بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی جیهانی چینی کرێکار!
بەیاننامەکان

بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی جیهانی چینی کرێکار!

چینی پرۆلیتاریا لە تەواوی جیهاندا لەسەرووبەندی پێشوازیدایە لە ڕۆژی یەکی ئایار. ڕۆژی خەباتی دەستەویەخەی چینی کرێکار، کە بەهۆی جێگاو ڕێگای ئابووری و لە ڕێگای خۆرێکخستن و کێشمەکێشی ڕۆژانە و بەهرەمەندبوونی لە هۆشیاریی و بەدەستەوەگرتنی میراتی شۆڕشگێڕانەو چینایەتی خۆی، دەتوانێت بەرهەمهێنان بوەستێنێت و شادەماری ژیانی چینی سەرمایەداری کە لە قازانج بەهرەمەندیان دەکات ببەستێت. هاوکات دەتوانێت کۆتایی بە و خواستەی چینی بورژوازی بهێنێت کە دەیەوێت سەرمایە لە دەستی ١ ٪ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، کۆبکاتەوە. ئەگەر ئەم هێزە یەکبگرێت و ئیرادەی چینایەتی خۆی بێنێتە مەیدان،  ئەوا دەتوانێت لە ڕێگای شۆڕشی چینایەتی خۆیەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی چینی بورژوازی بهێنێت و هاوکات دەتوانێت شێوازێکی مرۆڤانەتر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ببات بەڕێوە کە وەڵامدەرەوە بێت بە پێداویستیەکانی مرۆڤ بە بێ لەبەرچاوگرتنی قازانج  و ڕکابەرایەتی و بەرهەمهێنان تەنها بە خاتری قازانج.

 

پرۆلیتاریا ئەم ڕۆژە لە کاتێکدا یاددەکاتەوە کە نیزامی سەرمایداری لە سەرە مەرگدایە و سەرمایەداری جیهانی بە یەکێک لە قوڵترین ئەزمە ئابووریەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت. وە هاوکات بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەوەندەی تر ڕێڕەوی  ئەم ئەزمەیەی قوڵتر و خێراتر کردۆتەوە و تەنانەت گەشتۆتە لوتکەی خۆی. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاسەوارەکانی ئەم قەیرانە خنکێنەرە و دەرەنجامە مالوێرانهێنەرەکانی زیاتر دەردەکەون بەسەر ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی چینی کرێکار، کە زۆرترین دەرهاویشتەکانی ئەم قەیرانانە بەسەر ئەواندا دەشکێتەوە.  ملیۆنەها کرێکار کارەکانیان لەدەست دەدەن و بە لەشکری بێکارانەوە پەیوەستدەبن.  گرتنەبەری سیاسەت و ڕێوشوێنی بەرفراوانی کولەمەرگی ، زیادکردنی باج، کەمکردنەوەی مووچە تا ئاستی زۆر نزم لەژێر بیانووی پڕوپوچدا و هێنانەخوارەوەی ئاستی خەرجیە گشتیەکانی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان. هەڵئاوسان و گرانی، ناتوانایی لە بەرانبەر دابینکردنی خەرجی و بژێوی ڕۆژانە و کاڵا پێویستیەکان و خواردن و جلوبەرگ، بەشێک دەبن لەو دیاردە دیارانەی قۆناغی داهاتوو؛  قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی پەتای کۆرۆنا و سووکبوونەوەی ئەزمە ئابووریەکە. دەبێت کرێکاران و خێزانەکانیان باری قورسی ئەم ئەزمەیە هەڵبگرن. بارودۆخی کرێکاران لە عێراق و کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی بورژوازی و ناسیونالیستی و ئەتنیکی دا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات.

بەپێی ئەم بناغەیە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی کرێکار لەم ساڵدا مانای کۆمەڵایەتی و سیاسی قوڵی خۆی هەیە کە چاوی دنیا لەسەربزووتنەوەی کرێکاریی و ڕابەرانیەتی، کە چۆن بەرەوپیری ئەم ڕۆژە مێژووییەوە دەچن. بە تایبەتی چینی بورژوازی ودامودەزگاکانی لەنزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا هاتنەمەیدانی چینی پرۆلیتاریا لەم ڕۆژەدا لە تایبەتمەندی خۆی بەهرەمەندە و بە شێواز و شێوەی  جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دەردەکەوێت؟ وە ئایا لە ڕاستیدا بزووتنەوەی کرێکاریی خۆی ئامادەدەکات و ڕاهێننان دەکات لەسەر گۆڕینی تەرازوی هێز بە قازانجی خۆی لە قۆناغی داهاتوودا؟ بارودۆخی ئایندە لەبارە بۆ ئەوەی کرێکاران شێوازی جۆراوجۆری خەباتکارانە بەدەستەوەبگرن بۆ دیاریکردنی بریاڕدان لەسەر چارەنوسی خۆیان و تەواوی کۆمەڵگە. ئەمە بابەتێکی تەوەرەیی و گرنگە چونکە پەیوەستە بە ڕادەی خۆنواندنی چینی کرێکار و نیشاندانی هێزی و نوێنەرایەتیکردنی خۆی لە ڕووی سیاسیەوە بەپێی ئەرکە مێژوویەکەی خۆی، کە تێکشکاندن و ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەیە. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان بە گرنگیەوە چاودێری ئەم دۆخە دەکەن و چاویاندەبڕنە سەر خاڵێکی سەرەکی کە ئایا بزووتنەوەی کرێکاریی دەتوانێت دەستپێشخەریە شۆڕشگێڕانەکانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە لە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەدا؟! لەم قۆناغەدا، جیهان چاودێری هەنگاوە سەرەتاییەکانی چینی کرێکار دەکات  لە وەستانەوەی بەرامبەر نیزامی سەرمایەداری. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامادەییە سەرەتاییەکان، ئاڕاستەی بەدەستهێنانی هەنگاوی گەورەتر دیاریدەکەن، و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش بە چاوی ئومێدەوە لەم هەوڵە بەهێزانە دەڕوانێت بۆ لەرزاندنی پایەکانی نیزامی ئێستا. ئەم هەنگاوانە تایبەتمەندی دیاریکراوی خۆیان هەیە کە خەباتی چینی کرێکاری لە ئایندەیەکی نزیکدا پێدەناسرێتەوە.

نیزامی سەرمایەداری نەک تەنها شایستەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نیە، بەڵکو سەرچاوەی ترسێکە کە هەڕەشە لە چارەنووسی مرۆڤایەتی  دەکات، لە هەموو چرکەساتێکدا دونیای نوقمی ناجێگیری و نائارامی کردووە، بۆیە پێویستە بە یەکجاری وەلابنرێت لە ڕیگای تەنها ئەڵتەرناتیڤێکەوە کە ئەویش بەرپاکردنی شۆڕسی کرێکاری یە بە ڕابەری حزبی چیانەیەتی خۆی و ڕزگاربوونی یەکجاریمان لە دەست نیزامی سەرمایەداری و دابینکردنی ژیانێکی مرۆڤانەی ئارام و یەکسان و خۆشگوزەران لە ژێر سایەی نیزامی سۆشیالیستیدا.

شەکاوە بێت ئاڵای کۆمۆنیزمی مارکس

بژی سۆشیالیزم

بژی خەباتی جیهانی پرۆلیتاریا

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

29.04.2020