لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا پڕۆلیتاریای جیهان بە دەوری خواستی بەرزکردنەوەی مووچەدا کۆبووەوە!
بەیاننامەکان

لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا پڕۆلیتاریای جیهان بە دەوری خواستی بەرزکردنەوەی مووچەدا کۆبووەوە!

ڕۆژی جیهانی کرێکار لە مساڵدا، دەنگ  وهاوارێکی جیهانی و ئینتەرناسیونالیستی بوو. خواست و بزووتنەوەیەکی چینایەتی و هاوارێک بوو دژی برسێتی و بێکاری وگرانی. دەنگێک بوو درا بە گوێی بورژوازی جیهانی و سیستمەکەیاندا. دەنگێک، بەڵام زەنگێکی ترسناک بوو دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی لە هەموو دونیادا.

خواستی زیادکردنی کرێ-مووچە- داوایەک بوو لە ١ی مەی ئەمساڵدا لە پاریس و ئەسینا و ئەستانبوول و بانکۆک و ریبات و قاهیرە و ساوباولۆو سیئۆلەوە تا دەگاتەوە ئێران و تونس ... وەک خواستێکی سەرتاپاگیری پڕۆلیتاریای جیهان، لە ڕۆژێکدا بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایینەکان و ڕەنگی پێست و ڕەگەزی ئینسانەکان خرایە سەر مێزی دەسەڵاتی بورژوازی. خواستی بەرزکردنەوەی مووچە، پڕۆلیتاریای جیهانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.

داواکاری بەرزکردنەوەی مووچە لە سایەی هەلومەرجی قەیرانی قوڵی ئابوری سەرمایەداری جیهانیدا، لەسەردەمی پەتای کرۆنا و جەنگی نێوان ڕوسیاو ئەمریکا لە ئۆکرانیادا، بەشێوەی جیاواز و بەپێی تایبەتمەندی وڵاتەکان لەلایەن پڕۆلیتاریاوە، بە دەنگی بەرز خرایەڕوو. شێوەی جیاوازی وەک: بەرزکردنەوەی لایەنی کەمی کرێ، دژی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و بەتایبەت خواردەمەنیە سەرەکیەکان و سوتەمەنی و خواستی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی مووچە ... بەڵام هەموو شێوە جیاوازەکان، جەختکردنەوەیە لە سەر: بەرزکردنەوەی کرێ، بەرزکردنەوەی لایەنی کەمی کرێ.

ڕابەرانی پڕۆلیتاریا لە ئاستی وڵاتە جیاوازەکاندا، پێویستیان بە کۆبوونەوە و کۆمەڵەیەکی پڕۆلیتارییە، بەدەوری خواستی بەرزکردنەوەی مووچە و لایەنی کەمی  ئاستی کرێ و بەرزبوونەوەی بەشێوەیەکی ساڵانە بە لە بەرچاوگرتنی گرانبوونی پێداویستیەکانی ژیان و ڕێژەی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان. کۆمەڵەیەک کە ناوکۆکەی ئەنتەرناسیۆنالیستێکی سۆشیالیستی پڕۆلیتێری دەخاتە سەر ڕێچکەی واقعی خۆی.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

 ٢٠ی مەی ٢٠٢٢

 

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF