خوێندکاران بۆ وەرگرتنی دەرماڵەکانیان گردبوونەوەو ناڕەزایەتیییان نیشاندا!
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

خوێندکاران بۆ وەرگرتنی دەرماڵەکانیان گردبوونەوەو ناڕەزایەتیییان نیشاندا!

ئەمڕۆ لە زۆرێک لە میدیاکانی کوردستاندا هەواڵی هاتنە مەیدانی خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان، وە بە تایبەت خواستی دەرماڵە، سەردێڕی هەواڵەکان بوو. خوێندکاران لە زۆر شوێن شەقامە سەرەکیەکانیان داخست و ڕێگایان لە هاتوچۆ گرت و سووربوونی خۆیان لەسەر بە دەستهێنانی مافەکانیان نیشاندا. مافێک کە ئەوان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی بە تایبەتیکردنی خوێندن و سپاردنی بە کەرتی تایبەت لێی مەحروم بوون و لییان سەندراوەتەوە. 

بە تایبەتکردنی هەموو کەرت و جومگەکانی کۆمەڵگا و شانخاڵیکردنەوەی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان و حکومەتەکەیان لە بەرامبەر هەموو بەرپرسیاریەتێکدا شتێکی تازە نیە. ئەم پڕۆسەیە ساڵانێکە دەستیپێکردووەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە لوتکەی خۆی دەگات. دەتوانین بڵێین کەرتەکانی تەندروستی و خوێندن لەم پێشبڕکێیەی دەسەڵاتداراندا بەدەرنەبوون، تەنها ئەوەندە نەبێت کە لە ڕیزی دواوەی لیستەکەیاندا بووە. ئەمڕۆ جگە لەوەی کە خوێندکارانی کوردستان وێڕای هەوڵەکانیان و هێنانی نمرەی زۆریش، وێڕای هەر تێبینیەک لەسەر ئەمە، لە هیچ یەکێک لە زانکۆ دەوڵەتیەکاندا جێگایان نابێتەوە و ناچاردەکرێن کە پارە بدەن بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان و گەشتن بە خەون و خولیاکانیان. ئەمە وێڕای ئەوەی کە ئەم بارودۆخە ئابوریە قورساییەکی زۆری بۆ سەر خێزانە کرێکاریی و هەژارەکان دروستکردووەو دەبێت لە قووتی مەمرەومەژی ڕۆژانەیان ئەم پێداویستیانە بۆ منداڵەکانیان دەستەبەربکەن. خوێندکاران لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدا قەراریان گرتووە کە دەستی ناوەتە بینەقاقایان و هەموو کۆمەڵگای ڕادەست بازاڕی بێ ڕەحمی سەرمایە کردووە و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لەسەر خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگا دەکات و ئەوەی بە لایەوە گرنگە قازانج و کەڵەکەی سەرمایەیە نەک هیچ شتێکی دیکە.

خوێندکارانی کوردستان لە گۆشە و جێگای جیاجیای کوردستاندا دووبارە دەستیان داوەتە خۆپیشاندنان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لێسەندنەوەی ئەم مافە سەرەتاییەیان. ئەوان ئەگەر لە شەش بۆ حەوت ساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر پێدانی دەرماڵەکانیاندا بیدەنگکرابوون بە بیانووی نەبوونی داهات و دابەزینی نرخی نەوت و نەهاتنی پارەوە، ئەوا ئەمڕۆ لە بەرامبەر دابینکردنی دەرماڵەکانیاندا هاتنەوە مەیدان. دەرماڵەیەک کە لە ڕاستیدا وەک ئەوە وایە بڵێیت موویەک لە بەرازبێتەوە ئەگەر نا ناتوانێت لە کاتی دابینکردنیشیدا وەڵام بەو هەڵئاوسان و گرانی و نەبوونی ئەو پێداویستیە سەرکیانە بداتەوە کە خوێندکاران بە دەستیەوە دەناڵێنن.

حکومەتیک کە گەنجانی ناچارکردووە ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ بگرنەبەر و ببنە قوربانی دەریا و زەریاکان و ڕەقبوونەوە لە دارستانەکان دا، حکومەتێک کە لە ڕێگای کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکانیشیەوە هەر لە هەوڵی سەرمایەگوزاریدا بێت و هیچ بەهایەکی مرۆیی بۆ گرنگ نەبێت، ناتوانرێت چاوەڕوانی دابینکردنی دەرماڵە و پێداویستیەکانی خوێندنی لێ چاوەڕێ بکرێت. ئەم حکومەتە هیچ چاوەڕوانیەکی لێناکرێت کە ئەم دەرماڵانە بۆ خوێندکاران بگێڕێتەوە مەگەر لە هاتنەمەیدان و نەبەردێکی چیانەیەتیدا کە ئەژنۆکانی بهێنرێتە لەرزە لە ڕێگای کاری بەردوام و خۆڕێکخستن و خەباتی بەردەوامەوە بە ڕابەرایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ و ئاگا بە بەرژەوەندییە چینایەتیەکانی خۆی2021.11.21