کاتێک شاسوار دەبێتە پێشڕەوی ناڕەزایەتیەکان!

لە چەندین ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان قوڵپی داوە بەرامبەر بە نەبوونی مووچە و پێداویستیە تەندروستیەکان و نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و نەبوونی ئازادی سیاسی و پێشێلکردنی مافە سەرەتایی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستاندا.

وێڕای نەبوونی مووچەو کەمی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، پەتای کۆرۆناش ئەوەندەی تر باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی قورسترکردۆتەوە و تەنانەت هێندەی نەماوە خۆکۆشتن ببێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی.

پایەی سەرەکی ناڕەزایەتیەکان

مەسەلەی سەرکەی ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی وەتەنگهاتووی کوردستان یەک پایەی ئەسڵی هەیە کە ئەویش هاتنە مەیدانە بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان. کەواتە مەسەلەی سەرەکی ئەم خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر بڕین و نەدانی مووچەکانیان و خاڵی بونی سفەرەی نانخواردنیانە. بۆیە باسی ئۆبژێکتیڤ ئەوەیە کە پڕۆلیتاریا و توێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگای کوردستان ناڕازین و ئەمەش کرۆکی ناڕەزایەتیەکانیانە. تازەترین نموونە ناڕەزایەتی شۆفیرەکانی زاخۆ و دهۆک و ئاکرێ یە بەرامبەر بە ڕێگەدان بە بارهەڵگرەکانی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەمە مانایەکی هەبێت تەنها ئەوەیە کە ئەم شۆفێرانە لەبەرامبەر بڕینی قووتی ڕۆژانەیاندا هاتوونەتە مەیدان نەوەک هیچ شتێکی تر.

تێوەپێچانی هەر باسێکی تر لەم خواستە بابەتی یە، خواستی دابینکردنی مووچە،  و بردنی بەرە و هەر ئاقارێکی تر لە چەشنی ڕووخانی حکومەتی کوردستان، کە لە ڕاستیدا بوونی نیە، یان هەڵبژادنی پێشوەخت، یان دابینکردنی هەموو مووچە و دەرماڵەکان  لە لایەن حکومەتەکەی کازمی یەوە و بەستنی ئومێد و هیوا بە بەغداوە، وە یان چاکسازی کۆمەڵایەتی و هتد. جگە لە زەربەدان لەم ناڕەزایەتیانە و ئاوکردن بە ئاشی دەسەڵاتی سەرمایە و میلیشیایی پارتی و یەکێتی دا هیچی تر نیە. ئەم بەلاڕێدابردنە چەندێک بە قازانجی بورژوازی و سەرمایەداری کورد تەواو دەبێت و مومکنە بۆ چەندین دەورانی تر لە دەست تووڕەیی جەماوەر و ڕاپەڕینی برسیەکان بیانپارێزێت، ئەوەندەش دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی ئەم ناڕەزایەتیانە و پەرشکردنی و تووشی زەربەی گەورەی دەکات و هەمیشە کاتی دەوێت تا بتوانێت جارێکی تر پشت ڕاستبکاتەوە و بێتەوە مەیدان. بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە سۆشیالیستەکان و ڕابەرانی واقعی ناڕەزایەتیەکان، هەوڵبدەن ئەم بزووتنەوەیە سەرتاسەری و ڕێکخراوبکەن بە دەوری خواستی سەرەکی دابینکردنی مووچەی مانگانە و بە شێوەیەکی تەواو.

سەرمایەگوزاری شاسوار بە ناڕەزایەتیەکانەوە

بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا شاسوار عبدالواحد، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بانگەوازی خەڵکی ناڕازی کوردستان دەکات کە لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بێنە مەیدان. شاسوار دەیەوێت جارێکی تر سوار شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی چینی پڕۆلیتاریای کوردستان و خەڵکی وەتەنگهاتوو بێت. دەبێت خەڵکی کوردستان بزانن شاسوار بۆ ناڕازیە؟ شاسوار بەوە ناڕازیە کە وەک بەشێک لە سەرمایەی گەورەی کوردستان، بەشی زیاتری دەوێت لە دەسەڵاتی سەرمایەداری و لە هەمانکاتدا دەیەوێت وەک نوێنەری بزوتنەوەیەکی نوێ، لیبڕال، پێگەی خۆی لەبەرانبەر ناسیونالیزمدا بەهێزتر بکات. ئەو بۆ بردنەپێشەوەی ئەم کارەی نە میلیشیای هەیە  و نەوەک گۆڕانی دەستەخوشکیشی لە کاریزما بەهرەمەندە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان. ئەو دەزانێت پایەی نەریتەکانی لیبڕالیزم لە کۆمەڵگادا هەیە کە ئەویش حوکمی بازاڕە و دەیەوێت لێرەوە بەشێکی زیاتر لە سەرمایەگوزاری کوردستان بۆ خۆی و بۆ حزبەکەی بەرێت و باڵانسی سیاسی خۆی لە ناو ئەحزابی سیاسی کوردستان و عێراق دا بەرزبکاتەوە و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک وەک بەردەبازێک بۆ گەشتن بەو ئامانجانەی خۆی بەکاربهێنێت. خەڵکی کوردستان لە مێژەوە و لەسەردەمی ١٧ ی شوباتدا و ئەوکات لەسەر دەستی هێزێکی ناسیونالیستی-ئیسلامی ئەو سەردمەی  وەک گۆڕان دا، ئەم سیاسەتە فریودەرانەیەی  تاقیکردۆتەوە. دەبێت پڕۆلیتاریای کوردستان و بەشمەینەتان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگاش بە ئاگابن لەم گەمەیەی بورژوازی کوردستان و نەکەونە داوی هێزێکی تری هارتر لە هەموو هێزەکانی تر لە گۆشەنیگای بازاڕ و سەرمایەگوزاریەوە. کەواتە شاسوار بەوە ناڕازیە کە دەیەوێت کاراکتەرێکی سەرەکی و بەشێک بێت لە دەسەڵاتی سەرمایەداری گەورەی کوردستاندا. ئەم جووڵانەوەیەی ناوی نەوەی نوێ یە لە ڕاستیدا نوێ یە بۆ کوردستان ئەگەرچی لیبڕالیزمەکەی ئەو دەمێکە لە ئاستی جیهاندا دەستبەکارە و تاقیکراوەتەوە، بەڵام نوێ یە بۆ کوردستان. جوڵانەوەکەی دەیەوێت سەرخانێکی سیاسی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بێنێتە مەیدان بەپێی ئەو ژێرخانە ئابووریەیەی کە باسمانکرد. لە ڕاستیدا شاسوار هەر وەک خۆشی ئیشارەی پێدەکات کێشەی نیە کێ حوکمی کوردستان دەکات و کوردستان دەمێنێت یان نا، وە مووچەش کێ دەیدات. هەر بۆیە زۆربەی کات ڕووی دەمی دەکاتەوە پارتی و یەکێتی و دوایان لێدەکات کە عاقڵبن تا ئەم بتوانێت بەپێی ئەو نەریتە ئابووریەی کە دەیەوێت سەرخانی کۆمەڵگا سازبداتەوە کە چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای ووڵاتانی جیهان بە گۆشت و ئێسقان ئەمەیان تەجروبەکردووە و دەزانن کە هیچی، بێجگە لە هەژاری و بێکاری و لەدەستدانی خزمەتگوزاریەکان و کەمی کرێ و بەهرەمەندنەبوون لە خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان، بە دیاری بۆ نەهێناون و دەبێت شە و ڕۆژ بجەنگن بۆ دابینکردنی بژێویان.

ئەرکی کۆمۆنیستەکان و بەشی پێشڕەوی پڕۆلیتاریا

لەم ڕوانگەیەوە، هەر هێز و لایەنێک خۆی بە چەپ و کۆمۆنیست پێناسە دەکات و دەیەوێت خەباتکاری ڕیزی چینی پڕۆلیتاریای کوردستان بێت، تا لەم بەشمیەنەتیە ڕزگاریان بێت، نابێت یەک زەڕڕە تەوەهومی بەم خۆپیشاندانانە هەبێت کە شاسوار و جووڵانەوەکەی بانگەوازی بۆ دەکەن. هاوکات نەک نابێت خۆیان بەشداری تیادا بکەن و بە دانی ووتارێک پێیان وابێت ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێهێناوە، بەڵکو بەشداریکردنیان زەربەدانە لە ناڕەزایەتیە بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان و ئاوکردنە بە ئاشی بورژوازی کوردا. هاوکات دەبێت هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵوێستەی جدییان هەبێت و قسەی ڕۆشنی خۆیان بکەن و ڕاشکاوانە بانگەوازی خەڵکی کوردستان بکەن کە لەم جۆرە خۆپیشاندانانەدا بەشداری نەکەن و نەبنە بەرلەشکری هێزە بورژوازیەکان. تەجروبەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە ئەمەی بە ڕۆشنی نیشانداوە کە چۆن خێرا ئەم هێزە بورژوازیانە بە شێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو ئەم ناڕەزایەتیانە بەلاڕێدادەبەن و خواستی سەرەکی، کە دابینکردنی مووچەیە دەگۆڕن بە خواست و مەرامە سیاسیەکانی خۆیان و دەیگەیەننە بڕوخێ و لە خوێن هەڵکێشانی ناڕەزایەتیەکان لە نا ئامادەیی بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار و نەبوونی ئاسۆیەکی مارکسیستی ڕۆشن و ڕێکخراو و زاڵ بەسەر ئەم ناڕەزایەتیانەدا. بۆیە ئێمە نەک ناچینە پشتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم چەشنە کە هیچ تەباییەکی لەگەڵ ئاسۆی سۆشیالیستی دا نیە، بەڵکو بانگەوازی هەموو ڕێکخراو  ئەحزاب و گروپە چەپ و مارکسیستیەکان دەکەین کە نەک بەشداری نەکەن و هەڵوێستی ڕۆشنی خۆیان ڕابگەیەنن، بەڵکو ڕێنیشاندەری پڕۆلیتاری و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانیش بن بۆ جیاکرنەوەی ڕیزی خۆیان لەم هێزە بورژوازیانە بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە و لە هەوڵی ڕێکخستنی خواستە سەرەکیەکەی خەڵکی کوردستاندابن کە دابینکردنی مووچەو گەڕاندنەوەی مووچە بڕدراوەکانیانە.

 شاسوار عبدالواحد پێویستی بە دەنگدەرە و پێویستی بەوەیە کە خەڵکانێکی زۆر شوێنی بکەون و جەماوەرێکی زۆر متمانەی پێبکەن بۆ ئەوەی مەرامەکانی جوڵانەوەکەی بەدەستبهێنێت. هەر بۆیە شاسواریش وەک هەر بزووتنەوەیەکی تری بورژوازی بە ناوی جەماوەرەوە قسەدەکات. دەیەوێت بە جەماوەری بقەبڵێنێت کە بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانیانە بۆ ئەوەی جووڵانەوەکەیان لە خشتەبرێت و لە ناوەڕۆکە سیاسی و ئابووریەکەی خۆی دایبماڵێت و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی چینی سەرمایەداری کوردستان و لە بنەوە خۆیان و سیستەمەکەیان لە ڕیشەدەرکێشێت.

گرەوی برەودان  و بەسەرکەوتن گەیاندنی ناڕازەیەتیەکان لە چیدایە؟

خاڵێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە چۆن دەتوانێت گەشەبکات و پەرەبستێنی بە ئاقاری داخوازیە ڕەواکانی خەڵکدا؟ هەموو ئەزموونەکانی پێشوتر ئەوەیان بەڕۆشنی نیشانداوە کە بێ ڕێکخراوبوون و بوونی ئاگایی چینایەتی مەحاڵە ئەم ناڕەزایەتیانە بە ئاکامێک بگات. ئەم دوو هۆکارەش لە ناڕەزایەتیەکاندا زۆر لاوازە و ئەرکی کۆمۆنیستەکان و بەشی پێشڕەوی پڕۆلیتاریا ئەوەیە کە پەرەیان پێبدات. با ئاگایی سۆشیالیستی لەولاوە بوەستێت کە دەتوانین بڵێین هەر نیە و ئاسۆیەکی زاڵیش نیە و تا ئێستا ئەم بزووتنەوانە نەیاتنتوانیوە ڕیزی خۆیان بەپێی ئەم ئاگاییە چینایەتی و سۆشیالیستیە جیابکەنەوە. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش لە جێگای برەودان بەمە، دەرگیری بەشداریکردن و شوێنکەوتنی ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی بوونەتەوە کە بۆتە هۆی لێڵکردن و تێکەڵکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەم دوو چینە دژ بەیەکەی کوردستان کە هیچ ئامانج و خواستێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نیە جگە لە هاتنە مەیدان و سەرجادە.

ئەوە ئاشکرایە کە ئێستا خەڵک وەتەنگ هاتوون و ناتوانن چاوەڕوانی دەسەڵاتی سۆشیالیستی بکەن. بەڵام مەسەلەی سەرەکی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، یەکبوون و یەکگرتووبونە لەسەر دروشم و خواستی سەرەکی بەشە جیاوازەکانی پڕۆلیتاریا و خەڵکی مەحروم، کە ئەویش دابینکردنی مووچەیە و کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوونە بە ئەشکالی جۆراوجۆر بە دەوری ئەم داخوازیەدا. بەبێ خواستێکی یەکگرتوو، وە ڕیکخراوبوون بەدەوری ئەو خواستەدا، ئەم ناڕەزایەتیانە بە هیچ ئاکامێک ناگات بە قازنجی خەڵک. هەموو چین و توێژە جیاوازەکان دەتوانن و دەبێت لە ناوەندەکانی خۆیانەوە دەست بۆ سەرەتاییترین جۆری ڕێکخراوبوون بە دەوری ئەم خواستەدا بەرن. هاوکات دەبێت ئەوە بزانین کە هەندێک توێژی کۆمەڵگا ناتوانێت بە لەسەرجادەبوونی زیانێک بە دەسەڵاتدارانی سەرمایەی کوردستان بگەیەنێت، مەسلەکە ئەوە نیە کە داخوازی ئەم توێژانە ڕەوا نیە، بەڵکو مەسەلەکە ،بۆ نموونە، ئەوەیە کە داخستنی قوتابخانەکان و مانگرتنی مامۆستایان زیانێکی گەورە بەم دەسەڵاتە ناگەیەنێت

هەر ئێستا دەکرێت جەماوەر بە هەر شێوازێک کە خۆیان پێیان گونجاوە لە هەموو شوێنەکانی کار و ژیان و لە گەڕەک و کارگا و قوتابخانە و نەخۆشخانە و هەموو کەرتەکانی تری خزمەتگوزاریدا  شێوازی سادە و گونجاوی خۆیان لە ڕێکخراوبوون بەدەستەوەبگرن. دەکرێت کۆمیتەیەکی سەرتاسەری لە نوێنەرانی هەموو ئەم ناوەندانە پێکبهێنرێت  بۆ بردنە پێشەوەی ئەم خواستە بابەتیە. ئەم کارە هەر ئێستا کردەنی یە و دەتوانێت ڕۆبچێتە خوارە بۆ ناو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا. ئەم کارە دەتوانێت لە شوێنێکەوە دەستپێبکات و ببێتە ئەلگۆی خەبات و ناڕەزایەتی بە هەر شێوەیەک کە لە توانادایە. لەم ڕاستایەدا دەبێت ئاگایی چینایەتی و سۆشیالیستی ببرێتە سەر و بە ئاشکراو بە ڕاشکاوی ڕابگەیەنرێت کە بە بێ ئەم ڕیزجیاکردنەوە و ئاگاهی یە هەنگاوەکانمان ناکام دەمێنێتەوە. لەم ڕاستایەدا پێم باشە ئەم نووسینە بە وەرگیراوێک لە لینین کۆتایی بهێنم لە نووسراوەی “ئەرکە هەنووکەییەکانمان”. لینین دەڵێت:

“هەمووان هاوڕان  لەسەرپێویستی دەستبەکاربوونمان بۆ سازماندانی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا. بەڵام خەباتی چینایەتی چیە؟ ئایا بەرەنگاربوونەوەی کرێکارانی کارگەیەک یان پیشەیەکە بە ڕووی خاوەنکارەکەیاندا؟ نەخێر، ئەمە جگە لە ناوکۆکەیەکی (کۆرپەیەکی) بچووک هیچی تر نیە.  خەباتی کرێکاران نابێتە خەباتێکی چینایەتی تا ئەو کاتەی کە نوێنەران و بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار درک بەوە نەکەن کە ئەوان چینێکی کرێکاری یەکگرتوون و دەست دەدەنە هەڵسووڕان نەوەک دژ بەم یان ئەو خاوەنکار، بەڵکو دژی هەموو چینی سەرمایەدار و ئەو حکومەتەشی کە پاڵپشتی دەکات. تەنها کاتێک خەباتی چینی کرێکار دەبێت بە خەباتێکی چینایەتی کە هەر کرێکارێک ووشیاربێت بەوەی کە ئەو ئەندامە لەناو هەموو چینی کرێکاردا و، وە کاتێک کە بەوە ئاشنابێت کە خەباتی ڕۆژانەی بۆ خواستە ڕۆژانەکانی دژ بە خاوەنکار و بەڕێوەبەرانیان شەڕێکە دژ بە بورژوازی و دژ بە دەوڵەت، تەنها ئەو کاتە خەباتەکەی دەبێتە خەباتێکی چینایەتی. هەڵەیە ئەم دەستەواژە بە ناوبانگەی مارکس “هەموو خەباتێکی چینایەتی خەباتێکی سیاسیە” بەوە لێکبدەینەوە کە هەر خەباتێک کرێکاران پێیهەڵدەستن بەرامبەر خاوەنکاران، هەمیشە خەباتێکی سیاسیە. پێویستە بەم جۆرە لەو دەستەواژەیە تێبگەین: خەباتی کرێکاران دژ بە سەرمایەداران دەبێتە کارێکی سیاسی بەوپێیەی کە دەبێتە خەباتێکی چینایەتی. بۆیە سۆشیال-دیموکراتی ئەرکی گۆڕینی خەباتی عەفەوی کرێکاران دژ بە چەوسێنەرانیان دەگرێتە ئەستۆ بە ڕێکخراوکردنیان، و لە ڕێگای پڕوپاگەندە و هاندانەوە، و بردنەسەرەوەی تا ئاستی خەباتی حزبێکی سیاسی دیاریکراو لە پێناو نموونەی سیاسی و سۆشیالیستی دیاریکراودا. ئەم کارەش تەنها بە کاری محەللی ناتوانێت مەیسەربێت.” *

*وەرگێڕانەکە لە لایەن خۆمەوە کراوە لە دەقە عەرەبیەکەوە کە ئەمە لینکەکەیەتی: https://revsoc.me/wp-content/uploads/%D9%85%D9%87%D9%85%D8%AA%D9%86%D8%A7_%D8%A7%D9%84%D8%A2%D9%86%D9%8A%D8%A9.pdf