لەپەیوەند بە گرێبەستی نەوتی نێوان قەسد و کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە!

جیهانێکی شێواو و ئاژاوەیە. سیستەمی سەرمایە لە قۆناغی تێپەڕی مێژووی خۆیدا، فراوانترین ئاست لە بێ سیستەمی و ئانارشی و نائارامی پیادە دەکات، نەک وەک بەرنامەیەکی دارێژراو و بیرلێکراوە، بەڵکو وەک ڕووبەڕووبونەوەیەکی بابەتیانە لەگەڵ ڕەوتی ئاڕاستەی قانوونمەندی مێژوویی قۆناغەکەدا. کەواتە ڕێگایەکی ناچاری بورجوازییە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە؛ لە سیستەمێکی لێکهەڵوەشاوەی جیهانیەوە بۆ سیستەمێکی جیهانی تازە.  لەم نێوەدا ئانارشی و بەیەکدادان و ئاژاوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها جەنگە گەورە و بچوکەکان ، جیهانێکی بێ یاسا- یاسا باوە نێودەوڵەتیەکان باویان نامێنێت- ، شوێنی قۆناغی جێگیر و ئاسایی سەرمایە دەگرێتەوە. بەتایبەت هەلومەرجی ئەم قۆناغەی سەرمایە کە دەرگیرە لە گەڵ قوڵترین ئەزمەی بناغەی خۆیدا، هیچ ڕێگاچارەیەکی کلاسیکی بورجوازی بەدەردی ناخوات. لەم نێوەدا سیاسەتەکانی دروستکردنی شەپۆل-ئاژاوە و نائارامی- بێ ئەوەی بگاتە کەنار، دەبێتە سیاسەتێکی بەردەوامی وڵاتانی زلهێز وەک ڕشتە یان زنجیرەیەک لە هەڵقەی تەکتیکی لە ئاژاوە و جەنگی بچوک و گەورە بە وەکالەت یان لە ڕێگای دەوڵەت و میلیشیایی جیاواز و فشاری ئابوری و دیبلوماسیەوە، ئەم سیاسەتە ئەگەر نەشگاتە جەنگی جیهانی، ئەوە ڕۆشنە کە  بەشێک بووە لە سیاسەتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری لە ماوەی ١٥-٢٠ ساڵی ڕابوردوودا و پێ بەپێ قوڵتربۆتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکا بە ڕۆشنی کایەی سیاسی خۆی دەکات لە ناوچەکەدا، لەبەرانبەر نەیارە زلهێز و ناوچەییەکانیدا، لە بەهاری عەرەبیەوە بگرە، تا هێرشی داعش و تا دەگاتە زەمینە سازکردن بۆ ڕیفراندۆم-سەیری لینکی خوارەوە بکە-* و تا هەوڵدان بۆ پشێوی نانەوەی گەورە لە ناوچەکەدا لە ڕێگای ڕەشەکوژی و ئابلوقەی ئابوری، تا دەگاتە دواین ڕێکەوتنی کۆمپانیەکی نەوتی بچوکی ئەمریکی بە ناوی Delta Crescent Energy LLC ‘دەلتا کریسێنت ئینێرجی’ لەگەڵ هێزەکانی قەسد لە سوریا، کە بەشی سەرەکی ئەم هێزانە پەیەدە پێکیدەهێنێت. ڕێکەوتنەکە لە لایەن ئەم کۆمپانیاوە بووە لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی وەک بەرپرسی هێزەکانی قەسد. ڕێکەوتنەکە پەیوەندی نیە –لەباری یاساییەوە- بە حکومەتی ئەمریکیەوە، بەڵکو هێزێکی سەربازی’قەسد’ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کردوویەتی، نەک حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یان تەنانەت دەزگای سی ئای ئەی یان وەزارەتی بەرگری پێنتاگۆن، بەڵکو لیندسی گراهام وەک ئەندامی شورای پیرانی ئەمریکا ڕێکەوتنەکەی لەزاری جەنەڕال کۆبانیەوە، ڕاگەیاندوە لە ٣٠ تەموزی ئەمساڵدا. بۆیە لەمبارەوە هەرکاتێک ئەمریکا هێزەکانی کشاندەوە یان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و جەزیرەی سوریا پاشەکشەی کرد،  یان هەر لێکەوتەیەکی سیاسی ڕووبدات، هیچ بەرپرسیاریەتییەکی یاسایی ناوخۆیی ئەمریکی یان نێودەوڵەتی ناکەوێتە سەرشان. مەسەلەکە بەتەواوی سیاسیە. کۆمپانیایەکی نەناسراو و تۆمار کراو لە بچوکترین و نەناسراوترین ویلاتەکانی ئەمریکایە. ولایەتی دیلاوێر کە ئۆفیسی سەرەکی ئەم کۆمپانیا نەوتیەی لێیە ، ژمارەی دانیشتوانەکەی ناگاتە ٨٠٠هەزار کەس و بەهیچ شێوەیەک پێشووتر چالاکی ئابوری نەوتی تێدا نەبووە و زیاتر وەک ناوچەی پیشەسازی کیمیایەکان ناسراوە. زۆر ڕۆش دیارە کە ئەم کۆمپانیایە،  هیچ کات لە ڕیزی “ڕانک’ی کومپانیا بەناوبەنگەکانی ئەمریکادا، ناوی نەبووەو تەنها یەک ساڵە دامەزراوە، ڕێکەوتنی کردوە لە گەڵ هێزێکی سەربازیدا ‘قەسد’؟!!. تەنانەت کۆمپانیای ئەکسۆن مۆبێل، وەک گەورەترین کۆمپانیای نەوت و گازی ئەمریکی ئەم گرێبەستەی قبوڵ نەکردووە و ڕەتیکردۆتەوە. ئەم ماستە بێ موو نیە!. ئەوەی ئەمریکا وەک حکومەت و وەزارەتی دەرەوە بە قسە لە پشت بڕیارێکی ئاوادایە، مەسەلەیەکی سیاسی و بەکارهێنانی ئەم هێزە کوردیەیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا لە ناوچەکەدا، دژ بە نەیارانی و بە تایبەت دژ بە سیاسەتەکانی وڵاتانی تورکیا و سوریا وروسیا لە ناوچەکەدا. هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەوانە “پەیەدە”ش هەمیشە وەرەقەی دۆڕاو بوون ، ئەم گاڵتەجارییە چەندین جار دووبارەبۆتەوە.

مەسەلەی سەرەکی  بۆ مارکسیزمی هاوچەرخ- وەڵامی کێشە وگرفتەکانی سەردەم لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی کرێکارانەوە- ناسیونالیزمی کوردە لە ناوچەکەدا، جا ناسیونالیزمی کوردستانی عیراق یان ئیران یان تورکیا و سوریا بێت زۆر جیاوازی نیە. ناسیونالیزمی کورد ناوچەییە و کاریگەریەکەشی ناوچەییە. لێرەدا ئەم دوو پۆینتە  گرینگن و جێگای بیرکردنەوەن.

یەکەم: ئەوەیە کە ناسیونالیزمی کورد لە سوریادا تا ئێستا نەیتوانیوە، وەک نوێنەری نەتەوەیەک لە سوریادا خۆی نمایش بکات، واتە نوێنەری چینی بورجوازی کورد، و وەک هێزە ناسیونالیستیەکانی تر لە سێ وڵاتەکەی تردا. بەمانایەکی تر ناسیونالیزمی کورد لە سوریا سەرەرای هەوڵەکانی، بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی و نوێنەرایەتیکردنی وەک نوێنەری چینی بورجوازی کورد لە سوریا سەرکەوتوو نەبووە. بەم پێیە و بە قەولی ئێریک هوبسباوم “ناسیونالیزمی کورد لە سوریا نەیتوانیوە، نەتەوە دروست بکات”(الأمم والنزعة القومية ص 17- زمانی عەرەبی/ ڕاڤەکردنی تێزەکەی هوبسباوم هی منە). دەتوانین بەمانایەکی تر لێکیبدەینەوە و بڵێین کە مەسەلەی نەتەوەیی کورد لە سوریادا تا ئاستی مەسەلە و بابەتێکی میژوویی ڕونەچۆتەوە نێو ململانێی سیاسی نێوان رژێمی نەتەوەیی بەعس و خەڵکی کورد زمانی سوریا و هێزە بورجوازییە کوردییەکان. بەپێچەوانەوە تا ساڵی ٢٠١١ پەیوەندی نێوان هێزە کوردییەکانی سوریا لەوانە پەکەکە کە پێگەی بەهێزی هەبوو لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی سیاسیدا بوون، دوای ئەوەش بە ڕیکەوتن حکومەتی سوری ناوچە کوردنشینەکانی بەجێهێشت و تا ئێستاش جۆرێک پەیوەندی هەر بەردەوامە. ئەم مەسەلەیە ڕاڤەکردن نیە، بەڵکو بابەتی و مێژووییە، و بەم پێیە کۆنکریت و هەستپێکراوە. بەڵام ئەم بابەتە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا، ئەگەری هەڵکشانی بەرەو ئەو ئاستە بەرزە لە ململانێ هەیە بەتایبەت بەهۆی بوونی ئەمریکا لە سوریادا. واتە دەکرێت ئەم مەسەلەیە تائاستی بابەتێکی نەتەوەیی پەڕبگرێت و بچێتە پێشەوە. بەلام ئەمە بەدەرە لە مێژووی پێکهاتنی نەتەوە، دەکرێت وەک قەڵەمڕەوێک لە بواری سیاسەتی قۆناغی تێپەر و جەنگ لەسەر ناوچەکانی نفوز لەلایەن ئەمریکاوە سەرنج بدرێت.

بەڵام ناسیونالیزمی کورد لە سوریادا، چوارچێوەی خۆی لە خێمەیەکی گەورەتردا، دەدۆزێتەوە، ئەویش پێگەی ناسیونالیزمی کوردە لە کوردستانی عێراق و هەروەها پێگەی پەکەکە و ئۆجەلان لە ناوچەکەدا، بەگشتی ناسیونالیزمی کوردی لە سوریادا جۆشداوە و پۆتێنشیاڵی نەتەوەیی ساڵ بە ساڵ تێدا بەهێزتر کردوە. ئەمە بەجیا لە بەکاربردنی توخمی داهێنان  invention و پیشەسازیکردنی نەتەوەوە –توخمی دروستکردن- هەر وەک ئەرنست گلنەر بەدروست ئاماژەی پێدەکات، بەڵام هێشتا ئەو گاپە فراوان و گەورەیە پێکنەهاتووە، کە سۆشیالیزمی کرێکاران، بگەڕێت بەدوای ڕێگا چارەیەک بۆ کێشەی نەتەوەیی لە سوریادا، تا ئێستا کێشەکە بەم شێوەیە قوڵ نەبۆتەوە. تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کلاسیکی سەرنج بدەینە مەسەلەی نەتەوەیی و لەوانە مەسەلەی کورد. لەم ڕوانگەیەشەوە دیسان کێشەی نەتەوەیی لە سوریادا، وە بۆ خەڵکی کورد زمانی سوریا کێشەکە نەگەیشتۆتە ئاستی دابڕانی نێوان دوو کۆمەڵگای جیاواز کە بڕیار بێت لەسەر ئەم بناغەیە چارەسەرێک بکرێت. ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. بەڵام لایەنێکی گرینگ، بۆ سۆشیالیستەکان ئەوەیە، کە هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ ئەوەیە کە شوناس و گیان و کالچەری نەتەوەیی هەمیشە لەبەردەم تیغی ڕەخنەی سۆشیالیستیدا بێت، هەمیشە خەباتیان  بۆ ئەوە بێت کە تیژی هۆشمەندی نەتەوەیی کەمبکەنەوە، هەمیشە ئەرکیانە، کە ڕێگر بن لە دابڕان لەسەر پایەی نەتەوە و زمان  وشوناسە جیاوازەکان. بۆیە ئەرکی ئێمە هەمیشە بەهێزکردنی هاوپشتی چینایەتی نێوان خەڵکی سوریایە بەتایبەت نێوان کەرتە جیاوازەکانی پرۆلیتاریا، کە لەڕاستیدا، هەڵاواردنێکی نەتەوەیی قوڵ تا ئێستا ڕووینەداوە، بۆیە پێویستە لەسەر سۆشیالیستەکان لەهەوڵی یەکگرتووکردنی پرۆلیتاریای سوریادا بن وەک چینێکی شۆرشگێرو دژ بە سەرمایە و سیستەمەکەی لە سوریادا، وە ئەمە ئامانجی سۆشیالیستەکانە. نەک گەورەکردن و قوڵکردنەوەی کێشەی نەتەوەیی، کە لە بناغەوە دژ بە پراتیسێنی سۆشیالیستیە.

دووەم: لایەنێکی دیکە ئەوەیە، کە جیهانی ئەمرۆ جیهانگیرە، هیچ دیارەیەکی لۆکەڵی مانای نەماوە، تەنانەت ئەوە دیاردە زۆر کۆن و کۆنەپارێزانەش کە گوایا کلتوری نەتەوە یا ئاینن، هەموویان ژێرخانێکی ئابوری جیهانی و جیهانگیریان هەیە، ئەگەر نەبێت نامێنن. بازاری لۆکەڵی و نیشتمانی زۆر دەمێکە بەسەرچوەوە وئێستا مەسەلەی نەتەوە و مافی نەتەوەیی بۆ بۆرجوازی هیچ مانایەکی نیە، چونکە بازاڕی ناوخۆیی هیچ مانای نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بۆ هێزگەلێکی وەک یەکێتی و پارتی زۆر زیاتر لە هەلومەرجی ئەمرۆ قازانج دەکەن وەک لەوەی باسی دەوڵەتی سەربەخۆ یان تەنانەت دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت. بابەتەکە سەرمایەیە وە سەرمایەی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و چینی و یابانی و کۆری و بەرازیلی و هندی و ڕوسی مانای نیە و سەرمایە بەتەواوی جیهانیە- یەکێک لە ئاستەنگیە گەورەکانی بەردەم جەنگی جیهانی سێهەم ئەم تێکەڵبوونی سەرمایەیە- وە تەنانەت مانەوەی مەسەلەیەکی مێژوویی وەک فەلەستین لە بناغەوە دەگەڕیتەوە بۆئەم مەسەلەیە. بەهەمان شێوە ستراتیژی پەیەدە و پەکەکە و مانەوە لە چوارچیوەی دەولەتی سوریا و تورکیادا و لەسایەی پێشنیازی ‘ بەڕیوەبەرایەتی خۆسەرییەوە” لە هەمان چوارچیوەدا مانا پەیدا دەکات، کە سەرمایەی کوردی و بۆرجوازی کورد لە بازاڕیکی گەورەتردا کایە بکات، لەوە بترازێت ناوەرۆکی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە، لیبرالیزمەکەی لێدەرچێت هەمان ناوەرۆکی تایفەگەری و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی هەیە. پۆینتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئیتر بورجوازی کورد وەک چینێک لە هەر وڵاتەدا، پێویستی بە بڵقی نەتەوە نەماوە و بە ئاشکراتر بانگەواز بۆ سەرمایە و وەبەرهێنان و کەڵەکەی سەرمایە دەکات و نوێنەرە تازەکانیان باسی نەتەوە هەر ناکەن، کە باڵێکی گۆڕان و تەواوی بزوتنەوەی نەوەی نوێ و باڵەکانی نێو پارتی و یەکێتی بە جیا لەوەی کە پێگە و نفوزی جیاوازیان هەیە لە نێو ئەو دوو حزبەدا دەگرێتەوە. ئاڕاستەیەکی نوێ بە بەرگی ناسیوناڵ- لیبرالەوە لە نێو هەردوو حزبدا دەرکەوتووە. بەم مانایە ئاراستەی مێژوویی سەرمایە لە هەلومەرجی ئەمرۆی جیهاندا، تێکەڵ بوونی بێوێنەی سەرمایە و ئاوێزان بوونی سەرمایەی جیهانی، بەرژەوەندیەکی جیهانی کەپیتاڵ و بورجوازی گەورەی جیهانی فۆرمۆلە کردوە، کە مەیلی بچوککردنەوەی بازاڕی لە ژێر ناوی “نیشتمان”دا دابڕیوە لە بەرژەوەندییەکانی گەورە سەرمایەی جیهانی.

لێرەدا واز لە ڕۆل وسیاسەتی ئەمریکا دەهێنم کە کاریگەری زیانباری هەیە بە هەردوو بارەکەیدا، و بەپێی ئەو شەپۆلانە کاری لەسەر دەکات کە ناگەنە ئەنجام، دژ بە بەررژەوەندییەکانی روسیاو و تورکیا و ئێران و هەروەها سوریا و عیراق. ناسیونالیزمی کورد هەمیشە وەرەقەی دۆڕاوو بووە، ڕیگەی دیکەشی نیە. بەڵام ئیتر لە کاریکاتۆر دەرچووە بوە بە پەتریپۆت.  ئەم هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، وەکو مەخزەنی کلاشینکۆفیان لێهاتوە، هەر وەرەقەی نەما ئەم مەخزەنانە دەگۆرێت.**  

 بورجوازی کورد و گەمژەیی ناسیونالیزمی کورد!

چەند بارەبوونەوەی ڕووداووە کارەساتبارو مەرگبارەکان بۆسەر خەڵکی کوردستان یەک و دووان نیە. ١٩٧٤ نمونەی گەورەی گوێچکەبڕینی ناسیونالیزمی کورد بوو! بەڵام بۆرجوازی ناتوانێت وانەی لێوەربگرێت، چونکە ئەوە حەتمیەتی پێگەو هەلوێستی و پراتسیەنی بۆرجوازییە وەک هیزێکی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لە قەبارە جیهانیەکەی، بۆیە دووبارە و سێ بارەو چەند بارە دەبێتەوە. ٣١ی ئاب نمونەیەکی دیکەی دەستبڕین و شکاندنی گفتە بەلایەنێکی بزوتنەوەی کوردایەتی لەلایەن ئەمریکاوە، دیسان ئۆکتۆبەر دێتەوە، بەڵام ئۆکتۆبەر دروست لە هەلومەرجی قۆناغی تێپەردابوو، باسی ئۆکتۆبەر، جیاواز ترە لە  ١٩٧٤، تەنانەت لە ٣١ی ئاب. ئەگەرچی ئۆکتۆبەر لە هەموویان زیانی کەمتر بوو، مەسەلەکە ئەوەبوو، بەهەربارێکدا بوایە هەمان ئەنجامی دەبوو. بەجیا لەوانەش هەر لە نێو سوریادا بە پەلە ترامب بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی کرد، دواتر پەشیمان بوەوەو هەندێکی هێشتەوە بۆ پاراستنی چاڵە نەوتەکان، بۆئەوەی لایەنی کەم خەرجی هێزە چەکدارەکانی پەیەدە و قەسد بەم چاڵانە دابین بکات و دیارە لە باری سیاسیشەوە مانای هەیە، وەک لەسەرەوە ئاماژەیەکی کورتمان پێداوە.

ناسیونالیزمی کورد بەدەست خۆی نیە و لەوە عاقڵترو هوشیارتر نابێتەوە. ناوەرۆکی ئەم گەمژییە، چینایەتیە و لەو چوارچێوەیەدا هەر ئەوەندەیە و زیاتر نیە. کۆسپەکە تەنانەت هەر بۆ کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت نیە ، ئەگەرچی ئەوان زۆربەی هەرەزۆری کارەساتەکەیان دەکەوێتە سەرشان. بەڵکو لێرە لە کوردستان بۆ چینی بۆرجوازی و بەشێک لەم چینەشە، واتە بەشێک لەم چینە، باش تێپەڕبوونی ٣٠ساڵ زیاتر بەسەر بازاری ئازاد لە کوردستانی عیراق و کاریگەرییەکانی جیهانگیری، مەیلی بۆ ناسیونالیزم و هوشمەندی نەتەوەیی کەمبۆتەوە، و بورجوازی کورد دەزانێت و هوشیارە کە بابەتی سەرەکی ناسیونالیزم خۆی دیسان سەرمایەیە نەک نەتەوە – نەوەی نوێ نمونەیەکەی زۆر ڕۆشنە-. پێگەی ناسیونالیزم تەنانەت لە ئاستی بیروڕای گشتیدا، بەپێی ئاراستەی سەرمایە لەم قۆناغەدا پێ بەپی لاوازترو لاوازتر بووە. بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وەک ستێرو کارو نۆکان و قەیوان و ئاسیا سێل و هەلەبجە گروپ ، کۆرەک و چەندینی تر، نەتەوە و دەوڵەتی کوردی یەک گوێنی برنجی کوردی ناهێنێت. وە لەڕاستیدا زەرەریانە.

بورجوازی کوردی وەک چینێک یەکگرتوو نیە، ئەگەر نا بەرژەوەندییەکانی دەمێکە تەجاوزی ناسیونالیزمی کردوە. بەڵام ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار هەردوو کایەکەی قۆرخ کردوە، هەم بازاڕ و هەم دەسەڵات. وە ئەم پێکەوەییە، یان ئەم هاوبەشییە ئابوریەیە کە تەواوی تابلۆکەی شێواندوە، ولە ئاستی بیروڕای گشتیدا وا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزمی کورد خەباتگێری ڕێگای کوردایەتیە!! نەک کەڵەکەی سەرمایە. کوردایەتی دەمێکە نەماوە، نیشتمان پەروەرانی!! ڕاستەقینە لەسەر ئەم جەستەیە ژیان دەکەن، بەبێ ئەوەی بژین. ئەوانەی دەژین، ئەفسانەی کوردایەتی دەبەخشنەوە. گەمژەیی ناسیونالیزمی کورد لەوانە ‌هێزەکانی”پەیەدە” ئەوەیە کە لەم سێرکڵەدا دەگرێنەوە خاڵی سفر و هەموو جارێک هەر وابووە. بەڵام کۆسپەکە ئەوەیە لەم دەورگێڕانەدا دەیان هەزارکەس دەبنە قوربانی ئەفسانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و سەدان هەزاری دیکەش ئاوارە و دەربەدەر دەبن.

ڕیکەوتنی قەسد و کۆمپانیای “دەلتا کریسێنێت”!

ئەم ڕێکەوتنە لە کاریکاتۆر و گاڵتەجاری دەرچووە، ئیتر ئەوە چەند جار هاڕدراوەتەوە، مانای نەماوەو دەبێت لای عەتارەکانی پەتریپۆت بەدوایدا بگەڕیین.  هێندە بێ لەزەت بووە، کە کێشەی خەڵکی کوردستانیان لە ئاستی ڕای گشتی جیهانیدا کردۆتە مەهزەلەیەکی چەندبارە و سواو. جۆرێکی لێهاتوە تەنانەت، سەمپاتی و هاودەردی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا تائاستی زۆر لاواز  هاتۆتە خوارەوە، تەنانەت لەبەرانبەر هێرشە دڕندەکانی حکومەتی نەتەوەپەرست و ئیسلامی تورکیا و  رژێمی ئیسلامی ئێران و حەشدی عێراقیشدا، ڕای گشتی جیهانی بێدەنگی هەڵبژاردووە. ڕای گشتی جیهانی، سەیری هێزەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد دەکەن وەکو پێش لەشکری ئەمریکا و ئەم یا ئەو وڵاتی ناوچەکە.  تەنانەت ئێستا  لە ئاستی سەرکردایەتی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بە ئاشکرا ئاماژە بە ڕۆڵی ئابرووبەرانەی خۆیان دەکەن  لە ڕووی ناچارییەوە، نەک لە ڕووی ئازاردانی ویژدانەوە. سۆشیالیزمی کرێکاران، یان هەموو ئەوانەی کە خۆیان وا پێناسە دەکەن کە قسەی ئەم بزوتنەوەیە دەکەن جا با لەئاستی ڕۆشنبیرانیشدا بێت، چجا ڕوچوبێتەوە نێو بەشی سۆشیالیزمی نێو بزوتنەوەی کرێکارییەوە، پێویستە سەرکۆنەی قەسد و پەیەدە و هێزە چەکدارەکانی پەیەدەیان بکردایە وەک پێش لەشکری بۆ هێزێکی سەرمایەداری زلهێز و کۆنەپەرست و کۆمەڵکوژی هیرۆشیما و خەڵکی ڤێتنام و عیراق و ئەفغانستان و دەیان ناوچە و وڵاتی دیکەی جیهان. ئەم سیاسەتەی “پەیەدە” هەر زوو لەسەردەمی بەرگری لە کۆبانیەوە دەستیپێکردوە.

 پێویست بوو ئەم حزب و ڕێکخراو و گروپە کۆمۆنیست و سۆشیالیستانە هەر زوو ئەم هەنگاوانەی قەسدو پەیەدەیان سەرکۆنە بکردایە،کە ئەمریکا وەک مقاشێک بەکاریان دەهێنێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەڵام پێش لەشکری ئەم ‌هێزە بۆ ئەمریکا بەتایبەت لە سوریادا، مانا و ناوەرۆکێکی قوڵی هەیە، چونکە بە سادەیی ئەمریکا بەبێ پشتیوانی پەیەدە و هێزە چەکدارەکانی توانای مانەوەی لە رۆژهەڵاتی سوریادا نامینێت، یان هێجگار  سنوردارتر دەبێت. هێزێکی بۆرجوازی کوردی-پەیەدە- پەلی گەورەترین و پڕچەکترین و تاوانبارترین هێزی سەرمایەداری جیهانی گرتووە و لە ناوچەکەدا قایمتری کردووە. جێگاو دیواخانی بۆ هێزێک خۆش کردوە، کە پێش چەند ساڵێک داعشی بۆ پڕچەککردبوون و پەلاماری عێراق و سوریای پێدەدات، یارمەتی هێزێک دەدات کە خەڵکی ناوچەکەی لەگەڵ ئابلوقەی ئابوری و کاولکاری و شەری تائیفی و ئاینی و قەومیدا ڕوبەڕووکردۆتەوە. بێدەنگ بوون لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەی پەیەدەدا، ڕاستەوخۆ بە قازانجی ئەمریکاو سیاسەتەکانیەتی و دژ بە خواست و ویستی پرۆلیتاریایە لە ناوچەکەدا بەگشتی وە پرۆلیتاریای کوردستان بە تایبەتی…بەم شێوەیە بێدەنگی هەر هێزو لایەن و حزب و گروپێک و تەنانەت کەسێکی سۆشیالیست بمانەوێت یان نا دەیخاتە پال سیاسەتی ناسیونالیستی کوردەوە. بەڵام ئەگەر سیاسەت  سیاسەتی سۆشیالستیە، ئەوە دەمێکە پێویست بوو، ئەم سیاسەتانە سەرکۆنە بکرێت و بەتایبەت ئێستا ئیتر بوارێک نەماوەتەوە بۆ بێدەنگ بوون. کە پەیەدە بە ئاشکرا بۆتە بەشێک لە پیادەکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە سوریاو ناوچەکەدا. ئەمە جێگای سەرکۆنەی گەورە و ڕەخنەی تیژی سۆشیالیستیە، بۆ هەر کەس و ڕێکخراو و حزبێک کە خۆی بە کۆمۆنیست و سۆشیالیست دەزانێت.

باسی سەرەکی من لێرەدا، بڕینی وێلاشی ناسیونالیزمە لە نێو ئەو بزوتنەوەی ناوی سوشیالیستی و کۆمۆنیستیە. ئەم باسە، باسی پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستی نیە بەتەنها، بەڵکو لەوانە گرینگتر، باسی ئەلتەرناتیڤی بزوتنەوەی سۆشیالیزمە، کە لە هەمانکاتدا پێویستی بەوە هەیە کە ئاستی سنور وهێڵە ئایدۆلۆجیەکانی خۆی تێپەڕێنێت، و بگاتە ئاستی پراتسیەنی چینایەتی تەواو جیاواز. سۆشیالیزمی کرێکاران پێویستی بە دابڕانی یەکجاری هەیە نەک تەنها لە ناسیونالیزم بەگشی بە ڵکو لە ناسیونالیزم فیمنیستی پەکەکەیی و ناسیوناڵ-لیبرال و سکولاریزم و مۆدرێنیزم …..تەواوی وێلاشەکانی بەو بزوتنەوە بورجوازیانەوە  ببڕێتەوە. لەم نێوەدا و لە ژێر ناوی ئەوەی کە بەشێک لەم هێزانە “چەپن “یان “سکولارن” یان “پارێزگاری لە مافی ژن” یان “دژی تیرۆرن” نابێت ئەرکی چینایەتی و پێشڕەوی  سۆشیالیزمی کرێکارانمان لە بیر بباتەوە، بەتایبەت کە ئەم بەشە لە هێزەکانی بورجوازی کورد لەم قۆناغەدا بۆتە داینەمۆی دەمەزەرکردنەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی. لێرەدا، وە پێویستە دەستبەجێ، ئەم سیاسەتەی پەیەدەو قەسد سەرکۆنە بکرێت، ڕەخنەی تیژی مارکسیستی لەبەرانبەر ئەم هێز یان ‌‌‌هێزانەی بورجوازی کوردا  بگاتە جیاوازیەکی چینایەتی ڕۆشن لە ئاستی کۆمەڵانی ملیۆنی پرۆلیتاریای  کوردستاندا.٨ئاب ٢٠٢٠

https://www.rudaw.net/arabic/interview/05082020 *

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=652085&r=0**