لە وەڵامێکی بێ وەڵامی عوسمانی حاجی مارفدا!

وەڵامی هیچ پرسیار و گفتوگۆیەکم نەک وەرنەگرتەوە، بەڵکو عوسمانی حاجی مارف، دەیەوێت لە ڕێگای هەڵخراندنی سوز و بەکارهێنانی تێرمی وروژاندن وبەرزکردنەوەی ورەو کۆتایی ‌هێنان بە فرسەت و تەمەنی سامان، باسە سەرەکیەکان داپۆشێت. ئاوا نابێت، وە بەم شێوەیە گفتوگۆ ناکرێت، بۆ هێنانەوەی عوسمان  و هەرکەسێکی دیکە،کە بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە، بۆ نێو گفتوگۆکە ،کۆی بابەتەکانی پێشوو لە شێوەی پرسیاردا پێشنیار دەکەم، وە هەندی ڕۆشنکردنەوە بە پێی پێویست. من گفتوگۆ لە پێناو گفتوگۆدا ناکەم. بەڵام پێش ئەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە: یەکەم: عوسمان لە نوسینەکەیدا دەلێت:" من خۆی و دوو هاوڕێکەیم نەخستۆتە ڕیزبەندی ئەو کەسانەی پێناسەی مەنسور حکمەت بە “مارکسیستی هاوچەرخ” دەکەن و ئەو بەهەڵە ئەو ڕستەیەی منی بەرانبەر بە خۆی لێکداوەتە"(بیرمەندی " ناشۆڕشگیر")....لەمخاڵەدا مەبەستی ئەوەیە کە ناوی ئێمەی نەهێناوە، ئێمە لە خۆمانەوە خستومانەتە سەر خۆمان!!، بەڵام ئەوە ناوی ئیـمەیە. دووەم: عوسمان ماوەیەکە دوای هەر گۆنگرەو پلینۆمێکی خۆیان، خراپی وەزعی حزبی خۆیان دەگرێتەوە بۆ ئەوانەی کە چونەتە دەرەوە لە حزب...یەکێک لە وانە منم. بۆیە دەڵێم عوسمان دەستیپێکردووە، دەبێت چاوەڕیی وەڵامیش بێت لە من یان لە هەموو ئەوانەی کە چوونە دەرەوە لە حزب. ئەگەر نا، ئەمکارە و وەڵامدانەوە بە عوسمانی حاجی مارف ئەولەیەتی من نیە، سەڕەرای ئەوەی پێشوازی لە گفتوگۆکەی دەکەم. بابێینەوە سەر باسە سەرەکیەکەمان.

باسەکانی وتاری پێشووم لەم پرسیارانەدا ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مارف دەکەم، هیوادارم وەڵامیان بداتەوە:

پرسیاری یەکەم: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی کرێکاری سازدا لەگەڵ گروپەکەی عەبدواللەی مهتەدیدا؟ ئایا ئەم پراتیکە  کۆمۆنیستی و مارکسیستی و تەنانەت کۆمۆنیزمی کرێکاریانەشە؟ وەڵام. ئەگەر نیە ڕەخنەتان چیە؟!!! ڕەخنە لە نێو هۆل و ژورەکاندا ناگیرێت بەڵکو بە عەلەنی و جەسارەتی کۆمۆنیستیەوە بڵاودەکرێتەوە. وە ئەگەر کارێکی کۆمۆنیستی و پراتیکێکی شۆرشگێرانەیە!! دیسان بە یەک وشە دەکرێت وەڵام بدەنەوە. نمونەیەکی زۆر ڕۆشن کە ئێوە ئاوڕ لە کارەکانی خۆتان نادەنەوە و هەمیشە دوو بارەو سێ بارەی هەڵەکان دەکەنەوە، ئەرێ " بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان" چی لێهات؟! یەک هەفتە ناوی هەبوو دواتر نەما. ئێ باشە بە خەڵک یان بە هاوڕییان بڵێن کە بۆ وابوو؟

پرسیاری دووەم: سیاسەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری مەنسوری حیکمەت لە ئەفغانستان پیادەی کرد ئەنجامەکەی کامەیە؟ ئەوکات تاڵیبان دەسەڵاتدار بوو، ئێستا کێ دەسەڵاتدارە؟ هە ر تاڵیبان. تاڵیبان چیە؟ ئەوکات و ئێستا تاڵیبان هێزێکی بورجوازی لغاو بەربووبی ئیسلامی سیاسیە. ئایا ئەو سیاسەتە کۆمەکی کرد بە لاوازبوونی ئیسلامی سیاسی وەک بزوتنەوەیەک لە ناوچەکەدا؟! یان بە پێچەوانەوە ئیسلامی سیاسی و هێزەکانی بەهێزتر و بڵاوترکردەوە نەک ئەلقائیدە بەڵکو هێزەکانی وەک "خەلافەی ئیسلامی "و "نەسرە" و" داعشی" بۆ خستینەوە تەنها لە عیراق و سوریادا، واز لە وڵاتەکانی دیکە دەهێنم کە لەوکاتەوە ئیسلامی سیاسی چۆن گەشەی کردوە، تەنانەت لە نێو ئەوروپاو ئەمریکادا. ئەگەر سیاسەتەکە دروستە بفەرمون و پێمان بڵێن کە کاریگەری ڕاست و دروستی ئەو سیاسەتە کامەیە کە لەموسڵدا دیسان هەوڵدرا دووبارە بکرێتەوە؟!واز لەوەش بهێنە کە لەو کاتەوە ئەمریکا لە ناوچەکەدا توند بوەوە دەیان بنکە و سەبازگەی هەیە.  

پرسیاری سێهەم: ١٤.٧.٢٠٠٠ ڕۆژی لێدانی حزب: وەڵامی پرسیارەکە چیە؟ باسەکە لێرەدا باسی حزبیەتە واتە میکانیزمی بڕیار دانەکەی. من پێشتر تەنها لە ساڵی ٢٠١٧دا پرسیارم کرد لە هاوڕێیەکی مەکتەب سیاسی ئەو کات وتی ئاگاداری بڕیاری وانیم. ڕاستیەکەی بۆچی پێشتر بۆم مەترەح نەبووە؟ لەوانەیە وەک هەر بڕیارێکی دیکە وا بیرم لێکردبێتەوە کە بڕیاری مەکتەب سیاسی بووەو ئاسایی وەرمگرتووە، مەعلومە لە کاتێکدا کە هاوڕاییەکی زۆر هەبێت لە نێوا هەر کۆمیتەیەکدا، لە نێو هاوڕیانیدا، بە هەمان ئەندازە بڕیارەکان لەو چوارچێوەیەدا وەردەگێرێن. بەڵام لەو پەڕی توندبوونەوەی خیلافەکاندا، ئەم مەسەلەیە وەک هەر مەسەلەیەکی دیکە بۆ من مەترەح بووەوە. چاو خشانەوە بەسەر تەواوی کارو سیاسەتەکانی حزبدا لەو هەلومەرجانەدا ئاسایی ترین دیمەنێکە کە دێتە پێشەوە، هەموو مەسەلەکان و ئەوانەش کە هیچ ملاحەزەیەکم لەسەر حزب نیە لە سەری. بۆیە ئاسایی وەریبگرە. لەم چوارچێوەیەدا من گوێ نادەمە ئەوەی کە ئەوە " لێکدانەوەی ئاسایشە"، ئەو تێرم و لێکدانەوانە نەک کاریگەری نیە بەڵکو مەسەلەکەی پێداناپۆشرێت، مەعلومە ڕەخنەی کەسیش بەو باسانە، سەرکوت ناکرێت. چاوی من ئەوەندەی بیرم بێت ئێمە پێش حزب وە لە ساڵی ١٩٩١ ولە کاتی شوراکانەوە، هەڵدەکوتنە سەرمان، جەمیل هەورامی هەڵیکوتایە سەر چەندین مەڵبەندی شورایی بۆ داخستنیان،  هەر ئەو ساڵە و دوای ئاوارەییەکە لە هاویندا، دوو هاوڕێمان گیرا لە دارەسوتاوەکە و هەردووکیان ماون و تەمەن درێژ بن. لەوکاتەوە ئێمە وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری لێمان دەگیرێت، دەدرێت بەسەرماندا، چواردەورمان دەگیرێت وچەندین جار چواردەوری ڕادێویان گرت پێش دوا لێدان. دوای لێدانەکەش واتە دوای ساڵی ٢٠٠٠، بۆ ماوەیەک بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان بووم چەندین جار هاوڕێیان گیران و زیندانی کران. هاوڕێیان زمناکۆ عەزیز و فەلاح هەر لە زیندانی ئاسایش بوون فریا نەدەکەوتین کەمپینیان بۆ بکەین ئازاد دەکران و دەگیرانەوە.... هاورێ هیوا ئەحمەد نزیک بە ٤ مانگ لە زیندانی ئاسایشدا بوو، هاوڕێ ڕیبوا عارف  دیسان خرایە زیندانەوە... ئەوەندەی بیرم بێت زیندانی کردنی هاوڕییان زۆر بوو.... ئەوانە هەمووی زۆر ئاساییە بەتایبەت، لە ناوچەیەکدا هەڵدەسوڕێین دەسەڵاتی بورجوازی ناسیونالیستی  میلیشایی زاڵە تیایدا، پێستر خۆمان ئەو ڕاستیەمان زانیوە و ئامادە بووین بۆی. بەڵام جیاوازی زۆرە لە نێوان زیندانیکردن و چواردەورگرتن و هەڵکوتانە سەر و فشار هێنان و تەنانەت تیرۆرکردنی هاوڕێیەک لە گەڵ ئەو هێرشەی کە کرایە سەر حزب.... عوسمان گیان بەوردی ئاگاداری کۆی ڕووداوەکانم بەتایبەت لە ١٣ تاکو ٢٠-٧ کە تەواوی ڕووداوەکانی ئەوهێرشە لەو کاتەدا بوو. ئەوەیان بۆ نوسینێکی تایبەت، بە دوور لەم گفتوگۆیەی نێوانمان.

ئەمجارەیان هێرش بۆ سەر حزب تەنها بۆ چاو ترسان نەبوو، وەکو هەوڵ و هێرشەکانی دیکەی یەکێتی، بەڵکو بۆ کۆتایهێنان بوو بە سەرجەم بوونی حزب لە ناوچەکەدا؟! دەزانم حزب ئێستاش دیفاعی زۆر لە ژنان دەکات، بەڵکو چالاکی سەرەکیەتی. دەزانم تامەزرۆی سەربەخۆییە، ئەگەر چی لە دوای ڕیفراندۆمەوە، زۆر شەرمۆکانە باسدەکرێت ئەو دەنگ و سەدایەی جارانی نەماوە. بەڵام ئەوانە هەمووی و لەگەڵ ئەوەی کە دیفاعێکی زۆرمان لە ئازادی سیاسی و.. مەدەنی و فەردی دەکرد و دەنگ و سەدایەکمان هەبوو، هۆی سەرەکی نەبوون، دەکرا دەیان جار بێنە سەرمان و چواردەورمان بگرن و تەنانەت ڕادیۆمان پێداخەن یان مقەرمان پێبگوێزنەوە یان تەنانەت هاوڕییەکی کۆمیتەی ناوەندیمان تیرۆر بکەن، وەک چۆن ئیسلامیەکان هاوڕییان" شاپورو قابیل" یان لە هەولێر تیرۆر کرد. هەموو ئەوانە دەکرا، بەڵام هێشتا ماویەتی بۆ ئاستێک بگاتە کۆتا لێدان و داخستنی کۆی چالاکیەکانی حزب، کوشتنی ٥ هاوڕێ و زینداکردنی زیاتر لە٣٥ هاوڕی و داخستنی کۆی مقەرەکان و ئیزگە و دەستبە سەراگرتنی وەفدی حزب " فواد سادق، تاهیر حەسەن، سامان کەریم" لە ئاسایش، هەروەها چەککردنی تەواوی چەکدارەکانی حزب کە لەگەڵمان بوون. تەنانەت قەدەغەکردنی یان وردتر بلێم ڕێگرتن لە چونی ئێمە بۆ هەولێریش لە سەرەتاوە" ناسک ئەحمەد، تاهیر حەسەن، سامان کەریم" کە لەگەڵ هیزێکی حزبی شیوعی چوین و لە دێگەڵە گەڕاندیانینەوەو ڕێگایان نەداین بچینە نێو هەولێرەوە، پاشان قەدەغەکردنی کۆی چالاکیەکانمان لە ناوچەی سەوز، ئەمانە ئیتر هۆی دیکەی هەیە. خۆ نەزەر عەلی ئەکبەر پێت ناڵێ ئێران سەپاندویەتی بەسەرماندا کە هێرش بکەینە سەرتان، تەنانەت قسەی وایان پێناخۆشە وقبوڵی ناکەن، بۆ ئەمە نمونەمان هەیە. کەواتە وەک لە نوسینەکەی پێشوودا نووسیومە باسەکە ئەوەیە:  هۆی سەرەکی چیە، نەک هەموو هۆکان؟!. پاشان ئەوباسە هەر وانیە کە تۆ نوسیوتە و گوایا:" بەڵام ڕێک ئەو کاتەی ئێمە بیانوەکانی ئەوانمان بڕی، بڕیاری دا لێمان بدرێت" وەک ئەوەی کە ئێوە لە ژورەوە بوون لە گەڵ نەوشیروان موستەفا ڕیک لەوکاتەدا بڕیاری داوە... شتی وا چۆن دەبێت، وە بۆ لەو کاتەدا؟! عوسمان گیان زۆر پێش ئەوە بڕیارەکە دراوە، کە ئێوە چون هەموو شت تەواو بووە، ئێمە لە کاتی ئیزافەشدا فریا نەکەوتین، هەڵەمان کرد؟بەڵی. وە لە ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژدا بەردەوام بووین لەسەر هەڵەکە، بەڵام هەڵەکە پێش هەر شتێکی تر ئەمەی خوارەوەیەو نازانم بۆ پێی ئیزعاج دەبیت.

خاڵی ئاڵوگۆڕ چی بوو،کە یەکێتی وا لێکرد بگاتە ئاستی هێرشێکی لەو شێوەیە؟! ئەوە پرسیارەکەیە. وەڵامەکەی ئاساییە لای من. بەڵی هۆکەی ئەوەبوو کە هێزەکانمان دەناردەوە بۆ ئێران، منیش هاوبەشی هەمان بڕیارم هەرچەند ئاگادار نەبووم، چونکە کومیتە مەرکەزی بووم. ئەم جۆرە گفتوگۆیانە دەبێت سودی لێوەربگیرێت، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە لە شێوەو فۆرمی تردا، ئەگینا، کاریکاتۆر دەبێت بە مێژوو. بۆیە پرسیارەکەم لە شوێنی خۆیەتی، ئایا ناردنەوەی هێز بۆ ئێران بڕیاری حزبی لێدراوە یان نا، ئایا بڕیاری مەکتەب سیاسی هەبوو یان نا؟.

پرسیاری چوارەم: باسی حزب باسێکی پایەیی و گرینگە بەڵام عوسمان پێماندەڵێت "نەفرەت لە حزب" دەکات!!! ئەمەشیان هەر بۆ سۆز جوڵاندنەو لە نوسینی مندا شتی وانیە، بۆیە ئارەزوی خۆیەتی. دیارە پێویستی بەوە هەیە کە قسە لە باسەکانی من داتاشێت، ئەگەر نا جیاوازی زۆرە لە نێوان ڕەخنە و نەفرەتدا؟!!!!. دەکرا عوسمان پێمان بڵی تیۆری حزب یان تیۆری تەحزوبی مەنسوری حیکمەت کە حزبی ئەوکاتی ئێمەی لەسەربینا کراوە تیۆرێکی کۆمۆنیستیە و بەڵگەکانی بهێنایەتەوە- ئێمە قسەی خۆمان بە شێوەیەکی فراوانتر لە سەر مەسەلەی حزب لە تێزەکانی ئاڕاستەدا  باسکردووە-... ئەگەر نا، ئەو باسە ئەخلاقیانەی کە دەیکات لە باسی چیرۆک نوسێکی عاتیفی دەچێت. باسەکانی وەک دەنوسێت؛" لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ نزیک بە هەموو تەمەنی خۆی بە هەڵە دوای ڕێباز و بزووتنەوە و نەریت و خەتێکی فکری سیاسی کەوتبێت، ئیتر تازە چەند تەمەن و کات و فرسەتی بۆ دەمێنێتەوە، تا خەت و ڕێباز و نەریتێکی تازە بگرێتەبەر و بەرەوپێشەوەی ببات؟! لەوەش گرنگتر ئایا مرۆڤ، کە لە بەشی هەرە گەورەی تەمەنی بەسودی خۆیدا ئەزمون وڕێگایەکی هەڵەی هەڵبژاردبێت و بە هەڵدێردا چوبێت، ئاخۆچی زەمانەتی ئەوە دەکات دوای چەند سال دیسان لە خەت و ڕێبازە تازەکەشی پەشیمان نەبیتەوە و دیسان نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر؟!"( “بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ/عوسمانی حاجی مارف/ هێڵی تەئکید هی منە) بەڕاستی نوسینێکی ئاوا هەر بۆ تەمسیلی کۆمێدی باشە کە باسی نێوان مردوەکان و زیندوەکانمان بۆ نمایش بکات. ماناکەی ئەوەیە کە مادام ٣٠ ساڵە خەریکی هەڵەیت، ئەوە تا مردن هەر بەردەوام بە، بەڕاستی ئەوە لێکدانەوەی کۆمۆنیستیە؟! ئەو پەرەگرافە هیچ مانایەکی دیکە نادات بەدەستەوە، جگە لە درێژەدان بەو پراتیکە ناکۆمۆنیستیانەو بەردەوامبوون لە سەر هەڵەکان نەبێت، وە تەنانەت مافی هەڵبژاردن بۆ ئینسانەکان ناهێڵێتەوە، زەوتی ئیرادە و مافی هەڵبژاردنی ئینسان دەکات لە ژێر ناوی ئەوەی " فرسەت" نەماوە!! هەر بەڕاستی ئەوە لێکدانەوەی کۆمۆنیستیە، یان تەنانەت ئینساندۆستیشە؟! کەسێک کە هەستی کرد هەڵەیە وە هەڵەی کردووە ئەگەر یەک ڕۆژی مابێت لەژیاندا ئەوە ڕەخنەگری بیت، زۆر سودمەندترە. عوسمان گیان نەک ٣٠ ساڵ، هیوادارم تەمەن درێژ بیت، ئەگەر پاش ١٠ ساڵی دیکەش زانیت هەڵەیت، ڕایگەیەنیت باشترە، ئەزانی بۆ؟ چونکە نەوەی ئێستا کە لە ساڵێ ١٩٩٠ لەدایک بووەو نەوەی دوای ئەوە، سود لە تەجروبەکەت دەبینین، وە هەروەها هاوڕێیانێک کە ئێستا خەریکی چالاکی کۆمۆنیستین، ئەو تەجروبە هەڵەیە دەکەنە دەستمایەی خۆیان. موسیبەت ئەوەیە کە هەڵەکان نەلێین و تەجروبەکان ئاشکرا نەکەین و ڕەخنەگریان نەبین، چونکە بە قەولی تۆ "فرسەت نەماوە" واتە بەرەو مردن دەڕۆین. ئەم جۆرە باسە لای من نەک ناکۆمۆنیستی و تەنانەت ناسیاسیانەیە بەڵکو "عەیبەیە"، بە هاوڕییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەت بلێیت، جا خۆتۆ فرسەتت نەماوە دەمریت بۆ وازدەهێنێت؟!!!.  بەپێی لۆجیکی عوسمان بێت، ئەگەر کەسیكی ئیسلامی یان ئەندامێکی یەکێتی پاش ٣٠ ساڵ ئەندامی لە حزبەکانیاندا، دواتر وەک کۆمۆنیستێک  داوای لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کرد کە ببێتە ئەندام، ئەوا سکرتێرەکەی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەلێت " تازە بمرە تۆ  فرسەتت نەماوەبۆ ژیان و خەبات" ئایا کەسێکی ئاوا بەرپەرچەکەی چۆن دەبێت؟ ئەم لۆجیکە هێجگار سەقەتە، ئەوەندە سەقەتە پێم ناشرینە زیاتری لەسەر بنوسم. زۆر سادە ئەوەیە،  تەجروبەیەکم هەیە هەڵەیە بە هەموو دونیا دەڵێم، نەکەن دووبارەی بکەنەوە، ئەوە ڕێبازێکی دروست ڕەخنەگرانەیە، جا با بەیانی " بمرم و فرسەتم نەبێت"، ئامانجەکەم جێبەجێبکەم. تۆش بڕۆ لەسەر هەڵەی خۆت بەردەوام بە و "پەشیمان!! " مەبەرەوە و درێژە بە هەڵەکانتان بدە، ڕەخنەش لە خۆتان مەگرن. ئەوەش ئەلتەرناتیڤێکە کە پێدەچێت پیادەی بکەن.

خودی تەجروبەیەک کە ئێمە و نەوەی ئێمە تووشی بووین، بە دەست خۆمان نەبووە، بەڵکو لەباری بابەتیەوە سەپاووە بە سەرماندا بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک عیراقدا کە هێجگار داخراو بوو لە وکاتانەدا، ئەوەندەی تر ئەم بابەتی بوونەی جیهانی دەرەوەی خۆمانی لێکردینە مۆتەکەیەکی بەردەوام. بەناچار لە چوارچێوەیەکی لۆکەڵی و تەنانەت قەومیدا بیرمان دەکردەوە. بە دەست خۆمان نەبوو، لە ماوەوە دەستمان پێکردوە، بە دەستخۆمان نەبووە، مارکسیزمی شۆرشگێرمان وەرگرتووە، وە بەهەمان شێوە کۆمۆنیزمی کرێکاریمان وەرگرتووە، یان ئەو پەری لەوەدایە کە ژمارەیەک کەس هەر لەسەرەتاوە نەهاتن لە گەڵیدا، بەڵام کە نەهاتن وانەبوو کە ئەڵتەرناتیڤێکی باشتریان پىێبێت و بەم مانایە دیسان بەدەست خۆمان نەبووە، ئەو جۆرە یان ئەو ڤێرژنە لە کۆمۆنیزم لە ناوچەکەی ئێمە باوی بووە کە ڕادیکالترین جۆری بووە، وە هیچ کەسیش ناتوانێت پێ لە چوارچێوەی بابەتی دەوروبەری زیاتر ڕاكێشیت. بە داخەوە سنوری چوارچێوەی ئێمە هەموومان، هێجگار بەرتەسک بوو لەو سەردەمەدا.

پێنجەم: ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی: ئەم مەسەلەیە بۆ کۆمۆنیستەکان واتە-سەربەخۆیی- مەسەلەیەکی تەواو تەکتیکیە، واتە تەکتیک پڕۆژەیەکە، وەک بەردەبازێک کۆمۆنیستەکان پیادەی دەکەن بۆ گەیشتن بە سوشیالیزم.( بەجیا لەوەی من باوەڕم بە تاکتیکی پێشوەختە نیە و شۆڕش لە سەردەمی ئەمرۆدا ڕاستەوخۆ شۆرشی سوشیالیستیە، زۆر دەمێکە ئەو باوەڕەم هەیە لە نێو حزبیشدا لەسەر دانانی تاکتیکی پێش وەخت هەمیشە لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە جدالێکی توندمان بووە لەسەر بابەتی تەکتیک چەندین وتار هەیە بە عەرەبی وکوردی) پرسیار ئەوەیە پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کە حزب بە هەموو توانایەوە چووە پشتی، ئایا هەنگاوەکانی بەرەو سۆشیالیزمی  خێراتر کردوە- قەیدی نیە فەشەلی هێنا و بۆ ئەمباسە کۆسپێک نیە-؟ ئایا مەیلی توندو تیژی نەتەوەیی بەگشتی و بەتایبەت لە کەرکوکدا کەمکردەوە؟! ئایا بوە هۆی ئەوەی کە هاوپشتی چینایەتی نێوان کرێکارانی کوردو عەرەب زیاتر بێت؟! ئایا و ئایا؟! وەڵامی ئەمانە ڕۆشنن بۆ هەموو کەس. وەڵامی ئێوە چیە؟! لە کاتێکدا خەڵک لە شارەکان هاورای مووچەی دەکرد و برسی بوو،  ئێوە ئەم ئاڵایەتان –سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم- بردە کەشکەلانی فەلەک، لە بەرانبەر ئەمەدا دەڵێن چی؟!

باسی " ناشۆڕشگێری" سامانت کردووە، زۆر سوپاش. من کۆسپێک نابینم و ڕەئی خۆتە. بەڵام بێزەحمەت دەکرێت دوا پرسیار بکەم پێش داخستنی ئەم وتارە،ئەویش ئەوەیە: ئایا پراتیکی شۆڕشگێر بوونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە چیدایە؟! پراتیکی شۆڕشگێرانەی حیزبم لە دوو ڕستەدا یان لە دوو چالاکیدا نیشان بدە. تەنانەت ئەگەر بکرێت لە چوارچێوەی وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوەدا بێت.

ئەگەر دەلێن" بە دڵنیایەوە ئێمە پێشوازی لە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی خەباتی ڕابردووی حزب و جوڵانەوەکەمان دەکەین و لەوەش ناترسین هەڵەو کەموکورتیەکانمان چی بوون، چونکە ئەمە بۆئێمە پێداویستیەکی بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتییە."( هەمان نوسینی عوسمانی حاجی مارف). فەرموو لایەنی کەم وەڵامی پرسیارەکان بدەرەوە، یان کوا ڕەوتی هەڵسەنگاندنی خەباتی ڕابووردووتان لایەنی کەم ١٤ ساڵە حزبی کوردستان چالاکی دەکات، کوا هەڵسەنگاندەکەی؟!هیوادارم ئەگەر وەڵامتان بوو جا بە ئیمە یان بە هەرکەسێکی تر، ئەوە نەبێت کە خەتای ئێمەمانان بووە. هەر شادبن. ٢.ئاب ٢٠٢٢.

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF