- سەرمایەداری گەورە و بچوکی دونیا، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و بیرمەندانیان، ڕیێککەوتوون کە ئەزمەی قوڵی سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی کۆرۆناوە داپۆشن. کۆرۆنا بووە بە ڕووکاری شاردنەوەی قەیرانی قولی ئابوری سەرمایەداری لە جیهاندا، بەلام کۆرۆنا قەیرانەکەی چەند بار قوڵتر و قوڵتر کردۆتەوە. دوای قەیرانی کۆرۆنا و سووک بوونەوەی قەیرانی ئابوری، کۆمەڵگەی بەشەری لە سایەی هێز هاوسەنگیەکی تازەی نێوان زلهێزەکان، وە هەروەها هێز هاوسەنگی تازەی نێوان بورجوازی و چینی پرۆلیتاریادا دەژی.
- پەتای کۆرۆنا بوارێکی داوەتە دەست چینی بورژوای و قەڵەم بەدەستانی بەکرێگیراویان لە ئاستی جیهانیدا، کە جارێکی دیکە و لە سایەی هەلومەرجێکی سەخت و دژوارو ترس و دڵەڕاوکێدا، سنوری نێوان چینەکانی کۆمەلگە بسڕنەوە و لە ژێر ناوی “هەموومان چارەنوسمان هاوبەشە” درۆیەکی ئاشکرا بکەن بۆ خۆڵکردنە چاوی چینی کرێکار و خەڵکی مەحروم. وە بەم پێیە ژیان و گوزەران و تەندروستی و زەمانەتی کاریان، بکەنە مەکۆی بەرژەوەندی چینایەتی و قەیرانی ئابوری خۆیانی پێ پینە و پەڕۆ بکەن. لەوەش زیاتر لە حالێکدا کە بەشی زۆرینەی چینی کریکار لە ئاستی جیهانیدا لەسەر کارە و ناچارە بچێتە سەرکار، بورجوازی دەسەڵاتدار بە درۆی گەورەی “لە ماڵەوە بـمێننەوە” دا دەستیشتووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەرانبەر بەم پەتایە. ئەم پڕوپاگەندانەی بورجوازی و دەسەڵات و میدیاکەی، جگە لە بەلاڕێدابردنی خەباتی ئەم چینە و خاڵیکردنەوەی ناڕەزایەتیان هیچی تر نیە.
- سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان داوای “مانەوە لە ماڵەوە” دەکەن لە کاتێکدا کە زۆربەی کرێکارانی کۆمپانیا گەورە ودامەزراوە خزمەتگوزاری و بازرگانی و لۆجستیەکان کارەکانیان نەوەستاوە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کارگەکانی ئاسن و ئەلەمەنیۆم و چەک و تەقەمەنی و کەرتەکانی تەندروستی و ئاو و کارەباو و وزە و خانوبەرە و گواستنەوە و پاکردنەوە و بەندەرەکان و دامەزراوە لۆجستیەکانی هاوردە و نێردراوە و مارکێتەکان و دەیان کەرتی بازرگانی و پیشەسازی دیکە لە سەرتاسەری دونیادا و بێ گوێدانە هیچ مەرجێکی کارنەتینەکردن و خۆپارێزی کاردەکەن. تەنانەت کرێکاران لەسەر داواکاریەکانیان بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە هەڕەشەی لەسەرکارلابردنیان لێدەکرێت.
- بەم پێیە، بەشی زۆری چینی کرێکار و خەڵكی مەحرومی کۆمەڵگە بە ناچار لە دەرەوەن و دەچنە سەر کار. بۆیە هەنگاوی یەکەمی چینی کرێکار ئەوەیە کە خۆیان ڕێکخراوبکەن لە شوێنی کاری خۆیاندا و هەم خواستی زەمانەتی تەندروستی و دابینکردنی تەواوی پێداویستی یە تەندروستیەکان بکەنە داوایەکی ئەمڕۆی خۆیان و هەم لە هەوڵی سەپاندنی داخوازیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی دیکەیاندا بن. هەنگاوی دووەم ئەوەیە کە ئەم هەلومەرجە بکەنە سەکۆی خۆ ئامادەکردن بۆ نەبەردی دوای قەیرانی کۆرۆنا، کە هەر لەئێستاوە یەکێک لە نیشانە مەترسیدارەکانی لە بێکاری چەند سەد ملیۆنیدا خۆی نیشان دەدات.
- بۆیە لە سەردەمی کرۆناشدا چینی کرێکار و بورژوازی لە ململانێی چینایەتیدان و دوو چارەنوسی جیاوازیان هەیە. چینی کرێکار، ئەگەر خۆی ڕێکخراو و ئامادە بکات دەتوانێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا، وەک هێزێکی بەهێزی کۆمەلگە ڕۆڵی خۆی بگێرێت لە دیاریکردنی چارەنوسی کۆمەڵگەدا. هاتنەمەیدانی چینی کرێکار لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە، لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فەرەنسا و ئەمریکا و کەنەدا و یۆنان مشتێکن لە خەرواری ناڕەزایەتی ئەم چینە، کە لە شێواز و چوارچێوەی سەندیکایی هاتۆتە دەرەوە. لەهەمانکاتدا، کرێکاران دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی گەڕەکەکان، کۆمیتەی گەڕەکەکان پێکبهێنن، و کۆمیتەکانی دیکەی خزمەتگوزاری خۆبەخش بە دەوری خۆیاندا ڕێکخراوبکەن. بەم پێیە تۆڕێکی فراونی ڕێکخراوبوون، بەڕابەری کرێکاران لە ئاستی هەر شارێکدا مومکنە کە دەتوانێت هیزێکی گەورە نمایش بکات بۆ سەپاندنی خواستەکانی کۆمەڵگە. هیوایەک هەیە بۆ کۆمەڵگەی بەشەری. ئەو هیوایە لێرەوە، لە ناڕەزایەتیەکانی چینی کرێکارەوە دەستپێدەکات.
- بۆ بەرەنگاری و دەربازبوون لەدەست ڤایرۆسی کرۆنا و هەرچی نەخۆشی و بەڵایەکی تر هەیە پێویستە لە ڕێگای شۆرشی کرێکاریەوە لە دەست نیزامی سەرمایەدارای ڕزگارمان بێت تا ئینسانەکان بتوان بە ئاسوودەیی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بژین و ئەگەریش ئافاتێکی لەم جۆرە ڕووبەڕووی خەڵک بووەوە، ئەوا کۆمەلگە بە کەمترین زیان لێی دەربچێت. لە سایەی نیزامی سوودهێنەری سەرمایەداریدا ئەم کارە مومکن نیە و تا ئەو کاتە چارەسەری ئینسان دەکات کە پێویستی پێی بێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
١٢ی ئەپریل ٢٠٢٠