یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی نێونەتەوەیی پڕۆلیتاریا و نمایشی هێزی چینایەتی خۆیەتی!
بەیاننامەکان

یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی نێونەتەوەیی پڕۆلیتاریا و نمایشی هێزی چینایەتی خۆیەتی!

 

لە کاتێکدا کە چینی پڕۆلیتاریای جیهان بەرەو پێشوازی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی جیهانی خۆیان دەچن، ساڵێک زیاتر بەسەر پەتای کرۆنا و قەیرانی سەرتاپاگیری نیزامی سەرمایەداری دا تێپەڕدەبێت. پەتا و قەیرانێک  کە دەستی ناوەتە بینەقاقای کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو هەژاری و برسێتی و بێکاری زیاتریان دەبات. ئامارە هەڵکشاو و سەرسوڕهێنەرەکانی بێکاری، کە لە زاری خودی دەسەڵاتدارانی سەرمایەوە بڵاودەکرێتەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونایە. وا چاوەڕواندەکرێت کە بە هاتنی ساڵی ٢٠٢٥ دوو لەسەر سێی کرێکارانی جیهان کارەکانیان لە دەستبدەن و بە لەشکری بێ هەژماری بێکارانەوە پەیوەستبن. تەنانەت ئەو کرێکارانەی کە بەهەر کولەمەرگیەک بووە لە کارەکانیاندا دەمێننەوە لەگەڵ توندترین هەلومەرجی کار بەرەوڕوون؛ هەر لە سەعات کاری زیادەوە تا زیادکرنی باج و کەمکردنەوەی مووچە و هەقدەستەکانیانەوە بگرە تا گرانی و بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان. ئەمانە هەموو ئەو بارە قورس و مەینەتبارانەن کە چاوەڕوانی پرۆلیتاریای جیهان دەکات لە سایەی دەسەڵاتی بورژوازی دا. بارودۆخی چینی کرێکاریی کوردستان و عێراقیش ئەرێیی پێنابرێت، لە سایەی ئەحزابی بورژوازی و ناسیونالیستی و تائیفی و خاوەنداری کۆمپانیا و کەرتە بارزگانیەکان،  و لەم هاوکێشە جیهانیە بەدەرنیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات.

سەروەت و سامانی تەوای جیهان لە دەستی مشتێک سەرمایەداری مفتەخۆردا کۆبۆتەوە کە هەموو ڕۆژێک سەرمایەکانیان لە زیادبووندایە و پەتای کرۆناش بۆتە خێر بۆیان و چەند هێندی تر قازانجەکانیان زیادی کردووە. ئەم کەڵەکەیەی سەرمایە بەجۆرێکە کە تەنها سەروەت و سامانی ١٠ لە دەوڵەمەندترین سەرمایەدارانی جیهان دەتوانێت پێکوتەی هەموو دانیشتوانی سەرگۆی زەوی دابین بکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە سەروەت و سامانی جیهان لە دەستی کەمایەتیەکی هێجگار کەمدا کۆبۆتەوە.

نەبەردی چینایەتی پڕۆلیتاریا و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان بەرامبەر بەم سیستەمە ژێرەوژوورە لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوامە و بە شێوازی جۆراجۆر خۆی نیشانداوە. پڕۆلیتاریا هەر ڕۆژە و بۆ بەدەستهێنانی کرێی زیاتر و باشبوونی بژێویان و کەمکردنەوەی سەعات کاریان و دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان لە مەیداندان، بەڵام گرنگی یەکی ئایار لە هاوپشتی و هاوخەباتی ئەنتەرناسیونالیستی  و نەریتی یەکگرتووکردنی چینی کرێکاردایە. هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی پڕۆلیتاریا، هێزی ئەنتەرناسیوناڵ و هاوخەباتی  جیهانی ئەم چینە، نەک دەتوانێت خواستەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگای شۆڕشی چینایەتی خۆیەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە بهێنێت و کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد و شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە و پێداویستیەکانی دابمەزرێنێت.

 نیزامی سەرمایەداری هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا بە سەر تائیفە و خێڵ و نەتەوە و مەزهەب و ‌جنس و ڕەگەزدا بەش بکات و قڵشتەکانی نێوان ئەم چینە پەرەپێبدات لە ڕێگای وەبەرهێنانەوەی ئەم جیاوازیانەوە. یەکی ئایار ڕۆژی نا ووتنە بەم دابەشکاریانە و پڕۆلیتاریا لە سەرتاسەری جیهاندا  بە کردەوە ڕایدەگەیەنێت کە شوناسێکی چینایەتی هەیە و شوناسەکانی دیکە هەموو ساختەن.

لە عێراق و کوردستان چینی پڕۆلیتاریا سەرەڕای ٤٠ ساڵ زیاتر لە جەنگ و داگیرکاری ئەمەریکا و  شەڕی تایەفە و نەتەوە، ئەمڕۆ لەسایەی لیبراڵیزمی بەزۆری ئەمریکیدا، لە ژێر هەڕەشەیەکی تریشدایە. تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، لەلایەن هێزە بورژوازی  ئیسلامی و قەومی و تایەفیەکانەوە دراوەتە دەست گەورە سەرمایەداران و هەرزان فرۆش کراوە و دەکرێت. تەواوی کۆمپانیا دەوڵەتیەکان یان مایەپووچیان دەکەن یان دەیانفڕۆشن لە ژێر ناوی ڕیفۆرمی ئابوری و وەرەقەی "سپیدا". لە کوردستان کۆمپانیای دەوڵەتی هەر نەماوە و تەنانەت کەرتی کارەباش درایە دەست سەرمایەداران. ئەوە کەرتە خزمەتگوزاریەکانی تری وەک خوێندن و تەندروستی با لەولاوە بوەستێت کە بە جۆرێک خراپیان بەسەر هاتووە، کە وردە وردە بەرەو نەمان بچێت و بەتەواوی بکرێتە کەرتی تایبەتی.

١ی ئایار ڕۆژی پڕۆڤەی چینایەتی پڕۆلیتاریایە، بۆ نمایشکردنی هێزی یەکگرتووی چینایەتی خۆی و هاوپشتی ئەنتەرناسیۆنالیستی و نیشاندانی مانۆری خۆی بۆ ئامادەییەکانی دواتری.١ی ئایار پێوانەیەکە بۆ هێزو ئاستی یەکگرتوویی و توانایی و تەحزوبی ئەم چینە لە ئاستە جیهانیەکەیدا. نیزامی سەرمایەداری سەرچاوەی ترس و هەڕەشەیەکی ترسناکە نەک تەنها بۆسەر ژیانی پڕۆلیتاریا بەڵکو بۆ سەر ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی و دونیای نوقمی ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی کردووە،  هیچ جۆرە ڕێفۆرمێک بەسەر دەسەڵاتی ئەم سیستەمەدا سودی نییە، تەنها ڕێگا شۆڕشی پرۆلیتاریایە. 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

٢٠ ئاپریڵی ٢٠٢١