١٠ = بە ٨ ملیارد پێکوتە!
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

١٠ = بە ٨ ملیارد پێکوتە!

ئەمە دانپێدانانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتیریسە، لە ووتەکانی ڕۆژی ٢٨ ی جانیوەری ٢٠٢١  و لەو ١٠ ئەرکە دەستبەجێیەدا کە خستیە ڕوو بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە پەتای کرۆنا، لە سەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "ئۆکسفام" دا  کە لە ٢٥ ی جانیوەری ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە کە سامانی ١٠ دەوڵەمەندترین سەرمایەداری گەورەی جیهان، بەشی پێکوتەی کرۆنای هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی دەکات.

پەتای کرۆنا بە پێی ڕاپۆرتەکانی خودی دەزگا و دامەزراوە بورژوازیەکانیش بۆتە خێر و بێر و بەسەر سەرمایەدارنادا ڕژاوە. بە پێی هەمان ڕاپۆڕت ١٠ دەوڵەمندترین سەرمایەداری جیهان سەرمایەکەیان بە بڕی نیو تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم بڕە پارەیە و سەرمایەی ئەم سەرمایەدارانە نەک تەنها بەشی تێچوونی پێکووتەی کورۆنای هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی دەکات، بەڵکو دەتوانێت زەمانەتی ئەوەش بکات کە هیچ کەس بەرەو ڕۆخی برسیەتی نەچێت بەهۆی ئەم پەتایەوە.

سەروەت و سامانی جیهان لە دەستی کەمینەیەکی  چاوچنۆک دا کۆبۆتەوە و ژیان و مانەوەی مرۆڤیان خستۆتە مەترسیەوە. بورژوازی بە پاڕانەوەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنها خستنەڕووی ڕاستیەکان لەم قازانج و بەرژەوەندیەی خۆی خۆش نابێت. ئەگەر ئەم سەرمایەیە بە هێزی ڕێکخراو و شۆڕشی پرۆلیتاریای یەکگرتوو نەخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە، ئەوا چارەنوسێکی لەوەی ئێستا باشتر چاوەڕوانمان نابێت.