خۆپیشاندان لەبەردەم نوسینگەی سەرۆکی ئەمازۆن ئەنجام دەدرێت
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

خۆپیشاندان لەبەردەم نوسینگەی سەرۆکی ئەمازۆن ئەنجام دەدرێت

ئەمڕۆ هەینی دەیان کەس لەکرێکار و کارمەندانی کۆمپانیای ئەمازۆن لەبەردەم نوسینگەی جێف بیزۆس، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لەنیویۆرک کۆبونەوە و داوای زیادکردنی موچەکانیان و پاراستنی کارمەندانیان کرد، بەتایبەت کە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا نەبوەتەهۆی زیان بۆ ئەمازۆن و لەو ماوەیەدا داهاتەکەشی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردوە.

ئەو کەسانەی بەشداربون لە خۆپیشاندانەکەی بەردەم نوسینگەی جێف بیزۆس، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەمازۆن داوایانکرد موچەکانیان و دۆخی ئاسایشی کرێکار و کارمەندانی کۆمپانیای ئەمازۆن باشتربکرێت، بەوپێیەی لەماوەی یەک ساڵ دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  کۆمپانیای ئەمازۆن کە خزمەتگوزاری کڕین و گەیاندنی هەمو جۆرە کاڵایەک لەرێگەی ئۆنلاین دابین دەکات، داهاتەکەی نەک کەمینەکردوە هاوشێوەی زۆرینەی رەهای کۆمپانیاکانی دیکەی جیهان، بەڵکو لەو ماوەیەدا داهاتەکەشی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە.

چالاکییەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن کە جیف بیزۆس، دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان سەرپەرشتی دەکات وەکو یەکێک لە سودمەندانی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بوە باسی دەزگاکانی راگەیاندن، بەتایبەت کە کۆمپانیاکە لە مانگەکانی نیسان و ئایار لە هەمو چرکەیەکدا 11 هەزار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی کردوە.

سەرەڕای زۆری خواست لەسەر ئەمازۆن لەلایەن کڕیارانەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە رێگەی ئۆنلاین کە وایکرد داهاتی کۆمپانیاکە بەرزببێتەوە، بەڵام لە ماوەی رابردو ژمێریاری کۆمپانیای ناوبراو رایگەیاند، بەهۆی دابینکردنی چوار ملیار دۆلار بۆ دۆخی لەناوکاو و خستنەسەر کاری 175 هەزار کارمەندی نوێ، تێکڕای قازانجی کۆمپانیاکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێژەیەکی سنوردار گەشەی کردوە.

سەرچاوە : خەندان