ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حزبێکی مارکسی (١)
بەڵگەنامەکانی ئاڕاستە

ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حزبێکی مارکسی (١)

 

ئێستا کاتی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی یەکەمین بەڵگەنامەمان هاتووە. بەڵگەنامەیەک کە هیوای گەورە و ڕێگای تازە و کراوە بەڕووماندا دەکاتەوە بۆ بەدەستەوەگرتن و بردنەپێشەوەی شێوازێکی تازەی کاری سیاسی و حزبی و ڕێڕەو و

 شێوازێکی نوێ لە کار. شێوازێکی تازە لە کار کە پێکهاتەکانی لە هەموو ئاستێکی سیاسی و هزری (فیکری) و پراکتیکی و ڕێکخستن و بانگەشەدا، لەسەربناغەی کێشەی چینایەتی بنیاتنراوە بە قازانجی پرۆلیتاریا وەکو چینێک و حزبەکەی وەکو پێشەنگی ئەو. ئێمە زۆر لەم کارەمان دواکەوتووین، لەگەڵ درکی پێشوەختمان بەوەی کە ئێمە  بەشێکین لە مێژوو. مێژوویەک کە چالاکیەکانمان و ڕادەی چوونەپێشیان دیاریدەکات لە سەر بناغەی دەستکەوتە زانستی و فیکریەکان کە دەرهاویشتەی خەباتی چینانەیەتی و پێشەکەوتنە زانستیەکانە بە هەموو شێوازەکانیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە دەڵێین دواکەوتووین، بەڵام قۆڵمان لێهەڵماڵیوە بۆ بڕینی ئەو ڕێگا سەخت و قورسە لە ڕێگای خەباتی چینایەتیەوە، بە هەموو دەرکەوتەکانیەوە لەگەڵ چینی کرێکار و ڕابەرەکانی، داواکاری و ئامانج و خەباتە بەردەوام و سیاسیەکەیداین. لەگەڵیداین لە هێرش و پاشەکشەکانی، چوونەپێش و هاتنەدواوەکانی و لە شۆڕش و هەستانەوەکانیدا. ئێمە لەگەڵ چینی کرێکار و هەستانەوەیداین و بە هەموو توانامانەوە هەوڵدەدەین و خەباتدەکەین کە بەشێك بین لەم هەوڵە- هەوڵی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتداریەتی چینایەتی- لە ڕێگای شوڕشی کرێکاریەوە، تەنها شۆڕشی ئەو. ئەمەش ناونیشانی ئەم بەڵگەنامەیەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناچاربووین کە ڕەخنە لە مێژووی خۆشمانبگرین. مێژوویەک کە نیوەی زیاتری تەمەنمانی بردووە. ئەمە مێژووی خەباتی ئێمەیە و شانازی پێوەدەکەین بە هەموو خاڵە سلبی و ئیجابیەکانیەوە. مێژوویەک، کە بە سنگی فراوانەوە، هەموو بەرپرسیاریەتیەکانی لە ئەستۆدەگرین. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لەو مێژووەمان کارێکە کە دەبێت بیکەین، بۆ ئەوەی بتوانین تێیپەڕێنین و ڕێگای خۆمان بگرینە بەر لە بەشداریکرنی بەکردەوە و واقعی لە بزووتنەوەی کرێکاریدا. وە بۆ ئەوەی ببینە بەشێک لە چارەسەری گیروگرفت و لابردنی ئاستانەکانی بەردەمی . هۆکاری ڕەخنەمان لە مێژووی ڕابردوومان تەنها بۆ تێپەڕاندنیەتی. لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە مێژووی ڕابردوو، مێژووی کەسەکان، وە تەنانەت دامەزراوەیەکی دیاریکراوی حزب نیە و کێشەکە لەمە قووڵترە، هەروەک لە لێکدانەوەکانی ئێمەدا خوێنەری دەبن. لە کۆتاییدا، هیواخوازین کە توانیبێتمان وەڵام بە داوای هاوڕێیانێک بدەینەوە کە سەرنج و پرسیار و بە دواداچوونیان هەبوو لەسەر ئەم تێزانە. لە داهاتووشدا ئامادەی وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانتان دەبین لەسەر ئەم لێکدانەوانە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

2020.05.20

 

تـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــێزی یەکەم

تێزی یەکەم تایبەتمەندیەکی گرنگی هەیە بۆ چینی کرێکار و کۆمەڵگای ئینسانی لەم ساتەوەختەی مێژوودا. سەردەمێک کە تیایدا چینی کرێکار لە تێکۆشاندایە دژی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی بە “دەوڵەت و حکومەتەکانیەوە، بە بەڕێوەبەرایەتی و کۆمپانیا، و بە ڕاگەیاندن و بیرمەندو، و بە دادگا و دەستوورەکانیەوە” لە بارودۆخێکی سیاسی، ئابووری ، کۆمەڵایەتی و هزری (فیکری) تەواو سەخت و دژواردا. لە کاتێکدا کە چینی کرێکار بۆ ماوەی دوو دەیەیە لە لایەک بە دەست هەژاری و برسێتی و بێکاری لە ڕادەبەدەر، و شەڕە بە وەکالەتە یەک لەدوای یەکەکان و کێشمەکێشە توندەکانی نێوان هێزە گەورە جیهانیەکانەوە دەناڵێنێت، بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان. وە  لە لایەکی ترەوە، بە دەست نەبوونی کەشێکی-مەناخ- گونجاو بۆ بەدەستەوەگرتن و وەرگرتنەوەی ئاڵای مارکس لە گۆشەنیگای فیکری و تیۆری و چۆنێتی لێکدانەوە لە گۆشەنیگایەکی چینایەتیەوە، واتە مادیەتی دیالەکتیکی، دەناڵێنێت، کە ئەمەیان کێشەی دونیای هاوچەرخی ئەمڕۆمانە. ئەم جۆرە لە لێکدانەوەیە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتی و مێژوویەکان و ڕووداوە ڕۆژانەکان تا ڕادەیەکی زۆر  لە ئاستی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری باودا غائبە (وونە) و بە لێکدانەوە لەبیرکراوەکان دادەنرێت لە ئاستی جیهاندا. لێکدانەوەی دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکان بە پێی دۆکترینێکی (ڕێبازێکی) چینایەتی تا ڕادەیەکی زۆر نیە و ونە، وە تا ئێستاش لە کەشێکی گونجاو بەهرەمەندنین بۆ بەرفراوانکرنەوە و بڵاوبوونەوەی ڕێباز و دونیابینی و ئاڵای مارکس. ئەم لە مەیداندا نەبوونە، کێشەیەکی مێژوویی کۆمەڵایەتی تایبەتە، بەجۆرێک کە کاردانەوەکانی لەسەر هەموو ڕێچکەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان و کێشمەکێشی نێوان پرۆلیتاریا و بورژوازی دەبینین. ئەم تێزە لە لای ئێمە گرنگیەکی تایبەتی هەیە. ئێمە وەک ڕەوتێکی مارکسیستی ناتوانین بەدوای دووبارەکردنەوەی مێژوودا ڕابکەین، بە شێوازە گاڵتەجاڕانەکەی و خەریکی دووبارەکردنەوەی ئەو بۆچوونانە بین، بێ بوونی پاڵپشتێکی ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی.

لەم سەردەمەدا ئێمە باس لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکار دەکەین؛ شۆڕشی پڕۆڵیتەری. شۆڕشێک کە لە کاتی ڕوودانیدا لە پایەکانی نیزامی سەرمایەداری دەدات لە وڵاتێکی دیاریکراودا یان هاوکات لە چەند وڵاتدا. وە ئەمە باسێکی گشتییە، بەو مانایەی کە ئەمە زۆربەی وڵاتان لەخۆدەگرێت و کەم تا زۆر و بەشێوەیەکی گشتی بابەتێکی بەرنامەیی جێگیرە لە مارکسیەتدا. لەوانەیە لە ماوەی ئایندە و وەک بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووریەکان لە ئاستی جیهانی و قەیرانە سیاسیەکان لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا ، شۆڕشی کرێکاریی ڕووبدات، بەڵام ئەم شۆڕشانە بەبێ ئاڵای مارکس بە سەرئەنجامی خۆی ناگات. ئەمە مەسەلەی پایەیی ئێمەیە. لە ئاستی جیهاندا، ئێمە بە ژمارەیەکی زۆر شەڕ و کێشمەکێش و ڕکابەرایەتیدا تێدەپەڕین لە چوارچێوەی دووبارە  داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دنیا و بەم پێیەش دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمێکی جیهانی تازە، کە تیایدا خۆرئاوا نامێنێت، ئەو خۆرئاوایەی کە ئێمە پێی ئاشناین یان بەپێی لێکدانەوە کۆنەکەمان بۆ خۆرئاوا. خۆرئاوا وەکو  چوارچێوەیەک بۆ هاوپەیمانی فراوانتری “سەربازی، سیاسی، ئابوری  و کۆمەڵایەتی سەردەمی جەنگی سارد”لە هەردووبەری ئەتڵەسیدا، واتە ئەمریکا و ئەوروپای خۆرئاوا، لەناودەچێت. خۆرئاوایەک کە بە ڕابەرایەتی ئەمریکا جیهانی بەڕێوەدەبرد نامێنێت. بە مانایەکی تر، واتە ئەمریکا لەمە بەدوا ناتوانێت ڕابەرایەتی خۆرئاوا و جیهان بکات و هەر ئێستا نیشانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی گۆڕانی سیستەمی جیهانی بە سیستەمێکی فرە جەمسەر دەرکەوتووە. ئەمریکا بەشێک دەبێت لەم سیستمە جیهانیە تازەیە، بەشێک نەک ڕابەری تەنها و یەکەمی. لەم نێوەدا لانیکەم ووڵاتانی وەکو چین و ڕوسیا و هیندستان و ئەڵمانیای لەگەڵدا دەبێت لە کابینەی ڕابەرایەتیکردنی سەرمایەداری جیهاندا. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە فراوانبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا هەموو پاساوەکانی مانەوەی نیزامی سەرمایەداری لەباربردووە. بە شێوەیەک کە ئەم پەتایە بۆتە سەکۆیەک بۆ گواستنەوەی ئەزمەکانی سەرمایەداری بۆ قوڵایی زیاتر.

بەپێی ئەم تابلۆ ئاڵۆزە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ بناغە یان ئەو بنچینانەی کە لەگەڵ چینی کرێکاردا کۆماندەکاتەوە لە ڕێگای بەشی پێشڕەوییەوە. ئەو بنچینانەی کە مێژوویی و لێکهەڵپێکرا و نەگۆرن تا کاتی گەیشتنی چینی کرێکار بە دوا وێستگای ئارامی خۆی و بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشەکەی و دامەزراندنی دەسەڵاتە نوێیەکەی کە سۆشیالیزم و دواجار کۆمۆنیزمە. کەواتە دەگەڕێینەوە بۆ بناغەی شۆڕش و لێرەوەیە کە مارکس باسەکان و  بۆچوونەکانی خۆی لە ڕووانگەی مادیەتی مێژووییەوە دەخاتە ڕوو، وە بە دیارکراوی لەسەر شۆڕش و دەڵێت:

“ئینسانەکان بە دەر لە ویستی خۆیان، لە پرۆسەی بەرهەم‌هێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیاندا ، هەڵدەستن بە سازدانی پەیوەندی دیاریکراو لە نێوان خۆیاندا. ئەم پەیوەندی بەرهەمهێنانە تا ڕادەیەک جووتە لەگەڵ ئاستێکی دیاریکراو لە گەشەکردنی هێزە بەرهەمهێنە مادیەکانیان. وە کۆی ئەم پەیوەندی بەرهەمهێنانە، ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگا پێکدەهێنێت، واتە ئەو ژێرخانە ڕاستەقینەیەی کە سەرخانە سیاسی و یاساییەکەی لەسەربنیاتنراوە و هاوجووتە لەگەڵ هەندێ شێوەی ئاگایی کۆمەڵایەتیدا. شێوازی بەرهەمهێنانی ژیانی ماددی، بە شێوەیەکی گشتی کارلێکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری دەسەپێنێت. کەواتە ئەوە ئاگایی ئینسانەکان نیە کە بوونیان دیاریدەکات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە بوونی کۆمەڵایەتیانە کە ئاگاییەکەیان دیاریدەکات. وە کاتێک هێزە بەرهەمهێنە مادیەکانی کۆمەڵگا دەگەنە ڕادەیەکی دیاریکراو لە گەشەسەندن، دەکەونە ناکۆکیەوە لەگەڵ پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی باودا، یان لەگەڵ پەیوەندیەکانی خاوەندارێتیدا- وە ئەمە شتێک نیە جگە لە دەربڕینێکی یاساییانە بۆ ئەوە- کە تا ئەو کاتە لە نێویاندا گەشەیکردووە. لە کاتێکدا کە ئەو پەیوەندیانە شێوەیەک بوون بۆ گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان، ئێستا دەبنە کۆت بۆ ئەم هێزانە. و لەم کاتەدا سەردەمی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان دەستپێدەکات. وە لەگەڵ ئاڵوگۆڕ لە ژێرخانی ئابوریدا، ئاڵوگۆڕ لە تەواوی سەرخانی فراوانی کۆمەڵگادا بە هەمان خێرایی ڕوودەدات. لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم ئاڵوگۆڕانە، پێویستە جیاکاری بکرێت لە نێوان ئاڵوگۆڕی مادی لە هەلومەرجی بەرهەمهێنانی ئابوری- ئەو ئاڵوگۆڕەی کە دەتوانرێت بەپێی ووردبینی زانستە سروشتیەکان دیاریبکرێت –  و لە نێوان شێوازە یاسایی و سیاسی و دینی و هونەری و فەلسەفییەکاندا وە یان بە کورتی شێوە فیکریەکانی کە خەڵک ئەم ناکۆکیانەی تیادا وێنادەکەن و دژی تێدەکۆشن. (مارکس/ بەشداریەک لە ڕەخنەی ئابوری سیاسی/ لە وتارێکی لینینەوە وەرگیراوە: چاوخشانێکی کورت و خستنەڕوویەک بۆ مارکسیزم/ ماڵپەڕی ئەرشیفی لینین/ هێلی تەئکید هی ئێمەیە لەگەڵ هەندێک دەستکاری وورد لە وەرگێڕانەکەدا بە بەروارد بە دەقە ئینگلیزیەکە و وەرگێڕانەکەی دکتۆر راشد البراوی بۆ کتێبەکەی مارکس).

مێژوو ئەوەی جێگیرکردووە، هەتا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداری لە ئارادابێت و  خەبات و تێکۆشان بۆ لەناوبردنی و بونیاتنانی نیزامێکی کرێکاری بەردەوام بێت، ئەڵتەرناتیڤ شۆڕشە، شۆڕشی پڕۆلیتەری، شۆڕشێک کە ئەم چینە ڕابەرایەتی دەکات و ڕێکیدەخات نەک هیچ لایەنێکی تر. ڕابەرایەتی دەکات و زۆرینەی چینەکە و خەڵکی بێبەش لەگەڵیدان یان پشتگیریدەکەن، ڕابەرایەتی شۆڕش دەکات و هەژارانی کۆمەڵگا و برسیەکانی لەگەڵدایە. بەم مانایە ڕابەرایەتی دەکات و زۆرینەی جەماوەری لەگەڵدایە بە تایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا کە سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا گەشتۆتە گیانەڵان. چینی کرێکار نە ڕێگای تری لە پێشە و نە جۆرێکی تر لە شۆڕش. ئەگەر بیەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، نە بارودۆخێکی نێوەندگری هەیە، و نە هیچ شتێکی تر، جگە لە شۆڕشەکەی و ڕێکخستنی و ڕابەریکردنی لە رێگای حزبی چینایەتی مارکسی خۆیەوە. وە ئەگەر حزبی مارکسی خۆی نەبێت، ناکام دەمێنێتەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجە شۆڕشگێڕیەکانی. لەوانەیە نیزامی سەرمایداری بڕوخێت ، لەوانەیە کرێکاران بۆ ماوەیەک دەسەڵات بگرنە دەست وەک ئەوەی کە لە کۆمۆنەی پاریس ڕوویدا، سەرەڕای جیاوازی بارودۆخەکە لەم قۆناغەدا لەگەڵ ئەوکاتەی کە کۆمۆنەی پاریسی تیایدا ڕوویدا، لەگەڵ ئەوەی کە بارودۆخ و شێوازەکانیش جیایە، بەڵام لەوانەیە جارێکی تر ئەو ڕووداوە، ڕووبداتەوە. کێشەکە ئالێرەدایە، لە نەبوونی ڕابەریەکی مارکسیستی ڕاستەقینەدایە، لە نەبوونی ئاڵای مارکسدایە لە لای ئەو زۆرینە شۆڕشگێڕەی ڕابەرایەتی شۆڕش دەکات بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی. لەمکاتەدا و بۆ جارێکی تر مێژوو گرفتێكی گەورەمان دەخاتەوە بەردەم کە ئەویش ئاڵای مارکسە. بۆیە ئەرکی سەرشانی مارکسیستەکانە کە خۆیان ئامادەبکەن و قۆڵی لێهەڵمان بۆ فەراهەمکردنی ئەم کەشە کۆمەڵایەتیە کە چینی کرێکار تیایدا دووبارە ئاڵای مارکس وەربگرێتەوە و لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا پیادەیبکات بۆ ئەوەی نەکەوینە ئەم گیروگرفتە کۆمەڵایەتیە گەورەیەوە. ئەمە ئەرکی ئێمەیە و ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی هەر ڕۆشنبیرێکی پرۆلیتاریایە لەهەر کوێیەک بن. شۆرشی کرێکاریی جگە لەمە لە هیچ شتێکی تری کەم نیە.

ئەمە تەنها شۆرشی ئێمەیە، بەڵام وەک ئەوەی مارکس لەم شۆرشە گەیشتووە. نەک سیناریۆ و گێڕانەوە جیاوازەکان لەسەر شۆڕش. بۆیە لەسەر ئەم خاڵە ڕادەوەستین و لێکدانەوەی مارکس بۆ شۆڕش لەم بڕگەیەدا ڕۆشن دەکەینەوە کە دەڵێت “١. لە ڕێچکەی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا قۆناغیک دێتەپێشەوە کە تیایدا هێزی بەرهەمهێنان و ئامرازی ئاڵۆگۆڕی وا دروستدەبێت کە ناتوانێت زیانبەخش نەبێت لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئێستادا. بۆیە لەمە بەدوا ئەو هێزانە هیزی بەرهەمهێن نین، بەڵکو ڕووخینەر و تێکدەرن (ئامێرەکان و پارە). هاوکات چینێک دروستدەبێت کە هەموو قورساییەکانی کۆمەڵگای لەسەرشانە، بێ ئەوەی خۆی لە دەستکەوتەکانی بەهرەمەندبێت- کە ئەمەش ڕاستیەکە و پەیوەستە بە ڕاستی پێشوەوە- چینێک کە لە کۆمەڵگا کراوەتە دەرەوە و ناچارە پێگەی زۆر ڕۆشنی خۆی لە وەستانەوەی بەرامبەر هەموو چینەکانی تر دیاریبکات. چینێک کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگا پێکدەهێنن و هۆشیاری و پێویستی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ بەرجەستە دەکات، هۆشیاریەک کە هۆشیاریی کۆمۆنیستییە، وە بێگومان، لەوانەیە لای چینەکانی تریش دروستببێت کاتێک پێگەی ئەم چینە دەردەکەوێت.” (ئایدۆلۆجی ئەڵمانی/ مارکس و ئەنگلس/ ل ٤٨/ وەرگێڕانی دکتۆر فؤاد أیوب/ هێڵی تەکید هی ئێمەیە. )

لێرەدا مارکس و ئەنگلس بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر مێژوو، و ڕێڕەوی ڕووداوەکان کە لە مێژوودا ڕوودەدەن، لە ڕێگای کێشمەکێشی نێوان چینەکانەوە ڕووندەکەنەوە. بەو مانایەی کە شۆڕش پێداویستیە، نەک هەڵبژاردەی کەسێک یان حزبێک یان ڕەوتێک، بەڵکو لە ڕێگای چالاکی زیندووەوە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەدا دەچێتەپێشەوە. چالاکیەکی زیندوو کە لە نێوان دوو چینە سەرەکیەکە، پڕۆلیتاریا و بورژوازیدا ڕوودەدات. بەڵام ئەمە بەپێی بناغەیەکی ماددی دەچێتەپێش نەک بە پێی ئیرادەی نوخبەیەک یان ئیرادەی حزبێک وە یان ڕەوتێک. شۆڕشی کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریا لە بناغەوە زادەی ناکۆکی نێوان پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانە کە لەبەرچاوماندایە، واتە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی کە لە هەناویدا گەشەیکردووە و فراوان بۆتەوە و جیهانگیربووە. هێزەکانی بەرهەمهێنان وە بە تایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا و لە دەیەی سێیەمی سەدەی یەکەمی هەزارەی سێیەمدا پێشکەوتنێکی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک کە جیهان بووەتە دێیەکی بچکۆلانە، و ئاڵوگۆڕ و بەرهەمهێنان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و لێکدانەبڕاو تیایدا بەرێودەچن لە ڕێگای ووشکانی و ئاسمانی و دەریایی وبواری ئەلەکترۆنی و لە ڕێگای کەناڵە ئاسمانیەکان و تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکانەوە. هەروەک مارکس بە ” مێژووی جیهانی” ناوی دەبات، وە لە ڕاستیدا ئێمە لەم قۆناغەدا دەژین.

چینی کرێکار هەر لە سەرەتاوە، وەکو هێزێکی چەپی کۆمەڵایەتی بەرهەڵستکار، جێگاوڕێگای خۆی گرت لە بەرامبەر چینی بورژوازی دەسەڵاتدار، کە نوێنەرایەتی ڕاستی کۆمەڵگا دەکات. وە بۆ ڕزگاربوون لە دەست بەربەریەتی سەرمایەداری هاوچەرخ، شێوە و شێوازی خەباتکارانەی جۆراوجۆری گرتۆتەبەر. جا یان لە ڕێگای شۆڕشی کرێکارییەوە وەکو کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی کرێکاریی لە ڕوسیا بە ڕابەرایەتی لینین، وە یان لە ڕێگای شۆڕشی ئەڵمانی و خەبات و خرۆشانە جەماوەریە بەردەوامەکانەوە لە هەموو وڵاتاندا. ئەمڕۆ ئاستی خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکاری جیهانی چۆتەسەرەوە. چوونەسەری خەبات لە پێناو کەمکردنەوەی کۆسپەکانی بەردەم گوزەران و خەباتی، لە پێناو چوونەسەری ئاستی کرێ و دابینکردنی هەلی کار و بیمەی بێکاری و کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و کەمکردنەوەی سەعات کاری ڕۆژانە و دابینکردنی بیمەی تەندروستی و خوێندن و وەستانەوە بەڕووی سیاسەتەکانی سکهەڵگووشین و پرسە کۆمەڵایەتیەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی چینی کرێکار بەهێزەوە لە مەیداندا بووە لە خەباتی بەردەوام و ڕۆژانەدا، بەڵام وەک هێزێکی بەتوانای سیاسی لە مەیداندا نیە. لەمڕۆدا بارودۆخی چینی کرێکار ئاڵۆگۆڕی تەواوی بەسەردا هاتووە لە سایەی سەرمایەداری جیهانگیردا. ئاڵۆگۆڕ بەسەر بارودۆخی گوزەرانی، شوێنی کار و ڕێکخستنیشیدا هاتووە، بەپێی کاردابەشکردنی جیهانی نێوان کۆمپانیا گەورە جیهانیەکانەوە. بەجۆرێک کە وابەستەیی چینی کرێکار نەک تەنها بەپێی دروشمی “کرێکارانی جیهان یەکگرن”، بەڵکو بەر لەمە بەشێوەیەکی فیزیکی و بابەتیانە لە ڕێگای کاردابەشکردنەوە، جیهانی بۆتەوە. بەو مانایەی کە کرێکاران لە واقعدا یەکیانگرتووە لە ڕێگای پەیوەندی بەرهەمهێنانی لێکهەڵپێکراوی جیهانیەوە، لەسەر بنەمای کەرتی کارکردنی جۆراوجۆر، پیشەسازی کلاسیکی، خزمەتگوزاری، بازرگانی، لۆجیستی و تەکنەلۆژیای زیرەکەوە… وە لە ڕاستیدا ئەوان نیشتمان و نەتەوە و دینیان تێپەڕاندووە و لەژێر چەتری کۆمپانیایەکی جیهانیدا کاردەکەن کە سەدەها هەزار کرێکاری لەخۆگرتووە و کارەکانیان بەسەر دەیان وڵاتی جۆراوجۆردا دابەشبووە. 

ئەمە مێژووی هاوبەشی جیهانە لەڕووی بابەتیەوە، و ماوەتەوە سەر تێپەڕاندنی بارودۆخە خۆییەکە(ذاتی)، واتە دابینکردنی هۆشیاری چینایەتی- سیاسی بەم بارودۆخە بابەتیە. ئەم بارودۆخە مێژوو دروستیکردووە. بەرئەنجامی جووڵە و گەشەی بەردەوامی یاسای جووڵەی مێژوویی سەرمایە و پەیوەندی بەرهەمهێنانی ئابووریەتی، کە بە جێی خۆی خوڵقێنەری ڕێڕەوی گشتی سەرمایەبووە لە حەوت دەیەی ڕابردوودا. بەجۆرێک کە جیهان دوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆوەتە شانۆیەکی جیهانی بۆ بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و بەمپێیەش هێزی بەرهەمهێنەری جیهانی “کرێکاران و ئامێرەکان یان تەکنەلۆجیای ئامێرەکان و ژێرخانی تەکنەلۆجیای زیرەکی پەیوەندیگرتن و زانیاری و پیشەسازی زیرەک Artificial Intelligence لە کەرتە پیشەسازی و بازرگانی و خزمەتگوزاری و  کەشتیەوانە ئاسمانیە جۆراوجۆرەکاندا”. ئەمە سەرەڕای کێشمەکێشی چینایەتی بە هەموو شێوازە جیاواز و جۆراوجۆر و ئالۆزەکانیەوە. ئێستا جیهان لە لایەن کۆمپانیای جۆراوجۆرەوە بەڕێوەدەبرێت کە سنوری نیشتیمانیان تێپەڕاندووە و پڕاوپڕی ووشەکە کۆمپانیای جیهانین.

ئێستا دیمەنەکە بەم شێوەیەیە؛ میژوویەکی جیهانی، کۆمپانیا و چینێکی بورژوازی جیهانی، و چینێکی کرێکاری جیهانی، لەگەڵ دەسەڵاتە بورژوازیە ناوخۆییەکاندا یان “لەسەر بنەمای دەوڵەتی قەومی”. دامودەزگای بورژوازی جیهانی هەر لە بانکەکانەوە “بانک و سندوقی دروای نێودەوڵەتی، بانکی بریکس و بانکی ئاسیا بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخاندا لە شەنگهای” و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانیە وابەستەکانی، و سوپای نێردراو بۆ هەموو جیهان، بە تایبەتی سوپای ئەمریکی و ڕوسی و فەرەنسی و بەریتانی و تورکی و ئێرانی. هاوکات بوونی ڕێکخراوە کرێکاریە جیهانیەکان بە جیا لە شێوازی کارکردن و تێڕوانینی لیبڕاڵی و ڕیفۆرمخوازانەیان بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام هەن. ئەمە ئەو تابلۆ سادەیەی جیهانی هاوچەرخمانە، کە لەلایەن سەرمایە گەورەکانەوە لە جیهاندا بەڕێوەدەبرێت. کرێکاران لە هەموو جۆرە پێکهاتە و نەتەوەیەک پێکەوە لە کۆمپانیا جیهانی و لۆکەڵیەکاندا کاردەکەن. سەرنج لە کۆمپانیە گەورە جیهانیەکانی وەکو کۆمپانیای ئاپڵ بۆ ئەلەکترۆنیات و بەرنامەدانان، و کۆمپانیای گوگڵە، یان مایکرۆسۆفت و تویۆتا و سامسۆنگ و بی ئێم دەبلیو و فۆلکسواگۆن و ئارامکۆ و ئیکیا بدەن. بێگومان وە لە سایەی ئەم پێشکەوتنانە و چڕبونەوە و فۆکەسی  سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا بەچاوی خۆمان زەبەلاحێکی سەرسوڕهێنەر دەبینین. لەکاتێکدا دەبینین کە (کۆمپانیای فۆڵکسواگۆن، کە دەوڵەمەندترین کۆمپانیای دروسترکردنی ئۆتۆمۆبیلە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە ئاستی جیهانیدا بۆ دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل بە تایبەتی دوای کڕینەوەی کۆمپانیای پۆرشە بۆ ئۆتۆمۆبیل، ٦٠٠ هەزار کرێکاری هەیە کە بەسەر ١٠٠ کارگەدا دابەشبوون لە تەواوی جیهاندا. بەڵام کۆمپانیای هواوی لە ٢٠١١ ەوە خزمەتگوزاریەکانی خۆی بە ٤٥ دەزگای پەیوەندیگرتن لەو ٥٠ گەورەترین دەزگایەی پەیوەندیگرتن لە ئاستی جیهاندا پێشکەشدەکات. تۆڕەکانی پەیوەندیگرتنی ژمارەیان لە ١٥٠٠ کۆمپانیا زیاترە لە ئاستی جیهاندا و بەم پێیەش خزمەتگوزاری پێشکەش بە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی گۆی زەوی دەکات. وە هەروەها کۆمپانیای ئیکیامان هەیەکە ئەویش کۆمپانیایەکی جیهانیە و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا سویدیەکان لە ئاستی جیهاندا کە تایبەتە بە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ. لقەکانی ئەم کۆمپانیایە زیاتر لە ٤٣٣ لقن و دابەشبوون بەسەر ٤٨ وڵاتدا لە جیهاندا، و گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی کەلوپولی ناوماڵە لە جیهاندا کە ٢١١٠٠٠ کرێکاری هەیە بەپێ ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨). (لە باسی “ڕێکخراوە کرێکاریەکان و گۆڕانکاری بنەڕەتی، تێڕوانینێکی تازە”/ سامان کریم/ گۆڤاری المد ژمارە ٨/ لە بڵاوکراوەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق). ئەمە ئەو تابلۆ سادەیەیە بۆ بابەتی بوونی مێژووی جیهانی کە مارکس ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر باسی لێدەکات. ئەم مێژووە و ئەم واقیعیەتە تازەیە ئاڵوگۆڕ دەسەپێنێت بەسەر بناغەی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و  قەوارە و پێکهاتەی چینی کرێکار و شێواز و جۆرەکانی خۆڕێکخستنی لە هەردوو ئاستی جیهانی و لۆکەڵیدا. لەم بارەیەوە مارکس دەڵێت: “لەگەڵ بەدەستهێنانی توانای بەرهەمهێنانی تازەدا، خەڵک شێوازی بەرهەمهێنانیان دەگۆڕن، وە لەگەڵ شێوازی بەرهەمهێناندا، هەموو ئەوپەیوەندیە پێویستانەی کە پێناچێت چیتر پەیوەندی پێویست بن بۆ ئەم جۆرە تایبەتە لە بەرهەمهێنان دەگۆڕدرێن.” (هەژاری فەلسەفە، ل. ٢٥٩ و هێڵی تەئکیدەکان هی ئێمەیە).

