سامان کەریم
چەند رۆژی تر یادی ٢٩ ساڵەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە لە عێراقدا... لێرەدا هەردوو حزبی ئێستای عێراق و کوردستان مەبەستمە. ساڵێکی دیکە دەبێتە ساڵیادی ٣٠ ساڵەی پێکهێنانی حزب، من ساڵێک پێشترم داناوە، بۆ ئەوەی سێ دەیە تەواو بکەم کە خۆم تەنها سێ ساڵ غائیب دەبم تیایدا...
هاوڕێی خۆشەویستم عوسمانی حاجی مارف، لە هەفتەی مەنسور حیکمەتی ئەمساڵدا(٤-١١/٦/٢٠٢٢) باسێکی بوو لەسەر پراتیک یان "ڕۆلی مەنسوری حیکمەت و پراتیکی شۆرشگێڕانە"*. هاوڕێ عوسمان کەسایەتیەکی ناسراوی نێو چەپ و کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە عێراق، تا ئێستا سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە و چەندین ساڵ سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بووە. بۆ هەرکەسێک کە گوێ لە باسەکەی بگرێت حەتمەن بە هەند وەریدەگرێت... بە جیا لەوەی کە هاوڕێ عوسمان چۆن پراتیکمان بۆ باس دەکات، وە تەنانەت چۆن پراتیکی مەنسور حیکمەتمان بۆ هەڵدەسنگێنێت، من دەستخۆشی لێدەکەم، کە ڕەخنەگرە و ڕەخنە دەگرێت لەوانەی کە لە حزب چوونە دەرەوە لەوانە مارکسیستی هاوچەرخ.... دەستخۆش. پێم وایە کە یەکێک لە لاوازییە هەرە گەورەکانی کۆمۆنیستەکان لە ناوچەکەدا و بەتایبەت لە عێراق و کوردستاندا، نەبوونی ڕەخنەیە، لێرەدا واز لە ناوەرۆکی رەخنەکە دەهێنم، بەڵام هەر بوونی ڕەخنە بۆ خۆی هەنگاوێکی باشە و بگرە زۆر پێویستە. ڕۆشنە کە ڕەخنەیەکی مارکسیستی پێویستە، ڕەخنەیەک کە ڕووی لە بنیاتنان و کرانەوەی دەروازە و کەشێک بێت بۆ یەکگرتووکردن و ڕێکخراوکردنی بزووتنەوەی پرۆلیتاریا و بە هێزکردنی کەشی تەحەزوبی چینایەتی. کارێکی ئاوەها زادەی بەرهەمهێنانەوەی کەشوهەوایەکی کۆمەڵایەتیە کە ڕەخنەی کۆمۆنیستی یان بە گشتی خەباتی تیۆری لە بەرانبەر بورجوازیدا لەم هەلومەرجەدا دەکاتە یەکێک لە ئەرکە دەستبەجێکانی سۆشیالیزمی پرۆلیتێری.
هاوڕێم عوسمانی حاجی مارف، لە سەرەتاوە ئامانجی یان مەبەستی هەڵبژاردنی باسەکەی ڕووندەکاتەوە. بە کورتی پێمان دەلێت کە پێویستە مەنسور حیکمەت وەک پراتیستێکی کۆمۆنیست و شۆڕشگێر بناسین، گوایا ئەوانەی چوونە دەرەوە لە حزب، وە مارکسیستی هاوچەرخیش دەگرێتەوە، وەک خۆی دەڵێت، مەنسوری حیکمەت وەک " کەسێکی بە توانا لە مارکسیزم و کەسێکی موفەکیر"دەناسین، و" لە چوارچێوە ی ئەو خاڵانە ناچنە دەرەوە" وهەروەها دەڵێت: "مەنسور حیکمەت وەکو کەسێکی شۆڕشگێر و دەخاڵەتگەر لە کاری شۆڕشگێڕانەدا....وەک دەخاڵەتی بۆ ڕێکخستنی کرێکار بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی... ئەمە دورودەخەنەوە" و درێژە بە سیمینارەکەی دەدات و دەڵێت "هاوڕێیانی ئازیزی ئێمە بوون.....چوونە دەرەوە لە هەمان چوارچێوەدا ڕەخنە دەگرن"، ئێستاش هەر ئازیزی هاورێ عوسمان!. واتە لەو چوارچێوەیەدا کە ئێمە، لێرەدا من تەنها نوێنەری خۆمم لە ڕوانگەی عوسمانەوە وابیر دەکەمەوە کە مەنسوری حیکمەت موفەکیر و یان وەک موفەکیر دەیناسێنم،....پاشان لە درێژەی باسەکەیدا دەگاتە ئەوەی کە مەنسور حیکمەت دەبێت وەک مارکس و لینین بناسین کە پراتیسین بوون و کاریان کردووە بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی و دەلێت: "پراتیکی شۆڕشگێرانە لای مەنسور حیکمەت بەو مانایە بووە کە ...بەو مانایە حزبی کۆمۆنیستی دروستکردووە، بەو مانایە لە تارانەوە چۆتە کوردستان.....تەشخیسی داوە کە چینی کرێکار سازمان با... وە ئامادەی بکات بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی." لە درێژەی باسەکەیدا لە سەر پراتیکی مەنسور حیکمەت دەلێت: "دەخاڵەتی موباشری بۆ پێکهێنانی حزب و حزب و طبقە ئەمە ماناکەیەتی..حزب کە پیادەی ئەم حەرەکەتە دەکات..عەمەلی مەنسور حیکمەت هەمیشە ئەوە بووە کە بزووتنەوە دروست بکات...وە کردووشیەتی ..لە تارانەوە بۆ هین ... بە ڵام توانیویەتی بزووتنەوەکەی بگوڕێت لە مارکسیزمی شۆڕشگێرەوە بۆ پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیست و لەوێشەوە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری... لە دەریشەوە بوو هەزارەها کەس ئێمە پشتوانیمان لێکردوو لە گەلێدا بووین...". بەشێوەیەکی گشتی ئەمە پوختەی باسەکەی عوسمانە و لەدرێژەی ئەم باسەدا ئەگەر پێویست بوو کۆپلە و بڕگەی دیکە دەهێنینەوە.
