کارانی کشتوکاڵی و جوتیارانی هیندستان لە ٢٤ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ ەوە دەستیان داوەتە چەندین شێوازی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یاسای نوێی کشتوکاڵ کە دەوڵەت دەیەوێت تێیپەڕێنێت. ئەم یاسەیە لە سێ بڕگە پێکهاتووە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بریتی یە لە ڕەوانەکردنی جوتیاران و کرێکارانی کشتوکاڵی بەرەو بازاڕی ئازادی سەرمایەداری و شانخاڵیکردنەوەی دەوڵەت لە وەرگرتنی بەرووبوومەکانیان و ئاواڵەکردنی مامەڵەی ڕاستەوخۆی جوتیاران لەگەڵ سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان و مەترسی کێبەڕکێی بازاڕە بێ ڕەحمەکەیان. ئەم ناڕەزایەتیانە لە ڕاستای ڕەتکردنەوەی ئەم یاسا نوێیانەدایە.
وێڕای هاتنەمەیدانی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کرێکار و جوتیارلە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا، بەڵام لێرەو لەوێ و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەم ناڕەزایەتیانە بەردەوامن و کرێکاران و جوتیاران دەڵێن، تا پاشەکشە بەم یاسا نوێیە، ئەوان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان کورت ناهێنن. لە هەفتەی ڕابردوودا، لە ١٤ ی دێسەمبەرەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە زۆربەی ناوچەکاندا و لە سەر داوای [1]AIKSCC لە بەردەم زۆرێک لە نووسینگەکانی وەرگرتنی باج دا کۆبوونەوە سازدراوە. هاوکات چەندین ئەحزابی جۆراوجۆری ئۆپۆزیسیۆن کە پاڵپشتی خۆیان لەم داواکاری و هاتنەمەیدانەی کرێکاران کردووە، لە ڕۆژی ١٨.١٢.٢٠٢٠ مانگرتنێکی سیمبۆلیکی یەک ڕۆژەیان لە خواردن ڕاگەیاند. وا بڕیاریشە کە هەمان لیژنە لە ڕۆژی ٢١.١٢.٢٠٢٠ دا و لە هەموو ناوچەکاندا یادی ژیان و خەباتی ئەو کرێکارانە بەرز ڕابگرێت کە لەم ناڕەزایەتیانەدا گیانیان بەختکردووە. لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیە بەردەوامانەشدا، بۆ ڕۆژی ٢٩.١٢.٢٠٢٠ لە ویلایەتی تامیل بانگەواز بۆ کۆبوونەوەیەکی گەورە کراوە و وا چاوەڕواندەکرێت کرێکاران و جوتیاران بەشێوەیەکی فراون و بەرچاو بەشداری تیادا بکەن.
کرێکارانی هیندستان، وەک بەشێک لە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی کرێکاران لە ئاستی جیهاندا، ڕۆژانە خەریکی تۆمارکردنی نەبەردی چینایەتی جۆراوجۆرن لە بەرامبەر بورژوازی و سەرمایەداراندا. ڕۆژانە بە هێزی سەدان میلیۆنیان پەیامی وەستانەوە بەرامبەر ئەم دونیا سەرەوخوارەی سەرمایەداری دەدەن بە گوێی هەموو هاوچینەکانیاندا لە تەواوی جیهاندا. ئەم ئاگاییە چینایەتیە و ئەم ڕادەیە لە ڕێکخراوبوون دەتوانێت لەو گۆشەیەی جیهاندا سەرمایەداری بەچۆکدابدات و دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات، ئەگەر فەزای فکری ئاڵای مارکس تیایدا گەشەبکات و بەدەستیەوەبگرێت.
[1] دەتوانن لەم لینکەی خوارەوەدا و لەم ماڵپەڕەوە زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن:
[1] AIKSCC چەترێکە و ٢٥٠ ڕێکخراوی کرێکارانی کشتوکاڵی تیایدا ئەندامن. ئەم لیژنە هاوئاهەنگکەرە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ دا دامەزرا، دوای کوشتنی ٦ جووتیار بە دەستی هێزەکانی پۆلیسی ماندساورەوە. ئەم لیژنە هاوئاهەنگکەرە لە پشت سازدانی ئەم ناڕەزایەتی یانەوەیە.