ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە. خەڵکی ئێران و بەتایبەت ژنانی ئێران جەسارەتێکی گەورەیان نیشاندا. ناڕازییان لە ژنان و لاوان و خەڵک بەگشتی، سیستمی کۆماری بورجوازی ئیسلامی ئێرانی هەراسان کردووە، بەڵام ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە یان خرۆشانەی شارەکان، هەر ئەوەندە دەتوانێت یان توانای هەیە کە ئەم سیستمە هارەی سەرمایەداری هەراسان بکات. بێگومان خواستی ژنان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ لابردنی حیجاب و سەرجەم خواستەکانی دیکەی ژنان خواستێکی بەرحەقەو جێگای پشتیوانی ئێمە و هەموو ئازادیخوازانی جیهانە.
گەورەبوون و فراوانبوونەوەی خرۆشانەکان و بەشداری زیاتری خەڵک، ئەگەر لایەنێکی بگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی کەلێنێکی ئاوەڵاتر لە جاران و خەڵک فرسەت بهێنن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، کە ئەوە مەسەلەیەکی بابەتیە و ڕق و بێزاری خەڵک و هەژاری و نەداری و بێ مافی و نەبوونی ئازادییە سیاسیەکان .. هەموو پێکەوە هۆکارێکی گەورەن کە فراوانکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان دەستەبەر بکات، بەڵام ئەوە پۆینتێکە، و تائێرە دەکرێت ڕووداوەکان بەشێوەیەکی بابەتی و لە سەر ڕێچکەی سروشتی ناڕەزایەتیەکان و خواستی خەڵک لێک بدرێتەوە، لە هەلومەرجێکی سیاسی نۆرماڵدا لەئاستی ناوچەکە و جیهاندا. بەڵام پۆینتێکی گرینگی دیکە ئەوەیە، گەورەبوون و فراوانبوونەوەی بۆ زیاتر لە ١٣٠ شارو شارۆچکە وگۆرینی دروشم و خواست لە "لابردنی حیجاب" وە بۆ "بروخێ دیکتاتۆر "و "بڕوخێ رژێم" ناتوانێت هەروا سادە و بێ سەرکردەو بێ دەخاڵەتی ئەحزاب و ڕێکخراوی جۆاوجۆر بێت، بەگشتی کۆی ئەحزابی بورجوازی لە سەڵتەنەت تەڵەبەوە تا دەگاتە ناسیۆنالیزمی کورد بە چەپ و ڕاستیەوە، بە کۆمەڵە و حزبی دیموکراتیەوە تا دەگاتە موجاهدین و تا حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، ئەوانیش بە چەپ و ڕاستیانەوە، هەرچەند لە بەرانبەر ئەم هەلەمومەرجەدا لە باری سیاسیەوە چەپ و ڕاستیان نەماوە هەمووی بووە بەیەک، هەموویان بەشێوەی جیاواز بەشدارن و زۆربەی هەرە زۆریان دروشمی ڕووخانی ڕژێم و بڕۆخێ دیکتاتۆریان کردە بەری ناڕەزایەتیەکان، و باسە لە "بزوتنەوەی سەرنگونی" و کار گەیشتۆتە "ئەلتەرناتیڤی شورای مەردم" . هەموو لایەنەکان وە بەتایبەت سەڵتەنەت تەڵەب و ئەحزابەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەموو چاوەڕوانی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی خامنەئین بەهۆی ئەم خرۆشانەوە، وەهێشتا هەن و دیارە بە ئەوەی ڕوویدداوە بە سەرەتای دەزانن.
مەسەلەی سەرەکی پۆینتی دووەم باسە لە سەردەمی یان کاتی سەرهەڵدان و ڕوودانی ئەم خرۆشانەی خەڵک، لە کاتێکدا کڵپەی کرد کە جیهانی سەرمایەداری نەک تەنها لە ئەزمەیەکی قوڵی ئابوریدا و لە قۆناغێکی تێپەری سەختدا دەژی، بەڵکو جەمسەرەکانی سەرمایەداری لە جیهاندا هێڵ و سنوری خۆیان تاڕادەیەکی زۆر کێشاوەو بەم پێیە وڵاتانی سەرمایەداری بچوکتر یان کەم کاریگەرتری جیهانی دابەش بوون بە سەر جەمسەرە جیاوازەکاندا، یان لە نێوان جەمسەرە گەورەکاندا بۆشاییەکیان دەستکەوتووە بۆ کایەی سیاسی و بەهێزترکردنی پێگەی خۆیان وەک سعودیە و تورکیا و ئیمارات و ئەندەنوسیا و....هەلومەرجێک کە هێواش هێواش جەمسەرە گەورەکانی سەرمایە لە باری مۆلەقیەوە بۆ باری جێگیر بوون و دامەزراندن دەڕۆن، لە سەر حسابی پێگەو نفوزی ئەمریکا. لە هەلومەرجێکی ئاوەهادا، و لە غیابی هێزی یەکگرتووی چینایەتی پڕۆلیتاریا لە وڵاتە سەرمایەداریە گەورەکان و هەروەها ئێران و ناوچەکەدا، دەخاڵەتی وڵاتانی گەورەی وەکو ئەمریکا و بەریتانیا و ڕوسیا و چین و فەرەنسا ... بابەتێكە جێگای گومان نیە. دەخاڵەتێک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا. بەرژوەندی خۆیان لەمڕۆی ئێراندا، هێنانی ئێرانە بۆ نێو سنوری بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا کە پێم وایە ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵقەیە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام مەسەلەی " گۆڕینی ڕژێم" ئەگەرچی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا نیە، بەڵام سیاسەتێکە ئەگەر ئامانجیش نەپێکێت سودێکی هەیە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنەی کە دەیەوێت پیادەی بکات، گۆڕینی رژێم یان " رژێم چینچ" سیاسەتیكە مەرج نیە ئامانج لێی راستەوخۆ گۆڕینی رژێم بێت بەڵکو لاوازکردنی و دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە لە نێو خۆی وڵاتێک یان ناوچەیەکدا. ڕژێم گۆڕین زۆرجار و ئێستاش لە ئەفەریقا لە ڕێگەی کودەتا سەربازییەکانەوە دەچێتە پێشەوە، یان لە ڕێگەی جەنگی ڕاستەوخۆوە، وەک ئەوەی لە عێراق و لیبیا و ئەفغانستان بینیمان. هەر دوو ئەم بارە بۆ ئێران کارێکی هێجگار سەختە. گریمانەی یەکەمیان هەر ناکرێت، بەڵام هێشتا بەرزکردنەوەی یان تەنانەت دروشمی گۆڕینی ڕژیم! یان هەڕەشە بە سیاسەتێکی لەو چەشنە، وەک سیاسەتێکی ئەمریکی کە لە بەهاری عەرەبیدا گەیشتە لوتکە و لە هەموویدا هەموو ئامانجەکانی نەپێکاو فەشەلی هێنا، وە فەشەل دەهێنیت، دەکرێت بۆ ئەمریکا و کۆی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی ئێران سودی هەبێت، لە ڕێگەی هەڵخڕاندانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازییەوە، کەلەمبارەوە ئۆپۆزسیۆنێکی گەورە و خزمەتکاری دەست لەسەر سنگی بورجوازی ئەمریکی و خاوەن نفوزی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە لە ئێران و لە کوردستانەکەشی. لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت گوڕو تینی زیاتری خرۆشانی "مردم" ی ئێران سەرنج بدەین ....سیاسەتی ئەمریکا لەم قۆناغەدا نانەوەی ئاشوب و نا ئارامیە لە ناوچەکانی دەوروبەری ڕووسیا و چین و هەروەها ئەو وڵاتانەی کە نزیکن لێیانەوە یان نزیک دەبنەوە لێیان، ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی ئێستای ئێران، سعودیەش ڕۆلێکی ڕاستەوخۆ دەبینێت لە ناوچەکانی ئەهواز و هەروەها ناڕاستەوخۆ لە کوردستانی ئێران. سیاسەتی ئەمریکا دەتوانێت لایەنی کەم ئەم ئامانجە بپێکێت، واتە فەوزایەکی فراوان و بێ سەرو بەر. بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی ئاوەها، بورجوازی بەگشتی دەیەوێت شوناسەکانی نێو ئێران دەمەزەرد بکاتەوە، کورد و ئازەری و سوننە و شیعە و عەرەبی ئەهواز..."ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری" بۆ مانگرتنی گشتی لە بناغەوە بۆ ئەوە نەبوو کە لە کوردستان خرۆشانەکە بەهێز بکات، چونکە ڕۆشنە کە خەڵک خرۆشاوە، ئەوان دەڵێن بۆ ماڵەوە و دوکان داخە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە شوناسێکی ناسیونالیستی بدا بە کوشتنی ژینا و خرۆشانەکەش. بەم پێیە دابەشکردنی شوناسی نەتەوە و ئاین لە ئاستی ئێراندا پەرە پێبدەن وئەم دیاردەیە لە ئەهوازیش دەبینین .
ژینا ئەمینی کوژرا، کوشتنی ژینا ئەمینی بێگومان مەحکومە و پێویستە تاوانباران بە هێندەی تاوانەکەیان سزا بدرێن، ئەگەرچی تاوانباری ڕاستەقینە ڕژێمی بورجوازی ئیسلامی خۆیەتی نەک تەنها دامو دەزگا سەرکوتکەرەکانی. مەسەلەی کوشتنی ژینا مەسەلەی هەڵەی پاسەوان و پۆلیسێکی ئاداب و ئەوان نیە، بەڵکو ڕۆشنبیری و فەرهەنگ و کاڵچەری کەڵەکەبووی زیاتر لە ٤ دەیەیە کە لەڕێگەی دەسەڵاتی بورجوازی ئیسلامیەوە وەک نوێنەری چینی باڵادەستی بورجوازی ئێران بۆتە کاڵچەری باوی کۆمەڵگە. ڕۆشنە کە بەشێکی زۆری خەڵک وە بەتایبەت ژنان نەک ڕازی نین بەڵکو هەردەم خەباتیانکردوە، دژ بەم کاڵچەرە کۆنە پارێزە ئیسلامیانە و لەوانە دژ بەحیجاب وتەنانەت لە مانگەکانی یەکەمی ئەم دەسەڵاتەی بورجوازی لە سەردەمی "خومەینی" دا لە تەهران دژ بەحیجاب خۆپیشاندانی گەورە کراوە. بەڵام ناڕەزایەتی و خرۆشانی شار و خۆپیشاندان دژ بە دیاردەیەک یان بوونی داوایەک ئەگەرچی داواکارییەکی زۆر بەهێزیش بێت کۆمەڵگە و خەباتی چینەکان ناگەیەنیتە پێکدادانی چینەکان، واتە نایکاتە شۆڕش. شۆڕشی سەردەمی ئێمە یان شۆڕشی پڕۆلیتاریایە یان نیە، من لێرەدا باسی بیروڕای سۆشیالیزمی پڕۆلیتێری دەکەم نەک بورجوازی، چونکە بورجوازی شۆڕشەکانی!!! خۆی هەیە، بەهاری عەرەبی!، شۆڕشی تشرینی ساحەی تەحریری بەغدا!، شۆڕشی ژنانی ئێران! شۆڕشی خەڵک !ئەوانە و شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکانی پرتەقاڵی وبەنەفسەجی.. شێوە و شێوازە جیاوازەکانی شۆڕشی بورجوازین لەم سەردەمەدا. بەڵام شۆڕشن لە پێناو گۆڕێنی دەموچاوەکان بەقازانجی لایەنێک یان جەمسەرێکی گەورەی سەرمایەداری جیهانی لەم سەردەمەدا. ئەو شۆڕشەی ٢٠١٤ ی ئۆکرانیا کە ئەمریکا سەرکردایەتی کرد لە ئۆکرانیا، نەک تەنها خەڵکی ئۆکرانیا، بەڵکو ئەمڕۆ هەموو جیهان باجەکەی دەداتەوە، بەتایبەت پڕۆلیتاریا. شۆڕشی بورجوازی، لە بناغەوە وەک بابەتی مێژوو دەمێکە کۆتایی هاتووە، ئەوەی کە هەیە هەلگێڕانەوەی نفوزی ئابورییە لە مەیدانی سیاسەتدا، شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە میسر و تونس و دواتر لیبیا و سوریا هەر بۆ ئەوە نەبوو، کە لایەنگرانی سیاسی ئەمریکا و بەریتانیا "ئیخوانی ئیسلامی" بێنە سەر دەسەڵات، بەڵکو لە بناغەترین ئاستدا بۆ مسۆگەرترکردنی دەسەڵاتی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، کە تا درێژ ماوە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ڕۆژئاوا بەگشتی بپارێزن و ڕەقیبەکانی تریان بخەنە دواوە و وەکو ئەمڕۆیان بەسەر نەیەت کە لە دوایین کۆبوونەوەی وڵاتانی نەوت-ئۆپیکدا- دەرگیری بوون. ئەگەر چی جیاوازیەکی کۆنکرێت و ڕۆشن لە نێوان بەرژەوەندی ئەنگلوسەکسانیەکان و باقی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا هەیە، و ئێستا بەهۆی جەنگ لە ئۆکرانیاوە، زۆر ڕۆشنتر دەردەکەوێت.
هەڵوێستی کۆمۆنیستی لەسەر "شۆڕشی ژنان" و "شۆڕشی مردم - خەڵک"
یەکەم: "شۆڕشی ژنان" بیدعەی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی ئێرانە، شۆڕشی ژنان چەمكێکی سیاسی بێ مانایە. شۆڕش لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدات. کۆمەڵگە لەباری چینایەتیەوە دابەش بووە نەک لە باری ڕەگەزەوە، بەڵام بورجوازی زیرەکانە ئەم چەمکەی بیدعە-هرطقة- کردووە، نەک تەنها وەک ڕوانگەیەکی فیمینستی و دابەشکردنی چینی پڕۆلیتاریا لە سەرپایەی ڕەگەزی مێینە ونێرینە، بەڵكو زۆر لەوە فراوانترە. ناوەڕۆکی ئەم چەمکەی بورجوازی ئێران ئەوەیە "ئەگەر ڕژێم چەینج" ڕوویدا بەهۆی زۆری ئەمریکاوە، ئەوە کۆی ئەم ناڕەزایەتیانە کە ناویان لێناوە شۆڕشی ژنان!!، بەو ناوەوە مۆردەکرێت، یان ئەگەر لە کوردستانی ئێران بوارێک هاتە پێشەوەو هەلومەرجێکیان پێکهێنا وەک ئەوەی یان شێوەیەک لەو فۆرمەی کە لە ساڵی ١٩٩٠دا بۆ کوردستانی عیراق پێکیانهێنا- ئەم سیاسەتە بەشێکە لە سیاسەتی نائارامکردن نەک هیچ ئامانجێکی دیکە- هیوای خەڵکی کوردستانی ئێران لەوە زیاتر نەبێت کە ژنان بێ حیجاب بن. ئەم مۆرکردنە لایەنی کەم ماوەیەک دەخایەنێت کە لە زەینی خەڵک بچێتە دەرەوە، بەتایبەت کە ڕووخانی رژێمی ئیسلامی ئێران، ئارەزوویەکی فراوانە لە نێو کۆمەڵگەدا. بەڵام ئەنجامی ئەم پرۆسێسە بۆ بورجوازییەک گرینگە کە دەیەوێت هەرچۆنێک بێت بێتە سەر دەسەڵات. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە شۆڕش بە دژی حیجاب کراوە، فەرموون ئەوە خواستەکەتان جێبەجێکرا. ئەم خواستە سەرەڕای حەقیانەتی بەڵام هەمیشە بورجوازی جێبەجێیکردووە. کۆی بورجوازی ئەوروپاو ئەمریکاو ڕوسیاو چین هیند و هەموو ئەمریکای لاتین و تونس و جەزائیر و میسر و....تورکیا و ئەندنوسیا و عێراق و سوریا و ئوردون و زۆربەی وڵاتانی ئەفەریقا ...کۆسپی مافەکانی ژنیان نیە بەگشتی و لەوانە مافی ئازادی جلوبەرگ. لەوەش زیاتر، حزبێکی وەک حزبی بورجوازی ئیسلامی سەر بە دەسەڵاتی ئێستا و لایەنگرانی خاتەمی سەرەکی پێشووتری ئێران، حزبی "یەکێتی گەلی ئیسلامی ئێرانی" هەر زوو دوای ڕووداوەکەی کوشتنی ژینا داوایکرد کە "حیجابی زۆرە ملی" هەڵبگیرێت و "هەموو زیندانیەکانی ڕووداوەکە ئازادبکرێن" (پەیجی کەناڵی ئاسمانی الحرة ٢٤ی سیبتمبەر ٢٠٢٢). ئەمە هەم سنوری ڕیلاکسی بورجوازی ئیسلامی نیشاندەدات و هەم چرایەکی سەوزبوو بۆ خامنەئی و ئەمریکاش، کە "ڕێفۆرمیستە ئیسلامیەکان!!" ئامادەن کارێک بکەن. بەجیا لەوانە ژنانی ئێران وەک پیاوانی وڵات دابەشبوون بەسەر دوو چینە سەرەکیەکەدا.. واتە زۆربەی ژنان سەر بەچینی پڕۆلیتاریان و بەشەکەمەکەی سەر بەچینی بورجوازی ئێرانە، لەمبارەوە ئەم چەمکە لەگەڵ چەمکی "انقلابی مردم" دا یەکدەگرێتەوە. بورجوازی ملکەچی ئەمریکا دەزانێت کە لەباری ئابورییەوە هیچی زیاتر پێناکرێت بۆ خەڵکی ئێران. دەزانێت، دەبێت هێرش بکاتە سەر هەموو داواو خواستێکی پڕۆلیتاریا و خەڵكی ستەمدیدەی ئێران سەبارەت بە ژیانێکی باشترو مووچەیەکی باشتر و تەنانەت مافە سیاسی و فەردی و مەدەنی و سیاسیەکانی پڕۆلیتاریا بەهەمان شێوە دەمێنێتەوە لە ناوەڕۆکدا، مەگەر بۆیاخی مافی مرۆڤی بەبەردا بکەن بەهۆی میدیای ئەمریکا و ڕۆژئاواوە... کەواتە بەرزکردنەوەی دروشمی لەم جۆرە و ڕیکلام بۆکردنی کە هەندێ کۆمۆنیستی گرتەوە مەبەست لێی ئەوە بووە کە پڕۆلیتاریای ئێران، کە وەک هێزێکی چینایەتی تا ئێستا هیچی لە خۆی نیشان نەداوە لەم ڕووداوانەدا، بێ دەنگ بهێڵێتەوەو کۆی ڕووداوەکان و شۆڕشەکەیان بەلابردنی حیجابی سەر ژنان بەرتەسک بکاتەوە، کە لە بناغەوە دروشمێکی ئاوەها بۆ بورجوازی ئۆپۆزسیۆنی ئێران زەمینەی هەبوو. ئەم چەمکە زۆر دژ بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریایە و پێویستە لە لایەن کۆمۆنیستە پرۆلیتێریەکانەوە ڕەخنەی توندی لێبگیرێت.
