كامل أحمد
ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەگەری ڕێکخراوی ئۆکسفامی نێودەوڵەتی کە لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دا بڵاوبۆتەوە، دانپیادانانێکی ئاشکرایە کە سیستەمی هار و چاوچنۆکی سەرمایەداری لەسەر شیلەی گیانی ملیاردەها پڕۆلیتاریای بێبەش سەروەتی خۆی کەڵەکە دەکات.
پەتای کرۆنا و شەڕی ئۆکرانیا هەلێکی زێڕینی تر بوو بۆ سەرمایەدارەکان تا کەڵەکەی زیاتری سەرمایەکانیان بکەن و سەرمایەدارو ملیاردێری تازە هەڵبتۆقن. لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ و تێچوونی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی پڕۆلیتاریا لە چاو دە ساڵی ڕابردوودا، هەر دوو ڕۆژ جارێک ملیاردێرەکانی کەرتی ووزە و خۆراک سەروەت و سامانیان یەک ملیارد دۆلار زیاد دەکات. لە کاتی پەتای کرۆنادا لە هەر ٣٠ کاتژمێرێکدا یەک ملیاردێری تازە دروست بووە کە بۆتە هۆی پاڵنانی نزیک بە یەک ملیۆن خەڵک بەرەو هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر. ئەوان کە خۆیان هۆکاری سەرەکی هەموو پەتاو جەنگ و ماڵوێرانییەکن بە سەر کۆمەڵگای بەشەری یەوە، بە دڵنیاییەوە لە ئازار و ناڕەحەتی و ماڵوێرانییەکانی خەڵکیش سەرمایە دەچنەوە و کەڵەکەی دەکەن.
بەپێیی ڕاگەیەندراوەکە، ٥٧٣ ملیاردێری تازە هەڵتۆقیون لە کاتی پەتای کرۆنادا و وا چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ٢٦٣ ملیۆن مرۆڤ ببرێن بەروە لێواری هەژاری لە ڕادەبەدەر.
سامانی ملیاردێرەکان لە ٢٤ مانگی یەکەمی کۆڤید-١٩ زیاتر بەرزبۆتەوە بە بەراورد بە ٢٣ ساڵ بەیەکەوە. ئەم سەروەت و سامان کەڵەکەکردنە بە هۆی زیرەکی سەرمایەدارەکانەوە یان کارکردنی زیاتریانەوە نییە، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵکو لەسەر سەر ژیان و گیانی ملیۆنەها کرێکار لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت کە ناچارن بۆ بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان کاری زیاتر بکەن و مووچەیەکی کەمتر وەربگرن و لە دۆخێکی خراپتری کارکردندان.
ئەم سیستەمە شەرمهێنەرە بە ئاشکرا بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە کرێکاران پێویستە سکیان هەڵلوشن و ژەمەکانیان کەمبکەنەوە و گەرمکەرەوە و فێنکەرەوەی ماڵەکانیان بکوژێننەوە و بە مووچەی کەمتر و گرانی و هەڵئاوسانی لە ڕادەبەدەر قایلبن تا بتوانن مەمرەومەژی بمێننەوەو سەرمایە بۆ ئەوان کەڵەکە بکەن. ئەم بارودۆخە تەنانەت هەڕەشە لە مانەوەی فیزیکیشیان دەکات و بە پێی ڕاگەیەندراوەکەش لە هەر خولەکێکدا کەسێک بە هۆی برسێتی یەوە گیان لەدەستدەدات لە رۆژهەڵاتی ئەفریقادا.
وێڕای فاکتی زۆر لە سەر دەوڵەمەندبوونی زیاتری دەوڵەمەندەکان و ملیاردێرەکانی جیهان کە چۆن سەروەت و سامانی تەنها دەوڵەمەندتریانیان زیاترە لە ٤٠ ٪ خوارەوەی مرۆڤایەتی کە ٣.١ ملیار کەسن، بەڵام وەک دەزگایەکی ناو سیستەمی بورژوازی و سەرمایەداری ناتوانێت ڕێگاچارەیەکی باشتر لە زیادکردنی باجی سەر دەوڵەمەندەکان و باج دانان لەسەر پارە هەڵگیراوەکانیان و دانەوەی قەرزەکانی بانکی نێودەوڵەتی و.....هتد پێشنیاربکات. خودی ئەم پێشنیارانە لەوانەیە وەک پاراسیتامۆڵ سەرئێشە کاتیەکەی پڕۆلیتاریا بشکێنێت، بەڵام چاری دەردی هەژار ی و برسێتی یەکەی ناکات و ئەم ڕێگا چارانە، ڕێگا چارەی هێشتنەوەو بە ئەەبدی و ئەزەلی نیشاندانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەیە.
پڕۆلیتاریا هەر ئێستا لە تەوای جیهاندا هاتۆتە مەیدان و خەریکی خۆ ڕێکخستن و مانگرتن و خۆپیشاندانە دژی برسیەتی وڕۆژ لە دوای رۆژ بەرەی ئەم ناڕەزایەتییانە جیهانی و فراواندەبێتەوە. ئەم هاتنەمەیدانانە پێویستی بە هۆشیاری سۆشیالیستی هەیە، هۆشیارییەک کە هیچ پینەوپەڕۆیەکی بۆ ئەم نیزامە پێچەوانەیە قبوڵنەبێت و سەرتاپا هەڵیبگێڕێتەوە و لە جێگایەکدا دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات.
بۆ زانیاری زیاتر لینکی ڕگەیەنداروەکەی ئۆکسفام بە زمانی ئینگلیزی دادەنێم:
06.07.2022