتە چییە؟
ئاسۆ کمال: سەرەتا سوپاس بۆ ئێوە کە ئەم پرسیارە گرنگانەتان خستۆتەڕوو. هیوادارم کە لە دورودرێژی وەڵامەکانم خوێنەر بێزار نەبێ چونکە باسەکان خۆیان قوڵ و هەمەلایەنەن. لەڕاستیدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لێکۆڵینەوە و هێنانەوەی فاکت و سەرچاوەیان پیویستە و ناکرێ کە هەر وەک ستەیتمەنت و ڕاگەیاندنی ڕای بڕاوە بخرێنەڕوو. هەربۆیە من هەوڵم داوە سوود لە لێکۆڵینەوەی کتێبی "کۆمۆنیزمی نوێ" [1]وەرگرم و لێرەدا وەک ئەنجامگیری هەندێ شت هاتوە کە کەسانێک بیانەوێ وردەکاری بۆچونەکە بزانن دەتوانن سود لەو سەرچاوەیە ببینن. ئەوانەی تریش کە لە شوێنی تر وەرم گرتوە سەرچاوەکەیم نوسیوە.
لێکدانەوەی لاوازیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی جیهانیدا باسێکی بەرفراوانە و پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگەی زۆرە بۆ خستنەڕووی هەموو لایەنەکانی کێشەکانی ئەم بزوتنەوەیە. لێرەدا چەند خاڵێک سەبارەت بەم کێشانە باس دەکەم.
سەرەتا پێویستە بە دیدێکی هەمەگیر و ئۆرگانیکەوە بڕوانینە چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری. واتە نابێت بەتەنیا خەباتی ئابوری یان خەبات بۆ کرێ و باش بژێوی ژیان بە جیا لەباقی هەوڵەکانی تری ئەم چینە دژی سیستمی سەرمایەداری لەبەر چاو بگرین. لەبەر ئەوەی ئەوەی لە مەیدانی خەباتی ئابوری کرێکاراندا وەک لاوازی دەیبینین خۆی پەیوەندی بە جێگاوڕێگای چینی کرێکار و ئاستی خەباتی سیاسی و ڕیکخراوەیی ئەم چینە و سەرجەم سیاسەت و هێرشەکانی دەوڵەتی سەرمایەداران و چینی سەرمایەدارەوە هەیە. هەر بۆیە لەم لێکدانەوەش لە مەیدانی خەباتی ئابوری پێویستە لەو هەلومەرجە مادیە بکۆڵینەوە کە ئێستا ئەم چینەی تێدایە و هەروەها لە ئاستی وشیاری چینی کرێکار بەم هەلومەرجەی چەوسانەوە و ئەزمونی خەباتی کرێکاری و ئاسۆیەک کە ئێستا لە نێو کرێکاراندا بۆ باشترکردنی ژیانیان و ڕزگاریان لە دەست ستەمی سەرمایەداران و حکومەتەکانیان.
کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF