کە دیموکراتەکانی ئەمریکا دێنە سەر کار و دەیبەنەوە، یان دەبێت چاوەڕوانی داعش و ماعش بین یان سوپرایسێکی تازەمان دەدەنێ. ئەمجارە بایدن مانگێکی تەواو نەکرد، مژدەی دەرکەوتنەوەی فەرمی بەعس درا بە گوێی عێراقیەکان و ناوچەکەدا. حزبی ناسیونالیستی عەرەبی بەعس، پێویست بە پێناسە ناکات، حزبێکی شۆڤێنی، ناسیونالیزمی پانعەرەبی پیادەدەکرد لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا. باسەکە باسی بوونی بەعس نییە وەکو حزبێکی دەسەڵاتداری بورجوازی بێرکابەر و سەرکوتکەر، ئەو مەسەلەیە ڕۆشنە. هەروەها ئەو حزبە ماوەی ٣٥ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە عێراقدا. بەم پێە کەم تا زۆر جەماوەری خۆی هەبووە، تەنانەت لە دوای ڕووخانیشی لە بەهاری ٢٠٠٣دا. کەواتە باسەکە باسی دەرکەوتنەوەی فەرمی ئەم حزبەیە لە ڕارەوی دەزگا سیخورییەکانی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا و لە ئاستی ناوچەکەشدا ئەردن و بەتایبەت سعودیە لە پشت دەرکەوتنەوەی فەرمی کەسێکی ناسراوی وەک ڕەغد سەدام حوسەینەوەن، لە کەناڵیکی بەناوبانگی وەک ئەلعەرەبیەدا، کە خاوەنی کەناڵەکەش هەر سعودیەیە. بەعسی عێراق کەسایەتی بەناوبانگ و ناسراوی لە ئاستی ناوچەکەدا نەماوە، بۆیە وەک ڕەمزێکیش بێت کچەکەی سەدام دەتوانیت ئەم ڕۆڵە ببینێت، ئەگەرچی بە قەولی خۆی ئەندامی حزبی بەعیسش نەبێت.
دەرکەوتنی فەرمی بەعس لە ڕێگای ڕەغدەوە، چەند فاکتێک دەدات بەدەستەوە، یان واقعی بابەتی ئەم قۆناغە سیاسییە دەیەوێت ڕووداوێکی تازەمان نیشانبدات، واقعیەتێک کە هێزە بورجوازیەکان بە جیا لە ڕەنگوڕوویان و بەجیا لە جیهانی و ناوچەیی ولۆکەلییان، کۆی دیمەنەکەیان نەخشاندووە. ڕووداوێک لە ناوەرۆکدا نە تازەیە وە نە یەکەمجارە ڕووبدات، بەڵام پەیامی گەورەی پێیە. من لەسەر پەیامەکان باسدەکەم، چونکە دەبینم لەئێستادا، ئەم دەرکەوتنە لەباری سیاسییەوە زیاتر زەختێک بێت لە سەر ئێران و هێزەکانی ئیسلامی شیعی و بەتایبەت ئەوانەی نزیکترن لە ئێرانەوە. ئەگەرچی ڕۆشنە لەم ئاستەدا نامێنێتەوە، بەڵام لە هێزهاوسەنگی ئێستادا، حزبی بەعس ناتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت.
پەیامی یەکەم: فەشەلی سیاسەتی ئەمریکا لە فراوانترین و قوڵترین ئاستدا نمایش دەکات. ئەمریکا کە دەسەڵاتی سەدام حوسەین و حزبی بەعسی ڕووخاند، مژدەیەکی دا بە ناوچەکەو دروست تەواوی مژەدەکەی خۆی جێبەجێکرد، مژدەی دیموکراتی فرە پێکهاتەکان، هەر زوو ئەم دیموکراتیەی لە ڕێگای بریمەرو بە هاوپشتی و کۆمەکی سەرجەم هێزە بورجوازییە شیعی و کوردییەکانەوە لە دەستوردا جێگیر کرد. بەم پێیە شوناسێکی تازەیان کرد بە بەرگی کۆمەڵگەی عیراقدا، بە قەولی خۆیان" ئوممەیەکی تازەیان " دروستکرد، تا ئەو ڕادەیەی کە جەنگی تایفی بگاتە لوتکەی خۆی. دیموکراتیەکەیان بۆ ئەوە بوو، کە بیرەوەرییەکانی کۆمەڵگەی پێشووی عێراق بە تەواوی بسڕنەوە و شوناسێکی دیکەی بەبەردا بکەن. ئەم سیاسەتەی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو، ئەو ئەنجامەی کە پێویستیان بوو جێبەجێیبکەن لە نێو کۆمەڵگەی عێراقدا، تا ڕادەیەکی زۆر بە دەستیان هێنا. هەم شوناسی تایفی زۆر بەهێزو کۆمەڵایەتی بۆتەوە وەهەم ئابوری بازاڕ بۆتە سیاسەتی دەوڵەت، ئێستا خەریکی ئەوەن کە ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش بفرۆشن بە کەرتی تایبەت، کەرتێک کە ئەمریکا عاشقیەتی، عاشقی ئەوەی کە دەوڵەت هیچی نەبێت، بەڵکو کەرتی تایبەت خاوەنی هەموو بازاڕ بێت. بەڵام لە باری سیاسیەوە دۆراندیان، هێزگەلێک ئەمرۆ بونەتە دەسەڵاتداری عیراق، کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە مانەوەی ئەمریکا دەکەن لە عێراقدا. ئەمە ئەنجامی هەویرێکە کە ئەمریکا خۆی شێلاویەتی. ئەوان بە ئەمریکا دەڵین بڕۆ دەرەوە لە عیراق و بڕیاری پەرلەمانیان پێیە، ئەمریکاش دەڵێت بەعستان بۆ دەهێنمەوە، کاڵەک بە ئەژنۆی خۆی دەشکێنێت.کارتی دەرکردنی ئەمریکا لە لایەن هێزەکانی نزیک لە ئیرانەوە، بە کارتی هێنانەوەی بەعس وەڵام وەردەگرێتەوە. پێشتر لە کاتی ئۆبامادا کارتی داعش بەکارهات دژی دەسەڵاتی بێرکابەری ئێران لە عێراقدا لە ڕێگای مالکیەوە. کارتی داعش بۆ ماوەی ٤ساڵ زیاتر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای کرد لە عێراقدا.
پەیامی دووەم: داڕووخانی پڕوپاگەندەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕووخانی بەعس: پڕوپاگەندەکانی سەبارەت بە دیکتاتۆری، مافی مرۆڤ، سەرکوتکەر، توندوتیژ دژی گەلەکەی، گەلەکەی کیمیایی بارانکردووە، دۆستی خەڵکی کوردستانین... و بەگشتی تەواوی پرۆسەی بەناو " ئازادی عێراق" دەکاتە گەورەترین درۆی مێژوو. ئەم هێنانەوەیە تەنانەت وەک هاتنەوەی تاڵیبان نیە لە ئەفغانستان. چونکە لە بناغەوە ئەمریکا کۆسپی لەگەڵ دەوڵەتەکەی تاڵیباندا نەبوو، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەبوو کە تاڵیبان بن لادنی سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعدەی ڕادەستنەکردنەوە، ئەگەر نا گرفتێکیان لەگەڵ تالێبان نەبوو. دەرکەوتنەوەی فەرمی بەعس کۆی سیستەمی پڕوپاگەندە و میدیای هەرە درۆزنی ئەمریکا و ڕۆژئاوا وهەروەها گشت سەرخانی ئایدۆلۆجی دیموکراتی ئەمریکی دەدات لە زەوی. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت، دیموکراتی ئەمریکی تەنها جۆرێک لە ئازادی نیوان کۆمپانیاکانە، نەک هەر کۆمپانیایەک، بەڵکو کۆمپانیا گەورەو جیهانیەکان. بەکورتی دیموکراتی ئەوەیە، کاتێک پرۆلیتاریا وەک هێزێکی سیاسی دیار نیە، تەنها ئازادی نێوان ملیاردیرەکانە. بۆ داگیرکردنی جیهان و بازاڕەکانی هەموو سیاسەتێک دەگرنە بەر، داگیرکاری عیراق نمونەیەکیەتی. پەیامی ئەمریکا بەکورتی ئەوەیە دەڵێت ئەمریکا جێگای متمانە نییە وجێگای پشت پێ بەستن نیە بۆ هیچ هێزێک. ترامب ئەم ڕاستیەی بە ڕۆشنی نیشانی هەموو دونیا دا.
پەیامی سێهەم: جورئەت و شەهامەتی دەرکەوتنەوەی بەعس، یان جورئەتی ئەمریکا لە نیشاندانەوەی بەعس و ترساندنی هێزە بورجوزاییە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا پێی، پەیامێکی گەورەیە بە هێزە بورجوازییە میلیشیاییە دەسەڵاتدارەکانی شیعی و کوردی و سوننی کە پاش ١٨ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتیان هێشتا مایەپووچن. ئەم هێزانە کە ئەمریکا دەسەڵاتی پێدان، هێشتا نەک وەڵامێکیان بە پێداویستیەکانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی عیراق نەداتەوە، بەڵکو پاش ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتی تا ئێستا خەڵکی کوردستان کارەبای تەواوی نیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو موچەشی نییە، سەبارەت بە ئازادی سیاسیش هەموو دونیا دەزانێت کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان دیکتاتۆریەتێکی بێ وێنەیە، دواین نمونەی دادگایەکی کاریکاتۆری ٥ چالاکەوانی ناوچەی بادینان بوون. لەباشورو ناوەراستی عیراقیش لە جیاتی باش بژیەتی و ژیانێکی خۆشتر لەسەر سوننە بوون و شیعە بوون سەدان هەزار کەس کوژران و دەربەدەربوون، ئەوە بەجیا لەوەی کە کارەبا سەرەڕای گەندەلی و خواردنی بودجەکەی تا ئێستا بوونی نیە، برسێتی و بێکاری لە ڕادەبەدەر بڵاوە. مافە مەدەنی و فەردییەکان لە سایەی کەشوهەوایەکی خنکێنەری ئیسلامیدا، بەتەواوی چەپێنراوە. ئەم پەیامە هەم ئەڵتەرناتیڤی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی بەعس مایە پووچ دەکات، هەم حوکمی مەرگی هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای بەغدا دەدات و لە ڕاستیدا حوکمی مەرگی دەسەڵاتی بورجوازی دەدات. ئەوەی ئەمریکا کارتی بەعس بەرزدەکاتەوە بەرانبەریان بۆ ئەوەیە کە کێکەکە خۆی بیخوات یان زۆربەی بخوات وپێش بە نفوزی نەیارەکانی بگرێت.
پەیامی چوارهەم: ئەم ڕوداوە، گۆڕانێکی ٣٦٠ پلەییە، گەڕانەوەیە بۆ پۆینتی سفر. بەڵام کۆسپەکە ئەوەیە کە لەنێو ئەم هەڵقەیەدا،لەنیو دووتوێی ئەم ١٨ ساڵەدا، دەریایەک خوێن ڕژاوە، ملیۆنەها ئینسان بە ناچاری عیراقیان بەجێهشت و ئاوارەبوون یان چوونە هەندەران، سەدان هەزاری دیکە بریندار بوون، ئەوەندەی دیکە لە نێو عێراقدا ڕاگوێزراون بەهۆی جەنگی تایفیەوە... لەم نێوەدا زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دۆلار بە ئاشکرا لە سەروەت و سامانی خەڵکی عێراق خوراوە وچۆتە گەرووی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی و لۆکەڵیەوە، لەم ١٨ ساڵەدا، دەیان کەس بوونە ملیاردێری بن دیوار و لە ئاسمانی خوداوە دۆلاریان بەسەردا دەبارێ، بەلام ملیۆنەهای دیکە هەژارتر بوون، لەم ١٨ ساڵەدا چەندین دێوەزمەی وەک دەوڵەتی ئیسلامی و داعش و قاعیدە و سوپای عومەر و خالید و نەقشبەندی و سوپای ئیسلامیان کردە دیاری بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان.... ئەم هەڵقەیە کارەساتێکی ئینسانی گەورەیە، تاوانباری سەرەکی ئەمریکایە. مانەوەی ئەمریکا هێندەی تر هەلومەرجەکە ئاڵۆزتر دەکات. ڕۆیشتنە دەرەوەی ئەمریکا نەک تەنها لە عیراقدا بەڵکو لە ناوچەکەدا، گەورەترین خزمەت بە خەڵکی عێراق و ناوچەکە دەکات.
پەیامی پێنجەم: مێژووی ٣٠ساڵی کوردستان و ١٨ساڵی هەموو عێراق ڕاستیەکمان پێدەڵێت ئەویش حەقیقەتی خەباتی چینایەتیە لە کۆمەڵگەدا... باسەکە کوردبوون و عەرەب بوون و شیعەو سوننە بوون نیە، ڕۆشنە هێزەکانی ئەو لایەنانە جیاوازن و دژ بەیەکن، بەڵام دژایەتیان لەسەر بەشی زیاتری سەروەت و سامانی عێراقە، نەک لەسەر خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی عێراق. ئەوان گوایا لە دژی یەکن، بەڵام لە بەغدا لە هۆڵی پەرلەمان و لە حکومەتدا شەریکن وپێکەوە دەیخۆن، ئەوان هەموو ئەو هێزانە نوێنەرانی جیاوازی چینی بورجوازی دەسەڵاتداری عێراقن. لە کوردستانیش هەروایە، پارتی ویەکێتی وگۆڕان وئیسلامیەکان پێکەوە دەیخۆن، ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی ملیاردێرەکانی کوردستان و کۆمپانیاکانن، نوێنەری زۆربەی خەڵکی کوردستان نین. ئەمریکا و ئێران هاوپشتی ئەم هێزانەن، هەریەکەو لایەنگری خۆی. چینی پرۆلیتاریا لە بەرانبەر ئەم هەلومەرجەدا پەرتوبڵاو و ناڕێکخراوە. پێویستی بەوەیە هەستێتەوە، ئەگەر نا ئەمریکا و سەرجەم دەوڵەتانی بورجوازی ناوچەکە و جیهان و هێزەکانی بورجوازی ناوخۆ لە بەردەم هەڵبژاردنێکی ترسناکی وەک "داعش یان دەسەڵاتدارانی ئیستا" یان "دەسەڵاتدارانی ئێستا یان بەعس"دا، دایاندەنێن. ئەم هەڵبژاردنانە هیچیان هەڵبژاردنی پرۆلیتاریای کوردستان و عێراق نین. پڕۆلیتاریا پێویستی بە هوشیاربوونەوەو هەستانەوەیە بۆ ئەوەی وەک چینێک هەڵبژاردەی خۆی، دەسەڵاتی خۆی دامەزرێنێت.
سەرەڕای هەوڵی ئەمریکا بەڵام مێژوو ناگەڕێتەوە، ئەگەر دووبارەش بێتەوە، ئەوە بەدڵنیایەوە کاریکاتۆرە، بەڵام کاریکاتۆر، ناتوانێت وێستگەیەکی درێژخایەن بێت لە ژیانی واقعی ئینساندا، بەتایبەت لە خەباتی پڕۆلیتاریادا. ٢١.شوبات.٢٠٢١