دووەم: شۆڕشی خەڵک "انقلاب مردم"
کۆمۆنیزم زانستی کۆمەڵایەتییە وەک مێژوو، وەک فیزیا و کیمیا و ماتماتیک زانستە. هەر ئەمەش جیای دەکاتەوە لەوەی کە ئایدۆلۆجیا بێت، کۆمۆنیزم ئایدۆلۆجیا نییە. لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی پرۆلێتیریەوە، کۆمەڵگە دوو چینی کۆمەڵایەتییە، لەسەردەمی ئەمڕۆی بۆگەنبوونی سیستمی سەرمایەداریدا زۆر ڕۆشن ئەم ڕاستییە دیارە. چینی پڕۆلیتاریا کە زۆربەن وەک دانیشتوان لە چاو بورجوازیدا، وە چینی بورجوازی دەسەڵاتدار، جا دەسەڵاتەکە بەدەست هەر بزووتنەوەیەکی بورجوازیەوە بێت، لە ناوەرۆکە چینایەتیەکەی کەمناکاتەوە، ئیسلامی بێت یان لیبراڵ، دیموکراسی بێت یان ناسیونالیست. "شۆڕشی خەڵک" یان " بزوتنەوەی ڕووخانی ڕژێم" بەگشتی چەمکی شاردنەوەی خەباتی چینایەتیە. دەوڵەتەکانی جیهانی سەرمایەداری هەموویان پێمان دەڵێن "ئێمە نوێنەری هەموو خەڵکین". ئەمە بۆ شاردنەوەی ناوەرۆکی چینایەتی دەوڵەتە. ملیاردیرێکی وەک ئیلۆن ماسک خەڵکێکە لە ئەمریکا و کرێکارێکی بورای ئۆتۆمۆبێل سازی تێسلا کە ماسک خاوەنەکەیەتی خەڵكێکە، بەڵام ماسک ١١٠،٠٠٠ سەدو دەهەزار کرێکار کار بۆ ئەم کۆمپانیایەی دەکەن لە ئاستی جیهانیدا جگە لە کۆمپانیاکانی تری ، کرێکارەکەش هیوادارە لەسەر کارەکەی دەرنەکرێت. لە ئێران سەرەڕای ئابڵوقەی ئابوری ئەمریکا و قەیرانێکی ئابوری قوڵ و گرانی لە ڕادەبەدەر، ژمارەی ملێونێرەکان هێجگار زیادیان کردووە. بەپیێ "ڕاپۆرتی سامانی جیهانی" کە کۆمپانیای Capgemini بڵاوی دەکاتەوە، وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین ڕێژەی تۆمار کردووە لە زیادبوونی ملیۆنێرەکاندا لە ساڵی ٢٠٢٠دا و ژمارەی ملیۆنێرەکانی گەیشتۆتە ٢٥٠ هەزار ملیۆنێر و بۆتە ١٤هەمین وڵات لە ڕیزبەندی جیهانی ملیۆنێرەکاندا و لەم بوارەدا پێش وڵاتەکانی ئیسپانیا و ڕوسیا و بەرازیل و سعودیە کەوتۆتەوە (سەرچاوە: پەیجی میدل ئێست ئای/١٥ی ئۆگەست ٢٠٢١/ عەرەبی). ئەو ٢٥٠ هەزار ملیۆنیرەش خەڵکن و کرێکارانی هفت تەپەش هەر خەڵکن.. زۆر ڕۆشنە کە بەرژەوەندی ئەو ٢٥٠ هەزار خەڵکە کە چینی بورجوازی پێکدەهێنن و بەشێکن لەو چینە، زۆر دژ بە بەرژەوەندی کرێکارانی هفت تەپە و کرێکارانی کارگە و پڕۆژەکانی دیکەیە... کەواتە خەڵک هەیە و خەڵکی دیکەش هەیە. شۆڕشی خەڵک هیچکات ناوەڕۆکی کۆمۆنیستی پڕۆلیتێری نەبووە و نیە، و دژ بە لێکدانەوەو بیروڕای کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتیە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لە ژێر ناوی شۆڕشدا، شۆڕشی پڕۆلیتاریا دەشێوێنێت وە ڕاستەوخۆ خزمەت بە بورجوازی دەکات. شۆڕشی خەڵک لەباری بابەتیەوە بوونی نیە، ئەوەی هەیە یان شۆڕشی بەهاری عەرەبی و شۆڕشە ڕەنگاو ڕەنگەکانی بورجوازییە، یان شۆڕشی پڕۆلیتاریایە. شۆڕشی مامناوەند و لە ناوەڕاستی ئەو دوو شۆڕشەدا بوونی نیە. شۆڕشی خەڵک بەگشتی بورجوازی بەکاریناهێنیت لەم سەردەمەدا بەڵکو زیاتر کۆمۆنیزمی بورجوازی و ئەوانەی خۆیان بە چەپ و کۆمۆنیست دەزانن ئەم چەمکە بەکاردەهێنن لە پێناو داپۆشینی ناوەڕۆکی چینایەتی شۆڕشی پڕۆلیتاریادا. شۆڕشی خەڵک!! انقلاب مردم!! پۆپۆلیزمی بورجوازییە لە بەرگی کۆمۆنیستیدا. ئەم کۆمۆنیزمە بورجوازییە هەموو ئامانجێکی ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری بورجوازی ئیسلامیە لە ئێران، واتە تەنها گۆڕینی ڕژێمە بە هەندێ ڕیفۆرمەوە، کە لەجیهانی سەرمایەداریدا ناکرێت و جێبەجێ نابێت. بورجوازی جیهانی سنوری ڕیفۆرمی تێپەڕاندووە و توانای هیچ ریفۆرمێکی نەماوە، مەگەر بە زۆری هێزی پڕۆلیتاریای یەکگرتوو. هەر بەم پێیە هیچ شۆڕشێکی بورجوازی بە مانای ڕوودانی ئاڵوگۆڕێکی پۆزەتیڤ لە ژیانی خەڵکدا هیچ زەمینەیەکی نەک نەماوە، بەڵکو دەمێکە کۆتایی هاتووە. بەپێچەوانەوە بورجوازی جیهانی هەمە ڕۆژە پەلاماری ژیان و گوزەرانی خەڵک و دەستکەوتە مێژووییەکانیان دەدات، خۆیان لە ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە مافە فەردی و مەدەنی و سیاسیەکان و ئازادی بیروڕاش دەخەنە ژێر پێوە تا ئەوکاتەی بە زەرەری خۆیانە، بەجیا لەوانەش ڕۆژانە پڕۆلیتاریای ئەوروپا هەژارتر دەکەن. تەنها شۆڕشێک لە ئێراندا ڕێگەی بابەتی و مێژوویی خۆی هەیە ئەویش شۆڕشی پڕۆلیتاریایە. گۆڕینی خرۆشانی خەڵکی ئێران لەم ڕووداوانەی دواییدا و بۆ شۆڕشی پڕۆلیتاریا خەونێکی پۆپۆلیستیانەی بورجوازییە. شۆڕشی ئێران ناتوانێت لە پێشەوە شۆڕشی خەڵک یان دیموکراسی بێت و دوایی ببێتە شۆڕشی پڕۆلیتاریا. ئەوە بڵاوکردنەوەی وەهمی ڕووخانی ڕژێمە و هەمان تێزی بورجوازییە، لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمدا. کاتی خۆی قاسملۆ دەیگوت لە پێشدا "چارەسەی مەسەلەی نەتەوەیی دواتر سۆشیالیزم". هەمان باسە لە بەرگێکی دیکەدا.
تێزی "ئەگەر چینی پرۆلیتاریا دەخاڵەت بکا"!!
ئەم تێزە تێزێکی کۆنی نێو کۆمۆنیزمی کرێکارییە و لەم خرۆشانەی دواییدا لە ئێران، هەمان تێز دەبینین، کە بەشێک لە ئەحزابی کۆمۆنیزمی کرێکاری هیوایەکی وای هەیە، یان پڕۆپاگەندە بۆ تێز و چەمکێکی لەم چەشنە دەکات... ئەم تێزە ناوەڕۆکەکەی پۆست-پۆپۆلیزمە. واتە خاوەنانی ئەم تێزە دەزانن کە پۆپۆلیزمێک باوی نەماوە و ئەوەش دەزانن کە ڕێگا شۆڕشی سۆشیالستیە، بەڵام بزووتنەوەو خرۆشانی لەم چەشنە بە ڕێگایەک دەبینن بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم. لە باری بابەتیەوە ئەم بۆچوون و سیاسەتە ڕاستەوخۆ پڕۆلیتاریای ئێران دەخاتە دوای ڕووداوەکان و دەیکاتە پاشکۆی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ئێران. بەکورتی لە باری سیاسی و پراتیکیەوە چینی کرێکار بۆیە لە پرۆپاگەندەکەدا هەیە، بۆ ئەوەیە لە خزمەت ڕووداوەکانی ئێراندا بێت، لە خزمەت خواست و داواکاریەکدا بێت کە خەڵک لە ئێران بەرزیان کردۆتەوە. چینی کرێکار وەک چینێکی یەکگرتوو باسی ئێمەیە، ئەم چینە یەکگرتووە چۆن دەکرێت دەخاڵەت بکات کە پێشتر وەک هێزێکی یەکگرتووی چینایەتی نمایشی نەکردووە -وەک تاک تاکی کرێکاران مەبەستی من نیە- ؟ ئەوە هەمیشە هەیە و هێزەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی شیعی موقتەدا سەدر لە عیراق زۆربەی زۆری پڕۆلیتاریایە، بەڵام نەک وەک چینێک بەڵكو وەک ئەفرادی ئەو چینە. هێزی یەکگرتووی چینایەتی بێ بیروڕای سۆشیالیزمی پڕۆلیتێری مەیسەر نابێت. لەوەش زیاتر، بێ ئاستێک لەڕێکخراووبوون و تەحەزوبی چینایەتی فۆرمی تەواوی خۆی وەرناگرێت. جا لێرەدا باسەکە ئاستی یەکگرتووبوونەکە نییە کە لەچ ئاستێکی بەرز یان نزمدایە. لە بارێکدا کە ئەو یەکگرتووییە چینایەتییە هەبێت و چینی پڕۆلیتاریا بەهرەمەند بێت لە ئاگایی سۆشیالیستی خۆی، یان لایەنی کەمی بەشی پێشڕەوی ئەو چینە لەباری پراتیکیەوە نیشانی دابێت کە خاوەنی بزووتنەوەیەکە دەیەوێت چینەکەی ڕزگار بکات جا با لاوزیش بێت، لە بارێکی ئاوهادا، گریمانەی ئەوە هەیە کە پڕۆلیتاریا لە ڕووداوەکاندا بەشداری سیاسی بکات و دیارە بەشی پێشڕەوی پڕۆلیتاریا کە لە حزبێکدا خۆی ڕێکخستووە، لە کاتی دیاریکراو و کۆنکرێتدا بڕیاری خۆی دەدات لە سەر شێوەو شێوازی گرتنە دەستی پێشڕەوی لەو کاتە دیاریکراوەدا.
چینی پڕۆلیتاریای ئێران خاوەنی خەباتێکی نەپساوە و بەردەوامە، خاوەنی خەباتی شکۆداری خۆیەتی، بەڵام خەباتی ڕۆژانەی ئەو و ئاستێک لە یەکگرتووبوونی پیشەیی ئەو، هێشتا لە چوارچێوەی هوشیاری سۆشیالیزمی پڕۆلیتاریدا نییە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، -دیسان باسی تاکی کرێکار نیە- بەڵکو باسی ڕێکخستنی کۆمۆنیستی باسە لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا بۆ بەدەستهێنانی سۆشیالیزم و هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی و دامەزراندنی سیستمی هەرەوەزی. ئەم ئاگاییە پێش هەرشتێک لەبزووتنەوە و خواستی سیاسی پڕۆلیتاریا و لە شێوازی ڕێکخستن و پراتیکردنی ناڕەزایەتیەکانیشدا دەردەکەوێت. پڕۆلیتاریای ئێران پێش ڕووداوی کوشتنی ژینا، ئەو یەکگرتووبوونە چینایەتیەی بۆ ڕووخاندنی سیستمی سەرمایەداری لە خۆی نیشان نەداوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی، وە تەنانەت لە ئاستی بزووتنەوەی ڕۆژانەشیدا، سەرەڕای جەسارەتێکی بێ وێنەی ڕابەڕانی ئەم بزووتنەوەیە. کەواتە تێزی "ئەگەر چینی کرێکار دەخاڵەت بکات" پایەی دەخاڵەتەکەی چییە؟! لەسەربناغەی بزووتنەوەی کام چینە و بەپێی گەشە و چوونەسەری ئاگایی و ڕیکخراووبوونی کام بزووتنەوەیە، پایەی ئەم دەخاڵەتە سیاسیە دابیندەکرێت؟!! . باوەڕداران بە تێزێکی لەم چەشنە یان دەبێت بیسەلمێنن کە بەڵی چینی کرێکاری ئێران خاوەنی ئاستێک لە یەکگرتوویی هێزی سیاسی خۆیەتی و ئەوەش بەڵگە بابەتیەکان و ئاڕاستەی بزووتنەوەکەیەتی، کە ئەمەیان سەلماندنی مەحاڵە، چونکە مەسەلەیەکی بابەتیە و دەبینرێت و دەبیسترێت، یان بەڕۆشنی ئەوە دەسەلمێت کە چینی کرێکار با ئامادەش نەبێت بۆ شۆڕشی خۆی، بەڵام دەکرێت بێتە مەیدان وخزمەت بە خرۆشانی ئێستا بکات و دەسەڵاتی ئیسلامی بڕوخێنێت!! هەمان ناوەرۆکی شۆڕشی خەڵک بە لەفافی کرێکارەوە. من یەقینم هەیە کە پڕۆلیتاریای ئێران و هەر وڵاتێکی دیکەش هێندە هوشیارە کە دوای ئەم تێزانە نەکەون وە ناکەون، لە بەغدا دوو سێ مانگ هێزە بورجوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ساحەی تەحریر بوون، بەڵام چینی کرێکار خەریکی کاری خۆی بوو لە شوێنی کارەکەی، هەر ئەوکاتە نوسیمان و وتمان کە چینی کرێکار دەخاڵەت ناکات لەم سیناریۆیەی ئەمریکا و بورجوازی عێراقیدا. پڕۆلیتاریای ئێرانیش بەهەمان شێوە تا نوسینی ئەم وتارە هیچ ئامادەییەکی لە خۆی نیشان نەداوە کە لولەی بۆرییە نەوتەکان بگرێتەوە و کۆمپانیاکانی پەترۆکیمایی و ئاسنسازی دابخات... وە نایکات. هاتنە دەرەوە لە کارگەکان و بەشداریکردن لە خرۆشانەکاندا مەبەستی من نیە ، کە ئەوە هەمیشە گریمانەیەکە ڕووبدات.
ڕیچکەو ئاڕاستەی شۆڕش لە ئێران لە ڕوانگەی پڕۆلیتاریای پێشڕەوەوە، تەنها و تەنها شۆڕشی پڕۆلیتاریا خۆیەتی بێ هیچ پێشگر و پاشگرێکی وەک؛ لە پێشدا ڕاپەڕینی خەڵک و گۆڕینی حکومەت و دەوڵەتی ئیسلامی و دوایی دەبێتە شۆڕشی پڕۆلیتاریا. ئەوە رۆشنە کە شۆرشی پڕۆلیتاریا هەنگاوی یەکەمی ڕووخانی ڕژێمی سەرمایەدارییە لە ئێران. بابەتەکە بەتەواوی زانستییە وەک ماتماتیک، ئەگەرچی ئێمە لە بواری زانستی کۆمەڵایەتیدا قسەدەکەین کە جیاوازی زۆری هەیە، بەڵام بەهەمان ئاست زانستیە. ئەگەر چینی پڕۆلیتاریا چینی پێشڕەوی ئەم سەردەمەیە، کە هەموو کۆمۆنیستەکان وادەڵین بەجیاوازی بیرکردنەوە و گروپ و حزبەکانیان، چینی پێشڕەو مانای خۆی هەیە کە پێشڕەوی کۆمەڵگەیە بۆ ئاڵوگۆڕە بنەڕەتی و ڕیشەییەکان و ڕووخاندنی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی سۆشیالیزم. ئەم هێزە پێشڕەوە چۆن دەکرێت دوای ڕووداوەکان بکەوێت و تازە پاش مانگێک یان دوان یان زیاتر و دوای ڕووخانی ڕژێم، خەبەری بێتەوە و ئیدعای پیشڕەوی بکات؟! لەکاتێکی وادا پێشڕەوی کورسیەکەی گیراوە و بەدەست هێزو بزووتنەوەی دیکەوەیە. هوشیار بوونەوەی پڕۆلیتاریا بۆ ئەوەی پێشڕەو بێت لە ڕێگەی لابردنی حیجابەوە بە دەست نایەت، بەڵکو ڕاستەوخۆ وە ڕاستەوخۆ دژ بە سیستمی سەرمایەداری و کارو کردەوە و دەسەڵاتی ئەو. بە ڕووخانی سیستمی سەرمایەداری نەک تەنها" کۆماری ئیسلامی"، بەڵکو کۆی ئەو کۆسپانەی دیکە چارەسەر دەبێت و بەدەست دێت. ئەگەر نا بورجوازی هەر ڕۆژەی کۆسپێک دەهێنێت و دەیکاتە کۆسپی گەورەی کۆمەڵگا. لە ئەمریکا ڕاسیزمی ڕەگەزی کێشەیەکی کۆن و زۆر گەورەیە، بەپێی تێزی ئەگەر "چینی کرێکار دەخاڵەت بکات"، دەبێت ڕەش پێستەکان ڕاپەرینێک بکەن و پاشان ئەگەر چینی کرێکار دەخاڵەت بکات، ئەوە شۆڕش دەبێت و دەوڵەتی ئەمریکا دەڕوخێت!!. ئەم تێزە دژە بە بیرکردنەوە ولێکدانەوەی چینایەتی و دورە لە سۆشیالیزمی پڕۆلێتێریەوە. دەرسی یەکەم و کۆتایی ئەم ڕووداوانە، ئەوەیە کە ڕۆشنبیرانی سۆشیالیزمی پڕۆلیتێری وهەر لایەن وحزب و کەسێک بەو ئاستەی ئامادەن، بەشێک بن لەم خەبات و کۆششە، پێویستە لە ڕێچکەی ئامادەیی و خۆڕێکخستنی پڕۆلیتاریاوە بۆ شۆڕشی خۆی، ئەمکارە ئەنجام بدەن. ئەگەر پڕۆلیتاریا ئامادە نیە لە باری سیاسیەوە، کە نیە، ئەوە پێویستە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین کە هۆکەی چیە؟! نەک بکرێنە پاشکۆی بزووتنەوە بورجوازییەکان. لەسەر سۆشیالیزمێکی پڕۆلیتری لە ئێران پێویستە، جا لە لە هەر بەرگێکدا هەیە، خەریکی ئەو کارانە بێت، کەپێویستە بکرێن بۆ ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی بزووتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا لە پێناو شۆڕشەکەی خۆیدا.
ئەگەر نا ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە، بورجوازی ئێرانیش شێوەی خۆی وەک حەربا دەگۆڕێت. تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێت، هیچ لە ناوەرۆکی ئەوە ناگۆڕێت کە چینی پڕۆلیتاریای ئێران لە سایەی هەمان هەلومەرجی نالەبارو بگرە خراپتریشدا، دەژین. نموونەکان زۆرن، عێراق، ئەفغانستان، لیبیا و ئۆکرانیا، نموونەی زۆر تازەن و کارەساتی مەرگباری ئەو وڵاتانە ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا دەبیستین. حزبە کۆمۆنیستیەکانی ئێران بە هەموو جۆرەکانیەوە لە ئاڵوگۆڕێکی ئاوەهادا -ڕژێم چەینجێکی ئاوادا!!- پێگەیان لە ئێمەی کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێراق لە دوای ساڵی ١٩٩٠وە نەک باشتر نابێت بەڵکو خراپتر دەبێت و لە کەشو هەوایەکی ئاشوب و نائارامیدا بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا زیاتر و زیاتر دەرگیر دەبێت لەگەڵ بێباوەڕی و بێ هیوایدا، هەلومەرجی لەو چەشنە هەرگیز بە قازانجی چینی پڕۆلیتاریا و بزوتنەوەکەی نیە. بەم پێیە دەتوانین زۆر ڕاشکاوانە بڵێین کە شۆڕشی پڕۆلیتاریا و تەنها ئەم شۆڕشەیە دەتوانێت جێگەی هیوا و بەدیهێنانی سەرجەم خواستە ڕەواکانی تەواوی ستەم لێکراوانیش بێت. ١٠ئۆکتۆبەر٢٠٢٢
کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF