بەشی دووەمی گفتوگۆی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لە گەڵ سامان کەریم سەبارەت بە: بەڵگەنامەی سیماو ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا

بەو ئاستەی پڕۆلیتاریا هوشیار بێت بەوەی کە سەرمایەداری و سیستمەکەی چۆن دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن و زێدەبایی زیاتر  بەدەست بهێنن و دزی زیاتریان لێ بکەن، بەهەمان ئاست پڕۆلیتاریا هوشیارتر دەبێت سەبارەت بەوەی چۆن ڕووبەڕووی سیستمی سەرمایەداری و تاک کۆمپانیاکانیش ببێتەوە هەم لەخەباتی ڕۆژانەیدا، هەم بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی شۆڕشەکەی!

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کەواتە ئێمە لەبەردەم هەلومەرجێکی تازەی ئاڕاستەکانی سەرمایەداین لە ئاستی جیهانیدا. وە ئەمە لە بەڵگەنامەکەدا بە سێ ئاڕاستەی سەرەکی ئاماژەی پێکراوە: "چڕبوونەوە -ترکیز- و مۆنۆپۆل -احتکار- و بەجیهانیکردنی ئاستی کرێ - تسطيح مستوى الأجور على المستوى العالمي -". سەرەتا دەمەوێت سەبارەت  بە ئەم ئاڕاستانە ڕۆشنکردنەوەی پێویست بدەیت. مانای هەریەکەیان چیە، نموونەکانیان لە ئاستی ئابوری و بازاڕدا چۆن دەبینرێن؟ وە چۆن سەرمایە بەدەوری ئەم ئاڕاستانەدا کەڵەکەدەبێت و بەدەوری ئاڕاستەی تردا بەو شێوەیە کەڵەکەنابێت یان ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆ نموونە ئاڕاستەی پیشەسازی لە وزە ئەحفوریەکاندا -وزەکانی ژێر زەوی-؟. بەڵام پرسیارەکەمان لێرەدا کۆتایی نایەت سەبارەت بەم تەوەرەیە، بەڵکو پرسیاری گرینگ بۆ پڕۆلیتاریا ئەوەیە، سودی ئەم لێکدانەوە ئابوریە بۆ خەباتی ئەوان چیە؟ بۆچی پێویستە پڕۆلیتاریا وهەڵسوڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە ئاگاداری ئەم ئاڕاستانە بن؟ بەڵام سەرەتا پێویستمان بەوەیە ناوەڕۆکی ئەم ئاڕاستانە بگاتە خوێنەر و دواتر گفتوگۆکەمان بەردەوام دەبێت؟

سامان کەریم: بەڵی بەپێی پرسیارەکەی ئێوە، هێشتا پێویستە باس و گفتوگۆ بکەین لەسەر تەوەرەی یەکەمی بەڵگەنامەکە. واتە باسی ئاڕاستەکان بکەین و لێکدانەوە و ڕۆشنایی بخەینە سەر هەریەک لە ئاڕاستەکان. لە ڕوانگەی منیشەوە ئەم باسە و پرسیارەکەی ئێوە گرینگیەکی زۆری هەیە بۆ پڕۆلیتاریا و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایە و سیستمەکەی لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزە جیهانیەدا. ئەم باسە بە شێوەیەکی گشتی غائیبە لە نێو بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا و ڕۆشنبیرانیدا. باسەکان بەگشتی لە نێو ئاڕاستەی کۆمۆنیستی و چەپی عێراق و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەشێکی زۆری چەپی ئەمریکای لاتینی و ئەوروپیدا، ڕوویان لە پەلامار و شۆڕش و ڕاپەڕین و بڕوخێیەکی بێ پایەیە. لە ڕوانگەی ئەو لایەنانەوە، هەموو ڕۆژێک شۆڕشە، هەموو ڕۆژێک ڕاپەڕینە، لە بزووتنەوەی سەوزی ئێرانەوە تا بەهاری عەرەبی جیهانی عەرەب و تا دەگاتە پورتەقاڵی و ئەرخەوانیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و تا ١٧ی شوباتی سلێمانی و تشرینی بەغدا... هەموو ڕۆژێک شۆڕش و ڕاپەڕین و "ارحل" و "کلهم یعنی کلهم" و "الشعب یرید اسقاط النظام" و بڕوخێیە، بەڵام هەموو ڕۆژێک ژیان و بژێوی پڕۆلیتاریا و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بەرە و داخوران و کەمتر بوونەوە دەڕوات و بێ مافتر و بێکارتر و هەژارتر دەبن و خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبنەوە، کەرتی گشتی هەراج دەکرێت. سەرنجێکی کورت بە سەر ژیان و گوزەرانی پڕۆلیتاریای ئەو وڵاتانەی کە شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگی بورجوازیان تێدا کراوە بەسە بۆ ئەوەی کە نەک تەنها دووری ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزم لە هەلومەرجی بابەتی و خەباتی پڕۆلیتاریا درک بکرێت، بەڵکو هاتنە خوارەوەی لێکدانەوەی چینایەتی و مێتۆدی ماتریالیزمی مێژووییە بۆ ئاستی دواکەوتنی ڕووداوەکان و چەپڵەلێدان بۆ هەر جەماوەرێک کە لە سەر شەقامە. ئەمە دەبێتە خەسڵەتی سەرەکی ئەو کۆمۆنیزمە. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەرنج بدەین لە ئەمڕۆی لیبیا و عێراق و میسر و سوریا و تونس و لوبنان و سودان و ئێران  کە گوایا شۆڕشیان تێدا کراوە، تەنانەت وڵاتێکی وەک پۆڵەندا کە زۆر پێشتر شۆڕشێکی ڕەنگ ئەرخەوانی تێدا جێبەجێکرا ... ئەوکات بەرۆشنی کاریگەری هێجگار کوشندەی ئەم جۆرە شۆڕشە بورجوازیانە لەسەر پڕۆلیتاریا و خەڵکی هەژاری ئەم وڵاتانە دەبینین. هەروەها دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم شۆڕشە بورجوازیانە بۆ ئەوەیە کە لیبڕالیزم لە شێوازە دڕندانە و تازەکەیدا لەو وڵاتانەدا دابمەزرێت و بانک و سندوقی پولی جیهانی مەرجەکانیان بسەپێنن و  تەواوی کەرتی گشتی و دەوڵەتی هەراج فرۆش بکرێت بە قازانجی کۆمپانیا جیهانیەکان و گرێبەستەکانیان و خزمەتگوزاری گشتی لە ئاو و کارەبا و پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و شارەوانی هەمووی بکرێنە کەرتی تایبەت، هەروەها لە باری ململانێی جیۆسیاسیەوە ئەو ناوچەیە یان ئەو وڵاتە بخەنە سەر جەمسەری ئەمریکایی و ڕۆژئاوا  بە شێوەیەکی گشتی. پاش دەرکەوتنی ئەم ئەنجامانە و تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ زیاتر بەسەر ئەم شۆڕشە بورجوازیانەدا، بە ڕۆشنی دەبینین کە چ دژایەتیەکی قوڵ هەیە لە بیرکردنەوەی ئەم جۆرە کۆمۆنیزمەدا، نەک تەنها سەبارەت بە بابەتێکی -ئوبجەکتیڤی- وەک شۆڕش بەڵکو کۆی واقعی فیزیایی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی پڕۆلیتاریاوە نیە وە نامێنیت، چجا بگات بە شۆڕشەکەی. ئێمە نەریتی چینایەتی و کۆمۆنیستی خۆمان گرتۆتەبەر و لە گەڵ ئەو جۆرە لێکدانەوە نابابەتی و غەیرە چینایەتی و تازە پۆپۆلیستیانەدا نەک نایەینەوە، بەڵکو هەوڵدەدەین باسەکانی خۆمان لەبەر ڕۆشنایی و پێداویستیە بەکردەوەکانی خەباتی پڕۆلیتاریادا بەرینە پێشەوە لە هەموو ئاستە فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و پڕوپاگەندەییەکانماندا. وە هەمیشە وەک مێتۆدی ماتیریالیزمی پراتیکی، ڕۆژانە دەچینەوە بە هەڵوێستە سیاسی و فکریەکانماندا و بابەتیانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.

ئەو دەستپێکە پێویست بوو.  پێویست لە بەرئەوەی کە سەختی و ئاڵۆزی هەلومەرجی بابەتیانەی ئەمڕۆ بۆ خەباتی پڕۆلیتاریا و مەناخی فکری و سیاسی پڕۆلیتاریا لە ئاستی ماکرۆدا نیشان بدەین. وە نیشانی بدەین کە چۆن بورجوازی زۆر هوشیارانە بزوتنەوەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ڕیفۆرمی ئابوری هەڵگەڕاوە -دژ بە ریفۆرمی کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریا-  و جێخستنی لیبڕالیزمی نوێ و سیستمی سیاسی گونجاو لە گەڵیدا، خستۆتە جێگای بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی پڕۆلیتاریا. لێرەوە ئەم باسەی ئێمە گرینگیەکی زیاتر پەیدا دەکات. باسی ئێمە لێرەدا ڕۆشنایی خستنە سەر ئەوەیە، کە بزانین دوژمنی چینایەتی پڕۆلیتاریا لە کوێ سەنگەرە ئابورییەکانی لێدەدات، لە کام سەنگەرەوە هێرش دەکات بۆ کۆکردنەوە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەکەی. واتە بەو ئاستەی پڕۆلیتاریا هوشیار بێت بەوەی کە سەرمایەداری و سیستمەکەی چۆن دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن و زێدەبایی زیاتر  بەدەست بهێنن و دزی زیاتریان لێ بکەن، بەهەمان ئاست پڕۆلیتاریا هوشیارتر دەبێت سەبارەت بەوەی چۆن ڕووبەڕووی سیستمی سەرمایەداری و تاک کۆمپانیاکانیش ببێتەوە هەم لەخەباتی ڕۆژانەیدا، هەم بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی شۆڕشەکەی. دروست وەکو جەنگێک، جەنەڕالێک کە سەنگەرەکانی بەرانبەری نەناسێت و نەزانێت بە چ چەکێک ڕووبەڕووی چەکی بەرانبەر دەبێتەوە، و نەزانێت کە پۆینتە لاوازەکانی بەرانبەری چیە و لە کوێوە ئاسانە هێرش بکات یان ڕوو بەڕووی بوەستێتەوە، بێگومان جەنگەکە دەدۆڕێنێت. ناکرێت بە کلاشینکۆف و بڕنەو و ئارپێجیەوە پەلاماری فرۆکەی بێ فرۆکەوانی درون بدرێت. بۆیە ئێمە مەبەستمانە باسی ماتریالیزمی مێژوویی خۆمان جارێکی تر هەم واڵا بکەینەوە و  هەم هەوڵ دەدەین کە بیکەینەوە بە باس و لێکدانەوەی باوی نێو چینی پڕۆلیتاریا و ڕۆشنبیرانی. ڕوانگەی سەرەکی ئەم باسە، ڕەخنەیە لە ئابوری-سیاسی. ئابوری سیاسی سەردەمی هاوچەرخی سەرمایەداری. بەپێی هەمان مێتۆدی ماتیریالیزمی پراتیکی کە پڕۆلیتاریا هەمیشە پێویستی پێی هەیە وەکو چەکێکی فکری وسیاسی لە بەرانبەر بورجوازی و سیستمەکەیدا بەکاریبهێنێت .

لەو ڕوانگەیەوە باسەکە بۆ پڕۆلیتاریا و ئەکتیڤیستەکانی و ڕۆشنبیرانی مانا پەیدا دەکات. ئێمە باسی ئابوری سەرمایەداری هاوچەرخمان نیە بەگشتی، یان ئێستا بازرگانی جیهانی چۆن دەبزوێت، یان سەیر و سەمەرەیی هەڵکشان و داکشانی بۆرسەکان، سەرەڕای گرینگی ئەو باسانە، بەڵکو ئەو باسە دەکەین کە هەر ئێستا پرۆلیتاریا پێویستی پێی هەیە بۆ ڕوبەڕوونەوەی سەرمایە و سیستمەکەی. بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان، پێویست بوو لێکۆلینەوەیەک بکەم و لە هەمانکاتدا بە فاکت باسەکەمان وەک باسێکی زانستی نیشان بدەین، دیارە لەم چوارچێوەیەدا پێویست بوونی ئامار دەکاتە بابەتێکی ناچار. بۆیە ناچار بووم ئاماژە بە تازەترین ئامارەکان یان لە ڕاستیدا ئەو گرێبەستە ئابورییانە بکەم کە ئاماژەن بۆ پڕۆسێسی سروشتی و ئاسایی مۆنۆپۆڵکردنی -پاوانکردن- بازاڕ لە چوارچێوەی تازەکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و خۆ تازەکردنەوەی بەردەوامیدا. دیسان ئەوەی گرینگ بوو بەلاماوە ئەم ئامار و گرێبەستانە تازەترین بن، واتە لە ساڵی ٢٠٢١ دا واژۆکرابن. هەروەها سەبارەت بە چڕبوونەوەی -الترکیز Concentration- سەرمایە کە خۆی ئاڕاستەیەکە لە هەلومەرجی هاوچەرخدا دەردەکەوێت و دەرکەوتووە و بەمانایەکی وردتر، پێشتر لەباری کردارییەوە بوونی نەبووە، یان لە هەلومەرجێکدا دەردەکەوێت کە زانست زەمینەی لەباری ڕەخساندبێت بۆ هەنگاونانێکی ئاوەها گەورە سەبارەت بە خۆتازەکردنەوەی هۆکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر قۆناغێکی دیاریکراوی سیستمی سەرمایەداریدا، ئەو کەرت و بوارە بەرهەمهێنانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی چڕبوونەوەی زیاتری سەرمایە، خۆیان بواری تازەن و لەم سەردەمەدا پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای زیرەک و زانست لە بوارە جیاوازەکانی فیزیا و کیمیا و بایەلۆجی و گەردوون ناسی و پەیوەندیگرتندا دەستەبەری کردوون. بەمانایەکی تر چڕبوونەوەی سەرمایە لە ڕوانگەی بورجوازی جیهانیەوە پڕۆسەی دووبارە خۆتازەکردنەوە و فراوانکردنەوەی کۆی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەستانەوەی سەرمایەیە لە ئاستی جیهانی و ماکرۆدا. باسی چڕبوونەوە لە خوارووتر زیاتر ڕۆشن دەکەینەوە. لەمبارەوە مارکس بە شێوەیەکی فراوان ئەم باسە لە سەرمایەدا دەکات و لە بڕگەیەکدا هەم چەمکی کۆگیری و چڕبوونەوە ڕۆشندەکاتەوە و هەم جیاوازییەکانیان نیشاندەدات. مارکس دەنوسێت: "بەڵام ئەگەر مەودا و چالاکی ڕێژەی بزاوتی کۆگیری -تمرکز- تا ئاستێکی دیاریکراو بە ئاستی فراوانبوونەوەیەکی تەواوبوو -المتحقق- لە سامانی سەرمایەداری و هەروەها بە زاڵبوونی میکانیزمی ئابووری دیاریبکرێت، ئەوا بەئەنجامگەیاندنی کۆگیری بە هیچ شێوەیەک نابەسترێتەوە بە  دابینکردنی گەشەی پۆزەتیڤ لە قەبارەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. وە جیاوازی سەرەکی ئەمەیە کە کۆگیری لە چڕبوونەوە -الترکیز- جیادەکاتەوە، چڕبوونەوە شتێک نیە جگە لە ناوێکی تری تازەکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ئاستێکی فراواندا". (کارل مارکس -کاپیتاڵ- بەرگی یەکەم /بەشی ٢٣/لا٧٧١/ عەرەبی- و:فالح عەبدولجەبار/ دار الفارابی-بەیروت/ چاپی یەکەم ٢٠١٣)

ئاڕاستەی یەکەم: پاش ئەم کورتە باسەی سەرەوە، دێینە سەر باسی –کۆگیری، تمرکز- و وەڵامێکی ورد دەدەینەوە لە سەر بە کردەوە پیادەکردنی ئەم ئاڕاستەیە لە بازاڕ لە نێوان کۆمپانیا گەورەکاندا. سەرنجێکی کورت لەسەر ئەم پێنج پۆینتە کورتەی خوارەوە ئاستێک لە کێبەرکێ، وە لەوە گرینگتر ئاستێک لە مۆنۆپۆڵی بازاڕمان بۆ دیاریدەکات، لە ڕێگەی دەست بەسەرا گرتن و یەکگرتووبوونەوەی کۆمپانیاکان لە ئاستی بازاڕی جیهانیدا. وە لە کۆتایی هەر پۆینتێکدا بەستەری لینکەکەیم داناوە، بۆ ئەوەی ئەگەر خوێنەر بیەوێت بەئاسانی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ئامار و گرێبەستەکان. دیارە لەم پێنج پۆینتەدا من جگە لە گوێزانەوەی ئامارەکان باسەکەیم وەرنەگێڕاوە بەڵکو بەو جۆرە دامڕشتووە کە ڕۆشن و ئاسان بگاتە خوێنەر. پێنج نمونەکەی خوارەوە باسە لە ئاڕاستەی مۆنۆپۆڵی -پاوانکردن- بازاڕ لە وڵاتێکدا یان لە ئاستی جیهانیدا. باسە لە کۆگیری -تمرکز- سەرمایە واتە یەکگرتنی دوو یان چەند کۆمپانیایەک، یان دەست بەسەراگرتنی کۆمپانیایەک یان  چەند کۆمپانیایەک کە  هەمان کاڵا بەرهەم بهێنن یان پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هەمان کاڵا بە بە پڕۆسەی فڕۆشتنەوە لە بازار تەواوبکەن، یان کاڵای نزیک بە کۆمپانیای کڕیار بەرهەمبهێنن. بەم پێیە لە چوارچێوەی بازاڕی سەرمایەدا دەبینین هەم کێبەرکێ و ململانێ هەیە و بەردەوامە وە هەم مۆنۆپۆل -ئیحتیکار- هەیە و بەردەوامە، هەم مۆنۆپۆل دەبێتە ئەنجام وە هەم دەبێتە هۆکار وە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.

لە سەرەتاوە دەمەوێ ئاماژەیەکی کورت بکەم بەوەی کە ساڵی ڕابوردوو ٢٠٢١، گەورەترین گرێبەستی یەکگرتن و دەستبەسەراگرتن ئەنجامدراوە لە مێژووی سەرمایەداریدا. کۆی گرێبەستەکانی ساڵی ڕابوردوو لە ئاستی جیهاندا، تەنها لەو ڕێکەوتنە ئاشکراو و دیار و فەرمیانەدا کە ڕاگەیەنراون و ئاماری فەرمیان لە بەردەستدایە، گەیشتۆتە ٥،٨٠٠ تریلیۆن، واتە پێنج هەزار و هەشت سەد ملیار دۆلاری ئەمریکی -کە پۆینتی پێنجەمی ئێمەی تێدا نیە-. بەم پێیە قەبارەی گرێبەستەکان لەو بڕە پارەیە زۆر زیاترە. ئەم قەبارە گەورە فەرمیە ڕاگەیەنراوە، بەرزبوونەوەی لە ٦٤٪ی تۆمار کرد بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ڕابوردوودا، کە ڕێژەیەکی هێجگار گەورەیە. لە کۆی ئەو گرێبەستانە ٢،٥ تریلیۆن دۆلاری لە ئەمریکا ئەنجامدراوە(www.alkhaleej.ae). سەڕەرای ئەوەی کە یاسای دژی مۆنۆپۆڵكردن لە ئەمریکادا ساڵی پار بڕیاری لەسەر درا. قەبارەیەکی وا گەورە واتە٥،٨٠٠ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە کاتێکدا زۆر ڕۆشن دەردەکەوێت کە بەراوردی بکەین لە گەڵ کۆی بەرهەمی لۆکەڵی ساڵانەی ئەمریکا -(GDP) Gross domestic product- الناتج المحلی الاجمالی- بەپێی ئاماری ساڵی٢٠٢٠(٢٠،٨٩٣،٧٤٦،٠٠ ) بیست تریلیۆن و هەشت سەدو نەوەد و سێ ملیار و حەوت سەد و چل و شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی یە.( پێگەی بانکی جیهانی).https://data.worldbank.org/indicator/NY.GDP.MKTP.CD?locations=US  

یەکەم: کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری پاسفیک کەندی "-CP-”Canadian Pacific Railway Limite گرێبەستی لەگەل کۆمپانیای شاری کانساسی باشور ” Kansas City Southern-KCS ” ئەنجامداوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١دا، بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی نێوانیان، پاسفیک کەنەدی  دەستدەگرێت -استحواذ، acquisition- بەسەر  کۆمپانیای کانساسدا، لە گریبەستێکدا کە بە پشک و دراوی نەختینە خەملێندراوە و جێبەجێکراوە بە بڕی ٢٩ملیار دۆلاری ئەمریکی. بەهۆی ئەم گرێبەستەی نێوان ئەم دوو کۆمپانیایەوە، کۆمپانیای تازە دەبێتە خاوەنی تۆڕێکی گەورەتری  هێڵەکانی شەمەندەفەر، و بۆ یەکەمجار هەر سێ وڵاتی کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک دەبەستێت بەیەک تۆڕی هێڵەکانی شەمەندەفەرەوە. ناوی کۆمپانیاکە لە دێسمبەری ٢٠٢١ وە بوو بە Canadian Pacific Kansas City Limited. پاش ئەوەی کە کۆمپانیا گەورەکە دەست بەسەر بچووکەدا دەگرێت، درێژی هێلی شەمەندەفەری کۆمپانیای تازە واتە کەنەدا پاسفیک کانساس سیتی دەبێت بە ٢٥،٦٠٠ کم، کە پێشتر کۆمپانیای کەنەدا پاسفیک خاوەنی ٢٠،١٠٠کم بووە. 

https://www.businesswire.com/news/home/20210321005013/en/

 

دووەم: کۆمپانیای ڕۆجەری پەیوەندی تەلەفۆنی کەنەدی Rogers Communications Inc گرێبەستێکی واژۆکردووە بۆ یەکگرتن - دمج Merger- لەگەڵ کۆمپانیای شۆی پەیوەندی تەلەفۆنی و کەناڵی تەلەفیزیۆنی  Shaw Communications Inc  بەبڕی ٢٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی. ئەم گرێبەستە ئەگەر ڕەزامەندییە یاساییەکانی وابەست بە پەیوەندی تەلەفۆنی واژۆ بکات، دیمەنی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان و تۆڕەکانی ڕیکلام لە وڵاتدا دەگۆڕێت. بێگومان هەر دوو کۆمپانیاکە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی و تەلەفزیۆنی کێبڵ و تۆڕەکانی پەیوەندی مۆبایل وئینتەرنێتی نێو ماڵ و دامودەزگاکان پێشکەش دەکەن  لە کەنەدا. 

https://financialpost.com/telecom/rogers-to-acquire-shaw-communications-in-deal-worth-26-billion

سێهەم: کۆمپانیای خانووبەرەی ڤۆنۆڤیای ئەڵمانی Vonovia SE لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دا توانی بەتەواوی دەستبگرێت بەسەر کۆمپانیای خانووبەرەی دۆیچە ڤۆنن Deutsche Wohnen SE کە لە بازاڕی خانووبەرە و ئاپارتمانسازیدا ڕکابەری بوو. گرێبەستێک کە بەگەورەترین مامەڵەی ساڵ دادەنرێت لە ئەڵمانیا و ناوچەکەدا بەبڕی ٢٢،٣٠٠ ملیار دۆلار. دوای  ئەم پڕۆسەیە کۆمپانیای تازە وەک کۆمپانیایەکی زەبەلاح دەکاتە خاوەنی ٥٦٨،٠٠٠ ئاپارتمان. ئەم مامەڵە و گرێبەستە لە کاتێکدا بوو کە ناڕەزایەتیەکی فراوان هەبوو سەبارەت بە  مافی کرێچیەکان و نیشتەجێبوونی شایستە و گونجاو بۆیان لە شاری بەرلین و دەوروبەری دژ بە دۆیچە ڤۆنن.

 https://www.nasdaq.com/articles/vonovia-completes-takeover-of-deutsche-wohnen-2021-10-26

چوارهەم: مایکرۆسۆفت Microsoft دەستدەگرێت بەسەر کۆمپانیای نوانس دا:Nuance Corporation  کۆمپانیای گەورەی جیهانی مایکرۆسۆفت لە بواری تەکنۆلۆجیای بەرنامەی کۆمپیوتەریدا، لە مانگی ئەپڕیڵی ٢٠٢١دا دەستیگرت بەسەر کۆمپانیای نوانسدا بە بڕی ١٩،٧ ملیار دۆلار.  نوانس کۆمپانیایەکی گەورەی بواری  بەرنامەسازی کۆمپیوتەری بوو بەتایبەت لە بوارەکانی فڕۆشتنی تەکنۆلۆجیای ناسینەوەی دەنگ و پیشەسازی زیرەک و کەرتی تەندروستیدا. ئەمەش گەورەترین گرێبەستی دەستبەسەراگرتنی مایکرۆسۆفتە لە ساڵی ٢٠١٦ وە، کە ئەوکات دەستیگرت بەسەر کۆمپانیای لینکێدئینLinkedIn   بە بڕی ٢٦ ملیار دۆلار. ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزار بوو لە ئینتەرنێتدا لە بواری بزنس و پەیداکردنی کار و پێکەوە بەستنی ئەندامەکانی لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە، کە ئێستا بە شێکە لە گروپی کۆمپانیای جیهانی مایکرۆسۆفت.

https://news.microsoft.com/2021/04/12/microsoft-accelerates-industry-cloud-strategy-for-healthcare-with-the-acquisition-of-nuance 

پێنجەم:  چین زەبەلاحترین کۆمپانیای کانزا نایەبەکانی -المعادن النادرة- زەوی پێکدەهێنێت: لە ڕێگای یەکگرتووکردنی چەندین کۆمپانیای جیاوازی بەرهەمهێنانی کانزا نایەبەکانەوە، وڵاتی چین دەیەوێت کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی ئەم کانزایانە بکات. حکومەتی چین ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەی پێکهێناوە لە ڕێگای یەکگرتنی Merger چەند کۆمپانیایەکی گەورەی دەوڵەتی و تایبەت لەم بوارەدا. کۆمپانیاکانی چاینا مینی میتاڵ کۆرپ China Minmetals Corp و ئەلمنیۆم کۆرپ ئۆف چاینا  Aluminium  Corp of China  و گانزۆ ڕیەر ئێرث گروپ Ganzhou Rare Earth Group  هەرسێکیان لەگەڵ کۆمپانیا دەوڵەتیەکاندا، کۆمپانیایەکی زەبەلاحیان پێکهێناوە بە ناوی چاینا ڕیەر-ئێرثس گروپ "China Rare-Earths Group". لەم کۆمپانیا تازەیەدا بەشی حکومەت ٣١،٢١٪ و بەشی هەریەک لە سێ کۆمپانیا تایبەتەکەش کە ناومان هێناون ٢٠،٣٣٪ دەبێت. کانزا نایەبەکان بەو کانزایانە دەوترێت کە لە ١٧ توخمی جیاواز پێکهاتووە کە تایبەتمەندی کیمیایی هێجگار جیاوازیان هەیە لە کانزا و توخمەکانی دیکە لە پێکهاتەی موگناتیسی و کەهرۆکیمیایدا، ئەم توخمانە دەگرێتەوە: گادۆلینیۆم و لانسانیۆم و سیریۆم و پرۆمیسیۆم و دیسپرۆسیۆم و ئەربیۆم و ئۆرۆبیۆم و هۆلمیۆم و لۆتیتیۆم و نیودیمیۆم و پرسیودیمیۆم و سماریۆم و سکاندیۆم و تربیۆم و سۆلیۆم و ئایترۆبیۆم و ئایتریۆم....ئەم ١٧ توخمە کۆمەڵە توخمـێکی هێجگار کاریگەر و زیندوون لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی دەرمانەکانی ژێرپەنجە و مۆبایلی زیرەک و تەکنۆلۆجیای وزە نوێبووەکان -الطاقـة المتجددة- و پاڵاوگەکانی پاڵاوتنی نەوت و پیشەسازی شوشەدا بەکاردەهێنرێن. شایانی باسە ئاماژە بەوەبکرێت کە وڵاتی ئەمریکا ٨٠٪ ی پێداویستیەکانی بۆ ئەم کانزایانە لە چینەوە هاوردە دەکات کە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک ئەپڵ تا ئێستا بە توندی پشتی بە چین بەستووە بۆ دابینکردنی ئەم کانزایانە کە پێویستی پێی هەیە بۆ بەکارهێنانی لە کامێرا و بڵندگۆکانی کۆمپیوتەر و ئایفۆندا. بە جیا لە پێویستی ئەم کانزایە لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی و پاتریەکانیدا و چەندین بواری دیکەی پیشەسازی و تەکنۆلۆجیای زیرەکدا.

https://www.asharqbusiness.com/article/30436

ئەگەر سەرنجێک بدەین لە چوار پۆینتی یەکەمی گرێبەستەکانی سەرەوە، کە لە ١٠ گەورەترین گرێبەستەکانی جیهانن لە ساڵی ڕابووردوودا، دەبینین کە کۆی سەرمایەی گشتی زیاتر کۆگیر دەکات، ئەمە ئەگەر واز لە پۆینتی پێنجەم بهێنین کە یەکگرتنەوەیەکی هێجگار گەورەیە، بەڵام لە چوارچێوەی دەست بەسەراگرتن و یەکگرتنەوەی کۆمپانیا جیهانیەکاندا بە فەرمی باس ناکرێت، پێدەچێت لە ڕوانگەی بورجوازی ڕۆژئاواییەوە، وەک سیاسەتێکی ئابوری حکومەتی چین سەرنج بدرێت و بەم پێیەش لە چوارچێوەی بازاڕدا، مامەڵەی لەگەڵ نەکەن. لە ڕوانگەی ئێمەوە بوونی دەوڵەت و سەرمایەی دەوڵەتی لەم پڕۆسەیەدا لەباری ئابورییەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. بەم پێیە لە هەر پێنج پۆینتەکەدا دەبینین کە کۆی سەرمایەی گشتی و کۆمەڵایەتی زیاتر کۆگیر دەکات و تاک سەرمایەدارەکان کەمتر دەکاتەوە، و ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری بکەین دوو سەرمایەدار یان زیاتر دەکاتە یەک سەرمایەدار، وەک ئەنجامێکی پێکەوە گرێدانی سەرمایەی دوو کۆمپانیا یان زیاتر و بە قەولی مارکس "ئاڵوگۆڕە لە دابەشکردنی سەرمایەیەکدا کە خۆی بوونی هەیە". جا وەک ئەنجامی ئەم پڕۆسەیە هیچ جیاوازییەکی نیە ئەگەر گرێبەستەکە لە ڕێگای یەکگرتنەوە یان دەستبەسەراگرتنەوە بێت، بەڵکو لە هەردوو بارەکەدا سەرمایەیەکی گەورەتر و کۆمپانیایەکی گەورەتر دەبینین، بەڵام لە ئاستی کۆی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا لۆکەڵی یان جیهانی ئاڵوگۆڕێکی دیاریکراو و تایبەت لە بارەی قەبارەی سەرمایەوە ڕەچاو ناکەین، چونکە هەردوو سەرمایەکە هەبووە، بەڵام ئێستا کۆکراوەتەوە لەدەستی یەک کەسدا یان کۆمپانیاکەدا. بەڵام بۆ خاوەنی کۆمپانیای تازە یان کۆمپانیای تازە کە ئەنجامی یەکانگیربوونی دوو کۆمپانیاکەیە، زۆر جیاوازی دێتە ئاراوە، لە سەرمایەیەکی گەورەترەوە بگرە تا دەگاتە زیاتر کۆنتڕۆڵی بازاڕ و وکەمکردنەوەی ئەوانەی کە ململانێی لەگەڵ دەکەن لە بازاڕدا و دواتر دەتوانێت مۆنۆپۆلی بازاڕێکی گەورەتر بکات. دەبینین کە لەڕێگای کێبەرکێوە دەگەینە مۆنۆپۆل وەک مایکرۆسۆفت خۆی گەورەترین کۆمپانیای بەرنامەی کۆمپیوتەری جیهانیە و مۆنۆپۆلی بەشێکی گەورەی بازاڕی جیهانی کردووە، وەک گۆگڵە و فەیسبووک و ئەمازۆن و هواوی و چەندانی تر کە هەریەکەیان مۆنۆپۆلی بەشێکی زۆری بازاڕی جیهانیان کردووە لە کەرتەکانی بەرهەمهێنانی خۆیاندا. بەڵام هەمان ئاڕاستەی بەدیهێنانی مۆنۆپوڵ لەگەڵ خۆیدا کێبەرکێ دروست دەکاتەوە. هەر ئێستا ئێمە شاهیدی ئەوەین کە لە بەرانبەر هەریەک لە ئەمەزۆن و ئەپڵ و سامسۆنگ و هواوی و تویتەردا پێگە و کۆمپانیای تازە پێکهاتوون لە هەمان کەرتی پیشەسازی زیرەکدا... لەبەرانبەر ئەپلی ئەمریکیدا لێنۆڤا Lenova یان Asus ی وڵاتی چین دەبینین، یان لەبەرانبەر ئەمازۆندا ئەلی بابای چین دەبینین وە لە بەرانبەر ئایفۆندا هواوی دەبینین... لەبەرانبەر ڤۆگسواگۆنی ئەڵمانیدا، تیۆتای یابانی دەبینین وە ئێستا کێبەرکێکە لەم بوارەدا گواستراوەتەوە بۆ ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی نێوان کۆمپانیا چینی و یابانی و ئەمریکی و ئەڵمانی و هیندییەکان.... دەتوانین لەمبارەوە زیاتر ڕۆشنکردنەوە بدەین، بەڵام بۆ ئاڕاستەی مۆنۆپۆڵکردن لەم چاوپێکەوتنەدا ئەوەندە کافیە و باسەکە لە پێنج نموونەکەی سەرەوەدا ڕۆشن بۆتەوە. کەواتە ئاڕاستەیەکی ئەم سەردەمەی سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی بازاڕە، کە خودی پڕۆسەی گەشەی سەرمایە و دووبارە تازەکردنەوەی بەرهەمهێنانی لە ئاستی ماکرۆدا کێبەرکێ دەهێنێتەوە مەیدان. سێرکڵێک تا مانەوەی سیستمی سەرمایەداری بەردەوام دەبێت. ئەم ئاڕاستەیە سروشتی خودی سیستمی سەرمایەدارییە و لەگەڵ پەیدابوونی سەرمایەداریدا وەک سیستمێک و تا ئێستا لەگەڵ بۆگەنبوونی و گیانەڵای سیستمەکەدا بەهەمان شێوە و ناوەڕۆکەوە ئاڕاستەی مۆنۆپۆڵ دەبینین. بەڵام دیارە بە قەبارەی گەورەتر و لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا. لەهەمانکاتدا مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕ لە ڕێگای کۆگیرییەوە پڕۆسەی کەڵەکەی سەرمایە هێجگار خێرا دەکاتەوە، لەچاو پرۆسەی ئاسایی ئابوری تازەکردنەوەی بەرهەمهێناندا کە کاتێکی زۆر زیاتری پێویستە و کەڵەکەیەکی سەرمایەی کەمتریش دەکات. پڕۆسەی کۆگیری گرێبەستێکە ئەگەر چاو بپۆشین لە ڕێکارە یاساییەکانی ئەوا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تەواو دەبێت و بەم پێیە کەڵەکەی سەرمایە ڕاستەوخۆ مسۆگەر دەکات و بەتایبەت لەم قۆناغەدا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پشک و بۆندەکانی کۆمپانیای تازە لە بۆرسەکاندا، بەبێ بڕینی پڕۆسەی درێژخایەنی تازەکردنەوەی بەرهەمهێنان و دووبارە فراونبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ڕێگای زیادکردنی کۆی سەرمایەی وەبەرهاتووە بەهۆی خستنە سەری زێدەباییەوە، کە دیارە دواتر لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا هەمان پڕۆسە دەبڕێتەوە بە گوڕوتینێکی زیاتر و ململانێیەکی کەمترەوە. ڕۆشنە کە هەموو پرۆسەیەکی کۆگیری بە جیا لەوەی بزاوتی مۆنۆپۆڵ بەهێز دەکات، لە هەمانکاتدا هێزی کار دەکاتە دەرەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بەناچار لەهەر گرێبەستێکدا ژمارەیەکی گەورە لە پڕۆلیتاریا بێکار دەکرێن، سوپای گەورەی بێکاران پێبەپێ گەورەتر دەکات. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە، کۆگیری دەبێتە هۆی دەرکردنی هەرچی زیاتری کرێکاران بەهۆی خێراکردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ پێدان لە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایەدا، لە ڕێگای زیادبوونی بەشی سەرمایەی نەگۆڕەوە، واتە ئەو بەشەی خەرج دەکرێت بۆ ئامێرەکان و خانووبەرە و ژێرخانەکانی لۆجیستیکاو... لە چاو بەشی سەرمایەی گۆڕاوەوە، واتە ئەو بەشەی کە خەرج دەکرێت بۆ کڕینی هێزی کاری پڕۆلیتاریا، بەتایبەت لە هەلومەرجی پێشکەوتنی تەکنیکی ئەمڕۆدا بەهۆی تەکنۆلۆجیای زیرەک و بەکارهێنانی ڕۆبۆت و ئۆتۆمۆبیلی خودەڕە و  تۆڕە تازەکانی ئینتەرنێتەوە G5، بەشی سەرمایەی نەگۆڕ هێجگار گەورەتر بووە لە چاو بەشی سەرمایەی گۆڕاودا. سەبارەت بە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی سەرمایەکان و ئاڕاستەی کۆگیری  مارکس دەنوسێت: "بێگومان ئەنجامێكی ئەو پڕۆسەیە دابەزینی خواستی ڕەهای هەلی کارە، وە ئەو دابەزینە گەورەتر دەبێت بە پێیی فراوانی بواری پڕۆسەی یەکگرتنەوە کە خۆی ئەنجامی  بزاوتی کۆگیرییە لە نێوان سەرمایەکاندا کە بە پڕۆسەی نوێبوونەوەدا دەڕۆن." ( مارکس /هەمان سەرچاو- لا: ٧٧٣).ئەم بەشەی کۆگیری کە باسمانکردووە، ڕێگایەکی ئابوریی سروشتیە بۆ مۆنۆپۆڵ بەڵام لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا و بەتایبەت لەم هەلومەرجە تێپەڕە جیهانیەدا، زۆرداری سیاسی و ئابڵوقەی ئابوری و جەنگەکان ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن لەم بوارەدا، ڕۆلێک کە هاوتای یاسا سروشتیە ئابورییەکانی سەرمایە نیە بەڵام تەواوکەرێکی حاشاهەڵنەگریەتی -لێرەدا جێگای باسی من نیە-. بەڵام جەنگ پێداویستیەکی حاشاهەڵنەگری سەرمایەداری و سیستمەکەیەتی.

ئاڕاستەی دووەم: وەک لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئاڕاستەی چڕبوونەوەیە -الترکیز Concentration - : ئەم ئاڕاستەیە، هەروەک لە سەرەوە کەمێ ئاماژەمان پێداوە، لە هەر سەردەمێکی قۆناغی سەرمایەداریدا، زەمینەی خۆی هەیە، زەمینەی زانستی وەک ژێرخانێک بۆ فراوانبوونەوە و تازەکردنەوەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لە ئاستی ماکرۆدا. ئاستێک لەم قۆناغەی گەشەی زانست و تەکنۆلۆژیای زیرەک و  بەکارهێنانی بە کردەوەی ئەم زانستە لە ڕشتە جیاوازەکانی پیشەسازیدا دەبێتە هۆی گۆڕینی کۆی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان -وسائل الانتاج- و بەم پێیە دەبێتە هۆی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە هەمان چوارچێوەدا. هۆکارەکانی بەرهەمهێنان هەر لە باری فۆرمەوە ناگۆڕین، بەڵکو لەباری چۆنایەتیشەوە دەگۆڕێن. ئاڵوگۆڕەکە تەنها ئاڵوگۆڕیک نیە بۆنمونە لە قەبارەی مەکینەی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان، بچوکتر ببنەوە یان گەورەتر، بەڵکو لەم سەردەمەدا ئاڵوگۆرەکە کۆی زەمینەی دامەزراندنەوە و ڕێکخستنەوەی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان لە قۆناغێکەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی تازە وئەمجارە لە ئاستی جیهانیدا. کۆنتڕۆلکردنی کۆی ئامێرەکانی ماڵەوە بە ئۆتۆمۆبیلی شەخسیشەوە لە ڕێگای مۆبایلەوە هەر گۆڕینی فۆرم نیە، بەڵکو گۆڕینی کۆی هەلومەرجی ژیانی نەوەی ئێمەش دەبێت. گۆڕینێکی چۆنایەتییە نەک تەنها لە هۆکارەکانی بەرهەمهێناندا، بەڵکو ئاڵوگۆڕ  دەهێنێت بەسەر هەڵسوکەوت و نەریتی ژیانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی کاروباری کارگوزاری لە کۆمەڵگەدا و بەم پێیە تەکنۆلۆجیای زیرەک بازدانێک دەهێنێت بەسەر چەک و چوونە پێشەوەی جەنگەکان و پاراستنی ئەمنیەت لە ئاستی جیهانیدا، وە دیارە شۆڕشێک پێکدەهێنێت لە پەیوەند بە خێرایی گواستنەوە و  گەیاندنەوە هەروەها شۆڕش لە بواری بەهێزکردنی توانایی زەوی بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و هەمەجۆرکردنی فراوانی لە ڕێگای موتوربە و گۆڕێنی جینەکان و گەشەی ئاودێری و پیشەسازی خواردن دەباتە ئاستێکی ترسناکی زۆر لە خۆراکی سروشتیەوە.   

ڕۆشنە کە چڕبوونەوە لە هەلومەرجی یان قۆناغی پێشوتردا لە بوار و کەرتی دیکەی بەرهەمهێناندا ڕوویانداوە، کە ئەمڕۆ ئەو بوارانە بەسەر چوون یان کۆن بوون و توانای کەڵەکەی زیاتری سەرمایەیان نەماوە. بۆ نموونە پێش ساڵی ١٩٩٠ ئێمە لەگەڵ تۆڕەکانی هێڵی کێبڵی زەوی ئاشنا بووین، کە بەهۆیەوە تەلەفۆنی جێگیرمان بەکاردەهێنا -Landline- بەڵام لە سەرەتای نەوەدەکانەوە ئاڵوگۆڕێکی گەورە هەم لە بەکارهێنانی مۆبایل وهەم تۆڕەکانی ئینتەرنێت هاتەدی کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٠وە تۆڕەکانی ئەربانت لە نێو ئەمریکادا بەکارهێنرا. دواتر جیهانی بوونەوە و ساڵ بەساڵ گەشەیەکی زیاتری دەکرد، یەک لە دوای یەک تۆڕەکانی G1 و  G2 و تا دەیەی دوووەمی سەدەی ٢١، تا ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەوەی ئێمە یان زۆبەی دانیشتوانی جیهان، تۆڕی ئینتەرنێتی G4 یان بەشێکی تری تا ئێستا تۆڕەکانیG3  و تەنانەت G2 بەکاردەهێنن. ئەو سەردەمە تەکنۆلۆجیای تۆڕەکانی ئینتەرنێت چڕبوونەوەی سەرمایەی لە ئاستی جیهانیدا پێکهێنا کە لەسەرەتاوە  زیاتر ئەمریکا و کۆمپانیاکانی کەڵەکەی سەرمایەیان لەسەر کردوو، بوارێکی فراوانی کردەوە بۆبەشەکانی دیکەی بەرهەمهێنان لە پیشەسازی کۆمپیوتەوەرە بگرە تا دەگاتە پیشەسازی مۆبایل و دابینکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی ماڵان و کەناڵە ئاسمانیەکان و ئامێرەکانی کارپێکردنی و پیشەسازی کانزا نایەبەکان و توێژاڵە ئەلکترۆنیەکان و ئەنتێنەکان .... کەواتە ئەو تۆڕە ئینتەرنێتیانە بوونە هۆی خستنەوەی نەوەی نوێ و کەرتی تازەی پیشەسازی کە کەڵەکەیەکی هێجگار گەورەی سەرمایەیان بەدیهێنا لەو سەردەمەدا. بەڵام لەم دووساڵەی دواییەوە G5 خەریکە هێواش هێواش جێگای تۆڕەکانی پێشووی خۆی دەگرێتەوە. G5 تەنها لەباری توانا و ئاستی خێرایی و کوالیتیەوە جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوانی تردا، بەڵکو لەباری چۆنایەتیشەوە جیاوازی گەورەی هەیە و پێی دەوتریت ئیتەرنێتی شتەکان، و بۆ یەکەمجارە پەیوەندی نێوان مۆبایل و ئینسان دەبێتە پەیوەندی نێوان کۆی ئامێرەکان و ئینسان، واتە کۆنترۆڵکردنی کۆی ئامێرەکانی ماڵەوە بە مۆبایلەوە لە ڕێگای تۆڕی ئینتەرنێتی شتەکاتەوە کە بە تۆڕی G5 ناسراوە، هەروەها کۆی ئامێرەکانی پەیوەندیگرتن پێکەوە M2M، بۆ نمونە هەموو ئۆتۆمۆبیل و بارهەڵگرە خودڕەوەکان لە سەر شەقامەکان و کاتێک کە نزیکن لە یەکەوە. کەواتە تۆڕی تازە پێویستی بە ژێرخانی تازە هەیە بۆ فەراهەمکردنی، وە ئەم ژێرخانە تازەیەیە پڕۆسێسی چڕبوونەوەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی فراوانی کۆمەڵایەتی جارێکی دیکە تازە و مسۆگەر دەکاتەوە و بەم پێیەش کەڵەکەی زیاتر ئەنجامدەدات. ئەوەندەی بگەڕێتەوە بە نێو ماڵەوە، پێویستی بەوە هەیە کە هەموو ئامێرەکانی ماڵەوە لە ئامێری جل شتنەوە تا دەگەتە قاپ شتن و تا گسکی کارەبایی و تەلەفزیۆن  و مایکرۆیڤ و ئۆتۆمۆبیل و تەباخی ماڵەوە و بەفرگر و ئامێری قاوە دروستکردن و.... هەمویان بە شێوەیەکی دیکە و  بەپێی زەمینەی تەکنۆلۆجیای زیرەک دروست بکرێن و بەجۆریک لەگەڵ پێداویستی تەکنیکی تۆڕەکانی G5 دا بێنەوە و کاریان پێبکرێت و لە ڕێگای مۆبایلەوە کۆنتڕۆل بکرێن. چونکە ئامێرەکانی ئێستا هەرچەند جوان و کواڵیتی بەرزیشیان هەبێت، بەڵام زەمینەی تەکنۆلۆجیای پەیوەندی گرتنیان نیە بە تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە، جگە لەو ئامێرانەی کە بە بلوتوز پەیوەندی دەگرن. کەواتە چڕبوونەوە، بوارێکی هێجگار گەورەی پیشەسازی دەکاتەوە کە دەتوانین بڵێین کۆی پیشەسازی تازە دەگرێتەوە و نەوە و کەرتی نوێی پیشەسازی تازە دەخاتەوە، نەک کۆکردنەوە و یەکگرتووبوونی پیشەسازی بێت لە نێوان دوو کۆمپانیای هەمان ڕشتە یان چەند ڕشتەیەکدا وەک لە پڕۆسەی کۆگیری - centralisation تمرکز- دا دەیبینین و لە سەرەوە بەڕۆشنی ئاماژەمان پێکرد. ئەوەش هۆی سەرەکیە بۆ ئەو ململانێ توندەی کە لەنێوان وڵاتی چین و ئەمریکادا هەیە لە پەیوەند بە دابینکردنی تۆڕەکانی G5 وە لە ئاستی جیهانیدا، لە ڕاستیدا ئەم ململانێ ئابورییە کە لەژێر ناوی -ترسی ئەمنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت- دا کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە، یەكێکە لە تەوەرە هەرە سەرەکیەکانی ململانێی توندی جیۆسیاسی نێوانیان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. سەرمایە  وسیستمەکەی لە ڕوانگەی کەڵەکەی زیاترەوە، دەڕوانێتە چڕبوونەوە و ئاڕاستەکەی و لەم ڕێگایەوە نەک تەنها قازانج وکەڵەکەی زیاتر بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو لە هەمانکاتدا خۆشی تازە دەکاتەوە و وانیشان دەدات کە خزمەتی کۆمەڵگەی بەشەری ئەرکی ئەوە، هەر بۆیە دەبینین کە پڕوپاگەندە و ڕیکلامەکانیشی تازە دەبنەوە وەک لە پەیوەند بە ئاڵوگۆری هەوا و مەسەلەکانی پەیوەست بە ژینگە و بەکارهێنانی وزەی پاکەوە دەبیستین و دەبینین.

مانای بە کردەوەی چربووەنەوە -الترکیز-، واتە جێبەجێبوونەکەی بەو شێوەیەیە کە لە بەڵگەنامەکەدا بەکورتی ئاماژەمان پێداوە و نوسیومانە "گەشەپێدانی بنەماکانی ئاسایشی سیبریانی، شارە زیرەکەکان، ئینتەرنێتی شتەکان، کۆمپیوتەر، تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمۆبیلی زیرەک و خودڕەو و ئەندازیاری لە بواری ڕۆبۆت و چیپە ئەلکترۆنیەکان و کاڵا سەرەکیەکان بۆ بەرهەمهێنان -نیمچە گەیەنەرەکان- و بازرگانی ئەلەکترۆنی..." بەڵام هەموو ئەو بوارانە هێشتا ڕێژەیەکی کەمە لە بواری وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی زیرەکدا. بۆ نمونە ئەگەر تەنها باسی وەبەرهێنان بکەین لەئینتەرنێتی شتەکاندا، بۆ خۆی کەرتێکی هێجگار گەورە و فراوانە کە ئەگەر نەریتی ژیانی نەوەی ئێمە نەگۆڕێت ئەوە بەدڵنیایەوە کۆی نەریتی ژیانی ڕۆژانەی نەوەی دوای ئێمە دەگۆڕێت. لەمبارەوە باسەکەمان زیاتر درێژە پێدەدەین.

بە پێی پێگەی ئەلکترۆنی کۆمپانیای هواوی کە بۆ زانیارییەکانی ئەم بەشەی خوارەوە سودم لێوەرگرتووە. هواوی پێنج بواری سەرەکی دیاریکردووە بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی  G5. کە بەم شێوەیەیە، یەکەم: کواڵیتی بەرزی پەیوەندگرتن بە دەنگ لە ڕێگای واتساب WhatsAPP و سكايب  Skypeو زوومZoom  و  گوگڵ ڤۆیسەوەGoogle Voice ،  هەم لە ڕووی زۆر ڕۆشنبوونی دەنگ و هەروەها گواستنەوەی وێنە ڤیدیۆییەکان بە ڕۆشنی تەواو و بێ پچڕان و بێگومان  بە خێراییەکی زۆرەوە. دووەم: توانایی زیاتر: ئەم تۆڕە واتە G5 یەکەمین تۆڕی ئینتەرنێتە کە بە تۆڕی پەیوەندی گرتنی نێوان ئامێرەکانەوە دەناسرێتەوە Machine to Machine  بۆیە ئەم تۆڕانە تایبەتمەندی دیاریکراویان هەیە کە بە" mMTC "- Massive Machine-Type Communication - ناسراوە و دەتوانێت لە چوارچێوەی یان ڕووبەری کیلۆمەترێک چوارگۆشەدا یەک ملیۆن ئامێر پێکەوە ببەستێتەوە بە تۆڕەکەوە و لە هەمانکاتدا بە کواڵێتی بەرزی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆ و چونە نێو واقعی ئیفترازیەوە پەیوەندییەکانی ئەنجام بدات، ئەم توانایەشە کە زەمینەی ئینتەرنێتی شتەکان دەخوڵقێنێت. سێهەم: گەشەی ئۆتۆمۆبیلە خودڕەوەکان: ئەم تۆڕانە پشتیوانەی ئەو پەیوەندییانە دەکات کە ناسراون بە  URLLC Ultra-reliable low-latency communication و مانای خێرایەکی زیاتر و دڵنیاییەکی زیاتریش، کە ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکان و دەیکاتە ڕاستیەکی دابینکراو. ئەم سیمای خێرایی و دڵنیاییە وا دەکات کە ئۆتۆمۆبیل و بارهەڵگرەکان هەمیشە ئاگاداربن لە ڕێگاو بان و ئاستی خێراییان و دیاریکردنی شوێنەکەیان. لەوانە گرینگتر بەهۆی تەکنۆلۆجیای ناسراو بە cellular vehicle-to-everything   -CV2X- ئۆتۆمۆبیل و بارهەڵگرەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەیوەند دەبن بەیەکەوە، هەروەها لەگەڵ ئامێرەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە یان شەقامەدا پەیوەند دەبن بە یەکەوە، ئەمە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو بارەی کە پێیدەوترێت Platooning))  کە مانای ئەوەیە ژمارەیەک بارهەڵگر پێکەوە دەتوانن بە سەلامەتی و خێراییەکی زۆرەوە بڕۆن کە دەبێتە هۆی باشترکردنی جوڵانەوەی هاتوچۆو -حرکة المرور- و باشتر بەکارهێنانی وزە -سوتەمەنی-. چوارهەم: بڵاوکرنەوەی تێکستە نامەکان Cell Broadcast: ناردنی نامە کورتەکان بۆ هەموو مۆبایلەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە کەشی هاتووچۆو و ئاووهەواو وقەرەباڵغی و گریمانەی ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکان و ئاگادارکردنەوەی خاوەن مۆبایلەکان لە شوێنە نزیکەکانی وەک بانک و خەستەخانە. کۆمپانیای AT&T لە ڕێگای تۆڕی تازەوە  خەریکی بەرزکردنەوەی کوالێتی ئەم تێکستە نامانەیە. پێنجەم: زیانەکانی تۆڕی G5: دیارترین لایەنی نەگەتیڤی ئەم تۆڕە لەوانەیە لایەنی تەندروستی بێت و بەتایبەت لە ڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەوە کە لەوانەیە تووشی مرۆڤی بکات، بەهۆی دانانی ژمارەیەکی زۆری ئەنتێنەوە  Antennas لە شارەکاندا بۆ دابینکردن و کارکردنی تۆڕەکان. لەوانەیە کە نادڵنیایەکی زۆر هەبێت سەبارەت بە بەرکەوتەیەکی زیاتری بوارەکانی کەهرۆموگناتیسی شەپۆلە ڕادیۆییەکان RF-EMFلەچاو چوار تۆڕەکەی پێشوودا.(https://consumer.huawei.com/eg/community/details ). بەپێی خەمڵاندنی تۆڕی ئەلیکترۆنی CNN تاکو ساڵی ٢٠٣٠ دەستکەوت یان قازانجی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بەتەنها واتە کەرتی دابینکردنی تۆڕەکان دەگاتە هەشت تریلیۆن دۆلار. (سەیری پاشکۆکە بکە لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا.)

ئەگەر سەرنجی بەکاربردنەکانی تۆڕەکانی G5 بدەین لە سەرەوە بە پێی تیڕوانینی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، لە ڕووی ئابورییەوە، دەبینین کە بوارێکی هێجگار فراوان دەکاتەوە بۆ بەرهەمهێنانی تازە و فراوانی چەندین کەرت و پیشەسازی تر. بە کورتی یەکەم: بەرهەمهێنانی مۆبایلی تازە کە زەمینەی وەرگرتنی تۆڕەکانی نەوەی پێنجی تێدابێت وئەمکارە دەستیپێکردووە لە مۆبایلە زیرەکەکانی  دوو ساڵی ڕابووردوودا فەراهەمکراوە بەڵام لە ئاستی جیهانیدا هێشتا زۆری ماوە. بەڵام مۆبایلی تازە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە پێ بەپێ گەشەی تۆڕەکە، ئەمەش بوارێکی فراوان دەکاتەوە لە پیشەسازی کانزا نایەبەکانەوە بگرە تا دەگاتە توێژاڵە ئەلکترۆنیەکان و چاویلکەکانی جیهانی ئیفترازی و.... بەڵام ئەوە تەنها بوارێکە و مەیدانێکە کە قەبارەیەکی گەورەی سەرمایەی پێویستە .دووەم: پیشەسازی ئۆتۆمۆبێل و پاس و بارهەڵگر و شەمەندەفەر و مێترۆ خود ڕەوەکان وتەنانەت فرۆکە مەدەنی وکەشتیە بارهەڵگر و گەشتوگوازییە خودڕەوەکان کە جیهانێکی گەورەی پیشەسازی دەهێنێتە کایەوە، کە ئێستا سەرەتاکەی دەستیپێکردووە. سێهەم: دروستکردنی ئەنتێنەکان بە ژمارەی پێویست و بۆ هەموو جیهان کە کانزاکانی زیو و ئەلمنیۆم ومس تیایدا بەکاردەهێنریت، بەڵام  لە ئەنتێنە هێجگار بچووکەکاندا ئەو مادانە بەکار ناهێنرێن بەڵکو لەوحە پلاستیکیە هێجگار بچووکەکان کە بەزاخاوی مادەی " NBC2" داپۆشراوە بەکاردێت، بۆ ئەوەی کە ئەنتێنی هێجگار بچووک بە ژێی -قطر-   885 نانۆ مەتر دروست بکەن، ئەمانە و بەجیا لە ئامێرەکانی گەیاندن و ستونەکانی دامەزراندنیان. ئامێرەکانی ئەنتێن هەم بەقەبارەی جیاواز هەیە و هەم جۆری زۆر جیاوازی هەیە بەپێی بەکارهاتنەکەی دەگۆڕێت. ئەنتێن ئامێرێکە کە شەپۆلە کارەباییەکان دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی کەهرۆموگناتیسی و شەپۆلە کەهرۆموگناتیسیەکان دەکاتەوە بە کارەبایی و وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە پەیوەندیگرتنی لاسلکیدا بەکاردەهێنرێت و بەهۆیەوە دەتوانرێت پەیوەندی بگیرێت بە شەپۆلە ڕادیۆییەکانەوە. چوارهەم: شارە زیرەکەکان: شارە زیرەکەکان پێویستیان بە ژێرخانێکی جیاوازتر هەیە لەوەی کە ئێستا هەیە، هەم دانانی کامێراکان و توێژاڵە ئەلکترۆنیەکانی دەگۆڕیت، هەم ترافیک لایتەکانی هاتووچۆو پیشەسازی گڵۆپەکانی و دانانی توێژاڵی ئەلکترۆنی تیایاندا و هەم سیستمی وەرگرتنی وزەی کارەبایی تۆڕی هێڵەکانی شەمەندەفەر و میترۆ ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت. پێنجەم: پیشەسازی تەواوی ئامێرەکانی ناوماڵ لە بەفرهەڵگر و ساردکەرەوەوە بگرە تا دەگاتە ئامێرەکانی جل شتن و قاپ شتن ومایکرۆیڤ و گسکی کارەبایی و تەباخ و  تەلەفزیۆن .... هەموویان پێویستە بەپێی تۆڕەکانی ئینتەرنیتی تازە بە شێوەیەکی تازە بەرهەم بهێنرێنەوە. بەم شێوەیە دەبینین کە چڕبوونەوە مانای لەدایکبوونی نەوەیەکی هێجگار فراوانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی تازەیە بەهۆی تەکنۆلۆجیای زیرەکی تۆڕەکانی G5وە. ئەگەر بیهێنینە پێش چاوی خۆمان لە جیهاندا بۆ هەر یەک دانە ئامێری ناوماڵ چەند ژمارەمان پێویستە؟! ئەو کاتە قەبارەی گەورەی پیشەسازی تازە لە سەر پایەی تەکنۆلۆجیای زیرەک باشتر دەخوێنینەوە و تێیدەگەین. شەشەم: تەنانەت لە بواری زیانەکانی تۆڕەکەشدا کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردووە پیشەسازی خۆپاراستن لە تۆڕەکان دروست دەکەن، وەک چۆن ڤایرۆسی کۆمپیوتەر هەبوو، وە لە دژی ئەنتی ڤایرۆسیان دروست دەکرد. لێرەدا ئێمە ئەوە دەبینین کە کۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی فراوان و تازە دەبێتەوە، نەک کۆگیری نێوان دوو یان سێ کۆمپانیا بێت لە هەمان بەش و کەرتی پیشەسازیدا. بەڵکو لە ئاستی ماکرۆی کۆمەڵایەتی دووبارە تازەکردنەوە و فراوانبوونەوەی بەرهەمهێنان دابیندەکات، کە کۆی سیستمەکە لە بواری تەکنیکی و بەرزبوونەوەی کواڵیتی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان تازە دەکاتەوە و لێرەوە کۆی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان تازە دەکاتەوە و لە چوارچێوەیەکی تازەدا دایدەڕێژێتەوە بە قازانجی سەرمایە.  بەڵام بەرزبوونەوەی هێجگار گەورەی سەرمایەی نەگۆڕ -ئەو بەشەی تەرخاندەکرێت بۆ کڕینی مەکینەکانی بەرهەمهێنانی تازە و تەکنۆلۆجیای زیرەک و خانوبەرە و لۆجیستیکا- لە چاو سەرمایەی گۆڕاودا -کڕینی هێزی کاری پڕۆلیتاریا- لە دواجاردا دەبێتە هۆی دابەزینەوەی قازانج وکەڵەکەی سەرمایە. لە بناغەوە ئەگەر هەموو بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار لە شێوەیەکی جێگیردا سەرنج بدەین، سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا تەنها بە چەوساندنەوەی هێزی کار دەتوانێت زێدەبایی دروست بکات و دواجار قازانج بکات و سەرمایە کەڵە بکات. کەواتە خودی گەشەی بەرهەمهێنان و تەکنۆلۆجیا لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا، دەبێتە هۆی زیاتر چەوسانەوە و هەژارتر کردن و بێکارکردنی زیاتری پڕۆلیتاریا و کەمکردنەوەی مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکانی. بەشێوەیەکی گشتی تەکنۆلۆجیا لە سایەی ئەم سیستمەدا ناتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگای بەشەری بکات، مەگەر لە ئاستێکی سنورداردا کە ئەویش سەرمایە دەتوانێت قازانجی لێ بکات.

 

 کەواتە مەسەلەی چڕبوونەوە لێرەدا زۆر ڕۆشن دەبێتەوە و وەک چەمکێکی ئابوری مانایەکی فراوانی هەیە. ئەگەر لە ڕوانگەی پێچەوانەوە سەیری بکەین بۆ نمونە باسی وەبەرهێنان بکەین لە بواری نەوتدا، کە سەدەیەکە زاڵە بەسەر وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا، ئیتر ئەو توانایەی نەماوە و قازانجەکەی واتە زێدەباییەکەی لە چاو وزەی نوێبووەدا کەمترە یان کەمتر دەبێتەوە، و لە هەمانکاتدا پیشەسازی نەوت توانای ئەوەی نەماوە، کەبتوانێت کەرت و بەشی جیاوازی دیکەی وەبەرهێنان بڕەخسێنیت  و بەم پێیە نەوەی نوێی پیشەسازی بخاتەوە. ئەگەر نا  نەوت  تائێستا قەبارەیەکی هێجگار گەورە و زەبەلاحی لە ژێر زەویدایە، بەڵام چونکە توانای چڕبوونەوەی لەدەستداوە ... بۆیە هێواش هێواش بورجوازی گەورە و باڵا دەستی جیهانی دەیەوێت لە بازاڕدا تاڕادەی هەرە لاوازی بەرێت، کێکی ئەمڕۆ لە وزەی نوێبووەدا دەبینێت، هەم هەرزانتر و هەم دابینکردنی قازانجێکی زیاتر بۆ ماوەیەکی درێژ. لە جیاتی نەوت، جۆرەکانی دیکەی وزە کە پێی دەڵێن وزەی پاک یان وزەی سەوز بەرهەمبهێنن،کە ئەمەیان چەندین بواری تازەی دیکە لە بواری وەبەرهێنان و بەرهەمی تازەدا دەڕەخسێنێت. بۆ نمونە بەکارهێنانی وزەی با یان ڕەشەبا، یان بای دەریایی، پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە، بەڵام سەرمایەی گەورە کە وەبەرهێنان دەکات لەم بوارەدا، تەنها لە بواری فرۆشتنی وزەی بادا کارناکات، بەڵکو بەشی زۆری زێدەبایی دەستکەوتوو -دەرکەوتنە جیاوازەکانی قازانج- دەخاتەوە سەر سەرمایەی وەبەرهێن و بۆ نموونە لە بوارەکانی تری دابەشکردنی وزە و بەرهەمهێنانی تۆربینەکان و پیشەسازی دروستکردنی مۆتۆڕە میکانیکیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا -مولدات کهرباء- و پانکەکان، واتە نەک تەنها دووبارە تازەکردنەوەی بەرهەمهێنان دەخوڵقێنێتەوە وەک وەبەرهێنانێک کە گەشە دەکات، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر بواری تازە و کەرتی تازەی بەرهەمهێنانیش دەخوڵقێنێت. بەمجۆرە ژمارەیەک کەرت و بواری تازەی وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت و... هەروەها پێداویستیەکانی دیکەی ئەم بوارەی پیشەسازی وزە، کە تیایدا پێویستی بە زەوی و هەروەها تەکنۆلۆژیای زیرەک هەیە، هەموو پێکەوە کەرتی هێجگار جیاواز و فراوانی وەبەرهێنان دەکەنەوە... کەواتە لێرەدا چڕبوونەوەی سەرمایە بەشێوەیەکی بابەتی ڕوویداوە، بەشی زۆری قازانجی کەڵەکەبوو لە چەندین بوار و کەرتی جیاوازدا دەچێتەوە نێو پڕۆسەی وەبەرهێنانی سەرمایە، بەم شێوەیە کەڵەکەی قازانج دەگاتە ئاستی بەرز لەم کەرتەدا. بەڵام هەمان سەرمایەی گەورە لە بواری نەوتدا ناتوانێت چڕبوونەوە دووبارە بەرهەمبهێنێتەوە، بەتایبەت کە گەشەی زانست بوارێکی گەورەی کردۆتەوە بۆ سوود وەرگرتن لە وزە سروشتیەکان و بەکارهێنانیان، پاشان هەرزانتر بوونی ئەم بەرهەمە نوێبووانە لە چاو نەوت و موشەتەقاتەکانیدا، کە دواتر لە بەشی بەجیهانیکردنی ئاستی کرێدا  باسی گرینگی ئەم هەرزانبوونە دەکەین. بە جیا لەوانەش وەبەرهێنان لەم بوارەدا بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. بۆیە لە ڕوانگەی سەرمایەوە پێویستی لادانیان هەیە لە یەک دوو دەیەی داهاتوودا.

کۆی ئاڵوگۆڕە جیهانیەکان لەم قۆناغەدا و باسەکەی ئێمە لێرەدا و لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەدا پەیوەستە بە پڕۆسەی مۆنۆپۆڵی سەرمایە و چڕبوونەوەیەوە، کە لە کەشێکی ئارام و ئاسایش و ئاشتیدا ناڕواتە پێشەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی جیاواز و ململانێی توند و دڕندانە و شەڕ ئامێزانە و هێجگار ئاڵۆزی نێوان دوو گەورە سەرمایە و دوو گەورەترین  وڵاتی سەرمایەداری جیهاندا، لە نێوان  چین و ئەمەریکادا دەجوڵێت و بەرەو پێش دەچێت. بەڵام ئەم ململانێیەی نێوان ئەم دوو زلهێزە‌ی سەرمایەداری جیهانی، وەک ڕەنگدانەوەی کۆی کێشە و ململانێی تەواوی وڵاتە سەرمایەداریەکانی جیهان نیشان دەدەین، نەک دەقاودەق، هەمان شت بن، بەڵکو وەک دوو گەورەترین زلهێزی سەرمایە کە سەرمایە و وڵاتە سەرمایەدارەکانی دیکە تا ڕادەیەکی هێجگار زۆر بەرژەوەندییەکانیان دابەشبوون بەسەر ئەو دوو زلهێزەدا. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم وێنەیە ئەوە ناگەیەنێت کە لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا، بەرژەوەندی جیاواز نەبێت، بەتایبەت لەم سەردەمە تێپەرە -ئینتقالی-ی جیهانی سەرمایەداریدا، کە هەندێ وڵاتی گەورەی وەک ڕوسیا و ئەڵمانیا و هیند و فەرەنسا وبەریتانیا ئامانجیان ئەوەیە کە پێگەیەکی گەورەتر و فراوانتریان هەبێت لە سیستمی تازەی جیهانیدا، ئەمانە وێرای ئەوەی کە تا ئێستا ئەمریکا ملهوڕی دەکات و وەک پۆلیسی جیهانی نمایشی هێز دەکات و دەیەوێت لایەنی کەم وەک سەرکردەی ڕۆژئاوا بمێنێتەوە. واتە هەندێ لەم هێزانە دەیانەوێت جیهانی سەمایەداری دوو جەمسەری چین و ئەمریکا نەبێت، بەڵکو چەند جەمسەری بێت. لە هەمانکاتدا سەرەڕای ململانێی توند و شەڕ ئامێزانەی نێوان چین و ئەمریکا بەڵام لەهەمانکاتدا، لە ئاسۆیەکی ستراتیژیدا تاڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە، بەمانایەک کە زەرەری هەرلایەکیان زەرەری بەرانبەریشە، ئەم دیاردەیە لە جیهانی گلۆباڵدا وە بەتەنها لە جیهانی سەرمایەداری تەواو گلۆباڵدا هەم ڕوودەدات و هەم ئینسان دەتوانێت تێیبگات، بەتایبەت هەلومەرجی تێپەڕی ئەم قۆناغە کەمێک ئەم دیاردەیەی سەختر کردووە. بەمانایەک ئەم دوو وڵاتە هەم دژ بەیەکن هەم ستراتیژیەک یان ئاسۆیەک هەیە کە نوسراو نیە، بەڵام وەک ڕێکەوتنێکی نەنوسراو وایە کە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و تێکەڵبوونی سەرمایەکان بەرهەمیهێناوە. تێگەیشتن لە قۆناغی تێپەڕی مێژوویی کلیلی تێگەیشتی ئاڵوگۆڕە خێراو فراوانەکانی ئەم قۆناغەی جیهانی سەرمایەدارییە. کەواتە ئاڕاستەکانی سەرمایە لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی هێجگار هەستیار و  پڕ ململانێ و کێشەی توندی ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆجیدا دەچێتە پێشەوە، کە ئێمە  بۆتێگەیشتنی زیاتر لە کۆی تابلۆی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ، کورتمان کردۆتەوە لە چوارچێوەی ململانێی شەڕئامێزانەی نێوان چین وئەمریکادا. ئەم تەوەرەیە بەگشتی پێشتر لە ئەدەبیاتی ئاڕاستە و تێزەکانی یەکەمی ئاڕاستەدا بە شێوەیەکی چڕوپڕ باسکراوە.

بەو پێیەی کە جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغەدا بە هەلومەرجێکی تێپەڕی دژوار و ئاڵۆزدا دەڕوات وەک لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەمان پێداوە، کێبەرکێ و ململانێی بازرگانی و پیشەسازی وە بەتایبەت لە سەر تەکنۆلۆجیای زیرەک و بەدەستهێنانی وزەی نوێبووەی هەرزانتر و هەروەها ململانێیەکی توند هەم لە سەر کانزا نایەبەکان و هەروەها توێژاڵە  ئەلکترۆنیەکان -electronic chips، الرقائق الالکترونیة-  ئەمانە و وێڕای کۆسپەکانی کە پەتای کرۆنا خوڵقاندوونی وەک: کێشەکانی لۆجیستیکا لە بەندەرەکاندا، کە کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر نێردراو و هاوردەکردنی هەموو کاڵاکان لە ئاستی جیهانیدا واتە لە سەر خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە - The supply chain سلالات الامداد- بەهۆی کەمی کرێکار یان نەبوونی لەو شوێنانەدا، وەک ئەنجامێکی پەتای کرۆنا داخراوان یان سنوردارکراون، وە بەم پێیە کاریگەری لەسەر گرانبوونی کاڵاکان لەبازاڕی جیهانیدا، هەموو ئەمانە پێکەوە هاوکات قەیرانێکی درێژ ماوەی ئابوری کە زیاتر لە ١٤ ساڵە درێژەی هەیە، ململانێکانی گەیاندۆتە ئاستێکی ترسناک و دڕندە ئامێزانە. واتە ناکرێت وە ناتوانین بەتەنها لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ئابوریدا سەرنجی ململانێ سیاسی و ئابورییەکان بدەین لەم قۆناغەدا، بەڵکو پێویستە لە ڕوانگەی بزاوتی یاسامەندی مێژووی قۆناغی تێپەڕەوە تێیبڕوانین، کە ڕاستەوخۆ بەشێکی زۆری کێبەرکی و ململانێی نێوان گەورە ئابورییەکانی جیهانی ئەمڕۆ دەبەستێتەوە بە ململانێی جیۆسیاسیەوە لەپەیوەند بە دووبارە دابەشکردنەوەی جیهانی سەرمایەداریەوە. لەمبارەوە ململانێی نێوان چین و ئەمریکا ئەم باسەمان زیاتر بۆ ڕۆشن دەکاتەوە بەتایبەت لە پەیوەند بە دوو کۆمپانیای هەرە گەورەی تەکنۆلۆجیای زیرەک و پیشەسازی مۆبایل و تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە، کێبەرکێی نێوان ئەمریکا و چین، لە ڕاستیدا کێشەکە سەڕەرای بواری ئابورییەکەی، لێرەدا بە تەواوی کێشەیەکی جیوسیاسی گەورەیە، و لە ڕاستیدا گەورەترین گرێی ئایندەی ئابوری دەیەی داهاتوو لەوەدا کورت دەبێتەوە کە براوەی یەکەم لەم کێبەرکێ و ململانێەدا کام وڵات یان کام کۆمپانیایە؟ باسەکە تەنها کورت ناکرێتەوە لە نێوان ئەو دوو کۆمپانیا گەورەیەدا. بەڵکو لە نێوان دوو وڵات و زیاتریشدا دەڕواتە پێشەوە، کام کۆمپانیایە ودواتر کام وڵاتە گرەوی بردنەوەی ڕێکخستنەوەی ژێرخانی جیهانی گەیاندنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی G5  و دواتر G6 دابین دەکات؟. بێگومان مەبەستمان لە براوە ئەوە نیە کە یەک کۆمپانیا کۆنترۆڵ و مۆنۆپۆلی هەموو جیهان بکات، شتی وا نابێت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە پشکی گەورەی ژێرخانی گەیاندنی تۆڕە تازەکانی ئینتەرنێتی شتەکان -Internet of things (IoT)- بەر کام کۆمپانیایە دەکەوێت؟ واتە باسەکە پشکی گەورە و بچوک و بچوکترە. لە پەیوەند بەم بابەتەوە کێشەیەکی هێجگار شەڕ ئامێزانە لە نێوان چین و ئەمریکادا دەبینین. لە ململانێی ئاشکرای سیاسیەوە تا دەگاتە بەکارهێنانی سیاسەتی پرۆتێکشینیزمی ئابوری دژ بە کۆمپانیا چینیەکان لەم بوارەدا و بەتایبەت دژ بە هواوی لە نێو ئەمریکادا و هەروەها بەکارهێنانی سیاسەتی ئابڵوقە و زۆری ئابوری دژ بە هەر وڵات و کۆمپانیایەک کە لەگەڵ هواویدا دەیەوێت گرێبەستی ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی  G5 ببەستێت، لەمبارەوە هەڕەشەکانی ئەمریکا لە بەریتانیا کە نزیکترین هاوپەیمانیەتی ڕوون و ئاشکرایە، جگە لە زەخت و زۆری بەسەر کۆی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و کەنداودا، و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە دوور ڕایان بگرێت لە واژۆکردنی گرێبەست لە گەڵ کۆمپانیاکانی چیندا سەبارەت بە تۆڕە تازەکانی ئینتەرنێتی شتەکان. ئێمە لە بەڵگەنامەکەشدا بە شێوەیەکی ڕۆشن لەسەر ئەم ململانێ و کێبەرکێ توندەی نێوان ئەمریکا و چین باسمان کردووە و تەوەرەی یەکەمی بەڵگەنامەکەمان باسە سەبارەت بەم پۆینتە و لە خاڵی یەکەم و ئەلفی ئەم تەوەرەیەدا دەڵێین: "یەکەم: لە لایەکەوە ئابڵوقەدانی سەربازی و سیاسی و دیبلۆماتی "دیبلۆماتی بەهاکان وبەکارهێنانی ئەوپەڕی فشاری سیاسی" و لە لایەکی تریشەوە پیادەکردنی ئابڵوقەدانی ئابوری بەپێی جووڵەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا- خۆپارێزی ئابوری و بازرگانی لەسەر ژمارەیەک لە کاڵاکانی وەک: توێژالە ئەلکترۆنیەکان electronic chips و ڕێگرتن لە کۆچی پسپۆرەکان بە تایبەتی لە کەرتەکانی پیشەسازی زیرەکدا و داسەپاندنی گومرک و ئابڵوقەی ئابوری و ڕێگرتن لە وەبەرهێنان بۆ نموونە لە خەزێنەی سەروەریدا Sovereign wealth fund، هەروەها قەدەغەکردنی کۆمپانیا ڕکابەرەکانی چین لە بازاڕی ئەمریکیدا. دواجار کۆمەڵەی حەوت دەوڵەتە گەورەکانی سەرمایە G7 بە ڕابەری ئەمریکا لە کۆبونەوەی ١٢.٦.٢٠٢١لە بەریتانیا، بڕیاریان لەسەر پرۆژەی "بنیاتنانەوەی جیهان بە شێوەیەکی باشتر" دا، پڕۆژەیەک کە ڕاستەوخۆ بۆ ڕکابەریکردنی پرۆژەی " ڕێگای حەریری چینە ". هەروەها لە هەمان تەوەرەو بەشی-با- خاڵی سێهەم یەكێک لە وەڵامەکانی وڵاتی چینمان ئاماژە پێکردووە و نوسیوومانە: " سێهەم: دوورخستنەوەی ئەمریکا لە ڕابەرایەتیکردنی جیهان بۆ نموونە؛ لە ڕێگای یاسای دەخاڵەتنەکردن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و بەڕێوەبردنی جیهان بە پێی یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان  و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەستانەوە بە ڕووی کارە تاکڕەوەکانی ئەمریکادا."( سیما و ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریاmarxist-trend.org/view.php?lang=kurd&cat=357 -). ئەمە وێڕای خاڵەکانی دیکە کە لەتەوەرەی یەکەمی بەڵگەنامەکەدا باسکراوە و لێرەدا پێویست نیە جارێکی تر دووبارەی بکەمەوە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم ململانێ سیاسی و ئابورییە، خوێنەران دەگەڕێنمەوە بۆ خاڵی یەکەم و هەردوو بەشی ئەلف و بای بەڵگەنامەکە کە لە بەستەرەی ناوکەوانەکەدا دەکرێتەوە. ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ ئاڕاستەی سێهەم کە ئاڕاستەی بە جیهانیکردنی ئاستی کرێیە، پێویستە بە شێوەیەکی ڕۆشن لەسەر پایەی لێکدانەوەیەی زانستی ئەم باسە پیادەبکەین.

کەواتە سامان کەریم با لێرەدا بوەستین و پرسیارەکە لەسەر تەوەرەی یان ئاڕاستەی –بەجیهانیکردنی کرێ- بە شێوەیەکی تر دابڕێژینەوە، وەک لە خوارەوە هاتووە و بیکەین بە بەشی سێهەمی ئەم چاوپێکەوتنە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە پەیوەند بە ئاڕاستەی بەجیهانیکردنی کرێ، مەبەستتان لەم دەستەواژەیە، یان ئەم چەمکە چیە؟ ئایا دەکرێت کرێ لە ئاستی جیهانیدا یەکسان بێت، واتە لە هەموو وڵاتەکاندا کرێ یەکسان بێت؟ یان ئەگەر وانیە چۆن دەکرێت یەک ئاستی بوونی کرێ لە ئاستی جیهانیدا جێبەجێ بکرێت و میکانیزم و ڕێگا کارگوزارییەکانی چۆن مەیسەر دەبێت لە لایەن دەسەڵاتداری بورجوازییەوە یان تەنانەت لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا لە لایەن کۆمپانیا جیاوازەکانەوە؟ وە ئەم مەسەلەیە چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر کۆی پشکی یان بەشی پڕۆلیتاریا لە سامانی کۆمەڵایەتیدا؟ ئایا کاریگەری دەبێت لە سەر شێوازەکانی ڕێکخراوبوون و خەباتی ڕۆژانەی و کار و هاوپشتی و هاوکاری ئینتەرناسیونالیستی؟ هیوادارین وەڵامی ئەم پرسیارەو پرسیارەکانی پەیوەست بە بەڵگەنامەکە، بە شێوەیەکی بەردەوام تا کۆتایی ڕیچکەی خۆی بگرێت. چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارەین لە مانگی داهاتوودا.

پاشکۆ ١

مستقبل شبكة الجيل الخامس.. عائدات الاقتصاد العالمي تبلغ 8 ترليونات دولار في ٢٠٣٠

https://arabic.cnn.com/business/article/2020/10/12/5g-global-gdp-2030

٢٣.١. ٢٠٢٢

تەواو بوو

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF