گەورەترین مانگرتن لە جیهان دا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کرێکار و جووتیار هیندستانیان پەکخست
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

گەورەترین مانگرتن لە جیهان دا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کرێکار و جووتیار هیندستانیان پەکخست

ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٧.١١.٢٠٢٠ زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کرێکار مانگرتنێکی یەک ڕۆژەیان بەرپاکرد. جووتیارانیش لە سەرتاسەری هیندستاندا، بە شێوازی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی دەربڕین، بە مانگرتنی کرێکارانەوە پەیوەستبوون دژ بە سیاسەتەکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ناریندرا مودی.   

 

ئەم مانگرتنە زەبەلاحە (لە ڕادەبەدەر گەورەیە) لە سەر بانگهێشتی ١٠ سەندیکای کرێکاری و زیاتر لە ٢٥٠ ڕێکخراوی جووتیاری بوو. هاوکات ئەم مانگرتنە ناڕەزایەتی جەماوەری گەورە و بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا کە بووە هۆی داخستنی نیمچە تەواوی بەشێک لە ویلایەتەکانی هیندستان.

کرێکارانی زۆربەی کەرتە پیشەسازیە سەرەکیەکان لە هیندستان بەم مانگرتنەوە پەیوەستبوون؛ لە نێویاندا کرێکارانی ئاسن و خەڵوز و پەیوەندیگرتن و ئەندازیاری وهاتوچۆ و بەندەرەکان و بانکەکان. هاوکات بەشداریەکی بەرچاویش لە لایەن خوێندکاران و کرێکارانی خزمەتکردنی نێو ماڵان و شۆفێران و چەندین کەرتی تر بەدیدەکرا.

ئەمەی لای خوارەوە بەشێک لە داخوازیەکانیان بوو:

  • وەرگرتنەوەی هەموو بڕیارەکانی دژ بە جووتیاران و یاسای کاری دژ بە کرێکاران.
  • پێدانی ٧٥٠٠ ڕوپیە بە هەر خێزانێک.
  • پێدانی ١٠ کیلۆ خواردنی مانگانە بە خێزانە کەم دەرامەتەکان.
  • بەرفراوانکردنەوەی (یاسای ماهاتما گاندی نیشتمانی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ دابینکردنی دامەزراندنی دێهاتی) .
  • ڕاگرتنی بە تایبەتکردنی کەرتە گشتیەکان، لە نێویاندا کەرتی بانکی و ڕاگرتنی بە تایبەتیکردنی دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکان کە لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن وەکو هێڵەکانی ئاسن و کارگەکانی پێداویستی جەنگی و بەندەرەکان و هتد.
  • پاشگەزبوونەوە لە یاسای خانەنشینی پێشوەختی بەزۆری فەرمانبەرە دەوڵەتیەکان و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی. دابینکردنی مووچەی خانەنشینی بۆ هەمووان و ڕەتکردنەوەی یاسای مووچەی نیشتمانی و گەڕاندنەوە و دووبارە کارکردن بە پلانی مووچەی پێشتر بە چاکسازیەوە.

 

ئەم خۆپیشاندانانە وەک کاردانەوەیەک دێت لەبەرامبەر ناردنە ماڵەوەی کرێکاران و خراپبوونی سیستەمی خوێندن و  هەموو ئەو نەهامەتیانەی تر کە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە بە هۆی پەتای کرۆناوە. ئامارە فەرمیەکان تا ئێستا تووشبوونی زیاتر ٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیان بەم پەتایە ڕاگەیاندووە  ئاماری گیان لەدەستچووانیش نزیک بە ١٣٥ هەزار کەسە و هیندستان دووەم ووڵاتی زیان لێکەوتووی جیهانە بەم پەتایە. ئەمە با ئامارە نافەرمیەکان و ئەوانەی کە هیچ کەس هەواڵێکی لە مەرگیان نیە لەولاوە بوەستێت. ئەمە بە جیا لەوەی کە ملیۆنەها ئینسان کارەکانیان و دەرامەتی خۆیان لەدەستداوە و دووچاری هەژاری و برسێتی زیاتر بوون لە ووڵاتێکدا کە لە ٥٠ ٪ منداڵانی بە دەست بەدخۆراکی یەوە دەیانناڵاند بەر لە هاتنی پەتاکەش.

حکومەتەکەی مودی، هەروەکو هەموو دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی تری جیهان، قازانجی کۆمپانیا گەورەکان و پارێزگاریکردن لە سەروەت و سامانی ملیاردلێرەکانی خستۆتە پێش گیانی کرێکاران و بژێویان لە بەرخوردکردن لەگەڵ پەتای کرۆنادا.

ئەم مانگرتنە ئەگەرچی یەک ڕۆژی خایاند، بەڵام نیشاندەری هێز و توانایی گەورە و لەبن نەهاتووی چینی پڕۆلیتاریای هیندستان دەردەخات. ئەم مانگرتنە دەتوانێت هیوابەخشنیت  بێت بۆ هەموو کرێکارانی جیهان بۆ بەکارهێنانی یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانیان لە بەرامبەر بورژوازی و سەرمایەداری و دامودەزگا دەوڵەتیەکانیاندا کە ئەویش چەکی ڕێکخراوبوون و مانگرتنە کە بە هۆیەوە دەتوانن ڕەوڕەوەی بەرهەمهێنان بوەستێنن و نمایشی هێزبکەن و ئاستی هوشیاری یەکبوون و یەکگرتووبوونیان بەرنە سەرەوە.

بابێین و کەمێک وردبینەوە، ئەگەر ئەم هێزە بە ئاگایی مارکسیستی یەوە بێتە مەیدان و هەڵگری ئاڵا و پەرچەمی مارکس بێت چۆن دەتوانێت جیهان بە قازانجی مرۆڤایەتی بگۆڕێت و نیزامی گەندەڵی سەرمایە بەسەر سەرمایەداراندا قڵپبکاتەوە و جیهان بخاتەوە سەرپێی خۆی.

 

 هەواڵەکە لەم سایتەوە وەرگیراوە لەگەڵ هەندێک دەستکاریدا:

 

https://www.leftvoice.org/the-biggest-general-strike-in-the-world-over-200-million-workers-and-farmers-paralyze-india