ڕۆژی جیهانی کرێکار، پێویستی بە نمایشێکی یەکگرتووی چینایەتیە!
بەیاننامەکان

ڕۆژی جیهانی کرێکار، پێویستی بە نمایشێکی یەکگرتووی چینایەتیە!

ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی کرێکار، پێویستە هەوێنی یەکگرتوویی خەباتی چینایەتی و ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتێری بێت. ئەمساڵ یەکی ئایار لە جەرگەی هەلومەرجێکی هێجگار سەخت و دژواری جیهانی سەرمایەداریدا پیادە دەکرێت. هەلومەرجێک کە تیایدا لە لایەک قەیرانی ئابوری سیستمی سەرمایەداری گەیشتۆتە ئاستێک کە گەورە بورژوازی دەسەڵاتداری جیهانی ناچار کردووە پەنابەرێتە بەر کەمکردنەوەی مووچە -کرێ- ی پڕۆلیتاریا، وێرای ئەوەی بەشێكی گەورەشی ناچار بە بێکاری کردووە. ڕۆشنە کەمکردنەوەی مووچە و بێکارکردنی کرێکاران، بۆتە هۆی گرانی کاڵا و پێداویستیەکانی ژیان و گوزەران و سەپاندنی برسێتی بەسەر زیاتر لە ملیارێک ئینساندا. لە لایەکی تریشەوە ئەم قەیرانە قووڵەی گەورە سەرمایەی بورژوازی جیهان -ئەمریکا- و ململانێی نێوان کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی، بەشە جیاوازەکانی بورژوازی دەرگیرکردووە لە گەڵ چەندەها جەنگ و شێوازی جیاوازی جەنگی سەربازی و ئابوری و ئایدۆلۆجی و  میدیایی لە پێناو دووبارە دامەزراندنەوەی سیستمی نوێی  جیهانی سەرمایەداری. هەر ئێستا جەنگ لە ئۆکرانیا باری سەر شانی پڕۆلیتاریای جیهانی، و ە بەتایبەت پڕۆلیتاریا لە ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئەوروپا و تەواوی ئەو وڵاتانەش کە خاوەنی پتڕۆڵ و گاز و وزە نین،  هێندەی تر قورس کردووە.

هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە سەختەی زۆربەی دانیشتوانی سەر زەوی کۆبوونەوەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگای بەشەرییە لە سەر گۆی زەوی بەدەست چەند هەزار کەسێکەوە کە کۆمپانیاکانیان ئابوری جیهان دەچەرخێنن و دەوڵەتەکانیان پاسەوانی سەروەت و سامانیان دەکەن و لە پێناویدا جەنگ بەرپادەکەن.

یەکی ئایاری ئەمساڵ ڕۆژی پرۆڤە و تاقیکردنەوەی هێزی لە بن نەهاتووی چینی پڕۆلیتاریایە، بەرانبەر بە برسێتی و دژی گرانی و ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە هەر وڵاتێکدا لە پێناو دابینکردنی خواستەکانیان. هاوکات، بەتایبەت لە  ئەوروپا و ڕوسیا و ئەمریکا و ئۆکرانیا، پڕۆلیتاریا پێویستی بە ئاوازی خەباتی چینایەتی یە لە بەرانبەر بە جەنگ و وەستانەوە  وەک هێزێكی ئینتەرناسیۆنالیتسی دژ بە بورژوازی وڵاتانی خۆیان و کردنە ڕووی چەکەکانیان لە بورژوازی وڵاتەکانی خۆیان و سیستمەکەیان. ئەم کۆششە، ئەم هیوا و ئامانجە پێویستی بە ئاگایی سۆشیالیستی هەیە.

سەرکەوتوبێت خەباتی یەکگرتووی چینایەتی پرۆلیتاریا

بژی ڕۆژی یەکی ئایار

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

‏‏26‏/04‏/2022