سەردەمی ئێستامان، سەردەمی گیانەڵای سەرمایە و سەرمایەدارییە لە هەموو ئاستەکاندا، بە تایبەتی کاتێک کە ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی پەتایەکی وەکو کۆرۆنا دەبێتەوە. ئەم پەتایە پەردەی لەسەر ئەم نیزامە شکستخواردووە نەک تەنها لە ئاستی سیستەمی تەندروستی و ژێرخانە تەندروستیەکەی  هەڵماڵی، بەڵکو تەنانەت پەردەی هاڵماڵی لەسەر ئەو هەموو دژایەتیانەی کە ئەم سیستەمە هەیەتی لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی ملیۆنەها ئادەمیزادی پڕۆلیتاری لە جیهاندا. لەم سەردەمەدا، لە سایەی قەیرانێکی قوڵ و بەردەوامدا، بورژوازی ناتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، مەگەر لێرە و لەوێ لەهەوڵی پینەکردنیدا بێت وە یان لە هەندێک بواردا بتوانێت وەڵامێکی شکستخواردووی پێبداتەوە لە ڕێگای نمایشی سیاسی ڕتووشکراو بە ڕتووشی ئابووری. بەم شێوەیە ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی ئۆپێک و ڕوسیا و ئەمریکا دەبینین لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٠ دا وەک نموونەیەک بۆ ئەم پینەکردن و ڕتووشکردنە.  نموونەیەکی تری چاپکردنی دراوە بەبێ بوونی هیچ جۆرە پاڵپشتێکی بابەتی، و دابەشکرن و مامەڵەکردن پێوەی وەکو ئەوەی دراوی پشتبەستووبێت بە ئابوری ڕاستەقینە یاخود ئاڵتون. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم کارەدا دەستپێشکەری کردووە و یەکێتی ئەوروپاش کەوتۆتە بیرکردنەوە لەم مەسەلەیە بەشێوەیەکی ئاشکرا. ئەمە جگە لەوەی لەوانەیە چەندین وڵاتی تر هەبن کە ئەم کارە بەشێوەیەکی نادیار و نهێنی دەبەنەپێشەوە وەک ڕوسیا. وەڵامێکی تریان چارەسەری بابەتیانەی بورژوازیە بۆ ناکامکردنەوەی ئەم قەیرانە، ئەویش لە ڕێگای شکاندنەوەی ئاکامەکانی بەسەر شانی چینی کرێکاردا بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێگای سیاسەتی سکهەڵگووشین و بێکاری و ……هتد. بەڵام ئەم ڕێگاچارەیەی دوواییان بژاردەیەکی سەرکەوتوو نیە، چونکە ئەگەری گۆڕانی هەیە بە ناڕەزایەتی فراوان کە ئاکامێکی باشی نابێت بۆیان. وە بە تایبەتی کە ڕێژەی بێکاری بەهۆی ئەم قەیرانەوە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیارد کەس بەپێی پێشبینیەکانی خودی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. لایەنێکی تری مەسەلەکە ئەوەیە، شکاندنەوەی ئەم قەیرانە بەسەر شانی پرۆلیتاریادا لەم قۆناغەدا بە کورتی بە مانای ئەوە دێت؛ بەرهەم بێ فرۆشتن. یانی ڕاگرتنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان. بەم پێیەش یانی قازانج دێتەخوارەوە، وە ئەمە ناکۆکی و دژایەتی هەیە لەگەڵ ئامانجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، بەڵام بەشێکی سروشتیشە لە پێکهاتەکەی. لێرەدا بەرووبوومێکی زۆر لە لەبەردەستدایە، کەلوپەل و شتومەکێکی زۆر لەبەردەستدایە بۆ فرۆشتن، بێ بوونی کڕیار!! ئەمە سەرباری بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری و ماڵی لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تائێستا، و هاتنی پەتای کرۆنا ئەم ئەزمە بەردەوامەی ئەوەندەی تر قووڵکردەوە.  هەوڵدرا کە ئەم ڤایرۆسە بەکاربهێنرێت بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەم قەیرانە ئابووریە و شاردنەوەی ڕووی ڕاستی بوونی قەیرانێکی ئابووری قووڵ بەر لە هاتن و بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە. بەڵکو تەنانەت ئەم پەتایەیان”پەتاکە هەر لە بناغەوە دەرەنجامی چاوچنۆکی سەرمایەدارییە بە شێوەیەکی گشتی”، گۆڕی بە هۆکاری ڕوودانی ئەم قەیرانە ئابووریە، وە ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە.

 پەتاکە بووە بەهانەیەک بۆ بورژوازی گەورەی جیهان کە بتوانێت ڕووی ناشیرینی خۆی  و جەستەی بۆگەنی سیستەمە داڕزیوەکەی لەژێردا داپۆشێت. بەشێوەیەکی تایبەت داڕێژەرانی ستراتیژی سیستەمی سەرمایەداری، وە بە تایبەتی ئەوانەیان کە لە کەرتە بانکیە جیهانیەکاندا کاردەکەن دەزانن کە سەرمایەداری بە شێوەیەکی گشتی وەڵامی پێنیە، یان وەڵامێکی ڕەزایەتبەخشی پێنیە تەنانەت بۆ چینەکەی خۆشیان چجای دەگات بە جەماوەری بێبەش و چینی کرێکار. سەرباری ئەوەش لەم قۆناغەی ئێستاماندا، وە بە دیاریکراوی لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی ئایندەدا، جیهان ڕووبەڕووی بازدانێکی شۆڕشگێڕانەی چۆنایەتی دەبێتەوە لە بواری ئاپڵیکەیشنی  زیرەکی دەستکرد، وە بە تایبەتی لە کەرتی گەیاندن و زانیاریدا و دەتوانرێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکاربهێنرێت.  لەبەرئەوەی کە بەکارهێنانی نەوەی پێنجەم لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت کاری پیدەکرێت، کە لە ڕووی زانستیەوە بە  G5 ناسراوە و بە مانەیەکی سادە و ڕۆشن یانی “ئینتەرنێتی شتەکان IOT”. ئەم نەوەیە لە کاتی پەتای کۆرۆنادا لە چین بەکارهێنرا و لە ڕووی پراتیکیەوە توانی هەستێت بە دیاریکردنی تووشبوان بەم پەتایە، لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان لە ڕێگای ڕۆبۆت و درۆنەوە (فرۆکەی بێ فرۆکەوان). ئەم شۆڕشە هەر ئێستا لە ڕاستیدا دەستپێکردووە لە کاتێکدا لێکۆڵەوەرەکان پێیان وابوو ئەمە چەندین ساڵی تر دەخایەنێت. تەکنەلۆجیای تازە جیهانی تازە دێنێتە ئاراوە لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری و ڕامیاریدا. بە جۆرێک کە زیرەکی دەستکرد جێگای تەکنەلۆجیای کۆن دەگرێتەوە- کۆن لێرەدا بە مانای ١٠ ساڵی ڕابردوو دێت-. ئەم زیرەکی دەستکردە دەبێتە هۆی دەرکردنی سەدەها هەزار، بگرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەک ملیار کەس لە جیهاندا کارەکانیان لەدەستبدەن لە پێنج ساڵی داهاتوودا، بە شێوەیەک کە ڕۆبۆتەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای G5 لە هەموو بوراەکانی ژیاندا بەکاردەهێنرێت. هەر لە بنیاتنانی تۆڕەکانی گواستنەوەوە لە شارێکدا، تا نەخشەدانانی خانوبەرە و تا بەکارهێنانی لە هەموو کەرتە پیشەسازی و خزمەتگوزاری و بازرگانی و کشتوکاڵی و لۆجیستی و بەڕێوەبردن و ئاسایش و سەربازی و ….هتد، جێگای کرێکار و فەرمانبەران دەگرێتەوە. تەنها بۆ نموونە؛ هەموو فرۆکەخانەکان بێ کرێکارانی ئاسایش و کرێکارانی پشکنینی پاسپۆرت کاردەکەن. تاقیگەکان بەبێ پشکنەر کاردەکەن بە شێوەیەک کە خوێن لە ڕێگای ڕۆبۆتێکی تایبەتەوە وەردەگیرێت کە سەدەها جار لە کرێکارەکانی پێشوو خێراترە. ئەمە بۆ کەرتە پیشەسازیە گەورەکان و چاودێری کۆمەڵایەتیش هەروایە. قوتابخانەکان دەبنە ئایپاد و تەلەفۆنی زیرەکی سادە بەجۆرێک کە پێویست بە دروستکردنی قوتابخانە نەکات و مامۆستا و بەڕێوەبەر و کرێکاری پاککەرەوە پێویست نەبن. بە هەمانشێوە ئەم ئاڵوگۆڕانە لە بوارە خزمەتگوزاریەکانی تریشدا ڕوودەدات.

لە ڕاستیدا ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە ڤایرۆسی کرۆنا لەگەڵ خۆیدا هێنای و بورژوازی جیهانی دەیەوێت لە ڕێگای بیرمەند و ڕاگەیاندنەکانیەوە تێیپەڕێنێت، ترسە لە دەرهاویشتە و ئەنجامە کۆمەڵایەتیەکانی نەوەک خودی ڤایرۆسی کرۆنا. ترسە لە پەتا بنج بەستووەکەی سیستەمی سەرمایەداری یانی “پەتای بێکاری کە دەگاتە ٤٥ ٪ لەسەر ئاستی جیهاندا”. بەڵام بێکاری ئەم جارە وەکو جارانی پێشوو نیە. وەکو ئەو رکود و بێبازاڕیە گەورەیە نیە کە نزیکەی نەوەد ٩٠ ساڵ بەر لە ئێستا ڕوویدا، بەڵکو بێکاریەکی بەردەوام و لێکهەڵپێکراو و هەمیشەییە بۆ زۆرینەی زۆری پرۆلیتاریا لە ئاستی جیهاندا. ترسی بورژوازی جیهانی ڕاستەوخۆ لە بێکاری نیە، تا ئەوەندەی لەوەیە کە ئەم پەتایە چی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. وە ترسیشی لەوە نیە کە چۆن گوزەرانی ئەم لەشکرە گەورەیەی بێکاران دابین دەکات، بەڵکو ترسی لە زۆری بەرهەمەکانیان و  کەڵەکەبوونیەتی بەبێ ئەوەی دەرامەتێکی پێویست هەبێت لای زۆرینەی زۆری کۆمەڵگا بۆ کڕینی ئەو بەرهەمانە. بۆیە پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ کێ ئەم بەرووبوومانە دەکڕێت؟! کێ دەیکڕێت؟!  ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی لێکۆڵەرەوە ستراتیژیەکانی بورژوازی بەخۆیەوە تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەگەر زۆرینەی زۆری کۆمەڵگا- بەلەخۆگرتنی ئەوەشی کە پێی دەڵێن چینی مامناوەند- کاریان نەبێت ئەوە توانای ماڵیشیان نابێت، بۆ کڕینی بەرووبوومەکانی زیرەکی دەستکرد، هەر لە تەلەفۆنە دەستیەکانەوە تا کۆمپیوتەر و گسکی خاوێنکردنەوە و ….هتد، چۆن دەتوانن بکڕن؟! هاتوهاوار و دادوبێدادی بێشوماری باندی سەرمایەداران، لە چوارچێوەی سیستەم و بیرکردنەوە و چارەسەرەکانیاندا بۆ ئەم ناکۆکییە پایەییەی سەرمایەداری سوود و چارەسەرێکی نیە!!! کێشەی سەرەکی ئالێرەدایە. کرێکارێکی جیهانی کە سنوری نەتەوە و دینی تێپەڕاندووە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد، وە ئەمانە هەموو پێکەوە هێزی بەرهەمهێنان پێکدەهێنن “چینی کرێکار بەشی زیندوویەتی”، دەبینێت کە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی پشتبەستوو بە زێدەبایی ڕێگرە لە بەرامبەر پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونیدا. ئالێرەدایە کە شۆڕش ڕوودەدات. ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا، لەم سەردەمەدا دەژین. ئەمە بناغەی بابەتیانەی شۆڕشەکەمانە کە لەوانەیە لە وڵاتێک یان چەندین وڵات یان ناوچەیەکدا ڕووبدات. ئەمە لایەنێکی گرنگی بابەتەکەیە؛ لایەنی نابووتبوون و هەژاربوون و برسیبوونی چینی کرێکارە، وە سەرەنجام کڕیار کێیە؟!؟! یانی فڕۆشیارێک لە بازاڕدا هەیە، واتە سەرمایەدار، بەڵام کڕیار نامێنێت، واتە کرێکاران و زۆرینەی بێبەشان. بەڵام ئەوەندەی بە لایەنەکەی تر هەڵدەگەڕێتەوە ئەویش تایبەتمەندی گرنگی خۆی هەیە. قازانجی سەرمایە کە لە کاری زیادەی چینی کرێکار، واتە لە زێدەباییەوە سەرچاوەدەگرێت بەرەو داشکان دەچێت. زێدەبایی و بەشە جیاوازەکانی بەرەنجامی ئەو بەشە لە کاری کرێکارە کە کرێ وەرناگرێت لەبەرامبەریدا. لە کاتێکدا کە زیرەکی دەستکرد جێگای کرێکار دەگرێتەوە، ئەو کاتە بەشی بەرهەمهێنەری زێدەبایی- کارێک کە کرێکار کرێ وەرناگرێت لە بەرامبەریدا- یان نامێنێت یان قەوارەکەی زۆر دێتەخوار. ئەمەش یانی هاتنەخوارەوەی قازانجی سەرمایە لە ئاستی جیهانی و نەتەوەیی و کەرتی تایبەتدا. بەم پێیەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئاستەنگی و ڕێگری لەبەردەم کەڵەکەبوونی زێدەباییدا. ئەم دوو تەوەرەیە دووبەشی لێکجیانەکراوەن لە ناکۆکی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا و لە نێو ئەم پەیوەندیانەدا هیچ ڕێگاچارەیەکیان نیە.

ئێمە وەک ڕەوتێکی مارکسی ئامانجمان بەهێزکردنی ئەم ڕێڕەوەیە- “ڕزگارکردنی کرێکاران دەبێت، کاری کرێکاران خۆیان بێت”- لە ڕێگای ڕێکخستنی چینی کرێکارەوە، لە ڕێگای بردنەسەری ئامادەییە ڕێکخراوەیی و هزری و ڕامیاریەکانی چینی کرێکارەوە، وە پێگە و ڕۆڵی مارکسیستەکان بە تایبەتی لەم قۆناغەدا لەمەدا بەرجەستە دەبێتەوە. ڕۆڵی ئێمە لە وەڵامدانەوەی هزری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و پرۆپاگەندەیەکی سەروسیمادار کە خەباتی کرێکاریی دەیخوازێت، بەرجەستەدەبێتەوە لە هەر شوێنێک کاردەکەین وە یان لەهەر وڵاتێکدا هەین، لەگەڵ ئەوەی کە ناوچەی دەرکەوتن و ئامادەبوونمان عێراقە. ڕۆڵی ئێمە لە ئامادەکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتی گونجاو بۆ گێڕانەوەی ئاڵای مارکس بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوە خەباتکارانەکەی بەرجەستە دەبێتەوە. ڕۆڵمان لە ڕێکخستنی چینی کرێکار لە ڕێگەی بەشی پێشڕەو و بردنەسەری ئامادەییە هزری و ڕامیاریەکانی بەرجەستەدەبێتەوە، لە ڕێگای وەڵامدانەوەی هزری و ڕامیاری مارکسیسیتانە بەو ئاستەنگیانەی کە لەبەردەمیاندایە لەم قۆناغەدا. ئەو ئاستەنگیانەی کە بووەتە هۆی پەرشوبڵاوی و ناڕێکخراوبوونیان، جا ڕێکخراوبوونی جەماوەری یان حزبی بێت. وەڵامی مارکسیستانە لەسەر کێشە و بابەتە هاوچەرخەکان، ڕووبە گەورە بیرمەندەکانی چینی بورژوازی لە هەردوو ئاستی لۆکەڵی و جیهانیدا. لێرەوە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ڕەخنەی تیژ و ڕۆشن چەکی دەستماندەبێت لەگەڵ هۆشیاری تەواومان بەوەی کە “جیهان بە شۆڕش دەگۆڕدرێت نەک بە ڕەخنە”. ئەم بابەتە، واتە خەباتی تیۆری بە ڕووی بیرمەندەکانی ڕیزی پێشەوەی چینی بورژوازی بابەتێکی  هێجگار گرنگە بەلای ئێمەوە و ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی ئێمەشە لەگەڵ سەرجەم ڕەوتە ناکرێکاریەکان. ئەم پرسە نەک ناتوانێت پرس و ئەرکی کۆمۆنیزمی بورژوازی بێت بە هەموو ڕەنگەکانیەوە، بەڵکو لە دژیشی ئەوەستێتەوە. بەڵام تا ئێستا ئەم جۆرە لە خەباتمان، بەشێوەیەکی گشتی و بە پێی خوێندەنەوەی ئێمە، لەچەپ و کۆمۆنیزمی ناکرێکاریی نەدیوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە ئەم جۆرە لە خەباتی تیۆرییمان لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی، کە ئێمەش لە چوارچێوەیدا خەباتمان دەکرد، نەبینیوە لەبەرامبەر بیرمەندە بورژوازیە بەناوبەنگەکاندا نە لە لایەن مەنسورحیکمەت خۆیەوە و نە لە لایەن ڕەوتەکەشەوە کە “ڕەوتی ئێمەش بوو”. بەڵام سەدان وتار و چاوپێکەوتن دەبینین دەربارەی چەپ و ڕەخنە لە چەپ و ڕێکخراوە چەپەکان، کە جێگایەکی کاریگەریی نیە لە کێشمەکێشی چینایەتیدا.

لەوانەیە کەسێک بپرسێت و بڵێت کە شۆڕشی تریش هەیە، وە بە تایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، و لە جیهانی عەرەب وە یان بۆ نموونە لە عێراقدا؟! ئێمە لە مانیفێستی مارکسەوە، وە بە تایبەتی دوای لینین، لە بەرامبەر یەک شۆڕشداین ئەویش شۆڕشی کرێکاریی و سۆشیالیستییە. ئەوەندەی بە مارکسیەک دەگەڕێتەوە بە تایبەتی لەم قۆناغەدا دەبێت ئەم بابەتە زۆر ڕوون بێت، وە لانی کەم ئێمە وای دەبینین، کە کارمان لە ئامادکردەنی کەشێکی کۆمەڵایەتی گونجاو بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی بەرجەستەدەبێتەوە بە ڕابەرایەتی چینی کرێکار لە ڕێگای حزبەکەیەوە. لە ڕێڕەوی ئەم خەباتەدا، چینی کرێکار  بەرەوڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی گەورە و بچووک دەبێتەوە کە بە هێز و توانایی خۆی و لە ڕێگای خەباتی ڕۆژانە و ڕامیاریی خۆیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لەوانەیە ئێمە لەم ڕێڕەوەدا بەرەوڕووی هێزهاوسەنگی نێوان چینەکان ببینەوە لە قۆناغێکدا یان لە وڵاتێکدا. دەبینین ئەم هێزهاوسەنگیە بە قازانجی هێرش نیە بۆسەر دەسەڵات و بە مانایەکی تر بە قازانجی بزووتنەوەکەی ئێمە نیە. بۆیە لەسەر بناغەی ئەم هاوسەنگی هێزە لەم شەڕەدا “شەڕی چینایەتی” و تەنها و تەنها ئەوکاتە دەگەین بە هەڵبژاردەیەکی چینایەتی مامناوەند. چینی کرێکار لە توانایدا نیە شەڕەکە بە قازانجی خۆی ببڕێنێتەوە، و بورژوازیش ناتوانێت بە تەواوەتی شکست بە شۆڕش بهێنێت، بۆیە دەگەینە خاڵێکی هاوسەنگی دیاریکراو بەپێی هاوسەنگی هێز لەو ڕۆژانەدا نەوەک “قۆناغەکە و سەردەمەکە”. ئا لێرەوە و لەو کاتە هەستیارانەدا بابەتگەلێک دەردەکەون کە پێیان دەڵێین “تاکتیک” یاخود گۆڕانکاری لە شێواز و سیستەمی دەوڵەتدا لەگەڵ مانەوەی ژێرخانی ئابوری سەرمایەداریدا، بەمە دەڵێین شۆڕشی سیاسی (ڕامیاریی). شۆڕشێک کە ئامانجی گۆڕێنی سیستەمی دەسەڵاتدارێتیە یان گۆڕانکاریە لەسەرخانی کۆمەڵگادا وە یان بەدەستهێنانی چەند ڕیفۆرمێکە لە ژێرخانی ئابووریدا. ئەمە شۆڕشی ڕامیارییە. بەڵام تاکتیک یان شۆڕشی ڕامیاریی، بابەتێکی خۆویست نیە کە پشتی بە ئەحزاب بەستبێت، تەنانەت ئەگەر لە حزبێکی چینایەتی نایابیش بەهرەمەندبین، بەڵکو پشتدەبەستێت بە بارودۆخێکی دیاریکراو کە چینی کرێکار بەرەوڕووی دەبێتەوە لە کۆڕی خەباتیدا لە هەلومەرجێکی هەستیاری  قۆناغی شۆڕشگێڕانەیدا، کە بە خەباتی بەردەوامی خۆی پێیگەیشتووە. لەم کاتەدا لەسەر چینی کرێکار و حزبەکەی پێویستە کە دروشمێکی تاکتیکی ڕون و ئاشکرا بەرزبکەنەوە نەک بۆ وەستانی شۆڕش، بەڵکو بۆ درێژەدان پێی بە شێوازێکی ڕامیاریی. ئەمە ڕێک وەکو “پشوودانی جەنگاوەر” وایە. پەیمانێکی ڕانەگەیەندراوە لە نێوان هەردوو چینەکەدا لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوە ” ڕابەرانی چینەکە نەک تەنها حزب، بەڵکو حزب بەشێکی پێشڕەوەی چینەکەیە”.

لێرەوەیە کە دەمانەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە دروشمی تاکتیک بە لای ئێمەوە ناتوانرێت هەر لە ئێستاوە یان سبەینێ یان لە ماوەی داهاتوودا بهێنرێتە پێش، بەڵکو بەرزکردنەوەی تاکتیک وابەستەیە بەو بارودۆخە تایبەتەی کە لەسەرەوە باسمانکرد. وابەستەیە بە هێزی چینی کرێکار و تواناییەکانی لەو کاتە دیاریکراوانەدا، وابەستەیە بە ئامادەبوونی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و خواستە شۆڕشگێڕیەکەیەوە، لە ڕێگای شوراکان و لیژنەکان و هەرەوەزیە جیاوازەکانیەوە لەگەڵ حزبی چینایەتی خۆیدا. ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیزمی ناکرێکاریی جیادەکاتەوە، بەڵام باسێکی کۆنە. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە ژمارەیەکی باش بڕیار و بڕیارنامە نووسراوە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا و هاوکات ووتاری زۆریش لەم بارەیەوە هەیە. ئەوەی کە لێرەدا مەبەستمانە دەربارەی تاکتیکی سیاسی باس لە قۆناغێکی تەواو دەکات. بۆ نموونە هەر لە ئێستاوە بەرزکردنەوەی تاکتیکی “دەوڵەتی غەیرە قەومی و غەیرە دینی” یان “جیابوونەوەی کوردستان” یان “دەوڵەتی شۆڕشگێڕی کاتی” یان” دەوڵەتی ڕزگاری نیشتمانی و شۆڕشگێڕ”. هەموو ئەم تاکتیکانە هیچ پەیوەندیەکیان بە کۆمۆنیزمی چینی کرێکار و هاوکات بە مارکسەوە نیە. ئێمە لێرەدا و لەم باسەدا مەبەستمان لەو تاکتیکە نیە کە بزووتنەوەی کرێکاریی لە خەباتی ڕۆژانەیدا بەرزیدەکاتەوە، چونکە ئەم باسە، بابەتێکی تەواو جیاوازە.

بابەتێکی تر لەم بەندەدا ئەوەیە کە؛ حزبی چینی کرێکار، حزبی مارکسی، ناتوانێت بەبێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار جووڵەبکات. ئەم باسە بە لای ئێمەوە خاڵێکی سەرەکیە و ئێمە بە تەواوەتی لە چەپ و کۆمۆنیزمی ناکرێکاریی جیادەکاتەوە. “لە ساڵی ١٨٤٧ دا سۆشیالیزم هاوتابوو بە بزووتنەوەی بورژوازی و کۆمۆنیزمیش هاوتابوو بە بزووتنەوەی کرێکاری” (ئەنگلس پێشەکی چاپی ئەڵمانی مانیفێستی کۆمۆنیست/ لەندەن ١٩٩٠). کۆمۆنیزم یەکسانە بە بزووتنەوەی کرێکاری. مارکس و ئەنگلس ئاوهامان پێدەڵێن لە مانیفێستی کۆمۆنیست و پێشەکیەکانیدا، وە لە پێش ئەوەشدا لە نوسراوەکانی تریاندا. بە بێ بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار کۆمۆنیزم ناتوانێت جووڵە بکات، نەبزاوتنی (جووڵەنەکردنی) چینی کرێکار لەڕووی ڕامیارییەوە، یانی جووڵەنەکردنی کۆمۆنیزم لەڕووی ڕامیارییەوە!!.. هاوکات سەیری “تێزەکان دەربارەی فیورباخ” لە گۆشەنیگای ماتریالیزمی دیالەکتیکەوە بکەن، یانی پەیوەندی نێوان هزر (فکر) بە ڕاستی (واقع) ەوە بۆ ئەوەی ڕاستودروستی بیرکردنەوەکانی ئێمەتان بۆ دەرکەوێت. ئەمە شتێکە بواری چەنوچونی تیانیە لای مارکس و ئەنگلس و لینین. کەوابوو ئەو پرسیارەی کە خۆی لەبەردەمی ئێمەدا قووتدەکاتەوە ئەوەیە بۆچی چینی کرێکار وەکو هێزێکی ڕامیاریی ناجوڵێت.؟! وە بە بڕوای ئێمە، ئەمە پرسیاری سەردەمیشە. کەوابوو پێویستیمان بە تێڕامان و هەڵوێستەکردن هەیە لەسەر “بۆچی”؟! وەڵامدانەوە بەم کێشە کۆمەڵایەتیە یەکەمین ئەرکمانە. لەسەر ئەم زەمینەیە وبەپێی ئەم قۆناغە ئێمە دەست بە پڕۆژەکەمان دەکەین. بزاوتن لە توانادانیە لە کاتێکدا کە چینی کرێکار لە خەوی قوڵی خۆیدایە لە ڕووی سیاسیەوە. حەتمەن لێرەدا کێشەیەک هەیە، وە حەتمەن دەبێت وەڵامێکیش هەبێت. ئێمە وەڵامی خۆمانمان پێیە. ئێمە ناتوانین تاکتیک و ئەرک و کار بخەینەڕوو بەبێ ئەوەی بزووتنەوەیەک- کرێکاری- هەبێت بۆئەوەی بیان کات بە کردەی کۆمەڵایەتی یان لانی کەم بیانکات بە چالاکیەکی سەرەتایی لە ڕووی ڕێکخستنەوە. دەبێت بارودۆخ و کەشێکی کۆمەڵایەتی لەم جۆرە ئامادەبکرێت. ڕۆشنکردنەوەی فراوانتری ئەم بەندە لە تێزی چوارەمدا باس دەکەین.

تــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــێزی دووەم

لە تێزی دووەمدا، ئێمە لەبەردەم بابەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەداین لە ئاستی جیهانیدا. مەسەلەکە “لادان” نیە لە کۆمۆنیزم، وە تەنانەت خراپ بەکارهێنانی ناوی کۆمۆنیزم نیە لەپێناو بەرژوەندی چینێکی تردا بەپێی لێکدانەوە کۆنەکە، وەکو ئەوەی لە دەورانی جەنگی ساردا بینیمان کە لە لایەن چەندین لایەنی بورژوازی جۆراوجۆرەوە پیادەدەکرا. لەم قۆناغەدا، چینی بورژوازی جیهانی پێویستی بەم جۆرە لە سوود وەرگرتن نیە لە ناوی کۆمۆنیزم، وە هاوکات بورژوازی چینیش بە مانا کلاسیکیەکەی پێویستی پێی نیە. لە کاتێکدا کە ناوی کۆمۆنیزم و مارکس لە لایەن بزووتنەوە بورژوازییە جیاوازەکانەوە بەزۆربەی شوێنی جیهاندا بڵاووبوو بووەوە، لە بزووتنەوە ناسیونالیستی و نەتەوەییەکان کە دژی کۆلۆنیاڵیزم دەجەنگان لە ئەمریکای لاتین و وڵاتانی ئاسیاوە بگرە، تا دەگات بە کۆمۆنیزمی پەرلەمانی ئەوروپا “ئۆرۆکۆمۆنیزم” و ماوی چینی ئەو کاتە و تیتۆیی و جیڤارایی. ئەمە وێڕای خەتی ڕەسمی و باوی کۆمۆنیزمی بورژوا نەتەوەیی ڕوسی. بە تێکڕایی زۆربەی بزووتنەوە بورژوازیە ئۆپۆزیسیۆنەکان وە بە تایبەتی ناسیۆنالیستیەکان سوودیان لە ناو و پێگەی مارکس و کۆمۆنیزم وەرگرتووە، ئەویش بەهۆی کاریگەرییەکانی شۆڕشی کرێکاریی لە ڕوسیادا و بڵاوبوونەوەی هزر و هۆشیاری چینایەتی مارکسیستی لە تەوای جیهاندا، بە قازانجی خەڵکی چەوساوەو و بێبەش.

بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە بە هۆی پێگەی چینی کرێکارەوە لە ئاستی جیهان وە ئاستی چینیدا. پێگەی چینی کرێکار لاوازە و هێزیكی سیاسی بەهێز نیە لە هیچ وڵاتێکدا. بۆیە بورژوازی چینی وادارنیە لە بەشێک لە قازانج و سوودی خۆی بێتە خوارەوە بۆ چینی کرێکار، وەکو ئەوەی لە سەردەمی جەنگی ساردا لە هەندێک لە وڵاتانی “کۆمۆنیزمی بورژوازی” و سۆشیال دیموکراتی بینیمان، کە دەرهاویشتەی ئەو بارودۆخ و قۆناغە بوو و لەسایەی ئاڕاستەی “کینزی” و دەرئەنجامەکانی لە بەدیهێنانی دەوڵەتی خۆشگوزەراندا. بەڵام لە قۆناغی ئێستاماندا، بورژوازی بە هەموو  شێوەکانیەوە ئەم فشارە سیاسیە لەسەر خۆی نابینێت لە لایەن چینی کرێکارەوە بۆیە ئامادە نیە لە بەشێک لە قازانجەکەی خۆشبێت بە قازانجی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا. لەبەر ئەم هۆکارەشە کە بورژوازی ڕیفۆرمیستی و ڕیفۆرمی بورژوازی کۆن چۆتە سوڕی متبوونەوە، هەتا ئەو کاتەی کە چینی کرێکار جارێکی تر سەر بەرزدەکاتەوە و دەچیتەوە سەر شانۆی ڕووداوەکان. ئەمە مەسەلەکەیە.

دەوڵەتی چین و حزبی کۆمۆنیستی چینی ناوی مارکس و کۆمۆنیزم بەکاردەهێنن بۆ لە گۆڕنانی مارکس و کۆمۆنیزم. سوود وەرگرتن لە ناوەکانیان لە ژێر سایەی بورژوازیەکی نەتەوەییدا، کە ئامانجی هێنانی قازانج و قازانجە بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێشەنگدا بێت لە ڕابەرایەتیکردنی جیهانی سەرمایەداریدا. دەسەڵاتێک کە لە سایەیدا سەدان ملیۆن کرێکار بە کرێی کەم کە لە ٢٠٠ – ٣٠٠ دۆلار زیاتر نیە دەژین لە مانگێکدا. دەسەڵاتێکی بورژوازی و حزبێکی کۆمۆنیستی نەتەوەیی کە لەنێو ڕیزەکانیدا ملیاردێرەکانی وەکو جاک مای “خاوەنی کۆمپانیای علی بابای بازرگانی جیهانی یە”، لەخۆگرتووە. دەسەڵاتێکی بورژوازی کۆنەپەرست و سەرکوتگەر کە قازانج لە ڕێگەی کاری هەرزانەوە کەڵەکەدەکات. ئەم دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتیەی چینی بورژوازی ناوی مارکس و کۆمۆنیزم بەکاردەهێنێت و لەگەڵ ناوی ماودا هاوتایان دەکات لە لایەک، وە لە لایەکی ترەوە دەیەوێت ئەم دوو ناوە، کۆمۆنیزم و مارکس، قێزەون بکات و شەیتانیان لێدروستبکات لەناو هۆردوی بێ ئەژماری چینی کرێکار لە چین و وڵاتانی تریشدا.  بەم شێوەیە چینی کرێکار لە شێوازی کاری حزبی کۆمۆنیستی چین و دەوڵەتی چینی، و هەڵسوکەوت و یاسا و دەستور و بیروکراسی و سەرکوتگەریەکەیەوە، دەڕوانێتە مارکس و کۆمۆنیزم. بەم پێیەش مارکس و کۆمۆنیزم دەبن بە ناوی قێزەون و بێزراو لە ناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا. ئەم جۆرە لە خراپ بەکارهێنانەی ناوی مارکس و کۆمۆنیزم نیشانەی ترسی چینی بورژوازی بە ئەزموونی چینییە، کە سوودی لە ئەزموونی شۆڕشەکانی ئەوروپا و ڕوسیا وەرگرتووە. ترس لە شکۆمەندی چینی کرێکار و شۆڕشەکانی و تەنانەت ناڕەزایەتیە سیاسیەکانیشی لە ژێر پەرچەمی مارکسدا. بۆیە هەر لەسەرەتاوە کاری لەسەر ئەوەکردووە کە ڕێگا لە هەستانەوەی چینی کرێکار بگرێت و چەندین بەربەستی هزری و ڕۆشنبیری و سیاسیش لەبەردەمیدا دابنێت. ئەمەش بە دوورخستنەوەیان لە ئاڵای مارکس و کۆمۆنیزمی مارکس لە ڕێگای هەڵسوکەوت و کارکردە سیاسیەکانیەوە دژ بە کرێکاران، بە ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمەوە. ئەم جۆرە لە پیادەکردنی سیاسەت و بەڕێوەبردن، لەگەڵ فریودان و هەڵخەڵەتاندنی جەماوەردا، پێشتر بە نەخشەوە بڕیاری لە سەردراوە.

ئەگەر چاوێک بگێڕین بە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی چینی و پەیڕەوی ناوخۆکەی و تەنانەت پەڕتووکەکەی سەرۆکی ئێستای چین، شی جی بینگ “دەربارەی دەسەڵات و بەڕێوەبردن” دەبینین پڕە لە چەمکەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزم و سۆشیالیزم بەڵام بەشێوە چینییەکەی. ئەوان وەکو ئامانج و لێوردبوونەوەیەکی پڕ لە درۆ و دووڕوویی وبێنرخ دەیخەنەڕوو، هەروەک ئەوەی لە ئاستی ڕاگەیاندنی فەرمی جیهانیدا، دەخرێتە ڕوو. لێوردبوونەوە، نەک بەو مانایەی کە بیرکردنەوەکانیان چینایەتی نیە یان دوورە لە کێشمەکێشی چینایەتی، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە. لەبەرئەوەی کە سیاسەت و هەڵسوکەوت و بەڕێوەبەرایەتیکردنی دەوڵەتی چین و حزبی کۆمۆنیستی چینی بەپێی بەرنامەیەکی پێشوەخت و وورد بە قازانجی چینی بورژوازی دەسەڵاتدار داڕێژراوە. هەربۆیە مارکسیزم و کۆمۆنیزمی مارکس وەکو ئامانج و لێوردبوونەوەیەک دەخەنەڕوو، بۆ ئەوەی لە ڕووی بابەتییەوە خاڵیبکەنەوە لە ناوەرۆکە چینایەتیەکەی. ئەمە لێوردبوونەوەیەکی تازەیە بە بەراورد بە لێوردبوونەوەکانی فیورباخ لەسەر مادە. دەتوانین ناوی بنێین لێوردبوونەوەی پۆست مۆدێرنیستی، لە بەر ئەوەی کە واقیع بەسەر فیکردا قڵپدەکاتەوە، بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی فیۆرباخەوە.  لە کاتێکدا لای ئەو مادە ناجوڵێت و بەشێوەیەکی میکانیکی و نەگۆڕ دەیبینێت، و مادە تەنها لەشێوە هەستپێکراوەکەیدا دەبینێت نەک لە چالاکی واقیعی خۆیدا. ئەوەی لێرەدا ڕوودەدات تەواو پێچەوانەیە، لەبەرئەوەی کە دەوڵەت وحزبی کۆمۆنیستی چین مادە و چالاکی مادی بەشێوە واقیعیەکەی خۆی دەبینن، بەڵام وەکو لێوردبوونەوەی هەستپێکراوی دوور لە واقیع ڕێکیدەخەن و دەیخەنەڕوو. ڕاستیەکی چەپەڵ، وەکو چەپەڵی بازرگانی نێودەوڵەتی و قازانجی کۆمپانیا جیهانییە گەورەکانی شەنگهای و وهان. ڕاستیەکی کارەساتبار، کە چینی کرێکار لە سایەیدا ژیان دەباتەسەر. ئەم جۆرە تازەیە لە لێوردبوونەوە، لێوردبوونەوەی پۆست مۆدیرنیست یان لێوردبوونەوەی بورژوازی گڵوباڵە کە تیایدا جووڵە و پراتیکی زیندووی توخمی چالاکی هاوچەرخ “بزووتنەوەی کرێکاری” گۆڕیوە بە شتی قێزەون و ” شەبقە”. ئەم پڕۆسە قورسە چۆن ئەنجام دەدرێت؟! لە لایەک توندوتیژترین جۆری دەسەڵاتی سەرکوتگەری پیادە دەکەن، و کەمترین کرێ دەدەن لە بەرامبەر هیزی کاردا، و هەڵدەستن بە سەرکوتکردن و داپڵۆسینی هەموو جۆرە چالاکیەکی ڕێکخراوی چینی کرێکار، و هەموو ئۆپۆزیسیۆنیکی سیاسی لەژێر ناوی مارکس و کۆمۆنیزمدا، وە لە لایەکی ترەوە، کاتێک چینی کرێکار ناڕەزایەتی دەرببڕن یان جووڵانەوەیەکی دژ بەم سیاسەتانە بەڕێبخەن، بە دوژمنایەتی کردنی کۆمۆنیزم و مارکسیزم تاوانباردەکرێن. سەرەڕای ئەم ئاوازە نەشازە کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، کە پێ بە پێی ئەم جۆرە لە فریودان و هەڵخەڵەتاندنە، و وەک ئەنجامی کارێکی مێژوویی، لێوردبوونەوە تازەکانیان دەگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی واقیعی و هەستپێکراو. لێرەدا بزووتنەوەی کرێکاری لە چین تا ڕادەیەکی زۆر چالاکە، وێڕای لێوردبوونەوە و سەرکوت و داپڵۆسینەکانیان کە  هاوکاتە لەگەڵ کرێکاری هەرزاندا.

سەرەڕای ئەوانە حزبی کۆمۆنیستی چینی، مارکسیزم و سۆشیالیزمی چینی لە سەردەمێکی تازەدا دەخاتە ڕوو. وەکو پێشتر ووتمان وەک تێروانینی پۆست مۆدێرنیستی دەیخاتە ڕوو بۆ فریودانی کرێکاران و چینی کرێکار و بەلاڕێدابردنی ڕێگای خەباتکارانەیان. دەوڵەت، لە پێناو دوورخستنەوەی کرێکاران لە کۆمۆنیزمی مارکس و ئاڵاکەی، بەم کارە هەڵدەستێت. بەڵام لێرەدا بابەتێکی سەرەکی هەیە لەپەیوەست بەم لێوردبوونەوە تازەیە، ئەویش بوونی ڕەوتێکی لیبڕاڵییە کە بازاڕی ئازاد و گڵۆبالیزم هێناویەتیە ئاراوە. ئەم ڕەوتە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە گەشەی کردوو پێکهاتووە. لە وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکادا گەشەیکرد و پەرەی سەند و بەشێوەیەکی تایبەت لە چیندا بە سودوەرگرتن لە گڵۆباڵیزمی بازاڕ، تواناییەکانی فراوانبووەوە لە هەموو ئاستەکاندا. ئەم ڕەوتە بەهۆی پێگەکەیەوە، نوێنەرایەتی ڕەوتێکی تازەپێگەیشتوو دەکات، لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکار لە چیندا. بەڵام ڕەوتێکە کە ئاڕاستەی گشتی سەرمایە لە ئاستی جیهاندا  پشتی پێدەبەستێت، کە تا ئێستا بازاڕەکانی چین باشترین جێگایەتی. ئەم ڕەوتە لە لانکەی گڵۆباڵیزم و پێشکەوتنەکانیدا گەشەیکردووە و دەکات. بە تایبەتی لەمڕۆدا، چین پارێزەرێکی کاریگەری گڵۆباڵیزم و کردنەوەی سنوورەکان و بازرگانی ئازاد و ئەم شتانەیە. ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی جیهانییە و بەهۆی پێگەی بەهێز، وە گرینگتر لەوە، بە هۆی پێکهاتە و گەورەبوونی ڕۆژانەی قەبارە و گەشەکردنی ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە خاوەنی پیشە و شارەزان، لە بواری تەکنەلۆجیای تازە و زیرەکی دەستکردا، سوودمەند دەبن لەم تایبەتمەندیەیان. وە ئەم تایبەتمەندیەیان، ڕکابەرایەتیەکی زۆر بەهێزی لەسەر کڕینی هێزی کاری ئەم کرێکارانە خوڵقاندووە، بە تایبەتی لە نێوان ئەمریکا و چیندا. دەوڵەتی چین و حزبی کۆمۆنیستی چینی ئامانجیان فریودانی ئەم ڕەوتە گەشەکردووە و بەڵاڕیدابردنی جووڵانەوەکەیەتی. ئەم ڕەوتەی لە ئێستادا ژیانێکی بێدەنگ دەباتەسەر لەبەر ئەوەی کە کرێیەکی زۆر وەردەگرێت بە بەراورد بە هاوچینەکانی لە کەرتە کرێکاریەکانی تردا. هاوکات ئەم ڕەوتە لە کەشێکی خەباتکارانە بەهرەمەندە بە هۆی پێگەی پێشکەوتوویەوە لە بەرهەمهێنانی هاوچەرخدا کە پشتی بە زیرەکی دەستکرد بەستووە. بەم پێیە و لەسەر ئەم بناغەیە، شادەماری ئابوری جیهانی زیاتر و زیاتر پشتدەبەستێت بەم بەشە لە کرێکار. لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئەم بەشە لە کرێکاران هاوشانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی نێو دەروونی چێنی کرێکار، درەنگ یان زوو ڕۆڵیکی سەرەکی دەبینێت لە خەباتی چینایەتیدا، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانەی کە ئەم ڕەوتە دەیخوڵقێنێت لەبەردەم خەباتی کرێکارییدا لەم قۆناغەدا. لێوردبوونەوەکانی چین پشت بەم بزوتنەوەیە دەبەستێت، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە بەپێی پێگەی و کارکردی لەسەر تەواوی گەشەکردنی ئابوری ناتوانێت هەتا هەتایە سەر شۆڕبکات و چۆک دابدات. بە تایبەتی ئێمە لە ئێستادا لە سایەی قەیرانێکی ئابوری جیهانی خنکێنەردا دەژین. بەو ڕادەیەی کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا سەربەرزدەکاتەوە، بەو ڕادەیەش دەبینین کە ئەم ڕەوتە لەسەر بنەمای تواناییە زانستی و تەکنیکیەکانی، بە ئاگادێتەوە و ڕادەپەڕێت بەرامبەر بە درۆزنی لیبڕالیەت و گڵۆباڵیزمی بورژوازی چاوچنۆک بۆ قازانج. بەهۆی ئەم تایبەتمەندیانەوە ئەوان  لە ڕاستیدا خۆیان وەکو بنایتنەرانی سەردەمێکی نوێ چاولێدەکەن، سەردەمی تەکنەلۆجیای تازە کە بە تەواوەتی پشتدەبەستێت بە خێراییەکی تیژ .  تیژ لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا.

بێگومان کۆمۆنیزی بورژوازی فەرمی، زۆر لە کۆمۆنیزمی چینی فراوانترە، کە پاشماوەکانی کۆمۆنیزمی ڕوسی و ئەحزابە جۆراوجۆرەکانی لەخۆدەگرێت و تائێستا لە چەندین وڵاتدا بوونیان هەیە، وەکو حزبی شیوعی عێراقی و سوری و ژمارەیەکی کەم لە پاشماوەکانی ئۆرۆکۆمۆنیزم. هەروەها تا ئێستاش پاشماوەکانی مۆدیلی جیفارایی و خەباتی پارتیزانانە و چەکداری لە بەشێکی کەم لە وڵاتەکانی ئەمریکای لاتیندا ماوە بە تایبەتی لەسەر ئاستی هزری و نەریتەکانیدا. بەڵام تێکڕا “بە تایبەت ئەگەر چاو داخەین لە ئاست کۆمۆنیزمی ستالینیدا ” هیچیان قورساییەکی ئەوتۆ دروست ناکەن لەم قۆناغەدا. هەر بۆیە کۆمۆنیزمی چینی توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، وەکو کۆمۆنیزمی بورژوازی لەسەر ئاستی جیهاندا و جێگای کۆمۆنیزمی ناسیونالسیتی ڕوسی دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی پێگەی ئابوری چینەوەیە نەک هیچ هۆکارێکی تر. دەتوانین کاریگەریەکەی لەسەر هەندێک ئەحزاب ببینین لە جیهانی عەرەب و تەنانەت لەسەر حزبی شیوعی کوردستانیش. وێڕای ئەمە ڕەوتی ناسیونال ڕیفۆرمیستی کۆن لە ناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا،  کە سەندیکا کرێکاریەکان دەبەن بەڕێوە لە دنیای عەرەبدا تا ئێستا نوێنەرایەتی ڕەوتە کۆمۆنیستیە کۆنەکەی ڕوسیا دەکەن، بە تایبەتی نەوەیەک لە کەسانی بەتەمەن کە خاوەنی چەندین دەیە لە ئەزموونن لە خەباتی کرێکاریدا. ئێمە لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ڕۆڵ و کارکردی کۆمۆنیزمی ستالینی، وەکو میراتێکی مێژوویی، لەسەر بیرکردنەوەی گشتی و لەسەر چینی کرێکار تا ئێستا زیاتر و بەرفراوانترە و بەربەستێکی گەورەی بەردەمی بزووتنەوەی کرێکاری و ئامانجەکانی و خەباتی ڕۆژانەیی و هەروەها ڕێگری بەردەم تەحەزوب و بە‌هێزبوونیەتی. بەڵام لێرەدا باس لە دەورانێکی ڕاگوزەر دەکەین کە کۆمۆنیزمی چینی جێگای کۆمۆنیزمی ڕوسی دەگرێتەوە و هەر ئێستا ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکردووە.

کۆمۆنیزمی بورژوازی لە چین لە بناغەوە ناسیونالیستیە. ناسیونالیستێکی کوێر لەباری سیاسیەوە، کە خەریکی کێشمەکێشە لەسەر گرتنی جێگای یەکەم لە ڕابەرایەتیکردنی سەرمایە لە جیهاندا و دەیەوێت جێگای ئەمریکا بگرێتەوە یان لانیکەم هاوشانی بێت. ئەمە چیرۆکی کۆمۆنیزمی چینی یە، بەڵام لە بازاڕدا لیبڕالە. لە لایەک لە ئاستی ئابوریدا سیاسەتی بازاڕ پەیڕەودەکات لەبەر ئەوەی ئەمە ئەو سیاسەتە ئابوریەیە کە خزمەت بە ئامانجەکانی دەکات لەم قۆناغەدا، هەر وەک دیموکراسی ئیسلامیەکانی عێراق. وە لە لایەکی ترەوە، کە ئەمەیان گرنگترینیانە، ئاڕاستەی گشتی سەرمایە و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ڕوویان لە بازاڕی کراوەی جیهانیە، ئەگەر زۆر ئازادیش نەبێت، سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی کە بورژوازیە جیاوازەکان بۆی دروستدەکەن. هەروەک ئەوەی ترەمپ و ئاڕاستەی  ناسیونال -نیشتمانی دایدەنێن لەسەری، لە “باجی گومرک=  Customs tariff”وە تا دانانی ڕێگری لەسەر هەناردە و هاوردەکردن و لێدان لە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بە پێی ئاڕاستەی ناسیونالیستی “یەکەم ئەمریکا”. هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا ئاڕاستەی گشتی سەرمایە لە جیهاندا و خولیای کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ قازانج ڕویان لە وەبەرهێنانە لە وڵاتی چین. لەبەرئەو گەشە گەورەیەی لەوێ هەیە بە بەراورد بە وڵاتەکانی تر، و بەهۆی بوونی کرێکاری هەرزان و کرێکارانێک کە لە ئاستێکی باڵای پسپۆڕی و تەکنیکی بەهرەمەندن،  بە پيشەسازیەکانی زیرەکی دەستکردیشەوە کە داوای بازاڕی لەسەرە.

تێزەکانی سێهەم و شەشەم و هەشتەم

دەربارەی تێزەکانی سێ و شەس و هەشت: ئەم سێ تێزە بەیەکەوە ئەوە دەخەنە ڕوو کە “کۆمۆنیزمی کرێکاریی” وەکو ڕەوتێکی فیکری تەنانەت نەبوو بە بزووتنەوەیەکی فیکری کۆمەڵایەتی. لەم سێ تێزەدا ئێمە قسە لەسەر دابڕانی تەواوی خۆمان دەکەین لە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی: دەربارەی پێکهێنانی ئەحزاب و لەم نێوەشدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و بنەماکانی سیاسەت و بڕیارنامەکان و پەسەندکردنیان. هەروەها دەربارەی چەند لایەنێک لە شێوازێکی خەباتکارانەی دیاریکراو “لەبەرئەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و ئەزموونەکەماندا، خاوەنی شێوازی خەباتکارانەی جۆراوجۆر نیە. بەڵکو تەنها لە ئاکسیۆنیزم بەهرەمەندە وەکو ناسنامەیەک بۆ هەڵسوڕانی پراتیکی و وەک نەریتێکی سیاسی جێکەوتوو”. ئاکسیۆنی ڕێکخراوەیی یاخود بەشداریکردنی ڕێکخراو لە ئاکسیۆنی ئەوانی تردا. وە سەبارەت بە ڕێکخستن؛ لە ڕاستیدا ڕێکخستن بەپێی بنەمایەکی ڕۆشنی ڕێکخراوبوون بوونی نیە، لە ئەزموونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا. چونکە ئامانجە واقیعیەکانی حزب پێویستی بە ڕێکخستنێکی کۆمۆنیستی نیە، بەڵکو پێویستی بە ڕێخستنێک هەیە کە لەگەڵ ئاکسیۆن و کەمپینەکانیدا بگونجێت. بەپێی ئەم بنەمایانە، بۆچوونەکانی ئێمە لە سەر کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراقدا کە لەم سێ تێزەدا هاتوون، یەکانگیرن و جیانکارێنەوە مەگەر تەنها لە پێناو شیکردنەوە و لێکدانەوەی زیاتردا. بۆیە هەوڵدەدەین کە هەموو لایەنەکانی ئەم باسە و هەموو ئەو پرسیارانەی کە وەک ڕێکخراوی “ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ” ئاڕاستەمان کراوە  سەبارەت بەم سێ تێزە، لێرەدا بخەینە ڕوو.

لە سەرەتادا با ئاماژە بە سەرەتای پێکهێنانی حزبمان بکەین، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق (٢). لە دوا لێکدانەوەدا حزب، لە ڕێگای ئیرادەیەکی سیاسییەوە و لە دەرەوەی چوارچێوەکانی خەباتی چینایەتی و چینی کرێکار، دامەزرا. ئێمە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش- ڕەوتی کۆمۆنیست، سەرنجی کرێکار و یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی و کۆمەڵەی رزگاری چینی کرێکار- کە حزبیان پێکهێنا لەوکاتەدا خاوەنی کێشە و چالاکی و ئەندام و کادر و لیژنەکانی خۆمان بووین. تەنانەت بەشێک لەم ڕێکخراوانە لە هەندێک پەیوەندی کرێکاریی گونجاو بەهرەمەندبوون “بەڵام تەنها پەیوەندی گونجاو” لە چوارچێوەی ڕێکخستنە سنووردارەکانیاندا. بزووتنەوەی شورایی لە کوردستاندا کە لە هەناوی هەلومەرجێکی لۆکەلی و جیهانی مەینەتباردا هاتەدەرەوە، ڕۆکێت ئاسا بەخێرایی گەشەیکرد، بەڵام نەک وەک دەرکەوتەی کێشمەکێشی چینایەتی، بەڵکو بەهۆی هاتنەپێشەوەی کەشێکی لەبار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، وەک ئەنجامی لێدانی ئەمریکا لە عێراق و کردنەدەرەوەی سوپاکەی لە کوەیت، و سەپاندنی سیاسەتی گێڕانەوەی سوپاکەی لە کوردستانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە. لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، بزووتنەوەی شورایی بە هێزێکی گەورەوە هاتە مەیدان و وەکو قارچکی بەهاران هەڵتۆقی و وەک ئاگری ناو پووش لە هەولێر و کەرکوک و بە تایبەتی سلێمانی بڵاوبووەوە. بەڵام لە هەمان چوارچێوەی سیاسی و دونیابینی کۆنی ناسیۆنال چەپدا “ڕووخانی ڕژێم” و وەستانەوە بە ڕووی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، نەک “ناسیونالیزمی کورد وەکو نوێنەری بورژوازی لە کوردستان” هاتە ئاراوە. لێرەدا ئێمە قسەمان لەسەر نووسینی وتار و بەرزکردنەوەی دروشم نیە، بەڵکو قسەمان لەسەر ڕاستی ڕووداوەکان و کاروکردەوەکانە. هێزی دەرکەوتنی بزووتنەوەی شورایی بە گشتی هێزی چەپە لە کوردستانی عێراقدا -چەپێکی نا کرێکاری و ڕەخنەگر لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان-. بەم پێیە چەپ لە کوردستاندا ڕەوتێکی فراوان و پەرتەوازە و خاوەن بیرکردنەوە و ڕێکخراوی جیاوازی چەپ و کۆمۆنیستی بوو لەو کاتەدا، بەجیا لەهەر ناوێک کە بویان. بە مانایەکی تر، هۆشیاری شورایی کە “بەشێکە لە هۆشیاری چینایەتی” نوێنەرایەتی جیهانبینی و ڕێکخراویی کرێکاریی دەکات، لە بەرامبەر شێواز و جۆری تر لە جیهانبینی و نەریتی ڕێکخراوەیدا. کێشەکە لەوێوە سەرچاوەدەگرێت کە ئەم جیهانبینیە و ئەم جۆرە لە ڕێکخستنی جەماوەری و کرێکاری، لە سەروبەندی ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی ئازاری ١٩٩١ دا، لە دایکبووی خەباتی کرێکاریی نەبوو لە کوردستانی عێراقدا، بەڵکو لە ڕێگای ئەم چەپە هەمەڕەنگەوە بۆی گواسترایەوە. هەر بۆیە بەشێکی زۆر کەمی چینی کرێکار وەریگرت. بەشێک کە دەتوانین بڵێین بەشی پێشڕەویەتی، بەڵام بەشێکی زۆر کەمی ئەم بەشە پێشڕەوە پەیوەندی ڕێکخراویی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوە چەپەکان وە یان لەگەڵ پاشماوەکانی “کۆمەڵە” کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی کۆمەڵە هەیە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا. بەم پێیە بزووتنەوەی شورایی نەیتوانی ڕەگ دابکوتێت لە ناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا. ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە چونکە ئەو بارودۆخەی بزووتنەوەی شورایی تیادا دەرکەوت بەرەنجامی کێشمەکێشە چینایەتیەکانی نەبوو، بەڵکو بەهۆی کارکردی هێرشی ڕاستی بورژوازی جیهانی، و سەرەتای هێرشی سەربازی کۆنەپەرستی جیهان بوو بە ڕابەرایەتی ئەمریکا، کە ئێمە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا شایەتی بووین.

لە نێو جەرگەی ئەم بارودۆخە کۆنەپەرستە جیهانییەدا، بزووتنەوە شوراییەکەی ئێمە سەریهەڵدا. لە بارودۆخێکدا کە کۆمۆنیزم و مارکس و لینین و ئاڵاو بیروباوەڕ و بەرنامە و تەنانەت پەیکەرەکانیشیان کەوتبوونە بەرهێرشە هەمەجۆرەکانی بورژوازی. هەر لە هێرشی فیکری و ڕاگەیاندن و داسەپاندنی پاشەکشە و نسکۆ بەسەر کۆمۆنیزمدا بگرە، تا دەگاتە لابردنی پەیکەرەکانیان لە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان. ئێمە لەو بارودۆخەدا بووین و هەر لەو کاتەشدا بزووتنەوە شوراییەکەمان سەریهەڵدا. بزووتنەوەیەک کە تا ئێستا بە ڕووداو و دیاردەیەکی ناوازە ئەژماریدەکەین لە کوردستاندا، و جێگای شانازیکردنمانە و بە ڕاستی دەوارنێکی پڕ لە ئومێد بوو وێڕای زەمینەکانی سەرهەڵدانیشی وەک لەسەرەوە باسمانکرد. جگە لەم زەمینەی باسمانکرد، بوونی چەند ڕێکخراوێکی  چەپ و کۆمۆنیستییە کە پەیوەندیان نە بە کۆمەڵگا و نە بە خەباتی چینایەتی یەوە هەیە، و چەندین “نە” ی تریش. لەو کاتەدا بزووتنەوەی شورایی هەلێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە خۆیانی لەگەڵدا ئاوێزان بکەن، کە هاوکات بەشێکیش بوون لێی. ئەم بارودۆخە بێهاوتایە زەمینەیەک بوو بۆ تێکەڵبوون و دەخاڵەتی ئەم ڕێکخراوانە لە ناو خەباتی جەماوەری و بۆ ماوەیەکی کورت توانیان کێشە و گرفتەکانیان وەلابنێن.

 بەڵام ئەم زەمینەیە، زەمینەیەکی ڕاستەوخۆ نەبوو بۆ پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیست کرێکاریی عێراق، بەڵکو زەمینەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو. حزب دوای دوو ساڵ و چوار مانگ لەم ڕوودا و هەلومەرجە پێکدێت. لەو ماوەیەدا هەموو ڕێکخراوەکان بەشێوەیەکی گشتی تووشی پاشەکشە بوون لە دەخاڵەتکردن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، چجا بگات بە  بەشداری و دەخاڵەتکردن لە ناو چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاریی و کێشە جیاوازەکانیدا. سەرەڕای ئەمانەش، لەو سەردەمەدا ڕێکخراوەکان کەوتنە ڕەخنە لەخۆگرتن و پیاچوونەوەی خۆیان. ئەمەش ئەوەندی تر بووە هۆکاری پەناگرتن و گۆشەگیربوونی ئەم ڕێکخراوانە و قەتیس مانەوەیان لە چارەنوسێکی نادیاردا. لەنێو ئەو بارودۆخ و ئەو دوو ماوەیەدا، واتە  نێوان کاتی بزووتنەوەی شورایی و پێکهێنانی حزبدا، پەیوەندی ئەم ڕێکخراوانە لەگەڵ فراکسیۆنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی(٣) و کادرەکانی بە ڕابەرایەتی مەنسور حیکمەت لە حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا(٤) ، فراوانبووەوە و گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتەکانی تری ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، پەیوەندیەکی توندوتۆڵتربوو. لە دوای چوونەدەرەوەی مەنسور حیکمەت و هاوڕێکانی لە حزب و پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، ئەم پەیوەندیانە گەشەکردنێکی بەرچاو و فراوانیان بەخۆوەبینی. بۆیە لەو کاتەدا ئەو پەیوەندیە و پێشنیاری مەنسور حیکمەت بۆ پێکهێنانی حزب بۆ ئێمە وەک فریادڕەسێک وابوو. بە تایبەتی لەو سەردەمەدا کە ئۆتۆریتەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و کەسایەتی مەنسور حیکمەت نەک تەنها باوبوو بەڵکو زاڵیش بوو. بەو مانایەی کە خاوەنی ئۆتۆریتەیەکی سیاسی و فیکری گەورە بوو لە ناو رێزەکانی چەپ لە کوردستانی عێراقدا. لە ڕاستیدا لەو سەردەمەدا کۆمۆنیزمێکی جیاواز لە کۆمۆنیزمی بورژوازی و چەپی باو پێکهاتبوو. وە ئەمە بەلای هەموومانەوە ئاڕاستەیەکی مارکسیستی تازە بوو. لە ڕاستیدا ئێمە قەرزاری ئەو باسە تازانەی ئەو بووین و کۆمۆنیزممان بەم مانا تازەیە لە مەنسور حیکمەتەوە وەرگرت. ئەمە بارودۆخەکەیە پێش پێکهێنانی حزب.

حزب بەپێی سیاسەت و ڕێنمایی و نەخشەکاری مەنسور حیکمەت دروستبوو. ئەو چەندین نامەی نارد، چەندین نوێنەری خۆی لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران نارد بۆ لای ڕابەرانی ڕێکخراوەکان لەو سەردەمەدا. ئەو چەندین وتاری لەسەر ئەم بابەتە نووسیوە وەک: “ئەرکەکانمان لە بەرامبەر چەپدا لە عێراق/ تەموزی ١٩٩٢، و کۆمۆنیزمی کرێکاریی پێویستی بە حزبە لە عێراقدا/ شوباتی ١٩٩٣، و سەبارەت بە پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق؛ نامەیەک بۆ هاوڕێیان لە عێراق/ نیسانی ١٩٩٣، و نەخشەکاری پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق/ نیسانی ١٩٩٣”. (سەرچاوە: پێگەی مەنسور حیکمەت لە ئینتەرنێت). بە دڵنیایی یەوە لەو کاتانەدا ئێمە هەموومان هاوڕابووین لەسەر ئەمە و پەسەندمان بوو، وە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەدابووین کە ئیمزامان کرد بۆ پێکهێنانی حزب، بەو شێوەیەی کە مەنسور حیکمەت پێشنیاری کردبوو. ئەو بناغانەی کە مەنسور حیکمەت پێکهێنانی حزبی بە شێوەیەکی دەستووبرد لەسەر بنیاتنابوو، لەسەرەتادا دوو تەوەرەی سەرەکی بوو کە لە نوسراوەی ئەرکەکانمان لە بەرامبەر چەپ لە عێراقدا هاتووە، کە بەر لە ساڵێک لە دامەزراندنی حزب نووسراوە کە تیایدا دەڵێت: ١. بەشداری چالاکی ڕێکخراوە کۆمۆنیستیە جیاوازەکان لە کوردستانی عێراقدا لە بزووتنەوەی شوراییدا. یان بە واتایاکەی تر دەرکەوتنی ئاگایی و هۆشیاریی سۆشیالیستی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێراقدا. ٢. کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ئێران کاریگەریەکی فراوانی هەیە لەسەر ئەم بزووتنەوەیە بەجۆرێک کە زۆربەی زۆری ئەم ڕێکخراوانە “وە لەوانەیە هەموویان” نزیکایەتی ئایدۆلۆژی و سیاسی و تەنانەت ڕێکخراوەیی خۆشیان لە ڕەوتی ئێمە ڕاگەیاندووە. (لە فارسیەوە وەرگێڕدراوە و هێڵی تەئکید هی ئێمەیە). وە لە نوسراوی یاخود نامەی ” کۆمۆنیزمی کرێکاریی پێویستی بە حزبە لە عێراقدا” دەربارەی چۆنیتی دابینکردنی ڕابەری ئەو حزبەی کە پێویستە پێکبێت دەڵێت: “ئەگەر بەدەستهێنانی ڕابەری حزب سپێردرا بە پرۆسە و ڕێڕەوی خەباتی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە ناو چەپی عێراقدا- کە پێدەچێت ئەمە بۆچوونی باوی ناو ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکانی عێراق بێت دەربارەی ئەم مەسەلەیە- ئەوا کێشەی ڕابەری بە خێرایی و ئاسانی چارەسەر ناکرێت. بۆیە ئەم سیناریۆیە نەک هەر پێویست نیە، بەڵکو هاوکات نادروستیشە. لەم سیناریۆیەدا، ناسنامە و تایبەتمەندیەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی، کە نەتەوەکان تێدەپەڕێنێت و هەروەها ئۆتۆریتەیەک کە بەهرەمەندە لێی و چارەنوسی لە ناوچەکەدا لەبیردەکرێت. بۆیە پێویستە، دوای ئەوەی کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بە مەسەلەی پێکهێنانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا زیاددەکەین، سەرلەنوێ بیر لەم مەسەلەیە بکەینەوە….. وە لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت… بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازیانەی کە ڕێکخراوە عێراقیەکان لەنێو خۆیاندا دیاریدەکەن، خۆشبەختانە، ڕەوتی سێهەم هەیە کە جێگای پەسەندی هەموویانە و پشتگیری لێدەکەن، مەسەلەیەک کە دەتوانین تێیبگەین. (هەمان سەرچاوە. هێڵی تەئکید هی ئێمەیە). وە لە نوسراوی ” سەبارەت بە پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق؛ نامەیەک بۆ هاوڕێیان لە عێراق” دەڵێت: هەستیاری کرێکاریی عێراقی بەرامبەر بە سیاسەت و بە تایبەتی هەستیاریەکەی بەرامبەر پێویستی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە سایەی ئەو فەزا سیاسیە ئاواڵەیەی کە هاتۆتە ئاراوە، و هاوکات بوونی ئامادەییەکی سەرەتایی لە لایەن ئەو ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریی و سۆشیالیستیانەوە بۆ پێکهێنانی حزب و هەستکردنیان بە نزیکایەتی لە نەریتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی، و ناڕۆشنی پێگەی نیزامی عێراقی و چەندینی تر، ئەو هۆکارە جیاوازانە پێکدەهێنن کە لەوانەیە بە خێرایی گۆڕانیان بەسەردابێت. بە بڕوای من هەنگاوی بنەڕەتی لە باسی پێکهێنانی حزبدا درککردنی ئەم ڕاستیانەیە. کاری ئێمە ئەوەیە کە سوود لەم هەلە وەربگرین . زۆر فاکتەری تر هەن کە پەیوەندیان بە ئیرادەی خۆمانەوە هەیە، بەڵام ئێمە دروستکەری هەلومەرجی بابەتی نین. بۆیە بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە تا ئەوپەڕی ڕادە سوود لەو دەورانە مێژووییە دەگمەنانە وەربگرین کە زەمینە بۆ هەستانەوەی بزووتنەوەکەمان دەخوڵقێنن.” (وەرگێڕان و هێلی تەئکید هی ئێمەیە). لە دوا نامەیدا کە ئاڵوگۆڕی بەسەر نەخشەکارەکەیدا هێناوە بۆ پێکهێنانی حزب ” نەخشەکاری پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق” دەڵێت: “٢- حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ناتوانرێت و نەشیاوە لەسەر بنەمای بەرەیەکی یەکگرتوو یان یەکێتی کار وە یان یەکگرتنی نێوان ڕێکخراوە کۆمۆنیستیە عێراقیەکان پێکبهێنرێت. بۆیە بناغەی پێشنیاری پێکهێنانی حزب پێویستە پشت ببەستێت بە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی حزب لە لایەن کۆمەڵێک لە کادری بە ئۆتۆریتە لە نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی لە عێراقدا، بەپێی شوناسنامەی خۆیان و سەربەخۆ لەوەی کە سەر بە چ ڕێکخراوێکن.  بۆیە پێویستە پێکهێنانی حزب لە ڕێگەی تێپەڕاندنی کادرەکانی بزووتنەوەکەوە بێت، لە شوناسە ڕێکخراوییەکانیان . ٣- ڕاگەیاندنی دامەزراندنی حزب، وەکو دەزگایەکی سیاسی تازە دەبێت، کە پشت بە بنەما سەربەخۆکانی خۆی دەبەستێت. پێویستە بە هیچ شێوەیەک وەک ئەنجامی گەشەی ڕێکخراوەکانی ئێستا نەناسرێت وهەروەها نابێت هەڵگری میراتی پلمیک و ململانێکانی ڕێکخراوەکان بێت . (وەرگێڕان و هێڵی تەئکید هی ئێمەیە).

لە هەموو ئەم نامانەدا، تەوەری سەرەکی باسی مەنسور حیکمەت بۆ پێکهێنانی حزب نە کێشمەکێشی چیانەیەتیە و نە بارێکی دیاریکراوی بزووتنەوەی کرێکارییە، کە لەوانەیە بزووتنەوەکە پێیبگات بۆ بنیاتنانی حزبی خۆی. شتێکی ئاساییە کە لەو نامانەدا ناوی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاری و چینی کرێکار هاتوون، بەڵام ئەوەی کە جەختی لێدەکات بۆ پێکهێنانی حزب:

یەکەم: سوود وەرگرتن لەو هەلە گەوەرەیەی کە مێژوو خستوویەتیە بەردەممان وەک ئەوەی لە باسەکەی ئەودا هاتووە، ئەویش؛ “کە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەکەمان دەستەبەردەکات”، ناڕۆشنی و نادیاری جێگاوڕێگای نیزامی بەعس!!. هەستیاری کرێکاری عێراقی بەرامبەر بە سیاسەت؟!! هەستیاری کرێکار بەرامبەر پێکهێنانی حزب؟!!! بارودۆخی ئاواڵەیی سیاسی!!!. ئێمەلەسەرەوە باسمان لەوەکرد کە بزووتنەوەی شورایی ئەنجامی خەباتی چینایەتی نیە لە عێراق و کوردستاندا، بەڵکو بەرەنجامی ئاواڵەییەکی سیاسی گەورەبوو کە بە هۆی هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق هاتەکایەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەستیاری کرێکار بەرامبەر بە سیاسەت و بارودۆخی سیاسی لەوکاتەدا و لەو ماوەیەدا بە هیچ جۆرێک بوونی نیە، بە تایبەتی لە ئاستی عێرا قدا وە هاوکات لە کوردستانیش. ئەمەش شتێکی ئاساییە لە سایەی ئەو بارودۆخە جیهانی و ناوچەییانەدا کە باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، لە سەردەمی ڕوخانی کۆمۆنیزمی فەرمیدا وەکو دەوڵەت و ئیمپراتۆر، و ڕوخانی کۆمۆنیزم وەک هزر و جیهانبینی و بیروڕا، لە سەر ئاستی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی  و لە ئاستی واقعی زیندووشدا چینی کرێکار نەک چەندین هەنگاو، بەڵکو چەندین فرسەق پاشەکشەی کرد و چووە دواوە، ئەمە سەرەڕای چوونەدواوەی هزر و ئاڵا و سوننەتی مارکسیستی و کۆمۆنیستی. ناوهێنانی کرێکار و چینی کرێکار لەم نامانەدا ڕووکەشە تا ئەوەی بناغەیی بێت، پلە دووە تا ئەوەی سەرەکی بێت. وێڕای ئەمانەش، جێگاوڕێگای نیزام و ناڕۆشنی چارەنووس و ئایندەی پەیوەندی بە پێکهێنانی دیاردەیەکی چینایەتی کرێکارانەوە نیە، بە تایبەتی  کە پایە و لاوازی جێگاوڕێگای ڕژێم لەو سەردەمەدا بە هۆی خەباتی کرێکاریی و جەماوەری نەبووە، بەڵکو بەرەنجامی لێدانە سەربازیەکانی ئەمریکا و نەزمە جیانهیە نوێیەکەیەوە بوو. کەوابوو دەرکەوتنی ئەم هەلە “ئەگەرچی هەرەوک دواتر ئاشکرا بوو، بە تایبەت لە دوای ڕوخانی ڕژێمەوە وە تا ئێستاش،  ئەمە هەل نەبوو” بیرووبۆچوون و ئایدیایەکی باوی چەپە بەشێوەیەکی گشتی تا ئەوەی بەکارهێنانی زاراوەیەک بێت. بۆچوونێک کە “دژە ڕژێم” یان “ڕووخاندنی ڕژێم” بناغەکەیەتی و پشت بەم چەمکانە دەبەستێت بۆ پێکهێنانی حزبی چینایەتی . ئەمەش هیچ پەیوەندیەکی بە دامەزراندنی حزبی چینی کرێکار و بیروباوەڕە شۆڕشگێڕیەکەی مارکسەوە نیە. ئەمە شتێکی تەواو پێچەوانەیە، پێدەچێت ئەمە بۆ پێکهێنانی حزبێکی دژە ڕژێمی، یان دژی ئیسلامی سیاسی ، یان لە پێناو دەستەبەرکردنی سیستەمێکی سکۆلار و پێشکەوتنخواز و ئارام بۆ مرۆڤەکان، دروست  بێت، بەڵام پەیوەندی بە پێکهێنانی حزبی چینایەتی کرێکارەوە نیە.  

دووەم: مەسەلەی پێکهێنانی حزب لە دەوڵەتێک یان وڵاتێکدا لە قۆناغی ئێستادا و هاوکات لەو قۆناغەی ئەوساشماندا کە حزبی تیا دامەزرا، کە ئێمە بە دیاریکراوی باسی ئەو قۆناغە دەکەین، پشتدەبەستێت بە کێشمەکێشی چینایەتی و بارودۆخی چینی کرێکار، و ڕادەی ئامادەیی و توانایی بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی نێو دەروونی چینی کرێکار، بۆ پێکهێنانی حزب لەوڵاتێکی دیاریکراودا، کە لێرەدا عێراق یان کوردستانی عێراقە. بەڵام مەنسور حیکمەت دەڵێت ” بۆیە بناغەی پێشنیاری پێکهێنانی حزب پێویستە پشتببەستێت بە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی حزب لە لایەن کۆمەڵێک لە کادری بە ئۆتۆریتەی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی لە عێراقدا بەپێی شوناسنامەی خۆیان و سەربەخۆ لەوەی کە سەر بە چ ڕێکخراوێکن.” ئەمە دوا پێشنیار یان دوا نەخشەی ئەوە، دوای ئەو ئاستەنگیانەی کە هاتنە بەردەم بردنەپێشەوەی نەخشەی یەکەم. بەمانای ئەوەی کە هەندێک لە ڕابەرانی ئەو ڕێکخراوانە حزب ڕادەگەیەنن بەبێ شوناسە ڕێکخراوەییەکەیان!!. ڕادەی کارکرد و نەخشی ئەم ڕابەرانە چەندە بەهێزە لەسەربزووتنەوەی کرێکاری؟! بابەتێک نیە لەم پێشنیارەدا. ئەمە بەجیا لەوەی مەسەلەی  بوون یان نەبوونی ڕۆڵ و کارکردی ڕابەرانی ئەم ڕێکخراوانە  لەسەر چینی کرێکار ناتوانێت خودبەخود بناغەیەکی بابەتیانە و چینایەتی پێکبهێنێت بۆ پێکهێنانی حزبێکی کرێکاریی مارکسیست!!!. تەنانەت ئەگەر واشمان دانا کە ڕابەرانی ئەم ڕێکخراوانە کاریگەریان هەیە لەسەر بزووتنەوەی کرێکاریی کە ئەمە بۆ خۆی کارێکی باش و گرنگە، بەڵام حزب بە پێی پێکهاتەکەی حزبی کرێکارانە، بۆیە دەبێت هەوڵی پێکەوە گرێدانی بدەن لەگەڵ ڕابەرانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاریی کە ڕابەرایەتی بزووتنەوەکە دەکەن لەو کاتەدا، بە بێ ئەم هەنگاوە ناتوانرێت حزبێکی کرێکاریی مارکسی دابمەزرێنرێت. ئەمە لایەنێکی باسەکەیە، لایەنێکی تری بریتییە لە مەسەلەی ژمارەیەک لە کادری ڕابەری بۆ پێکهێنانی حزب کە شوناسی ڕێکخراوەکانیان تێپەڕاندبێت. ئەمە مەسەلەیەکی ئیرادەگەریانە نیە و پێشتریش و ئێستاش لە گرەوی کاری چینایەتی لە نێو چینی کرێکار و خەباتی ڕۆژانەی کرێکاردایە دژ بە سەرمایە. بەبێ ئەمە ناتوانرێت باری سکتاریستی ڕێکخراوەیی و مەحفەلیەت و خاتر وخۆتری هاوڕێیەتی تێپەڕێندرێت. هەتا ئەمڕۆ و بەدڕێژایی ژیانی حزبیمان هەر بەم شێوازە کارمانکردووە. هیچ کاتێکی نەتوانرا مەحفەلیەت وەلابنرێت لەبەر ئەوەی هیچ کاتێک نەتوانرا حزبێکی چینایەتی دابمەزرێندرێت. بۆیە هەرگیز حزب دانەمەزرا. هەرگیز نەبووە حزبێکی کرێکاری و دواتریش نابێت و هەرگیز لە توانایدا نیە ببێت. کەم تازۆر پلینیۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی بوو بە مەیدانی شەڕ. هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد لە کتێبەکەیدا (مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆل/ بەرگی دووەم/ ل. ٧٥)  ئاماژەی بەم  شەڕە داوە.

دوای ئەویش پلینیۆمی دووەم کە گوایە مەحفەلیزمی ڕێکخراوەیی کۆتایی پێدێنین، بەڵام هەتا ئێستاش نەکرا و نەکرا. وێڕای ئەو هەموو ڕێنوێنی و ڕەخنانەی کە بەسەرماندا دادەباری، لە لایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و هاوڕێ مەنسور حیکمەت و هاوڕێیانی دیکەوە، مەحفەلیزم وەکو خۆی مایەوە. مایەوە لەبەر ئەوەی کێشەکە لە ڕێنوێنی و ئیرادەی کەسەکاندا نیە، بەڵکو بەر لەوە مەسەلەی حزبی کرێکاری بابەت و خەباتێکی پراکتیکییە کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەچێتەپێشەوە. بە بێ بوونی فیزیکی لەنێو جەرگەی ئەو خەباتەدا ناتوانرێت مەحفەلیزم و سکتاریزمی ڕێکخراوەیی و خاتروخۆتر و نزیکایەتی وەلابنرێت. حزبی چینایەتی، حاڵەتێکی ڕێکخراوەیی باڵاترە بۆ ڕێکخراوکردنی خەباتی کرێکاریی وشتێکی جیاواز ودابڕاو نیە لێی، تا دوای دروستبوونی بتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ ئەو حزبە خوازراوە. ئەمە لە ڕووی تیۆریەوە هەڵەیەکی گەورەیە و لە گۆشەنیگای ئەزموونیشەوە بەکردەوە ناکام مایەوە.  دوای ٣٠ ساڵ ئێمە باس لە گۆڕینی ڕێچکەی حزب و گۆڕینی دەکەین بۆ کرێکاریی… حزب هیچ کاتێک ناتوانێت بگۆڕدرێت لەبەرئەوەی ئەو هێڵەی لەسەریەتی هێڵی شەمەندەفەر نیە. شەمەندەفەر ناتوانێت بەسەر جادەی قیرکراودا بڕوات. حزبی چینایەتی و برەوپێدانی “کە زۆرینەی ڕابەرانی بزووتنەوەکەی لەگەڵە” بەرەو شۆڕشی کرێکاری لانی کەم تا ڕادەیەکی هەستپێکراو لە ڕێگای خەباتی کرێکاریی بەردەوام و ڕێکخراو و ئامانجداردا دەڕواتەپێش. نەریتی پێکهێنانی حزب بابەتێکی هێجگار گرنگە. لەسەر بناغەی چ  نەریتێکی چینایەتی و لەسەر بناغەی نەریتی چ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی حزب پێکهێنرا؟. لەبەرئەوەی کە نەریتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان گۆڕانکاریان بەسەردانایەت و ناگۆڕدرێن، مەگەر تەنها لەژێرباری توندوتیژی و هێزدا نەبێت. بەڵام ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە پێکهێنانی ئەحزابی کۆمۆنیستییەوە نیە. دەتوانرێت بەزۆری چەک و لەژێر باری توندیژی و چاوسورکردنەوەدا هەندێک گۆڕان بەسەر بزووتنەوەیەکدا بسەپێنرێت، بەڵام لەم حاڵەتدا تەنها بزووتنەوەکە واداردەکرێت بەم کارە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دواتر دەگەڕێتەوە سەر بنیاتی خۆی، بە ئەگەری هەندێ گۆڕانکاری بچووکەوە. ئێمە ئەو گۆڕانکاریانە دەبینین کەبەسەر بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبیدا هاتووە، لە دوای ڕووخانی بەغداد و داگیرکردنی، وە بە تایبەتی دوای “شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی” کە چۆن زیاتر لە ئیسلام نزیکبۆتەوە بە بەراوردکرن بە چوار دەیەی ڕابردوو، وە چۆن لیبڕال تربووە بە تایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی ئابوریدا. هەموو ئەمانە و گۆڕانکاری تریش لە چەشنی پاشەکشەی دەسەڵاتی و ڕووخانی یەک لەدوای یەکی ڕژێمەکانی و هەروەها لەژێر فشاری بازاڕ و هەڕەشەکانی ئەمریکادا چۆتەبەرەوە. هەر بۆیە پێودانگی ئەم کارە و بەدەستهاتنی بە ڕینماییکردن و بەهیچ بڕیارێک ناکرێت ، وە دیسان بە ڕۆل و ئۆتۆریتەی کەسێک ناکرێت جا ئەو ئۆتۆریتەیە هەرچەندبێت، بەڵکو مەسەلەیەکی پراتیکی و پێویستە نەک بۆ هزر و ئایدۆلۆژیەت، بەڵکو بۆ پێویستی ژیانی کۆمەڵایەتی ، نەک تەنها بۆ سیاسەت، بەڵکو بەر لەوە بۆ ژیان وگوزەران، وە بە قازانجی ڕاستەوخۆی چینی کرێکار و بە قازانجی باشکردنی ژیانی ڕۆژانەی، و دوای ئەوەش قازانجی لەوەدایە کە بزووتنەوەکەی بەهێزبکات بەرەو شۆڕش. نە ڕێکخراوەکانمان و نە ڕابەرانی ئەو ڕێکخراوانەش کە ئێمەش بەشێکی بووین، هیچ کاریگەریمان لەسەر بزووتنەوەی کرێکاری و چینی کرێکار نەبووە. کاریگەریمان لەسەر ئاستی عێراق لە سفردا بوو، وە لە ئاستی کوردستانیشدا کاریگەریمان زۆر کەم بوو، ئەوەش نەک لە سەر بزووتنەوەی کرێکاریی، بەڵکو لەسەر هەندێک لە پێشڕەوانی ئەم چینە کە تازە سەریان بەرزکردبووەوە، بە بێئەوەی ئەزموونێکی خەباتکارانە و کرێکاریانەیان لە لا کەڵەکە بووبێت.  

بۆ دڵنیابوون و بۆ ئەوەی کە ڕابەڕانی ڕێکخراوەکان بەدەوری خۆیان هەستن،  تەنانەت لە کاتێکدا ئەگەر ڕێکنەکەوتن، ئەوا شتێکی تر لەم پێشنیارەدا هەیە ئەویش ؛”…. بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازیانەی کە ڕێکخراوە عێراقیەکان لەنێو خۆیاندا دیاریدەکەن، خۆشبەختانە، ڕەوتی سێهەم هەیە کە جێگای پەسەندی هەموویانە و پشتگیری لێدەکەن، مەسەلەیەک کە دەتوانین تێیبگەین “. واتە لایەنێکی سێهەم  لەدەرەوەی چوارچێوەکانی خەباتی چینایەتی لە عێراقدا. لانی کەم هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو لایەدا نیە، وە لە ڕاستیدا هیچ خەباتێکی هاوبەش لە نێوان چینی کرێکاری عێراق و ئێراندا نەبووە، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا. لێرەدا باسەکە پشتبەستنە بە مەرجەعێکی جێباوەڕ، پشتبەستن بە لایەنی سێهەم. لایەنی سێهەمیش لێرەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران نیە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵکو کەسایەتی مەنسور حیکمەتە کە بەبێ ئەو تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران نەیدەتوانی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت. بۆیە ئەگەر باسی تەحەزوب و پێکهێنانی حزب کورتبکەینەوە لەو سەردەمەدا دەگەین بە کرۆکی باسەکە، ئەویش بوونی مەرجەع و مەرجەعەکەش مەنسور حیکمەتە. بەڵام ئەگەر ئێمە سەرنج بدەین دەبینین مارکس لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا مەرجەع نەبووە بۆ پێکهێنانی هیچ حزبێک، نە لینین و نە ئەنگلسیش دوای مەرگی مارکس، و تەنانەت حزبێکی تر لە وڵاتێکی تردا نەبووەتە مەرجەع و لایەنی سێهەم کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت لە دامەزراندنی حزبدا!!! ئەمە ئەو کارەساتەیە کە ئێمەی تێکەوتووین لەو کاتەوە تا ئێستا. مەسەلەی پێکهێنانی حزب و تەحەزوبی چینانەیەتی باسێکی تەواو جیاوازە لەم کارەی کە ئێمە کردوومانە، هەر وەک لە سێ تێزەکەماندا هاتووە. کارەساتە لەبەر ئەوەی یەکەم:  ئێمە سیاسەتەکانمان بەپێی بۆچوونەکانی نێو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران  بردە پێشەوە، و لەسەر بەرنامە و پەیڕەوەی ناوخۆ و هەموو ئاڵوگۆڕەکانی دواتری، لەسەر بنەمای سیاسەتی لەبەرگرتنەوە بووە و هیچ پەیوەندیەکی بە بارودۆخی ئێمە و  بارودۆخی خەباتی چینایەتیەوە نەبووە لە عێراقدا -لێرەدا مەبەستمان ئامانجی کۆتایی نیە- وە بە تایبەتی لەو ماوەیەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران لە هیچ بنەما و پاڵپشتێک بەهرەمەند نیە لە نێو خەباتی چینی کرێکار لە ئێراندا. سەرەڕای ئەوەش و بە پێچەوانەی بۆچوونی ” سوود وەرگرتن لە هەلومەرج” هەلومەرج لەبار نەبوو، وە کەشێکی لەبار نەبوو بە هۆی ئەوەی کە پاشەکشەیەکی گەورە بەسەر چینی کرێکار  و کۆمۆنیزمی مارکسدا سەپێندرابوو لە ئاستی جیهاندا -وە هاوڕێ مەنسور حیکمەت ئەمەی بە باشی درککردبوو-. وێڕای هەموو ئەو پێشنیار و نامانە، بە دڵنیایی یەوە و لە دوالێکدانەوەدا ئێمە بەرپرسی یەکەمین لەبەر ئەوەی کە ڕابەر و کادری  ئەو بزووتنەوەیە بووین کە حزبمان دروستکرد.          

 باسەکە لێرەدا باسێکی پراتیکی ڕوونە و باسی تیۆر و  تاوانبارکردن و تەنانەت چاوەڕوانیکردن نیە، بۆ گۆڕینی شتێک بە شتێکی تر بەپێی وخواست و ویستێکی ئەبسلووت، چونکە ناکۆکی هەیە لەگەڵ مێژوو و خەباتی چیانەیەتیدا. ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانێکی تر لە حزبدا تا کاتی وازهێنانمان، وە ژمارەیەکی تری بەرچاو لەدەرەوەی حزبیش، هەموو تەمەنمان لەم پێناوەدا بردەسەر و تەنانەت بە هەموو هێز و توانامان نەک هەر قوربانیمان بە خۆماندا بەڵکو قوربانیمان بە پاروەنانی خێزانەکانیشماندا لە پێناو گۆڕینی ئەم حزبە بە حزبێک کە دەمانەوێت، بەڵام مەیسەر نەبوو. ئەم ڕاستەیەمان لە دە ساڵی ڕابردووەوە نووسیووە و وتوومانە، نووسیمان و هەوڵماندا، بەتایبەتی لە ٦ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی ئاشکرا و لە ناو کۆبوونەکانی مەکتەبی سیاسی و پلینیۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا هەوڵمان بۆداوە، کە دواهەمینیان پلینیۆمی ٣٥ ی کۆمیتەی ناوەندی حزب بوو لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا. لەو پلینیۆمەدا ناشتنی بزووتنەوەی کرێکاریی ڕاگەیەندرا، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا، لەبەرئەوەی لەسەر جادە و لە نێو مەیدانەکاندا نیە (کۆبوونەوەکە تۆمارکراوە، دەتوانرێت تەنها ئەم بڕگەیە کە هیچ شتێکی نهێنی یان ڕێکخراوەیی تیا نیە بڵاوبکرێتەوە تا خوێنەر و بیسەر خۆی بڕیاربدات لەسەر چۆنێتی وەڵام و لێکدانەوەیەک کە پێویستە، سەبارەت بەم باسە -چ حزبێکمان پێویستە- کە سامان کریم پێشکەشی کرد). بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش ئێمە پێمان وانیە باسەکە باسی کەسەکان بێت، بەڵکو مەسەلەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و چینایەتییە، کە وێرای هەوڵەکانمان، لە ڕاستیدا بەسەرماندا سەپێنراوە. هاوکات ئێمەش لەبەرامبەر هەموو ئەو ماوەیەدا بەرپرسین. بەڵام وەکو جەختمان لەسەرکردەوە مەسەلەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. بە مانایەکی تر دەتوانین بلێین کە بورژوازی جیهانی ئەم بارەی بەسەرماندا سەپاندووە. دەورانێکی سەختی پڕ لە ئاڵوگۆڕ و ڕاگوزەری درێژخایەنی بەسەرماندا سەپاندووە بە ئێستاشەوە. دەورانێک کە بورژوازی دژە هێرشی خۆی دەستپێکردووە. هێرش بۆ سەردەستکەوتەکانی چینی کرێکار لە ڕێگای ئاڕاستەی نیولیبرالیزمەوە بە ڕابەرایەتی ڕیگان و تاتشەر لە ڕێگای سیاسەتەکانی سکهەڵگوشین و برسیکردنی چینی کرێکار و بە تایبەتیکردنی کەرتە گشتیەکان بە شێوەیەکی بەردەوام، ئێستاشی لە گەڵدابێت. لێسەندنەوەی یەک لە دوای یەکی دەستەکەوتەکان هەر لە کرێ و تەمەنی خانەنشینی و سەعات کاری گونجاوەوە بگرە هەتا ملنان بەرەو کاری هەرزان. هەموو ئەمانە بە هاوتەریبی، هەوڵی نەبڕاوەی لە گۆڕنانی مارکس و کۆمۆنیزم دەڕواتە پێشەوە، کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە. بۆ ئەوەی بتوانن لەگۆڕی بنێن. ئەم هێرشە فیکری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیان دەستپێکردووە، ئەمە سەرەڕای جەنگ و یاساکان و سیاسەتەکانی بانک و دراوی نێودەوڵەتی…. تەنانەت بەر لە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت….ئەم هێرشە لە هەموو بوارەکاندا بووە هۆی سەپاندنی پاشەکشەی گەورە بەسەر چینی کرێکاردا. ئێمە بە چاوی خۆمان کەموکورتیەکان و ناتواناییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی، و لێسەندنەوەی مافەکانی و ئاڵای مارکس لە بەشی پێشڕەوەی چینی کرێکار دەبینین، وەکو بەرەنجامی سیاسەت و پراتیک و هەڵسوکەوتی ڕۆشنی بورژوازی جیهانی. ئەمە کەموکوڕی سەرەکیمانە و وەڵامی سەرەکی و چینایەتیش بریتیە لە وەستانەوە بەرامبەر ئەم هێزە، نەک هیچ هێزێکی تر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگرتن لەو ئەزموونە دیاریکراوە، کە ئەزموونی ئێمەشە و ڕۆڵی جۆراوجۆرمان تیاگێڕاوە، سوودی خۆی هەیە بە تایبەتی بۆ نەوەی ئێمە، بۆ ئەوەی لانی کەم ئەو ئەزموونە سەرنەکەوتووانەیە نەگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو، و بۆ ئەو مارکسیستانەی کە دەیانەوێت شتێکی تازە بنیاتبنێن یان حزبێکی تازە کە لەسەر پێگەی چینایەتی ڕۆشن دامەزرابێت.

ئێمە وەکو حزب لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بەهرەمەندنین. کاتێک بناغە نەبوو، سەرخانەکەی – بەرنامە و سیاسەت و بڕیارەکانی بە ڕابەرایەتی و ڕێکخستنەکانیشیەوە- لەگەڵ ئاڕاستەی بادا جووڵەدەکات، یان با لەکوێوەبێت لەوێوە شەن دەکات و بەپێی ئاڕاستەی بزووتنەوەکانی تر جووڵەدەکات لە کۆمەڵگادا، کە ئاڕاستەی بورژوازیە. ڕاکردن بە دوای ڕووداوەکاندا جار لە دوای جار بۆتە نەریت، نەریتێکی ڕیشەداکوتراوی لای ئێمە و ڕێکخستنەکانیشمان. نەبوونی ئەم بناغە چینایەتیە وایکردووە سێ سەرەکیترین کاری کۆمۆنیستی کە بریتییە لە “هاندان و پڕوپاگەندە و ڕێکخستن” لەبیربکرێت و جێگای بە ئاکسیۆنەکان و ئیمزاکۆکردنەوە و مێزکتاب و کاری ئاکسیۆنی سەرجادەیی بگیرێتەوە. بە تایبەتی ئاکسیۆن لەسەر ژنان و مافەکانیان، لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی و بانگخوازیەکانیدا، لەسەر ئەو ڕووداوانەی کە لە عێراق و کوردستانی عێراق و سوریا و تورکیا ڕوودەدات، لە بەرامبەر ئەو هێرشە سەربازیانەی کە دەکرێنە سەر هێزە ناسیونالیستیە کوردیەکان یان شارێک، لە بەرامبەر بەرگریکردن لە هەندێک ماف و مەحکومکردنی بەردەوام….هەموو ئەم کارانە، بە جیا لەوەی کە هەندێکیان پێویستن، کار و پراتیکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە عێراق و کوردستانیش. بە تایبەتی لە کوردستاندا مەدەنیەت و عیلمانیەت کاریان کۆتاهاتووە و تا ڕادەیەکی زۆر بورژوازی کوردی ئەمەی بۆخۆی بردووە و لە ڕێگای کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، ئەم جۆرە چالاکیانەی لە قاڵبداوە. باسی سەرەکی لێرەدا ئەو کارانە نیە کە  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێیهەڵدەستێت، بەڵکو فەرامۆشکردنی کارە بنەڕەتیەکە و ناوەڕۆک و گرنگی سێ ئەرکە کۆمۆنیستیەکەیە. فەرامۆشکردنێک کە نە فەرامۆشکردنێکی خۆویستی و ئارەزوومەندانە بووە و نە بەهۆی هەڵەی هاوڕێیەک یان لیژنەیەکەوە بووە. فەرامۆشکردنەکە لێرەدا یەکسانە بە نەریتی ناکرێکاری و نامارکسیستی. فەرامۆشکردنی کار و ئەرکەکان لە بەرامبەر چینی کرێکار و پراکتیک و خەباتیدا تەنها کارێكی ڕێکەوت نیە، بەڵکو لە رێگای نەریتی خەباتکارانەی چەپێکی ناکرێکارییەوە هاتووە کە “دژە ڕژێمە” نەک دژی “نیزامی سەرمایەداری”، وە ئەمە کرۆکی مەسەلەکەیە. لەبەرئەوەی ئەو مارکسیستانەی کە دژی نیزامی سەرمایەداری خەبات دەکەن، ناتوانن پشت نەبەستن بە چینی کرێکار. ئەوە گرنگ نیە کە چینەکەمان لە عێراقدا کەم جوڵەیە و بەهێزنیە و نایەتە سەرجادە و مانگرتنی گەورە بەڕێناخات “ئەگەرچی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە قەوارە و شێوازی جیاواز مانیگرتووە” و پشتگیری ڕاپەڕینی ئەم دواییەش ناکات وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی چونکە پەی بەوەدەبات کە ئەمە بزووتنەوەی ئەو نیە. هەموو ئەم کێشانە دیار و ئاشکران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت سەرقاڵی سەرەکیمان ببێت بەوەی لە هۆکارەکانی تێبگەین. بۆچی چینی کرێکار لە توانایی سیاسی بەهرەمەند نیە؟! ئەمە کێشەکەمان بوو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەشێوەیەکی عەلەنیش نوسراوە. ئەم بۆچوونە، کەم تا زۆر ڕەنگدانەوەی هەبووە لە هەموو مەسەلەکاندا و لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، و لە ڕێکخستن و دروستکردنی ڕێکخراوەی جەماوەری، و لەستراتیژیەت و بڕیار و بڕیارنامەکانی حزب لەسەر مەسەلە تاکتیکیەکان، و لەسەر ڕاپەڕینی ئەم دواییە و دەتواننین بڵێین لەسەر هەموو مەسەلەکان. کێشەکە کۆمۆنیزمی مارکس و چینی کرێکارە. تەنها و تەنها ئەمە مەسەلەکەیە لەم قۆناغە دیاریکراوەی مێژوودا نەک تەنها بۆ ئێمە لە عێراق، بەڵکو لە هەموو وڵاتەکاندا. ناتوانین بەسەر ئەم کارەدا بازبدەین. ئەوەی بیەوێت بەسەر ئەم کارەدا بازبدات ناتوانێت مارکسیستێکی ڕێکخراوبێت و ناتوانێت تێکۆشەرێکی حزبی بێت لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا. کۆمۆنیزمی مارکس ناتوانێت بەبێ جووڵانەوە و هێزی چینی کرێکار و خەباتەکەی هەنگاوێک پاشوپێشبکات. ئەوەی لەگەڵ کۆمۆنیزمی مارکس بێت دەبێت دان بەوەدا بنێت کە کۆمۆنیزمەکەی وابەستەیە بە ڕادەی ئامادەبوونی لەنێو جەرگەی کێشمەکێش و خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکاردا، بە بێ ئەمە نە حزبی مارکسیمان هەیە و نە کرێکاری. ئەمە ئەلف و بێی کۆمۆنیزمی مارکسە.

حزب لە بناغەی چینایەتی ڕاستەقینەی خۆی بەهرەمەندنیە و ئەمە شتێکە کە هەمووان دانیان پیاداناوە.  پرسیارەکە ئەوەیە، لەنەبوونی ئەم بناغەیەدا چۆن بڕیارمان لەسەر سیاسەت و بڕیارنامە و بڕیارەکان داوە؟! لە کاتێکدا ئێمە لە واقیعدا بەرپرس نەبووین لە باری چینێک یان تەنانەت بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، و لە کاتێکدا لە خوارەوە هیچ فشارێک نەبێت لە لایەن پایەیەکی کرێکارییەوە “جا چ زۆر بچووک یان گەوەرە” بۆ گرتنەبەری سیاسەتێک، ئەو کات پەنادەبەیتە بەر بۆچوون و لێکدانەوەی تاکەکەسی و کۆکردنەوەی ئەم بۆچوون و لێکدانەوانە لە ئۆرگانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتە ناوەندیدا و دواتر پیادەکردنی زۆرینە و کەمینە کە لە حزبی پێشووی ئێمەدا مانایەکی ڕاستەقینەی نەبوو. بەرپرسیاریەتی مەسەلەیەکی ئیرادەگەری یان زیهنی نیە.  بەرپرسیاریەتی بە پێی مانا بابەتیەکەی لە بناغەیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بەهرەمەندە و لە چوارچێوەی کارلێککردنی لەگەڵ ئەو بناغەیەدا، دەتوانرێت بەرپرسیاریەتی ساخبێتەوە و بپشکنرێت. بەبێ ئەمە بەرپرسیاریەتیەکی بابەتیانە یان پەیوەندیدار بە بابەتێکی واقیعی یەوە بوونی نیە. چۆن حزب ، یان لیژنەیەک یان مەکتەبی سیاسی، دەتوانێت ڕاوستودروستی کارێک یان بەرپرسیاریەتی لیژنە و هاوڕێکانی بە واقعی بۆ دەرکەوێت، لە کاتێکدا حزب لە بناغەیەکی چینایەتی ڕۆشن بەهرەمەند نیە؟!  کوا جێگاوڕێگای ڕاستەقینەی دڵنیابوون لە ڕاستودروستی بەرپرسایەتیەکە؟! دەبینین کە نیە. هەربۆیە هەموو بڕیارە سیاسیەکانمان بە بێ جیاوازی وەک مرەکەبی سەرکاغەز مانەوە کە ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. بەڵام دەربارەی لایەنەکەی تری مەسەلەکە با تەنها نموونەیەک بێنینەوە. کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر شاری موسڵ لە دوای داگیرکردنی لە لایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا  سیاسەتی حزب “بە مانای پراتیکی و واقیعی” بریتی بوو لە ئیدانە نەکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر شارەکە. هۆیەکەشی بوونی داعشە وەک هێزێک لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا، بەو مانایەی کە ڕزگارکردنی شارەکە ئەگەر لەسەر دەستی ئەمریکاشدا بێت زەرەری نیە، تا ئەو کاتەی هێزێکی سیاسی ئیسلامی لە ئارادایە، و تا ئەوکاتەی کە ئەنجامەکە پاککردنەوەی شارەکەیە لەو هێزە کۆنەپەرست و تیرۆریستە. با بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەمریکا وەکو هێزێکی سەرمایەداری جیهانی کە تیرۆریزمی دەوڵەتی پیادە دەکات لە تەواوی جیهاندا، و ڕادەی کاریگەریەکانی لەسەر تەواوی ڕووداوە جیهانیەکان، لەگەڵ دەسەڵاتی هێزێکی ئیسلامی لەسەر شارێکی وەک موسڵ، دیر الزور یان فەللوجە هەتا تەنانەت وڵاتێکی وەکو ئەفغانستانیش. بەپێی لێکدانەوەی کرێکارێکی کۆمۆنیست دەبێت لێکدانەوەکە چۆن بێت؟!. بۆچوونێک کە دەبێت لەو قۆناغە دیاریکراوەدا بیری لێبکاتەوە. قۆناغێک بە ئێستاشەوە چینی کرێکار ئامادەنیە و هیچ هێزێکی تری بەرەنگاری بوونی نیە کە ئامادەبێت بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە تیرۆریستەکان. لەم بارە ناهەموارەدا کرێکاری کۆمۆنیست بەم شێوەیە بیردەکاتەوە. یەکەم: ئینتەرناسیونالستانە،بە مانای ئەوەی کە بەرژوەندیە ئەنتەرناسیونالیستیەکانی چینی کرێکار، پێش لە بەرژەوەندیە ناوخۆییەکانی لە وڵاتەکەیدا دێت. دووەم: کاریگەریە درێژماوەکانی، با کاریگەریە هەنووکەییەکانیشی لەولاوە بوەستێت. لە داهاتوودا لە نێوان مانەوەی ئەم هێزە یان هێزە کۆنەپەرستەکان لەو شارەدا یان لە وڵاتێکی وەکو ئەفغانستاندا و لە نێوان هێرش و داگیرکاری ئەمریکا و دەرئەنجامە زیانبارەکانی لەسەر ئاستی جیهانیدا. چارەنووسی بوونی ئەم هێزەمان لە ئەفغانستان بینی و هاوکات چارەنووسی ئیسلامی سیاسیشمان بینی، لەوێ و لە هەموو جیهاندا دوای ئەم هێرشە. ئەم هێزە “تالیبان” دوای ١٨ ساڵ لە داگیرکردنی ئەفغانستان توانیی ئەمریکا ناچار بە دانوستان بکات لە گەڵ خۆیدا. بە مانایەکی تر ئەو هێزە ئیسلامیەی کە ئەو کات ئەمریکا لێیدا، ئەمڕۆ تەنها هێزی ڕێکخراوە کە دەتوانێت بەسەربارودۆخەکەدا زاڵبێت و ڕووی ڕەشی ئەمریکا و فەشەلەکەی سپی بکاتەوە،  هەتا بتوانێت لە ئەفغانستان بچێتە دەرەوە و بڵێت لەوێ ئاشتی و دەوڵەت هەیە. ئەمە هەڵەوەڕی و چەواشەکاریە. ئەمە بۆ موسڵیش ڕاستە، کە وەک شارێکیش بەپێوە نەما، ئیتر با باسی  مەدەنیەت و ئازادکردنی لەو لاوە بوەستێت!!. ئەمە سیاسەتێکی تەوا هەڵەیە و ئەمڕۆ ئاکامەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینین. سیاسەتێک کە مەسەلەی چینی کرێکار نیە و بۆچونی ئەو نیە و هەروەها پەیوەندی بە مارکسیەتەوە نیە، بگرە بۆچوونێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی سیاسی، ئەویش نەک وەک هێزێکی چینایەتی، بەڵکو وەک سیستەمێکی دەسەڵاتداریەتی لە موسڵ و ئەفغانستان یان ئێران. لەو بۆچوونەدا گرنگ ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی بڕوخێت، بەڵام ئاکامەکانی بردنەپێشەوەی ئەم سیاسەتە چی دەبێت؟! کێشە و مەسەلەی ئەم جۆرە نەریتە نیە، تەنانەت ئەگەر هۆکاری ئەم ڕووخاندنەش ئەمریکا بێت. لێرەدا زۆر بە ڕۆشنی دەبینین، کە ئامانج پاساو بۆ ئامراز دەهێنێتەوە.

بەڵام ئەم بۆچوونە لەسەر دروستکردنی حزب و گۆڕینی حزب بە حزبێکی کرێکاریی، ووردە ووردە لای ئێمە ڕەونەقی خۆی لەدەستدا. دەتوانین بە دیاریکراوی ساڵی ٢٠١٠ وەکو سەرەتایەک بۆ سەرقاڵیەکی تر دیاریبکەین، سەرەتایەک بۆ جۆرێک لەبیرکردنەوە لە حزبدا. نووسینەکانی سامان کریم لەسەر “ڕێکخستن لە ئابی ٢٠١١ و لەسەر تەحەزوب لە شوباتی ٢٠١٢ … و چاوپێکەوتنێک لەو کتیبەدا کە هاوڕێ سالار ڕەشید ئامادەی کردووە لەژێرناونیشانی “مێژوویەک لە یادەوەریدا/ دیدار سەبارەت بە مێژووی چەپ و کۆمۆنیزمی  نوێ لە کوردستاندا/ چاوپێکەوتنی سامان کریم/ چاوپێکەوتنەکە لە ئەیلولی ٢٠١٠ دا ئەنجامدراوە و کتێبەکە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوبۆتەوە/ ل. ٢٨٣”. نووسین و چاوپێکەوتنی تر زۆرن کە ئەم جۆرە بیرکردنەوە و سەرقاڵیەیان بە ڕۆشنی تیایە، بەڵام لێرەدا ئەوەندە بەسە. کێشەی سەرەکی ئێمە بوونی جیاوازی سیاسی نیە، چونکە ئێمە زۆر واوەتر لەمە سەیری جیاوازی دەکەین و پێمان وایە کە جیاوازی سیاسی شتێکی زۆر سروشتی و ئاساییە لە حزبێکی چینایەتی کرێکاریدا. بەپێی بۆچوونی ئێمە جیاوازیەکانی نێو حزبە چینایەتیەکان “تەنانەت بورژوازیەکانیش” بەشێکی سروشتییە لە ڕەنگدانەوەی واقیعی کێشمەکێشی چینایەتی، و ئەمە بە بڕوای ئێمە پێویستی بە هیچ جۆرێک لە بڕیار و پەیڕەوی ناوخۆ و تەنانەت پرسیارکردنیش نیە سەبارەت بەم بابەتە. ئەمە لای ئێمە مەسەلەیەکی بڕاوەیە. مەسەلەکە باوەڕبوون و دیدگایەکی چینایەتیە بۆ دروستکردنی حزب، و ناکام مانەوەی گۆڕانی حزبە بە حزبێکی کرێکاریی، وە ئەمە باوەڕێکە ئێمە چەندین جار ڕامانگەیاندووە تەنانەت بە شێوەیەکی عەلەنیش. سەرەنجام نەمانتوانی ئەم ئامانجە بەدەستبهێنین و دوای هەوڵدانی بەردەوام و زۆر  گەیشتینە ئەو باوەڕەی  کە ئەم حیزبە هەرگیز ناتوانێت بگۆڕدرێت بە حزبێکی کرێکاریی بەپێی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمان کرد و لەخوارەوەش درێژەی پێدەدەین. بۆیە بە بڕوای خۆمان، وازهێنانمان لە حزب، دوا هەوڵمانە  بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و ئاواتەکانی چینی کرێکار.   

ئێمە مەسەلە پراتیکیەکان بە شادەماری ژیانی حزب دەزانین، لەبەر ئەوەی کە مۆتیڤ  و  قیبلەنمای ئاڵوگۆڕە. بەڵام بۆ حزبێکی مارکسی و کۆمۆنیستی، مەبەست لە شێوازێکی تایبەت لەکارە “پراتیک”، کاری چینایەتی کرێکارە. بە مانایەک هەموو کار و ئەرکەکان و شێواز و چۆنێتی کارکردن و نەریتە خەباتکارانەکان، شیوازو نەریتی نێو بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتەکەی بێت. بناغەی کاری کۆمۆنیستی “مادیەتی پراکتیکی” بریتیە لە خەباتی چینی کرێکار نەک بزووتنەوەی تر. ئالێرەوەیە پێویستە وردبینەوە لە کاری ڕابەرانی کرێکاری، یان ئەڵقەیەکی کرێکاری کۆمۆنیستی کە سەرقاڵە بە ڕابەرایەتیکردنەوە، وە یان ڕابەرانی پێشڕەو لە شورایەک یان سەندیکایەک، بۆ ئەوەی بزانین کە چۆن لەسەر مانگرتنێک یان کارێک ڕێک دەکەون! لێرەدا هیچ ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕ و بۆچوونێکی جیاواز لەبەرچاو ناگیرێت و تەنها لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە چۆن مانگرتنێک، خۆپیشاندانێک یان نارەزایەتیەکی کرێکاری ببەن بەڕێوە؟. ئەوان لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە چۆن و کەی و لە چ کاتێکدا دەست بەم خەباتەیان بکەن؟ ئەوان لەسەر داخوازیەکانی کرێکاران ڕێک دەکەون و بڕیار لەسەرئەوە دەدەن کە  نوێنەر و قسەکەر و هاوئاهەنگکەری خۆپیشاندانەکەیان “سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکەیان” کێ بن؟ واتە ئەوان لەسەر کاری پراتیکی ڕێکدەکەون لە پێناو شتێکی بەرجەستە و پراتیکیدا. بۆ نموونە لە پێناو زیادکردنی کرێدا، یان کەمکردنەوەی سەعاتکار، یان ….هتد. ئەمە بنەمای چینایەتی نەریتی خەباتکارانەی ئەحزابی کۆمۆنیستی سەر بە کۆمۆنیزمی  مارکسە.

ئەم نەریتە بناغەی دروستکردنی ئەحزابی کۆمۆنیستی مارکسیستی و کارکردنە بۆ گەشەپێدان و باشکردنی بارودۆخی خەباتکارانەی چینی کرێکار و بەدوایدا حزبەکەشی. ئەم نەریتە وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر، ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی هەیە. بە واتای ئەوەی کە کاتی پێش مانگرتن و کاتی ڕوودانەکەیی و کاتی دوای خۆپیشاندانەکەشمان هەیە کە داهاتووە. واتە لە پێش خۆپیشانداندا ئێمە پڕوپاگەندە و  هاندان و ڕێکخستنمان هەیە. هاندان دژ بە بەڕیوەبەرایەتی کۆمپانیا یان سەرۆکی دەزگا یان کارگە بۆ بەرزکردنەوەی وورە و ئامادەیی و سوربوون لەسەر جێبەجێکردنی کارەکە. هاوکات ئێمە پڕوپاگەندەمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی زۆرینەی کرێکاران بەلای مانگرتندا ڕابکێشین و ڕازیان بکەین بە هەوڵەکانی مانگرتن و بەسەرکەوتن گەیاندنی. لە هەمانکاتدا ڕێکخستیشمان هەیە، واتە چۆن خۆپیشاندانەکە ڕێکدەخەیەن؟ بە مانای ئەوەی، کرێکاران چۆن ڕێکدەخەین بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا ئامادەییان هەبێت لە خۆپیشاندانەکەدا؟ چۆن دەتوانین وا لە کرێکاران بکەین باوەڕبێنن بەوەی کە خۆڕێکخستنیان بە قازانجی خۆیانە و دەبێتە هۆی یەکگرتووبوون و بەهێزبوونیان، بەشێوەیەک کە بتوانن داواکاریەکانیان بەسەر بورژوازیدا بسەپێنن. دواتریش چۆنێتی بەڕێوەبردن و بردنە پێشەوەی خۆپیشاندان دێتە ئاراوە کە بەشێكە لە ڕێکخستن و لەهەندێک تایبەتمەندی خۆی بەهرەمەندە وەکو ئەوەی کە ئایا ئێمە خۆپیشاندانەکەمان لە مەیدانی کارگەدا ڕێکدەخەیەن یان لە دەرەوەی کارگە و لە بەردەم دەرگای سەرەکیدا، وە تا دوایی. ئەمە سێکوچکە و ناوەڕۆکی کاری کۆمۆنیستی و تەحەزوبی کۆمۆنیستییە “هاندان، پڕوپاگەندە، ڕێکخستن”. بە دڵناییەوە دەتوانین بڵێین کە ئێمە لە هەموو تەمەنی حزبدا ڕاپۆرتێکمان نیە کە لەسەر ئەم بناغەیە نوسرابێت، چجا بگات بە کارکردن پێی.

بێگومان ئێمە بڕیار و بڕیارنامەی باشمان هەبوو سەبارەت بە بزووتنەوەی کرێکاری و بارودۆخی سیاسی و زۆر مەسەلەی تر، بەڵام هەتا ئێستا یەک خاڵ یان بەندێک لەوانە جێبەجێنەکران، بۆ؟! وەڵامەکانمان بۆ ئەمە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی چەپی ناکرێکاریی و حزبدا بریتی بوو، لەوەی کە ئێمە پەراوێزکەوتووین(حاشیەیین)، واتە ناکۆمەڵایەتین!!. بەڵام ئەمە چۆن چارەسەردەکەین؟ هەموو جارێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە چەپی بەراوێزەکەوتوو و ناکۆمەڵایەتی و لەم بارەوە ڕاپۆرتی زۆر نووسراون بۆ کۆنگرەکانمان و بە چەپڵەڕیزان پێشوازییان لێکراوە، لەوانە ڕاپۆرتەکانی “سامان کریم” یش. بەڵام ئەم وەڵامە جگە لە خولانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا هیچی تر نەبوو. وە لە ڕاستیدا ڕەخنەگرتنەکانمان وەکو پەپکەی ئامێری تەلەفۆنە کۆنەکانی لێهاتبوو، کە هەر لەگەڵ بەردانی پەنجەدا دەگەڕێتەوە سەر ژمارە سفر. ئەمە بارودۆخی ئێمە بووە لە هەموو ژیانی حزبدا. بۆچی نەمانتوانی تەنانەت یەک بڕگەش لەو بڕیارانەی دەیدەین جێبەجێبکەین؟! لەکاتێکدا کە پێشوەخت هوشیار بووین بەوەی کە کۆمۆنیزم لاوازە و بزووتنەوەی کرێکاریش “لە سەرجادە نیە و لە مەیداندا نیە”. نەمانتوانی جێبەجێی بکەین لەبەر ئەوەی لەناو ڕیزەکانی چینی  کرێکار و خەباتیدا، ئامادەیی و بوونمان نیە. ئامادەیی بە مانای ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و نەریت و بە مانای نەریتی حزبی ڕیشەدار. لەوانەیە ئێمە کرێکارمان لەگەڵ بووبێت لە حزبدا، بەڵام ئەو کرێکارانەی کە لەگەڵ ئێمەن ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشدەکەن و گوێدەگرن و دەگەڕێنەوە شوێنی کارەکانی خۆیان وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. ئامادەیی ڕاستەقینە یانی وەڵامدانەوەی ڕۆژانە بە گرێوگۆڵ و بەربەستەکانی بەردەم ئەم چینە و خەباتەکەی وهەموو ئەو شتانەی کە بەربەستن لە ڕێگای بەدەستهێنانی دواکاری و ئامانجەکانیدا. بە مانای وەڵامدانەوە بە ئاستەنگیەکانی بەردەم ڕێکخراوبوون، یانی وەڵامدانەوە بەوەی کە بۆچی کرێکاران پێشوازی لە کۆمۆنیزم ناکەن؟ بۆ بەرەو ڕووی ناڕۆن؟ بۆ کۆمۆنیزمیان خۆشناوێت و بە حزبی چینایەتی خۆیانەوە پەیوەست نابن “ئەگەر لە ڕاستیدا حزب کرێکارییە”؟ ئەم بابەتانە و وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە کرۆکی هەر حزبێکی مارکسییە و بەبێ ئەمە ناتوانێت جووڵە بکات لەبەرئەوەی ئەمە بنەما و داینامۆی جووڵەیەتی. هیچ کاتێک بەم گرنگییە  و بەم بەرپرسیاریەتی و بەم سووربوون و بەم پۆتانسێۆلەوە،  لە حزبدا باسی لەسەرنەکرا و گرنگی پێنەدرا. ئەمە کێشەکەیە. وە کاتێک ئەم باسە بەم ئاسۆیەوە دەکەیتەوە لە نێو حزبە کۆنەکەی ئێمەدا، وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار “لەسەر جادە و لە مەیداندا نیە!!” یان “لاوازە” وە ئایا دەبێت ئێمە چاوەڕێبکەین؟ وەڵامەکە ئەوەبوو “بە دڵنیایەوە ئێمە نابێت چاوەڕێبین!!”. بەدەستهێنانی هەنگاوی پراتیکی بۆ بەهێزکردنی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاریی، ئامادەیی ڕاستەقینە و ڕۆژانە دەخوازێت لەنێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا. و بە بێ بوونی ئەم ئامادەییە، بەدەست نایەت، و نە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، هەرەوک ئەوەی بینیمان. ئەگەر “هاندان و پڕوپاگەندە و ڕێکخستن”، کارێکی ڕۆتینی و ڕۆژانەت نەبوو ئەمە بەدەست نایەت. ئەم جۆرە لە کارکردن لە حزبدا ببووە جێگای گاڵتەجاڕی چونکە حزب کاری پاڵەوانی دەوێت!!! پاڵەوانبازی لەسەر بنەمای چ هێزێک؟ هێزێک لە ئارادا نیە و تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنجە و نموونەی لەم جۆرە کارانەش زۆرن کە باسکردنیان لێرەدا پێویست نیە. حزب و ڕابەرایەتیەکی پێویست بوونی ئەم جۆرە لە کاری ڕۆتین درک ناکەن، کە کرۆکی شۆڕشی کرێکارییە. لێرەدا ئێمە مەبەستمان لە تیۆری نیە، بەڵکو بەشێوەیەکی کرداری و ڕۆژانە. بەبێ ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆتینی و ڕۆژانەیە و کەڵەکەبوونی بەشێوەیەکی شینەیی و پێبەپێی بارودۆخە سیاسیە جیاوازەکان، تۆ ناتوانیت هیچ تاکتیکێک بەرزبکەیتەوە. سەبارەت بەم باسە و پەیوەندی نێوان کاری ڕۆتینی و تاکتیک، مەنسور حیکمەت باسی دروستی هەیە بەر لە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران واتە بەر لە ساڵی ١٩٨٣.

بەڵام سەبارەت بە ڕێکخستن، ئێمە ڕیکخستنمان نیە و ناشتوانیت بەم شێوازە ڕیکخستن بکەیت. کێشەکە لێرەدا نەبوونی کادری خاوەن ئەزموون نیە لە بواری ڕێکخستندا، کە بە دڵنیاییەوە ئێمە نیمانە، و ئەمەش مەسەلەیەکی ئاسایی بووە لە حزبی ئێمەدا، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە لە کوێ و چۆن ڕیکخستن دەکەیت؟ لە نێو ڕیزەکانی چ چینێکدا؟ وە ڕێکخستن بۆ؟. پێگەو بناغە چیانیەتیەکە بوونی نیە. هەر بۆیە ئامادەییمان نیە لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەکەیدا و هەوڵیکی بەرچاو و پڕبایەخمان نیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارە. بەم پێیە ڕێکخستن دەبێتە  ناڕیکخراوبوون. باسەکە لێرەدا پەیوەستبوونی ئەندامانی تازە نیە چونکە لەوانەیە هەزاران ئەندامی تازەت هەبێت، بەڵام پرسیارەکە هەر هەمان شتە؟! بۆچی ڕێکیاندەخەیت؟! وە چۆن؟! ئەگەر بیرنەکەیتەوە لە ڕێکخراوکردنی ئەو چینەی کە ڕابەرایەتی شۆڕشی کرێکاری دەکات و بەرنامەکەت پیادەدەکات، ئەوکات فەلسەفەی بوونی حزب چیە؟! فەلسەفە و گرنگی حزب بریتیە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی چینی کرێکار، ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەت. ئەمەش بەر لەهەرشتێک پێویستی بە ڕێکخستنی چینی کرێکارە. هەر ئەمەشە پێویستی ئامادەیی و بوون لە نیو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا دەخوازێت. ئەگەر ئەمە نەبوو، ئیتر ئەوە نە کۆمۆنیزمی مارکسە و نە ئاڵای مانیفێستە کۆمۆنیستیەکەیەتی. ئا لێرەدا و بە پیێ ئەم نەریتە ناکرێکاریە حزب دەبێت بە دامەزراوەیەک لە پێناو کۆمەڵگادا و لە پێناو هەموو شتێکدا و هەموو جووڵانەوەیەکی مەدەنی و پێشکەوتنخوازی و سکۆلار و مافەکانی ژنان و مافی توێژەکانی تری کۆمەڵگا، بەڵام لە ڕاستیدا دوور لە چینی کرێکار. ئەمە چوارچێوەی کاری ئێمە بووە و سەرەنجام نا ڕێکخراوبوون جێگای نۆرماڵی خۆی دەکاتەوە لە حزبدا. بەهۆی پیادەکردنی ئەم نەریتەوە لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ئێمە خاوەنی یەک شانە نین لە حزبدا کە لەسەر بنەمای شوێنی کار و ژیان پێکهاتبێت، با جارێ لێرەدا واز لە کرێکاریی بوون و ناکرێکاریی بوونەکەی بهێنین. ئەمە بارودۆخی ڕێکخستنەکانمانە. لێرەشدا هەمدیسان کێشەکە ئەوەندەی بابەتییە و لەدەرەوەی چوارچێوەی هزر و شیکردنەوەیە، ئەوەندە پەیوەندی نیە بە کەسەکانەوە. ئەمە کێشەیەکی بابەتیانەیە و لە چوارچێوەی ئەم نەریتەدا ناتوانرێت وەڵامێکی پراتیکی بەدەستبهێنرێت.

ئێمە لە جەرگەی خەباتی کرێکارییدا ئامادەییمان نیە. وردبوونەوە لەم مەسەلەیە و پێداچوونەوەی ووردی ئەزموونەکەمان نیە و بەتیژبینیەوە ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆمان نادەینەوە، هەروەها ڕێکخستنی شوێنی کار و ژیان و ڕێکخستنە کرێکاریەکانمان نیە. کەواتە چۆن ژیانی نەخۆشێک، واتە حزب، درێژکەیتەوە کە لە یەکەی چاودێری و پشکنیندا کەوتووە، و دەتەوێت چارەسەریبکەیت؟!. لەو کاتەدا هیچ جۆرە چارەسەرێکت پێ نیە، جگە لە ڕاگرتن و هێشتنەوەی ئەندامان و کادران نەبێت، لەژێر کاریگەریی کاری ئاکسیۆنیدا و لە ڕاستیدا  جگە لەو کارە، هیچ شتێکی تر نیە، بۆ ڕاگرتنی ئەم قەوارەیە، واتە حزب. ئەنجامدانی ئاکسیۆن بۆ هەموو شتێک و لەپێناو هەموو شتێکدا بەبێ تێڕامان. ئاکسیۆن لە دوای ئاکسیۆن و تەنانەت بۆنەی چینایەتی وەکو یەکی ئایارمان گۆڕیوە بە بۆنەیەکی ئاکسیۆنی و ڕێکخراوەیی کە هیچ پەیوەندیەکی بە کرێکار و خەباتەکەیانەوە نیە. بەیان دەنووسین و ڕێنمایی دەردەکەین و بە لافیتەی سوورەوە دەچینە سەر شەقام بە ژمارەیەک لە ئەندامان و دۆستانمانەوە. ئەم نەریتە بووەتە نەریتێکی چەسپاو. بەجۆریک چەسپاوە کە لە زۆربەی کاتدا پێویستی بە ڕێنمایی حزبی نیە، بەتایبەتی بۆ هاوڕییانی ئێمە لە بەشە کوردستانیەکەی حزبدا. گێڕانی بۆنە و ئاهەنگ بە بێ ئەوەی کرێکار ئامادەیی هەبێت تیایدا. کۆکردنەوەی پێنج هاوڕی لەژێر بەیداخێکدا و چوونە بەردەم باڵوێزخانەی فڵان وڵات و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەریدا. بەشداریکردنی سێ هاوڕێی دیکەمان لە ئاکسیۆنی لایەنێکی تردا و لەژێر وێنەکانی عبداللە ئۆجەلاندا. گرنگترین شت لە نەریتی ئاکسیۆنیدا ئامادەبوونە، بەڵام ئامادەبوون بۆ؟ وە ئەم ئامادەبوونە چ ئەنجامێکی دەبێت؟ هیچ گرنگ نیە. ئێمە ئەمەمان لە ژیانی ٣٠ ساڵی رابردووی حزبدا سەدان وە بگرە هەزاران جار دووپاتکردۆتەوە، بێ ئەوەی لە خۆمان بپرسین بۆ؟. لەگەڵ ئاکسیۆندا، ئاکسیۆنی بچووککراوەشمان هەیە کە ئەویش مێزکتێبە کە ڕۆژێکی تایبەتمان بۆ تەرخانکردووە لە هەفتەدا بە بێ ئەوەی لێیبکۆڵینەوە. ئایا ئەمکارە سوودی بۆ ئێمە هەیە وەیان کێ لێی سوودمەند دەبێت؟!وە ئایا بڵاوکراوە و نامیلکەکانمان دەگاتە دەست ئەو کەسانەی پێویستە بگاتە دەستیان؟ ئایا لە ڕاستیدا خەڵک دەیانخوێنێتەوە؟! ئەمانە هیچی نەگرفتمان بووە و نە بیرمان لێکردۆتەوە. گرنگ ئەوەیە جۆرێک لە ئاکسیۆن بکەین و هاوڕێکانمان سەرگەرمبن پێوەی. ئەمە هەموو “کاری” ئێمەیە و کاتێک لێدراین لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وتمان لەوانەیە لەم ئەزموونە سوودوەربگرین، بەڵام ئەوەی ڕوویدا خراپتر لە پێشوو بوو. ئەمە گوناحی کۆمۆنیزمی مارکس نیە، گوناحی کۆمۆنیزمی چینی کرێکار نیە، بەڵکو تاوانی کۆمۆنیزمێکی ناکرێکارییە کە ڕاست و چەپی خۆی لەیەکتر جیاناکاتەوە وهەمیشە لە دڵەڕاوکێی بەردەوام دایە لەبەرئەوەی نە بورژوازی وەریدەگرێت لەبەرئەوەی “کۆمۆنیستییە”!!!” و نە کرێکاریش وەریدەگرێت لەبەرئەوەی “ناکرێکاریی یە”. ئەمە بەڵا و نەخۆشی حزبی ئێمەیە.

تێزەکانی چوارەم و پێنجەم و حەوتەم

دەربارەی تێزەکانی ٤ و ٥ و ٧: ئەم سێ تێزەش پێکەوە لێکدەدەینەوە و وەڵام بەو پرسیارانە دەدەیەنەوە کە لەسەر ئەم سێ تێزە هاتووە، ئەم سێ تێزە یەکەیەکی لێکهەڵپێکراون و ئێمە تەنها بۆ ڕوونکردنەوە جیامانکردوونەتەوە. ئەم سێ تێزە بنەمای جووڵانەوە و ئاڕاستەکەمانە و هاوکات لە سەرجەم ڕەوتە چەپەکانی تریش جیاماندەکاتەوە لە نێویشیاندا کۆمۆنیزمی کرێکاریی. بەلای ئێمەوە مەسەلەی سەرەکی لەم قۆناغەماندا بریتیە لەوەی کە سەرجەم ڕەوتە چەپەکان و کۆمۆنیزمی بورژوازی فەرمی هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە؛ یەکەم: ڕەوتی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەنێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا ئاڵای مارکس بەرزدەکاتەوە. بۆ نموونە کۆمۆنیزمی کرێکاریی لەسەردەستی هاوڕێ مەنسور حیکمەتدا هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە تا ئێستا لێبڕاوانە جەخت لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکاتەوە کە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی ناو دەروونی چینی کرێکار ئاڵای مارکسی هەڵگرتووە، لێرەدا یانی کۆمۆنیزم یەکسانە بە بەشی پێشڕەوەی چینی کرێکار. ئەمە بۆچوونی هاوبەشی هەموو ڕەوتە چەپە ناسراوەکانە لە سەر ئاستی جیهان و ناوخۆیشدا لە ناوچەی ئێمەدا. دووەم: ئەوەندی بە کۆمۆنیزمی بورژوازی دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا کێشەیەکی نیە و بەڵکو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو نوێنەری ڕاستەقینەی مارکس و کۆمۆنیزمە و نموونەی ئەمەش حزبی کۆمۆنیستی چینە لەم قۆناغەدا. هاوکات حزبە کۆمۆنیستیە ناسیونالیستیەکانی تریش هەمان بیرووبۆچوونیان هەیە. سەرەڕای ئەوانەش ئەم مەسەلەیە نەبووەتە جێگای باس و  بیرکردنەوە لەلایەن ڕۆشنبیرە مارکسیستەکانەوە، بە جیا لەهەر بیرکردنەوە و جیهەتگیریەک کە هەیانە.

 سەردەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو قۆناغێکی هیجگار سەخت بوو. سەردەمێک کە بورژوازی ئەمریکی، بە هاوئاهەنگی بورژوازی لە ئاستی جیهاندا، هێرشی کردە سەر هەموو دەستکەوتەکانی چینی کرێکار، کە لە ڕێگای خەبات و شۆڕشە یەك لە دوای یەکەکانیەوە بەدەستیهێنابوو لە ئەوروپا و لە تەواوی جیهاندا. لە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی خۆرئاواوە بگرە تا دەگاتە ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی و فەردیەکان و مافی بەرفراوانی چینی کرێکار و یەکێتیەکانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا. بەم پێیە و لەوانەیە لەبەر ئەم هۆکارە بابەتیانە بووبێت کە لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە، لەم مەسەلەیە کارێکی زۆر سەخت بووبێت. بورژوازی پڕچەک بە زەبری هزر و هێزی ئەمریکی و سیاسەتی ئابوری نیولیبڕاڵی، لە ژێرباڵی لیبڕالیزمی نوێدا و بە ڕابەرایەتی ڕیگان و تاتشەر ، لەسەر بنەمای تیۆریەکانی ئابوریناسی بەناوبانگی ئەمریکی میلتون فریدمان هێرشی کردۆتە سەر ئەم دەستکەوتانەی چینی کرێکار. فریدمان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و هاتنی بینوشیتە بۆ سەرتەختی دەسەڵاتداریەتی لە تشیلی، دەبێتە بە ناوبانگترین کەسایەتی ئابوریناسی بورژوازی لە ئاستی جیهاندا. سەرەڕای ئەمەش لەو سەردەمەدا، کۆمۆنیزمی بورژوازی یەکێتی سۆڤیەت لە دەسەڵاتدابوو، وە سەختبوو پێش بینی ڕووخانی بکرێت بە تایبەتی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، و ئەمەش خودبەخود کاریگەری لەسەر هەرجۆرە لێکدانەوەیەک دادەنێت جا بیرمەندەکە هەر کەسێک بێت. 

ئەم سەردەمەی ئێمەی تیادەژین لە سەردەمی پێش کۆمۆنەی پاریس دەچێت. لە بوونی مارکس و نوسراوەکانی مانیفێستی کۆمۆنیست و ئینتەرناسیونالستی یەکەم دەچێت، کە تا کاتی شۆڕشی کۆمۆنە ئاڵای مارکس نەبووبووە ئاڵای بەشی پێشڕەوەی چینی کرێکار، و بزوتنەوەی مارکسیستی ڕەوتێکی زاڵ نەبوو لە ڕیزەکانی چینی کرێکاردا. لەم قۆناغەی ئێستاشماندا مارکس و نوسراوەکانی بوونیان هەیە، بەڵام بورژوازی ئەم ئاڵایەی لێ زەوتکردووە. ئاڵای مارکس لە بناغەدا شتێک یان هزرێکی خۆڕسک نیە لە ڕیزەکانی چینی کرێکاردا، بەڵکو چینی کرێکار لە وڵاتە پێشکەوتووە ئەوروپیەکاندا ئەم ئاڵایەی لە ڕێگای خەباتێکی دورودرێژی نزیک بە ٣٠ ساڵدا بەدەستهێناوە. لینین لەمبارەوە دەڵێت؛ ” لە نێو هەموو ڕێبازە سۆشیالیستەکانی تردا، مارکسیزم ئەمڕۆ لە ئەوروپادا ڕابەری بێڕکابەرە. و خەبات بۆ بەدەستهێنانی سیستەمێکی سۆشیالیستی، کە خەباتی چینی کرێکارە، لەوانەیە بەتەواوی لەلایەن حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانەوە ڕابەرایەتی بکرێت. بەڵام ئەم باڵادەستیە تەواوەی سۆشیالیزمی پرۆلیتەری، کە پشتی بە بیروباوەڕی مارکس بەستووە، بە کتوپڕی جێنەکەوتووە، بەڵکو ئەم جێکەوتنە بەرەنجامی خەباتێکی درێژخایەنە، دژ بە هەموو جۆرە ڕێبازە دواکەتووەکان، دژ بە سۆشیالیزمی ووردە بورژوازی، دژ بە ئەنارشیزم ، هتد….بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ نەک زیاتر، تەنانەت مارکسیزم لە ئەڵمانیاش باو نەبوو، لە کاتێکدا کە بە تەواوەتی باوی تیورییە ئیختیاریەکان بوو (مەیلی تێکەڵکردنی توخمە جیاوازەکانی چەند ئاڕاستەیەکی فکری یان سیاسی جیاواز لە یەک ئاڕاستەدا) . ئەو تیۆرانەی کە دەکەوێتە نێوان سۆشیالیزمی ووردەبورژوازی و سۆشیالیزمی پڕۆلییتەری یەوە. و لە وڵاتە لاتینیەکان و لە فەرەنسا و ئیسپانیا و بەلجیکادا  بەربڵاوترین ڕێباز لە نێو کرێکارانی پێشکەوتنخوازدا، برۆدۆنیەکان و بلانکیەکان ئەنارشیستەکان بوون ، کە بێگومان گوزارشتی لە بیرووبۆچوونی  وردە بورژوازی دەکرد نەک بیرووبۆچوونی پرۆلیتارەکان.” (لینین: سۆشیالیزمی ووردەبورژوازی و سۆشیالیزمی پرۆلیتەری/ هەڵبژاردەکان- بەرگی سێهەم، ل. ١١ دانانی کەوانەکە و هێڵەکانی تەئکید هی ئێمەن).

ئێمە دەبێت هاوشێوەی مارکس و هاوڕێکانی بکەین کاتێک کە هەستان بە دامەزراندنی یەکێتی کۆمۆنیستەکان و ئەنتەرناسیونالی یەکەم. بەلای ئێمەوە وەڵامدانەوە بەو پرسانەی کە لەبەردەم چینی کرێکاردایە مەسەلەیەکی هەنووکەییە لەم قۆناغەدا. هەر بۆیە نووکی ڕمەکەمان ڕووی لە چینی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی و بەڕێوەبردنی و بیرمەندەکانی و نووسەرەکانیان، و وەڵامدانەوەی مارکسیستانەیە بە مەسەلە هاوچەرخەکان و بەپێی گرنگیان بە قازانجی چینی کرێکار. لەمڕۆدا بابەت و مەسائیلی ئاڵۆز لەبەردەم چینی کرێکار و ڕابەرانی دایە کە گرنگترینیان بریتین لە؛ یەکەم: پەرشوبڵاوی و هەڵاواردن لەسەر بناغەی وڵات و ڕەگەز و دین و خێڵ و نەتەوەکان و لە هەندێک کاتدا لەسەر بناغەی کیشوەرەکان و سەرو و خوارەوەی گۆی زەوی. وە ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە چینی کرێکار زۆر پەرشوبڵاوە و یەکگرتوو نیە. لێرەدا ئێمە لە یەکگرتوویی و پەیوەندی ئینتەرناسیونالستی نێوان بەشەکانی چینی کرێکارمان کەمە، کە دابەشکراوە بەسەر ناسنامەی درۆزنانەدا. لەم ڕووەوە ڕێکخراوبوون و پڕوپاگەندەی مارکسیستی لەسەر مەسەلە گەرموگوڕە هاوچەرخەکان، گرنگیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ دابینکردنی گەیشتنی ئەمانە بە دەستی کرێکاران و بە دیاریکراوی پێشرەوانیان. دووەم: مەسەلەی گوزەرانی چینی پرۆلیتاریای جیهانییە. کە بەهۆی گەشەی بێ وێنەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە، ئاڕاستەی ژیانوگوزەرانی  ڕوو لە خوارە. و بە دیاریکراویش لە دوای هاتنە ناوەوەی تەکنیکی زیرەکی دەستکرد بۆ هەموو بوارەکانی ژیان، لە پیشەسازی و کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری و بازرگانی و لۆجیستی و بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری ئاسایش و کاروباری سەربازی. هەموو ئەمانە بەم نزیکانە دەبنە هۆی بێکاری بەردەوام بۆ زۆرینەی چینی کرێکار. لێرەدا چینی پڕۆلیتاریای جیهانی لەبەردەم یەک مەسەلەدایە یان شۆڕش یان نابووتبوون. نابووتبوون لێرەدا یانی دابەزینی ئاستی بژێووی بۆ خواری خوارەوە و بۆ ژێر ئاستی قۆناغی کۆیلایەتی کە مێژوو تێیپەڕاندووە. هەندێ بابەتی تر هەن کە پێویستە لێرەدا باسیان بکەین، کە کۆمەک دەکات بەو دوو خاڵەی پێشوو. بۆ نموونە چۆن چینی کرێکار ڕێکخراو دەکەین؟! ئەمە تەنها بە باسی ڕێکخستنەوە قەتیس نابێتەوە، بەڵکو بەر لەوە بەندە بە بیرووبۆچوون و سیاسەت و ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتیانەی کە لەبەردەمی پڕۆلیتاریادا دانراوە یان سەپێندراوە بەسەریدا، و بۆتە هۆی دابەشکردن و پەرشوبڵاوکردنی لەسەر بنەمای ناسنامەی تر، نەک ناسنامەی چینایەتی. ئەمە بۆ هەموو مەسەلەکانی تریش هەروایە. ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە و جەخت لەسەرئەوە دەکەینەوە، و باس لەم قۆناغە دەکەین و دەڵێین کە فۆکەس و کاری سەرەکی و دەستبەجێی بزووتنەوەی کرێکاریی، لەو دوو بەندەی سەرەوەدا کورتدەبێتەوە. هەر بۆیە کارەکانمان بە پێی کارە دەستبەجێکانی بزوتنەوەی کرێکاریی دادەنێین.

 ئێمە لەسەر ئەوە پێداگریمانکرد کە ئەم دەوارنەی ئێمە لە دەورانی پێش شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس دەچێت. تەنها لێکچوون، بەڵام لە باری ناوەرۆک و قورسی ئەو ئەرکانەی کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، پڕ بە مانای وشەکە لەم قۆناغەدا  سەختترن. لەو کاتەدا و پێش کۆمۆنەی پاریس مارکسیزم و کۆمۆنیزمی بورژوازی بوونی نیە، بەڵکو کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم هەیە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە کۆمۆنیزمی مارکس لەو سەردەمەدا ووردە ووردە هەموو ڕەوتەکانی سۆشیالیزمی بورژوازی وەلانا. لە لایەک کۆمۆنیزمی مارکس، لە دوای ئەزموونی کۆمۆنەی پاریسەوە، بەسەر هەموو ئەو ڕەوتانەدا سەرکەوت، و بەم مانایە پێگە کۆمەڵایەتیەکەی لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەچووەسەر، وە لە لایەکی ترەوە خەرمانێک لە نوسراو و تێزی مارکس و ئەنگلس هەبوو، کە توانییان بەسەر بیرمەندانی بورژوازیدا سەربکەون، لەو کاتەدا توانییان هیگڵ و فیورباخ و ئادەم سمیث و ڕیکاردۆ و ئەوانی تر وەلابنێن. ئێمە ئەمڕۆ لەم جۆرە ئەدەبیاتانە بەهرەمەند نین. ئەمڕۆ ئێمە نەک تەنها شاهیدی ئەوەین کە ئەم تایبەتمەندیە لە ئارادانیە، بەڵکو دەبینین کە ئاڵای مارکس لە چینی کرێکار زەوتکراوە، و کۆمۆنیزمی بورژوازی و ستالینی و ڕوسی جێگای گرتۆتەوە، هەم لە ئاستی لێکدانەوەی گشتیدا و هەم لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاریشدا . لە لایەکەوە ڕاگەیاندنی جیهانی و سەنتەرەکانی پەروەردە و خوێندن  خەریکی تەپڵکوتینن بۆ ئەم مەسەلەیە، و لە لایەکی تریشەوە بورژوازی جیهانی ئەو کات لەم هێزەی ئێستای بەهرەمەند نەبوو لە هەموو بوارە سیاسی وئابوری و سەربازی  و ئاسیش و تەکنەلۆژی و زانستیەکاندا. ئەمە وێڕای دەستگرتنی بە سەرمایەوە لە ئاستی جیهاندا وەکو چینێکی یەکگرتوو، لە کاتێکدا کە چینی کرێکار لە بارێکی لاواز و پەرشوبڵاودایە. 

بارودۆخی چینی کرێکار وەک هێزی سیاسی و لە ئاستی جیهانیدا هیچ حەسودییەکی پێنابرێت. لەگەڵ ئەوەشدا چینی کرێکار و بزووتنەوە خەباتکارانەکەی بە دژی سەرمایەداری جەسورانە و بەشێوەیەکی ڕۆژانە بەردەوامی هەیە لە ئاستی جیهانیدا. بەجۆرێک کە چینی کرێکار لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا، نمایشی خۆی کردووە وەک جووڵانەوەیەکی “ئابوری” لە پێناو هەندێک ڕیفۆرم و وەستانەوە بە دژی سیاسەتە ئابوریەکانی سەرمایەداریدا لە گەورەترین ووڵاتە سەرمایەداریەکاندا، هەر لە چین و فەرەنسا و یۆنان و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و تورکیا وە بگرە تا دەگات بە میسر و ئێران و مەغریب و هیندستان و تونس و عێراق و بەرازیل و ….هتد. بەربەستی سەرەکی بەردەم بزووتنەوەی کرێکاری بریتییە لە نەبوونی ئاڵای مارکس و ئاسۆیەکی مارکسیستی لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆییدا. هەر بەم هۆیەشەوە بە ئاشکرا ئەو لاوازیە زۆرە دەبینین، کە لە بواری ڕێکخستن و هاوپشتی چینایەتی و ئینتەرناسیونالستیدا هەیەتی. ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی ئامادەنەبوونی لە مەیدانی سیاسیدا نەیتوانیوە لە ئاستی جیهانیدا وەیان تەنانەت لە ئاستی کیشوەرەکان یان ناوچەکاندا خۆی ڕێکبخات، و زۆر بەکەمی نەبێت نەیتوانیوە لە ئاستی هاوپشتی و نێونەتەوەیی چینایەتیەدا، شتێک تۆماربکات -لێرەدا مەبەستمان لەو یەکێتیە کرێکاریانە نیە کە بوونیان هەیە-. وای لێهاتووە کە هاوپشتی چینایەتی و نێونەتەوەیی بووەتە مەسەلەیەکی دانسقە تا ئەوەی کە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی و جیهانی بێت. وە لەمەش کەمتر وەک چینێک، نەبوونی ڕێکخراوبوونە لەدەوری داواکارییە هەنووکەیی و ڕۆژانەکان لە ئاستی وڵاتێکی دیاریکراودا. کار بە جێیەک گەیشتووە، کە دابەشبوون بەسەر کەرت و پیشەی جیاجیا، و کۆمپانیای جیاواز، و لە هەندێک وڵاتدا بەسەر نەتەوە و ئایین و سێکتی جیاجیادا. ئەمە بارودۆخی چینی کرێکارە لە ئاستی “نیشتمانی!”دا. بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە سەختە لە ناڕێکخراوبوونی چینایەتی، چینی کرێکار پێویستی بە ئاڵای مارکس و بەدەستەوەگرتنی ئەم ئاڵایەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕوو لە ئایندەی خۆی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ و ڕابەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی بنواڕێت، کە نەک تەنها خۆی بەڵکو هەموو کۆمەڵگا ڕزگاردەکات. لەم قۆناغەی ئێستاماندا بەبێ جیهانبینی مارکس و کۆمۆنیزمی مارکس، بزووتنەوەی کرێکاری ناتوانێ ڕێکخراوبکرێت و داواکاریەکانی ڕۆژانەی بەسەر بورژوازیدا بسەپێنێت. لانی کەم ئەمە ئەزموونی ئەم سەدەیە یان ئەم دوو دەیەیەمانە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە کرێکارییە گەورەکان لە فەرەنسا و یۆنان و ووڵاتانی تر لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا نیشاندەری ئەم ڕاستیەن. هەر لێرەوەیە کە مەسەلەی پڕوپاگەندە و ڕێکخراوبوون جێگایەکەی بەرتری هەیە و دەبێت لەگەڵ پێشڕەوانی چینی کرێکاردا فۆکەسی بخرێتەسەر لە هەر کوێیەک بن و لە هەر وڵاتێک بن.

ئەرکەکە لەم ڕاستایەدا بریتیە لە ڕێکخستنی بەشی پێشڕەوەی چینەکە لە هەردوو ئاستی حزبی و جەماوەریی کرێکاریدا، بە ڕێگا و شێوازی جۆراوجۆری ڕێکخراوبوون. جا ئەگەر ئەم ڕێکخراوکردنە لە ئاستی وڵاتێکی دیاریکراودا بێت کە بۆ ئێمە عێراقە، یان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیەکی دیاریکراودا بێت. ئەمە یەکێکە لە پڕبایەخترین کارەکانی ئەم قۆناغە و پێویستی بە پەیوەندیەکی تەنگاوتەنگ و ڕاستەوخۆ هەیە لەگەڵ بەشی پێشڕەوەی چینەکە و ڕابەرانی بزووتنەوەکە لە هەر کوێیەک بن و لە هەرشوێنێک دەست پێبکەیت. ئەمە گرنگترین و هەنووکەییترین کاری کۆمۆنیستییە لەم قۆناغەدا. پەیوەندی ڕاستەوخۆ بۆ برەودان بە هۆشیاریی چینایەتی و بەم پێیە هۆشیاریی کۆمۆنیستی مارکسیستی لە لایەک و ڕێکخستنی کرێکاران بە هەر شێوازێک بێت لە پێناو بەهێزکردنی یەکێتی چینایەتیان و سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر بورژوازیدا لە لایەکی ترەوە. لەوانەیە ئەم کارە لە کارگەیەکەوە یان دەزگایەکەوە یان لە گەڕەکێکدا دەستپێبکات لە ڕێگەی بەشی پێشڕەوەی ئەم بزووتنەوەیەوە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. ئەم کارەش بەبێ پڕوپاگەندەیەکی کۆمۆنیستی کاریگەر ناتوانێت مەیسەر ببێت و بە ئامانجی خۆی بگات. جا یان بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگای پەیوەندیگرتن لەگەڵیاندا یان بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای کتێب و نامیلکە و ڤیدیۆی تایبەتەوە، و ئەوپەڕی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پەیوەندیگرتن. ئالێرەدایە کە گرنگی وەڵامی مارکسیستی هاوچەرخ بە گرفتەکانی چینی کرێکار لەم قۆناغەدا دەردەکەوێت. بەبێ ئەمە ناتوانرێت نە ڕیکخستن بکرێت و نە پڕوپاگەندەیەکی کاریگەر.  

تــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــێزی نۆیەم

  دەمانتوانی تێزی نۆیەم لەگەڵ ئەو سێ تێزەی سەرەوەدا (٣ و ٦ و ٨) دا لە یەکبدەین، سەبارەت بە حزب و پێکهێنانی حزب. بەڵام وامان بە باشزانی کە وەک بەندێکی تایبەت لێکیبدەینەوە بە لەبەرچاوگرتنی جێگاوڕێگای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەردەمی ئەمڕۆماندا. بە تایبەتی کە جیهانی ئەمڕۆمان بووە بە جیهان و بڵندگۆی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. لە ڕاستیدا مەسەلەکە ئاڵۆزە. ئاڵۆزە نەک بە مانای ئەوەی ئێمە لەبەردەم سیاسەت و مەسەلەیەکی ناڕۆشنداین، بەڵکو مەسەلەکە زۆر ڕۆشنە. ڕۆشنیەکەی ئەوەیە؛ کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە دیاریکراوی بریتیە لە کۆمەڵگەی بورژوازی و ناتوانێت لەمە زیاتر یان کەمتربێت. وە هەموو پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و سەرخانەکەی دەگرێتەوە بە دەوڵەت و دامودازگاکان و ئەحزاب و سەندیکاکان و پەرلەمان و هەموو ئەو چالاکی و هەڵسوڕانانەی لە کۆمەلگەدا ڕوودەدات. هەر بۆیە “ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی” بوونەتە ئەستێرەی درەخشان و دروشم و بە هەموو لایەکدا دەدرەوشێنەوە. هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە پێی ناوەکەیان “کۆمەڵگەی مەدەنی” دەرکەوتە و ملکەچی ئەم کۆمەڵگایە و دەسەڵاتەکەین. دەوڵەت یان دەسەڵاتی بورژوازی یان بەڕیوەبەرایەتی کۆمپانیایەکی گەورە، خاوەنی ڕێکخراوی جۆراوجۆرە و هەرچیەکی بوێت و پێی باشبێت بە پێی قازانج و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی، بەسەریدا دەسەپێنێت. و هەروەها هەندێجار بەپێی کەڵچەرەکان”ئایین، تائیفەی ئایینی، لیبڕاڵیەت، نەتەوەگەریی…” ئەو کارە دەباتە پێشەوە. بۆیە لە دوا لێکدانەوەدا، مەسەلەکە یان سیاسیە، یان پڕۆپاگەندەیە بە قازانجی کۆمپانیایەک یا حکومەتێک.

ئێمە لەم بەندەدا باسی واقیعیەتێکی ئاوەژوو دەکەین بە کۆمۆنیزمی مارکس و لێی دەکۆڵینەوە. مارکس بزووتنەوەی کرێکاریی و خەباتەکەی وەک حزب چاولێدەکا، بەجیا لەوەی حزب هەبێت یان نا. ئەم بۆچوونەشی لە شۆڕشگێڕکردنی-تثوير- بارودۆخی ئێستاوە سەرچاوەی گرتووە، لە ڕێگای هیزێکی چینایەتیەوە کە گرنگترین بەش و بەشی زیندووی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە، کە زێدەبایی بەرهەمدەهێنێت، و بەرهەمهێنەری هەموو بەشەکانی تریشە. کاتێک هێزی بەرهەمهێنەر، لەڕێگای هێزو بە شیوازێکی توندوتیژ، ڕووبەڕووی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان دەبێتەوە، ئەو کات زەنگی شۆڕش لێدەدات. لەو کاتەوە پەیوەندییە باوەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە توانایدا نامێنێت بەر بەهێزە بەرهەمهێنەرەکان بگرێت. ئا لەو کاتەوە، کۆمەڵگە لە ئاستانەی شۆڕشی کرێکارییدایە، شۆڕشێک کە ڕێگای خۆی بەرە و کۆمۆنیزم دەبڕێت لە ڕێگای ڕماندن و لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگیانەی کە ڕوبەڕووی هەڵمەتە  شۆڕشگێڕیەکانی دەبێتەوە. مارکس تاک لایەنە و لە گۆشەنیگایەکەوە لەم بابەتە گرنگە ناڕوانێت، بەڵکو لە وردودرشتی مەسەلەکە دەڕوانێت، لە ڕێگای کێشمەکێشی چینایەتی و تیۆری شۆڕشی کرێکارییەوە، لە جەرگەی کێشمەکێشی نێوان بورژوازی و پڕۆلیتاریادا. ئەو بارودۆخی بابەتی دەبینێت، کە بێ ئەوە ناتوانرێت باس لە حزبی کرێکاری و شۆڕش بکرێت، وەک بە ڕۆشنی لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا هاتووە. مارکس چاوەڕیی ئەوە نیە کە هەموو توخمە سەرەکی و بابەتیەکانی شۆڕشی کڕێکاریی پێبگات، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵدەدات و خەبات و ڕێکخستن دەکات، و چاوی بە پێشڕەوانی چینی کرێکار دەکەوێت لە وڵاتە جیاجیاکان، لە ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە یەکێتی کۆمۆنیستەکان و کۆمەڵە کرێکاریەکان و لە پاڵپشتیکردنی حزبی سۆشیال دیمۆکراتی ئەڵمانی. ئێمە لەبەردەم ڕێکخەر و ڕابەرێکی گەڕیدەی جیهانی پڕۆلیتاریاداین.  

ئەو حزبەی کە مارکس دەیەوێت بە سادەیی و بێ لێکدانەوەی جۆراوجۆر بریتیە لە حزبێکی کرێکاری بە ئاسۆی کۆمۆنیستی ڕۆشنەوە. حزبەکەی ئەو حزبی کرێکارانە و ئەمە هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێت و بێ بوونی ئەوان، واتە کرێکاران، حزبی مارکسی بوونی نیە. دوای ئەوە، یانی دوای پایە چینایەتیەکەی، حزبەکەی مارکس واتە حزبی چینی کرێکار لە دوو تەوەرەدا جیاوازە لە ئەحزابە کرێکاریەکانی تر. ئەم جیاوازییەش بە شێوەیەکی سادە لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا باسکراوە. ئێمە لای خۆمانەوە، لە بەندەکانی پێشوودا جەختمان لەسەر ئەو جیاوازیانەی نێوان حزبی کرێکاران و حزبی کۆمۆنیستی مارکسی کردۆتەوە، بە پێی ئەو جیاوازیانەی لەنێوان ئەو دوو جۆرە حزبەدا هەیە، لەم قۆناغە هاوچەرخەدا. حزبی کرێکاری لەوانەیە لەسەر بناغەی قازانجی نەتەوەیی چینی کرێکار دابمەزرێت. نەتەوەیی لێرەدا بە مانای “وڵاتی دیاریکراو” یان لەسەر ئاستی “نیشتمانی” دێت. وە یان زۆر گوێنەداتە مەسەلە ئاینی و تائیفیەکان. لەوانەیە حزبێک لەسەر بناغەیەکی لیبڕاڵی دابمەزرێت، وە یان تەنانەت لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک بۆ نموونە کرێکارانی بە ڕەچەڵەک سپی، یان کرێکارانی پەنابەر حزبێک دروستبکەن وەک ئەوەی کە سەندیکای پەنابەران هەیە. هەموو ئەمانە لەوانەیە بەشێوەیەکی واقیعی ڕووبدات. ئەمانە هەمووی گریمانەی جیهانێکی واقیعی و ئەو گرفتانەن کە چینی کرێکار و بزووتنەوە خەباتکارانەکەی و بەتایبەتی تەحەزوبی چینایەتی ڕووبەڕوی دەبێتەوە. جیاوازیەکانی حزبی کۆمۆنیستی مارکسیستی ئەوەیە کە حزب وەک چینێکی جیهانی سەیری چینەکەی دەکات و ئەو سنورە دەستکردانە بە ڕەسمی ناناسێت کە بورژوازی بۆ دابەشکردنی کرێکاران لەسەر بنەمای ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی دروستی کردوون. وە دژی ئەو ڕیبازە کرێکاریانە دەوەستێتەوە کە بانگەواز بۆ ڕەچەڵەک دەکەن یان دەیانەوێت ڕێکخراو و ئەحزاب لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک پێکبهێنن، لەبەرئەوەی ڕەچەڵەک لە ناسیونالیزم خراپتر و دواکەتووانەترە و دەبێتە هۆی دابەشکردنی کرێکاران بەسەر ڕەش و سپی ڕەچەڵەکی جۆراوجۆردا کە نەتەوە جیاوازەکانیش دەگرێتەوە……هتد. ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە، بەڵام ئەوەندەی بەلایەنەکەی تری مەسەلەکە دەگەڕێتەوە ئەوەیە کە حزبی کۆمۆنیستی مارکسیستی لە گۆشەنیگایەکی ئینتەرناسیونالستیەوە و لە ئاستێکی جیهانیدا سەیری بەرژەوەندیەکانی چینەکەی دەکات، نەک لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیستی تەسک و وڵاتێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەمە تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی بەرژوەندیەکانی چینی کرێکار لە ئاستێکی ئینتەرناسیونالستیدا، دەستەبەربکات.

باسەکە لێرەدا نە خەیاڵە و نە لێووردبوونەوەیە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە چینی کرێکار خود بە خود، و بە پێی پێگەی واقیعی خۆی و بە هۆی پەیوەندیە ئابوریەکانی سەرمایەدارییەوە چینێکی ئینتەرناسیونالیستیە. وە بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە لە نووکی پێیەوە تا تەوقی سەری سەرمایەداریەکی جیهانگیرمان هەیە، و کۆمپانیا گەورە جیهانیەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تیایدا باڵادەستن. ئینتەرناسیونالیستی یانی؛ پێشخستن و زاڵکردنی بەرژەوەندیەکانی پرۆلیتاریی جیهانی بەسەر بەسەر بەرژەوەندیەکانی پڕۆلیتاریای ناوخۆییدا. ئەمە لەوانەیە زیان بە قازانجەکانی چینی کرێکار بگەیەنێت لە ئاستی نەتەوەییدا، بەڵام دواجار بە قازانجی چینی کرێکاریی جیهانییە. بۆ نموونە لەم قۆناغەدا لەوانەیە وەستانەوە بەڕووی پاوانخوازی  ئەمریکی و پاشەکشەپێکردنی لە سەرجەم بوارەکانی سەربازی و ئابوری و بازرگانیدا، زیانبەخش بێت بۆ بەشێک یان زۆرینەی چینی کرێکاری ئەمریکی لە ڕووی لەدەستدانی هەلی کار، و پاشەکشەکردنی ئابوری ئەمریکی و مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان و شتی لەم بابەتە، بەڵام بە قازانجی چینی کرێکاریی جیهانییە. بە قازانجیەتی چونکە دووریدەخاتەوە لە چنگی سەربازی و شەڕ و ماڵوێرانکاری لەم قۆناغەدا و لەوانەیە بتوانێت دانوستان بەسەرئەمریکادا بسەپێنێت و واداری بکات کە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە جیهانیەکانی تردا دابنیشێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزە جیهانیەکان، کە تا ئێستا هیچ گوێیان پێنادات و دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ڕێگای هەڕەشەی سەربازی و ئابوریەوە بەدیبهێنێت. داخستنی سنوری ئەمریکا بەڕووی کرێکارانی مەکسیکیدا، لەوانەیە کۆمەک بکات بە کرێکارانی ئەمریکی  بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار، بەڵام لە گۆشەنیگای ئینتەرناسیونالستی کرێکارییەوە، پێویستە کرێکارانی ئەمریکا دژ بەم سیاسەتەی ترامپ بوەستنەوە بۆ ڕێگرتن لە نەتەوەپەرستی وبەرگرتن بە پەرشوبڵای چینی کرێکار و لە پێناو بەرژەوەندی و یەکگرتووکردنی چینەکەیاندا. حزبێک کە لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا لە پێگەیەکی دیار و بەرچاو بەهرەمەند نەبێت، ئەوە ئیتر سەر بە نەریتی کۆمۆنیزمی مارکس نیە. ئەمە نە تاوانبارکردن و نە کەمکردنەوەیە لە پێگەی ئەحزابی تر و نە گۆڕینی مەسەلەکەیە بەپێی بەرژوەندیەکی تایبەت، بەڵکو ئەمە بناغە بابەتیەکەیەتی. بناغە بابەتیەکانی ئەوەیە ئەگەر حزب لەدەرەوەی چوارچێوەی کێشمەکێش و ڕیزەکانی چینی کرێکاردا بوو، ناتوانێت کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی کرێکاریی و خەباتی ڕۆژانە و بەردەوامی دابنێت و ئەمە ناوەرۆکی کۆمۆنیزمە بەپێی مارکس، نەوەک بەپێی هیچ کەسێکی تر. لەبەر ئەوەی کۆمۆنیزم لەڕەگەوە بزووتنەوەیەکی کرێکارییە، کە ئامانجی نەهێشتنی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ئێستایە. بەم پێیە، هەر لایەنێک لە ناو چینی کرێکاردا پێگەی نەبوو، ئاگایانە یان بێئاگایانە، بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە حزبێکی هەڵسوڕاو لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، وە بە تایبەتیش لە بواری هەڵسوڕانی پراتیکی و ئەنجامی کارەکانیدا”حزبی دیاریکراو”.

کارل مارکس دەڵێت: “ئەندامەکانی دەوڵەتی سیاسی، ئیماندارن (دینین) بەهۆی ئەو  دوالێتیەی-ثنائية- کە لە نێوان ژیانی تاکەکسی و ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەیانە، و دوالێتیەک کە لە نێوان ژیانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژیانی سیاسیدا هەیانە. ئەوان ئیماندارن، لەبەر ئەوەی ژیانی سیاسی دەوڵەت، کە لەپشت واقیعیەتی تاکەکەسی ئەوانەوە وەستاوە، بە ژیانی واقیعی خۆیان دادەنێن. ئەوان ئیمانداران، لەبەر ئەوەی لە نێویاندا ئایین ڕۆحی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکدەهێنێت  و گوزارشتە لە دابڕان و دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ”. (دەربارەی مەسەلەی جوولەکە/ بەشداریەک لە ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی حەق لای هیگڵ/ دەقە فارسیەکەی/ وەرگێڕانی د. مرتضی محیط/ ل. ٣٠/ وەرگێڕانەکە لە لایەن ئێمەوە کراوە/ بە بەراورد لەگەڵ وەرگێڕانە عەرەبیەکەی لە لایەن: د. نائلة الصالحی لە  بڵاوکراوەکانی الجمل) ئەگەر لێکدانەوە بۆ ئەم مەسەلەیە بکەین و بەسەر حزبی پێشووی خۆماندا تاقیبکەینەوە، زۆرێک لەم کارە جیاوازانە دەبینین لە کاری ڕۆژانەیدا، تەنانەت لەگەڵ کرێکارانیشدا. “کۆمەڵگەی مەدەنی = کۆمەڵگەی بورژوازی”؛ ئەم یەکسانبوونە لەو بەشە وەرگیراوەی سەرەوەدا باسکراوە. ژیانی تاکەکەسی هەر کرێکارێکی عێراقی، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشتی دەوڵەتی عێراقییەوە خۆی حەشارداوە، ئەمە، تەنها وەک نموونەیەک. دەوڵەتی عێراقی، “نەوەک حکومەتەکان” (لێرەدا چاو دەپۆشین لەوەی کە عێراق دەوڵەتێکی ئاساییە یان لە پرۆسەی پێکهاتندایە)، حاڵەتێکی دژ و ناکۆکە بە بەرژەوەندیەکانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەی عێراق. دەوڵەت لەمڕۆدا بەرژەوەندیەکی شاردراوەیە لەژێر حجابی ئیسلامی و ناسیونالیزمێکی شەرمنۆکدا، بەڵام حجابی ئیسلامی لێرەدا مۆرێکی سەرتاپاگیرە، کە نوێنەرایەتی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوێر، و چینی بوورژوازی عێراقی دەکات. لێرەدا حجاب تەنها ڕووپۆشی ژنان نیە، بەڵکو بەچەندین هەنگاو تێیپەڕاندووە، و پەیوەندی ئابوری زاڵ ڕووپۆش دەکات، بەر لەوەی ژنان ڕووپۆش بکات. ئالێرەوەیە کە تاکی کرێکار تووشی نامۆبوون دەبێت بەجۆرێک کە پەیوەندیە زاڵەکان دەیگۆڕن بە شتێک بۆ خۆی، و خۆی حەشاردەدات  لەژێر ئەم ڕووپۆشەدا کە پێی دەڵیین  “دەوڵەتی عێراقی”، بە بێ ئەوەی بتوانێت هەستی پێبکات یان لە توانایدا هەبێت دەستی پێی ڕابگا، و وەکو شتێک وێنای دەکات کە لەسەروو هەموو شتەکان و پەیوەندیەکانەوەیە. ئەمە تێڕوانینێکی گشتییە لەسەر دەوڵەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جێگیربوونی یان پێگەی لە نێو کۆمەڵگە مەدەنیەکەیدا. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت لە هەناوی یەکتردا، یەکتر تەواو دەکەن و بەشێکن لە یەکتری. ئەم دوالێتییە مەسەلەکانی لای زۆرینەی جەماوەر ئاڵۆزکردووە. ئەمە جۆرێکە لە دین تەنانەت ئەگەر دەوڵەتەکە دینیش نەبێت، یان عیلمانی بێت، مەسەلەکە هەر یەکە. ئەم جۆرە لە هۆشیاری زاڵ، مرۆڤ لە مرۆڤ دووردەخاتەوە، لە کاتێکدا کە تووشی نامۆبوون بووەو پێی وایە، دەوڵەت پارێزگاری لە بەرژەوەندی هەموو تاکەکان وەک یەک دەکات بێ جیاوازی. لێرەدا کێشەکە ئەوەیە کە تاک، مەبەستمان تاکی کرێکارە، لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا، ڕۆژانە لەگەڵ دەوڵەت دەستوپەنجە نەرم دەکات و وەک دامەزراوەیەکی ناکۆک بە ئامانج و تەنانەت لایەنی کەمی داواکاریەکانیشی، دەیبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا دوالێتیەک هەیە کە لە پشتیەوە خۆی حەشاردەدات، لە دوژمنە ڕۆژانە و واقیعی یەکەی، کە دەوڵەتە، وبەشێوەیەکی بەردەوام ئەم دوالێتیە تازەدەکرێتەوە، و دووبارە بەرهەمدەهێنرێتەوە.  

چالاکیە پراتیکیەکانی حزبی پێشووی ئێمە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گوزارشت لەم دوالێتیە دەدات، و ئەمە هەڵەی تاکەکەسی نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی بابەتیە، وەک لەسەرەوە باسمانکرد. بارودۆخێکی بابەتی؛ یانی ئامادەنەبوون لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا. ئامادەیی لێرەدا، تەنها مەسەلەیەکی ئیرادەگەریانە نیە و بەڵکو تێیدەپەڕێنێت، چونکە ئەو نەریتەی کە بووەتە ناوەڕۆکی حزب و ڕەگوڕیشەی تەنیووە، کارکردنە بێبوونی بناغەیەکی چینایەتی. وە  بەم پێیە کارکردن لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە گشتی، و بانگەواز بۆ کاری پاڵەوانی بە بێ بوونی پاڵەوانێکی ڕاستەقینە!!. لێرەد ا “تاکی حزب” خۆی لە پشتی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکارییەوە حەشاردەدات. تەنانەت ئەم خۆحەشاردانەش کێشەی ئەم کەس یان ئەو کەسی ڕابەری نیە، بەڵکو  بڕبڕەپشت و نەریتی حزبە. “تاکی حزب” لە پشتی کۆمۆنیزم و ئاڵای مارکسەوە خۆی شاردۆتەوە، بەڵام کاتێک وەک کۆمۆنیستێک هەڵسووڕان دەکات و وەک مارکسیستێک پراتیک دەکات، بابەتەکەی  ووندەکات کە چینی کرێکارە. بەپێی ئەم نەریتە چینی کرێکار  دیار نیە و بوونی نیە. هۆی ئەمە زۆر سادەیە، لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکار  لە عێراقدا ناتوانێت لەگەڵ ئەم نەریتەدا بێتەوە، و ئەمجۆرە لە کۆمۆنیزم بەدەستەوەبگرێت. چونکە “تاکی حزب” لەسەر جادە و لە مەیدانەکاندایە و داوای ئەنجامدانی کاری پاڵەوانی دەکات “بەبێ بوونی پاڵەوان” و خوازیاری شۆڕشە و بانگەوازی شۆڕش دەکات بێ چینی کرێکار و هەوڵدەدات کە حکومەت پێکبهێنێت بێ بوونی پاڵپشتێکی واقیعی، واتە بێ چینی کرێکار. بانگەشە بۆ هەڵدانی”چادر” دەکات لە مەیدانە گشتیەکاندا، لێرەدا چادر نوێنەرایەتی ڕێکخراوێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و لە پشتی هەر چادرێکەوە حزب یان ڕەوتێکی سیاسی دیاریکراو، یان ڕێکخراوێک، وەساتەوە. حزب هێزی نیە و لە “کاری ڕۆتین” دووردەکەوێتەوە کە کرۆکی شۆڕش و خەباتی چینی کرێکار و پۆتانسیۆلی نەریتەکەیەتی. بەم دوالێتیە واقیعیەوە “تاکی حزب” دەگات بە کارە واقیعیەکەی خۆی، کە کارکردنە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی گشتی، و لەسەر پایەی “شەڕ لە بەتاڵی باشترە”. ئالێرەوە حزب دەگۆڕدرێت بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵام بە شێوازێکی ڕادیکاڵانەتر و سیاسیانەتر و هەڵسوڕاوتر لەم ئاستەدا.

حزب دژی ئیسلامی سیاسییە وەکو حکومەت نەک وەک بزووتنەوەیەکی بورژوازی -بەم پێیە دژە تائیفیشە- و ئەمە ناسنامەی حزبە لەم قۆناغەدا. بەرگریکارێکی سەرسەخت و بێ هێزی بزووتنەوەی ژنان و مافەکانی ژنان و یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاو، و جیابوونەوەی دین لە دەوڵەتە. بەرگریکاری ئازادیە گشتیەکان و ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕێکخراوبوون، ئازادی ڕۆژنامەگەریە. هەروەها ئازادیە فەردی ومەدەنی و کۆمەڵایتیەکان. ئەم سێ جۆرە کارە دەتوانرێت لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بورژوازی، واتە مەدەنیدا چارەسەربکرێت. وەک دەبینین کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چالاکن لە بواری مافەکانی ژناندا، و زۆر چالاکن لە بواری ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، وە هاوکات ڕێکخراوی چالاکیش هەیە لە بواری دامەزراندنی حکومەتێکی نا ئیسلامیدا. ئەم حاڵەتە حاڵەتێکی لەخۆوە و عەفەوی نیە، بەڵکو لە مێژووی ٣٠ ساڵی ڕابردووی حزبەوە گەشەی کردووە، و ساڵ لە دوای ساڵ، ئەم نەریتە زیاتر ڕەگی داکووتاوە. بۆیە حزب بۆتە قەوارەیەک کە لە توانایدا نیە بگۆڕێت بە حاڵەتێکی ناکۆک لەگەڵ خۆیدا و بە مانایەکی تر ناتوانێت ببێت بە شتێکی تر؛ ببێت بە حزبێکی کرێکاریی. ئەم قەوارەیە لە هەموو جۆرە یاساو ڕێسایەکی خۆی بەهرەمەندە لەم چوارچێوەیەدا. بە جیا لە نیەتی کەسەکان ئەمە مەسەلەیەکی بابەتیە. بابەتیە و ئاسانیشە لە هەمان کاتدا.

با ئێمە نموونەیەک بێنینەوە و ئەم مەسەلەیە زیاتر ڕۆشنبکەینەوە و گریمانەیەک بێنینە پێش چاو؛ ئەگەر حزبمان بە هەموو قەوارە و ئۆرگانەکانیەوە گواستەوە، بۆ وڵاتێک لە وڵاتەکانی ئەوروپای خۆرئاوا، کە هەموو ئازادیە فەردی و مەدەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەستبەرن، و ئازادی ژنان و یەکسانی یاسایی لە نێوان ژن و پیاو دا هەیە. لەوێ ژن ناکوژرێت و ڕۆژنامەنووس تیرۆرناکرێت و بەند ناکرێت. وە لەوێ ئازادی ڕادەربڕین هەیە و باسێک لە بەندکراوانی ئازادی بیروڕا نیە “ئەگەرچی ڕەها نیە”. لەوێ دەوڵەت تا ڕادەیەکی زۆر عیلمانییە و ئیسلامی سیاسی هێزێکی باڵادەست نیە. باسێک لە فڕاندن و هێرشەکانی داعش و میلیشیاکانی حەشد نیە. ئەو کات حزبی پێشوی ئێمە چ کارە دەبێت؟! حزب دەبێت بە حزبێکی بێکار. لەبەر ئەوەی نە هیچی بۆ ووتن هەیە وە نە بۆ کارکردن. کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەشکراوە؛ بورژوازی -بەهەموو شێوەکانیەوە، ئەوروپی و ئیسلامی و ناسیونالیستییەوە- و پڕۆلیتاریا. هەردوو چینەکە جیهانین. لە دوا لێکدانەوەدا شتێکی بەیناوبەین بوونی نیە. یان لەگەڵ بورژوازیت یا لەگەڵ چینی کرێکاریت. بەپێی ئەم بناغەیە ڕێکخراوەکانی دەرەوەی هەردوو حزب جگە لە ئاکسیۆن کارێکی تریان نیە. ئاکسیۆنەکانیش لێرەدا بۆ وەستانەوە بە دژی سیاسەتە بورژوازیەکانی ئەو وڵاتە دیاریکراوانە نیە لە دەرەوە، بەڵکو پەرچەکردارێکی ڕێکخراوەیی-حزبییە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە لە عێراق و کوردستان ڕوودەدەن. چوونە بەردەم باڵوێزخانەی عێراقی، چوونە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن، چوونە بەردەم باڵوێزخانەی ئێرانی و تورکی و ئەمریکی، یان کۆبوونەوە لە شوێنە گشتیەکانی سەنتەری شارێکدا. بە بێ ئاکسیۆن هیچ کارێکمان نیە و هیچ شتێکی ترمان نیە بیکەین. ئێمە بەر لە ١٠ ساڵ لە بەرامبەر پیادەکردنی ئەم جۆرە لە سیاسەت و جیهەتگیری هۆشیاریماندا، لە ڕێگای کۆبوونەوەیەکی فەرمی کادرەکانی ڕێکخراوی دەرەوەوە و وتمان دەبێت ئەم مەسەلەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت. ئەمە جگە لەوەی کە  سامان کریم لە ئەیلوی ٢٠١٠ دا باسەکەی خۆی لە ژێر ناونیشانی “دروستکردنی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی -لە دەرەوە-” نووسی  کە لەو کۆبوونەوە ناوبراوەدا پێشکەشکرا. دواتر کامل ئەحمەد، بەرپرسی ئەوکاتی ڕێکخراوی دەرەوەی حزب، لەسەر بنەمای ئەو باسە، سەرخەتی کاری گشتی حزبی لەدەرەوە نووسی، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت. بەڵام دوای ئەوە بۆمان دەرکەوت کە ئێمە هەڵەین و ئەم ڕێبازە ڕەگی داکوتیوە و ناگۆڕدرێت. بەداخەوە و لە ڕاستیدا دوای ١٠ ساڵ هەر ئەوە ڕوویدا.

بەم پێیە حزب لە کۆمەڵگادا، لە ڕاڕەوی تایبەت بەخۆی، کاری چالاکانەی خۆی ئەنجام دەدات، بێ چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی و بێ ناخۆشی و بەربەستەکانی بەردەمی، بێ گرفتەکان و خەون و خولیا و چاوەڕوانیەکانی. بۆچی بێ کرێکار و بزوتنەوەکەی؟! لەبەرئەوەی کە تاوانێکی گەورەی هەیە و تاوانەکەشی -واتە چینی کرێکار- حەزی لە پیرۆزیەکانی حزب  نیە، لێرەدا پیرۆزی حزب بریتیە لە کاری ئاکسیۆنی بێ هێز و بێپایە. ئەمەش مەسەلەیەکی زۆر ئاساییە چونکە لەبەر ئەوەی کرێکاران ناتوانن چەندین مانگ لەسەر شەقامەکان و مەیدانەکاندا بمێننەوە بێ مووچە و بێ گوزەران. ئەمە نە مەسەلەی چینی کرێکارە و نە نەریتیەتی و نە دەشتوانێ ببێت. ئەم نەریتە خەونی ووردە بورژوازی و پیرۆزیی ئەوە. لەنێو ئەم ڕاڕەوەدا و لە چوارچێوەی ئەم چالاکیە گشتییەی کۆمەڵگەدا و لەسەر بنەمای ئەم نەریتە، کرێکاران ناتوانن پراتیکی هۆشیارانەی خۆیان بدۆزنەوە، وە نەیاندۆزیەوە. هەر بۆیە تا کاتی ڕۆێشتنمان لە حزب،  خاوەنی شانەیەکی ڕێکخراو نین لە نێو چینی کرێکاردا. لەوانەیە کرێکار ببینین و لەوانەشە شانەی ڕێکخراوەیی جیاواز ببینین لە چوارچێوەی ئەم نەریتەدا، بەڵام لە ناو دووتوێی ئەو دوالێتیەی کە باسمانکرد. لە ناو ۆرکشۆپەکان و کۆنگرەی سەندیکا و تەنانەت یەکێتیە جیهانیەکاندا دەیانبینین، بەڵام لە هەمان چوارچێوەدا نەک لە چوارچێوەی چالاکی بە شۆڕشگێڕکردنی چینی کرێکاردا. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو دیاردەیەکی بورژوازی سەریهەڵداوە و لە منداڵدانی ئەوەوە هاتۆتە دەر، و لە ناوەرۆکدا گرێدراوە بە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە. ئەم جۆرە لە پەیوەندی بەرهەمهێنان، ئەم جۆرە لە ڕێکخراو و شێوازی خەباتکارانە دەخوازێت. بەم پێییە و تەنها لەسەر ئەم بناغەیە، کێبەرکێ بەرهەمیان دەهێنێت. پێکدادان و کێشمەکێشی نێوان کەرتە جۆراوجۆرەکانی سەرمایە و سەرمایەدارە گەورە جیاوازەکان، بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەوانی تر، بەرهەمیان دەهێنن. ئەگەرچی مەسەلەکە بەم شێوەیە دەرناکەوێت، بەڵکو بەشێوازی یاسایی و سیاسی جۆراوجۆر خۆیان نمایش دەکەن و لەژێر چەتری جیاوازی ئازادی فەردی و مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوریدا دەردەکەون.   

بەپێی ئەم لێکدانەوەیە،  کار و شێوەکار و ئامانجەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە بناغەوە بریتیە لە گێلکردنی جەماوەر و دوورخستنەوەیان لە خەبات و ڕێگای شۆڕشگێڕانە. ئێمە لێرەدا بەرژەوەندیە ئابوریەکانی پشت پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانە لەبەر چاو ناگرین. بۆ نموونە ۆرکشۆپ؛ پایەی کارکردنی ئەم ۆرکشۆپانە بریتیە لە ڕاگرتنی پەیوەندیەکی هاوسەنگ لە نێوان کرێکاران و بەڕیوەبەرایەتیدا. پەیوەندیەک کە کێشمەکێشی چینایەتی دەسڕێتەوە، و لە باری سیاسیەوە جێگەی خۆی دەدات بە شەراکەتی چینایەتی. لەم ڕوانگەیەوە، ئامانجی بورژوازی لە پیادەکردنی ئەم ۆرکشۆپانە کە پارەیەکی زۆریان بۆ خەرجدەکات لە ڕێگای کەناڵە جۆراوجۆرەکانیەوە، بریتییە لە دەستەبەرکردنی حاڵەتێک بۆ بەردەوامی لە بەرهەمهێنان و زیادکردنی قازانج لەسەر شانی کرێکاران. باسەکە ئەوە نیە کە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ۆرکشۆپانەدا دەکەین، بەڵکو باسەکە ئەوەیە کە کرێکاران چۆن و بەپێی چ  بۆچوونێک بەشداری تێدا دەکەن؟! ئەمە تەنها نموونەیەکە. وە جگە لەوەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نەتەوە و دین و خێڵ بە بناغە وەردەگرن،  چونکە پێکهاتە و پایەکانیەتی. بەڵام بناغە یاسایی و سیاسیەکەی لە دیموکراسیە خۆرئاواییەکاندا بریتیە لە “فرەکولتوری”، کە تا سەر مۆخ یاسایەکی کۆنەپەرستانایە، بۆ دووبەرەکی نانەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا، وە بە تایبەتی لە نێو چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشدا، لەسەر بنەمای ناسنامەی نەژادی و دینی تائیفی و ڕەچەڵەک و ڕەگەز، و ئەمە بزوتنەوە دیموکراسیەکەیەتی. دیموکراسیەت وەک بزوتنەوەیەکی بورژوازی گشتی، کرۆکی کۆمەڵگای مەدەنی پێکدەهێنێت، کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر بنیاتدەنرێت. “فرەکولتوری” بنەمایەکە بۆ لێدان لە یەکگرتوویی چینی کرێکار و دانانی بەربەست لەبەردەم گەشە و پێشکەوتن و هەستانەوەی بزووتنەوەکەیدا. و یاسایەکی کۆنەپەرستانەیە کە بورژوازی پەیڕەوەی لێدەکات لە ڕاستای دابینکردنی پێداویستیەکانی کەڵەکەی سەرمایە، و هێنانەخوارەوەی کرێی کرێکاران و سەپاندنی پاشەکشەی زیاتر بەسەریاندا.

تـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــێزی دەیەم

مارکس و ئەنگلس لە ئایدۆلۆژیی ئەڵمانیدا پێمان دەڵێن “شۆڕش نەک ڕەخنە هێزی بزوێنەری مێژووە”( ل، ٥٠). بەڵام چ شۆڕشێک؟!مەبەستی ئەوان، شۆڕشی چینی کرێکار بە گۆشت و خوێنیەوە. قەوارەیەکی شۆڕشگێڕانە یا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە یا بابەتێکی شۆڕشگێرانە بە شێوەیەکی گشتی “لە لایەکەوە هێزی بەرهەمهێنەری ئێستایە، و لە لایەکی ترەوە قەوارەیەکی شۆڕشگێڕانە پێکدەهێنێت کە تەنها دژی مەرجە تایبەتەکانی کۆمەڵگای ڕابردوو خەبات ناکات بەڵکو……” (هەمان سەرچاوە/ هێڵەکانی تەئکید هی ئێمەیە). ئێمە لەبەردەم دەورانێکی تازە لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا وەستاوین. مەبەستمان لە شۆڕشەکان، شۆڕشەکانی چینی کرێکارە، لەبەر ئەوەی جگە لە شۆڕش هیچ ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نیە، بە حزبی خۆیەوە یان بێحزب. لێرەدا ئێمە و تەواوی بەشەریەتیش لەبەردەم کێشەیەکداین، بەڵام چارەسەری خۆی هەیە. کۆسپ و کێشەیەکی گەورە لەبەردەم بەرەوپێشبردن و شۆڕشگێڕکردنی بارودۆخی ئێستادا هەیە، کۆسپی تەحەزوبی چینایەتی و ڕێکخراو کردن  و خۆ ڕزگارکردنی. هێزی شۆڕشگێریی ئێستا جیهانیە و میژووی جیهان پێکدەهێنێت. “وە لەبەرئەوەی، هاوکات لە لایەک، لای هەموو نەتەوەکان، بەهۆی پێشبڕکێی گشتیەوە –المزاحمة العمومية- دیاردەی قەوارەیەکی بێبەش لە خاوەندارێتی لە دایک دەبێت، و ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە شۆڕشی هەر نەتەوەیەک گرێبدرێت بە شۆڕشی نەتەوەکانی ترەوە. سەرەنجام، بە تاقیکردنەوە دەرکەوتوە کە، خەڵک بەگشتی لە جیاتی مێژووی لۆکەڵی، لە مێژووی جیهانیدا دەژین و بەرهەمیدەهێننەوە ….” (هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣/ هێڵەکانی تەئکید هی ئێمەیە).  

ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی جیهانی تازەداین، بە بەراورد بە سەردەمی مارکس یان لینین، وە یان بە شێوەیەکی گشتی تەنانەت بە بەراورد بە کۆتایی سەدەی بیست. ئێمە لە دونیایەکی جیهانگیردا دەژین. لە جیهانێکدا دەژین کە نەک تەنها کۆمەڵگەکانی چوون بە ناو یەکدا و لە یەکترئاڵاون، و هێزە بەرهەمهێنەرەکانیشی لەژێر یەک سەقفدان، بەڵکو شۆڕش و بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکانیشی بەستراوەتەوە بەیەکترەوە. لەهەر وڵاتێکدا شۆرش لەو شوێنانەوە دەستێدەکات، کە هیزە شۆڕشگێرەکان بەهێزبن وەکو لە ڕوسیادا لە مۆسکۆ و سانپترسبۆرگەوە دەستیپێدەکرد. ئەمڕۆ جیهان هەمووی بووەتە وڵاتێک و گەشەکردنی هێزە بەرهەمهێنەکان، میژووی جیهانیان بەکردەوە نەک بە تیۆر، پێکهێناوە. ئێمە هەندێک لەو ئاڵوگۆرانەمان لەم بوارەدا باسکرد و نامانەوێت دووبارەیان بکەینەوە. گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە جیهاندا، یانی گەشەسەندنی قەوارەیەکی شۆڕشگێڕی جیهانی، و گەشەی پرۆلیتاریا وەک چینێکی جیهانی ڕاستەقینە، کە ڕۆچۆتە ناو بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. ئەم پەیوەندیانە بۆتە ڕێگر لەبەردەم گەشەسەندنیدا. ئەمە لە لایەک، وە لە لایەکی ترەوە پراتیکی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتێکدا، وە بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە پێگەیەکی ئابوری گرنگ بەهرەمەندن لە جیهاندا، دەبێتە هۆی جۆشدانی شۆڕش لە سەرجەم ووڵاتەکانی تر لەبەرئەوەی کە ئەو وڵاتە دیاریکراوە بۆتە شارێک لە جیهانێکی یەکگرتوودا. ئایا ئەمە بە مانای ئەوەیە کە شۆڕشی کرێکاریی لە وڵاتێکدا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دادەنێت، بە واتایەکی تر لەسەر هەموو وڵاتەکانی جیهان؟!. مەبەستەکە ئەوە نیە، بەڵکو کاریگەریی دادەنێت لەسەر ئەو ووڵاتانەی کە پەیوەندی لێکهەڵپێکرا و کاریگەر دەیانبەستێت بە یەکەوە و چینی کرێکاریش لەو ووڵاتانەدا لە پەیوەندیەکی خەباتکارانەی هاوبەش بەهرەمەندن. پێوانەکە لێرەدا پێگەی ئەو وڵاتەیە،  کە چینی کرێکار شۆڕشی تیادا دەکات، لە ڕووی ئابوری و لە ئاستی جیهاندا. ئەگەر ئێمە لەم قۆناغەدا چین و ئەمریکا بە نموونە وەربگرین، ئەوا شۆڕش تیایاندا کاریگەریی دەبێت لەسەر هەموو جیهان بە ڕادەی جیاجیا. دەتوانین ئەم پڕۆسەیە ناولێبنێین “کشانی شۆڕش”. ئەم پێشەکیە یارمەتیمان دەدات کە تێزی دەیەم بە شێوەیەکی وردتر باسبکەین.

پێش ودربوونەوە لە بارودۆخی شۆڕشەکان، ئەرکی رۆشنبیرانی پڕۆلیتاریا و پێشڕەوانی چینی کرێکارە کە بە ووردی بڕواننە ناوەڕۆکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، کە هەموویان بزووتنەوەی سیاسین. هەموو بزووتنەوەیەکی سیاسیش بە دڵنیاییەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایتیە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەما و ئاسۆیەکی دیاریکراو و ڕۆشن بنیاتنراون، و لە هەموو قۆناغەکانی گەشەکردنیاندا، بزووتنەوەیەکی چینایەتی دیاریکراون بۆ ئامانجی دیاریکراو. لەوانەیە دروشمەکانیان و ڕابەرەکانیان بگۆڕێت، بەڵام ناوەرۆکی بزووتنەوەیەک ناتوانرێت بگۆڕدرێت بە بزووتنەوەیەکی تری جیاواز. بزووتنەوەکان لەسەر نەریت و شێوازی خەباتکارانەی چینێکی دیاریکراو بنیاتنراون. “شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییانەی عێراق و سودان و لوبنان و جەزائیر” هەموویان بزووتنەوەی بورژوازین و بە قازانجی بزووتنەوەیەکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی چینی بورژوازیدایە. کاتێک ئەڵێین ئەم بزووتنەوانە بورژوازیانەیە، مەبەستمان بزووتنەوە سیاسیەکەیەتی. ئەوە شتێکی سروشتییە کە هیچ بزووتنەوەیەکی بورژوازی ناتوانێت ئەم ڕاپەڕینانە “شۆڕشانە” ڕابەرایەتی بکات بێ فۆکەسکردن و پشتبەستن بە داواکارییە جەماوەریەکان، چونکە هیچی تر لە هەگبەکەیدا نیە جگە لە بەلاڕیدابردن و خۆڵکردنە چاوی جەماوەرەوە. و لە توانایدا نیە کە بچووکترین ڕیفۆرمی ڕاستەقینە لە ژیانی چینی پڕۆلیتاریادا بکات. هەر بۆیە لە سەرەتای کارەکانیەوە، فۆکەس دەکاتە سەر ئەو داواکاریانەی کە لە لایەن کرێکاران و جەماوەرەوە بەرزدەکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەتا دەتوانێت جەماوەری بێبەش بە دوای خۆیدا بهێنێت. جەماوەری بێبەش لەم هەوڵانەدا بەشداردەبێت، یەکەم؛ لەبەرئەوەی کە خۆڵکراوەتە چاوی و بەلاڕێدابراوە لە ڕێگای میدیا و بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی بورژوازیەوە، و دووم؛ لەبەر ئەوەی پێی وایە کە ئەمە بزووتنەوەیەکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. ئەم پڕۆسە سیاسیە هەردوو تەوەرەکە لەیەکدا کۆدەکاتەوە، بە مەبەستی پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی داواکاریە واقیعیەکانی جەماوەری بەشداربوو، وە ئەمە ئەو شتە بوو کە لەهەموو “شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی” ڕوویدا و ” ئێستا لە عێراقدا” ڕوودەدات. لە کاتێکدا کە جەماوەر لەسەرەتای جووڵانەوە ناڕەزایەتیە مەتڵەبیەکەیاندا، بە شێوەیەکی فراوان بەشداریانکرد لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا بۆ بەدەستهێنانی کار یان بیمەی بێکاری و هەندێک لە داواکاریتر. بەم پێیە لە سەرەتادا جووڵانەوەی چەند خواستێکی ڕۆشن بوو. وەکو بزووتنەوەیەکی مەتڵەبی لەسەر کۆمۆنیزمە کە هاوبەشی بکات و بە هەموو هێزیەوە دەخاڵەت بکات تیایدا. بەڵام کاتێک ئێمە دەبینین کە ئەو جووڵانەوەیە دوای چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێکی کەم دەگۆڕێت بە بزووتنەوەیەکی سیاسی و دواکاریەکانی دەبێت بە “هەڵبژاردنی ێشوەخت” و “هەموویان یانی هەموویان بە قەولی لوبنانیەکان” و دەبێت بە “گۆڕینی” ئەنجوومەنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی “حکومەت” ….. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، ئەو کات ئێمە لەبەردەم مەسەلە و بزووتنەوەی ترداین نەک جووڵانەوەیەکی مەتڵەبی جەماوەری. بەڵکو ئێمە لەبەردەم بزووتنەوەیەکی سیاسی داین, کەهۆشیارانە چالاکی دەکات و بە دیاریکراوی خاوەنی ئامانجی تایبەت بە خۆیەتی. بورژوازی ئەم جووڵانەوە مەتڵەبیانە لەباردەبات و دەیانگۆڕێت بۆ جووڵانەوەی سیاسی خۆی، یەکەم؛ بە قازانجی بزووتنەوەیەکی سیاسی بورژوازی و لێرەدا لە عێراق, بە قازانجی ئەو هێزانەی کە بەرژوەندیەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەبەن بە بەراورد بە بەرژەوەندیەکانی ئێران و وەستانەوە بە رامبەر چاوچنۆکیە جیهانیەکانی چین، و دووەم؛ بە قازانجی چینی بورژوازی بە شێوەیەکی گشتی، لەبەرئەوەی ئەم بزووتنەوە و ڕاپەڕینانە هەوڵەکانی جەماوەری بێبەش لەباردەبات بۆ باشکردنی بارودۆخی گوزەران و خەباتیان. هەر بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەم بزووتنەوانە، هەر لە شۆڕشی میسرییەوە بگرە تا “عێراقی!!” هیچیان قورساییەک بۆ سەر شانی بورژوازی پێکناهێنن وەک چینێک.

جگە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا هیچ بزووتنەوەیەک دژ بە بورژوازی نیە. بێگومان هەندێک جمووجۆڵ لە لایەن بورژوازی بچووکەوە دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی جوولانەوەیەکی ڕاڕان لە نێوان هەردوو چینەکەدا لە لایەک و  نائامادەبوونی بزووتنەوەی کرێکاریی لە ئاستی سیاسیدا لەم قۆناغەدا، لە لایەکی ترەوە، بۆیە بەشێوەیەکی ئاسایی بورژوازی دەیانبات.

 ئێستا کەمێک زیاتر وورد دەبینەوە لە نەریتی خاباتکارانە و ڕابەرایەتی ئەم بزوتنەوانە. لە میسر پڕوپاگەندەیەک بڵاوبووەوە کە گوایە سۆشیال میدیا خۆپیشاندانەکان و دواتریش شۆڕش دەبات بەڕێوە. بەڵام هەرکەسێک ووردبینی بۆ بارودۆخی میسر بکات, دەبینێت کە بزوتنەوەی ئیسلامی لە سۆشیال میدیاوە بە بەهێزی دەستپێکرد، لە ڕێگای گۆڕینی مەسەلە سادە و هەنووکەییەکانەوە بۆ گۆڕینی دەسەڵات “و شۆڕش” بە پاڵپشتی ئەمریکی و کۆمپانیای گوگڵ و لە ڕێگای بڵاوبوونەوەی لە فەیسبووکدا و ئەمڕۆ دەرەنجامەکەی دەبینین. دەبینین کە میسر لە هەموو بوارەکاندا پاشەکشەی کردووە. لەوانەیە شۆڕش بەسەرکەوتن نەگات بە هۆی تێکچوونی هێز هاوسەنگی لە نێوان دوو لایەنەکەدا بەڵام میراتێکی پڕبایەخ لە دوای خۆی جێدێڵێت نەک بۆ ئەم نەوەیە بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش، هەروەک ئەوەی کە تا ئێستاش دەیبینین دەربارەی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران. کاتێک سەیری میسر وتونس دەکەین ڕێک بەپێچەوانەوەیە. و بارودۆخەکە نەک بەرەو پێشەوە نەچووە، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا زۆر بەرە و دوا گەڕاوەتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر پێش شۆڕش. هەر لە پێگەی چینی کرێکار و ڕێکخراوە جەماوەریەکانی و سەندیکا و یەکێتیەکانی، و قەوارەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی و کرێ و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانیەوە بگرە، تا دەگات بە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا هەمووی بەرەودواوە گەڕاوەتەوە. تەنات بێ مانەوەی هیچ کاریگەریەکی واقیعی شۆڕش، وە بەبێ بەدەستهێنانی داخوازیەک لە داخوازیەکانی جەماوەر کە لە ڕێگای ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە بەرزکرابوونەوە و شۆڕشە بەهارییەکان بەناکامی هێشتیاننەوە. لە چەشنی بە دەستهێنانی هەلی کار یان دابینکردنی بیمەی بێکاری و ئازادی ڕێکخراوبوون.

بەڵام سەبارەت بە تایبەتمەندی خەباتکارانە یان شێوازی خەباتکارانەی ئەم بزووتنەوە “شۆڕشگێڕانانە” کە کۆبوونەوەیە لە مەیدانە بە ناوبانگەکانی شاردا وەکو مەیدانی تەحریر و گۆڕەپانی تەحریر و مەیدانی حەبوبی و ….هتد. مانگرتن و مانەوە لەم مەیدانانەدا بە چەندین هەفتە و مانگ، یانی مانەوە لێی لەژێر چادردا یان بێ چادر. ئەم شێوازە، بووەتە نەریتێک لە تەواوی جیهانی عەرەبی و لە کوردستانی عێراقیشدا، وەکو ١٧ ی شوباتی ٢٠١١دا بینیمان. ئەم شێوازی خەباتە، شێوازی ئەو کەسانەیە کە بەرپرس نین لە بەخێوکرنی خێزانیان، و مناڵیان نیە تا ژیان و گوزەرانیان بۆ دابین بکەن، وە  یان  خانەنشین یان بێکارن. هەموو ئەم توێژە جیاوازانە وێڕای گرنگیان ناتوان چەرخی بەرهەمهێنان بوەستێنن و بەکردەوە بەشێک نین لە هێزە بەرهەمهێنەرەکان. ئەگەرچی بێکاران بەشێکن لە چینی پڕۆلیتاریاش. بەدرێژایی مێژوو، شێوازی خەباتی چینی کرێکار مانگرتن بووە و ئەمە چەکە کاریگەرەکەیەتی. نەک لەبەر ئەوەی کە مانگرتن بە شێوەیەکی گشتی چەکێکی بەهێزە، بەڵکو لەبەر ئەوەی مانگرتنی کرێکاری بەرهەمهێنان ڕادەگرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەوەستێنێت، وە هەروەها لەبەر ئەوەی مانگرتن لە شوێنی کار یان لە مەیدانێکی دەرەوەیدا، وەکو جۆرێک لە مانگرتن یان خۆپیشاندان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قازانجی سەرمایە، و بەم پێیەش بورژوازی و دەسەڵاتەکەیان وەکو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر خۆیان سەیری دەکەن. تاکی چینی کرێکار ناتوانێت بۆ ماوەی چەندین مانگ لە سەر شەقام و لە نێو مەیدانەکاندا بمێننەوە بێ بوونی جیهانبینیەکی چینایەتی مارکسیستی یان کرێکاریی ڕۆشن. لەو کاتەشدا کرێکاران لە هەموو لایەکەوە شۆڕش دەکەن، لە شوێنی کار و ژیانیاندا، لە دامودەزگا خزمەتگوزاری وئەمنیەکان و لە کارگە و  مەیدانەکاندا، نەک تەنها لە مەیدانەکاندا. لە حاڵەتی ئەم ڕاپەرینەی عێراقدا، کرێکار ناتوانێت زیاتر لە ٦ مانگ بمێنێتەوە -ئەمە ئەگەر ئەو ماوەیەی خەڵک کارەنتێنە بووە بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کرۆناوە لەبەرچاوبگرین- لەبەرئەوەی دژایەتی هەیە لەگەڵ ژیانی ڕاستەقینەیدا. کرێکاران کاردەکەن وبەبێ کارکردن ناتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن. هەر بۆیە ئەوان ناتوانن ئەم نەریتە پیادە بکەن. هەروەک چۆن ناتوانن کاری پێشمەرگانەی گیڤاریایانە بکەن، بە مانای شێوازی کاری چەکداری لە شاخ و دێکان. بەهەمان شێوە، ئەم شێوازەش دژ بە شێوازی کاری چینی کرێکار و خەباتە یەکگرتووەکەیەتی. کرێکار لە توانایدا نیە کە لە کارگەکەی بێتە دەرەوە و ڕوو بکاتە شاخ بۆ خەباتکردن، خەباتی کۆمۆنیستی هیچ کاتێک لە لادێ وە دەستپێناکات. لەسەر ئەم بناغەیە دەڵێین کە کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ هێج پێشینەیەکی خەباتکارانە و بێ پێشینەی شۆڕشگێڕانە، لە مەیدانەکانەوە دەستپێناکات، بەڵکو بەر لە مەیدانەکان لە شوێنی کار و ژیانەوە دەستپێدەکات و لەوێوە بورکانی شۆڕش دەبینین.

کرێکاران بەشێوەیەکی خۆرسک هەست بەوە دەکەن کە ئەم بزوتنەوانە بزووتنەوەی چینایەتی ئەوان نیە و ئەمە بۆ بارودۆخی عێراقیش ڕاستە.  هەر بۆیە بەشیک نین لێی وێڕای بەشداری کەم و لێرەو لەوێ و بەشێوەیەکی کاتی و وەکو پاڵپشتێک بۆی، وەک لە بەسرە یان ناسریە یان لەم مەیدان و ئەو مەیداندا وەک ئەفراد بینیمان. بەڵام وەک بزووتنەوەی کرێکاریی بەشداری تێدا ناکەن، و وە ئەمە وەک فاکتێکی مێژوویی چەسپاوە. ئەم بزووتنەوانە لەوانەیە ڕابەرایەتیەکی دیاریان نەبێت، هەر وەک سەرەتاکانی شۆڕشی میسر و تونس، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چوارچێوە سیاسیە گشتیەکەی لە ڕێگای دوو مەسەلەوە زۆر ڕۆشنە؛ یەکەم: پێشینەی ئەم بزووتنەوانە، یانی ڕابردووی ئەم بزووتنەوانە وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی  “نەک مەتڵەبی” و شێوازەکانی خەباتی، دووەم: ئەو داخوازی و دروشمانەی کە لە چوارچێوەی ئەم بزووتنەوانەدا بەرزدەکرێنەوە.لەڕێگای ئەم دوو تەوەرەیەوە؛ یانی لە ڕێگای کارکردنیانەوە، بە ناوەرۆکی ئەم بزووتنەوانە ئاشنا دەبین و لەم ڕێگەیەوە درەنگ یان زوو ڕابەریەکەیان دەناسین و بۆمان ئاشکرا دەبێت. حاڵەتی میسر هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕۆشن بوو، کە ئەم بزووتنەوەیە چۆن و لە چ مینبەرێکەوە ڕابەرایەتی دەکرا ، بەڵام ئێستا ئیتر وەک ڕۆژی ڕووناک وایە. بەڵام سەبارەت بە عێراق، ئێمە لەسەرەوە چوارچێوەی گشتی داواکاریە سیاسیەکانمان باسکرد کە لە دوور و نزیکەوە لای هەموو کەس ئاشکرایە لە عێراقدا کە ئەو داواکاریانە ڕابەر و ئەحزاب و هێزی نێودەوڵەتی خۆی لە پشتە هەر لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ەوە. ئەو سیاسەتەش سیاسەتی گۆڕینی “حکومەتە!”. بە تایبەتی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر تیایدا چالاکن و دەیخەنە چوارچێوەی چالاکی خۆیانەوە کە لە ڕاستیدا لە چوارچێوەشیاندایە، هەر بۆ نموونە سەندیکای پارێزەران لە سودان و میسر و سەندیکای مامۆستایان لە عێراقدا. ئەم بزووتنەوانە  بزووتنەوەیەکی بورژوازی دیاریکراو دەینبات بەڕێوە، لیبڕالی یان ئیسلامی وە یان ئیسلامیەکی لیبڕالی، یان ناسیونالیزمێکی لیبڕالی یان ناسیونالیزمێکی ئیسلامی یان تێکەڵەیەک لە هەردوو حاڵەتەکە بۆ نموونە وەکو عێراق. 

تێزی یـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــانزەیەم

تێزی یانزەهەم، تێزێکی ڕۆشنە، یان پێویستە ڕۆشن بێت. چینی کرێکار و بزوتنەوەکەی بەشداریی و دەخاڵەت لە هەموو بزوتنەوەیەکدا ناکەن بەشێوەیەکی بەردەوام و  نەپساوە، بێ ئەوەی  بزانن کە ئاسۆی ئەو بزوتنەوەیە ڕۆشنە و لە بەرژوەندی خۆیاندایە. وە لەم ڕوانگەیەوە کۆمۆنیزم بزوتنەوەی ئەوانە. لە کۆمۆنەی پاریسەوە ئەم تێزە جێگیر بووە، لە بەر ئەوەی لە دوای کۆمۆنەوە، ئاڵای مارکس زاڵ بوو بەسەر ئاڵاکانی دیکەی نێو دەروونی بزوتنەوەی کرێکاریدا. لەم تێڕوانینەوە، چینی کرێکار و بزوتنەوە سیاسیەکەی، ڕێکخستنی حزبی نەک تەنها لە ڕیگای تێۆرەوە، بەڵکو لە جەرگەی پراتیک و کاری ڕۆژانەدا وەردەگرێت. لێرەدا، کۆمۆنیزم هاویەک دەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریی ڕێکخراودا. ئەم باسەمان لەسەرەوە بە شێوەیەکی فراوان ڕۆشنکردۆتەوە. بزوتنەوەی کرێکاریی وەک بزوتنەوەی چینێک، ئاڵای مارکسی لە چالاکی ڕۆژانە و سیاسیدا  وەرگرت و بە پراتیک جیبەجێیکرد. پاشان دوای ئەوەی کە تاقیکردەوە، بەتایبەت لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەوە، بوو بە بەشێکی هەلپێکراو لە خۆی.

ئەم بزوتنەوەیە، کۆمۆنیزمی مارکس بەشێک بوو لە بزوتنەوەی کرێکاریی و بەشی پێشڕەوی بوو، کە ڕابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری کرد لە ڕوسیا. ئەمرۆ و لەم قۆناغەدا، پێویستە لەسەر ڕۆشنبیرانی پرۆلیتاریا، کە ئەم تیشکە بگەڕێننەوە بۆ ئاڵای مارکس، بەشێوەیەک کە لەباری کۆمەڵایەتیەوە بزوتنەوەی کرێکاریی بیکاتەوە بە ئاڵای خۆی. ئەم باسەمان لە تێزەکانی سەرەوەدا ڕۆشنکردۆتەوە. بەپێی ئەم تیڕوانینە دەڵێین و ڕۆشنی دەکەینەوە کە کۆمۆنیزم هاویەکە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریی ڕێکخراو و هوشیار لەباری چینایەتیەوە. واتە ئامانجی بزوتنەوەکە و ستراتیژییەکەی بەشێوەیەکی گشتی ڕۆشنە. هەروەها  چالاکی و شێوازی کارەکانی، دیسپلین و یاسای بزوتنەوەکەی، پەیوەندیی نێوخۆیی ڕابەرانی، هەموویان ڕۆشنن، چونکە لەبەرانبەر شتێکی کۆنکرێت و واقعیداین ، نەک شتێک کە تەنها  هەستی پێبکەین و لێیوردبینەوە. بەڵکو  کۆنکرێت و هەستپێکراو دەیبینین. هوشیارین بە هێزی بزوتنەوەکە و بە هێزهاوسەنگی کۆمەڵایەتی لەم قۆناغەدا، و ئاستی ئاگایی چینایەتیی ڕابەران و ئاژیتاتۆرەکانی دەزانین، وە هەروەها بە ڕۆشنی دەزانین کە ئامادە نیە لەمەیدانی سیاسەت و ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی. وە لاوازییەکەی دەزانین لە بواری ڕێکخستنی خۆیدا بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی بورژوازی لە خەباتی ڕۆژانەدا ،  وە دەزانین کە لە بەرزکردنەوەی دروشم و خواستەکانیاندا وردبین نین، و دەزانین کە ئاستی هاوپشتی چینایەتی لە نێوان کەرتە جیاوازەکانیدا کەمە، و لە کۆتاییدا دەزانین کە لەبواری ئەنتەرناسیونالستیدا بە شێوەیەکی بێ وێنە لاوازە. هەموو ئەم باسانە دەزانین. لەسەر پایەی واقعیەتێکی ئاوەها دەڵێین؛ بزوتنەوەکەی مانای” هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتە”. وە ئەمە کۆمۆنیزمە و  کۆمۆنیزمی مارکسە بە دیاریکراوی. ئەم کۆمۆنیزمە، نەخشەیەکی پراتیکی دادەرێژێت، بێگومان بەپێی تیۆری شۆڕشگێرانە؛ کۆمۆنیزمی مارکس، ئاڵای مارکس.

بزوتنەوەی کرێکاریی هوشیار بۆ چینەکەی، نەخشە دەکێشێت بۆ خەباتی ڕۆژانە و لە جەرگەی ئەو خەباتەدا، تێدەکۆشێت کە خۆی ڕێکخراو بکات وەک چینێک و هێزێکی چینایەتی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، وەک دەستپێکێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی. بەپێی ئەم ڕیبازە بزوتنەوەی کرێکاریی دەبێتە خاوەنی خۆی و ڕزگارکەری کۆمەڵگای بەشەری. بەم پێیە دوای ڕووداوەکان ناکەوێت و ئەو ڕووداوانە نایان هەژێنێ کە بورژوازی دەیخولقێنێت، نەک لەسەر ڕێگای خۆی لاینادات، بەڵکو  هاوشانی ئاڵوگۆڕەکان، هەر فرسەتێک دەقۆزێتەوە کە لەبەرژەوەندی پڕۆژە و هیواو و ئامانجەکانیدایە. وەک دەبینین لەم قۆناغەدا، ڕاماوە و هەڵوێستەی گرتووە، چونکە لەباری سیاسیەوە وەک بزوتنەوەیەک ئامادە نیە ، ئەوەش بە هۆی نەبوونی ئاڵای مارکسەوەیە. هەر وەک جەختمان کردەوە، ئەم تێڕوانینە ئەم قۆناغە دەگرێتەوە، و بەپێی ئەم ستراتیژییە گشتیە -پێویستە بە وردبینیەوە ستراتیژی بنوسرێت-.  بە وردبینی بنوسرێت، واتە درکی باری بابەتی ئەمڕۆی چینەکەمان بکەین. لێرەدا لەسەر ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتاریایە کە جەخت و فۆکەس بخەنەسەر ترۆیکای خەباتی کۆمۆنیستی”تیۆری، پروپاگەندە و ڕیکخستن”. لەم قۆناغەدا ناتوانین ئەم سێ ئەرکە لە یەکتر جیابکەینەوە، لە کاتێکدا کە چینی کرێکار  لەباری هزر و  سیاسەت و تەحزوبەوە ئامادەیی نیە. ئەم سێ بەشی ترۆیکایە، هەریەکەیان دابەش دەبیت بە چەند لق و بەشی ترەوە، و بە دیاریکراوی لە باری پراتیکیەوە پێویستە فۆکەس بخرێتە سەر خەباتی ڕۆژانەی بزوتنەوەی کرێکاریی، و ئامادەبوون تیایدا و بەرزکردنەوەی ئاستی تیۆری و سیاسی و ڕێکخراوەیی بەشی پێشڕەوی  چینی کرێکار. لەم دیدگایەوە هەربەشێکی ئەو ترۆیکایە دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکی دیکەدا کە لێرەدا بواری شڕۆڤە کردنیمان نیە.

بەم پێیە، جەنگ و خەباتی چینی کرێکار دژ بە چینی بورژوازی، چینێک کە پێویستە لەباری سیاسیەوە بڕوخێنرێت، کاری بەردەوام و هەمە ساتە و هەموو ڕۆژەیە. لەم ڕوانگەیەوە هەموو بیرکردنەوە و هەموو کار و گشت چالاکیەک لە بەرژەوەندی ئەم جەنگە و بۆ ئەم ڕۆژەیە، ڕۆژی شۆرش. بۆیە چینی کرێکار و بەشی پێشڕەو و ڕۆشنبیرەکانی، کێوێک کاری کەڵەکە بوو لەسەر شانیانیە کە مێژوو جێبەجێی نەکردووە. کاری هاندانی بەردەوام بۆ خەباتی ڕۆژانە لە دەروونی چینەکەماندا لە پێناو ڕیفۆرمی سیاسی و ژیان و گوزەراندا. خەباتی ڕۆژانە سەنتەری بەهێزکردنی کۆمۆنیزم و  بەرزکردنەوەی ئامادەیی سیاسی و تیۆری و ڕیكخستنە. کارکردن بۆ ڕۆشنکردنەوەی لایەنەکانی خەباتی ڕۆژانە لە دروشم و ڕیکخستنی مانگرتن و میتنگ و خواستەکان و هەروەها مانۆری تەکتیکی ڕۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا و دامودەزگاکان و دەوڵەتدا، هەمووی بەشێکە لە چالاکی ڕۆژانە. پاشان چۆن خۆیان ڕیکخراو دەکەن؟! خۆیان ڕێکخراو دەکەن لەسەر ئاستی کۆمپانیا جیهانیە گەورەکان یان بەپێێ پیشە، یان لەسەر ئاستی کەرەتەکانی تەکنۆلۆژیای ناوخۆ؟! پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریی بیردەکەنەوە، چۆن و بە کام شێوە، مانگرتن یان ناڕەزایەتیەکەیان بەڕێوەدەبەن؟!وە چۆن پێشڕەوانی چینەکە لە هەڵقەی مارکسیستی و کرێکاریدا  ڕێکدەخەن، ئایا بە شێوەی نهێنی یان ئاشکرا یان نیمچە ئاشکرا؟! چۆن کۆمیتە کرێکارییەکان لە شوێنی کاردا پێکدەهێنن؟! وە چۆن دەتوانین وەڵامی ئەو مەسائیلە هاوچەرخانە بدەینەوە کە بورژوازی خوڵقاندوونی و بوونەتە ڕێگر لە بەردەم گەشەی ڕێکخراوەیی و سیاسی چینەکەماندا؟!. هەموو ئەو باسانە و زۆر باسی تر، جێگای بیرکردنەوەی پێشڕەوانی چینی کرێکار و ڕۆشنبیرەکانی دەبن. بۆیە هەمیشە کاری نەپساوە و بەردەوامیان هەیە لە هەموو چرکەساتێکدا تاکو گەیشتن بە ” هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەت”. بەپێی ئەم ڕیبازە کاتیان نیە کە ڕاکەن بەدوای ڕوداوەکاندا، وە کاتیان نیە بۆ ئەو ئاکسیۆنانەی کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا نیە. ئەوە ڕوونە کە مانگرتن و خۆپیشان و میتنگ، ناڕەزایەتیە کرێکارییەکان ئاکسیۆنن و تەنانەت ناردنی شاندێکی هاوپشتی بەکاری ئاکسیۆنی ئەژمار دەکرێت، بەلام ئاکسیۆنیزم نیە چونکە؛ لەلایەن کۆمۆنیزمی پێشڕەوی خۆیانەوە، بەپیی بەرژەوەندی چینایەتی ڕۆشن و وەک بەشێک لە کاری بەردەوام و نەخشەکێشراو، لە چوارچیوەی بەجێگەیاندنی ئامانجەکانیاندا داڕێژراوە، وەک پراتیکی چینایەتیان نەک – لەپێناو خودادا!!-.  وە نەک لە بەر ئەوەی کاری دیکە نازانن، وە نەک لە بەرئەوەی چالاکی تریان نیە و بێکارن لە باری چالاکیەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە لە پێناو بەهێزکردن و ڕێکخستنی خەباتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەشێوەیەکی بەردەوام.

تێزی دوانزەیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــەم

بەپێی لێکدانەوە و شرۆڤەی تێزەکانی سەرەوە، گە یشتینە دوا تێزەکانی سەرەتای کاری “ئاڕستەی مارکسیستی هاوچەرخ”. دوا تێز، بەڵام تێزێکی گرینگی سەردەمی ئەمرۆی ئێمە، سەردەمێک کە بە سەردەمی ناحزبی و شێواندنی تەحزوبی چینایەتی دەناسرێتەوە. دەناسرێتەوە بە ڕق و کینە دژ بە ئەحزابی بورژوایی دەسەڵاتدار و دەرەوەی دەسەڵات لە ئاستی جیهانیدا. ئێمە جەخت دەکەینەوە سەر ئەوەی کە پایەکانی حزبی کۆمۆنیستی مارکسی ، دەرکەوتەی پێگەی چینی کرێکار و خەباتی بەردەوامیەتی، هەروەک لە تێزەکاندا هاتووە. بەرئەنجامی پەیوەندی خەباتکارانەی نێوان ڕۆشنبیرانی پرۆلیتاریا و پێشڕەوانی چینی کرێکارە. ناوەرۆکی هەموو تێزەکانی سەرەوە، لە ڕووی هزر و سیاسەت و ئاراستەی سیاسی و شێوازی کاری جیاوازەوە، بێ ئەم تێزە مانایەکی پراتیکی نابێت، بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار. چینی کرێکار و بزوتنەوەکەیان بەبێ ڕێکخراوبوون و بە دیاریکراوی بێ حزبی چینایەتی خۆیان ناتوانن ڕزگاریان بێت، لە سەرمایەداری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی و هەروەها توانایی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکیان نابێت کە کۆتایی بە خاوەندارێتی تایبەت بهێنێت. پێکهێنانی حزبی لەو چەشنە لەم قۆناغەدا لە وڵاتێکی دیاریکراودا، پێویستی بە یەکگرتنی نێوان ڕۆشنبیرانی پرۆلیتاریا و پێشڕەوانی چینی کرێکار هەیە. پێویستە لەسەر ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتاریا، کە باری چینی کرێکار شۆرشگێر بکەن لە ڕێگای هزر و سیاسەت و تیۆری شۆڕشگێرانەی مارکسیستی هاوچەرخەوە، نەک کۆپیکردن و دووبارە بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکانیان- کە ئەمەش پێویستە- بەڵام سەرەکی نیە. لێرەدا پێوانەکەمان پراتیکی و دیاریکراوە لە چوارچێوەی بزوتنەوەی کرێکاریدا. کاتێک دەڵێین بە شۆڕشگێرکردنی سیاسی و هزری و ڕێکخراوەیی لەم قۆناغەدا، مەبەستمان لایەنی پراتیکی و دڵنیابوون لە ڕاست و دروستیەکەیەتی بە شێوەیەکی بابەتی، بۆ ئەوەی بتوانین، بەشێوەیەکی کۆنکرێت، شۆرشگێربوونی بەشی پێشڕەو لە پراتیکدا ببینین. تەنها لەم ڕیگا بابەتیەوە ئەم ئەنجامە مەیسەر دەبیت،  نەک هیچ پێوانەیەکی تر.

ڕێگرییەکانی بەردەم حزبی چینایەتی لە عێرقدا کامەن؟! ڕێگرییەکانی بەردەم حزبی چینایەتی لە کوردستان کامەن؟! ئایا پێویستە لە عیراق و لە کوردستاندا دوو  حزب پێک بێت، یان پێکهێنانی حزبێکی عێراقی یەکگرتوو؟! کامەیە ئەو باسە سیاسیە گەرمانە کە پێویستە لەسەر ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتاریا وەڵامی بدەنەوە؟! نەک تەنها لە باری سیاسیەوە، بەڵکو پێش ئەوە لەباری فکری و تیۆرییەوە. گرێوگۆڵەکانی بەردەم ڕێكخستنی چینایەتی لە عێراقدا کامەن؟! وەک سەندیکا و یەکێتیەکان و لە سەر ئاستی خەباتی ڕۆژانە و پەیوەندییان بە شۆرشی کڕێکارییەوە. ڕێکخراوکرنی سەرەتایی چینی کرێکار لە عێراقدا یان لە کوردستاندا کامەیە؟! ئایا لە کۆمیتە کۆمۆنیستەکانەوە دەست پێدەکەین؟! یان  لە شانە کرێکارییەکانەوە، یان لە کۆمیتەی کرێکاریی یان کۆمیتەی کارگەکانەوە دەست پێدەکەین؟! ئایا ئەم شرۆڤە جیاوازانە ، شێوازی نەریتێکن یان نا؟! ئەو بزوتنەوە سیاسیانە کامەن کە ڕێگری کۆمەڵایەتین لە بەردەم گەشە و ڕێکخستنی چینی کرێکاردا؟! بیرمەند و سەرکردەکانی کێن؟!. هەروەها لە ئاستی پراتیکیدا ڕێکخراوکردنی بەشی پیشڕەوی کرێکاران، بەشێوەیەک کە بۆیان گونجاو بێت، لەم هەلومەرجەدا. هەوڵدان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی هاوپشتی و ئەنتەرناسیوناڵی نێوان کرێکاران لە وڵاتە جیاوازەکاندا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان لەو شوێنانەی کە زەمینە بۆ ئەمکارە لەبارە. ئەم باسانە و باسی دیکە پێویستە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ ببێتە جێگای پلمیک و قسەو باس. بەڵام نەک گفتوگۆیەکی نهێنی و مەکتەبیانە، وە نەتەنها لە چوارچێوەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئێستادا، بەڵکو  لە جەرگەی خەباتی چینایەتیدا. گفتوگۆ و خەباتی تیۆریمان ڕمێکە یان دەبێت ڕم بن ، بە ڕووی چینی بورژوازی و بزوتنەوە سیاسییە جیاوازەکانی و دەسەڵاتەکەیدا. دوای ئەم  تێزانە ، کە خۆیان کۆمەڵە تێزیکن لە پێناو ڕەخنەگرتن لە مێژوو، مێژوویەک کە مێژووی خۆمانە و جێگای شانازیمانە، سەرەڕای هەر گرفت و کۆسپێک کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە لەم ڕێگا دریژەدا، کاری سەرەکیمان ئەوەیە بچینە سەر ڕێگای دروستی چینایەتی. بە مانایەکی تر ئەم تێزانە و شیکردنەوەیان بۆ تێپەڕاندنی  مێژوو بووە. ئەم مەسەلەیە پێویستی بە سەلماندنی ڕاست و دروستی تێزەکان هەیە لە واقعدا، نەک هیچ پێوانەیەکی تر. 

لە کۆتاییدا” ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ” دڵ و مێشکی بە تەواوی کراوەیە، بۆ هەموو ئەوانەی کە هاوبەشن لە گەڵیدا لە پێناو پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی مارکسیدا. وە سەرەڕای هەر جیاوازیەکی سیاسی و فکری کە هەبێت، پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم ئەرکە گرینگ و ئەم ئامانجە گەورەیە ببینەوە، یان بەو پێیەی کە ڕێکدەکەوین لەسەری لە چوارچێوەی پلمیکێکی سیاسی  مۆدێرن و  ڕۆشندا.

2020.05.20

پەراوێزەکان:

  1. لینکی تێزەکان : ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حزبێکی مارکسی
  2. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە ٢١.٠٧.١٩٩٣ دا دامەزرا بە دەستپێشخەری ڕاستەوخۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و هاوڕێ مەنسور حیکمەت. حزب کاتێک لە ڕاستیدا دامەزرا کە ڕابەرانی ڕێکخراوەکانی ئەو کاتە- ڕەوتی کۆمۆنیست، سەرنجی کرێکار، یەکێتی خەبات و کۆمەڵەی ئازادی چینی کرێکار- ڕازیبوون بە پەیوەست بوونی ڕێکخراوەکانیان بە حزبەوە. بەم پێیە حزب بە ئیمزای ١٠(دە) لە ڕابەرانی ئەو ڕێکخراوانە لەو کاتەدا پێکهات لەسەر بنەمای نامەیەکی هاوڕێ مەنسور حیکمەت. هەندێک ئەڵقە و مەحفەلی تریش لە دەرەوەی ئەم سێ ڕێکخراوە بە حزبەوە پەیوەستبوون.
  3. فراکسیۆن یان باڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریی: فراکسیۆنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ٠١.٠٨.١٩٩٠ دا لە ناو ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بە ڕابەرایەتی مەنسوری حیکمەت و ئیرەجی ئازەرین و ڕەزای موقەدەم و کورشی مودەڕیسی پێکهات. شەڕ دژی عێراق و قووڵبوونەوەی کێشەناوخۆییەکان لەسەر جەنگی کەنداو پاڵی بە فراکسیۆنی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە نا کە جیابوونەوەی خۆیان لە حزب ڕابگەیەنن. وە لە ٣٠.١١.١٩٩١ دا دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ڕاگەیەندرا بەئیمزای ئەو چوار هاوڕێیەی کە  ڕابەرایەتی فراکسیۆنیان پێکهێنابوو.
  4. حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ٠٢.٠٩.١٩٨٣ دا دامەزرا. پێکهێنەرە سەرەکیەکانی بریتی بوون لە کۆمەڵە- کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان لە کوردستان- و یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی بە ڕابەری مەنسور حیکمەت و ڕەوەند و ڕێکخراوی تر وەک ڕێکخراوی پەیکار- خەبات لە پێناو ئازادی چینی کرێکاردا.