چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق
ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لەسەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەت(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟
سامان کەریم: دوای سوپاس بۆ پەیجەکەتان و بەرێزتان، گومانێک لەوە نیە، کە ڕێژەی هەژاری بە بەراورد بە ساڵێ ٢٠١٨ زۆر هەڵکشاوە، بە فەرمی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە باس لە ڕیژەی ٣٤٪ دەکەن و دیارە ڕاست ناکەن، چونکە لە مبارەوە ڕێژەی هەڵكشانی هێجگار جیاواز و بەرزتر خراوەتە ڕوو. بۆنمونە بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان دەلێت لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەم ڕیژەیە ٤٠٪ ـــە. لەهەمانکاتدا دەڵێن لە نێو ژناندا ئەم ڕیژەیە ٦٣٪ یە. واز لە هەڵاواردنی ڕەگەزی بهێنن لێرەدا، بەڵام کۆکردنەوەو دابەشکردنی ئەو ڕێژەیە زۆر لە ڕێژە فەرمیەکە زیاتر دەکات. بەڵام من لێرەدا لەسەر ئەو
ڕێژە فەرمییەی کە حکومەتی بورجوازی ناسیوناڵ-ئیسلامی دیاریکردوە باس دەکەم.
سەرەتا پێش ئەوەی ئەم ڕێژە باڵایەی ئاستی هەژاری لە عێراقدا باس بکەم و مانا کۆمەڵایەتیەکەی چیە و چی دەگەیەنێت؟ پێویستە بزانین بەهای هەژاری چەندەیە؟ ئەو خەتە یان ئەو هێلی هەژارییە چیە، یان لە ڕوانگەی سەرمایەوە بە کێ دەڵێن هەژار؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارەمان نەبێت، هۆشـمەندییەکی دروستمان نابێت، هەم لەسەر هەڵکشانی ڕێژەکە وە هەم لەسەر ئاراستەی سەرمایە بە گشتی، کە ئەمەیان پۆینتێکی هێجگار گرینگە بۆ ئەوەی ئاستی چاوچنۆکی و بۆگەنی سەرمایە و سیستەمەکەی نیشان بدەین، بۆ ئەوەی قەڵشتی گەورە و فراوانی نێوان چینی بورجوازی و پرۆلیتاریا دەربخەین کە لەعێراق و کوردستاندا ڕۆژ بەڕۆژ ئەم قڵشتە گەورەتر دەبێت. لێرەدایە کە تەواوی حەقارەتی سەرمایە و بۆگەن بوون و تەنانەت دەتوانین بڵێین فەرمانی ڕووخانی خۆیمان بۆ نمایش دەکات.
کەواتە لە ڕوانگەی سەرمایەوە هەژاری یان بەهای –قیمە- هێلی هەژاری بە چەندە دیاریکراوە؟! لە ئاستی جیهاندا لە لایەن بانکی نێودەوڵەتیەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ١،٩٠ دۆلار دیاریکراوە، دیارە گشتیە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕیت. لەو کاتەوە تا سەرەتای ٢٠٢٠ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی دەیانەوێت وا نیشانی بدەن کە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە لە کەمکردنەوەی هەژاری لە ئاستی جیهانیدا و باسی ٣٦٪ ، واتە ١،٩ ملیار ئینسان دەکەن کە ڕزگاریان بوە لە دەست هەژاری لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٠-٢٠١٥ دا. ئەوان بە ئاشکرا ڕاستناکەن، و هیچ حسابێک نە بۆ هەڵئاوسان دەکەن وە نەبۆ بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان لە ئاستی جیهاندا. ئەمە بە جیا لەوەی چەندین ملێۆن کەس لە جیهان و لەوانە لە عێراقدا بە هۆی ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە هیچ ئامارێک نایانگرێتەوە لەو ماوەیەدا.
لە عێراقدا بە هەمان شێوە ئەو ڕیژەیە یان ئەو بەهایەیە ١،٩٠ دۆلارە. واتە ئەگەر کەسێک لە ڕۆژێکدا ١،٩٥دۆلار یان ٣٥،٢ هەزار دیناری دەستبکەوێت ئیتر لە ئاستی هێڵی هەژاری دەرچووە. ئەم پارەیە لە مانگێکدا دەکاتە نێوان ٧٤-٧٨ هەزار دیناری عێراقی بۆ تاکە کەسێک. ئەم ڕیژەیە یان ئەم بڕە پارەیە کە دیاریکراوە نیشانی دەدات کە سەرمایە چ جۆرە گیانەوەرێکی وەحشیە کە وێنەکەی ناکێشرێت و لە دارستانەکانیشدا بوونی نیە. وەحشێکی کۆمەڵایەتی کە خوێنی زیاتر لە ٦ ملیار ئینسان دەمژێت لە هەموو چرکەیەکدا بۆ ئەوەی بژی و بمێنێت. بەڵام ئەم بڕە پارەیە لەگەڵ لێکدانەوە و ڕووپێوەکانی خۆیاندا ناگونجێت. ڕووپێوی-مسح- دەزگای فەرمی ئامار ” دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕوپێوێکی تەواوی شارەکانی کردوە و دیاریکردوە کە کەسێک یان فەردێک لەهەر پارێزگایەکدا مانگانە چەندە پارە خەرج دەکات و هەموو ئەو کاڵایانەشی پۆلین کردوە کە ئینسان پێویستیەتی- پۆلینکردنە تا ئاستێک نۆرماڵە و زۆربەی کاڵاو پێداویستیەکان دەگرێتەوە-. لێرەدا باس لەو پارێزگایانە ناکەین کە ئاستی هەژاری تیایدا کەمترە وەکو شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و نەجەف … بۆ نمونە لە هەولێر بەپێی ئەم بەڵگەیەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، تاکە کەسێک پێویستی بە ٦١٢،٨ هەزار دینارە و لە سلێمانی ٤٤٩،٧ هەزار و لە بەغدا ٣٦٧،٥ هەزار دینارە. بەڵکو باس لە پارێزگاری مثنى دەکەین کە بەرزترین ڕێژەی هەژاری تێدایە ٥٢٪، بە پێی ڕوپێوی خۆیان لەمشارەدا لە ساڵی ٢٠١٧دا تاکە کەسێک ١٥٢،٦١ هەزار دیناری پێویستە لە مانگێکدا. لێرەدا واز لە وە دەهێنم کە ئەم بڕە زۆرە یان کەمە، کە دیارە زۆر کەمە، بەڵام هێشتا دوو هێندە زیاترە لە بەهای هێلی هەژاری کە دیاریکراوە. کەواتە هێلی هەژاری لە عێراقدا تەنها بە پێی کڕینی نان و پەتاتە دیاریکراوە، نەک ئەو پێداویستیانەی تر کە خۆیان پۆلینینان کردوە، چونکە بەو بڕە پارەیە ٧٦ هەزار دینار لە مانگێکدا هیچ پێداویستیەکی دیکە پڕناکاتەوە وتوانای کڕینی تاکە کەس تا ئاشتی پەتاتەو نان دادەبەزێنێت.
ئەم ڕیژەیە یان ئەم بڕە پارەیە کە دیاریکراوە نیشانی دەدات کە سەرمایە چ جۆرە گیانەوەرێکی وەحشیە کە وێنەکەی ناکێشرێت و لە دارستانەکانیشدا بوونی نیە
بەڵام ئەی ئەگەر ئەو کەسە هەژارە لە هەولێر یان سلێمانی یان بەغدا بژیت ئەوکاتە چونکە کاڵاکان گرانترن، دابینکردنی پەتاتەو نانەکەش مسۆگەر نابێت. ئینسانێک کە هەژارانە بژیت لایەنی کەم پێویستی بە خانووە واتە ژورێکی هەبێت تیایدا بژیت، خواردنی جۆراجۆر و کەمێک هۆکاری سەرگەرمکەر لە تەلەفیزیۆنەوە تا دەگاتە سەتەلایت و موبایل، واز لە ئەوانی دیکە دەهێنین، پێویستی بە سەفەرە لایەنی کەم لە نێو خۆدا، پێویستی بە جلوبەرگ و گۆشت و خواردنی پڕ ڤایبەرە- ڕیشاڵ- پێویستی بە خوێندنەوەیە، پێویستی بەکارەبا و ئاوی پاکژە، پێویستی بە فێنک کەرەوە و گەرمکەرەوە و نەوت و غاز هەیە. دانانی بڕێکی پارەی ئاوەها کەم بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری لە لایەن سەرمایەی جیهانی و عیراقییەوە، ڕوانگەی سەرمایە و دەسەڵاتەکەی بۆ ئینسان و ژیانی ئینسان، نیشان دەدات. وە سەرمایە ودەسەڵاتەکەی وەکو سیستەمێک نەک دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەڵکو لە ڕاستیدا حوکمی مەرگی دەدات و زەمنیەی بابەتی داتەپینی خۆی دەخولقێنی. لێرەدا بەڕۆشنی دەردەکەوێت بەو ئەندازەی کەڵەکەی سەرمایە –دەوڵەمەند بوون- هەروەها گەندەڵی گەورە- لە عێراقدا- زیاد دەکات و فراوان دەبێتەوە بەهەمان ئەندازە نەبوونی و هەژاری و کوێرەوەری لە جەمسەری بەرانبەر زیاد دەکات. لەمبارەوە مارکس پێمان دەڵێت: “سەر ئەنجام ، بەو ئەندازەی توێژە هەژارو بێبەشەکانی چینی کرێکار و سوپای یەدەکی پیشەسازی فرواندەبێتەوە، بە هەمان ئەندازە هەژاری فەرمی دەچێتە سەر. ئەمە یاسای گشتی و ڕەهای کەڵەکەی سەرمایەیە( مارکس بەرگی یەکەم، چاپتەری ٢٥/بەشی چوارهەم؛ یاسای گشتی کەڵەکەی سەرمایە/ ئینگلیزی).
بەو ئەندازەی کەڵەکەی سەرمایە –دەوڵەمەند بوون- هەروەها گەندەڵی گەورە- لە عێراقدا- زیاد دەکات و فراوان دەبێتەوە بەهەمان ئەندازە نەبوونی و هەژاری و کوێرەوەری لە جەمسەری بەرانبەر زیاد دەکات
بەرزبونەوەی ڕیژەی هەژاری بۆ ٤٠٪ یان ٣٤٪ یان وەک ئێوە دەلێن ٣١،٧% ئاماژە و واتای گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم بەرزبوونەوەیە پێمان دەڵێت، کە سیستەمی چینایەتی ئەو سیستەمەیە تا بتوانێت، ئەم ڕێژەیە بەرز دەکاتەوە، وە تا بتوانێت بەهای هێڵی هەژاری کەم ڕادەگرێت واتە ١،٩٠ دۆلار کەمتریش دەکاتەوە. پێمان دەڵێت سەرمایە و سیستەمەکەی هێندە چاوچنۆکە و چاوچنۆکی بۆ کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر و زیاتر، -لە عیراقدا من گەندەڵی وەک بەشێک لە کەڵەکەی سەرمایە لە ئاستی ناوخۆو ناوچەییدا سەیر دەکەم- دەیگەیەنێتە ئەوەی کە هەموو پایە بابەتییەکانی ڕق و توڕەیی چینایەتی لە بەرانبەر خۆیدا، هەلگیرسێنێت. سەرەڕای ئەوانە ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت ئیتر سەرمایە و سەرمایەداری پێویستی بەو ڕیژە زۆرە نیە لە هێزی کار. بەڵکو زیاتر تیۆری مالتۆس بەدەردیان دەخوات، واتە خوێن مژینی پرۆلیتاریا بەس نییە، بەڵکو لەناوبردنیان، ئیستا ئێمە شاهیدی کوشتنی خانەنشینانین، لە ژێر ناوی پەتای کۆرۆنادا، لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایدا. ئەوەش بەدەردی ناخوات و لە دواین لێکدانەوەدا، قازانج و کەڵەکەی سەرمایە تەنها لەڕێگای بەکارهێنانی هێزی زیندووی کارەوە دەبێت نەک تەکنۆلۆجیای زیرەک. لێرەدایە کە مارکس لە مانیفێستدا پێما دەڵێ” قەبر هەڵکەنانی خۆی دروست دەکات”. ماناکەی ئەوەیە کە چینی پڕۆلیتاریا هیچ شتێکی دیکەیان نیە لە دەستی بدەن تەنها زنجیرەکانیان نەبێت. بەڵام چینی پڕۆلیتاریا پێویستی بە ڕێکخراوبوون و یەکگرتووبوونە، بۆ ئەوەی بتوانن یەکگرتوانە پەلاماری قەڵای سەرمایە بدەن. بەبێ ئامادەییەکی لەم چەشنە، پرۆلیتاریا هیچ شتێکی دیکە بەدەردی ناخوات، تەنانەت ئەگەر شۆرشیش ڕووبدات.
چینی پڕۆلیتاریا هیچ شتێکی دیکەیان نیە لە دەستی بدەن تەنها زنجیرەکانیان نەبێت!
ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟
سامان کەریم: نوێنەرانی بورجوازی عێراقی و جیهانی سیاسەتی پراگماتیزمی کۆمەڵایەتی پیادە دەکەن لە گەڵ خەڵک و بەتایبەت لە گەڵ چینی کرێکاردا، ناوەرۆکی ئەم سیاسەتە درۆیە، درۆکردن و بەلاڕێدا بردن و مەشغوڵکردنی خەڵک بە بابەتی لاوەکیەوە سیاسەتێکی هەمەگیری بورجوازییە لە ئاستی جیهانیدا. بۆیە درۆ دەکەن. داتاکانی خۆیان ئەوەمان پێدەڵێن. پێشتر وتیان داعشە و ئێستا دەڵێن کۆرۆنایە و نەوت دابەزیوە. ئەوکات کە نەوت بەرمیلی بە ١٠٠ دۆلار بوو بەهای هێڵی هەژاری ١،٥٢ دۆلار بوو، واتە کەمتر بوو لە ئێستا. لە هەمانکاتدا سەرمایەدارە گەورەکان گەورەتر بوون، هەموو کۆمپانیا جیهانی و لۆکەڵیەکانی سەرگەرمکەر و پۆست و پەیوەندیگرتن و کۆمپانیاکانی ئاڵتون و زیو قازانجی زۆریان کردوەوە و دەوڵەمەند تربوون لە ئێستادا.
درۆکردن و بەلاڕێدا بردن و مەشغوڵکردنی خەڵک بە بابەتی لاوەکیەوە سیاسەتێکی هەمەگیری بورجوازییە لە ئاستی جیهانیدا.
لە ڕاستیدا، قەیرانی ئابوری لە ساڵی ٢٠٠٨وە پێ بەپی قوڵتربۆتەوە، هەمیشە بەردەوام بووە تا پەتای کۆرۆنا. ئەم پەتایە قەیرانەکەی قوڵتر کردۆتەوە، نەک خوڵقاندبێتی. من بە پێچەوانەوە دەیبینم، پەتای کۆرۆنایان کردۆتە عەلاگەیەکی پۆشاک هەڵواسین و کۆسپەکانی خۆیانی پێدەشارنەوە و هەموو قەیران و ناخۆشیەکانی ئەم سەردەمەیان کردوە بە ملی کۆرۆنادا، ئەمە درۆیەکی گەوەرەی بورجوازییە. لەو ساڵەوە تا هاتنی پەتای کۆرۆنا ئەگەر سەیری داتا ئابورییەکانی خۆیان بکەین بە شێوەیەکی ڕۆشن ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. قەیرانی ئابوری سەرمایەی ئەم سەردەمە کە ١٢ ساڵە درێژەی هەیە، جیاوازە لە هەموو قەیرانەکانی سەرمایە لە سەدەی ١٩ وە تا ئێستا. ئەمجارە قەیرانێکی بناغەییە و گشت جەستەی سەرمایەی گرتۆتەوە، لە ڕاستیدا بورجوازی جیهانی باش دەزانێت کە هیچ چارەسەرێکی کلاسیکیانەی خۆی قەیرانەکەی چارەسەر ناکات. تەنانەت ئەگەر ٢،٧٥٠ ملیار ئینسانیش کە دەکاتە نزیکەی هەموو چینی پرۆلیتاریای جیهان –ئەو بەشەی لەسەر کارە- بێکار بکات و پارەی هێلی هەژاریان بداتێت ، هێشتا قەیرانەکە لە باری کۆمەڵایەتیەوە چارەسەر نەکراوە. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دەزانن کە جەنگە بچوک و ناوچەیەکانیش زۆر پرۆسیسەکە پێش ناخات، دەزانن کە تەقاندنی چەند بۆمبی ئەتۆمیش کە ٢٠٠ ملیۆن یان زیاتر ئینسان بکوژێت دیسان کۆسپەکەیان هەر دەمێنێت ئەگەر چی لەوانەیە چەند ساڵێکی کەم کۆسپیەکەیان بۆ چارەسەر بکات. تەکنۆلۆجیای زیرەک گەیشتۆتە ئاستێک، وەڵامی جەرگ بڕی دەوێت لە لایەن سەرمایەوە. بەلام ئەوەش دیسان کاتیە و چەند ساڵێک زیاتر بڕ ناکات. چاوەڕوانی پیادەکردنی کرداری تۆڕەکانی ئینتەرنێتی G5 بکەین کە تەوای جیهان و زەینی هەموومان دەگۆڕێت و توانایی هێزی بەرهەمهێنن دەیان جار دەباتە سەر لە هەموو ئاست و بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. بەڵام ئەوکات ئایا بورجوازی جیهانی چارەسەرە جەرگبڕەکەی خۆی دەخاتە بواری پراتیکەوە، واتە لە بەشێک لە قازانجەکەی خۆش دەبێت و نان و گوزەرانی زیاتر لە ملیارێک ئینسان دابین دەکات. دوای کارپێکردنی تۆڕی ئینتەرنێتی G5 لە ئاستی وڵاتە گەورەکاندا وەکو چین و هندو ئەمریکاو ڕوسیا ئەلمانیا و بەرازیلدا، ئیتر بێکاری هەمیشەیی دەگاتە ئەو پەڕی و لە ملیار تێپەردەکات لە ئاستی جیهاندا.
پەتای کۆرۆنا قەیرانەکەی قوڵتر کردۆتەوە، نەک خوڵقاندبێتی. من بە پێچەوانەوە دەیبینم، پەتای کۆرۆنایان کردۆتە عەلاگەیەکی پۆشاک هەڵواسین و کۆسپەکانی خۆیانی پێدەشارنەوە!
ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، ماوەیە پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە شانۆگەرییەکیان پێشکەشکرد سەبارەت بە هەلی کار لە ڕێگەی دەستەی وەربەرهێنانی کوردستانەوە ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە ئەگەر ئەنجام بدرێت هەلیکار دابین ئەکات؟ یا خۆشخەیاڵیی بڵاو ئەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاگایی گەنجانی بێکار؟
سامان کەریم: دەسەڵاتی سەرمایە هەیە لە کوردستاندا، بەڵام حکومەتێک بوونی نیە. حکومەتی هەرێم لە کوێ هەیە؟ دێگەڵە سنوری نێوان دوو زۆن و دوو حزبی میلیشاییە کە ئەرکیانە سەرمایە بپارێزن. دوو زۆنی جیاکراوە لە هەموو ڕوەکانەوە لە باری بەڕیوەبردن و ئاسایش و خزمەتگوزاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و هێزی پێشمەرگەو.. هتد. بوونی حکومەت واتە داموودەزگای یەکگرتوو، واتە سەرۆکی حکومەتی فعلی، واتە سوپاو ئاسایشی یەکگرتوو ، واتە نەمانی ناوی پێشمەرگە و بوونی سوپای کوردستان، واتە نەمانی دەزگای پاراستن و زانیاری. سەرۆکی حکومەتی هەرێم ناتوانێت یەک تەنکەر نەوت لە سلێمانیەوە بەری بۆ هەولێر بەبێ پرسی یەکێتی و بە پێچەوانەشەوە لە هەولێرەوە سەرۆکەکانی یەکێتی ناتوانن یەک تەنکەر نەوت بهێنن بۆ سلێمانی بێ بڕیاری پارتی. بوونی حکومەتی هەریـم وەکو کۆرۆناکە وایە، عەلاگەیەکە کۆسپەکانی هەردوو حزبەکەی پێدەشارنەوە، گەندەڵی و هەڵلوشینی پارەو سەروەتی خەڵکی کوردستانی پێ دیزەبەدەرخۆنە دەکەن، هاتنی وڵاتانی ناوچەکەی پێ یاسایی دەکەن، یاسای وەبەرهێنان و فرۆشتنی زەوەی و زاری کوردستانی پێ دادەپۆشن. ئەی بوونی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ مانای چیە؟ مانای ئەوەیە حکومەت درۆیەکی گەورەیە و تەنها بۆ چەوسانەوەی پرۆلیتاریای کوردستان و دژ بە خەڵکە بێبەشەکەی بەکار دێت، چونکە سەرمایە لەسەر ئەمەیان هاوڕایە هیچ جیاوازییەکی بەرچاویان نیە، سەیری یاسای وەبەرهێنانی کوردستان بکەین زۆر ڕۆشن دەسەڵاتی سەرمایەمان بۆ دەردەخات وەک ئاڕاستەی لیبرالیزمی نوێ.
بوونی حکومەتی هەریـم وەکو کۆرۆناکە وایە، عەلاگەیەکە کۆسپەکانی هەردوو حزبەکەی پێدەشارنەوە
دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، تەنانەت لەوەی عێراق پەرپووت ترە، چونکە تۆ لە سلێمانی وەبەرهێنان بکەیت بە فەرمی-بەڵام نەنوسراوە- دەبێت یەکێتی ٤٠٪ پشکی هەبێت، ئەگەر لە هەوڵێر بێت دەبێت پارتی ٥١٪ پشکی هەبێت. ئەمە ئیتر کەڵەکەی سەرمایەیە پێش ئەوەی سەرمایە بچێتە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە، دیاردەیەکی تازەیە لە مۆدێلی کەڵەکەی سەرمایە. لە کوێوە دێت لێرەدا جێگای باس نیە. بەڵام مانای ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی قەیوان و نۆکان و کارو ستێر دەستدەگرن بەسەر تەواوی ئابوری کوردستاندا هەروەک ئەوەی تائێستا بۆیان چۆتە سەر. لێرەدا هەردوو حزب هەم پشکەکانی خۆیان وەردەگرن و بەشێکی دەڕوات بۆ حزبەکانیان، هەم لە باقیەکەی شەریکن چونکە کۆمپانیاکان هی خۆیانە، ئەم بەشەیان هی کەسە باڵاکانی هەردوو حزبە. بۆیە هەلی کار لێرەدا مانای نیە، جگە لەوەی کە دەبێت شوناسی حزبی و شوناسی ناسیاویی و خزمایەتیت هەبێت لەگەڵیاندا- مەحسوبیەت-. بە جیا لەوەی کە بەگشتی هەلی کار لە کاتی ڕەونەقی سەرمایەدا گەشە دەکات و کەسانی دیکەی دەرەوەی ئەو بازنەیە دەگرێتەوە. کە سەرمایە نەک ڕەونەق و گەشەی نیە یان ڕوو لە گەشە نییە، بەڵکو ئاسۆیەکی نییە بۆ رزگاربوون. لێرەدا شاری موسڵ و هەندێ لە شار و شارو شارۆچکەکانی ناوەڕاستی عێراقی لێدەردەکەم چونکە وێران بوون، بۆیە ئەگەر بواری دروستکردنەوەیان هەبێت تا ماوەیەک هەلی کاری تێدا فەراهەم دەبێت، کە زۆر پەیوەندی نیە بە کوردستانەوە.
لە ڕوانگەی منەوە لاوانی کوردستان پێویستیان بە کۆمۆنیزم هەیە، من دەزانم کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی دەستبەجێ نان و ئاو نادات لە ئێستادا، بەڵام دیسان نزیکترین ڕێگای دەربازبوونە لەم هەلومەرجەی ئێستا. لە هەمانکاتدا، وەک ڕیفۆرمیک، پڕۆلیتاریای کوردستان پێویستیان بەوە هەیە هەم مووچەکانیان بە ڕێکو پێکی و مانگانەو تەواو وەربگرن، وەهەم خواستی دامەزراندن و زەمانی بێکاری بکەنە دروشمی خۆیان، بۆ ئەمەش کۆمۆنیزم وەڵامێکی دەست بەجێیە. یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوونی بەش و توێژە جیاوازەکانی پڕۆلیتاریا بۆ دابینکردنی خواستی مووچە و دامەزراندن یان زەمانی بێکاری، وەڵامەکەی بە کۆمۆنیزمە. نە ئیسلام چارەسەرە و نە ناسیونالیزم و حیزبەکانی و نە لێبرالیزم و باڵەکانی. هەموویان تاقیکرانەوەو بەشێکن لەپەرلەمان و دەسەڵاتی سەرمایەی دوو ملیشیایی، هەموویان واتە هەموو بزوتنەوە جیاوازەکانی بورجوازی لە کوردستان نوێنەری لیبرالیزمی نوێن. لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەدا لە کوردستان ئاسۆیەک دیار نیە بۆ باش بوونی هەلومەرجی لاوان و خێزانە هەژارەکان و چینی پرۆلیتاریا بەگشتی. ڕێگا چارە کۆمۆنیزمە.
یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوونی بەش و توێژە جیاوازەکانی پڕۆلیتاریا بۆ دابینکردنی خواستی مووچە و دامەزراندن یان زەمانی بێکاری، وەڵامەکەی بە کۆمۆنیزمە. نە ئیسلام چارەسەرە و نە ناسیونالیزم و حیزبەکانی و نە لێبرالیزم و باڵەکانی.
ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەی ڕزگاربون لەم بارودۆخە نالەبارەی کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟
سامان کەریم: یەک ڕیگا چارەمان هەیە، و ڕیگای دیکە نەک نیە، بەڵکو ناشبێت. ڕیگای چارەی سۆشیالیستی و لە ڕێگای شۆرشی چینی پرۆلیتاریاوە، شۆرشێک بە ئاسۆ و ستراتیژی ڕۆشن و پێشرەوی ئاڵای مارکسەوە، بە پێشڕەوی حزبی خۆیانەوە، کە زۆربەی زۆری چینەکەی لە گەڵ خۆیدا یەکگرتوو ڕێکخراو کردووە لە شورا و کۆمیتە و ڕیكخراوە جیاوازەکانی پرۆلیتاریا خۆیاندا. شۆرشێک کە چینی پرۆلیتاریا و بەشی پیشڕەوی ئەم چینە بە جیا لەوەی لە حزبدان یان نا ، بڕیاری لەسەر دەدات، میکانیزمی ئەم یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوونە، ئاڵای مارکس و هۆشمەندی ئەو بەشەیە کە بڕیار لەسەر شۆرشەکەی دەدات، بەم مانایە شۆڕشێکی ڕێکخراوە. ئێمە لە شۆڕشی ناڕێکخراودا تەنانەت ئەگەر پرۆلیتاری بیت، قازانج ناکەین لەم قۆناغەدا و لە باشترین باردا بە دەردی کۆمۆنەی لێدێت.
ئایا سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەتوانن هەنگاوێک لەمبارەوە بنێن؟! ئەمە پرسیاری سەرەکیە و پێویستی بە وەڵامە. تائێستا زیاتر ئەوەی سنوری ڕێکخراو و گروپە سۆشیالیستیەکان دیاریدەکات، فکرە، فکریش هیچ کات بناغەیەکی دروست وبابەتی نیە، بۆ ڕاست و دروستی مێتۆد و ئاراستە و سیاسەت و ئاسۆی سیاسی و ستراتیژی هیچ لایەن و حزب و گروپێک، بەڵکو پێویستی بە روپێوێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هەیە، بۆ سەلماندنی ڕاستیەکەی یان بابەتی بوونی. سەرنج بدەن لە – تێزی دووەم لە تێزەکانی مارکس سەبارەت بە فیۆرباخ-.
دیارە ئەم مەسەلەیە سادە نیە، واتە کە باسی سۆشیالیزم دەکەیت لە کوردستان، دەبێت ڕۆشن بێت کە هوشیاری چینایەتی لە ئێستادا بوونی نیە. پرۆلیتاریای کوردستان، تا ئەم ساتە وەختە سۆشیالیزمی مارکسی نەکردۆتە ئاڵا و رێنیشاندەری خۆی، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لە دواترە. ئەمکارە چەندین پرسیاری جیاواز دەخاتە بەردەمی سۆشیالیستەکان. یەکەمیان ئەوەیە کە بێ بناغە هاوار نەکەن و هاندان نەکەن بۆ شۆرش و ڕاپەڕین، هاندان و هاوار کردن ئاسانە، بەڵام پراتسینی کۆمۆنیستی کاری ڕۆژانە و بەردەوام و ڕۆتینی کۆمۆنیستی دەوێت لە نێو پرۆلیتاریادا’ ڕیکخستن و پڕوپاگەندەو هاندان”. لیرەدا لە ڕوانگەی منەوە هاندان دوای هەموویان دێت لەم هەلومەرجەدا. کەواتە وەڵامی فەوری من ئەوەیە کە سۆشیالیستەکان وەرن با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەو شۆڕشەی باوەڕمان پێیەتی، هەر ئێستا نەک بەیانی. لە دواجاردا سوپاس بۆ ئەلتەرناتیڤ و ستافەکەتان. ٢٣ گەلاوێژی ٢٠٢٠