سیما و ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا
بەڵگەنامەکانی ئاڕاستە

سیما و ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا

کۆمەڵگای بەشەری لەهەموو ئاستەکاندا لەسەر ئاستانەی سەردەمێکی تازەی جیهانگیری سەرمایەداری دایە، لە بەرهەمهێنانەوە بگرە تا بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابورییەکی لێکهەڵپێکراوی جیهانی، وەک یەکەیەکی ئابوری جیهانگیر و  هێزێکی بەرهەمهێنەری زیندووی جیهانی(هێزی کار)، هەروەها تەکنەلۆژیای زیرەک و لێکهەڵپێکران و یەکبوونی بەرهەمهێنان و قازانجی کۆمپانیە گەورە جیهانیەکان. بەم شێوەیە تەوای جیهان بۆتە پانتاییەکی جیهانگیر بۆ وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان و بەکاربردنی هێزی کاری کرێکاران و بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک لە مەوادی نێوەندگیر لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. پرۆسەیەک کەم تا زۆر لە ڕێگای یاسا و ڕێسای یەکگرتووی تایبەت بە بازاڕی جیهانیەوە بەڕیوەدەبرێت. ئەوەندەی بە  چینی پڕۆلیتاریا دەگەڕێتەوە، سەرباری ئەو هەموو ڕێگریە گەورانەی کە خراوەتە بەردەم هاتوچۆ و کۆچکردنی، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی "ووڵاتەکانی خۆیاندا" دەژین گەشتۆتە ٢٨١ ملێۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٠ دا کە تەنها ١٢ ٪ پەنابەرن بە پێی سەرژمێریەکانی "هۆبەی دانیشتوان لە بەڕیوەبەرایتی کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (DESA)". جیهانی ئەمڕۆ لە ڕێگای کۆمەڵێک  دامودەزگای جۆراوجۆری جیهانیەوە و بە شێوەیەکی جیهانی بەڕێوەدەبرێت لە بواری ئابوری و سیاسیەوە، وە یان هەندێک جار لە بواری کۆمەڵایەتی و یاساییشەوە. کۆمەڵگای بەشەری  بەکردەوە لە سایەی مێژوویەکی جیهانیدا دەژی: "بەم شێوەیە پڕۆلیتاریا بوونی نابێت ئەگەر لەسایەی مێژوویەکی تەواو جیهانیدا نەبێت، هەروەک چۆن بواری چالاکی کۆمۆنیزمە و ناتوانێت لە ئاستی پانتایی  ئەم –مێژووە جیهانی یە- نەبێت. بوونی مێژوویی جیهانی تاکەکان، وە بەمانایەکی تر بوونی کەسەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە مێژوووی جیهانی یەوە." (مارکس - ئەنگلز/ ئایدۆلۆژی ئەڵمانی).

وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، پایە بابەتیەکان وە یان ئەوەی پێی دەوترێت ژێرخانی مادی، بە پێی گەشە و ئاراستەی سەرمایە و ناکۆکییە دانەبڕاو و ناوخۆییەکانی خۆی و سیستمەکەی، بە تەواوەتی ئاواڵەیە بە قازانجی کۆمۆنیزم. تەنها پایەیەکی بابەتی کە ماوەتەوە ژێرخانی زیندووە، واتە چینی پرۆلیتاریا، و ئاستی ئامادەییە سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەییەکانیەتی بۆ ژێرەوژورکردنی سەرتاپای سیستمی سەرمایەداری و  دامەزراندنی سیستمی کۆمۆنیستی.  

پڕۆلیتاریای جیهانی ڕووبەرووی دژوارییەکی سەرتاپاگیرە، کە بە لاوازی ڕێکخڕاوبوون و ئاگاهایی سۆشیالیستی دەستپێدەکات لە نێو ڕیزەکانیدا تا دەگات بەو لاوازییە بناغەییەی کە سەرمایەداری بە مێژووی خۆی بەرهەمی هێناوە بۆی کە بریتی یە لە: چوونەسەری بێکاری، کەمی کرێ، لێسەندنەوەی دەستکەوتە مێژووییەکانی پڕۆلیتاریا و کەمی خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان و خواست و ئارەزووەکانی سەرمایە و دەسەڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و خواستەکانی بۆ بە دەستهێنانی کرێکاری هەرزان لە ئاستی جیهاندا. بەم شێوەیە پڕۆلیتاریا  لە سایەی ئەزمەی سەختی جیهانی سەرمایەداری و بڵاوبوونەوەی پەتای کورۆنا، و لە هەناوی قۆناغێکی ڕاگوزەر و کاریگەرییە جیاوازەکانیدا خەبات دەکات، قۆناغێک کە ڕووی لە گۆڕانی سیستمی جیهانی ئەمریکی تاک جەمسەر بۆ سیستمێکی جیهانی تازە و فرەجەمسەر. تەنها ڕێگای پڕۆلیتاریا ڕێڕەوی خەباتکارانەیە، وەکو تەنها ئامراز و پێویستیەکی مێژوویی و دەمودەست بۆ ئەوەی بتوانێت بژی و بە شێوەیەکی ئینسانی بمێنێتەوە و بە دەستی خۆی خۆی ڕزگاربکات لە ڕێگای ڕەتکردنەوەی ئەم بارودۆخە نائینسانی و سەختەی بەسەریدا سەپێنراوە. هاوکات بۆ بەدەستهێنانی پێشڕەوی و دەستکەوتی مێژوویی گەورە لە ئاستی جیهاندا و لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی بتوانێت کە ڕابەری شۆڕشی خۆی بکات و سیستمی سەرمایەداری لەناوببات و سیستمی سۆشیالیستی دابمەزرێنێت. گرنگترین مەسەلە بۆ پڕۆلیتاریای ئاگا بە چارەنووسی خۆی بریتیە لە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایتی خۆی و لەناوبردنی چینەکان. " لە ڕاستیدا، بۆ کەسێکی پراکتیسیۆن-المادی العملی-، واتە کۆمۆنیستێک، بابەتەکە گرێی خواردووە بە بەرپاکردنی شۆڕشەوە لە دنیای ئەمڕۆدا، و هەڵسوکەوتی پراکتیکیانە لەگەڵ جیهان واقعی و گۆڕینی" (مارکس ٠ ئەنگلز/ هەمان سەرچاوەی پێشوو).

 پڕۆلیتاریا وەکو چینێکی جیهانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  زیاتر لە ناوەرۆکی سیستمی سەرمایەداری جیهانی و ئاستی پتەوی دامودەزگا جیاوازەکانی و شێوازەکانی بەرەوپێشچوون و ئاڕاستە جیاوازەکانی تێدەگات و زیاتر هوشیار دەبێتەوە. هاوکات لە ڕادەی ناکۆکیەکان و دژایەتی ئەم سیستمە  لە گەڵ ژیانی و ئاوات و ئارەزو و خواستەکانی تێدەگات، بە تایبەتی لە سایەی ئەم قەیرانە جیهانیەی ئێستای سەرمایەداری و ئەو دەرهاویشتانەی کە پەتای کۆرۆنا بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەم ڕێڕەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت و قووڵتر دەبێتەوە. لەسەر ئەم بناغە بابەتیانە پڕۆلیتاریا بزوتنەوەی خۆی دەستپێدەکات، بە پێی پێگەی خۆی و ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ بورژوازیدا لە وڵاتە سەرمایەدراییە پێشکەوتووەکان، یان هاوکات لە چەندین وڵاتدا، وە یان بە پێی هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە وڵاتێکی دیاریکراودا.

بە پێی ئەم فاکتۆرانەی سەرەوە، ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ئەم بەشانەی لای خوارەوە دابەش دەبێت:

یەکەم: ئاڕاستە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردنی سیستمی سەرمایەداری جیهانی:

دەسەڵاتی سەرمایە -دوو هێزە گەورە جیهانیەکە- : چین و ئەمریکا؛ چین بەپێی ئامار، لە زۆر بواردا ئابوری ئەمریکی تێپەڕاندووە. هەر دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی دەسەڵاتی سەرمایە لە ئاستی جیهاندا زۆر بە توندی و بە شێوەیەکی بەردەوام لە کێشمەکێشدان لە هەموو ئاستە سیاسی و ئابوریەکاندا: لە پێوانەی هاوسەنگی بازرگانی و بازرگانی دەرەکی و ڕێگاکانی بازرگانی دەرەکییەوە بگرە تا دەگاتە، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک و بە تایبەتی نەوەی تازەی تۆڕەکانی نەوەی پێنجەمی ئنتەرنێت هەروەها دەربارەی وزەی نوێبووەوە و، تەکنەلۆژیای سەربازی و بۆشایی ئاسمان و کرێکارانی کارامەی پیشەسازییە زیرەکەکانەوە، تا دەگات بە دابەشکردنی ناوچەکانی دەسەڵات.

ئەلف: ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ڕابەرایەتی جیهانی خۆرئاوایی دەکرد و لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە ڕابەرایەتی هەموو جیهانی دەکرد. سیستمی سەرمایەداری ئەمریکا پێی وایە کە دەبێت ڕابەریکردنی جیهانی سەرمایەداری لە ژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، و ڕابەرەکانی لە چەندین بۆنەدا ئەمایان دووبارە کردۆتەوە و لەم دواییانەشدا جۆن بایدن لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆی لە کۆشکی سپیدا لە بەرواری ٢٥.٠٣.٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە "لە ماوەی دەسەڵاتی ویلایەتەکەی ئەودا چین ناتوانێت ببێت بە هێزی جیهانی یەکەم".

ستراتیژیەتی ڕکابەری چینی بورژوازی ئەمریکی دژ بە وڵاتی چین بریتییە لە ڕێگەگرتن یا وەستاندنی پێشکەوتنی و لەسەرئەم خاڵانەی خوارەوە وەستاوە: 

یەکەم: لە لایەکەوە ئابڵوقەدانی سەربازی و سیاسی و دیبلۆماتی "دیبلۆماتی بەهاکان وبەکارهێنانی ئەوپەڕی فشاری سیاسی" و لە لایەکی تریشەوە پیادەکردنی ئابڵوقەدانی ئابوری بەپێی جووڵەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا- خۆپارێزی ئابوری و بازرگانی لەسەر ژمارەیەک لە کاڵاکانی وەک: توێژالە ئەلکترۆنیەکان electronic chips و ڕێگرتن لە کۆچی پسپۆرەکان بە تایبەتی لە کەرتەکانی پیشەسازی زیرەکدا و داسەپاندنی گومرک و ئابڵوقەی ئابوری و ڕێگرتن لە وەبەرهێنان بۆ نموونە لە خەزێنەی سەروەریدا Sovereign wealth fund، هەروەها قەدەغەکردنی کۆمپانیا ڕکابەرەکانی چین لە بازاڕی ئەمریکیدا. دواجار  کۆمەڵەی حەوت دەوڵەتە گەورەکانی سەرمایە G7 بە ڕابەری ئەمریکا لە کۆبونەوەی ١٢.٦.٢٠٢١لە بەریتانیا، بڕیاریان لەسەر  پرۆژەی "بنیاتنانەوەی جیهان بە شێوەیەکی باشتر" دا، پڕۆژەیەک کە ڕاستەوخۆ بۆ ڕکابەریکردنی پرۆژەی " ڕێگای حەریری چینە".

دووهەم: هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی هاوپەیمانیەتیە کۆنەکان بە تایبەتی لە نێوان هەردوو بەری ئەتڵەسی دا کە لە کاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا زیانی بەرکەوتبوو. وە نوێژەنکردنەوەی هاوپەیمانیەتیە ستراتیژیەکانی لەگەڵ کۆریای باشور، یابان، ئوسترالیا و هیندستان دا و هەڵمەتێکی لە ڕادەبەدەری فشارهێنان لە ڕێگای یەخەگرتن و شەڕفڕۆشتن و نواندنی هێزەوە لە دەریای چینی خواروو و تایوان و دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی چین دا لە ڕێگای کێشەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ و کێشەی ئیگۆریەکان لە ناوچەی شینگیانگی ئۆتۆنۆم دا  ....هتد.

  سێهەم: دوورخستنەوەی ڕوسیا لە بەستنی هاوپەیمانێتی و هاوکاری ئیستراتیژی لەگەڵ چیندا و دوورخستنەوەی یەکێتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانێتی و بەستنی دانوستاندنی ئابوری گەورە لەگەڵ ڕوسیا دا. هاوکات هەوڵدان بۆ دورخستنەوەی هەردوو وڵاتەکەش لە چین.

چوارهەم: زیندووکردنەوە و جۆشدانی هێزە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکانی تورکستانی خۆرهەڵات و ناوەندی ئاسیا و هەڵگیرساندنی شەڕ بە وەکالەت لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا کە ڕێگرن  لە چوونە پێشەوەی جووڵە و سیاسەتەکانیدا "سوریا یەکێک لە باشترین نموونەکانە". هاوکات لە ڕێگای دووبارە سازدانەوەی هێزە سەربازیەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دا و بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراویش لە ئەفگانستان و عێراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی بە گشتی لە ڕێگای بەستنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هێنانە ناوەوەی ئیسرائیل وەک بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و و فۆکەس کردن لە سەر چین و باسفيك.

با: چین وەکو هێزێکی جیهانی دەرکەوتوو بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە ئابوریەکەی و گەشەی بەردەوامی بەستووە، لە ڕێگای کرێکاری هەرزان و هێزی کاری پسپۆر و ئامادە بەکار لە کەرتەکانی تەکنەلۆژیای زیرەکدا. ستراتیژی چینی بورژوازی لە وڵاتی چین بۆ وەستانەوەی توندی بەرامبەر ئەمریکا، لە بنەڕەتەوە پشتی بەستووە بە سیستمێکی جیهانی فرە جەمسەر و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسوکەوت دەکات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش چین پشت دەبەستێت بە:

یەکەم: دامەزراندنی دامودەزگای هاوشانی دامودەزگا جیهانیەکان کە هێزەکانی خۆرئاوا بە ڕابەری ئەمریکا دروستیان کردووە وەکو بانکە جیهانیەکان و کۆڕوکۆمەڵی جیهانی تا دەگات بە هاوپەیمانێتی سیاسی جیهانی.

دووهەم: دروستکردنی گەورەترین پڕۆژەی ئابوری لە مێژوودا لە ڕێگای پرۆژەی حەریر "پشتێنە و ڕێگا" کە زیاتر لە ١٢٠ دەوڵەت پێکەوە دەبەستێتەوە لە جیهاندا و پێدانی قەرزی سوک و ئاسان  بەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر ڕێگاکە و دروستکردنی ژێرخانی پێویست و لە دوا لێکدانەوەدا بۆ ئەوەی بتوانێت باڵادەستبێت لە ئاستی جیهانیدا، لە ڕێگای هەژمون و دەسەڵاتی ئابوری یەوە.

سێهەم: دوورخستنەوەی ئەمریکا لە ڕابەرایەتیکردنی جیهان بۆ نموونە؛ لە ڕێگای یاسای دەخاڵەتنەکردن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و بەڕێوەبردنی جیهان بە پێی یاساو ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان  و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەستانەوە بە ڕووی کارە تاکڕەوەکانی ئەمریکادا.

چوارهەم: جۆرێک لە  دیبلۆماسی ئارام، یانی دیبلۆماسیەتی بێ دەنگ، و بەرپەرچدانەوەی ڕاستەوخۆی سزاکانی ئەمریکا و خۆرئاوا بە شێوەیەکی گشتی.

پێنجهەم: وەستانەوە بە ڕووی "بە دۆلارکردن" و هێنانەخوارەوەی بەهاکەی وەکو دروای یەکەمی جیهان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هاوپەیمانی خۆین بە دراوی لۆکاڵی ، بە تایبەتی ئامانجی چین ئەوەیە، یوانی چینی ببێتە دراوی یەکەم لە نێوان پاکێتی دراوە جیهانیەکاندا.

بەم پێیە پێکهێنانی سیستمی جیهانی تازە، لەسەر وێرانەی هێزی سەرمایەداری ئەمریکا،  لە ئەنجامدا لە ڕێگای ڕکابەرێتی و ململانێی توندی نێوان ئەم دوو هێزە سەرەکیە و هاوپەیمانەکانیانەوە دەبێت، بە تایبەتی ڕوسیا و ووڵاتانی ئەوروپا و بە دیاریکراویش "ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا" و یابان و ‌هیندستان. پڕۆلیتاریای جیهانی لە هەناوی قوڵترین قەیرانی ئابوری جیهانی سەرمایەداریدا ژیان بەسەر دەبات، قەیرانێک کەئەم سیستمە لە سەرەتای پێکهاتنیەوە وەکو سیستمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەخۆیەوە نەدیووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە هەلومەرجی پەتای کرۆنای نەگریسدا ژیان بەسەردەبات کە بە شێوەیەکی گشتی زیانی بە باری ژیان وگوزەرانی گەیاندووە، ئەمە لە لایەک، لە لاکەیەکی تریشەوە، هەموو ئەم ململانێ دڕندە و توندانە لە هەناوی قۆناغێکی مێژوویی ڕاگوزەردا دەچێتە پێشەوە کە جیهانی سەرمایەداری پیادا تێپەڕدەبێت بەرەو سیستمێکی جیهانی نوێ لەسەر وێرانەی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی و هەژموون و پێگە جیهانیەکەی.

 

  دووهەم: ئاڕاستە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی سەرمایە: چڕبوونەوە و بەرهەمهێنانی کەڵەکەی سەرمایە:

ئاڕاستە سەرەکیەکانی سەرمایە  لە ئاستی جیهاندا پشت دەبەستێت بە:

چڕبوونەوە، مۆنۆپۆڵکردن و بە جیهانیکردنی ئاستی کرێ.

یەکەم: چڕبوونەوە-ترکیز-؛  فراوانکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ئاستی ماکرۆدا، واتە بەرهەمهێنانێک کە چەندین کەرتی فراوانی بەرهەمهێنانی دیکە لەگەڵ خۆیدا بخوڵقینێت. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە زێدەبایی بە شێوەیەکی بەردەوام بچێتەوە سەر سەرمایە و کەڵەکەی بکات لە هەر دەورەیەکی بەرهەمهێناندا. بەڵام چربوونەوە هەردەم پێویستی بە داهێنانی زانستی تازەیە، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا و لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشگێڕانەی هێزەکانی بەرهەمهێناندا، لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکەوە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دا، ئەگەر چی تا ئێستا ئەم پێشکەوتنە بە ئاستێکی کەم بەکاربراوە.

وەکو مارکس دەڵێت " کەڵەکەبوونی سەرمایە، هاوکات یانی گەشەی پڕۆلیتاریا" (سەرمایە، بەرگی یەکەم) بەم پێیە بەڕێوەبردنی ئەو قەبارە گەورە مرۆییە لە ئاستی جیهاندا کە تەکنەلۆژیای زیرەک و چڕبوونەوە و ڕکابەرکێ فڕێیان دەداتە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان، دەبێتە هۆی گەشەی پڕۆلیتاریا بە مانا جۆرایەتیەکەی، واتا بەشی بێکاری – زێدە دانیشتوان - ڕێژەیەکی زۆر گەورە دەبێت، بە تایبەتی دوای ئاسەوارەکانی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی بەردەوامی ئابوری جیهانی ، کە بەهۆی پەتاکەوە کەمتر دیارە و شاردراوەتەوە. ئێمە شاهیدی پڕۆسەی چڕبوونەوە دەبین لە: هێزە بەرهەمهێنەرە نوێبووەکان- الطاقة المتجددة- کە لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکدا بەکاردەهێنرێن؛ کەرتە تازەکانی ووزەی خاوێن بە هەموو بەشەکانیەوە و تەکنەلۆژیای زیرەک لە کەرتەکانی پەیوەندیگرتن و زانیاری دا -نەوەی پێنجهەم لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت- دا دەچنە ڕیزی تازەکردنەوەی بەرهەمهێنان لەسەر بناغەی چڕبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ئاستی جیهاندا. وە هاوکات پێویستە پڕۆسەی کۆگیربوون-تمرکز- مان لە یاد نەچێت لەسەر بناغەی دەستبەسەراگرتن و یەکگیربوون-دمج-.  

دووهەم: کێبەرکێ (بەربەرەکانی) و مۆنۆپۆڵکردن (پاوانکردن): بەربەرەکانێ دەبێتە هۆی پاوانکردن. هۆ و ئەنجام  بەردەوام جێگاکانیان ئاڵوگۆڕپێدەکەن، دوو دیاردەی دیاریکراو و ناچارین لە سایەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دا. بەڵام بەربەرەکانێ و پاوانکردن نەک تەنها لە ئاستی وڵاتێکدا، بەڵکو لە ئاستی جیهانی دا. بەربەرەکانێ لەم قۆناغەدا  بووەتە هۆی و بەردەوام دەبێتە هۆی پاوانکردنی گەورەتری جیهانی، لە بوارەکانی پەیوەندیگرتن و زانیاری و تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە هەردوو نەوەی پێنج و شەش، بانکە جیهانیەکان و ئاسایشی سیبریانی و وزەی نوێبووەوە وبازرگانی، ڕێگاوبان و هاتوچۆی وشکانی و ئاوی و تۆڕەکانی شەمەندەفەر، ژێرخانی پێویست  بۆ بارکردن و بەندەرەکان.  هەتا ئێستا شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وا دەناسرێتەوە کە توانای وەرچەرخانی هەیە لە سایەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای زیرەک و دواکەوتوویی تەکنۆلۆژیا کە لە زۆر وڵاتی جیهان دا دەبینرێت وە بە دیاریکراوی لە کیشوەری ئەفریقا و خۆرئاوا و ناوەڕاستی ئاسیا و زۆربەی وڵاتەکانی ئەمریکای لاتینی دا. بەربەرەکانێ گەیشتۆتە پاوانکردن لە ڕێگای هێزەوە وە بە دیاریکراویش بەپێی هاوسەنگی هێزی نێوان چین و ئەمریکا. نەک هەر بە تەنها هێزی سەربازی، بەڵکو هێزی ئابوری و ئەوەشی کە پێیی دەوترێت هێزی دیپلۆماسی و ڕاگەیاندن. ئاڕاستەی پاوانخوازی دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕ.

سێهەم: ئەم خاڵەیان گرنگترین ئاڕاستەیە: ئەویش لە خواستی بەردەوامی بە جیهانگیرکردنی ئاستی کرێ دا خۆی دەبینێتەوە. ئاڕاستەیەک کە خواستی چینی بورژوازی جیهانی دەردەخات، بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کرێ نەک تەنها لەسەر ئاستی وڵاتێکدا، بەڵکو لە ئاستی جیهاندا، و لەوانەیە لە بلۆکبەندیە ناوچەییەکانەوە دەستپێبکات. ئەم کارە پێویستی  بە دابینکردنی ژێرخانێکی جیهانی و سیستمێکی خۆراکی جیهانیە، سیستمی بیۆ خۆراکی نەک سروشتی، بۆ ژیان و گوزەرانی پڕۆلیتاریا. بە جۆرێک کە چینی پڕۆلیتاریا لە ئاستی جیهاندا بە ڕادەیەکی کەمتر لە بەرووبوومی کۆمەڵایەتی ژیان بەڕێبکات لە وڵاتێکی دیاریکراو یان لە ئاستی جیهانیدا. مەوادە پێویستەکان بۆ ژیانی پڕۆلیتاریا لە سایەی سیستمێکی بیۆخۆراکیدا کە بە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی زیرەک بەرهەمدەهێنرێت زۆر هەرزانتر دەکەوێت. لێرەدا باسکردن لە هاوتایی و یەکسانی ژمارەیی  کرێ و تەکنیک نیە، بەڵکو باسی چۆنایەتی کرێیە. واتە بڕی کرێ لە ئاستی جیهاندا بە ژمارە یەکسان نابێت، بەڵکو یەکسانبوونە لە شێوازی ژیان و گوزەراندا.

بەڵام ئاڕاستەی کەڵەکەکردنی پاوانخوازی دەبێتە هۆی جەنگ  و ئاسەواری زیانبەخش بۆ مرۆڤایەتی؛

جەنگەکان!

پاوانخوازی و کێشمەکێش بۆ دەست بە سەراگرتنی بازاڕی جیهانی، بە تایبەتی لە نێوان هەردوو زلهێزە جیهانیەکەدا، چین و ئەمریکا، و بە دیاریکراویش پاوانخوازی لەسەر کەرتە بەرهەمهێنانە تازە و نوێبووەوەکان، ئاسەواری ترسناک بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئاڕاستەی کەڵەکەکردنی پاوانخوازی بێگومان دەبێتە هۆی بەرپاکردنی جەنگ، بە پێی پێداویستی سەرمایەی هەریەکەیان لە ئاستی جیهاندا. بەڵام جەنگ مەرج نیە جەنگی جیهانی بێت. ئەگەرچی دەستبەسەراگرتنی بۆشایی ئاسمان-فضاء- لە لایەن هێزە جیهانیەکانەوە، و لێکۆڵینەوە لە بەدەستهێنانی ژیان لەسەر هەسارەکانی ترو گواستنەوەی ژیان و بازاڕ و وەبەرهێنان بۆی،  ئەگەرەکانی هەڵگیرساندنی جەنگێکی جیهانی تر لە سەر هەسارەکەمان  زیاتر دەکەن.

بە پێی ئەم پایە بابەتی و پێوەلکاوانەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بناغە سەرەکیەکانی ئاڕاستەی وەبەرهێنانی سەرمایە لە  بەرهەمهێناندا بریتیە: لە وەی کە بەرهەمهێن بێت، بەرهەمهێنی سامان و کەڵەکەبوونی سەرمایە بێت، نەک وەک پێویستیەک  بۆ وەڵامدانەوە  بە باری گوزەران و پێداویستیەکانی زۆرینەی دانیشتوانی گۆی زەوەی، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی زێدەباییەک کە هەڵگری سەرمایەیە، واتە کەڵەکەبوونی سەرمایە. بەم پێییە سەرمایەداری هەوڵی قۆرخکردنی شتێک دەدات کە پێی دەڵێن قازانج لە ڕێگای پڕۆسەی بەدەستهێنانی زێدەبایی یەوە. ئەمە بە جیا لە یاسایەکی ئەزەلی بۆ سەپاندنی باجێکی زۆر، کە دەڕژێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە بە تایبەتی لە کاتی قەیرانی ئابوری دا، یان لە ڕێگای فرتوفێڵ و پەردەپۆشکردنی ئەو دزیە ڕاستەوخۆیانەی کە لە دارایی کۆمەڵایەتی دەکرێت و دەوڵەت خاوەنیانە، یان لە   ڕێگای گواستنەوەی سپاردە نەختیەکان و نەختەوە بۆ خەزێنەی سەرمایەدارە گەورەکان، لە ڕێگای جۆراوجۆری وەکو کۆمپانیاکانی بیمە و پشك وپێشبڕکێ پێکردنی لە بورسە لۆکەڵی و جیهانیەکاندا.

لەم قۆناغەدا قسەوباسی تەوای ڕاگایەندنەکانی بورژوازی -بە ڕاست و چەپیەوە و بە دیکتاتۆری و دیموکراتی یەوە- ڕووی لە جوانکردنی وەبەرهێنانی بەرهەم و کەڵەکەی سەروەت ودرێژەپێدانیەتی لە ڕێگای ڕازاندنەوەی بە وشەی بریقەدار و چەمکی مرۆڤدۆشتی یەوە، لە شێوەی پاراستنی ژینگە، هاوڕێی ژینگە، وزەی خاوێن و گەشەپێدانی بەردەوام، هەلی کار و کەمکردنەوەی گازی کاربۆن لە هەوادا و مافی مرۆڤ و...هتد.  ئەمانە هەمووی درۆ و ڕیاکارییەکی بێ پەردەن بە دیاریکراویش کاتێک زۆرێک لە مانە لە زاری دەستەی فەرمانڕەوای چینی بورژوازی ئەمریکی یەوە دەبیسترێن. بەپێی بناغەی ئاڕاستەکانی بەرهەمهێنان لە سیستمی سەرمایەداری دا -قازانج  و کەڵەکەبوونی و بەردەوامی-. وە لە سایەی یەکڕیزی بورژوازی جیهانی لەسەر ئابوری بازاڕ "سەرەڕای جیاوازی گەورە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردنیدا" و لە هەناوی قەیرانی ئابوری جیهانی و ئەم قۆناغە ڕاگوزەرەی ئێستادا و کێشمەکێشی دڕندانە لەسەر ڕابەرایەتیکردنی سەرمایەداری لە ئاستی جیهان دا، سەرمایە لە هەوڵی دۆزینەوەی کەناڵی بەرهەمهێنانی پڕ قازانجە. سەرمایە ئاڕاستە سەرەکیەکانی خۆی وەکو مەسەلەیەکی بابەتی دیاری دەکات، سەرەڕای کێشە هەنووکەییەکانی نێوان باڵە جیاوازەکانی بورژوازی. بۆی هەیە ئەم جیاوازیانە ئاستەنگی بۆ ئاراستە و جوڵەی سەرمایە دروستبکات، بەڵام ناتوانێت ئاڕاستەکانی ڕابگرێت کە ڕووی لە قازانج و تازەکردنەوەی سیستمی سەرمایەیە، بەرەو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر و لە ڕێگای پیادەکردنی شێوازی تەکنیکی، و دەستەبەرکردنی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی قازانج و فراوانکردنەوەی لە ڕێگای کردنەوەی کەناڵ و کەرتی بەرهەمهێنەری تازەوە. ئامانج بەرهەمهێنانی قازانجە، بە دوور لە چالاک کردنەوەی بازاڕی هێزی کار لە لایەک و فراوانبوونەوەی پانتایی نێوان سەرمایەی جێگیر -هەموو کەرەستەکانی بەرهەمهێنان بە بێ هێزی کار "پیشەسازی زیرەک و ژێرخان و ..هتد"- و سەرمایەی گۆڕدراو -هێزی کار- لە لایەکی ترەوە. ئەمانە چارەنووسی سەرمایەن، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دووردەکەوێتەوە  لە خواست و ئارەزو و خۆشگوزەرانی زۆربەی زۆری دانیشتوانی سەرگۆی زەوی. بۆیە بە پێی ئەم بنەما و ئاڕاستە گشتیانەی سەرمایە لە ئاستی جیهاندا، سەرمایەگوزاری زەبەلاح لە چەندین کەرتدا دێتە ئاراوە کە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:

یەکەم: پەیوەندیگرتن و تەکنۆلۆژی زانیاری: وەبەرهێنان لە تۆڕەکانی نەوەی پێنج و نەوەکانی داهاتوودا: سەرمایەگوزاریەکان لەم کەرتە گرنگەی بەرهەمهێنان دا بە زیاتر لە ٨ تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠. بەڵام ئەمە تەنها بەشێکە لەو جووڵە پێچاوپێچ و هەڵکشاوەی سەرمایە لە کاتێکدا، ئەم نەوەیە لە پەیوەندیگرتن بریتی یە لە شۆڕش لە تەکنەلۆژیای زیرەکدا، کە کاریگەریی دەبێت لەسەر تەواوی کەرتەکانی تری بەرهەمهێنان و پیشەسازی. هەر بۆیە لەگۆشەنیگای سەرمایەوە بەرهەمهێنانی قازانج بە تەنها بەس نیە، بەڵکو گەشەپێدان و نوێبوونەوە لە بەرهەمهێنانی فراواندا پێویستە کە لە ڕێگایەوە کەرتی بەرهەمهێنانی گەورە و گەورەتر بە دوای خۆیدا دێنێت. بە پێی ئەم ئاڕاستە مێژووییەی سەرمایە، تۆڕە تازەکانی ئینتەرنێت کەرتی تازەی بەرهەمهێنان دەخولقێنێت، کە تەوای ئابوری جیهان پشتی پێدەبەستێت : گەشەپێدانی بنەماکانی ئاسایشی سیبریانی، شارە زیرەکەکان، ئینتەرنێتی شتەکان، کۆمپیوتەر، تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمۆبیلی زیرەک و خودڕەو و ئەندازیاری لە بواری ڕۆبۆت و چیپە ئەلەکترۆنیەکان، و کاڵا سەرەکیەکان بۆ بەرهەمهێنانی -نیمچە گەیەنەرەکان- و بازرگانی ئەلەکترۆنی کە ئاستی گەیشتۆتە لە ١٣ ٪ ی بازرگانی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٩ دا و ئەمەش یانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەلەکترۆنی گەشتۆتە ٣،٣ تریلیۆن دۆلار. بەرهەمهێنان، کەرتەکانی ڕاگەیاندنیش دەگرێتەوە بە تایبەت "سۆشیال میدیا" و مارکە جیاوازەکانی و کەناڵە ئاسمانیەکان و کۆمپانیاکانی سەرگەرمکەر و کەیفکردن بۆ فیلمسازی و موزیک  و پڕوپاگەندەوە. ئەم کەرتە کەرتێکی کاریگەرە بۆ گێلکردنی کۆمەڵگا و دوورخستنەوەی لە مەسەلە بابەتی و پێویستەکان و هاوکاتیش کەرتێکی بەرهەمهێنە بۆ قازانج. ئەم کەرتە بە دیاریکراوی کاری دروستکردنی بیروڕا و نەریت و هەروەها دیاریکەری ڕێرەوەکانی ژیان و کارە و ئامرازی وەستانەوەیە بە ڕووی هەر بیروباوەڕێکی دژ بە سەرمایەداری.

دووهەم: وزە ، وزەی نوێبووەوە یان خاوێن. ئەو وزانەی کە لە ژێر زەوی دەرناهێنرێن-فۆسیل- fossil. بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ڕێگای وزەی نوێبووەوە لە ساڵی ٢٠١٠ دا لە سەر ئاستی جیهان دا گەشتۆتە ٤١٤ گیگاوات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ دا گەشتۆتە ١٦٥٠ گیگاوات. ئەمە بۆ خۆی نیشانەی بازدانێکی چۆنایەتی یە لە وەبەرهێنانی سەرمایەداری لەم کەرتە زیندوو و گرنگەدا کە وەبەرهێنان تیایدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ دا گەشتۆتە ٢،٦ تریلیۆن دۆلار.  بورژوازی جیهانی بانگەشە بۆ ئەم کەرتە دەکات وەک هاوڕێی ژینگە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەمە دووڕوویی و ڕیاکارییەکی بێ پەردەیە. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە وزە فۆسیلیەکانی وەك خەڵوز و نەوت،  گەشتوونەتە کۆتایی خۆیان لە دابینکردنی کەڵەکەی قازانج  و خوڵقاندنی کەرتی بەرهەمهێنانی فراوان و نوێبووەوە کە ئەوانیش بەجێگای خۆیان قازانج هێنەر بن. ئەم بوارە بەرهەم‌ هێنان دەگرێتەوە لە: وزەی شەپۆلی ئاو و وزەی ئاو بە گشتی، وزەی با، وزەی خۆر و وزەی کەهرۆئەتۆمی و وزەی زیندوو (بایۆلۆجی) کە ئەمە وزەیەکە لە بوونەوەرە زیندووە ڕووەکی و ئاژەڵیەکانەوە بە دەستدەهێنرێت. هەموو ئەمانە پێویستیان بە ژێرخانێکی تازە هەیە بۆ بەرهەمهێنان و بەردەوامی ئەم وزانە. تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی ئەم بوارە تازەیە لە تەکنۆلۆژیای وزەی فۆسیلیەکان جیاوازە، وەک بەرهەمهێنانی تەختەخانەی خۆری-الواح شمسیة-، تۆربینەکانی هەوا، باتریەکان، پێڕاگوێزە –مرکب- کارەباییەکان وەک نموونە چاولێبکەین، ئەمە وێڕای بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد-الذكاء الاصطناعي- لەم کەرتەدا.  

سێهەم: پیشەسازی خواردن و تەکنەلۆژیای زیندوو (بیۆتەکنیك): پیشەسازیەکانی خواردن گۆڕانکاری ڕیشەییان بە سەردا هاتووە جا چ  لە ڕووی قەبارەی بەرهەمهێنانیانەوە بێت، یان لە ڕووی کوالێتی تەندروستیانەوە بێت کە لەمبارەوە  گەشتۆتە ڕادەیەکی زۆر خراپ. مەسەلەکە بەرهەمهێنانی بەرووبوومی کلاسیکی نیە، بەڵکو بەرهەمهێنانی بەرووبوومی بیۆیە لە ڕێگای گۆڕینی ژێنەتیکی خۆراکە سەرەکیەکانەوە، بە تایبەتی گۆڕانکاری گەورە  لە تۆوە سەرکیەکاندا. بە شێوەیەکی گشتی تەکنەلۆژیای زیندوو لە زۆر کەرتی پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت کە گرنگترینیان ئەمانەن: زانستی پزیشکی، چارەسەرە ژێنەتیکەکانی مرۆڤ، دەرمانسازی ژێنەتیك، پزیشکی دادوەری "دی ئێن ئەی"، بەرهەمهێنانی پەیینی کیمیایی، گۆڕانکاری لە ڤایرۆس و بەکتریادا، و لە کۆتاییدا لە بواری کشتوکاڵی و گژوگیادا. ئەم زەمینانەی بەرهەمهێنان ئاسۆیەکی فراوان دەکاتەوە بە ڕووی وەبەرهێنانی سەرمایە و خوڵقاندنی کەرتی تازەی بەرهەم‌هێنان و هاتنەخوارەوەی نرخی هێزی کار لە ڕێگای هێنانەخوارەوەی نرخی بەرووبوومە سەرەکیەکانی ژیان، بە تەکنۆلۆژیای بیۆتەکنیك.

چوارهەم: پیشەسازی سەربازی و بۆشایی ئاسمان: کەرتی تەکنەلۆژیای سەربازی و پیشەسازیەکانی بۆشایی ئاسمان، بە تایبەتی مانگە دەستکردەکان و دروستکردنی مەکۆکی ئاسمانی بە تەکنۆلۆژیای ئێجگار پێشکەوتوو، گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەم پێشکەوتنە بە شێوەیەکی دیار لە کەرتەکانی دروستکردنی ڕۆکێتی بالیستی و موشەکە کیشوەربڕەکان و دەنگ بڕەکان و ڕۆکێتەکانی هەڵگری کەشتیە ئاسمانیەکان، ئەمە بە جیا لە کەشتیە ئەتۆمی یە ژێردەریاییەکان. بازرگانی چەك تەنها  لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ، کە ساڵی پەتای کرۆناش بووە، گەشتۆتە ١،٦٥٠ ترلیۆن دۆلار.

پێنجهەم: تەکنەلۆژیای گواستنەوە: پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای گواستنەوە؛ شەمەندەفەری تیژڕە و خودڕەو، ئۆتۆمۆبیلە خودڕەوەکان، تڕێلە بارهەڵگر و لۆرییەکانی خزمەتگوزاری شارەوانی و لۆجیستیکیەکان، پاپۆڕە بارهەڵگرە بازرگانیەکان و فڕۆکەکانی گەشتیاران.

سێهەم: ئاڕاستەکانی ئایدۆلۆژی بورژوازی

کێشمەکێشی چینایەتی بەردەوام لە لایەک و ئاڕاستەی سەرمایە بەبێ لەبەرچاوگرتنی  بیروڕا جیاوازەکانی نێو بزووتنەوە بورژوازیەکان و جێکەوتنی سەرمایە لە وڵاتە جیاوازەکان بە پێی ئەو ڕێڕەوە مێژووییەی کە وەریگرتووە لە لایەکی ترەوە، ئایدۆلۆژی بورژوازی دیاری دەکات. هاوکات سەرەڕای جیاوازی بیروڕاکان لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرمایە لە نێوان بەشێک لە ووڵاتەکاندا وە بە تایبەتی لە نێوان رۆسیا و چین لە لایەک و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە لایەکی ترەوە سەرمایە ڕێڕەوێک وەردەگرێت ئەویش، ڕێڕەوێکی هاوبەشە بەرەو نوێکردنەوەی سیستمەکەی و دووبارە بەرهەمهێنانە وەی و کەڵەکەی قازانج لەسەر بنەمای شۆڕشی زانستی چوارهەم یان شۆڕشی پیشەسازی زیرەک، و دوورخستنەوەی پڕۆلیتاریا لە بازنەی کار لەسەر بناغەی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سەرمایەی نەگۆڕدا.  بەگشتی سەرمایە ئاڕاستەو ڕێڕەوی خۆی لێدەدات:  ئابوری بازاڕ و زەمانەتی دەسەڵاتدارێتی چینی بورژوازی. ئەمە بناغەی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی ئایدۆلۆژی یان دروستکردنی.

ئەلف: ئایدۆلۆژییە کلاسیکەکان و ئەوانەی تا ئێستا ماونەتەوە، کاتیان بەسەرچووە، وەکو کەرەسەیەک بۆ گێلکردنی جەماوەر و دوورخستنەوەیان لە کاروبار و پێداویستیە گرنگەکانی ژیانیان و خەباتی بەردەوامیان. دیموکراسی، بە جیا لە پاشگر و پێشگر و جۆرەکانی و بە پێی چەندین ڕاپرسی دەربارەی ئەم مەسەلەیە، وەکو ئامراز و چوارچێوەیەکی کاریگەر نەماوە بۆ گێلکردنی زۆرینەی خەڵك لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە نێویشیاندا ئەمریکا و وڵاتە سەرەکیەکانی یەکێتی ئەوروپا. بە مانایەکی تر دیموکراسی تواناییەکانی خۆی لە دەست داوە بۆ گێلکردنی پڕۆلیتاریا بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانێک کە پێشتر بە هاوپەیمانی خۆرئاوا ناسراوبوون. دیموکراسی لەم قۆناغەدا، و لە قەشەنگترین شێوەیدا بریتییە لە: فکر و ئایدۆلۆژی ئابوری بازاڕ و ئازادییە یاساییەکان لە کۆمەڵگایەکدا، و ئەمەش بێ پەردە ئایدۆلۆژیەتێکی سیاسییە. پڕۆلیتاریا وەک چینێکی جیهانی لەم قۆناغەدا پێویستی بە دیموکراسی نییە بۆ ئەوەی خۆی ئامادەبکات یان بۆ ئەوەی بتوانێت شۆڕشی ڕێکخراو یان تەنانەت شۆرشی ناڕێکخراوی خۆی بەرپا بکات.

باء: نەتەوەگەرایی (ناسیۆنالیزم) وەکو ئایدۆلۆژیەتێکی چینی بورژوازی نەک ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵکو بۆتە ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم گەشەی سەرمایە و بە جیهانگیرییە ناچارییەکەی. ئەو حیزب و ڕابەر و دەوڵەتانەی کە بیروباوەڕی ناسیۆنالیستییان هەیە، چین بە نموونە، نەك تەنها ناچارن کە ڕێگایەکی غەیرە ناسیۆنالیستی بگرنە بەر لە بەڕێوەبردنی ئابوری دا، بەڵکو ڕابەری هێرشێکی دڕندانەش دەکەن لە پێناو ئابورییەکی جیهانگیردا. ئەم بارودۆخە ناکۆک و دژ بەیەکەی سیستمی بورژوازی چین زۆر ناخاێنێت. جووڵانەوەی سەرمایە سەرەڕای ئەو بزوتنەوانەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژی ناسیونالیستین، لە هەر کوێیەک بێت ناتوانێت گۆشەگیربێت و لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستیدا قەتیس بمێنێتەوە. مێژوو بە تەواوی مانای وشەکە ناسیونالیزمی تیپەڕاندووە، وەکو ئایدۆلۆژیەتێکی بورژوازی و ئاڕاستەیەکی سەرمایە لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویدا. مێژووی سەرمایەداری و دژایەتییە ناوخۆییەکانی، ناسیۆنالیزمیان تێپەڕاندووە.

جیم: مەسەلەی ئاینەکان: ئاینەکان بە شێوەیەکی گشتی و ئاینی ئیسلام بە دیاریکراوی، بۆتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە فکر و ئایدۆلۆژی بورژوازی هاوچەرخ دا. بیروباوەڕی ئاینی و بە دیاریکراویش ئیسلامی بۆتە بەشێکی گرنگ لە نێو پاکێتی بیروڕای بورژوازی جیهانیدا. بورژوازی جیهانی پێویستی بە ئاینەکانە، بە تایبەتی ئاینی ئیسلام  و کریستیانی و جولەکە وەکو سێکوچکەی ئەو ئاینانەی کە پێیان دەوترێت ئاینە ئاسمانیەکان. ئاینی کریستیانی و بە تایبەتیش کریستیانیە جووەکان یاخود ئەنجیلیکانیەکان ڕەوتێکی ئاینی ڕوو لەسەر و کاریگەرە لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا و بە تایبەتی لە ئەمریکادا. ئەو بیروباوەڕ و فکرانەی کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە ئاینی ئیسلام و باوەڕەکانی و بزووتنەوە جیاوازەکانی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخدا نایەتەوە، بیرووبۆچوونێکی نا چینایەتیە و لە باشترین لێکدانەوەدا، لە وەستانەوە بەرامبەر بە هێزە ئیسلامیەکاندا سەرچاوەی گرتووە، نەوەک سیستمی سەرمایەداری.

قەیرانی ئابوری جیهانی سەرمایەداری ئێستا قەیرانێکە ناخی سیستمی سەرمایەداری داگرتووە بە هەموو ژێرخان و سەرخانی وتەواوی وردەکارییەکانیەوە، واتە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا و ڕۆشنبیری  و ئەدەب و هونەر و ....هتد. بورژوازی جیهانی هەروەک چۆن قیبلەنومای خۆی وونکردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابورییەکەی، بە هەمان ئەندازەش و بگرە زیاتریش ئاسۆی خۆی لە دەست داوە  لە بنیات نانی دەزگایەکی فکری و ئایدۆلۆژی تازە دا کە بتوانێت وەڵام بداتەوە بە سەردەمی جیهانگیریەکەی. ئەمە ئەو ناکۆکیانەن کە دەچنە سەر ناکۆکیەکانی تری ئەم سیستمە کە سەرەنجام جگە لە خوێنڕشتن هیچ لە هەگبەکەیدا نیە.

ئاڕاستەی جیهانی باوی کۆمپانیا جیهانیە گەورەکان لەم قۆناغەدا، ئەوەیە کە  پێویستیان بە قازانج و کەرتی بەرهەمهێنانی قازانج هێنەر هەیە لە ڕێگای زنجیرەیەک لە پاوانخوازی و کێشمەکێشی توندەوە. بۆیە کۆمپانیاکان نە پێویستیان بە ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی و نە دیموکراتی و نە مافی مرۆڤ هەیە. تەنها ئایدۆلۆژیەتێک کە پێویستیان پێیەتی بریتییە لە: تاکگەرایی ئینسان و بە تاککردنی ئینسانەکان، و دابەشکردنی چینی پڕۆلیتاریا بە تاکی تەنها لە بەرامبەر یاساکانی کۆمپانیا و دەوڵەتەکانیاندا. لێرەدا پیرۆزی یاسای بورژوازی یەکسانە بە پیرۆزی ئاینەکان. ئەم سیستمە فکرییە لەوانەیە بگونجێت لەگەڵ لیبرالیزمی کلاسیکیدا، بەڵام مێژوو ئەمەشی تێپەڕاندووە. ئایدۆلۆژیی باوی بورژوازی جیهانی بریتی یە لە: ئاینەکان و بە پیرۆزکردنی یاساکان؛ و "ئاینیش تلیاکی گەلانە". لە گۆشە نیگای سەرو سروشتەوە-میتافیزیکیەوە- ئاین خواستی کۆمپانیا جیهانیەکان تێر دەکات، گۆشە نیگایەک، تاک بەرەوڕووی خودای خۆی دەبێتەوە وەک تاکە کەسێک و تێری دەکات لەباری ڕۆحیەوە بە مژدەی دنیایەکی باشتر "بەهەشت".

بەڵام وێڕای دەسەڵاتی بورژوازی بەسەر چارەنووسی تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە و سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگی و بەربەستە بابەتی و خۆییانەی-ذاتی- کە دانراوە و بەبەردەوامی دەخرێتە بەردەم پرۆلیتاریای جیهانی، چینی پرۆلیتاریا بە هێزی خۆیەوە هەڵدەستێتەوە و چاوێک لە مێژوو و خەباتی خۆی دەکات و گەشە بە ڕێکخراوبوونی دەدات و توانایی خۆی ڕادەگەیەنێت لە پارێزگاریکردن لە چارەنوس و ئامانجی چینەکەی. لە دوالێکدانەوەدا ، یەک لەدوای یەک سەنگەرەکانیان  تێکدەشکێنێت و شەڕی یەکلاکەرەوەی خۆی دەکات و هێزی یەکگرتوو ڕێکخراوی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە و زاڵ دەبێت بەسەر بورژوازیدا. پڕۆلیتاریا  باش دەزانێت کە پێگە کۆمەڵایەتیەکەی ئێستای بە هیچ جۆرێک لەگەڵ جێگاوڕێگای سیاسی و دەسەڵاتدارێتی سیاسیدا نایەتەوە.

 

پێگە وجێگاو ڕێگەی چینی کرێکار

چینی پڕۆلیتاریای جیهانی تەنها چینە کە دەتوانێت ڕابەرایەتی شۆڕش بکات. لە سەد ساڵی ڕابردووەوە، پڕۆلیتاریا هەرگیز وەک ئێستا بەتەنها ڕووبەڕووی دەوڵەت و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆژی بورژوازی جیهانی نەبۆتەوە. بە تەنها ڕووبەڕووبوونەوە، بەو مانایە دێت کە لە ڕیزەکانی چینی بورژوازی و حزبەکانیاندا ‌هیزێک نیە کە پارێزگاری و نوێنەرایەتی بکات یان داواکاریەکانی بەرزبکاتەوە وەك ئەوەی لە سەردەمی جەنگی ساردا هەبوو.

زەمینەی ئابوری بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری جیهانگیر، هەموو پیرۆزییە ناسیۆنالیستی و نیشتمانیەکان و دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوازی بەسەر بازاڕ و سنورەکانیاندا تێکشکاندووە. سەرمایەداری و جووڵەی ڕوو لەسەری، بە جیا لە سیاسەتی جیاوازی وڵاتەکان، ناتوانێت بەرهەمهێنانی خۆی قەتیس بکاتەوە و بیهێلێتەوە لە چوارچێوەی ناسیونالیستی و نیشتمانی و تەنانەت کیشوەریشدا، بەڵکو هەموو سەر گۆی زەوی و لەوەش زیاتر بۆشایی ئاسمانیش دەگرێتەوە. ئەم ئاڕاستەیەی سەرمایە، زەمینە بابەتیەکانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئامادەکردووە و دەیکات. بەر لەوەش چینێکی پڕۆلیتاری جیهانی دروست دەبێت کە لە تایبەتمەندی نێونەتەوەیی ڕاستەقینە و بابەتی بەهرەمەند دەبێت و ڕۆژ دوای ڕۆژیش فراوان دەبێتەوە.

بەم پێیە و لەسەر بناغەی ئەم ژێرخانە بابەتیانە، جێگاوڕێگا و پێگەی چینی پڕۆلیتاریا لەم سەردەمەدا لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە:

یەکەم: بوونی چینی پڕۆلیتاریای جیهانی، کارکردێکی مێژووییە، وەکو لە بەشی یەکەمی ئەم بەڵگەنامەیەدا باسمان کرد. بە مانای ئەوەی کە چینێکی جیهانی پێکهاتووە لە شێوەی  هەیکەلێکی فیزیکی لە نێوان نەوەکانی پڕۆلیتاریای تەواوی وڵاتەکانی جیهاندا، بەم پێیە ئاستی بەرنامە و دروشم و داواکاری تێپەڕاندووە. بە جۆرێک کە بەشە جۆراوجۆرەکانی پڕۆلیتاریای ئامادە لە بازاڕی وڵاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا ئاوێزان بوون، لە ڕێگای وڵات گۆڕین و کۆچ، یان لە ڕێگای هەناردە و هاوردەکردنی هێزی کارەوە. بۆ بورژوازی جیهانی ناسیۆنالیزم وەکو ئایدۆلۆژیایەکی دروستکراو نەک زەمینەی بابەتی خۆی لەدەستداوە -جگە لە هەندێ ناوچەی بچووک نەبێت- بەڵکو بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەیدا.

دووهەم: ئاڵوگۆڕ لە دەسگای فیکری پڕۆلیتاریادا. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم بارودۆخە لە وڵاتە سەرمایەدارییە زیاتر پێشکەوتووەکاندا دەستی پێکردووە، وەکو چین و ئەمریکا و ئەڵمانیا، کە شایەتی هەندێک نموونەین لە نمایشی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە و مانگرتنی کرێکاری، ئەگەرچی بچووکیش بن، کە ڕاستەوخۆ بازاڕی جیهانی خوڵقاندونی و دەرئەنجامی کێشمەکێشی نیوان بورژوازی جیهانی وپڕۆلیتاریای جیهانین. لێرەدا پڕۆلیتاریا بەرامبەر کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان دەوەستێتەوە وەکو ئەمازۆن و گوگڵ و ئیکیا و کۆمپانیاکانی نەوتی وەکو ئێکسۆن مۆبایل و شێل و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمۆبیلسازی وەکو تویۆتا و چەندانی تریش. ئەم بناغە بابەتیەی ناڕەزایەتیەکان ئاڵوگۆڕی فیکری گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە چەندین ئاستی خەباتکارانەی جیاوازدا وەک: داواکارییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوی کرێکاری، پەیوەندی بەشی پێشڕەوەی چینەکە لەگەڵ یەکتریدا و ڕێگاکانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیە کرێکارییەکان و شێواز و جۆرەکانیان. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەمە کاریگەریی دادەنێت لەسەر فکری سیاسی پڕۆلیتاریا، لەسەر بناغەی ئەو ژێرخانە بابەتیە کە دروستکراوی سەرمایە خۆیەتی.

سێهەم: پڕۆلیتاریا لەم دەیەیەدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی جدی دەبێتەوە کە بریتی یە لە وەلاچوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی خاوەن ئەزموونی ڕێکخراوەیی و خەباتکارانە لە ڕێگای خانەنشین بوونیانەوە بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیان، یان بەهۆی کەمی یا نەبوونی توانایی ئەکادیمی و تەکنیکیانەوە، لە کاتێکدا کە زیرەکی دەستکرد لەم دەیەدا سایە دەکات بەسەر کەشی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و بازرگانی جیهانیدا. بەشی پێشرەوی پڕۆلیتاریا، بە تایبەتی لە ڕیزەکانی هێزی بەرهەمهێنی تازەدا، لە توانایی تەکنیکی زۆر گەورە بەهرەمەندن و ئابوری جیهانیش لە چەند ساڵی داهاتوودا پشت بەم جۆرە لە هێزی کار دەبەستێت ، بەڵام ئەم هێزە تازەیە لە ئەزمونێکی کەمی خەباتکارانە بەهرەمەندە، چونکە بە گشتی تازەیە لە کورانی خەباتی چینایەتی و هەروەها کرێیەکی زۆر وەردەگرێت بە بەراوردکردن بە هاوچینەکانی خۆی لە کەرتەکانی تردا، ئەمە لە لایەک، بەڵام لە لایەکی ترەوە کە گرنگترە ئەوەیە ئەم نەوەیە لە دوای ڕوخانی کۆمۆنیزمی بورژوازی ڕوسی یەوە پێگەیشتووە وپەروەردە بووە لەسایەی زەوتکردنەوەی نەریتەکانی ئینتەرناسیونالی یەکە -خەبات و هاوپشتی و یەکگرتوویی هۆشیارانە و نێونەتەوەییانە لە نێوان ئەندامانی چینی پرۆلیتاریادا لە وڵاتە جیاوازەکاندا-، و زەوتکردنی نەریتی خەباتکارانەی کۆمۆنیزمی مارکس لە پڕۆلیتاریا جیهانی. کۆمۆنیزم وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریا دووچاری گیروگرفتی بەرچاوە لێرەدا.

 چوارهەم: پڕۆلیتاریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی کۆمپانیا گەورە جیهانیەکان دەبێتەوە لە ڕێگای کارگە و دامودەزگاکانیان لە وڵاتەکانیاندا یان پێکەوە لە چەندین وڵاتدا. لێرەدا دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕواڵەتی وەکو دەزگایەکی بورژوازی و دەسەڵاتێک کە لە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیهانیەکان کاردەکات، دیار نامێنێت، ئەگەر پڕۆلیتاریا  لە ئاگایی سۆشیالیستی پێویست بەهرەمەند نەبێت بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم مەسەلەیە. لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم بابەتە پڕۆلیتاریا لە مەسەلە سیاسیەکان دووردەخاتەوە، بە تایبەتی ئەوەی کە زەڕبەیە لە فەرمانڕەوایی دەوڵەتی بورژوازی. بەڵام پڕۆلیتاریا دواتر و دوای تێپەڕبوونی بە کۆمەڵێ لە ڕاپەڕین و جووڵانەوەی خەباتکارانەدا  لەم پێکهاتەیە تێدەگات و بە ئەزموونێکی خەباتکارانە و بە هێزێکی چینایەتی گەورەوە سەربەرزدەکاتەوە، کە ئامادە دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە و ڕابەریکردنی شۆڕشی پڕۆلیتاری.

پێنجهەم: وەبەرهێنانی سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا بە شێوەیەکی گشتی ڕووی لە هەندێک مەسەلەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ژیان و خۆشگوزەرانی وپڕۆلیتاریا و بێبەشانی کۆمەڵگاوە نەماوە وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. ئەمەش بۆوەتە و دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری قڵشتی چینایەتی نێوان پڕۆلیتاریا و بورژوازی، نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی، نێوان بێ هیوابوون و چاوچنۆکی. چڕبوونەوە و چەقبەستنی-تمرکز- سەرمایە گەشتووە و دەگاتە خاڵی کوڵان، لەکاتێکدا کە جیهان وە یان دروستتر ئابوری جیهانی لە لایەن مشتێک سەرمایەداری گەورەوە دەبرێتە ڕێوە. سیستمی سەرمایەداری هیچ دەریچەیەکی بۆ نامێنێتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی زۆرینەی پڕۆلیتاریای جیهانی، چجا بگات بە دابینکردنی خۆشگوزەرانی.

شەشەم: ئەو زەمینانەی لە بەندەکانی سەرەوەدا باسمان کرد ، زەمینەیەکی بابەتین بۆ شۆڕشی پڕۆلیتاریا کە بەپێی دەستکەوتی ئەزموونی خەباتکارانە، لە وڵاتە پێشکەوتووە ئابورییەکانەوە دەستپێدەکات.

بەڵام کێشە و بەربەستی گەورەی بەردەم تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ، نا ئامادەیی پڕۆلیتاریایە بۆ ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشی ڕێکخراوی خۆی. پڕۆلیتاری جیهانی نا ڕێکخراوە و ئامادە نیە بۆ ئەنجامدانی دوا هێرشی چارەنوسازی خۆی. پڕۆلیتاریا پێویستە خۆی ئامادە بکات و ئامادەییەکانی خۆی بەرێتە سەر بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ڕۆڵەی خۆی بگێڕێت. ئەمەش بە پڕوپاگەندەی بەردەوام و ڕێکخستنی بەردەوام و دامەزراندنی کۆمکاری ئینتەرناشیونالیستی خۆی لە دەوری بەیانێکی جیهانی هاوچەرخ -مانیفێست- و دامەزراندنی حیزبە کرێکارییەکانی لەم قۆناغە دژوار و چارەنوس سازەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا دەبێت، وەک  هەنگاوی یەکەم لە ڕاستای بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا.

شۆڕشی پڕۆلیتاری بە بێ کۆمۆنیزمی مارکس و بە بێ نەریتە شۆڕشگێرییەکانی ئینتەرناسیونالی یەکەم، ناتوانێت لە بەرامبەر زەبروزەنگی بورژوازی جیهانیدا خۆی بگرێت کە بەهرەمەندە لە ڕێکخراوبوون و هێزی سەربازی و هێزی ڕاگەیاندن، کە گرنگیەکەی لە هێزی سەربازی کەمتر نیە، ئەمە جگە لە هێزە گەورە ئابورییەکەی. جارێکی تر لەم سەردەمەدا، ئێمە جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێبازی مارکس و بیروباوەڕەکانی مارکس دەکەینەوە لە لایەن  پڕۆلیتاریای جیهانیەوە.

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

2021.07.05

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF