ڕاگەیاندنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ سەبارەت بە: ٨مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان
بەیاننامەکان

ڕاگەیاندنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ سەبارەت بە: ٨مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان

ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن لە سەرجەم ژنان و خەباتکارانی ڕێگای یەکسانی و ئازادی پیرۆزبێت. ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی خەباتکارانەیە دژ بە چەوساندنەوەی ژنان و نزمی پێگەی کۆمەڵایەتیان لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا. کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی چینی بورجوازی، لە ئاستی دونیادا سەرەڕای هەندێک جیاوازی لە مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکاندا، ژنانی  وەک ئینسانێکی پێگە نزم و ژێردەستە بەرجەستە کردووە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم  فەرهەنگەی سەدە کۆنەکانی ڕاگرتووە و بەرهەمیدەهێنیتەوە و لە چوارچێوەی یاساییدا دایڕشتۆتەوە. جیاوازی نێوان کرێی ژن و پیاو، گەورەترین و زەقترین جیاوازی نێوان ژن و پیاوە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا.

چینی بورجوازی وەک چینێکی جیهانی، پێویستی بەم جیاکارییە ڕەگەزییەی نێوان ژن و پیاو هەیە، بۆ ئەوەی بیکاتە هۆکارێک بۆلێکدابڕینی چینایەتی نێو ڕیزەکانی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا لەسەر بناغەی ڕەگەزی و بە قەولی بورجوازی –لەسەر بناغەی جێندەری-، لە هەمانکاتدا بەرژەوەندییەکی ئابوری گەورە بۆ سەرمایەداران دابیندەکات. بەڵام ئەم جیاکارییە جیهانییە و سەرتاپاگیرە، لە وڵاتانی موسڵماننشین و ئەو وڵاتانەی کە ئایین سایەی کردووە بەسەر فەرهەنگی کۆمەڵایەتیدا، هەر بە جیاکاری لە سەر بناغەی مووچە ناوەستێتەوە، بەڵکو دەچێتە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە. ژن دەکرێتە ئینسانێکی بێ ئیرادە و بێباوەڕ بەخۆ و لە ناوەرۆکی ئینسانی دادەماڵدرێت؛ نە بە شاهید بە حساب دێت لە دادگاکاندا، وە نە بە ئینسانی تەواو لە میراتدا. لە زەواج و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانی خۆیدا، نەک تەنها بە ئینسانی تەواو ئەژمار ناکرێت، بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی دیکە بەهۆی زەواجی موتعە و زەواجی هاوینە و زەواجی گەشتوگوزار و پێشەکی و مارەییەوە مامەڵەی پێودەکرێت. ئەگەر لەم یاساو ڕێسا کۆمەڵایەتی و بزنسەی سەرمایەداری لابدات لەو وڵاتانەدا، ئەوە ڕووپۆشی شەرەفی بە بەردا دەکەن، یان دەیکوژن یان بەردباران یان دارکاری دەکەن. بەم پێیە ژن لەسایەی سیستمی دڕاندانە و چینایەتی بورجوازیدا، لەبواری باری کەسێتیدا، لە وڵاتانی موسڵماننشیندا، تەنها وەک سەرچاوەی سێکس و سەرگەرمکردنی پیاوان چاویلێدەکرێت. لە نێو بازاڕیشدا جەستەی دەکرێتە کاڵایەک بۆ لەشفرۆشی و  نمایشکردن و نیشاندانی وەک کاڵایەکی زیندووی سێکسی و بەم جۆرە  کەڵەکەکردنی زیاتری قازانجی سەرمایەدارانی دونیا. بەکاڵاکردنی  جەستەی ژنان و کاری لەشفرۆشی پەڵەیەکی ڕەش و دزێوی سیستەمی سەرمایەداری نیشاندەدات لە سەرتاسەری دونیای جیهانگیردا.  

بناغە و پێداویستی سیستمی سەرمایەداری و قازانج پەرستییەتی لە ئاستی جیهانیدا، کە ئەم جیاکاری و جیاوازییە ڕەگەزییەی نێوان ژن و پیاو وەک نەریتێکی زاڵی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت و بەرهەمیدەهێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕێگای زۆر و  یاساوە، ژن دەکرێتە قوربانی ئەم نەریتە دواکەوتووە. بۆیە چینی بورجوازی و کۆمەڵگە مەدەنیەکەی لەسەرتاسەری دونیا، لە عێراق و کوردستاندا، توانای هیچ ئاڵوگۆڕ و ڕێفۆررمێکی نەماوە بە قازانجی ژنان و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان. لەم بوارەدا بورجوازی جیهانی گەیشتۆتە دابینکردنی دوا کاری خۆی لە پەیوەند بە مافەکانی ژنانەوە. مافە فەردی و مەدەنی و بەتایبەت ئابورییەکانی ژنان لە ئاستی جیهانیدا،  دابینکردنی یەکسانی تەواوی ژن و پیاو لەباری یاساییەوە، لەگرەوەی هاتنەمەیدانی پڕۆلیتاریادایە، وەک هێزێکی چینایەتی لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرمایەدا. ئازادی و یەکسانی کۆمەڵگەش لەگرەوی سەرکەوتنی شۆرشی چینایەتی پڕۆلیتاریا و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالستیدایە، کە ژنان وەک پێویستیەکی مێژوویی دەگەنە جیهانی ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی. ڕۆژی خەباتکارانەی ژنان، ٨ی مارس، ڕۆژێکە بۆ پەیوەست بوون بە کاروانی خەباتی سۆشیالیستی پڕۆلیتاریاوە.

١ی مارس٢٠٢١