لە یادی تیرۆرکردنیاندا، سەرەخۆشی خۆمان لە خێزان و منداڵە جوانەکانی هەردوو هاوڕێ و هاوڕێیانیان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دەکەین و ئەم یادە بەرزڕادەگرین و بە یادی خۆمانی دەزانین. هاوڕێیان شاپورو قابیل، لەسەردەستی تیرۆریزمی ئیسلامی و لە پێناو ئامانجەکانی چینی پڕۆلیتاریا و خەڵکی مەحرومی کۆمەڵگەدا، گیانیان بەختکرد. هاوڕێیان پێش ٢٢ ساڵ، لەسەر دەستی هێزێکی بورجوازی تاسەر ئێسقان دواکەوتوو درانە بەر ڕێژنەی گولە. بەڵام، مەسەلەی سەرەکی تیرۆرکردنیان، پێگەی ئەوان بوو لە نێو پرۆلیتاریا وبەشی مەحرومی کۆمەڵگەدا بەتایبەت لە شاری هەولێرو دەورووبەریدا. پێگەو خۆشەویستی ئەوان لە نێو ڕیزێکی فراوانی ئاوارەکان و خەڵکی مەحروم و ستەمدیدەی شاری هەولێر و دەرکەوتنیان وەک نوێنەری ماف و داواکارییەکانیان. سەرەڕای ئەوانە، خەباتی ئەوان دژ بە کۆنەپەرستی و لەپێناو یەکسانی ژن و پیاودا، هاوڕییانی وەک رەمزێکی خواست و مافی بێکاران و ئاوارەکان و مافەکانی ژنان، هێنابووە ڕیزی پێشەوەی خەڵکی ناڕازی و مەحرومی کوردستان.
هاوڕێیان هەر لەسەرتاوە لەهەوڵی ڕێکخستنی ئاوارەکان و بێکاراندا بوون و ڕۆڵی بەرچاو و دامەزرێنەرەیان بووە لە ڕێکخراوی “کۆمەلەی ئاوارەکانی کوردوستان” هەروەها “یەکێتی بێکاران” دا. ڕێکخراوکردنی خەڵکی مەحرومی کۆمەڵگا یەکێکی تر بووە لە کارە سەرەکیەکانی هاوڕێیان. بەم پێیە کۆمۆنیزم بۆ ئەوان کارێکی پراتیکی و ئاڵوگۆڕبەخشی کۆمەڵگە بووە لە مەیدانی سەختی خەباتی نێوان بورجوازی دەسەڵاتدار و پرۆلیاریا لە کوردستاندا. ئەمە بناغەی تیرۆرکردنی هاوڕێیانە. بناغەیەک کە کۆی دەسەڵاتی بورجوازی ئەو کات لە شاری هەولێر، ڕێگر بووە و ڕێگری کردووە لە گەشە و فراوانبوونەوەیدا و ناڕەزایەتی و ڕێکخراوبوونی خەڵکی مەحرومی بە ترسێک بینووە لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی خۆیدا. تیرۆر کردنی ئەم هاوڕێیانە بەقازانجی بورجوازی بە ئیسلامی و ناسیونالیزم و دەسەڵاتەکەیانەوە بووە.
ئەمڕۆ لە یادی تیرۆرکردنی ٢٢ ساڵەی هاوڕێیاندا، نەک تەنها خەڵکی کوردستان بەڵکو پرۆلیتاریا و خەڵکی ستەمدیدە لە ئاستی جیهانیدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابوری قوڵی سەرمایەداری بۆتەوە، کە هەرچی زیاتر پێویستی بە خەباتێکی پراتیکیانەی مارکسیستی هەیە، بۆ ڕیشەکێشکردنی سیستمی سەمایەداری . ئەمە ڕیگای تێکۆشانی ئێمەیە.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
2020.04.18