جەنگ لە ئۆکرانیا و ئاوابوونی تاک جەمسەری ئەمریکا!

جەنگی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە ئۆکرانیا جەنگێکی تەواو جیهانیە و ئێمە هەر ئێستا لە جەنگێکی جیهانیدا دەژین، هەروەک لەپێش جەنگەوە ڕامانگەیاندبوو وە دواین جار لە وتاری "جەنگ لە ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی لەسەر هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان!" کە لەرۆژی ١٠ی نیساندا بڵاومانکردەوە، جەختمان کردۆتەوە سەر جیهانی بوونی جەنگ لە ئۆکرانیا.

بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئەم جەنگە باسێکی پێشتری خۆمان بەکورتی دووبارە دەکەینەوە، باسی قۆناغی ئینتقالی مێژوویی. زۆر جار باسی هەلومەرجی ئینتقالی مێژوویمان کردوە، ئەم ساتە وەختەی کە تیایدا دەژین کۆتا ماوە و دەرفەتی سیستمی تاک جەمسەری ئەمریکایە. سیستمی تاک جەمسەری ئەمریکی هەرئێستا کۆتایی پێهاتووە بەڵام جێگیر نەبووە لە ئاستی جیهانی سەرمایەداری و دام و دەزگاکانیدا...ئەمریکا وەک هێزیکی تاک جەمسەر کە ماوەی ٣٠ساڵ زیاترە بە لەقولۆق سایەی کێشابوو بەسەر جیهانی سەرمایەدا، ئەمرۆ دوا هەناسەکانی خۆی دەدات وبەرەو ئاوابوون دەڕوات، تەنانەت ئەگەر ئێستا جەنگ بوەستێت لە ئۆکرانیا، مەسەلەی تاک جەمسەری ئەمریکا کۆتایی پێهاتووە. ئەم قۆناغە قۆناغی هەنگاونانی جیهانی سەرمایەداییە بەرەو جێگیرکردنی جیهانێکی فرە جەمسەری، کە ئەمریکا وەک هێزێک تیایدا دەمێنیتەوە. بەواتایەکی تر جەنگ لە ئۆکرانیا پرۆسەی ئاوابوونی تاک جەمسەری ئەمەریکای خێراترکردەوە.

سیستمی تاک جەمسەری ئەمریکا کۆتایی پێهاتووە بەڵام سیستمی نوێی سەرمایەداری، سیستمی فرە جەمسەری جێگای پڕنەکردۆتەوە بەتەواوی. ئەم بارە هێشتا بارێکی ناجێگیرە، پێیدەڵێین دوا قۆناغەکانی هەلومەرجی ئینتقالی کە یاسای مێژووی تایبەت بەخۆی هەیە و تیایا گورزی سیاسی یان سیاسەت بەگشتی پێش ئابوری و تەنانەت بەرژەوەندی ئابوری دەکەوێت. جەنگی ئێستا و کۆی ڕووداوەکانی قۆناغی ئینتقالی مێژوویی و لەوانە قەیرانە ئابورییەکانی ئەم سەردەمە خۆی وەڵامێکە بە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە جیاوازەکانی بورجوازی لە ئاستی جیهانیدا. وەڵامێکی بورجوازییە لە ئاستی جیهانیدا بۆ قەیرانێکی ئابوری و سیاسی کە تێیکەوتووە، وە لە ڕوانگەی بەشێکی زۆری بورجوازی جیهانیەوە، بە هاتنە خوارەوەی پێگەی ئەمریکا دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژە پێبداتەوە وەکو سیستمێک لە ئاستی جیهانیدا.

بەشێکی زۆری بورجوازی جیهانی بە پشکی خۆیان ڕازی نین لە سیستمی سەرمایەداری گلۆبالی ئێستادا، ناڕازی بەڵام بەشێکی زۆریان وەک ئۆپۆزسیۆنێکی پاسیف ڕۆڵی خۆیان بینیوە تائێستا. بورجوازی باڵا دەستی چینی وهندی و بەرازیلی و جنوب ئەفریقایی و پاکستانی و تورکی و تەنانەت ئەڵمانی و فەرەنسی بەشێویەکی جیاواز... داوای پشکی زیاتر دەکەن لە سەرمایەی جیهانی. بەڵام هەر پشکێکی زیاتر بۆ هەر وڵاتێک لە پشکەکانی ئەمریکا کەم دەبێتەوە... لێرەوەیە کە کۆدەنگیەکی فراوانی بورجوازی جیهانی لەدەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، بە قازانجی سیاسەتەکانی روسیا و تەنانەت جەنگ لە ئۆکرانیادا بۆ وەستاندنی ناتۆ و ئەمریکا. بەقەولی لافرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا:"ئامانجی ئەم پرۆسە سەربازییە تایبەتە، کۆتایهێنانە بە باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر جیهاندا"( چاوپێکەوتن لە گەڵ کەناڵی ڕوسیا ٢٤/ ١١ نیسان ٢٠٢٢).. واتە باسەکە باسێکی سیاسی فراوان و گەورەی جیهانی ئەمرۆیە کە روسیا تەقەی یەکەمی تێدا کرد.

بەم پێیە، لە گەڵ ئەوەی کە ئەمریکا لەگەڵ قوڵترین قەیرانی ئابوریدا بەرەوڕووە، ئاستی هەڵئاوسان لە مارسی ئەمساڵدا و بەپێی ئامارە فەرمیەکان گەیشتۆتە ٨،٥ ( پێگەی ئابورییەکانی بازرگانی " tradingeconomics" ) لەڕاستیدا زۆر لەمە زیاترە و بەهۆی چاپکرنی دۆلاری بێ پشتیوانەوە و جەنگ و ئابلوقە ئابورییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی توانایی کڕیاری پرۆلیتاریا لە ڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و بەرزکردنەوەی نرخی سود، ئەمریکا وەڵام بەم دیاردەیە دەداتەوە لەگەل ئەوەی کە هەردوو سیاسەتی بەرزکردنەوەی نرخی سود و چاپکردنی دۆلاری بێ پشتوانە خۆیان دەبنەوە هۆکاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی زیاتری هەلئاوسان. ئەمە جگە لەوەی کە قەرزی دەوڵەت زیاتر لە ٣٠ ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە، کە ڕیژەیەکی بێ هاوتای جیهانیە و زۆر زیاترە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی ئەمریکا GDP، کە ساڵی ٢٠٢١ ، گەیشتۆتە ٢٢،٩ تڕیلیۆن. لەگەڵ بوونی ئەم قەیرانە قوڵەدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە بە توندی دەستیپێکردووە، هێرشی ڕوسیا دەستیپێکرد بۆ لێدان لە دیواری ناتۆ و هەیبەتی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، ئەم هێرشە بورجوازی ناڕازی جیهانی توند و گورج کردەوە بۆ داواکردنی بەشی خۆیان ....کەسێکی وەک عمران خان سەرۆکوەزیرانی پاکستان هیچ کات دەنگی ئاوا دڵیر نەبووە کە دژ بە ئەمریکا لە تەلەفزیۆنەوە قسە بکات و باس لە تێکدانی نەخشەکەی بکات، ئەو دەلێت" نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ئەمریکام بەدەست گەیشتوە، کە حکومەتەکەم دەڕوخێنن چونکە ڕێگام نەداوە پایەگایەکی سەربازی دابنێن' ئەم جورئەتە پێش جەنگی ئۆکرانیا مومکن نەبوو."، ئەگەر چی دواتر بەهۆی ئەم سیاسەتەیەوە وەلانرا و سەرۆک وەزیرانێکی دیکەیان هێنا، ئەوە ڕۆشنە کە کێشەکە لە شێوازی تردا بەردەوام دەبێت.  هەروەها وڵاتانێکی وەک هنگاریا کە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاشە زۆر رۆشن بە ئاراستەیەکی جیاوازی ناتۆ سیاسەتی خۆی دەباتە پێشەوە، بەهەمان شێوە سربیا وەک وڵاتیکی ئەوروپایی. لە هەردوو ئەم وڵاتە کە لایەنگری ڕوسییان سەرۆکەکانیان و حزبی دەسەڵاتدار تیایاندا لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنەوە. چەندین وڵاتی دیکە ئامادەن بۆ کڕینی نەوت و غازی روسی بە ڕۆبڵ. ئەمە جگە لەوەی کە وڵاتانێکی وەک سعودیە و ئیماراتی عەرەبی ئامادەنین وەلامی ئەمریکا و سەرۆکەکەی بدەنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت لایەنی کەم تائێستا، کە ئەمە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابوردوودا بێ وێنەیە. کەواتە دەنگە کپە ناڕازییەکان هاتنە دەنگ. هەموو ئەمانە بەجیا لە ئاڕاستەی جیاوازی سیاسی لە نێو یەکێتی ئەوروپادا کە ئەلمانیا و فەرەنساو ئیتالیا ڕابەری دەکەن و بە گشتی لەگەڵ هەموو سیاسەتەکانی ناتۆو ئەمریکادا نین.

  هەروەک باسمانکرد هەر ئێستا جەنگەکە بوەستێت بەئاکامی خۆی گەیشتوە، هەرچەند پێم وایە جەنگەکە ئەگەر لە باری سەربازیشەوە کۆتایی پێ بێت، ئەوە  بەشێوازی تر درێژە دەکێشێت. ئەمریکا پێویستی بە بەردەوامی جەنگە، پێویستی بەوە هەیە ڕێکەوتن نەکرێت لە ئۆکرانیادا، بەتایبەت کە دەرگیرە لەگەڵ قوڵترین قەیرانی ئابوری لە کاتی دروست بوونیەوە تا ئێستا. ئەمریکا پێویستی بەوە هەیە ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا تا ڕادەی هێز و ولاتێکی تەواو مل کەچ ڕاپێچ بکات، وە تا ئێستا ئەم ئەنجامە نەهاتۆتە دەستیان. ئاڕاستەی جەنگەکە ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت چین لە تایوان توڕە بکات و پەلاماری بدات وەک ئۆکرانیا، بیلوسی سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا  بریار بوو ١٠ی نیسان ٢٠٢٢بچێتە تایوان، چین لەمە توڕەبوو، بۆیە کرۆنایەکیان بۆ هەڵبەست و سەفەرەکەیان دواخست، بەڵام دواتر وەفدێکی دیکەی کۆنگرێسیان ناردە تایوان،  دیسان ئەمریکا بڕیارە چەکی پاتریۆتی تایوانی نەوژەن بکاتەوە، چین لەمە تۆرەیە و لە بەرانبەردا ١٥ی نیسان دەستیکرد بە مانۆری سەربازی لە دەریای چیندا. ئەوە رۆشنە کێبەرکێیەکی ئابوری توند لە نێوان چین و ئەمریکادا هەیە و بەردەوامە، مەسەلەکە خنکاندنی ئابوری چین و گەشەیەتی لە لایەن ئەمریکاوە، ئەگەر بۆی بکرێت... بەلام ئەگەر ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا و فرنساو ئیتالیا بچنە پاڵ ئەم سیاسەتەی ئەمریکا، کە ئەگەرێکی هێجگار سەختە، ئەوکاتە ژیان و گوزەرانی زۆربەی خەڵکی ئەڵمانیا، دەچێتە ئاستی دانیشتوانی وڵاتێکی وەک تورکیا، گەشەی ئابوری ئەڵمانیا و بەشێکی زۆری ئەوروپای ڕۆژئاواو تەنانەت خودی ئەمریکا، خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکەیان و قازانجی کۆمپانیا جیهانیەکانیان بەندە بە هێزی کاری هەرزان و پرۆفیشناڵی وڵاتی چینەوە. ئەوروپا زۆر هەژارتر دەبێت، ئەمە ئەگەر بەرەو جەنگێکی فراوانتر نەڕوات، کە وڵاتەکان دەرگیر بکات لەگەڵ هاویشتنی چەکی ئەتۆمیدا لایەنی کەم ئەوەی پێیدەلێن چەکی ئەتۆمی تەکنیکی، بۆ تەسلیم بوونی بەرانبەر .

ئەمریکا بۆ بەرگرتن بە ڕووخانی ئیمپراتۆرەکەی پێدەچێت پێویستی بە جەنگێکی کوشندەتر بێت بەتایبەت لە باری کاریگەرییە ئابورییەکەی لە ئاستی جیهانیدا. دەیەوێت ئەوروپا بۆ بەشداری لەم ڕوبەڕووبونەوەیەدا پەلکێش بکات... بۆ ئەوەی لایەنی کەم وەک جەمسەرێکی بەهێزی جیهانی و ڕابەری ڕۆژئاوا یان بەشێکی زۆری بمێنێتەوە... چونکە ئەوە تەواو بووە کە تاک جەمسەری جیهانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە. واتە کۆسپی گەورەی ئەمریکا ئەوەیە کە ڕۆژئاوا و پەیمانی ناتۆ بە یەکگرتوویی و بە دەوری خۆیدا بهێلێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت وەک سەرکردەی جەمسەرێکی بەهێز بمێنیتەوە و ململانێ بکات لە بەرانبەر جەمسەرەکانی دیکەدا.

دەمەوێت بەکورتی ئاماژە بکەم بەو ڕاستیانەی لەسەرەوە باسکراون بەلام لە زمانی سیاسەتمەداران و ئابوریناسانی بورجوازی جیهانی خۆیانەوە. سەرۆکی ئەڵمانیا کە پێشووتر وەزیری دەرەوە بووە.. دەڵێت :"ڕۆژانێکی سەخت چاوەرێمان دەکات و دەبێت ئامادەبین بۆی و ئەم ڕۆژانە جیهان دەگوڕێت و ئێمەش دەگۆڕیت"، لە ٦ی مارسدا سەرۆکی فەرنسا دەڵێت" ئەم جەنگە درێژە دەکیشێت" دواتر لە ٧ی نیساندا لە گەڵ ئار تی ئێڵی فەرەنسیدا دەڵێت" ئێمە لە کارەساتێکی جیو سیاسی و ئینسانیدا دەژین لە ئەوروپا، بەداخەوە ئەم جەنگە لە ڕۆژەکانی داهاتوودا ناوەستێت". ڕۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٢ لە واشنتن؛ یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا یەکەم گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان دەستپێکرد، سەبارەت بە ڕوسیا، لەلایەن ئەمریکاوە جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی فیکتۆریا نولاند و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە جێگری ئەمینداری گشتی  بۆ کاروباری دەرەوەی ئەوروپا ئیریکی مۆر... سەپەرشتی گفتووگۆکان بوون". دیارە باسەکەیان لەوە دەرچووە کە تەنها پەیوەند بێت بە جەنگ لە ئۆکرانیاوە. وەزارەتی دەرەوەی چین لە ئاژانسی شینخواوە ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا تاوانبارە بە ڕاکردن لەبەرپرسێتی لە هەلومەرجی ئۆکرانیا" و هەروەها لە ڕۆژی ١٢ی نیساندا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت:" مەسەلەی ئۆکرانیا ئەوەی نیشاندا کە ئەمریکا لە هەوڵی باڵادەستی و خۆ زاڵکردندایە". لافروف دەڵێت"ئاڕاستەی ڕوسیا وهند و چین خۆڕزگارکردنە لە بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە ئالوێری بازرگانی نێوانیاندا". هیلاری کلینتون وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئێن بی سیدا دەڵێت " ئێمە ئەمڕۆ لە ئەزمەیەکی وجودیداین" سەبارەت بە سعودیە و  فشار هێنان بۆی قسەدەکات بۆ  ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن. هەفتەنامەی  لیبراڵی ئەمریکی "زەنەیشن-٣١ی ئازار ٢٠٢٢" " جەنگی روسیا لە ئۆکرانیا سیستمی جیهانی کۆنی تێکشکاند". پوتین  سەرۆکی ڕوسیا لە ڕۆژی ١٢ی نیساندا لە ڕاگەیاندنێکدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیای سپیدا لە مۆسکۆ دەڵێت:" ئێستا سیستمی جیهانی تاک جەمسەری تێکدەشکێت کە لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە پێکهات". هەروەها گیتا گیوبیناس جێگری بەرێوەبەری گشتی سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی لەگەل فاینانشیال تایمزدا دەلێ" سزا مالیەکانی سەر روسیا بە شێوەیەکی لەسەرخۆ هەڕەشە لە باڵادەستی دۆڵاری ئەمریکی دەکات، و لەوانەیە ئەنجامەکەی ئەوەبێت کە چەند سیستمێکی نەختینەی نێو دەوڵەتیمان هەبێت". بەڵام کۆمپانیای بلاک رۆک وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئالووێری نەختینە و وەبەرهێنان، لە زاری سەرۆکەکەیانەوە لاری فینک دەلێت" داگیرکاری روسیا لە ئوکرانیا کۆتایی بەو جیهانگیرییە هێنا کە دەمانناسی". ڕێکخراوی خواردەمەنی و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان –فاو-پێمان دەڵێت " ئاماری بەرزبوونەوەی نزخی خواردەمەنی لە ئاستی جیهانیدا گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی و گەیشتۆتە ١٢،٦٪ دیارە ئەمە تێکڕایی بەرزبوونەوەی نزخی کاڵاکانە بەلام بۆ نمونە گەنم ڕێژەی بەرزبونەوەی نرخەکەی زۆر زیاترە و ڕێژەکەی ١٩،٧٪ و ڕۆنی زەیت بە ڕێژەی ٢٣،٢٪ نرخەکەی بەرزبۆتەوە(ماڵپەڕی ڕێکخراوی فاو/٨ی نیسان٢٠٢٢٢). بەڵام لە نێو ئەم بەرە فراوانە بورجوزایەدا کەسانێکی دیکە کە لەڕوانگەی لیبرال  هیومانتارەوە سەرنجی ئەم ڕووداوە دەدەن وەک تشومسکی ئەو دەڵێت"ئەمریکا درێژە بە جەنگەکە دەدات تا کوشتی دوا سەربازی ئۆکرانی" وە لە هەمان چاوپێکەوتیندا لە کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی(٧ی نیسان ٢٠٢٢) ڕەخنەیەکی توند لە ئەمریکا دەگرێت.

ئەوان لە زمانی خۆیانەوە پێمان دەلێن کە سیستمی پێشوو تەواو بووە وە جەخت لەسەر قسەکانی ئێمە دەکەنەوە کە زۆر پێشتر وتومانە. لافرۆف ڕۆژی ١١ی نیسان ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئەم جەنگە" بۆ کۆتایی هێنانە بە باڵادەستی جیهانی ئەمریکا'. بەم پێیە، ئەنجامێکی ئەم جەنگە ئەگەر  هەر ئێستا بوەستێت، ئەوەیە جیهانێکی سەرمایەداریمان دەبێت، دۆلار تیایدا ئەو باڵادەستییەی ئێستای نامێنێت کە تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە ٥٩٪ دراوی یەدەکی بانکە ناوەندییەکانی جیهانی پێکدەهێنا (بە پێێ ماڵپەری سندوقی نەختینەی نێو نەتەوەیی) بەڵکو ئەو ڕیژەیە زۆر کەم دەبێتەوە و دراوی یوانی چینی  و ڕوپیەی هیندی ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە، ئەوە بەجیا لەوەی کە دراوی نەختینە ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت و بەرەو دراوە دیجیتاڵەکان مل دەنێت. دابەزینی ئۆتۆریتە و بەهای دۆلار لە ئاستە جیهانیەکەیدا، لەگەڵیدا کۆی سیستمی نەختینە و مالی جیهانی دەگۆرێت. واتە لەجیاتی ئەوەی بانکی نێو نەتەوەیی WBG وسندوقی نەختینەی نێو نەتەوەیی IMF  بە تەنها زاڵ بن بەسەر ئابوری جیهانی و ئالوێری نەختینە و پێدانی قەرز و دیاریکردنی نرخی دراوەکان و ئاراستەکردنیاندا، ئیتر شەریکە بەشیان دەبێت وەک بانکی  AIIB  بانکی ئاسیایی بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوریدا، کە بانکێکی چینیە و هەروەها بانکی کۆمەلەی برێکس کە بە بانکی NDB گەشەپیدانی وڵاتانی برێکس ناسراوە...هەروەها (The Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications)‏) کە ناسراوە بە سیستمی سویفت" SWIFT " واتە کۆمەڵەی پەیوەندییە مالییە جیهانیەکانی نێوان بانکەکان، کە لەڕێگایەوە دراوەکانی پێدەدرێت و گەورەترین گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی دراوەکانیش لەئاستی جیهانیدا دەستەبەر دەکات، لە ئاستی جیهانیدا ١١هەزار دەزگای مالی و بانکەکان کار لەگەڵ ئەم سیستەمە دەکەن کە لە ٢٠٠وڵاتدا هەن... بەڵام ئەم سیستمەش گۆڕانی گەورەی  بەسەردا دێت و بەشێک لە هێز و ژمارەی بانکەکانی کە ئەندامن تیایدا کەم دەبنەوە بە قازانجی سیستمی هاوشێوەکانی لە وڵاتانی دیکە و بە تایبەت وڵاتی چین کە هەر ئێستا سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە بەناوی (  Cross-Border Interbank Pyment System ) کە ناسراوە بە " CIPS" و تا ئێستا لە ١٠٠ وڵاتدا بەکار دەهێنرێت بەڵام بە ئاستێکی زۆر کەمتر لە سیستمی سویفت....دەمەوێت ئەو نیشان بدەم لە سیستمی فرە جەمسەریدا یان تەنانەت دوو جەمسەری چینی –ئەمریکیدا، لەبەرانبەر هەر دامودەزگایەکی کۆنی سیاسی و مالی و ناوچەیی و کیشوەریدا، ئەڵتەرناتیڤی تازەی بۆ پەیدا دەبێت، بەجیا لەوەی کە ئاڵوگۆر بەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆی دامودەزگاکانیدا دێت.

لەوانە گرینگتر سیستمی پترۆدۆلار سایەی تەواو ناکات بەسەر پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی نەوتدا لە بۆرسەکاندا، لە جیاتی ئەوە بەشێکی دەبێت بە دراوەکانی دیکە... ئەمە بەجیا لەوەی کە کۆنتڕۆل بەسەر وزەدا بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بەتایبەت کۆنتڕۆل بەسەر غازدا. ئەوە ڕۆشنە لە جیاتی نەوت، غاز پێگەیەکی بەهێزتری پەیداکردووە، وردە وردە جێگای نەوت دەگرێتەوە. بەشی گەورەی هۆکاری ئابووری جەنگی ئێستا کۆنترۆلە بەسەر کڕین و فرۆشتن و هەروەها کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی هاوردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا. بەکورتی کۆی سیستمی ٣٠ساڵی ڕابوردووی تاک جەمسەری ئەمریکا گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت لە ماوەی دیاریکراوی ئایندەدا، تەنانەت ئەگەر ڕوسیا لەم جەنگەدا سەرکەوتوونەبێت. لە سەر هەمان پایە، سیستمی بڕیاردان لە نەتەکگرتووەکان و شورای ئاسایشی نێونەتەوەیی گۆڕانی بەسەردا دێت و تەنانەت ژمارەی ئەندامانی هەمیشەیی شورای ئاسایش لەو پێنج ئەندامەدا قەتیس نابێتەوە و وڵاتانی وەکو هیندستان و ئەلمانیا و بەرازیل لەمبارەوە خواستی خۆیان نەشاردۆتەوە. هەروەها ناتۆ ناتوانێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ڕێچکەی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا وئیتاڵیا و لە گەڵیاندا ژمارەیەک وڵاتی بچوکتر زیاتر بەرە و سەربەخۆیی ئەمنی و پێکهێنانی هێزی سەربازی ئەوروپی هەنگاو دەنێن بە سەربەخۆ لە ئەمریکا. هەم ناتۆ وە هەم یەکێتی ئەوروپا هەر ئێستا، مانەوەیان لە ژێر پرسیاردایە.

بەو پێیەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە جەنگی روسیا و ئەمریکا لە ئۆکرانیا، جەنگێکی تەواو جیهانیە و لێکەوتەی دەبێت لەسەر کۆی ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابوری لە جیهاندا، کاریگەری دەکاتە سەر هەلومەرجی ئابوری و سیاسی هەر وڵاتیک بە ئاستی جیاواز. لەم بارەوە کاریگەرییە سیاسیەکانی ئەم جەنگەمان لە سەر عیراق و کوردستان باسکردووە لە وتاری پێشوودا. بەڵام ئەم جەنگە، ئێستا بۆتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابوری سەرمایەداری لە ئاستە جیهانیەکەیدا سەڕەرای ئەوەی کە گازبرۆمی ڕوسی و ئارامکۆی سعودی و سۆناترای جەزائیری و ئاکسۆن مۆبێلی ئەمریکی... کۆمپانیاکانی نەوت و غاز بەگشتی و هەروەها کۆمپانیاکانی چەک دروستکردنی ئەمریکی قازانجێکی زۆریان کردوە لەوانە کۆمپانیاکانی لوکهید مارتن کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی چەکە لە جیهاندا و پشکەکانی بە ڕێژەی ٢٨٪ بەرزبۆتەوە و هەروەها کۆمپانیای رایسۆن تەکنۆلۆجیز پشکەکانی زیاتر لە ٢٠٪ بەرزبۆتەوە. بەڵام ئەم جەنگە خۆی وەڵامێکە بە قەیرانی قوڵی سەرمایەداری، لەهەمانکاتدا زەمینەیەکە بۆ قوڵبوونەوەی قەیرانەکە. ئەم دژایەتییە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری، واتە تێکەڵبوونی سەرمایەکان لە ئاستی جیهانی لە سەرمایەیەکی گلوپاڵدا، زیاتر قووڵی کردۆتەوە.

سیستمی سەرمایەداری لە ساڵی ٢٠٠٨ وە لە قەیرانێکی قووڵدایە، قەیرانێک لە بنەڕتدا پەیوەندی بە کەمی نەختینە و کەمی سەرەوت و سامانی جیهان و وڵاتە جیاوازەکانەوە نیە، بە پێچەوانەوە هەم نەختینە زۆرە و هەم سەرەوەت و سامانی کەڵەکە بوو زۆر زیاترە لە پێداویستیەکانی باش بژێوی و خۆشگوزەرانی سەرجەم دانیشتوانی زەوی بە ئاستێکی زۆر بەرز و یەکسان، بەڵکو لە بناغەدا قەیرانەکە وقوڵبوونەوەی بەردەوامی، کەڵەکەبوونی سەرمایە و چڕبوونەوەیەتی لە دەستی ژمارەیەکی هێجگار کەمی سەرمایەدار و خاوەن سەرمایەی زەبەلاح وکۆمپانیا جیهانی لە ئاستی دونیادا، ژمارەیەکی هێجگار کەم کە ژمارەیان لەساڵی ٢٠٢٢دا بە پێی گۆڤاری فۆربیس ٢٦٦٨ دووهەزارو شەست سەدو شەست و هەشت ملیاردێرن. ئەم ناو و ئامارانە هەموویان ناو و ئاماری فەرمین و ئەوانە ناگرێتەوە کە  لەناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەهۆی هەلومەرجی تایبەتەوە بوونە ملیاردێر وەکوو بەرپرسەکانی عیراق و کوردستان و سەرمایەدارانی دەورووبەریان و ژمارەیەکی زۆری مەلیک و سوڵتانەکان کە سەرمایەکەیان ئاشکرا ناکەن و لە ژێر ناوی کەسانی نزیک خۆیاندا وەبەرهێنانی پێوەدەکەن، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو تەنانەت ناوی ملیاردێرە ناسراوەکانی عیراق و کوردستان لەم لیستەدا نییە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی  ژمارەکە لە ٣٠٠٠ کەس تیپەڕ ناکات .  لەم ژمارە کەمەدا ١٠ کەسی یەکەمیان کە ٨ ملیاردێریان ئەمریکین و یەکێکیان فەرەنسییە و  ئەوی تریان هندییە، کۆی سەرەوەت و سامانی کەڵەکە بوویان دەگاتە ١٣٠١،١تریلیۆن دۆلار ، یەکەمی ئەم دە سەرمایەدارە و یەکەم گەورەترین سەرمایەدار لە ئاستی جیهاندا ئایلۆن ماسکە کە خاوەنی کۆمپانیای ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی تیسلایە و خاوەنی ٢١٩ ملیارە و  ١٠ هەمیان سەرمایەدارێکی هندییە بەناوی موکاش ئەمبانی و خاوەنی ٩٠،٧ملیار دۆلارە، سێهەمیان فەرەنسییە بەناوی بێرنارد ئێرنوڵد وئەوانی دیکە ئەمریکین. لە ناوەڕاستی لیستەکەدا خاوەنی میتا-فەیس بووک – و خاوەنەکانی گۆگڵە و کۆمپانیای ئەمەزۆن و بیل گەیتس خاوەنی مایکرۆسۆفت دەبینرێن.....بەپێی هەمان سەرچاوە(https://www.forbes.com/billionaires/ ئینگلیزی ) کۆی سەرمایەی تەواوی ئەو ملیاردێرانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە دەگاتە  ١٢،٧تریلیۆن دۆلار، کە بڕیکی خەیاڵی و سەرسوڕهێنەری سەرەوت وسامانی دزراوی کۆمەڵگایە لە دەست دوو سێ هەزار  کەسدا کەڵەکە بووە. لە ئاستی جیهانیدا و بەم پێیە لە ئاست هەر وڵاتێکدا، بەو ئاستەی پارەوپوول وسەروەت و سامان لای سەرمایەدارە گەورەکان و کۆمپانیا جیهانیەکانیان کەڵە بێت، جا لەوانەیە دەوڵەتەسەرمایەدارەکان خاوەنی بن وەک چین، ئەمە لە ناوەڕۆکدا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، بەهەمان ئەندازە هەژاری و نەداری بۆتە بەشی زۆربەی هەرە زۆری پرۆلیتاریا لە جیهانیدا بەتایبەت وڵاتانێک کە مێژووی سەرهەڵدانی سەرمایەداری تیایاندا تازە ترە لە ئاسیا وئەفریقا و ئەمریکای لاتینی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات.

ئەزمەی سەرمایەداری بەهۆی پەتای کرۆنا و لێکەوتەکانیەوە زەبرێکی گورجبڕی وەشاند لە ئابورییە گەورەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت وڵاتی چینیش بێ بەش نەبوو لە کاریگەری ئەم گورزە، کە بووە هۆی زیاتر شۆڕبوونەوە و قوڵبونەوەی قەیرانی ئابوری. دوا ئەنجام جەنگی نێوان ڕوسیا و ئەمریکای هاتە سەر لە ئۆکرانیا. ئەم جەنگە ئاستی گرانی کاڵا سەرەکیەکانی ژیانی پرۆلیتاریا و بەهای دووبارە تازەکردنەوەی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری بەرە و ئاستێکی بەرز بردووە،کە ئاستی کرێی پێشوو، واتە پێش جەنگ لە ئۆکرانیا ناتوانێت وەڵام بداتەوە بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری پڕۆلیتاریا و تازەکردنەوەی ژیانی خێزانییان و وەچەی داهاتوویان. بناغەی ئەم کێشەیە دژایەتییە ناوخۆییەکانی سیستمی سەرمایەداری گلۆباڵە ، بەڵام هەر ئەم دژایەتییە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە جەنگێک کە لە ئۆکرانیایە و  لە بەرانبەریدا ڕوسیا، کە هەردوولایان لە چوارچێوەی دابەشکردنی کاری جیهانی سەرمایەداریدا ئەم پێگەیەیان پێبڕاوە. ئەم تایبەتمەندییە ئەوەیە، ئۆکرانیا و ڕوسیا پێکەوە ١٩٪ی بەرهەمی جۆ لە ئاستی جیهانیدا دەستەبەر دەکەن هەروەها پێکەوە ١٤٪ گەنم و ٤٪ گەنمە شامی وپێکەوە لە ٥٢٪ی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بۆ بازارەکانی جیهان ئامادە دەکەن و هەندێک دەزگای ئاماری دیکە ئەو رێژەیە بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستی ٨٠٪ . هەروەها ڕوسیا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی پەینی کیمیایی دادەنرێت لە ئاستی جیهانیداو لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە بەرهەمهێنانی پەینی نایترۆجیندا یەکەم بوەوە لە پۆتاسیۆم دووەم بووە و سێهەم بووە لە پەینی فۆسفۆریدا.... بەڵام پەینی کیمیایی واتە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و خواردنە سەرەکیەکان لە سەوزە و دانەوێڵە و گەشەپیدانی چۆنایەتیان، لە هەمانکاتدا ڕوسیا گەورەترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی وزەی ژێز زەمینیدا- نەوت و غاز و خەلوزی بەردین- کە هەموویان پێویستن بۆ کۆی کاری گواستنەوەی دەریایی و وشکایی و ئاسمانی و هەروەها بۆ کاروباری لۆجستیک و سەرجەم پیشەسازییەکان بە زیرەک و کلاسیکەوە و گەرمکردنەوەی ماڵان و دامودەزگای دەوڵەتی و کۆمپانیاکانەوە، هەروەها پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهاندا و لەوانە وڵاتانی ئەوروپا، وە بەشێکی زۆری کارەبا تا ئێستا بەهۆی وزەی ژێر زەوەییەوە بەرهەمدەهێنرێت. بۆیە بەزبوونەوەی نرخی وزە – نەوت و غاز و خەلوزی بەردین- بەهۆی جەنگ و بە تایبەت  بەهۆی ئابلوقە و سزا ئابورییەکانەوە لە سەر ڕوسیا، ڕاستەوخۆ دەبێتە گرانبوونی سەرجەم کاڵاکان لە جیهاندا بە ئاستی جیاواز.

گریمانەی ئەوە هەیە نزخی بەرمیلێک نەوت ١٥٠ دۆلار تیپەڕێنێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کۆسپی گەورەتر دروستدەکات بۆ وڵاتانی لاواز لە باری ئابورییەوە، بەتایبەت لە ئەفەریقا و بەشێکی ئاسیا و وڵاتانی ئەمریکای لاتینی . ئێمە دەتوانین زۆر زیاتر لەسەر ئەم ئامارانە بڕۆین بەڵام لەم وتارەدا تەنها مەبەست نیشاندانی گۆشەیەکە لە قوڵی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و قوڵبوونەوەی زیاتری بەهۆی جەنگەوە. قوڵبووونەوەی زیاتری قەیرانی ئابوری، بۆ پڕۆلیتاریا و سەرجەم خەڵکی کەمدەرامەت، گەیشتۆتە ئاستی جام پڕبوون  و هەڵڕژان و شێوازێک لە شێوازەکانی شۆرش، شۆڕشی برسیەکان، شۆڕشێک دژی گرانی، شۆڕشێک لەناوەرۆکدا و ڕاستەوخۆ دژی سیستمی سەرمایەداری و مانەوەیەتی  وەک سیستمێک. شۆرشێک بانگەوازی دادگایی کردنی ئەم سیستمەیە، کە بۆتە هۆی برسێتی زیاتر لە ملیارێک ئینسان و بێکارییەکی لە ڕادەبەدەر و بێمافیەکی تەواو، بەتایبەت کە درۆدەلەسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئیتر بۆ هەموو کەس ئاشكرایە، جگە لە وانەی کە دەیشارنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام گرانی و تەنانەت داوا-طلب- لەسەر کاڵاکان تەنها ملی وڵاتانی لاوازی ئابوری نەگرتووە، بەڵکو ناڕەزایەتی لە ئەوروپا دژ بە گرانی دەستپێکردووە، لە وڵاتانی ئیسپانیا و بەریتانیا و یۆنان و تەنانەت لە ئەلمانیا، ناڕەزایەتی فراوانمان بینی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بەتایبەت سوتەمەنیەکان.

ئەم هەلومەرجە بابەتییە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ژیان و گوزەرانی پڕۆلیتاریاوە، زەمینەی بابەتی هەستانەوە و هاتنە مەیدانیەتی بە شێواز و ئاستی جیاواز لە وڵاتانی جیاوازدا، هاتنەمەیدانێک کە بەرزکردنەوەی ئاگایی سوشیالیستی کردۆتە ئەرکی سەرەکی هەر لایەن وکەسێک کە تێدەکۆشێت لە پێناو خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا. ١٨.نیسان.٢٠٢٢

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF