کازمی نێو یەکێتی نیشتمانی و ئاڵوگۆڕەکانی عێراق و کوردستان

هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتی کوردستان تا ئێستا گرێدراوە بە هەلومەرجی عێراقەوە. ئەم هاوکێشەیە ئاسانە، چونکە کوردستان بەشێکە لە عێراق. ئاڵوگۆڕەکان لە عێراق نزیک بە دووساڵە دەستیپێکردووە، خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و لابردنی عەبدولمەهدی و کوشتنی قاسمی و هێنانی کازمی ئەو کاتە بەڵانسی هێزی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕی لە دژی وڵاتی چین و دواتر ئێران و ڕوسیا. ئەم هاوکێشەیە هەر زوو لە هەڵبژاردنی یەکەمی عێراقەوە دەستیپێکردووە، هەڵبژاردنی عێراق بارۆمەتری هێز هاوسەنگی نێوان هێزەکانی لایەنگری ئەمەریکا و ئێرانە و لەهەمانکاتدا بەرەیەکە لە بەرەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ سەرخستنی لایەنگرانی خۆیان، بۆیە ناکرێت ناوی هەڵبژاردنی بەسەردا ببڕێت. مالکیان لابرد عبادی یان هێنا، پاشان بەهۆی هێزی ئێرانەوە عەبادی یان لابرد، عەبدولمەهدی یان هێنا و دواجار لایانبرد و کازمیان هێنا. ئەم هەڵقە پڕ کێشمەکێشە بەردەوامە و جارێ ماویەتی. هەڵبژاردنی پێشوەخت جەنگێکە، ئەمریکا و لایەنگرانی دەیانەوێت لە ئاستی قانونی و پەرلەمانیشدا سەرکەوتوو بن و کورسی زیاتریان هەبێت، جا ئەوەی کە ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، بەتەواوی مەسەلەیەکی ترە. خۆ گیڤکردنەوەی بایدن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی ئەمریکی لە ئابڵوقەدانی وڵاتی چین و ڕێگرتن لە بوونی بە هێزی یەکەم، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوە و ئاڵوگۆڕپێکردنی هێزەکانی هەیە لە هەموو دونیادا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بە ناچار جێهشتنی ئەفگانستان و هەوڵدان بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا هەنگاوێکن لەم ڕاستایەدا، ئەگەرچی پێم وایە ئەوە ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان چین و ئێرانە کە ئەمریکا نایەوێت بەوشێوەیە بێت و ڕێگری پێکدەهێنێت بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵیدا. ئەفگانستان و ئێران و پاشان عێراق. لە عێراقدا کۆمەڵێک هەنگاوی ئابوری و سیاسی پیادەکراوە، وەک" پڕۆژەی شامی گەورە" لە نێوان عێراق و میسر و ئوردون، پاشان هێنانی کارەبا لە وڵاتانی کەنداوەوە، کۆبوونەوەی باڵای سەرۆکەکانی وڵاتانی دراوسێ و فەرەنسا و بە بەشداری ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپاش جگە لە سوریا!! لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە بەغدا، هەوڵدان بۆ پەڕوباڵکردنی حەشدی شەعبی، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هەڵبژاردنی پێشوەخت... هەموو ئەو هەنگاوانە پێکەوە پاکێجێکە کە ئەمریکا دەیەوێت نفوزی ئێران هەتا ڕادەیەکی زۆر لاواز بکات و  کەمبکاتەوە، بەڵام مانای ئابوری و سیاسی ئەم هەنگاوانە،  دوور خستنەوەی بڕیاڕی سیاسی عێراقە لە ئێران  و هەوڵێکە بۆ پچڕاندنی ڕێگای حەریری وڵاتی چین، یان لایەنی کەم دواخستنیەتی. عێراق لەم رێگایەدا پێگەیەکی گەورەی هەیە. لە هەمانکاتدا سیاسەتی ئەمریکا چۆڵکردنی عێراقە، هەموو ئەم هەنگاوانە بۆ زەمینە سازکردنی دوای چۆڵکردنیشە، کە لایەنی کەم پێگەی سیاسی هەبێت لە نێو هێزە بورجوازییە جیاوازەکاندا.

بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم مەسەلەیە هێشتا کوردستان ماوە کە ئێران نفوزێکی زۆری تیایدا هەیە، بەتایبەت لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دا. ئەگەر یەکلایکردنەوەی باشوری عێراق بەهۆی هێزە بورژوازییە ئیسلامیە شیعیەکانەوە بۆ ئەمریکا زۆر سەخت بێت، ئەوە کوردستان لەمبارەوە ئاسانترە. پارتی دیموکراتی کوردستان ساغ و سەلامەت تائێستا ئەمریکیە، ئەگەر چی ورتە ورتی لێپەیدا بووە. ئیسلامیەکان خۆیان دابەش بوون بە سەر دوو بەرەوە بە هۆی ئاڕاستەی ئایدۆلۆژی وسیاسیانەوە. یەکێتی وەک هێزێکی دەسەڵاتداری کوردستان بۆ ئەمریکا مەسەلەیەکی گرینگە، کە لەکاتی یەکلایکردنەوەی بەقازانجی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەوکاتە کوردستان هەمووی  دەبێتە ناوچەیەکی جێگا متمانەی ئەمریکا، کە لەهەر ئاڵوگۆڕێکی نێو خۆی عێراقدا، دەتوانێت لایەنی کەم بیکاتە پێگەیەکی کاتی و هەم بۆ گواستنەوەی هێزەکانی  و هەم وەک بنکەیەکی سەربازی کاتی بەکاریبهێنێت، هەروەها بۆ هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی ناوچەکە بیکاتە وەرەقەیەی گرینگی سات و سەودا کردن وەک هێزە کوردییەکانی سوریا. لە هەمانکاتدا هەنگاوێک دەبێت بە قازانجی بەهێزکردنی ئاڕاستەی ئەمریکی لە بەغدا. یەکێتی نیشتمانی نەیدەتوانی دوو سەرکردەی هەبێت، بەڵام ئەم مەسەلەیە لە هەلومەرجێکی نۆڕماڵدا بە ئاسایی لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکدا دەبڕایەوە یان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان چارەسەریان دەکرد. بەڵام هەنگاوەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی باڤل لە باری پێگەی کەسایەتیەوە بۆ ئەمریکا وەک کازمی بەغدا دێتە پێش چاو، ئەگەر چی  کازمی یەکێتی دەیەوێت دەستوبرد کارەکانی بەرێتە پێشەوە. کۆمەڵە هەنگاوێک هیچ پەیوەندی بە گەندەڵی و بە داداگاوە نیە وە تەنانەت پەیوەندی بە تاوانیشەوە نیە. مەسەلەی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە، کە لەسەرەوە باسمان کرد، نەک تەنانەت ئاڵۆزی  هاوسەرۆکی  بۆ یەکێتی لەم هەلومەرجەدا. کازمی نێو یەکێتی وەکو کازمی بەغدا پێویستی بە ڕەزامەندی ئێران هەیە، بێ ئەم ڕەزامەندییە، توانای بردنە پێشەوەی ئەو هەنگاوانەی نەدەبوو وە نابێت. یەکێتی نیشتمانیەک کە ڕێژەی زیاتری سیاسەتەکانی بە قازانجی ئێران بوو، ئەگەر هەنگاوەکانی کازمی نێو یەکێتی هەمووی سەر بگرێت رێژەکە بە قازانجی ئەمریکا دەشکێتەوە. بەڵام کازمی بەغدا وەک عەبادی لەوانەیە بگۆردرێت، هەلومەرجەکە زۆر دژوارتر و خێراترە وەک لەوەی کە سیاسەتی ئەم  هێزانە بتوانێت نیو ساڵ درێژە بکێشێت، بۆیە کازمی نێو یەکێتی پەلەیەتی و تەنانەت تا ئاستی بەکارهێنانی ‌هێز دەڕوات، بەڵام ئەم مەسەلەیە تا سەر نامێنیت و کات بە قازانجی باڤڵ نیە. لە گریمانەی سەرکەوتنی باڤڵدا کە ئاڕاستەکە تا ئێستا وا دەڕوات، ئاڕاستەی سیاسی لە کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت دەبێتە ئاڕاستەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەک هێزی یەکەم و سەرکردەی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستانی عێراقدا زیاتر جێدەکەوێت و یەکێتی نیشتمانیش زۆر لەوە لاوازتر دەبێت کە هەیە. بەڵام ئەم ئاڵوگۆرانە هیچ بەرژەوەندییەکی خەڵکی کوردستانی تێدا نیە. نە کارەبا هەرزان دەبێت، نە مووچە زیاد دەکرێت و بەتەواوی دەدرێت- دوای هەلبژرادن- نە بێکارەکان کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە ، نە زیندانیەکانی بادینان ئازاد دەبن و نە ئازادی سیاسی بەرفراوان دەبێت، لە دواجاردا تەنانەت نانیش گران دەکەن. پڕۆلیتاریا لە کوردستان تا ئێستا لە سوڕی بێدەنگیدایە لە بەرانبەر ڕووداوە سیاسیەکان، تا ئەوکاتەش کە وەک هیزێکی یەکگرتوو ئامادەنەبێت، خەڵکی کوردستان ژیان و گوزەرانیان لەوە باشتر نابێت.  ٢٣ئاب ٢٠٢١