لەم ژمارەیەدا کە هاوکاتە بە ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانە بەهێزەکانى کوردستان، ڕێچار بەگرنگیزانى چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەڕێز کامیل ئەحمەددا ساز بکات دەربارەى ئەم شەپۆلە نوێیەى دیسەمبەرى ٢٠٢٠ى خۆپیشاندانەکانى کوردستان.
ڕێچار: ئایا دۆخەکە بە گشتی چۆن دەبینیت وەک قۆناغێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی جەماوەریی؟
کامیل ئەحمەد: ئەگەر ئێمە سەیری مێژووی ٣٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی بورژوازی کورد بکەین، وە بە تایبەتی دوو هێزە سەرەکییەکەی زۆنی سەوز و زەرد واتە پارتی و یەکێتی، هیچ کاتێک باکیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان نەبووە، وێڕای هەر تەوەهومێک کە خەڵکی کوردستان بەوانی هەبووبێت. ئەوان هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتیانەوە کەوتنە بە تاڵانبردن و هەرزان فڕۆشکردنی هەموو بونیادی ئابوریی کۆمەڵگا. بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەش کەوتنە دروستکردنی دەزگای داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەر بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا سەرکوتی خەڵکی پێبکەن. مێژووی ئەم ٣٠ ساڵە بریتی بووە لە هەرزانفرۆشکردنی داهاتی کۆمەڵگا و خۆ دەوڵەمەندکردنی حیزبەکانیان لە ڕێگای کۆمپانیاکانیانەوە و دروستکردنی ئەو قاوغە پووچەی کە ناویان ناوە حکومەت و پەرلەمان بۆ شەرعیەتدان و پێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی بەم دزی و ڕاوڕووت و فەرهودە ئاشکرایەیان. وە بە درێژایی مێژووی ئەم ٣٠ ساڵە خەڵکی کوردستان چەندین جار و بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر لە بەرامبەر نەبوونی ئاو و کارەبا و مووچە و پێداویستی ژیانیان دا هاتوونەتە مەیدان.
هاتنەمەیدانی ئەم جارەش بە بڕوای من هەر لەو چوارچێوەیەدایە. واتە ئەم ناڕەزایەتییانەش هەر لە درێژەی ئەو بێ مافیانەدایە کە خەڵکی کوردستان و پڕۆلیتاریا و بەشمەینەتانی کوردستان وێڕای ماندووبوون و شەکەتی ڕۆژانەیان لەژێر کاردا، تازە مووچەکەشیان پێ ڕەوا نابینن. بۆیە ئەم خۆپیشاندانانە گوزارشتە لە ئازارەکانی خەڵک بە هۆی نەبوونی مووچەوە. نەبوونی مووچە پرۆلیتاریای کوردستانی برسی کردوە، بێکارانی ئەوەندەی تر بێکار و هەژارتر کردوە. برسێتی وەڵامەکەی نان پێدانە، مەگەر پڕۆلیتاریایەکی یەکگرتوو و خاوەن ئەڵتەرناتیڤ هەبێت تا بیکاتە شۆرش. هەر بۆیە زۆربەی کاتیش دوای پێدانی مووچە خۆپیشاندانەکان کپبوونەوەتەوە. ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارەش بەگشتی لەم چوارچێوەیەدایە، بەڵام لە هەولومەرجێکی جیاوازی سیاسی و ئابوری هەم لۆکەڵی و هەم جیهانیدا.
ڕێچار: ئاستی ناڕەزایەتی و داخوازییەکان موچەی تێپەڕاندووە بۆ ڕووخانی دەسەڵات، لانی کەم لە ناوچەی سلێمانیدا. ئەمە چۆن دەبینیت؟
کامیل ئەحمەد: ڕێگام بدە لێرەدا خاڵێک بە دوو ئاستی جیاواز شیبکەمەوە لە ڕوانگەی پڕۆلیتاریاوە. ئاستی یەکەم ئەوەی کە پڕۆلیتاریا و بورژوازی وەک دوو چینی دژ بەیەک لە کێشمەکێشدان. بۆ ڕزگارکردنی خۆی و کۆمەڵگا، پرۆلیتاریا دەبێت تەخت و تاراجی سەرمایە تێکبشکێنێت و پایەکانی ئەم نیزامە سەرەوخوارو زاڵمانەیەی کاری بە کرێ لە ناوبەرێت و کۆمەڵگای ئازاد و یەکسان دابمەزرێنێت، ئەویش لە ڕێگەى خەباتێکی ڕۆژانە و نەپساوە و بەردەوامەوە. بۆیە کاتێک پڕۆلیتاریا لە ڕێگای خەباتی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆیەوە بۆ ئەم کارە ئامادە دەبێت داوا لە هیچ دەسەڵاتێک ناکات بڵێت تکایە بڕۆ، بەڵکو بە زەبری هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆی دەیڕوخێنێت، ئەمە شۆڕشی ئێمەیە، شۆڕشی پڕۆلیتاری و کرێکارى. بەڵام ئاستی دووەم شۆڕشی سیاسی و گشتیی خەڵکە، هاتنە مەیدانی خەڵکە بە گشتی لە نێویاندا پڕۆلیتاریاش، کە هەنگاو بەهەنگاو لە هەومەرجی شۆڕشگێرانەدا دەگاتە ئاستی ڕووخاندن و پەلاماردان. بەڵام پرۆسەیەکی وا بابەتیە و لەگەڵ خۆیدا، فەرهەنگی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراوەکانی شۆڕش دروست دەکات. لە سەر شەقام و لە کۆڵانەکان و لە کارگە و دامەزراوەکان. لە شۆڕشێکی گشتی وادا پەرلەمانتارانی گۆڕان ناتوانن وەک نوێنەری خەڵک بێنە مەیدان، بگرە خۆیان دەشارنەوە. بۆیە من دوو ئاست جیا دەکەمەوە: یەکەمیان ناڕەزایەتی بەرحەقی پرۆلیتاریای کوردستان بۆ مووچە و پێدانی مووچەی مانگانەی تەواو، پێویستە پشتیوانی لێبکەین ومەیدانی سەرەکی خەباتی چینی ئێمەیە لە ئێستادا. پێویستە پڕۆلیتاریای کوردستان، بە هەموو بەش و کەرتە جیاوازەکانیەوە، خۆی یەکگرتوو بکات و خەباتێکی یەکپارچە و ڕێکخراو بباتە پێشەوە بۆ وەرگرتنی مافی خۆی و کەمکردنەوەی ئاستی برسێتی لە کۆمەڵگەدا. لایەنێکی تری ئەم ناڕەزایەتیانە ئەوەیە کە سیاسەتی بەسەردا زاڵ دەکرێت و دەکرێتە مانشێتی سیاسی جیاوازی هێزە بورژوازییەکان. ئاڕاستەیەکی بەهێزی ئەوەیە کە کوردستان و دەسەڵاتەکەی بەرەو بەغدا بەرێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە، یەکێتی، یان بەشێکی گەورەی یەکێتی، و گۆڕان و نەوەی نوێ و بەشێکی ئیسلامیەکان دەگریتە خۆ. بە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە، گۆڕان دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێزبکاتەوە و ئەم کارەش لە سلێمانی دەکرێت. هەوڵی دوێنێی ئەوان لەنزیک پارێزگاری سلێمانی بۆ ئەوە بوو. بۆیە ئەجندەی جیاوازی بورژوازی هەیە کە لە باری سیاسیەوە پێویستە کۆمۆنیستەکان و بەشی پێشڕەوی پڕۆلیتاریا بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و سەیری ڕوداوەکان بکەن و ڕیزی خۆیان جیابکەنەوە لە تەواوی بزوتنەوە و ئاڕاستە بورژوازییەکان. بۆیە من بە لامەوە سەیرە کە هەندێ کەس و لایەن دەیانەوێت بارێکی قورستر لەوەی هەیە لەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە باربکەن و بانگەوازی ڕووخانی دەسەڵات بکەن و خەڵکیش هانبدەن کە ئەم دەسەڵاتە بڕوخێنێت لە کاتێکدا کە نازانێت چی لە جێگا دادەنێت. بانگەوازی لەو چەشنە پەیوەندی نیە بە فەرهەنگی ڕێکخراوی پڕۆلیتاریاوە.
بۆیە پرسى سەرەکی و بابەتی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و بەشمەینەتانی کوردستان بۆ مووچە و باشبوونی باری گوزەرانیانە، و نابێت ڕێگابدەن هێزە بورژوازییە جۆراوجۆرەکانی ناو ئەم کایە سیاسیە کە خەریکی ملشکاندنی یەکترن لەسەر بەشی خۆیان تێکەڵ بەم خواست و داوایانەی جەماوەربکرێت. ئەم هێزانە دەیانەوێت ئەم “حکومەتە” بڕوخێت و هی خۆیانی لە جێگا دابنێن بۆ ئەوەی لەم تاڵانوبڕۆیی یەدا زیاتریان بەربکەوێت. بۆیە ئاگایانە دەیانەوێت هانی جەماوەری ناڕازی بدەن و داواکاری ئەسڵیان لە خواستی دابینکردنی مووچەوە بگۆڕن بۆ ڕووخان تا بتوانن ئەم کایە سیاسیە لەگەڵ یەکتر یەکلابکەنەوە لەسەر خوێنی بە ناهەق ڕژوای گەنجانی کوردستان. لەهەمان کاتدا لە باری چینایەتیەوە هیچ وەڵامێک بۆ مووچە نامێنێتەوە، وەکو ناڕەزایەتیەکانی ساڵی پاری بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق. کەسێک دامەزراندن و برسێتی لە بیر نەما، حکومەتیش گۆڕاو هەلومەرجەکەش خراپتر بووە نەک باشتر.
ڕێچار: زۆرینەی خۆپیشاندەران لە تەمەنی خوار 25-30 ساڵەوەن. ڕاتان لەو بارەیەوە چییە؟
کامیل ئەحمەد: ئەم تەمەنەی ئێوە ئیشارەتتان پێداوە تەمەنی نەوەیەکی تازەیە کە لەسەردەمی دەسەڵاتی بورژوازی کوردیدا لە دایک بووە و گەورە بووە و چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. نەوەیەکە کە وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی کوردایەتی ویستوویەتی بە هزری ناسیونالیزم گۆشیانبکات و لە قاڵبیانبدات، بەڵام بۆینەچۆتە سەر بە تەواوەتی چونکە لە دنیایەکدا گەشەیان کردووە و گەورەبوون کە گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و بەرفراونبوونەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و جی فۆر وایانکردووە لە ڕووی بە دەستهێنانی زانیاریی گشتی و بە ئاگابوون لە جیهانی چواردەوری خۆیان زانیارییەکی زۆریان هەبێت. ئەگەرچی ئەم ئاگاییەیان هێشتا نەگۆڕاوە بە ئاگاییەکی چینایەتی، بەڵام بورژوازی کورد هەروا بە ئاسانی ناتوانێت دەستەمۆیان بکات. ئەمە جگە لەوەی ئەو قەوانە سوواوانەی کە لەسەر دڕینی پاتەی لاسیک و شاخە و شاخکردن و پێشمەرگایەتی بە خەڵکی دەفڕۆشن لای ئەم گەنجانە ناتوانیت کڕیارێکی بۆ پەیدا بکەیت و ئەمان ئامانج و خولیای پێشکەوتنخوازی و ئازادیخوازانەیان هەیە. سەرەڕای ئەوەش کە ئێمە هەمیشە لە ڕووی مێژوویشەوە شایەتی بەشداری لاوان و گەنجانین و وەکو داینەمۆی زۆرێک لە هاتنەمەیدانەکان ڕۆڵیان هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە کە ئاگایی چینایەتی و مارکسیستییان ببەینە سەر بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پێشڕەوانی پڕۆلیتاریادا ڕۆڵی گەورەی خۆیان ببینن لە هەر ئاڵوگۆڕ و نەبەردێکی چیانەیەتیدا.
ڕێچار: ململانێکان سەخت و دژوارن، لە لایەکەوە زۆربەی بارەگا حزبییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنراون و لەو لاشەوە دەسەڵات بێڕەحمانە کەوتووەتە وێزەی خەڵک و چەندینى لێ شەهیدکردوون و سەدانى لێبریندار و دەستگیرکردوون. ئایا پێویستە خۆپیشاندەران چی ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر؟
کامیل ئەحمەد: یەک ڕاستی دەبێت لێرەدا باسبکەم ئەویش ئەوەیە کە بورژوازی هیچ کاتێک ئامادە نیە بە ئاشتیخوازانە دەسەڵاتەکەی بداتە دەست کرێکاران، تا داوای ئاشتیبوون و هێمنبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە چینەکەی بەرامبەری بکات. کاش بورژوازی بە بێ خوڵقاندنی کوشتارگا و لە خوێنهەڵکێشانی هەر ناڕەزایەتیەک ئامادەبوایە بڕۆشتایە تا خوێن لە لووتی هیچ کەس نەهاتایە. بەڵام بە داخەوە هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و شۆڕشێکیش بە بێ قوربانی دان نەبووە و نابێت.
خۆپیشاندەران هەقی خۆیانە ئاسمانیش گڕتێبەردەن، نەک بارەگای ئەحزابەکان، بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان. هەرچی بارەگای حزبی یە لە کوردستان لای من قیمەتی خوێن بەربوونی لووتی یەک هاوڵاتی نیە و بە هیچ جۆرێک هێزە ئەمنیەکان و ئەحزابی بورژوازی کوردی مافیان نیە خەڵک سەرکووت، زیندانی شکەنجە یان بکوژن لەژێر ناوی پارێزگاری لە بارەگەکانیاندا. ئەمە وێڕای ئەوەی من لەگەڵ سووتاندنی هیچ جۆرە بارەگا و دامەزراوەیەکدا نیم. ئەوەی کە بورژوازی پارێزگاری لە خۆی و دەسەڵاتی و بارەگا و بنەکانی دەکات و خەڵک لە خوێنهەڵدەکێشێت نابێت یەک زەڕرە خۆشخەیاڵیمان هەبێت. ئەو تا دوا نەفەسەکانی ژیانی پارێزگاری لە خۆی دەکات، بەڵام ئەوە ئێمەین کە نابێت موغامەرەبکەین و بەهانە بدەینە دەست دەسەڵات کە سەرکوتی پێشوەخت دەستپێبکات. ئەوە ئێمەین کە دەبێت لە ڕادەیەکی زۆر یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون بەهرەمەندبین تا بتوانین بە کەمترین قوربانی لە دەست دەسەڵاتی نەگریسی بورژوازی ڕزگارمان بێت. ئەو کات بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەم ئاگاییە بکەین بە ئاگایی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانیش کە ئێستا پارێزگاری لە خاوەن کۆمپانیا و دەسەڵاتەکانیان دەکەن. ئەوانیش بۆیان ئاسان نابێت کە لوولەی تفەنگەکانیان بکەنە سنگی هاوچینەکانی خۆیان. خۆپیشاندەران ڕێگایەکی تر، جگە لە یەکگرتووکردن و سەرتاسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و گەشەپێدانی تا دەگاتەوە شوێنی کار و ژیانیان، لەبەردەمدا نیە. هاوکات وەک لەسەرەوە بەکورتی ئاماژەم پێدا، گرنگترین خاڵێک ئەوەیە، کە چۆن بەشە جیاوازەکانی ناڕەزایەتی پڕۆلیتاریا یەکگرتووبن، بەشی سەرکارو بێکار و کەرتە جیاوازەکان. ئەم کارە پێویستی بە ڕێکخراوبوون هەیە، پێویستی بە بردنە سەری ئاگایی چینایەتی – سۆشیالیستی هەیە. پاشان پێکەوەگرێدانی خەباتە لە ئاستی شارەکاندا.