دادگاکانی کوردستان، هەر وەک پەرلەمان، بووکەڵەی دەستی دەسەڵاتن!

ڕات چیە لە سەرئازادی ڕادەربڕین بەگشتی لەکوردستان و دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووس وچالاکوانی بادینان ؟

چاوپێکەوتنی کامل احمد لە ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

ماڵپەری ئەڵتەرناتیڤی شورای 

ئەزیزان :سەبارەت بەئازادی ڕادەربڕین ودادگای کردنی چالاکوانانی ڕۆژنامەنووس وسیاسی ومەدەنی لەکوردستان.وەکو ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی،بەچەند بەشێک ڕاو سەرنجی هەڵسوڕاوانی کرێکاری وسیاسی وڕۆژنامەنووس ونوسەر وچالاکوانانی مەدەنی وهونەرمەند وڕۆشنیروشاعیر خەڵکی ناڕازی دژ بە سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین وەردەگرین لێرە بڵاوی دەکەینەوە.

کامل احمد

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ بەرواری ١٦ ی شوباتی ٢٠٢١  و دوای‌ دو ڕۆژ له‌دانیشتنی‌ دادگا، دادگای‌ 2ی‌ هه‌ولێر‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له ‌ڕۆژنامه‌نوسان ‌و چالاكوانانی‌ بادینان ‌(شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم‌و هاریوان عیسا) دا سه‌پاند.

ئەم دادگاییکردن و سەرکوتکردنە بێپەردەیەی پارتی  و تۆمەتهەڵبەستن بۆ دەستگیرکراوان بە توندی سەرکۆنەدەکەم و دەبێت بە ڕیزی یەکگرتوو ڕێکخراوامان بەرامبەری بوەستینەوە و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ئەحزابی دەسەڵاتداری بورژوازی کورد بسپێرین بە دادگای جەماوەری بێبەش و ناڕازی کوردستان. هاوکات دەبێت هەموو زیندانیکراوەکان ئازادبکرێن و لەژێر مەنگەنەی حزبدا بهێنرێنە دەرەوە.

 من دەمەوێت لە وەڵام بە پرسیارەکەی ئێوەدا زۆر بە کورتی  لە سەر دوو تەوەرە ڕابوەستم و تاوتوێی بکەم؛ یەکێکیان پێششێلکردنی ئازادی سیاسی و ڕادەربڕینە وئەوی تریشیان مەسەلەی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری  و چاوەڕوانیەکانە لێی لە کوردستان دا.

من پێم وانیە لە کوردستان دا ئازادی سیاسی و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری بوونی هەبێت، تا باس لە پێشێلکردنیان بکەین. ئەوەی کە لە کوردستان بوونی هەیە خۆ خاڵیکردنەوەیە. خاڵیکردنەوەی ڕق و توڕەیی خەڵکی کوردستان و بەرنەکەوتنیانە لەگەڵ دەسەڵاتی ئەحزابی سیاسی دەسەڵاتداردا. تۆ سەیری ئەو هەموو دەزگا زەبەلاحە میدیایی و ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیەندنانە بکەن لە کوردستان دا. سەیری ئەەو هەموو ئیمکاناتە زۆروزەبەندە بکەن کە خراوتە خزمەتی ئەو هەموو دەزگایانە، کە گوایە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبی پارتی و یەکێتی دان. تۆ سەیرکەن دەزگا ڕاگەیاندنەکانی بە ناو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان یان  بێلایەنەکان چ ژەهراوێک دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن لەژێر ناوی ئازادی ڕادەربڕین و سیاسی دا. سەیرکەن چۆن هەریەکەیان دەیان و سەدان بەرنامەی لێبوکی و گاڵتەئامێزیشیان هەیە بۆ خاڵیکردنەوەی ئەم ڕق و بێزاریەی خەڵک بە رامبەر دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری کوردستان و بۆ کۆمەک بە هاوچینەکانیان. ئیغراق نیە گەر بڵێم ئەم دەزگا و شێوازە لە ڕاگەیاندن ئەگەر خزمەتێکی زیاتری بە دەسەڵات و پایەکان و بەرژەوەندی ئەم دوو کۆمپانیا گەورەیەی سەرمایەداری نەکردبێت، ئەوا هیچ کەمتریان نەکردووە. ئەحزابی ناسیونالیستی کوردستان هیچ کاتێک ئازادی سیاسی یان بە ڕەسمیەت نەناسیوە تا ئێمە بێین باس لە پێشێلکاریەکەی بکەین. ئەوان هەر  ئەوەندە بێدەنگ بوون یان دانیان بەخۆیاندا گرتووە کە زیانێکی بۆ “پەزەکان” نەبێت. بۆیە ئەوان هەمیشە لە بۆسەدابوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانی خۆیان و وەک دەسەڵاتێکی چنگ خوێناوی و هاری سەرمایەداری ئامادەبوون نەک ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو خەڵکی ناڕازی کوردستانیش لە خوێنهەڵکێشن، هەر کاتێک دەنگی ناڕازی هەڵبڕیبێت بەرامبەر بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هاتبێتە مەیدان و شەڕی ڕاگەیاندبێت لە گەڵیاندا بۆ گێڕانەوەی بۆ خاوەنە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگا کە خودی پڕۆلیتاریا و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان خۆیانن.

هەروەک چۆن پەرلەمان بووکەڵەیەکە و بەشێکە لە دەسەڵاتی بورژوازی، بە هەمان شێوەش دادگا و دەسەڵاتی دادوەریش، بە تایبەتی لە کوردستاندا، بەشێکە لەم دەسەڵاتە. دادگاکانیش وەک هەموو دامودەزگاکانی تر دروستکراوی خۆین و بۆ بردنەپێشەوەی بەرژوەندیەکانی خۆی و سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتری بەسەر کۆمەڵگادا بەکاریاندێنێت تا بتوانێت چینەکەی لە قازانج و پارەوپولی زیاتر بەهرمەندبکات و  بەهەر شێوازێکیش پێویستی کرد پارێزگاریی لێبکات. بۆیە جارێک بە دەزگا سەرکوتگەریەکانی ئەم کارە دەکات و ڕاستەوخۆ هێزی سەربازی و میلیسشیایی خۆی بەکاردێنێت، و لە شوێنێکی تردا پەرلەمان و، وا دیسانەوە جارێکی تریش  لە ڕێگای دادگا و سیستەمی دادوەری یە ئەم کارە دەکات. بە کورتی بڵێم ئەوە ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگایە کە سەرخانە ئابوریەکەشی دیاریدەکات. ئەوەی لەم نێوەدا بەرگوێ دەکەوێت شین و شەپۆڕی کۆمەڵێکی زۆر بە ناو ڕۆژنامەنووس و چاودێر و هەڵسووڕاوی سیاسی یە کە شین بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەکەن و دەیانەوێت بڵێن کاری خۆی سەربەخۆیانە ناکات. ئەم دەسەڵاتە دادوەری یە دەسەڵاتی چینی بورژوازی و سەرمایەدارانی کوردستانە و بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتی ئەوان دانراوە. نیشاندانی هەر جۆرە دوودڵیەک لە بەرامبەر ئەم ڕاستیەدا یان نەبینینی، خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستانە و گومڕاکردنیانە بەم دەسەڵاتە دادوەری یە حزبی و چینایەتیە. ئەمانە مووچەخۆری دەسەڵاتن و دەسەڵات بۆیە پارە و ئیمکاناتی لەبەردەست داناون بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەو یاسا و ڕێسایانە کامانەن کە کاریان پێدەکرێت تا پێمان وابێت دەسەڵاتی دادوەری کوردستان دەتوانێت “داوەر” بێت لە جێبەجێکردنیاندا. هەموو یاساکان تا سەر مۆخ کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانین و بۆ لە قاڵبدانی ئینسانەکان دانراون و جێگەیەکیان بۆ بانگەوازی هەندێ کەس و لایەن بۆ دادوەران و سیستەمی دادوەری تیا نیە بۆ ئەوەی دادگاییەکان عادیلانەبن. 

ئەم دەسەڵاتە دەبێت لە دادگای جەماوەری خەڵک دا دادگاییبکرێت و خۆی تاوان بارە. تاوانبارە بە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و خڕکردنەوەی لە دەستی چنگێک سەرمایەداری چاوچنوک و کۆمپانیای حزبی دا. تاوانبارە بەوەی کە هەموو دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانیشی خستۆتە خزمەتی ئەم کۆمپانیا حزبیانە و پەردەپۆشی هەموو دزی و تاڵانیەکانی ئەوانی پێدەکات و ئەم جارەیان نۆرەی دادگایە کە ئەم ڕۆڵەبگێڕێت. ئەمە نە یەکەم جاریشە و نە دوا جاریش دەبێت کە دادگا ئەم ڕۆڵە لەیبوکە بۆ سەرمایەدارانی کوردستان بگێڕێت. بۆیە ئەم دەسەڵاتە نەک مافی دادگاییکردنی هیچ کەس و ڕۆژنامەنووسێکی نیە و هەموو یاسا و دادوەریەکانی پووچە، بەڵکو دەبێت خۆی ڕووبەڕووی دادگای شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا بێتەوە و هەموو ماف و پێداویستیە زەوتکراوەکانی کۆمەڵگایان لە چنگ دەربهێنرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنرێت. ئا لێرەوەیە کە چیتر شیروان شیروانیی و هاوەڵەکانی و هەموو ئەوانەی کە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا دێنە مەیدان لە سەر ئازادی ڕادربڕینی سیاسی و ڕۆژنامەوانی بێ قەید و شەرت دا، جێگایان زیندان نابێت. بۆیە تا لە دەسەڵاتدابوونی ئەمانە، باسێک لە سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی داوەری و ڕێکخراوەکانی چواردەوریان باسێکی پووچە.