شۆڕش گریمانەیەکە بەڵام بەبێ پڕۆلیتاریای ڕێکخراو چی بەسەردێت

مەسەلەی ڕاپەڕین و شۆڕش مەسەلەیەکی چاوەڕوانکراوە و گریمانەیەکە،

 بەڵام کۆی باسەکە ئەوەیە شۆرش بەبێ پرۆلیتاریای ڕێکخراو چی بەسەر دێت

 

گفتو لەگەڵ سامان کریم، بەرپرسی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، لە یادی یەک ساڵەی دامەزراندنیدا

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: ساڵێک بەسەر پێکهێنانی ئاڕاستەدا تێدەپەڕێت، ئەم یەک ساڵە لە کارەکانی ئاڕاستە چۆن هەڵدەسەنگێنیت، بە تایبەتی لەم بارودۆخە ڕاگوزەرەی جیهانی ئەمڕۆدا؟

سامان کەریم: زۆر سوپاس من ئێستا دوای ئەم چاوپێکەوتنە، ئیتر بەرپرس نیم و پێویستە هاوڕێیەکی دیکە هەڵبژێردرێت. ئاڕاستە لە ٤ ی ئاپریلی ساڵی پاردا پێکهات، ئێستا ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەم ڕووداوەدا. لە ڕوانگەی منەوە ساڵێک ماوەیەکی کورتە بۆ هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەتر و فراونتر کە ڕۆبچێتە نێو خەباتی بەکردەوەی پڕۆلیتاریا دژ بە چینی بورجوازی. ئەم بابەتە بۆ ئێمە وەک ئاڕاستە ناوەڕۆکی هەڵسەنگاندن و ئاوڕدانەوەی مێژوویی پێکدەهێنێت و پێشتریش پۆینتێکی گەورەبوو، لە وازهێنان لە نەریتی پێشوو و حزبی پێشوو.

پێش هەڵسەنگاندن، ناسینی هەلومەرجی بابەتی و پێگەی خەباتی پرۆلیتاریا لە خەباتی چینایەتیدا، مەسەلەیەکی پایەییە. چونکە ناوەرۆکی باسەکە ئەوەیە پێوانەی هەڵسەنگاندن چیە؟ واتە هەڵسەنگاندن بەچی دەپێویی؟ ئەم مەسەلەیە بۆ ئێمە تەواو بابەتیە. ئێمە ناڵێین بڕیارمان نوسیوە یان تێزەکانمان نوسیوە، یان نەخشەکارمان هەیە و بزانین چەند بڕگە و پۆینتی جێبەجێکراوە. پێش ئەوە سەیری بزوتنەوە بابەتیەکە دەکەین، خەباتی پڕۆلیتاریا دژ بە بورجوازی. کاریگەری ئێمە چی بووە لەسەری، نەک بەقسە بەڵکو وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی؟ لە وڵاتێک یان ناوچەیەکی بچوکتر یان شارێک یان لە کارگە و دامەزراوەیەک یان گەرەکێکی کرێکاری یان کۆمپانیەکی جیهانیدا، کاریگەری ئێمە چەند بووە لەسەر بردنە سەری ئاستی ناڕەزایەتیەکانیان، یان لەسەر ڕیکخراوبوونیان، یان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاگایی سۆشیالیستیان. ئەمە ڕوانگە و زەمینەی ئێمەیە وەک ئاڕاستە بۆ هەڵسەنگاندن.

لەم ڕووانگەیەوە ساڵێک هێشتا کەمە بۆ هەڵسەنگاندنێک کە خۆی لەو پایە چینایەتیە بدات. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم ئەمساڵ بۆ ئیمە، ساڵی تێپەڕاندن و تەجاوزکردنی فەرهەنگ و نەریتی خەباتکارانەیی پێشوو بوو لە چەند ئاستێکدا. خاڵێکی گرینگ ئەوەبوو کە ئێمە وە هاوڕێیانمان، فۆکەس و چڕبوونەوەی بیرکردەوە و کارەکانمان بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا بوو لە مەودا جیهانی و عێراقیەکەی و تەنانەت ناوچەییدا، بەپێی نەخشەکاری خۆمان و ئەولەویەتێک کە بوومانە هەنگاو بەهەنگاو ئەوەندەی لە تواناماندا بووە پیادەمان کردووە، هەرگیز دواکەوتووی ڕووداوەکانی کۆمەڵگە نەبووین، هەراوهورایاکانی بورجوازی هەرگیز نەیجوڵاندوین. ئێمە لە ڕیزی پێشەوە بووین لە بڵاوکردنەوەی ڕەئی سیاسی خۆمان لە سەر مەسەلە گەرمەکانی جیهان و لۆکەڵی عێراق و کوردستان، دەتوانین ئەمانە لیست بکەین. مەسەلەیەکی دیکەی گرینگ ئەوە بووە، کە هەڵوێستی ڕۆشنی خۆمان سەبارەت بە بزوتنەوە یان شۆڕشە بورجوازیەکان، دا بە گوێی کۆمەڵگەدا، شۆڕشەکانی سودان و لوبنان و عێراقمان بە شۆڕش نەزانیوە، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی بورجوای ناساندومانن. لەباری ئاسۆیی و فراوانبوونەوە، ئەگەرچی گەشەیەکی فراوان ڕوینەداوە، بەڵام لە ڕوانگەی منەوە زەمینەیەکی هێجگار گونجاو پێکهاتووە، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو و دواتردا، فراوانبونەوەیەکی بەرچاو ببینین. بەشێکی ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆمان وەک ئاڕاستە ڕێگری گەورەی فرانبوونەوەی عشوایی بووین، وە ڕێگری گەورەی ئەو تێزە بووین کە ڕاستەوخۆ ئەندامگیری بکرێت لەم هەلومەرجەدا، وە بەشێک لە گفتوگۆکانی ئێمە لەسەر ڕێکخستن و پەیڕەوی ناوخۆ ئەم بابەتەی تا ڕادەیەک بە فراوانی باسکرد. هەر لەساڵی ڕابوردوودا، من وە ئاڕاستە لە گەڵ هاوڕییانی تری دەرەوەی ئاڕاستەدا  هەوڵێکمان دا لە پێناو "پێکهێنانی کۆمەڵەی سۆشیالیستی" دا، ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان خستە بەردەم پێنج لایەن لە پێناو ئاڵوگۆڕێکی بناغەیی لە نێو بزوتنەوەی  سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق، ئاڵوگۆڕێک کە ڕووی لە دانانی بەردی بناغەی جوڵانەوەیەکی تازە بێت و لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەدا بگاتە مانیفێستی کۆمۆنیستی، ئەگەر چی بێ ئیمزا ئەم پرۆژەیە پێشنیاز کرا، بەڵام ئەم هەوڵە شکستی خوارد. هەر لەمساڵدا پێگە و ماڵپەڕی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ دامەزرا و بە زمانی کوردی و عەرەبی باسەکانی بڵاودەکاتەوە.

پێم وایە کە ئاڕاستە ئێستا دوای یەک ساڵ بەکردەوە ئاڕاستەیەکە، گروپێکە و خۆی بە بەشێک لە خەباتی پرۆلیتاریا دەزانێت. ساڵی داهاتوو، حەقیقەتی ئەم باسە دەسەلمێنێت. بەگشتی سەرەڕای دەیان لاوازی، سەرەڕای دەرد و پەتای سەرمایە، پەتای کرۆنا، من بە شێوەیەکی پۆزەتیف کاری ساڵی ڕابوردوومان دەبینم.  دەتوانم ناوی بنێم ساڵی سەقامگیروونی فکری ئاڕاستە وەک ئاڕاستەیەکی جیاواز لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپدا.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە زۆر شوێنی تێزەکان و لێکدانەوەکانیشیدا ئێوە پێداگری لە بردنە سەرەوەی ئاستی ئاگایی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار دەکەن و وەک ئەرکێکی هەنووکەیی مارکسیستەکانیش چاوی لێدەکەن، بەڵام هەندێک کات ڕەخنە لە ئێوە دەگیرێت کە دەتانەوێت چینی کرێکار لە ڕێگای بردنەسەری ئەم ئاگاهییانەوە ڕزگاربکەن ئەمە وێڕای ئەوەی کە بە ڕۆشنی لە لێکدانەوەی تێزەکاندا هاتووە کە "جیهان بە شۆڕش دەگۆڕدرێت نەک بە ڕەخنە"

 

سامان کەریم: باسی ئاڕاستە و تێزەکان، باسێکی ئایدۆلۆژی نیە. لە ڕوانگەی پڕۆلیتاریاوە، درک دەکات کە کۆسپێکی گەورە نەک تەنها کوردوستان و عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو جیهانی ئەمرۆی داگرتووە، ئەویش لاوازی گەورەی ئاگایی سۆشیالیستییە لە نێو دەروونی بزوتنەوەی پرۆلیتاریادا. باسی سۆشیالیزم بەگشتی ناکەم کە هەمیشە وەک بیروڕایەکی خام لە نێو بزووتنەوەی پڕۆلیتاریادا بوونی هەیە، بەڵکو باسە لە ئاگاییەک کە لەباری نەریتی مێژووییەوە خۆی گرێبداتەوە بە نەریتی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و لەباری فکرەوە خۆی گرێبداتەوە بە کۆمۆنیزمی مارکسەوە. ئێمە وەک ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ چەندین جار باسمان لە ئاڵای مارکس کردووە، ئەم تێرمە لەوانەیە وەک تێرمێکی ئایدۆلۆجی بێتە بەرچاو، بەڵام بەکارهێنانی لە لایەن ئێمەوە، دروست بەمانای نەریتی پراتیکی پڕۆلیتاریایە بە ناونیشانی بزووتنەوەیەکی سوشیالیستی بۆ ڕزگاری لە چنگ سیستەمی سەرمایەداری. ئێمە تاکە ڕوانگە و ئاڕاستە و گروپێکین کە بەدەنگی بەرز دەڵێین کۆمۆنیزمی مارکس و نەریتەکانی لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریای جیهان زەوتکراوەتەوە. بۆ ئێمە ئەو نەریتە و ئەو بیروڕا و ئەو کۆمۆنیزمەی مارکس بەکردەوە ڕابەڕی بوو، زەوتکراوە لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا. ئێمە پێمان وایە کە ئەو نەریتە نەریتێکی سروشتی خەباتی پڕۆلیتاریا نەبووە، بەڵکو پرۆلیتاریا لە خەباتی چینایەتی دژ بەسەرمایەداری و نەریتە دەخاڵەتگەرەکانی دیکەی نێو بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا، بەدەستیهێناوە و لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵدا ئەم بیرو ڕاو نەریتەی کە مارکس ڕابەری بووە بۆتە بەشێك لە جەستەی هەمیشە جوڵاوی بزوتنەوەی پرۆلیتاریا، واتە لەدوای شۆڕشی کۆمۆنەوە بەقەولی ئەنگلس. کەواتە دەستکەوتێکی گەورەمان هەبووە. بەڵام چونکە دەستکەوتە و بۆ پڕۆلیتاریا بەجێماوە، بۆیە قابیلی ئەوەیە کە زەوتبکرێتەوە یان لێیبسەنرێتەوە. ئێمە زۆر بە ڕۆشنی و دڵنیایی یەوە دەڵێین کە لەم سەردەمەدا ئەو دەستکەوتە مێژوویی و گرینگە لە بزوتنەوەکەمان، بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا زەوتکراوەتەوە. ئەم سەرەتایە گرینگە، بۆ ئەوەی خوێنەر تێبگات کە ئێمە لەسەر کام پایە قسە دەکەین.

باسی ئێمە، هەر کەس لە پێگەی خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ دەکات. لەکوێ و لە گەڵ کام چینەدا وەستاویت، کۆسپەکەت چیە؟ ڕۆژانە خەریکی چ کارێکی سیاسی و خەباتکارانەیت؟. وەڵامی ئەم پرسیارانە بابەتی و پراتیکین، تەنها بە فکر و تیۆر و سیاسەت وەڵام نادرێنەوە، بەڵکو لەوانە گرینگتر، پراتیکی بزوتنەوەی ڕزگاربونە لەسەرمایەداری کە جگە لە بزوتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریای بە ئاگا شتێکی تر نیە.  بەڵام چۆن فکر بابەتە و چۆن پراتیکە یان چۆن دەبێتە پراتیک؟ ئەمە باسێکە بە تەواو ماددی و لە هەمانکاتدا تەواو دیالێکتیک وئاڵوگۆڕ بەخشە. تێگەیشتن لەم مەسەلەیە کە تێزەکانی مارکس لەسەر فیورباخ ڕۆشنیان دەکاتەوە، دەرگای زۆر ئاڵۆزی فکری و وەڵامی گەڵێک بابەتی تیۆریی و دواجار سیاسیمان دەداتەوە.

بناغەی گەشەی فکری مارکس خۆی و هەروەها گەشەی مانیفێست یان ئەوەی ئێمە پێیدەڵێین ئاڵای مارکس لە نێو بزوتنەوەی پرۆلیتاریا لە سەردەمی خۆیدا و دواجار سەرکەوتنی بەسەر ئاڕاستەکانی دیکەی سۆشیالیزم لە ئەوروپادا، ئەو ئاڵووگۆڕەمان پێدەڵێت کە لە بواری فکرەوە دەمانباتە بواری پراتیک و دواجار لە پراتیکدا جێبەجێ دەبێت و خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. کاتێک بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا لە وڵاتێک یان تەنانەت لە ناوچەیەکدا ئاڕاستەیەکی فکری، جا لەوانەیە لە ڕێگای پێشنیارێکی وەک "چارت" ێکەوە یان مانفێستیکی یەک پەڕەییەوە بێت دەکاتە ڕێنمایی خۆی، واتە کاتێک کە فکر دەبێتە عەقلی جەماوەر، ئەوکات دەبێتە پراتیک. بەڵام پراتیک زیندووترە، بە جوڵەترە، چونکە مەیدانی دەستەو یەخەی شەڕە چینایەتیەکەیە. بەم پێیە پراتیک لەبەرانبەر پراتیکی بەرانبەردا جوڵە دەکات و بەپێی ئەم جوڵە بەردەوامە ئاڵووگۆڕی بەسەردا دێت. وە لەسە بناغەی ئەم ئاڵوگۆڕە بابەتیانە فکر و تیۆر وە دواجار سیاسەت و نەخشەکارو... هەم ئاڵوگۆرێ بەسەردا دێت وە هەم لە تاقیگای خەباتی چینایەتیدا تاقیکراوەتەوە، واتە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پڕۆلیتاری بە پراتیکی ناڕازیانە و شۆڕشگێڕانەی خۆی ئاڵوگۆری بەسەردا دەهێنێت و بەشێوەیەکی پوختەتر بەرهەمیدەهێنێتەوە، وە ئەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕە هەزار کتێب و تیۆر دەهێنێت کە ئەم هەڵقە بابەتی و ڕۆژانەییەی تێنەپەڕاندووە. ئەمە مەسەلەکەیە بۆ ئێمە مانای پراتیکی هەیە نەک بەتەنها فکری. ئێمە خۆمان سەر بەم نەریتە فکرییە پێناسە دەکەین. نەریتێک کە فکر بۆی بابەتە، نەک داماڵدراو، جیا نیە لە خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا، بەڵکو ئەو خەباتە هەڵقەی پێکەوە گرێدانیەتی. پایەی هەستانی ئێمە، هەڵقەی پێکەوە بەستراوی تیۆر و پراتیکە. ئەوەی کە بەجیا لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا دەجوڵێتەوە، ئەوە سوڵتەی مزدەوج و دەسەڵاتی شورایی بۆ گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دەنەخشێنێت، ئێمە سەر بەو نەریتە نین وە پێمان وایە دورو نزیک پەیوەندی نیە بە پرۆلیتاریا و خەباتی سیاسی و ڕۆژانەی ئەوەوە.

لەم ڕوانگەیەوە تەواوی باسەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، وە ئەو جۆرە پرسیارانە بە شێوەیەکی دیکە ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، یان ئێمە دەتوانین ڕووبەڕووی ئەوانەی بکەینەوە کە پرسیاری لەو چەشنەمان لێدەکەن. پرسیاری من دەبێت بەوە، ئەی تۆ یان ئەی ئێوە، یان هەر ناو و ناونیشانێک کە هەیە، دەتەوێت لە کام ڕێگای پراتیکیەوە شۆڕش ئەنجام بدرێت؟! ئێمە وتوومانە لە رێگای پراتیکی بەئاگایی سۆشیالیستی پرۆلیتاریاوە شۆرش ئەنجامدەدرێت. ئەی تۆیەک کە پرسیار دەکەیت یان ڕەخنەم لێدەگریت، لە ڕێگای کام ئاگایی و کام پراتیکەوە دەتەوێت پڕۆلیتاریا ڕزگاری ببێت؟ ئەگەر خەباتی فکری و تیۆری بۆ تۆیەک مەسەلە نیە لەم هەلومەرجەی ئێستای جیهانی سەرمایەداریدا، ئەو کات دەبێت سەیری کۆی پێگە و هەلومەرجی بەزەیهێنەری کۆمۆنیست و چەپەکانی جیهان بکەین، ئەوە وەی بەحاڵی هاوڕێیانی خۆمان لە کوردوستان و عێراق. ئەمە گەورەترین نەخۆشی تێنەگەیشتنی مێژووە، بۆ کەسێک کە دەیەوێت بیر بکاتەوە، چجا بگات بە کەسێک کەدەیەویت هاوبەش بێت لە خەباتی پڕۆلیتاریادا.  تا ئێرە پۆینتێکە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئاگایی فکریی  و خەباتی تیۆریدا، دوو پایەی دیکەمان باسکردووە، پڕوپاگەندە و ڕێکخراووبوون. ئەم دوو پایەیە لە خۆوە نیە، ڕێکەوت نیە، بەڵکو سێکوچکەیەکە –ترۆیکا- کە هەلومەرجی ئەمڕۆی خەباتی چینایەتی سەپاندویەتی وە دەیسەپێنیت.

بۆیە ئەگەر خەباتی فکریی و تیۆری مەسەلەیەک بێت، جێگای مشتومڕ بێت و گوایە ڕێگایەکە پراتیکی نیە و لە پراتیکەوە زۆر دوورە، کە  وانیە وەک باسمانکرد، خۆ باسی پڕوپاگەندە و ڕێکخراوبوون، باسی پراتیکە. باسی کاری قسەکردن و هوشیارکردنەوەی جەماوەری بەرینی پرۆلیتاریا و ڕێکخراوکردنیەتی و هێجگار ڕۆشنە کە کاری پراتیکییە. کەواتە مەسەلە چیە کە ئەم دووپایەیە دەخرێتەلاوە؟! و ئێمە تۆمەتبار دەکەن بە مەسەلەیەک کە بێئاگایی بەرانبەر نیشاندەدات لە خەباتی چینایەتی ئەمڕۆ. وەڵامی ئەم مەسەلەیە لە ڕووانگەی بەرانبەرەوە سەرشەقامەکان و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دواکەوتنی ڕووداوەکانە، باسی من ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیە لێرەدا بەڵکو شێواز و نەریتی  کاری ئەوانە. بێگومان ئێمە لە هەردوو ئەو شێواز و نەریتی کارە بە دوورین، وە نوکی ڕەخنەمان هەمیشە لەسەر ئەم جۆرە کارانەیە، کە پەیوەندی نیە بە نەریت و کار و خەباتی پرۆلیتاریاوە.

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: ئێوە لەسەر شۆڕش و چەمکی شۆڕش لێکدانەوەیەکی تەواو جیاوازتان هەیە لە ناو هەموو گروپ و ڕێکخراو و ئەحزابەکانی تری چەپدا. ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە لە کاتێکدا زۆرێک لەوان هەر بەرزبوونەوە و ڕاپەڕین و هاتنەمەیدانێکی جەماوەر بە شۆڕش لێکدەدەنەوە بە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە بەروبوومەکانی ئەو "شۆڕشە" بدەنەوە و بزانن دەستکەوت یان ماڵویڕانیەکانی بۆ پڕۆلیتاریا چی یە؟

سامان کەریم: ڕاستە ئێمە لەمبارەوە جیاوازییەکەمان ئاشکرایە. باسی شۆڕش بۆ ئێمە پێش باسی بەرووبوومەکەی، باسی ناسینی شۆڕش خۆیەتی پێش ڕوودانی وە لە کاتی ڕوودانیدا. چونکە ڕووداوی شۆڕش بەمانای وشەکە مێژووییە، وە پڕ بە مانای وشەکە توندوتیژیی چینایەتیە. شۆڕش پێشینەی گەورەی بابەتی هەیە، تیایدا چینەکان لەبەرانبەر یەکتریدا سەنگەری جۆراوجۆریان لێداوە، وە لەچەندین بەرەوە شەڕ دەستیپێکردوە، ئەم مەسەلەیە دەبینرێت وە بەهەموو هەستەکان هەستیپێدەکرێت. پێش ڕوودانی شۆڕش شکان و سەرکەوتنی جیاواز هەیە بۆ هەردوو چینەکە. بەجیا لەوەی کە "دەسەڵات ناتوانێت  و خوارەوە نایەوێت" کە پێم وایە ئەم تێزە بۆ ئێستای سەردەمی ئێمە، هیچ ڕۆشناییەک نادات بەدەستەوە، وهیچمان پێنالێت چونکە حەقیقەتی سیستمی سەرمایەداری بەتایبەت لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفەریقایی و لاتینیدا، وە ئێستا ڕووی کردۆتە وڵاتانی ڕۆژئاواش،  تەجاوزی ئەو تێزەی کردووە. واتە ئەوەی لینین باسی دەکات هەمیشە لەو وڵاتانەدا وایە، خۆ ناکریت هەمیشە هەلومەرجی شۆرش بێت، بۆیە زیاتر ئەو لێکدانەوەیە بۆ ئێستا بابەت و زەمینەی شۆڕشە نەک پێناسەکردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە. لە ڕووانگەی منەوە هەلومەرجی شۆرشگێرانە پێویستی بە پێناسەی نوێ هەیە و لە ‌هەوڵی ئەوەداین لە ئایندەدا باسی شۆڕش و هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە بخەینە ڕوو  لە پەڕتوکێکدا.

کەواتە بۆ ناسینی شۆڕش یان ئەوەی شۆڕش چیە؟ پێویستمان بە کۆی پرۆسێسی شۆڕش هەیە، هەمووی بابەتین. ئەگەر سەرنج بدەینە مانگرتنێکی نێو کارگەیەک، دەتوانین شۆڕشی تێدا بەدیبکەین لە ئاستێکی هێجگار بچووکدا. مانگرتن پێویستی بە کۆمەڵیک پێداویستی دیسان بابەتی هەیە بۆئەوەی پیادەبکرێت، خواستەکان چین؟ چۆن کرێكاران بڕیاردەدەن؟ ڕێکخراویان هەیە یان نا؟ یان چۆن خۆیان ڕێکدەخەن بۆ مانگرتنەکە؟ ئاستی یەکگرتووبوون لەسەر خواستەکان لە نێو کرێکاراندا چەندە؟ کێ قسەکەرە وە کێ وەفدی گفتوگۆیە لە گەڵ بەڕێوەبەری کارگەدا؟ چەندین مەسەلەی دیکە. بۆ شۆڕش مەسەلەکە گەورەتر وە کۆمەڵایەتیترە و تەواوی کۆمەڵگە دەشڵەقێنێت. شۆڕش وانیە بە رۆژێک یان هەفتەیەک وەک گۆڕەپانی تەحریری میسر یان تەحریری بەغدا پڕ بێت و بەڵام چەند کیلۆمەتریك لەولاوە هیچ باس نەبێت! هیچ کارگەیەک و دامەزراوێکی خزمەتگوزاری کە کرێکاران  کاری تێدا دەکەن کۆنترۆل نەکرێن یان لایەنی کەم دانەخرێن!!، لە زۆر شارو شارۆچکە هەوالێک لە شۆڕش نەبێت!! بەتایبەت کە هەواڵەکان بە چرکە دەگوێزرێنەوە بەهۆی گەشەی تەکنۆلۆجیای پەیوەندیگرتنەوە. ئەوەی کە پێی وایە شۆڕش بە برسیەکان و بێکارەکان دەکرێت کە بەشێکی گەورەی پڕۆلیتاریا پێکدەهێنن، ئەوە پێویستی بەوە هەیە لە سیستمی سەرمایەداری تێبگات کە چۆن دەچەرخێت. شۆڕش جا شۆڕشی پرۆلیتاریا بێت یان شۆڕشێكی سیاسی کە دیسان بەبێ ڕابەڕی پڕۆلیتاریا سەرکەوتوو نابێت، پێویستی بەوەیە کە بەشی سەرکاری پڕۆلیتاریا نەک هاوبەش بێت بەڵکو لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕش دابێت. وەستانی بەرهەمهێنان کە لەوانەیە هەڵقەیەک بێت لە هەڵقەگرینگەکانی شۆرش بەبێ کرێکاران مەیسەر نابێت، بەڵکو پێش پەلاماردان دەسەڵاتی بورجوازی دەتوانێت لە ڕێگای جیاوازە سەرکوت یان ئابڵوقەی بدات.

قسەیەک دەکرێت دەڵین ئەوانەی سەرجادەش پڕۆلیتاریان، بۆیە ئەو بزوتنەوانە شۆڕش بوون یان شۆڕشن، یان بەشێکن لە شۆڕشی  بەردەوام لە حەقیقەتدا  وە پاش ١٠ساڵ لە تەجروبەی زیندووش، دەیانەوێت پێمان بڵێین کە باوی شۆڕشی پرۆلیتاریا نەماوە. ئەم جۆرە تیڕاوانینە، هیچ جۆرە لێکدانەوەیەکی نیە بۆ جێگە و ڕێگەی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەی مەدەنی بورجوازیدا، وە بەهەمان شێوە لەوە تێناگات کە شۆڕشی ئەم سەردەمە، شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕووی لە هەڵتەکاندنی بەرهەمهێنانی بورجوازییە.  ناکرێت بەشی پێشرەوی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە کە پرۆلیتاریای شۆرشگیڕ و لەهەمانکاتدا چەرخاندنی بەرهەمهێنانی بورجوازی لەدەستدایە، بێئاگا بێت لە شۆڕش!! بێئاگا بێت لە ڕێکخستنی، یان لە نێوان دووکەوانەدا (شۆڕشگێرانی مەیدانەکان!!) داوایان لێبکەن پەیوەست بن بە شۆڕشەوە. هەموو شۆڕشە بورجوازییەکانی دوای ساڵی ١٩٩٠ بەم شێوەیە بووە. لە شۆڕشە پرتەقاڵی و ئەرخەوانیەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بگرە تا بەهاری عەرەبی ١٧ی شوباتی کوردستان و شۆڕشی تشرینی بەغدا... هەموویان کەم تازۆر ئامانجیان یەک بووە و لەلایەن گەورەهێزی جیهانی سەرمایەدارییەوە نەخشەیان بۆ داڕێژراوە، بە پێی هەلومەرجی هەر وڵات و ناوچەیەک.

هەموو شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکانی ٣٠ ساڵی ڕابووردوو، کە ئێستا پێم وایە ئەم جۆرە سیاسەت و شۆڕشانە بەرەو کۆتایی خۆی دەچێت، لە ئاستی میکرۆدا نەک یەک ڕێکخراوی کرێکاریی یان پرۆلیتێریی بەگشتی یان جەماوەری ناڕازی بەدوای خۆیدا بەجێنەهێشتووە، بەڵکو زەربەیەکی گەورەی داوە لە ڕێکخستن و ڕێکخراوبوونی پرۆلیتاریا بەگشتی، سەرنجێکی کورت لە هەلومەرجی ڕێکخراوبوونی کرێکارانی میسر بدەین، زۆر بەڕۆشنی ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. بەڵام لەئاستی ماکرۆدا واتە لە ئاستی کۆمەڵگە و وڵاتێکدا وێرانەیی هێناوە و بێ جیاوازی لە هەموو وڵاتەکان وایە و بەئاستی جیاواز ئەم وێرانەیە دەردەکەوێت. لە هەموو ئاستەکاندا شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و ڕەنگاوڕەکان هەلومەرجی کۆمەڵگەی بردۆتە دواوە. نمونەی  سودان میلیشیایەکی خێڵەکی و چەتە سواری وەک جەنجەویدی کردە دەسەڵاتدارێکی سەرەکی، لە تونس بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی هێنایە سەر کورسی دەسەڵات، لە میسر ئیسلامیزمێکی ئیخوانی هێنا و دواجاریش لە سایەی سیستمی سەرمایەداری عەسکەردا، دەسەڵاتێکی نەتەوەیی تێر لە ئیسلامی هێنایە سەرکار. ئەمە ئەگەر واز لە شۆڕشی ناتۆ و کۆنترا تیرۆریستەکان بهێنین لە لیبیا و سوریا.  لە سوریادا لە سایەی بی بی سی و گاردیان و واشنتن پۆستی... جیهانی ئازاد و دیموکراسیدا تا ئێستا شۆرشی تیرۆریستەکان بەردەوامە.

بەگشتی ئەم بابەتە لە ئاستی جیهانیدا هێجگار گرینگە بۆ پڕۆلیتاریا لەم سەردەمەدا، تەنها بە ڕەخنەگرتن و تەجاوزکردنی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی تەواو نابێت و باسێکی فراوانتر و گەورەترە، وەڵام بەم بابەتە لە چوارچێوەی وەڵامی  پرسیارێکدا جێگای نابێتەوە. ئەوەندە هەیە  وەک دوا پۆینت بڵێم، باسی تێگەیشتنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناسینەوەی ئەم بزوتنەوانە، کۆمەکی گەورە دەکات بە تێگەیشتن لە شۆڕش وە هەلومەرجی شۆڕشگێرانە.   

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: ئێوە دەتانەوێت بە شێوازێک خەبات بکەن کە زیاتر لە سەردەمی پێکهێنانی یەکێتی کۆمۆنیستەکان و ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم دەچێت. بردنەبەرەوەی ئەم کارە لە جیهانی ئەمڕۆی لێکهەڵپێکراوی سەرمایەداریدا چۆن دەچێتە بەرەوە و مەیسەر دەبێت لە غیابی مارکس دا؟ ئایا مارکس و ئایدیاکانی چۆن بکەینە ژیلەمۆی خەباتی ڕۆژانە و بەردەوامی کرێکاران بۆ ژێرەوژوورکردنی دنیای سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی؟

سامان کەریم:  ئێمە شێواز دیاری ناکەین وە ناتوانین ئەو کارە بکەین، باسی شێواز لە ئاستی گشتیدا بابەتێکی ماددیە. چونکە باسی شێوازکار  کاری بزوتنەوەیەکە، نە ئێمە و نە هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانین شێوازی بزوتنەوەی پرۆلیتاریا دیاری بکەین، بەڵکو باسی کارکردنە لەسەر شێوازی خەباتکارانەی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا و گەشەپێدانی و دوبارە ڕادیکاڵبونەوە و بەرهەمهێنانەوەی کە لەگەڵ تواناو ‌هیزی بزوتنەوەکەیدا بگونجێت. ڕۆڵی ئێمە ئەوەندەیە کە ئایا دەتوانین بەشێک بین لەم خەباتە یەکسانیخوازەی پرۆلیتاریا، پێم وایە دەتوانین. مارکسیش هەر وای کردوە و شێوازی دیاری نەکردووە، بەڵکو بەکردەوە هەوڵیداوە بەشێک  بێت لە خەباتی پرۆلیتاریا، وە ئەم کارەی بە ئەنجام گەیاند.

 مارکس وەکو کەسێک مردووە، هەموو دەمرین. باسی ئێمە باسە لە نەریتی مارکس، لە فکرەوە بگرە تا تیۆر و نەریتی خەباتکارانە و ستراتیژی گشتی بزوتنەوەی پرۆلیتاریا. کە لە دواجاردا وەک بزوتنەوەیەکی گەورە لە دەرونی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریای جیهانیدا پێگەی خۆی پتەو دەکات بەتایبەت لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە. کەواتە باسەکە نەریتی یان شێوازی مانیفێست و بەرپاکردنی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم و ناوەندە کۆمۆنیستیەکانی دیکەی پێش مانیفێست وخەباتی بەردەوام لە پێناو بنیاتنانی ئەحزابی کرێکاریی و سۆشیالیستی و کۆمەکی بێبڕانەوەی بزوتنەوەی کرێکاریی و ڕێکخراوەکانیان و وەڵامدانەوەی شۆرشگێرانەی بە مەسەلە پایەییەکانی پرۆلیتاریا لەسەردەمی خۆیدا.....ئەمانە کۆمەڵێک کاری گەورەی مارکسن کە لەگەڵیدا پارادایمێکی کۆمۆنیستی تایبەتی و نەریتی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕمان پێدەدات.

لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەم بە هەلومەرجی ئەم سەردەمەی پێگەی بزوتنەوەی پرۆلیتاریا کرد لە جیهاندا، وتمان کە ئەو نەریتە لە پڕۆلیتاریا زەوتکراوە وەکو زۆربەی زۆری دەستکەوتەکانی دیکەی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا. ئەمە باسی جیاوازی ئێمەیە. لە ڕوانگەی منەوە بزوتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا بێ نەریتی خەباتکارانەی کۆمۆنیزمی مارکس ناتوانێت بەسەرکەوتنی کۆتایی خۆی بگات.  کەواتە کاتێک ئەم نەریتە زەوتکرابێت، پێویستە وە ئەرکی دەستبەجێ ئەوەیە کە چۆن جارێکی دیکە و لەسەردەم و هەلومەرجی تازەدا، کەشێک پێک بهێنین کە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا و پێشڕەوانی ئەم بزووتنەوەیە ئەم نەریتە بەدەست بهێننەوە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا نیشانی بدەن. کەشێکی فکری و سیاسی کە پڕۆلیتاریا بە هی خۆی بزانێت و باوەشی بۆبکاتەوە، وەک چۆن ئەوکات بۆ مانیفێست و ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دواتر دەستکەوتەکانی شۆرشی کۆمۆنی کردەوە و ئاڕاستەی کۆمۆنیزمی مارکسی کردە ئاڕاستەیەکی کۆمەڵایەتی نێو بزوتنەوەی پڕۆلیتاریای جیهانی. ئەمە بابەتێکی پایەییە بۆ ئێمە و لە تێزەکان و  دواتر لە شرۆڤەکردنیدا تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆشنکراوەتەوە. لە ڕوانگەی منەوە  لە سەردەمی مارکسدا ئەم کارە ئاسانتر  و زەمینە سازتر بووە، نەک لەبەرئەوەی کەسایەتیەکی وەک مارکس و ئەنگلس هەبوون، کە ئەوە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بەڵکو باسی زەمینە کۆمەڵایەتیەکان و هەڵچوونە شۆڕشگێرییەکانی ئەو سەردەمە دەکەم لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە دیموکراتیزم هێشتا چوارچێوە و بوارێکی فراوان بوو بۆ خەباتی پڕۆلیتاریا  و هەروەها بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پڕۆلیتاریا لە کەفوکولێکی شۆڕشگێڕانەی دوای شۆڕشەکانی فەرەنسا وئەمریکادا خەباتی دەکرد کە تا شکستی شۆڕشی کۆمۆنە بەتەواوی ئەم کەفوکوڵە دانەمرکایەوە.  ئەگەرچی دوای شکستی شۆڕشەکانی فەڕەنسا لە ساڵی  ١٨٤٨ دا، دامرکانێکی ١٠ ساڵی بەخۆیەوە بینی، وای لە مارکس کرد کە چاوەڕێی شەپۆلێکی دیکەی شۆڕشگێڕانە بکات بۆ دووبارە هەستانەوەی پرۆلیتاریا.  

هەموو باسەکە ئەوەیە، کە ئەم دەستکەوتە گەورە مێژووییەی نەریتەکانی کۆمۆنیزمی مارکس جارێکی دیکە کەشێکی بۆ پێکبێت کە پڕۆلیتاریا بتوانێت بیکاتە ڕێنمایی ڕۆژانە و ستراتیژی خۆی. ئەم باسە هەمەلایەنە و فراوانە، بەڵام لە یەک ڕستەدا بە دیاریکراوی لەم قۆناغەدا بەمانای "پێکەوە گرێدانی خەباتی تیۆری و ڕێکخراوبوون و پڕوپاگەندەیە". واتە وەڵامی هاوچەرخی پرۆلیتێری بە بورجوازی ئەمرۆ و بیرمەندە پلە یەکەکانی بۆ مەسەلە گەرمەکان، جا جیهانی بێت یان لۆکەڵی دەکاتە مەسەلەیەکی گرینگ. بێ  وەڵامێکی لەم چەشنە و بڵاوبونەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، ڕێکخستنی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا بەپێی نەریتی شۆڕشگێرانە و تەحزوبی چینایەتی خۆی بەدوور دەزانم. بەڵام ئەمە ئەرکێکە، ئەم ئەرکە بەپێ پڕوپاگەندە و بڵاوبوونەوەی لەنێو ڕیزەکانی پرۆلیتاریادا دیسان کەموکورتی زۆر دەبێت بە ئامانجی خۆی ناگات. پێکەوە گرێدانی ئەو دوو ئەرکە سەرەکیە بە ئەرکی سێهەمەوە کە ڕیکخراوبوونە دەتوانێت هەستەی یەکەمی تەواوکردنی ئەم قۆناغە پێکبهێنێت. ئەمڕۆ هەر سێ ئەرکەکە لەم سەردەمەدا، جیهانین بە مانای وشەکە. لە هیچ شوێن و جیگایەک نیە لە جیهاندا، کە لیبرالیزم بە شێوە کلاسیکیەکەی یان نوێکەی ئامادە نەبێت و دەسەڵاتی سەرمایە کاری پێنەکات، لە هیچ شوێنێک نیە لە جیهاندا کە کۆمپانیا جیهانیەکان گرێی یان کۆی  بەرهەمهێنانی ئابوری مۆر لێنەدەن، هیچ ئامێرێکی پیشەسازی زیرەک و نازیرەک نەماوە کە تەنها بەرهەمی یەک وڵات بێت، بەڵکو چەندین وڵات پێکەوە بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانیدا، لە ڕێگەی کۆمپانیا جیهانیەکانەوە بێت یان لە ڕێگەی پشک یان وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی سەرمایەوە بێت. لە هەمانکاتدا ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین خەباتی پرۆلیتاریا لە هیچ وڵاتێک نابینین کە وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و بە ئاگایی سوشیالیستیەوە هاتبێتە مەیدان... بۆیە ئەو سێ کوچکەیە وەک ئەمرێکی جیهانیش دەبینین.

لەسەر ئەم پایە جیهانگیرییە و چرپوونەوە و چەقبەستنی سەرمایە لەسەر مەیدانە قازانجهێنەرە تازەکان یان ناکلاسیکەکان، هەموو ئەرکەکان گۆڕانی بەسەردا دێت بەتایبەت مەسەلەی ڕێکخراوبوونی خەباتی ڕۆژانەی پرۆلیتاریا، واتە ڕێکخراوی ناحزبی پرۆلیتاریا کە ئاستێکی فراوان و شێوەو شێوازی زۆر هەمەلایەن و جیاواز دەگرێتەوە.   

پۆینتیکی تر ئەوەیە، بەجیا لە قسەو باسی ئێمە و هەموو ئەوانی دیکە، ئایا بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا چۆن دێتەوە مەیدان؟ چی دەکات و  چۆن خۆی ڕێکخراو دەکات؟ چۆن بەگژ  بورجوازیدا دەچێتەوە؟ تەنانەت ئەگەر لە مەیدانی سیاسیدا لاوازە ئەی لە بواری خەباتی ڕۆژانەدا چۆن دەردەکەوێتەوە؟ ئایا خەباتی خۆی بەلۆکەڵی لە وڵاتێکدا دەباتە پێشەوە، یان نا لە ئاستی کۆمپانیایەکی جیهانیدا ؟ کە هەندێ نموونە و نمایشی چینایەتی بچوک لەمبارەوە خۆی نیشانداوە. ئایا خۆڕێکخراوکردنی پرۆلیتاریا لە ئاستی کۆمپانیا جیهانیەکاندا، ڕێگرە لە کاری لۆکەڵی کۆمۆنیستی؟ بێگومان نەخێر. ئایا وە ئایا؟.... بە بڕوای من ئەم سەردەمە بەگشتی و ئەو  قۆناغەی کە ئێستا پیایدا تێدەپەڕین هەم هەستیار  و هەم ترسناکە. هەموو گریمانەیەک لە بەردەم کۆمەڵگەی بەشەریدا کراوەتەوە. مەسەلەی جەنگ و بەتایبەتی جەنگی ناوچەیی گەورە، مەسەلەی داڕمانی سیستەمی جیهانی ئێستا و ئاڵۆگۆڕی گەورە و جێگۆڕکێی نێوان گەورە ‌هێزەکانی سەرمایە، داڕمانی دراوی دۆلار و بەدوایدا داڕمانی سیستەمی ئابوری ئەمریکی بە پلەی یەکەم، بەردەوامی جەنگی بەوەکالەت، توندبوونەوەی گرژی و ئاژاوە لە نێوان چین و ئەمریکا وەک ئاڕاستەی سەرەکی کێشەکانی جیهانی سەرمایە. توندکردنەوەی پۆینتەکانی قەیران لە نێوان گەورە هێزەکاندا، وەک ئۆکرانیا و تایوان و هۆنگ کۆنک و وڵاتەکانی شام و لە بەرانبەردا پۆینتەکانی ئەفغانستان و کوباو فەنزویلا وەگەڕ دەخڕین، ئەمانە ئەگەر جەنگی بایەلۆجی و بازرگانی لە بەرچاو نەگرین کە هەردوکیان هێجگار گرینگن.

لەم نێوەدا بەهۆی کەڵەکەبوونی لە ڕادەبەدەری هەژاری و بێکاری و کارەساتەکانی پەتای کرۆنا لە لایەک و چڕبوونەوەی تەواوی سەروەت و سامانی جیهان لە دەست ٤-٥ هەزار سەرمایەداری  زەبەڵاحی جیهانیدا لە لایەکی دیکەوە، مەسەلەی ڕاپەڕین و شۆڕش مەسەلەیەکی چاوەڕوانکراوە و گریمانەیەکە، بەڵام کۆی باسەکە ئەوەیە شۆرش بەبێ پرۆلیتاریای ڕێکخراو چی بەسەر دێت؟ بۆیە مەسەلەی سەرەکی ئێمە لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە ئەم هەلومەرجە پێش ئەوەی بگاتە شۆڕشێک یان ڕاپەڕینێکی ناوچەیی یان جەنگێکی پڕ کارەسات، ئێمە وە هەر لایەن و کەسێک لە هەر کوێیەک هەیە، چەندە هاوبەشبووین لەوەی کە پرۆلیتاریا خۆی ئامادەبکات و خۆی ڕێکخراو بکات بۆ شۆڕش و هەموو گریمانەکانی دیکە.

زۆر سوپاس

سەرەتای ئاپریلی ٢٠٢١