مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی کەرتەکانی نەوت و پیترۆشیمی لە ئێران بەرداوامە
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی کەرتەکانی نەوت و پیترۆشیمی لە ئێران بەرداوامە

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە کرێکارانی نەوت و پیشەسازیە پیترۆشیمیەکان دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر کەمی کرێکانیان و ڕادەی بەرزی هەڵئاواسان و گرانی لە ڕادەبەردا. پریسکەی ئەم ناڕەزایەتیانە لە تارانی پایتەختەوە دەستی پێکرد کە ناوەندی زۆرترین کارگەی پیترۆشیمیاییە و تەشەنەی کردووە بۆ زۆرێک لە شارەکانی تری ئێران کە بە ناوەندی ئەم جۆرە پیشەسازیە دادەنرێن وەکو ماهشەهر  و بەندەر جاسک و و بەندەر عەباس  و بەندەر تونباک و پاڵایشتگاکانی نەوت لە هەر یەک لە عەبادان و ئەسفەهان.

یەکەم پەرچەکرداری  ڕژێمی هاری ئیسلامی سەرمایە بە لەسەرکار دەرکردنی ٧٠٠ لە کرێکارانی تاران دەستیپێکرد. ئەم کاردانەوەیەی نوێنەرانی سەرمایە لە ئێران ناڕەزایەتی زیاتری بە دوای خۆیدا هێنا و پێداگری و سووربوونی زیاتری کرێکارانی هەموو ئەو کەرتانەی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێراندا بە دوای خۆیدا هێناو و کرێکاران دەڵێ "ئێمە لە مافەکانی خۆمان خۆش نابین".

ئەو ٧٠٠ کرێکارە کاتیەی کە رۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بڕیاری دەرکردنیان دراوە لە پاڵایشتگای نەوتی تاران، لە بەردەم کارگەدا درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە و  توانیویانە کە پاڵپشتی زۆرێک لە کەرتەکانی تر بەدەستبهێنن کە هەمان چارەنووسیان هەیە و ساڵەهایە چاوەڕوانی بەڵێنە درۆینەکانی سەرمایەدارانی ئێرانن بۆ زیادکردنی کرێکانیان و باشبوونی بژێویان و گؤڕانی کۆنتراکتی کارەکانیان لە کاتیەوە بۆ دائیمی.

هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکارانی ئەم کەرتە و کەرتەکانی تر مەسەلەیەکی حەیاتیە بۆ کرێکارانی ئێران و بۆ سەپاندنی خواست و داواکاریەکانیان بەسەر ئاخوندە چاوچنۆکەکانی سەرمایەدارای لە ئێران دا، بەڵام لەوەش گرنگتر بە دەستهێنانی هاوپشتی و هاوخەباتی نێونەتەوەیی یە نەک تەنها بۆ ئەم خۆپیشاندانانە، بەڵکو وەک کارێکی هەمیشەیی و بەردەوامی نێوانی کرێکارانی ووڵات و کەرتە جیاجیاکاندا تا بتوانن بەرامبەر سەرمایەی یەکگرتوو و جیهانداگردا بە یەکگرتووی خەباتی خۆیان بەرنە بەرەوە. ‌کرێکارانی ئەم کەرتە لە مێژووی ئێران دا چەندین جاری تریش خۆیشاندان و مانگرتنیان ئەنجامداوە و بە نەبەردی چینایەتیانەوە لە مەیداندابوون و  دەزانن کە ئەم کەرتە شادەماری پیشەسازی و ئابوری ئێرانە، بەڵام تا هۆشیاری ئەوە بەدەستنەهێنن کە سەرەڕای ڕێکخراوبوون، بە بێ  بوونی هۆشیاری سۆشیالیستی و جیاکردنەوەی ڕیزەکانی خۆیان و بەدەستەوەگرتنی نەریتی چینایەتی بزووتنەوەکەی خۆیان و بە دەستەوەگرتنی ئاڵای مارکس، ناتوان لە بەرامەبر ئەم زوڵمە گەورەیەی سەرمایەداراندا ڕابوەستن و سەرکەوتووبن.