کاریگەریەکانی قەیرانی ئابوری و پەتای کرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، ٢٥٥ ملیۆن بێکارە
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

کاریگەریەکانی قەیرانی ئابوری و پەتای کرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، ٢٥٥ ملیۆن بێکارە

بە پێی ڕاپۆرتی حەوتەمی[1] "ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی" سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتە بە ئاسەوارەکانی پەتای کۆرۆنا و لە ٢٥ ی جانیوەری سالێ ٢٠٢١ دا بڵاوکراوەتەوە، ٢٥٥ ملیۆن کرێکار لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بێکاربوون. ئەم ڕێژەیە ٤٨ کاتژمێر کارکردنی لە هەفتەیەکدا تیادا بەهەند وەرگیراوە و ڕێژەی ئەوانەشی تیادا لەبەرچاوگیراوە کە کارەکانیان کەمبۆتەوە یان ناچاربوون کە کاری زیاتربکەن یان بە کرێی کەمتر کاربکەن. ئەمە ئەو ئامارانەن کە بە شێوەیەکی فەرمی توانراوە دەست ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بکەوێت. بە دڵنیایی یەوە ئەم ئامارانە زۆر لەوە زیاترن و ئاسەوارەکانیشی لەسەر پرۆلیتاریای جیهانی زۆر زیاترە. ئەمە وێڕای گیان لەدەستدانی زیاتر لە دووملیۆن مرۆڤ بەم پەتایە.

ئەم ئامارە ترسناکانەی بێکاری ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە و هەر بە پێی هەمان ڕاپۆرت  ڕادەی بێکاری چوار بەرابەری قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠٠٩ ەیە و گەورەترین ئەزمەیە کە سەرمایەداری بەخۆیەوە دەبینێت لە دوای ئەزمەی ساڵی ١٩٣٠ یەوە. کێشەی گەورەش لەوەدایە کە ئەم کرێکارانە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان دا، کەمینەیەکی کەم نەبێت کە لە بیمەی بێکاری یان کۆمەڵایەتی بەهرەمەندن،  هیچ بیمەیەکیان پێنادرێت و و ڕەوانەی بازاڕی بێڕەحمی سەرمایەداری دەکرێن. لە شوێنێکی وەک کوردستاندا سەرمایەداری دەسەڵاتدار، چاوچنۆکانە مووچەی کرێکارانی سەرکاریش دەدزێت و دەیخوات.

 

 

 

کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە کرێکارانی بێکارکراو ناتوانن بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان ئەگەر کۆرۆناش تێپەڕێت، چونکە کارێکیان نیە کە بیکەن بەهۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەو فراوانەی تەکنەلۆژیای زیرەکەوە. زۆربەی ئەو بواری کارانە  یان نامێنێت، یان کرێکاری کەمتر پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەمان کار. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاڵایەکی زۆرتر لەبەردەستدا دەبێت و کڕیاریش توانای کڕینی نەبێت بەهۆی بێکاری لە ڕادەبەدەرەوە.

کۆتاییهێنان بە ئەزمەی قوڵی سەرمایەداری، کە بەرۆکی بە هەموو جیهان گرتووە، تەنها یەک ڕێگەی هەیە، ئەویش شۆڕشی کۆمەڵایتی چینی کرێکار و لە ناوبردنی نیزامی کاری بەکرێی سەرمایەیە کە ئەمەش پێویستی بە یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون و ئاگایی کۆمۆنیستی و مارکسیستی هەیە بۆ لە گۆڕنانی سەرمایەداری. ئەگەر نا مومکنە ئەم جارەش سەرمایەداران بە خاتری پاراستنی نیزامەکەیان و سەروەت و سامانی کەڵەکبوویان کەمێک لە قازانج و چاوچنۆکی خۆیان بێنەخوارەوە بە قازانجی پرۆلیتاریای جیهانی، ئەمیشیان هەر تەنها لە ڕێگای خەباتی بەردەوام و یەکگرتووی چینی پڕۆلیتاریاەوە دەبێت.

[1]  https://www.ilo.org/wcmsp5/groups/public/---dgreports/---dcomm/documents/briefingnote/wcms_767028.pdf