سەرەتا پێویستە ئاماژە بە دوو پۆینت بکەم، یەکەمیان : باسی من لێرەدا باسێک سەبارەت بە پراتیکی مەنسور حیکمەت لە ئاستی تایبەتدا نیە، واتە باسی کۆنکریت لەسەر تیۆریەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆخۆی باسێکی فراوانە وکاتی دەوێت، بەڵام لە هەرشوێنێکدا پێویست بێت بێگومان ڕەخنە لەو تیۆریانەش دێتە پێشەوە. دووەم: هاوڕی عوسمان نوێنەرێکی باشی مەنسوری حیکمەت نەبوو لەم سیمینارەدا، باسەکانی مەنسور حیکمەت لەسەر پراتیک و بەتایبەت باسەکانی پێش حزبی کۆمۆنیستی ئێران و دواتریش باسەکانی پیش کۆمۆنیزمی کرێکاری، و تا کاتی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، کۆمەلێک باس و لێکدانەوەن کەپێویستە بخوێنرێنەوە و سوودیان لێوەربگیرێت تەنانەت ئەگەر بۆ ڕەخنەگرتنیش بێت، بڕگەو تێروانینی زۆر وردتری تێدایە بە بەراورد لەگەڵ باسەکانی دوای پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، بۆ نمونە باسی – کۆمۆنیستەکان وپراتیکی کۆمۆنیستی، جەمعبەندی گشتی باسی شێوەکار لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی موبارزانی کۆمۆنیست- یان – حەوزە حزبیەکان و ئاکسیۆنی کرێکاری، سەبارەت بە گرینگی ئاژیتاتۆر و ئاژیتاسیۆنی عەلەنی-. هاوڕی عوسمان لایەنی کەم دەبوایە سودی لەو باسانەی مەنسور حیکمەت وەربگرتایە بۆ باسەکەی خۆی. بەڵام واقعەن لە پراتیکدا، لە ئاڕاستە و جوڵەیەک کە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراقدا بە هەردووو حزبەوە تیایدا قەراری گرتووە، عوسمانی حاجی مارف نوێنەرێکی سەرسەختی کۆمۆنیزمی کرێکارییە، کۆمۆنیزمی کرێکارییەک، ئەوەی کە هەیە، تیۆریەکەی وە پراتیکی سیاسی و ڕۆژانە و تەکتیک و شێوازی پراتیکی بەڕیوەبردنی حزب و...لەمبارەوە من گومانم نیە. پێش باسی – ناپراتیک بوونی مارکسیستی هاوچەرخ- و-پراتیک بوونی عوسمان وکۆمۆنیزمی کرێکاریی- پێویستە باسی پراتیک خۆی بکەین و باسێکی کورتی تیۆری پراتیک بکەین لای مارکس.
مارکس دەڵێت: (مەسەلەی ئەوەی کە ئایا، بیرکردنەوەی مرۆیی، ڕاستییەکی بابەتییە gebenständlishe یان نا، بەهیچ جۆرێک، مەسەلەیەکی تیۆریی نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی عەمەلییە. پێویستە مرۆڤ لە پراتیکدا، حەقیقەت بسەڵمێنێت، یانی واقعیبوون و بەهێزیی بیرکردنەوەی و هەبوونی Diesseitigkeit ئەم بیرکردنەوەیە، لەم دنیایەی ئێمەدا. مشومڕکردن لەسەر واقعیبوون و نەبوونی بیرکردنەوەی دابڕاو لە پراتیک، مەسەلەیەکی سکولاستیکی پەتییە). (تێزەکان دەربارەی فێۆرباخ/کارل مارکس- و: سالار ڕەشید).
مارکس بە ڕۆشنی پەیوەندی نێوان پراتیک و فکر یان پراتیک و تیۆر یان بەقەولی عوسمان –پراتیک و قسە- مان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.... بەڵام قسە یان فکر یان تیۆر خۆیان چین؟! تیۆر و پراتیک، دوالیزمێکن لە دوای تیوری مارکسەوە بۆ شۆرش و خەباتی چینایەتی سەرهەڵدەدەن. لە تیؤری مارکسدا، دوالیزمی تیۆر و پراتیکمان نیە، لە کاپیتاڵەوە بگرە تا ئایدۆلۆجیای ئەڵمانی و تا مانفێست و پراتیکی مارکس لە پێکهێنانی کومەڵەی سۆشیالیستی و دواتر ئەنتەرناسیونالیزمی یەکەم و تەجروبەی کۆمۆنەی پاریس... لە کۆی باسەکانی مارکس و هەنگاوە پراتیکیەکانیدا... ئێمە دوالیزمی تیۆرو پراتیک نابینین. ئەم نەبینینە دەکرێت بیهێنیت و بیکەیتە باس و گفتوگۆ، بەڵام لە بناغەوە زۆر سادەیە، سادەیەکەی ئەوەیە لە ڕوانگەی مارکسەوە، کۆمۆنیزمێک هەیە ئەویش کۆمۆنیرمی پڕۆلیتێریە، لە مانیفێستدا بەڕۆشنی ئەم باسانە کراوە وهیچ پێویست بە دووبارەبوونەوە ناکات، کەواتە لە باری تەجریدەوە مەسەلەی سەرەکی پێش پراتیک باسە لەوەی پراتیکی کام چینە کۆمەڵایەتیە، دوای ئەوە، وە تەنها دوای ئەوە، باسی ڕێباز و میتۆد و فکر و ڕێکخستن و مانیفێست و جیهانبینی، باسدەکرێت. کۆمۆنیزمی دیکە هەبوون، وە ئێستاش هەن و ناویان کۆمۆنیستە وەک کۆمۆنیزمی خەیاڵی، وردەبورجوازی، کۆمۆنیزمی ڕوسی وچینی و چریکی و گەریلایی.... هەمووشیان واقعین و زادەی خەباتی چینایەتین، "مارکسی نا واقعی" نین بەڵکو واقعین و سەر بە ڕێباز و بەرژەوەندی چینی پڕۆلیتاریا نین...
لە مانیفێستدا بەبێ بوونی چینەکە و ئامادەیی پڕۆلیتاریا بۆ تەحزوب، ئێمە تەحزوبی پرۆلیتاریا نابینین، وە نییە. ئەساس وە بناغە چینی پڕۆلیتاریایە، نەک تەنانەت فکر و تیۆری کۆمۆنیستی و مانفێست، بەبێ ئەساس، بێ بناغەکە مەسەلەی پراتیکردنی تەحزب واتە پێکهێنانی حزب بۆ پڕۆلیتاریا دەبێتە مەسەلەیەکی سکولاستیکی، واتە مەکتەبی، بەپێی تێزەکەی سەرەوە لەسەر فێۆرباخ. لە تیۆری مارکسدا وانیە کە چەند کەسێک بەبێ ئاگاداری هەڵسوڕاوان و چالاکەوانانی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا و بەبێ ڕابەڕانی ئەم بزووتنەوەیە، بەبێ ئامادەییەکانی پڕۆلیتاریا وەک بزووتنەوەیەک، تەحەزوبی ئەم بزووتنەوەیە و حزب پێک بهێنن، شتی وا بوونی نییە، وە هیچ کەس ناتوانێت لە تیۆری مارکسدا ئەوە بسەلمێنیت کە چەند کەس دێن لە لادێیەکی دوورەدەستی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمۆنیستی ئێران دادەمەزرێنن وەکو ئەوەی مەنسوری حیکمەت و مهتەدی و سەید برایم و حەمید و عومەری ئیلیخانیزادە پیادەیان کرد.... ئەوە حزبی پڕۆلیتاریا نییە، کۆمۆنیزمێکی قەومی چەپی ئێرانی مۆدێرنی دژ بە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی نەبووە وە نەشبوو بە پڕۆلیتاریای ئێرانەوە، هەروەک دوایش مەنسور حیکمەت خۆی بەجێیهێشت. بەڵام کۆسپەکە ئەوەبوو لەسەری ئەنتی ناسیونالیزمی کوردییەوە لە بەرانبەر مەسەلەیەکی جیهانیدا-بەرانبەر جەنگی کەنداو- ئەم مەسەلەیە تەقییەوە. بەڵام کۆسپی لەوە گەورەتر ئەوە بوو، ئەمجارەیان حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانی پێكهێنا لە گەڵ سێ هاوڕیێ دیکەدا، بەڵام هێزی ئەم حزبەگوندی زڕگوێزی نزیک بە سلێمانی بوو، بێگومان پڕۆلیتاریای ئێران ئاگادار نەبوو، دواتر ئەم حزبەش تا مەنسور خۆی مابوو بەقەولی خۆی نەبوو بە حزب...ڕووداوەکانی دواتر و پارچەپارچەبوون و بوونی بە چەندین حزب و وازهێنانی ئەندامان لە حزب بە ئاستێکی فراوان.... ئەنجامێکی حەتمی دوالیزمێکە کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی بە پراتیک سەلماندویەتی... تۆ ناتوانیت خانوویەکی کۆنکریت وە سەقفیکی پڕ شیشی ستیل و پایەی کۆنکریتی دروست بکەیت بەڵام بناغەی خانوەکە داربێت، حەتمەن دەڕوخێت، وە پێم وایە دەمێکە ڕووخاوە. سەر بەبێ جەستە مانای نیە. ناتوانرێت پراتیکی جەستەی چینێک بخەیتە سەری جەستەی چێنێکی دیکەوە. هەموو سەرێک بۆ جەستەی خۆی دەبێت، بزووتنەوەی کرێکاریش ئەگەر جەستەیەک بێت ئەوا پێویستی بە ڕۆشنبیرانی خۆی هەیە وەک مارکس و ئەنگلس ، وەک بورجوازی ئەویش کەلەی خۆی هەیە، سوپایەکی فراوانی لە بیرمەند و نوسەر و میدیاچی و ژورنالیست هەیە.
باسی ئێمە، لە ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخدا، تێزەکانی ئاڕاستە و دواتر ئاڕاستەکانی سەرمایە و پێگەی پڕۆلیتاریا و کۆی باسەکان هەموویان پراتیکن، واتە قسەی ئێمە یان بیرکردنەوەی ئێمە بەو ئاستە پراتیکە و بۆتە پراتیک کە لە گەڵ تواناییەکانی چینی پڕۆلیتاریا هەم دەڕواتە پێشەوە وە هەم ئێمە وەک کۆمەڵێک لە کەسانی ڕۆشنبیری مارکسیستی کارێکی سەرەکیمان ئەوەیە کە تیۆر و فەرهەنگی مارکسیستی زەوتکراو لە پڕۆلیتاریای جیهانی جارێکی دیکە ببێتەوە بەدەستکەوتی پڕۆلیتاریا. تیۆر و فکر و نەریتی پێشڕەوی تەحەزوبی مارکس و تەجروبەی ئینتەرناسیۆنالیزمی یەکەم لە پڕۆلیتاریای جیهانی سەندراوەتەوە، بەڵام ئەو قسە و تیۆرانە لە سەردەمی خۆیاندا بۆ ماوەی نزیک بە ١٠٠ساڵ بوون بە پراتیک. واتە لە بۆتەی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریادا سەلمێنران وە بە عەمەلی سەلمێنران، وە ئەم سەلماندنە بوو لە دوای تەجروبەی کۆمۆنەی پاریسەوە مارکسی کرد بەو مارکسەی کە دەیناسین، سەرەڕای بەهێزی بیرکردنەوە و ئاستی تێگەیشتنی لە سیستمی سەرمایەداری و ڕۆلێ پڕۆلیتاریا وەک چینێک لە ڕوخاندنی خاوەندارێتی تایبەتدا....لێرەدا فکر یان "قسە" و پراتیک ئیتر سنوری نیە و یەکتر دەوڵەمەند دەکەن بە پراتیک، پراتیک کەڵەکەی تیۆر دەکات وە تیۆر پراتیک بەرەو پێش دەبات. خۆ ئەگەر وانیە، تیۆری خەباتی چینایەتی مارکس هیچ مانایەکی نامێنیت. بەڵام ئەم دەستکەوتە پڕ بەهایەی خەباتی چینایەتی لە پڕۆلیتاریای جیهانی زەوتکرایەوە هەر بەپراتیک، دیارە ئەمجارەیان پراتیکی بورجوازی کە چەندین تیۆری جۆراوجۆر و ڕەنگاو ڕەنگی لە پشتە، سەدەها هێرشی گەورەی بورجوازی لە پشتە لە جەنگەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئابڵوقە ئابوریەکان و هەژارکردنی پڕۆلیتاریا و سەپاندنی بێکاری و هێرش و تۆپخانەی فکری و تیۆری و"قسە"ی بورجوازی لە قوتابخانەی فرانکفۆرتیەکانەوە بگرە تا کۆی ئاڕاستەکانی پۆست مۆدیرن و تا فکری نیولیبرالیزم و قوتابخانەی ئابوری نەمساوی و کینزی و نیو مۆنیتاریزمی ئابوری و تا دەگاتە .... سەدان و بگرە هەزارەها نوسەر و بیرمەندی گەورەو بچوکی بورجوازی و دەزگاکانی لێکۆلینەوەی فکر و تیۆری کۆمەڵایەتی بورجوازی لەم هێرشانەدا هاوبەش بوون.
لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ئێمە دوالیزم دەبینین، پراتیکمان هەیە لەلایەک وە تیۆر لە لایەکی دیکە، بۆ داپۆشینی ئەم دوالیزمە، تیۆری کۆمۆنیزمی کرێکاری لە سیمینارەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، دەبێتە عەینی حزبی پرۆلیتاریا خۆی. واتە ئەوەی ئەم پراتیکە ئەم جوڵەیەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکاتە پراتیک دیسان فکر وە بەقەوڵی عوسمان –قسە-یە، بەسادەیی چونکە هیچ پراتیکێکی بالفعلی ئەم چینەمان نەبینی لەوکاتەدا و دواتریش، بینین لێرەدا مەبەست بینینی شەخسی نیە، بەڵکو بزووتنەوەیەک بەگەورەیی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریای ئێران سیمایەکی ئەم تیۆرەی لەخۆی نیشان نەدا کە من لە نزیکەوە ئاگاداریم. لەسالی ١٩٩٥دا لە گەڵ شەهلای دانشوەردا- کە لە ژیاندا ماوەو تەمەن درێژ بێت- پەیوەندی ڕەسمی و ڕاستەوخۆم هەبوو، وە لەمبارەوە نامە هەبوو لە نێوانماندا لەبارەی پەیوەندی حزب بە ناوخۆی ئێران و چۆنیەتی چالاکردنی ئەم بابەتە. دیارە ئەو کاتە ٥ ساڵ بوو حزب پێکهاتبوو. حزب کە پێکهات، کۆمۆنیزمی کرێکاری وە ئێمە هەموومان شانازیمان دەکرد بەوەی کە لە هەلومەرجێکی سەخت و دژوار و داڕووخانی کۆمۆنیزمی بورجوازی دا ئێمە ئاڵای کۆمۆنیزمان بەرز ڕاگرتووە؟!! وە لەسایەی هێرشی لیبرالیزمی نوێی جیهانی و هەڕەشە و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و پاشەکشەی گەورەی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریای جیهانی ئێمە ئاڵامان بەرز ڕاگرتووە و حزبمان دروستکردوە، هاوڕی عوسمان لەم سیمینارەیدا دیسان تەئکیدی لێدەکاتەوە. بەڵام لە هەلومەرجێکی ئاوەهادا پێکهێنانی حزب خۆی دژایەتی گەورەی هەیە لەگەڵ تەحەزوبی پڕۆلیتاریادا، پڕۆلیتاریا لە پێگەی بێباوەڕی بەهێزی خۆی، لە پێگەی لاوازی و بێ ئومێدی و پاشەکشەیەکی گەورەی جیهانیدا، ناتوانێت بگاتە ئاستی تەحەزوبی کۆمۆنیستی، کە پێویستی بە ئاستێکی گونجاو لە خەباتێکی چینایەتی یەکگرتوو و هەروەها ئاستێکی گونجاو لە هوشیاری کۆمۆنیزمی پڕۆلیتێری هەیە....بەم مانایەش تەحەزوبی کۆمۆنیزمی کرێکاریی مەنسوری حیکمەت تەحەزوبی چینێک نیە کە بڕیارە دونیا بگۆڕی، بەڵکو هی کۆمەڵێک ڕۆشنبیرە کە هێزی زەینیان هەیە و دواتر دەیانەوێت بیگەیەننە چینی کرێکار، کە نەگەیشت، وە هەر ناگا. باسەکە لە بناغەوە گەیشتن و نەگەیشتن نیە، بەڵکو میتۆدێکی نادروست و نا چینایەتی و نا مارکسیستیە بۆ پێکهێنانی ئەحزابی کۆمۆنیستی. بە کورتی بەبێ ئاستێک لە ئامادەییەکانی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا و ئاستێک لە هۆشیاری سۆشیالیستی و گەیشتن بە گرینگی تەحەزوب، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر ئەگەر حزبیش پێک بهێنن، ئەوە چارەنووسەکەیەتی کە دەیبینین.
هاوڕێ عوسمان، هەم من و تۆ، وە هەم مارکس و مەنسور حیکمەت هەموو قسە دەکەین بۆ ئەوەی قسەکە پراتیک بێت، واتە قسەی ئێمە خۆی بەرهەمێکی پراتیکیە هەروەک چۆن یەکەم نوتقی مرۆڤایەتی پرۆسەیەکی پراتیکی و مێژووییە، بەهەمان شێوە، هەرکەسێک پراتیکێک بەرهەمدەهێنێت بەپێی قسەیەک یان تیۆرێک کە بیری لێکردۆتەوە. بۆیە ئێمە "ئەگەر هەر قسە دەکەین" بە قەولی عوسمان، پراتیکێک دەکەین بەپێی قسەکانمان، بەڵام ئێمە پێمان وانیە کە چینی پڕۆلیتاریا وە کۆمەڵگە دەبێت بێتە ناو بەرگی کتێبێکەوە کە ئێمە نوسیومانە یان تیۆرێکەوە کە ئێمە دەیڵێین، چونکە خەڵک وە پرۆلیتاریا وەک چینێک، لە پرۆسەیەکی مێژوویدا هەمیشە خەریکی خۆ گۆڕینن و دەگۆڕێن. باسەکە ئەوەیە ئێمە ڕۆڵمان چیە بۆ ئەم خەڵکەی کە لە پرۆسەیەکی بابەتیدا دەگۆڕێت؟! ڕۆڵی ئێمە وەک ڕۆشنبیرێکی مارکسیستی هاوچەرخ لەم سەردەمەدا، وە بەدیاریکراوی لەم سەردەمەدا ئەوەیە زەمینە و کەشوهەوایەکی کۆمەڵایەتی سازبکەین بۆ گەشەی خەباتی یەکگرتووی پڕۆلیتاریا، ئەمکارەش بەبێ هۆشیاری کۆمۆنیزمی پۆۆلیتێری مەیسەر نابێت. کەواتە کەشو هەوایەکی کۆمەڵایەتی پێویستە بۆ گەشەی تیۆرو فکر و قسەی مارکسیستی لەم سەردەمەدا کە ئێمە ناومان ناوە هاوچەرخ، وە لە ڕاستیدا هاوچەرخە. کەشو هەوای فکری و تیۆری و ڕۆژنامەگەری جیهانی و میدیایی بەسەریەکدا داڕماوە، ساڵ بە ساڵ لە ئاستی جیهانیدا بیر و فکری نازیزم و فاشیزم و ڕاستڕەوی بورجوازی و ئیسلامیزم گەشەیەکی بێ وێنە دەکات. لە شاری سلێمانی کە پێویستە نفوزی حزبی کۆمۆنیزمی کرێکاریی بێت و ٣٠ ساڵە ئەم شارە سەنتەری سەرەکی چالاکی کۆمۆنیزمی کرێکارییە، بەڵام ٣٠ ساڵە و تا ئەمڕۆش ئیسلامیزم گەشەیەکی بێ وێنە دەکات، ٣٠ ساڵە ناسیونالیزمی کورد ئەم شارە دەبات و دەهێنێت و کاولیکردووە، بەڵام بە هێزترە و بە میلیشای خۆیەوە باقیە. ٣٠ ساڵە یەک دانە کۆمیتەی حزبی بەمانای واقعی کۆمیتە لە گەڕەک و کارگەکاندا بوونی نیە وە نابێت، ٣٠ ساڵە، نەک هەر نابێت، تازە لە سەرەتای ئەم مانگەدا و لە سالی ٢٠٢٢دا – کۆنفراسی ئەندامان- لە سلێمانی ڕێکدەخەن پاش ٣٠ ساڵ. کۆنفرانسی ئەندامان، ماناکەی ئەوەیە کە ئەم حزبە هیچی نیە و بە ئاستێک گەیشتووە کە پەیڕەوی ناوخۆی خۆشی بیرچۆتەوە، ئەگەر نا کۆنفرانسی ئەندامان مانای چیە؟! کۆبوونەوەی ئەندامان هەیە، ئەویش لە سنوری گەڕەکێک یان شوێنی کارێکدا، بەڵام کۆنفرانسی ئەندامان!! کاریکاتۆری تەحزوبە، تەنانەت تەحەزوبی بورجوازیش.
ڕۆشنە هاوڕی عوسمان قسە دەکات و تیۆر دەڵێت وبڕیار دەردەکات، هەمووشی پراتیکە و دەیکاتە پراتیک. ئەوەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری ئیدانەی گەورەترین هێرشی جیهانی ئەمریکا ناکات بۆ سەر ئەفغانستان لە ژێر ناوی ئەوەی ئیسلامی سیاسی حاکمە، دروست پراتیکە وماناکەی ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی دژی ئیسلامی سیاسییە. ئەوکات هەموومان بووین، بەڵام من و چەند هاوڕێیەکی تر لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر موسڵ لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕیگامان نەدا، ئەم دیدگا دژی ئیسلامی سیاسیە زاڵ بێتەوە و بەتوندی وەستاینەوە بەرانبەری. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مساڵدا، ٢٠٢٢، تا ئێستا شاری موسڵ لە ٨٠٪ی کاولە. لەوە قەباعەتر ئەوەبوو، کە داوا لە ئەمریکا بکەیت داعشم بۆ دەرکە، بەڵام نەکەیت قوتابخانە و پرد و خەستەخانەکان بڕوخێنیت!!! بەڵام نەکەیت خەڵکی سیڤیل بکوژیت!!! ئەمە ئیتر دەبێتە کاریکاتۆرێکی بێ لەزەت، بەڵام پراتیکی تیۆرێکە کە مەنسوری حیکمەت دایڕشتووە لە ئەفغانستانەوە. هەموو حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریش پاش ١٥ ساڵ هەمان سیاسەتیان دووبارەکردەوە لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر موسڵ. پراتیکە، بەڵام پراتیکی دژی سەرمایە نیە وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەڵکو پراتیکە دژ بە لایەنێک و بزوتنەوەیەکی سیاسی بورجوازی کە ئیسلامی سیاسیە. بەڵام بزووتنەوە و دەسەڵاتی جیهانی سەرمایە و لیبراڵیزمی نوێی ئەمریکا بەهێزتر و فراوانتر دەکاتەوە، ئەمەش پراتیکە، پراتیكێک کە ئەنجامەکەی تەنها بەهێزبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و کاولکردنی موسل و تەنانەت بەهێزبوونی ئیسلامیزمی بە دوای خۆیدا هێنایەوە جا با لە بەرگی داعشیشدا نەبێت. وە جارێکی تر ئەمریکای هێناوەیە عێراق و ناوچەکە. ئەمە کۆمۆنیزمی پڕۆلیتاریا نیە. کۆمۆنیزمی کرێکارییە کە هیوای ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئێرانە، بە قەولی عوسمان کە قسەی حزبی حیکمەتی دەهێنێتەوە و گوایا وتویانە "چقڵی چاوی جمهوری ئیسلامیە" واقعەن ئەوە کۆمۆنیزمی کرێکارییە و حەمیدی تەقوایی نوێنەریەتی، و ئامادەیە چەپڵە بۆ ناتۆش لێ بدات بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی.
عوسمان گیان ئەوەش پراتیکە کە ئێمە وەستاین لە دوای ڕێبین هەردی و مەلا کامەرانەوە لە ١٧ی شوبات و جووڵانەوەی ئەوکاتەی ساحەی تەحریری بەغدا لە ٢٠١١ دا، هەڵەیەکی سیاسی و پراتیکی بوو لە ڕوانگەی منەوە وە خۆم زۆر چالاک بوووم تیایدا لەبەغدا، دەکرا چاکی بکەینەوە بەڵام موسیبەت ئەوەیە وەک پراتیکی کۆمۆنیستی درێژەی پێبدەیت و ساڵانە یادی بکەیتەوە، پاش ئەوەی کە گۆڕان بووە هێزی یەکەمی ناوچەی سەوز، دیسان ئینکاری بکەیت و وەک دەستکەوت و بزووتنەوەیەکی خۆت بە حسابی بهێنێت...دیسان دەڵیم لە شۆڕشی تشرینی بەغدادا ساڵی ٢٠١٩دا ئێمە بووین نەمان هێشت ئەو چوارچێوەیە لە فکر و تیۆر و سیاسەت دووبارە بێتەوە، بە ئاستێک کە هەندی هاوڕی پێیان وابوو-کاتی سوڵتەی مزدەوجە- و چووبوونە بەغدا بۆ ئەوەی بزانن کە ئەوە مومکنە یان نا. بەڵام ئەو سوڵتەی مزدەوجە کازمی هێنا و ئەساسەن بۆ کازمیەکان بوو. لەو کاتەوە ئاڕاستەی سەدر و ڕەوتی بەهێزبوونی لایەنە ئەمریکیەکان زیاتر بووە،کە ئەمە دیسان قابیلی گۆڕانە و دەگۆڕێت، بەپێی هێز هاوسەنگی جیهانی و ناوچەیی و خودی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران و ئەنجامەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا.
یەکی ئایاری ئەمساڵ، ٢٠٢٢، بە تەواوی قسەی حزب و تیۆر و فکری حزبی لەگەڵ پراتیکتاندا جووتکرد. شانبەشانی عەبدوڵلای موهەتدی و لە گەڵیدا و لە ڕیزێکی هەڵپەرکێدا ڕۆژی جیهانی کرێکارتان لە ناوەرۆکی چینایەتی خۆی داماڵی. بەم پێیە تیۆر و پراتیکی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئێوە جووت دەبێت و ئەو دوالیزمە ناهێڵن لە نێوان تیۆر و پراتیکدا. ئەوەش چارەسەرێکە بەڵام ئەوسەری ناسیونالیزمێکە هاواردەکات. حزبی ئێوە لە کوردستان شانبەشانی لایەنێکی ناسیۆنالیستی پڕۆ ئەمریکی ڕۆژی جیهانی کرێکارتان کرد، بەڵام پراتیکە. چی بڵێیت ئەو کارە دەکەیت، خۆ ناچیت بە پێچەوانەی قەولی خۆتەوە کارێک بکەیت. ئەگەر "تیۆرەکەت شۆرشگێرانە بێت، ئەوە کارەکەت شۆڕشگێرانە دەبێت" بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە وەکو ئێوە پیادەی دەکەن. پراتیکێک لە ڕۆژی جیهانی و ئینتەرناسیونالی پڕۆلیتاریادا لەگەڵ لایەنێکی قەومی وپڕۆ ئەمریکی و دژ بە کۆمۆنیزم وتەنانەت کۆمۆنیزمی کرێکاریش، هەڵەیەکی سەرپێیی بەرپرسێک نیە. عوسمان گیان، ڕەحمێک بە ناوی کۆمۆنیزم بکەن!!. با تەجروبەیەکی بچوک باسبکەم، بۆ سەردانی موهەتدی نا، بەڵکو بۆ سەردانی سەید ئیبراهیم، کە ئینسانێکی بەرێزە، بەجیا لەوەی چۆن بیردەکاتەوە یان نا، من و دوو هاوڕێی دیکە لە سالێ ١٩٩٣وپاش چەند مانگ دوای پێهکێنانی حزب چووینە زڕگوێز، ئەوکات واتە نزیک بە ٣٠ساڵ پێش ئێستا بوو، کردیان بەهەرا و تووشی ڕەخنەیەکی توند بووینەوە، کە چۆن دەکرێت بچینە زڕگوێز و کۆمەڵە ببینین. دیاربوو نامە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانەوە هاتبوو کە ئێمە بۆ سەردانی زڕگوێزمان کردووە!!!عەجایب ... ئێستا پاش ٣٠ ساڵ، وە پاش ئاڵوگۆڕێکی جیهانی گەورە و بەڕاست وەڕگەرانی تەواوی موهتەدی، نەک سەردان کە ئاساییە، بەڵکو پراتیکی ڕۆژی جیهانی پڕۆلیتاریا لە گەڵ لایەنێک پراتیک دەکەن کە لایەنی کەم مەنسوری حیکمەت زیاتر لە ٢٠٠ لاپەڕەی لە دژی نوسیوە، لایەنێک کە پرۆلیتاریای تەنها بۆ ئەوە دەوێت کە ناسیۆنالیزمی کوردی پێ بەهێز بکات...کەواتە قسەتان کردووە وە پراتیک کراوە، موسیبەت ئەوەیە دواتر بلێی نەمانزانی ئەوان لەوێن!!! کاریکاتۆرە. پراتیک بوو، بەڵام نەک پەیوەندی نیە بە بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتاریاوە، بگرە ڕادەستکردنی پرۆلیتاریایە بە بورجوازی لە ڕۆژی جیهانی پڕۆلیتاریادا. ئێمەش قسە دەکەین وە پراتیک دەکەین، بەڵام نە لەگەڵ موهەتدی یەکی ئایار ساز دەکەین، وە نە لەگەڵ بارزانی ڕیفراندۆم دەکەین، وە نە لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامیەکان و عیبادی و سیستانیەکان و سەدرییەکان شۆڕش دەکەین، وە نە لە ژێر ئاڵای ئۆجەلان و ئۆکرانیەکاندا خۆپیشاندان دەکەین. ئەو پراتیکە پیرۆز بە خۆتان بێت.
پراتیکی کۆمۆنیستی بۆ ئێمە مانای پراتیکی ڕۆتینی کۆمۆنیستییە، پراتیکی ڕۆتینی کۆمۆنیستی مانای ئەوەیە کە ڕۆژانە و هەموو کات لە هەر شوێنێک کە دەتوانی خەریکی پراتیکی هوشیارکردنەوەی پرۆلیتاریا بیت. خەریکی پروپاگەندە و ڕێکخستنی پرۆلیتاریا بیت و خەریکی هاندانی پرۆلیتاریا بیت لە کاتێکدا کە دەرگیرە لەگەڵ مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیدا لە دژی گرانی و برسێتی و هەر خواستێک کە هەیبێت... ئەوە پراتیکی ئێمەیە. بەداخەوە ئەوەندە گەورە نیە کە هاوڕی عوسمان بیبینێت و هەستی پێبکات، داوای لێبوردن دەکەین. وە زۆر بە وردی نەخشەمان بۆ کێشاوە و ڕامانگەیاندوە وتومانە ئەم قۆناغە بۆ ئێمە خەباتی چینایەتی لەم سێ تەوەرەیەدا کورت دەبێتەوە" خەباتی تیوری، پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستی، ڕێکخستنی کۆمۆنیستی" ... کەواتە ئێمەش قسە دەکەین و پراتیک دەکەین بەڵام ئەو پراتیکەی ئێمەی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێوە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان بە هەندێکی کردووە.
هاوڕی عوسمان فشار دەهێنێت کە بۆ حزب پێکناهێنین، ئەو پێیوایە کە ئێمە :"مەسەلەی حزب لە بەرنامەیا نا نیە..چەندیش ئیدعای ئەوە دەکەن کە باوەریان بەدەسەڵاتی کرێکار هەیە،..بەلام پێکنەهێنانی حزب یان نەبینی مەوقعیەت حزب...حزبێک پێکناهێنن بۆ ڕەهبەری چینی کرێکار بۆ شۆڕشی کرێکار.. ئەمە گەورەترین زوعفی ئەو جیهەتەیە..". ڕەخنەکەی ئەوەیە کە ئێمە حزب پێک ناهێنین. ڕۆشنە کە ئەوە ئێمە نین کە حزب پێکدەهێنین، ئێمە بەشێکین لە خەباتی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا، بەشێکین لە پێکهێنانی ئینتەرناسیونالیست وکۆمەڵەیەکی سۆشیالیستی یان پرۆلیتێری، بەڵام ئێمە ناتوانین پێکهێنەری بین بەبێ خەباتی ڕێکخراو و ئاستی تەحەزوبی پرۆلیتێری، وە ئەوە جیاوازی ئێمەیە لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری. ئێمە خۆمان لەسەرەوەی کۆمەڵگە و چینەکانەوە نابینین، ئێمە خۆمان لە سەروو پرۆلیتاریا و خەباتی ئەوەوە نابینین، بەڵکو بزووتنەوەی پرۆلیتاریا و کۆمەڵگە دەبینین لە مێژوودا، واتە لەخەباتی دەستە و یەخەی چینایەتیدا کە ئێمەش و فەیلەسوفەکانیش ئامۆژگاری دەکات، نەک بەپێچەوانەوە. هەروەک مارکس لە تێزی دووەمی فێۆرباخدا دەڵێت" تیۆری ماتریالیستی کە پێیوایە خەڵک بەرهەمی هەلومەرج و پەروەردەیە و لەو بڕوایەدایە کە بۆ گۆڕینی خەڵک، پێویستە هەلومەرج و پەروەردە بگۆردرێت، ئەوە فەرامۆش دەکات، کە ئەوە خودی خەڵکە هەلومەرج دەگۆڕێت و ئەوە خودی پەروەردەکەرە، کەپێویستی بە پەروەردە هەیە. لە ڕوانگەی تیۆرێکی ئاوهاییەوە بە ناچار، کۆمەڵگە ئەبێتە دوو بەشەوە، کە یەکێک لەو دوو بەشە لە خودی کۆمەڵگە باڵاترە بۆ نمونە لە لای -ڕۆبەرت ئەوین-. بەراوردکردنی گۆڕانی هەلومەرج و چالاکیی مرۆیی، یان ئاڵوگۆڕی خۆبەخۆ، تەنها لە ڕووی پراتیکی شۆرشگێڕانەوە دەتوانرێت لێی بڕوانرێ و بەشێوەیەکی عەقلانی درکی پێبکرێت.)( کارل مارکس/هەمان سەڕچاوە). هاوڕی عوسمان لەم سیمینارەدا نەک چۆتە سەروو خەڵکەوە، بەڵکو بە ئاسمانەوە دەفڕێت و تەجاوزی مەنسوری حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری کردووە، ئەو دەڵێت: "...عەمەلی مەنسور حیکمەت هەمیشە ئەوە بووە کە بزووتنەوە دروست بکات...وە کردووشیەتی ..لە تارانەوە بۆ هین ... بە ڵام توانیویەتی بزوتنەوەکەی بگۆڕێت لە مارکسیزمی شۆڕشگێرەوە بۆ پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیست و لەوێشەوە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری..."لێرەدا عوسمان تەجاوزی قسەکەی مارکسی کردووە، بەسەر سەری کۆمەڵگەوە دەفڕێت، دەڵێت مەنسوری حیکمەت بزووتنەوە دروست دەکات!!!! سەیرە هاوڕی مەنسور خۆی وا ناڵێت، وە من ئاگادارنیم لە هیچ نوسینێکدا شتی وای وتبێت، بەڵام عوسمان ئەوەندە پراتیکیە ئاگای لە خۆی نەماوە بیری لای تیۆر و فکر نەماوە، ئەگەر نا بزووتنەوە دروستکردن مانای چیە؟! مارکسیزمی شۆرشگیر چۆن بوو بە بزووتنەوە؟! بزووتنەوە و ئاڕاستە فکرییەکان جیاوازی گەورەیان هەیە، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناسیونالیزمی و ئیسلامی و لیبراڵیزم و.... ئەوانە بزووتنەوەن بەجیا لەوەی کە فکر یان تیۆریەکەیان چیە، بزووتنەوەن، واتە مەسەلەیەکی بابەتیەو بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و خەباتی چینایەتی دەیانهێنێتە پێش، بێگومان هەموو بزووتنەوەیەک فکر و تیۆر و بیرمەندی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە بزووتنەوەی پڕۆلیتێری پێویستە هەیبێت، وەهەیەتی. لەنێو بزووتنەوەی کرێکاریشدا، ڕووبەرووی بزووتنەوەی جیاواز دەبینەوە بە تایبەت ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە کەمێک گەشە بکات و بچێتە پێشەوە، ئەوە دەنگی بزوتنەوەی ڕیفۆرمیستی و لیبراڵ چەپ تیایدا زیاتر بەرزدەبێتەوە... بەڵام عوسمان لە دەرەوەی واقعیەتی کۆمەلگە و خەباتی چینایەتی، مەنسوری حیکمەت دەکات بە درووستکەری بزووتنەوەکان، بەمەش هیچ پێگە و جێگایەک ناهێلێتەوە بۆ واقعیەتی خەباتی چینایەتی و ئاڵوگۆڕە بابەتیەکانی نێو کۆمەڵگە و خودی پرۆسێسی گەشەو جوڵانەوەی سەرمایە و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری....بەڵام ئەمەش ڕێبازێکە کە بەشێوەی جیاواز دەیبینین.
لای مەنسور حیکمەت، لە پڕێکا حزب -مقدس – دەکرێت، وەک خەستەخانەی گوندو چەکی سەربازێک لە جەنگدا، بەلام باسی حزب و پیرۆزی حزب باسێکی هێجگار مەزهەبیە. حزب هەمیشە وەسیلەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجێک کە بۆ ئێمە بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی پڕۆلیتاریایە. ئەم وەسیلەیە، دەکرێت وەسیلەیەکی کارا و بەتوانا بێت و دەکرێت ئەو وەسیلەیە نەبێت وەیان کۆسپی زۆر بێت... لە هیچ بارێکدا موقەدەس نیە، موقەدەس بوون مانای دەست لێنەدانە، خەتی سورە و نابێت دەستی لێ بدرێت و ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت. لەحالێکدا مەنسوری حیکمەت خۆی دوو حزبی دروست کردووە، نازانم کامەیان موقەدەسە؟!!!موقەدەسی حزب لای مەنسور حیکمەت وا لە عوسمان دەکات کە فشارەکەی زیاتر بکات و بە تەواوی بکەوێتە نێو خەڵوەتی تەقەدوسەوە، بەبەرزاییەکانی ئاسمانی پانوپۆڕدا هەنگاو بنێت و پێمان بڵێ مەنسوری حیکمەت بزووتنەوەکان دروست دەکات. هاوڕی عوسمان ئێمە هەموو هەوڵێکمان لە پێناو ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی بزووتنەوەی پرۆلیتاریایە، لە پێناو تەحەزوبی ئەم چینە و بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی سۆشیالیستی دایە. بەڵام دووبارەکردنەوەی تەجروبەیەکی هەڵە ئیتر کاریکاتۆرە، من خۆم ئامادە نیم تەجروبەیەک دووبارە بکەمەوە کە شکست خواردووە.
لە باسەکەی هاوڕێدا، بە هیچ شێوەیەک مەیلی بۆ خەباتی تیۆری نیە، دیارە مەبەستم خەباتی تیۆری دژ بە بیرمەندانی سەرەکی و گەورەی بورجوازییە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بە درێژایی ٢٥ دەقە قسەکردن هەموو ئیعجابی خۆی بۆ هاوڕێ مەنسور ئەوەیە کە چۆن پراتیکی کردووە. وتمان پراتیک خۆی ئەنجامێک یان بەرهەمی پراتیکی دیکەیە کە ناوی تیۆرە، واز لە وە دێنم کە تیۆرەکە چیە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەی هاوڕی عوسمان و ئیهمالکردنی خەباتی تیۆری، مەسەلەیەکە هەم مێژووییە لە نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا، وە هەم بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاریی دروستە. لە لوتکەی هێرشی فکری وتیۆری بیرمەندانی بورجوازی جیهانی بۆ سەر کۆمۆنیزم لە تیۆری ئابورییەوە بگرە تا دەگاتە تیۆری سیاسەت و ناسینی کۆمەڵگە و دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم، ئێمە یەک پەرتوک یان یەک باسی مەنسور حیکمەت و هیچ هاوڕێیەکی دیکە نابینین دژ بە بیرمەندانی سەرەکی بورجوازی. ڕۆشنە ئەمە هۆی خۆی هەیە و لێرەدا پێویست نیە درێژەی پێبدەین و عوسمانیش لەسەر هەمان سکەیە، بە قەولی فارسی" لاقیدی تیۆری" تا ئەوپەڕی پراتیک دەکات.
تەمەنی ٣٠ ساڵەی حزب و پراتیک
لە کۆتایی ئەم باسەدا، جێگەی خۆیەتی لێرەدا بەکورتی باسێکی تەمەنی ٣٠ساڵەی حزب بکەین لە عێراقدا، کە ساڵێکی تر یادی سی ساڵەیەتی. وە بەدیاریکراوی لە سلێمانیدا کە سەنتەری چالاکی حزب بووە لە سەرەتاوە، سەنتەری شوراکانیش بووە. ٣٠ ساڵ تەمەنێکە، وە نزیکەی پێوانەیەکیشە بۆ تەمەنی نەوەیەک، ٣٠ ساڵە حزبێک پێکهاتووە، وە پێکمان هێنا، ماندوو بووین لە گەڵیدا، دەیان دەردە سەری و نەبوونی و ناخۆشی و تیرۆرکردنی هاوڕێیان و زیندایکردن و ڕاونان و دەست بەسەربوون... هاوارمان کردووە، خەڵکمان ڕێکخستووە، کۆمیتەمان هەبووە، ڕادیۆ و چەکدارمان هەبووە، ڕێکخراوەی کوردستان و دەرەوە و کۆمیتەی ناوەڕاست و باشورمان هەبووە، بڵاوکراوەی جۆراوجۆر و سایتمان هەبووە،...لێمان دراو بارەگا و ڕادیۆ و هەموو دامودەزگا عەلەنیەکانی دەوروبەری حزبیان بە زەبری چەک داخست... سەدان کۆبونوەوەی جیاوازمان ئەنجامدا و چەند کونگرە و ٣٥ پلینوممان ئەنجامدا، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و سەنتەری ژنان و منداڵان و بیناسازی...هەمووی هەبوو... دەیان بگرە سەدان خۆپیشاندانمان ئەنجامدا بەتایبەت زۆربەی لە دەرەوە بوو...سەدەها مێز کتێب و هەزارەها لافیتەمان هەڵواسی، ساڵانە مەراسیمی یەکی ئایارمان ئەنجامداوە، هەندێکیان زۆر فراوان و گەورەبوون، مەراسیمی رۆژی ژنانمان ئەنجامداوە و دەیان کۆڕمان بەستووە، و چەندین جار هەیکەلی سەرکردایەتی حزبمان گۆڕیوە. هەموو ئەوانە پراتیکن؟! بێگومان پراتیکن. من و هاوڕیانیکی دیکە لە حزبدا نەماوین، تا هاوڕی عوسمان پێمان بڵی خەتای ئێوەیە!! دواجاریش لە دواین کۆنگرەی حزبی کوردستان، کۆسپەکانی حزبەکەی دەخاتە ملی ئێمە مانان!!!، ئەوە نەماین و تەواو بوو، فەرموو ئەوە حزبەکەت و بزانە خەریکی چین؟!. بۆیە جێگەی خۆیەتی عوسمان و مەکتەب سیاسی و کۆمیتە مەرکەزی حزبی کوردستان و عێراق، پرسیار بکەن لە خۆیان، لە کوێدا وەستاون؟ خەریکی چین و چکارەن؟ من ئەوکارەم لە ٢٠١٠ وە دەستپێکرد و بە نوسین هەمووی هەیە، پرسیار بکەن لە خۆیان و بزانن چەند کۆمیتەی کرێکارییان هەیە، چەند کۆمیتەی گەڕەکیان هەیە؟! چەند ڕێکخراوی واقیعەن پرۆلیتێری و بێکارانیان هەیە؟` لە هەموو ئەوانەش کەمتر لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەند کەس پەروەردە کراوە بە پەروەردەیەکی مارکسیستی و ئاگادار لە ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی ئەمرۆ؟! کەس دەتوانێت ١٠ هاوڕێی تازەم نیشان بدات لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابوردوودا پەروەردەکرابن بتوانن شانەیەکی کۆمۆنیستی بەرن بەڕێوە؟! ساڵی یەک کەس بۆ حزبێک کارێکی قورس نیە!!! وە لەوانە باڵاتر ئەم حزبە چ ئاڵووگۆڕێکی پێکهێناوە بە قازانجی پرۆلیتاریا لە کۆمەلگەدا؟!! نەک لە عێراق و کوردستان بەڵکو تەنها لە سلێمانی، نەک لە سلێمانیش بەڵکو تەنها لە گەڕەکێکدا کام ئاڵوگۆڕی پێکهێناوە؟!!!!! ئەم هەموو وتار و پۆستە دژی ئیسلامی سیاسی و لە پێناو مافەکانی ژناندا دەنوسرێت، ئایا ژن کوشتن لەم کۆمەڵگەیەدا کەم بۆتەوە یان زیاد بووە، بە داخەوە؟!!! کۆسپێکی گەورەی ئەم کۆمۆنیزمە کرێکارییە، ئەوەیە کە ئاوڕێک لە ڕابوردووی خۆی ناداتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ئایندە هەستێتەوە و سوود لە تەجروبە و پراتیکەکانی خۆی وەربگرێت. ئەم نەریتە نەریتی کۆمۆنیزمی پرۆلیتری نیە، پێشەکی مارکس بۆ ١٨برۆمیری لویس بۆناپارت، بە ڕۆشنی ئەوەمان پێدەڵێت، کە دەبێتە هەمیشە وەک زەرەبین وردبین بین بەسەر کارەکانمانەوە و ڕەخنەی بنیات نەرانە بگرین لە هەڵەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بەهێزەوە هەستینەوە. کۆسپەکە ئەوەیە، لەگەڵ ئەوەی هیچ پایەیەکی کۆمەڵایەتی حزب بوونی نیە، بەڵام لە وتارەکاندا، هەموو هاوڕێیان هەر ڕایدەماڵن و دەیڕوخێنن!!عەجایب ئەوەیە هیچ سودێک لە و هەڵە گەورانە وەرنەگیرێت، ئەوکات دووبارەبوونەوەی مێژوو نەک مەهزەلەیە، بەڵکو مەهزەلە دەبێتە مێژوو.
ساڵی ٢٠٠٠ لە حزب درا، سەرەڕای ئەوەی کە ٥ هاوڕێی خۆشەویستمان لە دەستدا، حزب بارەگا و کۆمیتە و چەک و ڕادیۆی لە دەستدا، و بەمانایەک حزب نەما.... حزب هیچ توانا و هێزێکی نیشان نەدا لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، نەپێش ١٤ ی ٧ وە نەدوای ئەوە، وە نەیتوانی نیشانی بدات، ڕۆشن بوو کەماوەی ٧ ساڵی پێشوو، پراتیکی حزبمان پەیوەندی نەبووە بە کۆمەڵگە و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، ڕۆشن بوو کە هەڵەمان کردووە، ڕۆشن بوو، کە کاری وەک ناردنی هێز و چەکدارانی حزبی ئێران بۆ ناو ئێران هەڵەیەکی کوشندە بووە- من نازانم بڕیاری ناردنی هێز بۆ ئێران چۆن دراوە، ئەوکات من مەکتەب سیاسی نەبووم و بەرپرسی ڕێکخراوی دەرەوە بووم- کە هۆی سەرەکی لێدانی ئێمە بوو لە لایەن یەکێتی نیشتمانیەوە....ئەم داڕمانەی حزبی ئێمە نەک باس نەکراو نەبووە گفتوگۆیەکی گەورە و فراوان، بەڵکو من نوسینێکم نوسی لە نێو کۆمیتە مەرکەزیدا، کە کۆمیتەی خۆم بوو، بڵاومکردووە، لەسەر ئەوە ئینزار کرام!!!! ئەو تەجرووبە گەورەیە، ئەو زەرەرە گەورەیە، خوێن و قوربانی ٥ هاوڕێی ئازیز و خۆشەویست، بەیەک وەرەقەی مەنسوری حیکمەت کۆتایی هات لە ژێر ناوی ئەوەی - ئەوان دەڕۆن و ئێمە دەمێنین- بە داخەوە وا دەرنەچوو، ئەوان مانەوە ئێمە رۆێشتین، لایەنی کەم تائێستا وایە. بۆیە عوسمان گیان پێش ئەوەی باسی پراتیک بکەیت، ئاوڕێک بەرەوە بزانە خەریکی چین؟! وە چکارەن؟ وە چەندە کاریگەریتان هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە واز لە پرۆلیتاریا بهێنە! چەندە کاریگەریتان هەیە بەسەر مەسەلەی ژنانەوە، یان هەر توێژێکی کۆمەڵگەوە؟!! نیە. بیرێک لەوە بکەنەوە چۆن دەکرێت، یان ئایا دەکرێت، تاکەی ئاوا درێژە بەم پراتیکانە بدەن؟!! لە ڕاستیدا هیچ ئومێدێکم بەوە نیە، بەڵام وەک کەسێک کە ٢٧ ساڵ لە خزمەت حزبێکدا بووم لایەنی کەم ئارەزووم ئەوەیە کە کەمێک باشتر بێت بە قازانجی پرۆلیتاریا، ئارەزووش قەدەغە نیە. ئەگەر ئەو کارانەی کە ئاماژەمان پێداوە و ئێوە پراتیکتان کردووە، وە پراتیکن و دژ بە بەرژەوەندییەکانی پڕۆلیتاریان، ئەوە ئێمە پراتیکی وامان نیە و لای ئێمە دەست ناکەوێت و لەمبارەوە بەڕیزتان ڕاست دەکەن. ئێمە قسەی خۆمان دەکەین و ئێوەش هەمان پراتیک. ئێمە پراتیکی خۆمان دەکەین و ئێوە هەمان قسە.
١٧ی تەموزی ٢٠٢٢
- هەموو ئەو نوسینانەی لە نێو ئەم دوو کەوانە بچوکەدان " " قسەکانی هاوڕی عوسمانن و من وەکو خۆی، واتە وەک لەفزکردنی و قسەی شەفەهی هێناومەتەوە و دام ناوەتەوە. ئەویش تەنها لە بەرئەوەی بە ئەمانەتەوە وەک خۆی قسەکانی بگوێزمەوە، چونکە قسەکردن و نوسین جیاوازی هەیە، ئاساییە کە لە هەندی شوێن دەپچڕێت و ڕستەکان پێکەوە گرێ نادرێتەوە.
کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF