سەرکەوتووبێت خەباتی بەردەوامی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان !
بەیاننامەکان

سەرکەوتووبێت خەباتی بەردەوامی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان !

لە ماوەی ڕابوردوودا خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و چەندین شار و شارۆچکەی تری کوردستان دەستیان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرد، بۆ بەدەستهێنانی دەرماڵە و مافە زەوتکراوەکانیان. بە هەزارانیان بەرەو جەرگەی شار بە ڕێکەوتن و هەستان بە داخستنی ڕێگا سەرەکیەکان لە هەموو لایەکی شارەوە. ئەوان داواکاری گەڕانەوەی دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان  دەکەن و بۆ ئەم مەبەستە هاتوونەتە مەیدان. دەرماڵەیەک کە لە لایەن "حکومەتی هەرێمەوە" لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بڕدراوە بە بیانووی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و کەمی بودجە.

لەم ململانێ گەورەیەدا، هێزە ئەمنیەکان زۆر دڕندانە بەرەوڕووی خوێندکارانی وەتەنگهاتوو بوونەوە و وەک پیشەی هەمیشەییان کەوتنە گیانی خوێندکاران  و دەیانوویست بە بەکار‌هێنانی توندوتیژی و گازی فرمێسک ڕژێن و سووکایەتی پێکردن و گرتن و لێدان و ئەشکەنجە کۆتایی بەم هاتنە مەیدانەیان بهێنن. ئەم دەزگا داپڵۆسێنەرانە درێغییان نەکرد لە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و پشتیوانانی خوێندکاران لە ناو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگادا و دەیان کەسیان زیندانی کردووە. بەڵام هەموو هەوڵەکانیان جگە لە تۆمارکردنی ڕیسوایی بۆ خۆیان هیچی لێ سەوز نەبوو، بگرە بە پێچەوانەوە، سەرکوتی ئەوان، ڕقی خوێندکارانی توندتر دەکردەوە.

داواکاری خوێندکاران بۆ گێرانەوەی دەرماڵەکانیان هێجگار بەرحەق بوو، کە هاوسۆزییەکی کۆمەڵایەتی بۆ ناڕەزایەتی و داواکارییەکەیان هێنایە پێش. بەڵام ناوەرۆکی داواکارییەکان زۆر لە دابینکردنی دەرماڵە فراوانتر بوو، دابینکردنی دەرماڵە ئەگەرچی پارەیەکی هێجگار کەمە، بەڵام مانایەکی قوڵی چینایەتی دەدات بە دەستەوە، ئەوان پێمان دەڵێن: هاتوونەتە مەیدان چونکە چی تر ناتوانن ئەو جیاوازییە چینایەتیە فراوانە و ئەو ئاستە لە هەژاری و نەداری قبوڵ بکەن، وە چی تر ناتوانن بێ ئاوی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەشە ناوخۆییەکانیان دا تەحەمول بکەن. ئەمجارە بەشێک لە کۆمەڵگە هاتنە مەیدان لە پێناو باشتر کردنی ژیان و گوزەرانیان و ڕاستەوخۆ  خواستی کەمکردنەوەی قازانجی چینی بورجوازی دەسەڵاتداری کوردی بەرزکردەوە و بەم پێیە ئاکامەکەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشکێکی بچوک لە قازانجی ئەوان. ئەم هۆیە وای کرد کە دەسەڵاتی بورجوازی کوردی بە هەردوو بەشەکەیەوە لە زۆنی سەوزو زەرد زۆر هیستیریانە پەلاماری خوێندکاران و ناڕەزایەتیەکەیان بدەن و سەدان خوێندکاریان زیندانی کرد و سەدانیی دیکەش تووشی ئازار بوون و هێزە ئەمنیەکان چەندین جار سنوری زانکۆکانیان بە پۆستاڵەوە  بەزاند.

ئەم هێزە گەورەیەی گەنجان و خوێندکاران، دەسەڵاتی ناچارکردووە، ئەگەرچی بە کەموکووڕی و هەڵخەڵەتێنەرانەش بێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان مل بدات بە داواکارییەکەیان. بەڵام ئەم ملدانەش کە  دەسەڵاتی بورجوازی کوردی ناچارکرد، لە ژێر زۆری ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاراندا بووە، بۆیە هەرکات دەسەڵاتی بورجوازی کوردی فرسەت بهێنێت جارێکی دیکە دەرماڵە دەبڕێتەوە لە ژێر ناوی جۆراوجۆری کەمبوونەوەی نرخی  بەرمیلە نەوت، یان نەناردنی مووچە لە بەغداوە یان هەر هۆیەکی دیکە، وەک کەمکردنەوەی بودجە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا.... بەتایبەت کە بریارەکەی "سەرۆکایەتی وەزیران سەرفکردنی پارەیە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا" نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ  و وەک بڕیاری سەرۆکایەتی وەزیران "بۆ دەرماڵەی خوێندکاران"  وتەنانەت سەرۆک وەزیرانی"حکومەت" لە سەردانیدا بۆ زانکۆی سەلاحەدین لە ڕۆژی ٢٧.١١.٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە پارە بۆ خوێندکارە "کەمدەرامەتەکان" سەرف دەکەن، کە ئیتر ئەمە دەبێت بە سەدەقە نەک مافێکی ڕەوای خوێندکاران. بۆیە بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە خوێندکاران و بەتایبەت چالاکەوانەکانیان، پێویستە  سود لەو تەجروبە گەورەیەی خۆیان ببینن و بیکەنە دەستمایەیەک بۆ ڕیکخراوو بوون و یەکگرتووبوونی ڕێزی ناڕازی خوێندکاران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستاندا. کارێکی لەم چەشنە مانای سەرکەوتنێکی کۆمەلایەتی و سەقامگیرتر و دەستکەوتێکی پڕ دەستتر و قەڵغانێکی بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانی دیکەی  خوێندکاران. سەرکەوتنی ئەم کارە لە گرەوی ئەوەدایە کە تا چەندێک دەتوانن لە ناوەندەکانی خوێندن و لە ڕشتە و کۆلێجە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگە جیاوازەکاندا نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن و لە ئاستی کوردستاندا لە کۆبوونەوەی نوینەرانی زانکۆو پەیمانگە جیاوازەکاندا ڕێکخراوی خۆیان پێکبهێنن و چالاکەوانانی ناڕازی خۆیان وەک نوێنەر بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکەیان هەڵبژێرن.

کارو ئامانجێکی لەم چەشنە دەبێتە مایەی پێکهێنانی بناغەیەکی خەباتکارانەی پتەو بۆ دابینکردنی داواکارییەکانیان  و بەرزبوونەوەی پێگەی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا و لە چوارچێوەی خەباتی چینایەتی فراوان و کۆمەڵایەتیدا. بەتایبەت کە بزوتنەوەی ئەمجارەی خوێندکاران بە ڕۆشنی خوێندکاران و ڕۆلەکانی چینی پڕۆلیتاریا و زەحمەتکیشی کوردستانی لە خوێندکارانی چینی بورجوازی جیاکردەوەو، بە ئاشکرا ئەم ناڕەزایەتیە، دوو بەرەی جیاوازی لە نێوان خوێندکاراندا پێکهێنا، بەرەی زۆربەی زۆری خوێندکاران کە ڕۆڵە و نەوەکانی چینی پڕۆلیتاریان، پارەیان لە گیرافاندا نیە و ناچار بوون ژەمە خۆراکی ڕۆژانەیان کەمبکەنەوە و خراپترین جۆرەکانی خواردەمەنی بخۆن، وە کەمینەیەک کە نەوە و ڕۆڵەکانی چینی بورجوازی  کوردن و باوک  وخێزانەکانیان یان بەرپرسی حزبی و "حکومین" یان نەوە و ڕۆڵەی ملیۆنیر و ملیاردێرەکانی کوردستانن، نەک پێویستیان بە دەرماڵەی مانگانە نیە، بەڵکو  خەرجی ڕۆژانەیان دوو هێندە و سێ هێندە و زیاتری ئەو دەرماڵەیەیە کە "حکومەت" بڕیاری داوە مانگانە بیداتە بەشێک لە خوێندکاران. ڕێگای درووست بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی خوێندکاران لە دەرماڵەی تەواوە بگرە تا دەگاتە باشکردنی ژیان و گوزەرانی خوێندکاران و  دابینکردنی ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان و  سەرجەم داواکارییەکانی دیکە، لە گرەوەی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوو بوونی خوێندکارانی ناڕازیدایە.

بژێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانیان.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

2021.11.28

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF