پرۆسەی هەڵبژاردن، پێودانگەی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لەم هەلومەرجەدا

لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە

چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە لە گەڵ سامان کەریم لە ١٨ی ئۆگەستی ٢٠٢١

 

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق؟ لاتان وایە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت؟

سامان کەریم: هەڵبژاردن وەک پرنسیبێک لە پرنسیبەکانی دیموکراسی لە ئاستی جیهانیشدا، جێگای بڕوا و متمانەی زۆربەی زۆری خەڵک واتە چینی پڕۆلیتاریا نەماوە، ئەوە ڕاستیەکە، دەتوانین بە ژمارە ئاماژەی پێبکەین. بەڵام لە عێراقدا، هەڵبژاردن وەکو پرۆسەی بەرجەستە کردنی ئەو  پرنسیبە، هەر بوونی نیە. واتە شتێک نیە، بتوانین پێی بلێین پرۆسێسی هەڵبژاردن. ئەوەی هەیە لە ٢٠٪ی خەڵک دەڕوات کە هەموو یان زۆربەیان موچەخۆری حزبە بورجوازییە دەسەڵاتدارەکان و ملیشیا وئەندامە دێرینەکانیانن. پرۆسەی هەڵبژاردن، پێودانگەی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لەم هەلومەرجەدا. وە بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەهەمان شێوە، ویستیان وە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە نفوزو هەیبەتی قانونی یان پەرلەمانی هێزە بورجوازیەکانی سەر بە ئێران کەمبکەنەوە.... جگە لە ناوەکەی هەلبژاردن بوونی نیە.

بۆپێشەوە: هەندێک لایەنی سیاسی پێداگری لەسەر بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەن و هەندێکی تر داوای دواخستنی دەکەن، یان لە پرۆسەکە دەکشێنەوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سامان کەریم: ئەو هێزە بورجوازیانەن کە بەتەواوی خۆیان یەکلانەکردۆتەوە لە نێوان هێزی ئەمەریکاو ئێراندا. پایەی چینایەتیشیان هەردەم ئەو پێگەیان پێدەدات وەک هێزیکی پۆپۆلیستی بورجوازی کە پێکهاتەکەیان وردە بورجوازی و خەڵکی زەحمەتکێشە بەگشتی. وردە بورجوازیش هەمیشە هەلبەزو دابەزیەتی.

بۆپێشەوە: لایەنە دەرەکیەکان لەوانە ئەمریکا، تورکیا و ئێران چ کاریگەریەکیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە؟

سامان کەریم: پرسیارەکە خۆی بەم شێوەیە پێشنیاز ناکرێت. بورجوازی جیهانی یەک چینە، کەواتە هەمووی کاریگەری هەیە بەسەر ئەوی ترەوە بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان. نەک لە عیراق، بەڵکو ئەم سەردەمە ئێمە دەعوای ئەمریکا دەبینین دژی ڕوسیا سەبارەت بە دەخاڵەتی لە هەڵبژاردنەکاندا، وە بە پێچەوانەوە. کەواتە کاریگەری وڵاتەکان بەسەر یەکەوە هەیە و لەچوارچێوەی پێشبرکێی نێوان باڵە جیاوازەکانی بورجوازیدا یان بورجوازی وڵاتە جیاوازەکاندا دەچێتە پێشەوە. "عدم التدخل فی الشۆون الداخلیـة" کە پرینسیبێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، یەکێکە لە درۆ گەورەکانی مێژوو.

بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی چونە سەری ڕادەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سامان کەریم: وەک دەرکەوتەیەکی جیهانی ئەم مەسەلەیە ڕۆشنە،  و لە عیراقدا قڵشتی چینایەتی زۆر بەرچاوترە، بەڵام هوشیاری هەڵووەشانەوەی چینەکان لە ئاستی سفردایە. واتە هوشیاری کۆمۆنیزمی مارکس لە نێو بزوتنەوەی پرۆلیتاریادا، تەنانەت هەستپێکراو نیە. بۆیە کە قڵشتی چینایەتی و هەژاری و بێ ئاو کارەبایی و گرانی  دەبێتە دیاردەیەکی گەورە، وە باوەڕ بە دەوڵەت و هێزە سیاسیەکان دەگاتە ئاستی هەر نزمی ئەوکات بایکۆتکردن زۆرتر دەبێت. بەڵام بایکۆتکردن لە عیراقدا، هەم سلبیە،وە هەم مانای خۆی لە دەستداوە. کاتێک هەڵبژاردنێک بوونی نەبێت کە نیە، ئەو کات بایکۆتەکەشی تەنها مانایەکی ڕەمزی دەدات. ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دیاریدەکات، دەنگ نیە، بەڵکو هێز هاوسەنگی نێوان ئەمەریکاو ئێرانە لەو ساتەوەختەدا. ئەوەی کە خەڵک پێی دەڵێت تەزویرکراوە، کە ڕاستە، ئەو هێز هاوسەنگیەیە.

بۆپێشەوە: لەبەرامبەر بە هەڵبژاردنەکاندا کە بەدیلی بۆرژوازییە، بەدیلی چەپ و کۆمۆنیستەکان چییە؟ سیاسەت و نەخشەیان کامەیە؟ دەبینن کە هێزە بۆژوازییەکان بەجیدی خەریکی ئامادەکاریین، بۆچی ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئامادەکاری ئەوان لەبەرامبەر بەو هەڵبژاردنانەدا نابینرێت؟

سامان کەریم: ناوەرۆکی پرسیارەکە هەڵەیە، هەڵبژاردن لە سویدیش بێت هەڵبژاردنی نێو خۆیی چینی بورجوازیە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێو خۆیاندا. ئەگەر هێزێکی بالفعل و ئامادەی کۆمۆنیستی بوونی هەبێت واتە بەشی سەرەکی یان بەشێک لە چینی پڕۆلیتاریای وڵاتەکەی لە گەڵدا بێت و ڕێکخراو و هوشیار بن، ئەوکات دەکرێت زەمەنی هەڵبژاردن بکرێت بە ناڕەزایەتی و مانگرتن یان لە پەیوەند بەو هەلومەرجەوە سیاسەتی دیکە بگیرێتە بەر، ئەو کاتەش مانای ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی نیە بەرانبەر بە هەڵبژاردن بەڵکو سیاسەتی کۆمۆنیستیە لە قۆناغیکی دیاریکراودا کە دەیەوێت، سوود لە هەلومەرجێک ببینێت کە کۆمەڵگا  کەشی سیاسی تیادا چۆتە پێشەوە. ئەو سیاسەتە پەیوەندی بە هەلومەرجەکەوە هەیە، لە کاتێکی دیاریکراو و وڵاتێکی دیاریکراودا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی نیە بەرانبەر بە هەڵبژاردنی بورجوازی. کۆمۆنیزمی مارکس یەک ئەڵتەرناتیڤی هەیە ئەویش ڕووخاندنی سیستمی بورجوازی و  هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتە. چونکە باسی هەڵبژاردن باسی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕە لە دەسەڵاتدا، لە کاتێکدا کە دەسەڵات مسۆگەر کراوە بۆ چینی بورجوازی، ئەگەر نا، هەڵبژاردن نابێت.

کۆمۆنیزم کە پێش هەڵبژاردن وەک هێزی چینایەتی بوونی نەبێت، ئیتر چۆن دەکرێت لەکاتی کەمپینی هەڵبژاردندا، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی هەبێت. ڕۆڵەکە پێویستە پێش هەڵبژاردن بەرجەستە بێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا وەک هێزێکی پرۆلیتاری جەماوەری ١٠ئاب ٢٠٢١

 

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF