گفتووگۆی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ سامان کەریم سەبارەت بە: بەڵگەنامەی سیماو ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا

کۆمەڵگای بەشەری لە مێژوویەکی بەکردەوە جیهانیدا دەژی،

 ئەم سەردەمە پێویستی بە شۆڕشی پرۆلیتاریایە

 

گفتووگۆی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ سامان کەریم سەبارەت بە:

بەڵگەنامەی "سیماو ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا"

بەشی یەکەم

لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ بەڵگەنامەیەکی لە ژێر ناوی "سیماو ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا" دا بڵاوکردەوە. ناوەرۆکی بەڵگەنامەکە، گەلێک بابەتی ورووژاندووە، کە هەر یەکێکیان بۆخۆی باسێکە و بابەتێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغەدا، لە هەمانکاتدا بۆ پێگەی پڕۆلیتاریا و ئەو کۆسپ و ئاستەنگییە بابەتیانەی کە لە بەردەم ناڕەزایەتی و بزووتنەوە سۆشیالیستیەکەیدان. لە هەمانکاتدا، ئاسۆ و دواڕۆژێکی تازەی هێناوەتە پێشەوە بۆ چینی پڕۆلیتاریا  کە ئایندەیەکی خۆشگوزەران و یەکسان و ئازاد بۆ کۆمەڵگای بەشەری گرێدراوە بە هاتنە مەیدانیەوە وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە ئاگایی سۆشیالیستی خۆیەوە. لەمبارەوە پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی فراوان دەبێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی بەڵگە نامەکە.

بۆ ڕۆشنکردنەوەی تەواوی ئەم بەڵگەنامەیە و هەندێ بابەتی پەیوەندیدار پێیەوە، بە پێویستمان زانی گفتووگۆیەکی فراوان بکەین لەگەڵ سامان کەریم. گفتووگۆیەک لە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن پێکدێت لە سەر ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە. ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ.

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ:  پێش ئەوەی بچینە نێو وردەکارییەکانی بەڵگەنامەکەوە، دەپرسین هۆ و پێویستی سیاسی و مێژوویی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکە چیە لەم قۆناغە سەختەی قەیرانەکانی سەرمایەداری جیهانی و پەتای کرۆنا و دەرئەنجامە دژوارەکانی بێکاریی و سەختبوونی ژیان و گوزەران لەسایەی کەمی کرێ و خزمەتگوزارییەکاندا؟ ئایا ئێمە لە سەردەمێکی تازەی مێژوویی بەشەریدا دەژین، هەروەک لە سەرەتای بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، باس لە جیهانیبوونی سەرمایەداری و ژێرخانی ئەم پرۆسەیە دەکەن لە ڕێگای چەند ژمارەیەکەوە؟ یان دەتوانین پرسیارەکەی ئەم بەشە، بەشێوەیەکی تر بپرسین. دەتوانی بە کورتی پێمان بڵێیت تەوەرە سەرەکییەکانی بەڵگەنامەکە کامانەن کە پێویستن بۆ وەڵامدانەوە بە کێشە و ئاستەنگیەکانی بەردەم چینی پڕۆلیتاریا؟!

 

سامان كريم: هەمیشە بەڵگەنامە -دۆکۆمێنت- سیمای هەلومەرج و کاتێکی دیاریکراو نیشان دەدات. بەڵگەنامەی "سیما و ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا" لە لایەن ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخەوە بڵاوکراوەتەوە، بە هەمان شێوە مۆری ئەم سەردەمەی پێوەیە. بۆ بەڵگەنامەی یاسایی و کارگوزاری و سیاسی و تەنانەت بۆ پەیڕەوی ناوخۆیی حزبێکیش هەر وایە.

 لەم ڕوانگەیەوە، بەدیاریکراوی باسی سەرمایە و سەرمایەداری دەکەین وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهانیدا لەم قۆناغەی ئێستا دا. باسی ئاڕاستەکانی سەرمایە دەکەین، واتە سەرمایە ڕووی لە چیە؟  کامانەن قیبلەنومای سەرمایە بۆ کەڵەکەبوونی زیاتر؟ ئەم باسە باسێکی گرینگە بۆ پڕۆلیتاریا وەک چینێک، گرینگە بۆ دیاریکردنی جوڵانەوە سیاسیەکانی، بۆ شێوە و شێوازی ڕێکخراوبوونی، وە گرینگە بۆ ئەوەی پڕۆلیتاریا بە ئاگاییەوە جوڵانەوەکەی ئاڕاستەی دڵی سەرمایە و سیستمەکەی بکات و کارە دەستبەجێکانی لە چوارچێوەی ستراتیژی شۆڕشەکەیدا دەست نیشان بکات. وە ئایا سەرمایە بەجیا لە ڕوانگە و بۆ چوونی هێز و بزووتنەوە سیاسیە جیاوازە بورجوازییەکان، چۆن دەبزوێت، ڕووی لەکوێیە؟ ئایا دەکرێت بەبێ هێز و بزووتنەوە سیاسییەکان و بیروڕا جیاوازەکانی بورجوازی، باسی ئاڕاستە و یاسابەندی جووڵەی سەرمایە بکەین؟ باسی بەڵگەنامەکە، ئەوەیە کە پێمان دەڵێت، جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە، نەک تەنها لە باری جیهانگیری و شۆڕبوونەوەی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری بۆ کۆی ژیان و هەڵسوکەوتی مرۆڤایەتی بەگشتی و نە تەنها لەباری گەشەی تەکنۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیای زیرەک لە هەموو بوارەکاندا، و بەم پێیە کەڵەلەکەبوونی بەرهەمێکی هێجگار گەورە و سەروەت و سامانێکی بێوێنە لەباری مێژوویەوە، بەڵکو لە باری بابەتی و مێژوویشەوە جیاوازی زۆرە و تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆی هەیە. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی سەرمایە و سەرمایەداری لەم سەردەمەدا بەجیا لە تێڕوانینی بزووتنەوە بورجوازیەکان یان ئاڕاستە و دیکترینێکی ئابوری بورجوازی دوو لایەنی سەرەکی هەیە:

 لە لایەکەوە  دەمانباتەوە سەر ڕەوتی یاسایی مێژووکردی خۆی.  ئاڕاستە و ڕێڕەوێکی گشتی کە بەپێی یاسای مێژووی خۆی ڕوو لە پێش دەجوڵێ. یاسای مێژووی ئەم سەردەمەی ئێمە، جوڵە و ئاڕاستەی سەرمایەیە نەک تەنها بۆ ڕەنگ کردنی هەسارەی زەوی بە ڕەنگی خۆی، پڕۆسەیەک کە بەئەنجامی خۆی گەیشتووە، بەڵکو سەرمایە لەئەنجامی دژایەتیە دەروونیە بابەتیەکانی و کاولکردن و وێرانکردنی هەسارەی زەوی، گەیشتۆتە ئاستێک، بۆ تێرکردنی خۆی پێویستی بە داگیرکردنی هەسارەکانی ترە. قازانجی سەرمایە بە برسیکردنی ٩٠٪ ی خەڵک و سەپاندنی  ژیانێکی کولەمەرگی بە سەریاندا لەسەر هەسارەی زەوی تێر ناخوات، بەڵکو چڕبوونەوەی سەرمایە و ململانێی نێوان سەرمایە گەورەکانی جیهان پێویستی بە هەسارەکانی ترە. ئەم ئاڕاستە و جوڵەیە لە ئاستی جیهانیدا وەک تابلۆیەکی زەیتی ڕەنگەکانی تێکەڵ بووە، واتە سەرمایەکان بە ئاستێک تێکەڵ بوون، کە جیاکردنەوەی سەرمایە گەورەکان لە یەکتری  دەکاتە  کارێکی ئەستەم و ئاڵۆز. هەم یەکێتی سەرمایەکان و هەم ململانێ و جەنگی سەرمایەکان، هەم مۆنۆپۆل و هەم کێبڕکێ، هەم پڕۆتێکشنیزمی نیشتمانی و هەم گڵۆباڵیزم لە نێو تابلۆ زەیتەیەکەدا دەبینین. ئەم تابلۆیە هەم زەمینەکانی تەقینەوەی دەروونی خوڵقاندووە، هەم بوارێک بۆ درێژەدان بەتەمەنی بۆگەنی سیستمەکەی. بەڵام تابلۆیەکی ئاوەها هەم لە غیابی بزووتنەوەی سیاسی پڕۆلیتاریادا دەردەکەوێت وە هەم لە هەلومەرجێکی تێپەڕی جیهانیدا.

لە لایەکی ترەوە دەمان باتەوە سەر مەسائیلە گرێیەکانی بەردەم شۆڕشی پڕۆلیتاریا لەم سەردەمە بەکردەوە جیهانیەدا. پێمان دەڵێت کە کۆسپ وگرفتەکانی سەر ڕێگای ئەم ئامانجە گەورەیە کامانەن وە چۆن دەکرێت زاڵ ببین بەسەریاندا. لێرەدا باسە لەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتی و بابەتیانەی کە خودی سەرمایە خوڵقاندوونی "گۆڕهەڵکەنانی خۆی "لە پراتیک کردنی شۆڕش و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی بورجوازی لە ئاستە جیهانی و لۆکەڵیەکاندا. لە شێوازی خەبات و بە پراتیک دەرهێنانی و ڕێکخراووبوون و یەکگرتووبوونی پڕۆلیتاریا، لە تەحزوبی چینایەتی پڕۆلیتاریا و کۆمکارێکی -کۆمەڵە- یان ئەنتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریا، وە هەروەها لە ڕوانگەی پڕۆلیتاریا بۆ شۆڕش و چۆنیەتی خۆ جیاکردنەوەی لە "شۆڕشە" بورجوازییەکانی بەهاری عەرەبی و پرتەقاڵی و ئەرخەوانیەکان...دیسانەوە مەسەلە گرێیەکانی شۆرش لە ئاستی لۆکەڵی و جیهانیدا و پێگەی خەباتی ئینتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریا لە شۆرشدا...

کەواتە باسی بابەت و خودە -زات-. بابەتیانە سەرمایە گەیشتۆتە ئاستێک کە نەک مێژوویەکی جیهانی پێکهێناوە، بەڵکو جیهانێکی مێژوویی بۆ دروست کردووین و تیایدا پڕۆلیتاریا پێگەی ئابوری یەکەمی هەیە، وەلە باری ژمارەشەوە هێزی یەکەمە لەم سەردەمەدا. بەکردەووە چینێکی پڕۆلیتاریای جیهانیمان هەیە لە باری فیزیکیەوە، واتە لەباری بەرهەمی کۆمەڵایەتی بایەلۆجیەوە، کە بەرهەمی یەکەمە بۆ مانەوەی کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو. ئەم بەرهەمە لەگەڵ بەرهەمە پیشەسازی و تەکنۆلۆژییەکان یەکانگیر بووە، نەوەیەکی بێ سنوری بۆ دروست کردووین و "نەتەوەکانی" تێکەڵکردووە، بورجوای ناچارکردووە بە تێکەڵبوونی ڕەگەزەکان "miscegenation" ناویان بەرێ  واتە نیوە کورد یان نیوە عەرەب یان نیوە سویدی و ئەمریکی لەگەڵ نیوەکەی تری چینی یان ڕوسی یان بەریتانی یان هندی  یان بەرازیلی و تورکی و فارسی. ئەمە  نیشانەی توانەوەی نەتەوە و ڕەگەزە جیاوازەکانە لە نێو هەسارەیەکی جیهانیدا. ئینسانێک یان نەوەیەکی نوێی جیهانیمان دەداتێ کە خۆی دەرکەوتە و ئەنجامێکی ئاوێزان بوونی پڕۆلیتاریایە وەک چینێکی جیهانی. ئەمە بەجیا لە پڕۆسەی کۆچکردنی کار واتە گەڕان بەدوای کاردا لە ئاستی جیهانیدا کە ڕێژەیەکی بەرزی هەیە. کەواتە بەڕۆشنی دەردەکەوێت کە ئایدۆلۆجیای نەتەوەیی لەم هەلومەرجەدا، ڕێگرە لە بەردەم ئەم پڕۆسەیە لە بواری بەرهەمهێنانی نەوەی نوێدا، وە لەباری ئابوریشەوە بە ڕۆشنی لە ترامپیزمدا دەرکەوت، واتە سیاسەتی پرۆتێکتی ئابوری، کە لە دانانی گومرگ لەسەر کاڵا هاوردەکان لە دەرەوەی وڵات خۆی نیشاندا.  بەڵام سەرمایە و سیستمەکەی بۆ پڕۆلیتاریا دەرکەوتووە کە سیستمێکی دڕەندە و چەوساندنەوەی چینایەتیە و لە سەر ئەرک و کار و ماندووبوونی پڕۆلیتاریا دەلەوەڕێت، وەک چۆن دەرەبەگایەتی لەسەر ماندووبون و هێزی کاری جوتیار دەلەوەڕا. لە گەڵیدا هەموو بنەما ئایدۆلۆجیەکانی ئەم سیستمە لە دیموکراتیزمەوە بگرە تا دەگاتە ڕیفۆرمیزم و ناسیونالیزم و شێوەکانی لیبرالیزم  و دەرکەوتەکانی مافی مرۆڤ، سووک و ڕیسوا بوون لە ئەمریکا و ئەوروپادا... بەڵام لە باری زاتیەوە کە خۆی دەرکەوتەیەکی مێژووە و ئەنجامێکی خەباتی چینایەتی زیاتر لە سەدەیەکە، چینی پرۆلیتاریای گەیاندۆتە ئاستێک لە ڕامان و چاوەڕوانی و کاڵبوونەوەی تێڕوانینی چینایەتی و  نەبینینی خۆی وەک چینێکی جیهانی، کە خۆی ئەنجامی پڕۆسەیەکی کەڵەکەبووی خەباتی چینایەتیە بە زەرەرەی پڕۆلیتاریا شکاوەتەوە. بۆیە پڕۆلیتاریا پێویستی بە ڕاهێنان و پڕۆڤەی چینایەتی خۆیەتی لە خەباتێکی سەخت و ئاڵۆزدا کە حەتمەن شکست و چونە دواوە و سەرکەوتنی تێدایە. بەم پێشەکییە کورتەوە دەکرێت بچینە پای تەوەرە سەرەکیەکانی بەڵگەنامەکە و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکاندا ڕۆشنایی زیاتر بخەینە سەر هەریەکە لە تەوەرەکان.

تەوەرەی یەکەمی بەڵگەنامەکە ئەوەیە، کە ئاڕاستەکانی سەرمایە لە دەوری چی کۆدەبنەوە و دەجوڵێن؟ لەم تەوەرە سەرەکیەدا، بە ڕۆشنی ئاماژەمان پێکردوە و نووسیومانە: "چڕبوونەوە، مۆنۆپۆڵکردن و بە جیهانیکردنی ئاستی کرێ" واتە سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا بەدەوری ئەم سێ پرۆسێسە یەکگرتوو وە لەهەماکاتدا جیاوازەدا، دەبزوێت، بۆ ئەوەی سەرمایە زیاتر کەڵەکە بکات. بەڵام ئەمە ئاڕاستە سەرەکیەکانی سەرمایەیە لە ئاستی جیهانیدا، کە هەرگیز ڕێگر نیە لەوەی کە ئاڕاستەی تر لە ناوچەیەک یان وڵاتێکی دیاریکراودا دەربکەوێت، کە لە ناوەوە -باطن- دا لە ژێر کاریگەری ئاڕاستە سەرەکیەکاندا، کاری ئابوری خۆی بکات و سوودمەند بێت. باسی ئەوەیە کە سەرمایە چۆن جووڵە دەکات، چۆن کۆدەبێتەوە و کەڵەکەدەبێت، دروست وەک شارە مێروولە هەموو سەرمایەکان ڕوو لەم شارە دەکەن و بەدەوری ئەم ئاڕاستەیەدا کۆدەبنەوە و لە ئاستی گشتیدا ناچار دەبن وەک پێداویستی کەڵەکەی سەرمایە و بزاوتی یاساکردە مێژووییەکەی لەم قۆناغەدا، بە گشتی هاوڕا و هاوئاڕاستە و قبیلەنوما بن لەسەری. واتە ئەوە بزاوتی سەربەخۆ و بابەتیانەی سەرمایەیە کە ئاڕاستەی گشتی کەڵەکەبوونی و قازانجی زیاتری سەرمایە دەرخسێنێت و بەم پێیەش وەک پێویستییەکی بابەتی، تاک سەماریەدارەکان ناچارن مل کەچی بن و لە دوا لێکدانەوەدا نوێنەرانی سیاسی، واتە هێزە بورجوازییە جیاوازەکان و هەریەک لە ڕوانگەی جیهان بینی خۆیانەوە،  وە دەوڵەت وحکومەتەکان لەم چوارچێوەیەدا هەم سیاسەت دەکەن و هەم بڕیار لەسەر یاساو ڕێسای پێویست دەدەن وە هەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانیەکانیان نەوژەن دەکەنەوە بەپێی ئەم ئاڕاستانە. ئەم تەوەرەیە یەکێکە لە باسە گرینگەکانی ئەم سەردەمەی سەرمایەداری، بەتایبەت ئێمە لە بەردەم تیوری ئیمپریالیزمی لینینداین کە ئەو وەک قۆناغێک سەردەمی پێشووتری سەرمایەداری جیاکردۆتەوە و پێناسەیەکی تازەی پێبەخشیوە. تیۆرێک کە کۆی سەد ساڵەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بە باڵە ڕاست و چەپەکەیەوە داپۆشیوە و کاریگەری هەبووە لە سەر نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کۆمۆنیزم و بیرمەندەکانی وبەم پێیە لەسەر سیاسەت و بەرنامە و جیهانبینی و تاکتیکی سیاسی هێز و حزب و ڕێکخراوە پڕۆلیتارییەکان و خەباتی بەردەوامیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە  دژی سەرمایە و سیستمەکەی.

ڕۆشنە لەسەردەمی لینینەوە تا ئێستا ئاڵوگۆڕەکان هێندە گەورە و فراوانن لە ئاستی جیهانیدا، کە جێگای بەراوردکردن نابێتەوە. بەڵام بە سەرنجدانێکی خێرا دەردەکەوێت کە ئەو پۆینتانە، هەموویان سەرەڕای دروستی ئەو ئاڵوگۆڕانە لەو سەردەمەدا، بەڵام پێویستە وەک گەشە و  چوونە پێش و پەرەگرتنی سەرمایە و سیستمی سەرمایەداری سەرنجی بدەین نەک وەک قۆناغێکی باڵاتری، وەک ئیمپریالیزم یان سەرو ئیمپریالیزم. ئەگەر سەیری خاڵەکانی یان تەوەرە سەرەکیەکانی لینین بکەین لە پەرتوکی – ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەدارییە- بۆ جیاکردنەوەی خەسڵەتی ئیمپریالیزم وەک باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری دەبینین لە ئێستادا ئاڵوگۆری بنچینەییان بەسەردا هاتووە و بۆ سەردەمی ئەمڕۆ ناشێن و پێویستیمان بە لێکدانەوەی تازە دەبێت بۆ پێناسەی سیستمی سەرمایەداری جیهانی ئەم سەردەمە و ئاڕاستەکانی. ئەم باسە  لە ڕاستیدا پێویستی بە باسێکی فراوان یان کتێبە بۆیە لێرەدا من لەسەری ناڕۆم.  بەڵام ئێمە لە بەڵگەنامەکەدا بەڕۆشنی ئاڕاستەکانی سەرمایەمان دیاریکردووە وبەکورتی ڕۆشنمان کردوونەتەوە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کەواتە ئێمە لەبەردەم هەلومەرجێکی تازەی ئاڕاستەکانی سەرمایەداین لە ئاستی جیهانیدا. وە ئەمە لە بەڵگەنامەکەدا بە سێ ئاڕاستەی سەرەکی ئاماژەی پێکراوە: "چڕبوونەوە -ترکیز- و مۆنۆپۆل -احتکار- و بەجیهانیکردنی ئاستی کرێ - تسطیح الأجور العالمي-". سەرەتا دەمەوێت سەبارەت  بە ئەم ئاڕاستانە ڕۆشنکردنەوەی پێویست بدەیت. مانای هەریەکەیان چیە، نمونەکانیان لە ئاستی ئابوری و بازاڕدا چۆن دەبینرێن؟ وە چۆن سەرمایە بەدەوری ئەم ئاڕاستانەدا کەڵەکەدەبێت و بەدەوری ئاڕاستەی تردا بەو شێوەیە کەڵەکەنابێت یان ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆ نمونە ئاڕاستەی پیشەسازی لە وزە ئەحفوریەکاندا؟.بەڵام پرسیارەکەمان لێرەدا کۆتایی نایەت سەبارەت بەم تەوەرەیە، بەڵکو پرسیاری گرینگ بۆ پڕۆلیتاریا ئەوەیە، سودی ئەم لێکدانەوە ئابوریە بۆ خەباتی ئەوان چیە؟ بۆچی پێویستە پرۆلیتاریا و هەلسووڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە ئاگاداری ئەم ئاڕاستانە بن؟ بەڵام سەرەتا پێویستمان بەوەیە ناوەرۆکی ئەم ئاڕاستانە بگاتە خوێنەر و دواتر گفتوگۆکەمان بەردەوام دەبێت؟

 بەو هیوایین کە بتوانێت وەڵام بەم پرسیارانە و ئەم تەوەرەیەش بدەیتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە گفتوگۆکەمان بدەین  وەک بەشی دووهەمی ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی داهاتوودا بڵاوی بکەینەوە. 2020.12.15

 

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF