وەڵامی هاوڕێ ئەنوەر نەجمەدین بە پرسیارەکانی (ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ)
وەک ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بە پێویستی دەزانین لە هەلومەرجی سەخت و دژواری ئەمڕۆی جیهاندا..... لەگەڵ بەڕێزتان ئەم گفتووگۆیە ساز بکەین بە هیوای ئەوەی، کە هەم ڕۆشنایی بخاتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغە تێپەڕ و هەستیار و مەترسیدارەدا، چ لە ئاستی فراوانبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و چ لە ئاستی ئاڵوگۆڕە سیاسی یە جیهانی، یان لۆکەڵییەکان لە نێو عێراق و کوردستاندا. هاوکات دەرگایەک ئاواڵا بکات بۆ گفتووگۆیەکی هەمەلایەنەتر و فراوانتر، لانی کەم لە نێو ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و بەشێک لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا دەبینن.
لە گەڵ ڕێزماندا
سایتی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
09/10/2022
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: جیهانی سەرمایەداری لەئێستادا، لە نێو شەپۆلێکی گەورەی قەیرانی ئابوری سیستمەکەیدایە. باسی ئێمە لێرەدا باسی قەیرانی ئابوری نیە، بەڵکو باسە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. دەزانین کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا گوژم و تینێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لایەنی کەم دەکرێت یەکی ئایاری ئەمساڵ -ڕۆژی جیهانی کرێکار- بکەینە خاڵی وەرچەرخانێک لەمبارەوە... بزووتنەوەیەک کە دژ بە گرانی و برسێتی یە، لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و ئەندنوسیا و فلیبین..... هتد، پرۆلیتاریا وەک هێزێک، ئەگەرچی پەرشووبڵاو، بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی بەردەوام ناچارکراوە کە ناڕەزایەتی بکات و لەمبارەوە درێغی نەکردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی دیاری بەدەستنەهێناوە. هۆی سەرەکی ئەم پۆینتە چییە؟
ئەنوەر نەجمەدین: بزووتنەوەی پرۆلیتاریای جیهانی دەرئەنجامی ناکۆکیەکە کە لە خودی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە سەرچاوەدەگرێت نەک لەم یان ئەو تیۆری و ئایدیۆلۆژیاو زانستەوە. بەدرێژایی مێژووی سەرمایەداریی ئەو بزووتنەوەیە لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. هەڵکشانی پەیوەستە بە قەیرانە ئابووریە ئینترناسیۆنالیستیەکانەوە کە لەم چەرخەدا پێی نایە سایکڵی ١٠٠ ساڵەی سێهەمی: ١٨٢٥، ١٩٢٩، ٢٠٠٨.
ئێمە ناتوانین وێنەی گشتیی ئەو ناکۆکیە ببینین ئەگەر نەڕوانینە جەوهەری سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و مەیلی گەشەی داخراوی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کە هیچ ئەژمارکردنێکی تێدا نییە بۆ بەهاو زێدەی بەهاو ئەو ناکۆکیانەی لە سایکڵەکانی سەرمایەدا دێنەوە ڕێگای. ئەو ناکۆکیانە لە شەڕی چینەکاندا ئاشکرا دەبێت. ئەو شەڕە لە سەرەتاوە، وەک شەڕی نان و بژێوی دەستپێدەکات و داوای ڕۆژانەی تێدا دەخرێتەڕوو، لە بەردەوامبوونیشیدا خواستەکانی بەرزدەبێتەوە بۆ سەروو داخوازیی ڕۆژانە.
هەتا سەدەی ڕابووردوویش: سستبوون - زێدەی بەرهەمهێنان - قەیران - گەشانەوە، سایکڵە ئاساییەکانی سەرمایەی جیهانییان پێکدەهێنا. قەیرانی ٢٠٠٨ کۆتایی بە سەردەمی گەشانەوەی دوای جەنگی جیهانی یەکەم هێنا، لەوە بەدوا سستبوون بەدوای سستبووندا بۆتە دیاردەی هاوچەرخ. بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەم چەرخەمان بووە بەوەی: ئایا گەشانەوە ماوە لەبەردەم سەرمایەداریی جیهانیدا؟ ئایا سەر زەوی جێگای سەرمایەگوزاریی تێدا ماوە بۆ ئەو سەرمایە زەبەلاحانەی بە سەدان ڕکابەریان ڕووبەڕوو بۆتەوە لە بازاڕی جیهانیدا؟
سستبوون بەدوای سستبووندا وەڵامە بەو پرسیارە: ئەو سەردەمە بەسەرچوو سەرمایەی جیهانی بە گەشانەوەیەکی تردا تێبپەڕێت، بۆیە تێکڕای مرۆڤایەتی بە مەترسیدارترین سەردەمی ئینسانیدا تێدەپەڕێت. سەرمایە ناتوانێت ئەو یاسا ئابووریانە تێبپەڕێنیت کە فاکتەری داخستنی دەرد و پەتای قەیرانن، وە هەرگیز ئامادەیش نییە واز لە شەڕ و ناکۆکی بهێنێت و خۆی بدات بەدەستەوە. کاتێکیش سنووری زەوی سنووری وەبەرهێنانە، ئەوکاتە ئەوە مرۆڤایەتیە دەکەوێتە مەترسیەوە کە ئەو سنوورە بە تەواوی بەرتەسک دەبێتەوە و قەیران و ناکۆکیەکان بەرەو لووتکە دەبات. لەو لووتکەیەدا هەژاری و بێکاری و هەڵاوسانی نرخ زەوی دێنێتەوە یەک، پرۆلیتاریایش ئاراستە دەکات بەرەو ئەو جەنگە چینایەتیەی کە ئاڵا سێ ڕەنگیەکانی تێدا فڕێ دەدرێت و ئاڵای سووری تێدا بەرزدەکرێتەوە، ئاڵا نیشتمانیەکان دەگۆڕێت بە ئاڵا ئینترناسیۆنالیستیەکەی، ئاڵای کۆمۆنە. وە مادام چارەسەرێک بۆ قەیرانەکان نەماوە، ئەوا دواجار ئەم دیاردە جیهانیانە، ناکۆکیە چینایەتیەکان بەرەو ململانێی یەکلاکەرەوە دەبەن. وە ئەگەر لە بارودۆخی ئیستادا بڕوانینە بزووتنەوەی پرۆلیتاریا، ئەوا دەبینین دروشمە ستراتیژیەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە هیچ شوێنێک، نەگەیشتۆتە ئاستی خواستە مێژووییەکەی پرۆلیتاریا، بەڵکو هەتا ئێستا دروشمی نەقابی و پیشەیی تێنەپەڕاندووە، ئەمە ئەگەرچی ئێران هەوڵی گەورەی تێدا بووە بۆ خۆڕێکخستن لە ئەنجومەنە کارگەریە سەربەخۆکاندا کە هەنگاوی یەکەمە بۆ تێپەڕاندنی ئەم نەقابیەتە. چوونە پێشەوەیەش بەو ئاراستەیە لەسەر ئاستی ئینترناسیۆنالیستی، لەسەر خێرایی سستبوون و داچوونە ئابووریە جیهانیەکان وەستاوە، لەسەر ئەو دابەزینە ناکاوەی ڕێژەی گشتی قازانج وەستاوە کە سەرمایەداریی دەگەیەنێتە ئاستی هەڕەشە لە بوونی مرۆڤایەتی لە پێناوی پاراستنی سیستمی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سەرمایەدارییدا. ئا لەوێدا پرۆلیتاریا وەڵام بەو هەڕەشەیە ئەداتەوە، وەڵامێکی ئینترناسیۆنالیستی. ئەو هەڕەشەیەش هەر ڕوودەدات، هەڕەشەی شۆڕش، شۆڕشی کۆمۆنی. لەو کاتەیشدا هەموو هیوایەک بەستراوە بە جەمسەرگیریی چینایەتیی جیهانی و هۆشیاریی کۆمۆنیستی و خۆڕێکخستنی پرۆلیتاریاوە وەک چینێک کە پارسەنگی هێز دروست دەکات لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریای جیهانی. ئەوکاتەیش ئەو هێزە خۆی مانیفێست دەکات کە هۆشیاریی هەرەوەزکاریە ئازادەکان، لە سەری چینە پرۆلیتاریەکەدا چەکەرە دەکاتەوە. وەک مێژوویش نیشانی ئەدات، گۆڕینی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە یەک سیستمی یەکگرتوو لە کاری ئازادانەی هەرەوەزکاریدا، گۆڕانکاریەکی کۆمەڵایەتی گشتیە. بەبێ ئەوە مەحاڵە بنچینەی سیستمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداریی گۆڕانێکی بەسەردا بێت.
٢- لەو تێڕوانینەی سەرەوە، دەبێت چاویلکەکەمان بۆ سەرنجدان لە مێژوو بگۆڕین، دەبێت لەم چەرخە شۆڕشگێریەدا بایەخی سۆشیالیستەکان بۆ نەرێتە شۆڕشگێریەکانی کۆمۆنە بەرزببێتەوە نەک یەکی ئایار. هەموو ڕۆژێک یەکی ئایارە بۆ چینی کارگەران. ئەو خەباتە ڕۆژانەیە لە پێناوی کرێی کارێکی دادپەروەرانەتردایە و بەس، خەباتێک کە هەموو ڕۆژێک بە شەقامەکانەوە دەبینرێت. بۆیە مارکس واتەنی: "لەبری ئەم دروشمە خۆپاریزە: "کرێی کارێکی ڕۆژانەی دادپەروەر بۆ ڕۆژێک کاری دادپەروەر!" لەسەریانە لەسەر ئاڵاکەیان ئەم دروشمە شۆڕشگێرە هەڵبکەنن: "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی کاری کرێگرتە!" (مارکس، بەها و نرخ و قازانج، ل : ١٠٣).
ئەمەیە هەڕەشە لە کۆمەڵگای سەرمایەداری، هەر ئەو هەڕەشەیەیش هاندەری خۆڕێکخستنی پرۆلیتاریایە وەک چینێک.
ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩١٨ دا دەربارەی شۆڕشی ئەڵمانیا دەڵێت: "جەنگی ١٨٧٠-١٨٧١ و تێشکانی کۆمۆنە، قورسایی بزووتنەوەی کرێکاریی ئەوروپی لە فەرەنساوە گواستەوە بۆ ئەڵمانیا .. تاکە سەرچاوەی یەکێتی و خۆڕاگرییش، ئەو ووشە نهێنیە بوو: "کۆمیتە کارگەری و سەربازیەکان پێکبهێنن!". ئەمە دروشمی ئەو شۆڕشەیە، شۆڕش سەرباری هەموو لاوازیەکی و قۆناغە سەرەتاییەکانی، ئا بەمە دەیەویست لە ڕیزی شۆڕشە پرۆلیتاریە سۆشیالیستەکاندا بوەستێت. یەکەمین هاواری شۆڕشیش، هەروەک هاواری ئەو مناڵە تازە لە دایک بووەیە کە بە شێوەیەکی غەریزی دەریدەبڕێت، هاوارێک لە پێناوی کۆمیتە کارگەری و سەربازیەکاندا .. ئێمە تەنها لە ڕیگای کۆمیتەکانەوە دەتوانین هیوایەک بە وەدیهێنانی سۆشیالیزم بخوازین .. شۆڕش دەبێت جەماوەر بەرپای بکات و بە جەماوەر ڕووبەڕووی سەرمایەداری ببێتەوە .. وە هەر تەنها بەمە دەبێتە شۆڕشی سۆشیالیستی" (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ١٩١٨، لە ووتاری دامەزراندنی حیزبی شیوعی ئەڵمانیدا کە یەکەمین حیزبی شیوعیە لە مێژوودا).
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کۆمۆنیزم و چینی پڕۆلیتاریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەدارییەوە، پێکەوە هاتوونەتە دنیاوە. کۆمۆنیزمێک کە لەسەر دەستی مارکس لەسەردەمی خۆیدا گەیشتە ئاستێکی باڵا لە ڕۆشنی فکری و سیاسی و فەرهەنگی خەباتکارانە و ڕێکخراوبوون، بەجۆرێک کە چینی پرۆلیتاریای ئەو سەردەمە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە هاتە سەر شانۆی سیاسی و کۆمۆنیزمی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کردە زانستی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا. بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا، دەبینین ئەم جۆرە لە یەکگرتوویی چینی پڕۆلیتاریا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر لاوازە یان هەر نابینرێت کە ئاڵای سۆشیالیزمی پڕۆلیتاری بەرزبکاتەوە. دەبینین کە ئەم دیاردەیە کاریگەری گەورەی داناوە لە سەر ئاستی ڕێکخراوبوون و فەرهەنگی خەباتکارانەی ئینتەر ناسیونالستیدا. هۆی ئەم دیاردە بابەتی و مێژووییە چیە؟
ئەنوەر نەجمەدین:
١- هاوڕێیانی (ئاڕاستەی مارکسیستی) دەڵێن: "مارکس کۆمۆنیزمی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کردە زانستی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا".
لە ڕاستیدا ئەمە ناکۆکە بە مەنهەجی ماتریالیزمی مێژوویی و دەرئەنجامە مێژووییەکانی کارل مارکس. کارل مارکس دەربارەی ئەو تێۆریستانەی ئایدیۆلۆژیا دادەنێن بۆ ڕزگاری پرۆلیتاریا، دەڵێت: "ئەگەر پرۆلێتاریا هێشتا گەشەیەکی تەواوی نەکردبێت و خۆی وەک چینێک پێکنەهێنابێت و وەک دەرئەنجامی ئەوەیش، هێشتا خودی خەباتی پرۆلێتاریا لەگەڵ برجوازیەت، خەسڵەتێکی سیاسی وەرنەگرتبێت، وە هێشتا هێزەکانی بەرهەمهێنان، لە باوەشی برجوازیەت خۆیدا، پێشکەوتنێکی تەواوی بەخۆیەوە نەبینیبێت، کە توانای سەرنجێکی ووردبینانەمان بداتێ دەربارەی ئەو مەرجە ماتریالیستیانەی پێویستن بۆ ڕزگار بوونی پرۆلێتاریا و پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی نوێ، ئەوا ئەو تیۆریستانە هەر ئەو یۆتۆپیانەن کە بۆ وەدیهێنانی ئارەزووەکانی چینی چەوساوە، مەزهەب دادەنێن و دەکەونە گەڕان بەدوای زانستێکی نوێدا. بەڵام بەو پێوانەیەی مێژوو دەجووڵێت بەرەو پێشەوە، وە لەگەڵیشیدا هێڵە گشتیەکانی خەباتی پرۆلێتاریا ڕوونتر دەبێتەوە، ئیتر چیتر پێویستیان بەوە نامێنێت لە زیهنی خۆیاندا بۆ زانستێک بگەڕێن؛ بەڵکو تەنها ئەوەندەیان لەسەرە تێبینی ئەوە بکەن کە لەپێش چاویاندا ڕوودەدات، وە ببنە گووتەبێژی ئەو ڕووداوانە. وە هەتا ئەوکاتەی لە زانستێک بگەڕێن و هەر سیستم دروست بکەن، تا ئەوکاتە هێشتا هەر لە سەرەتای خەباتیاندان، وە لە هەژاریدا هیچ نابینن هەژاری نەبێت، ئیتر بەبێ ئەوەی لایەنە شۆڕشگێریەکەیشی ببینن، ئەو لایەنە ڕووخێنەرەی کۆمەڵگای کۆن هەڵدەگێڕێتەوە" (هەژاریی فەلسەفە، ل : ١٥٣).
ئێمە کاتێک باس لە تێز و لێکۆڵینەوەکانی کارل مارکس دەکەین، ئەوکاتە باس لە (مەنهەجی ماتریالیزمی مێژوویی) و (مێتودی تاقیگەیی) دەکەین. مارکس بە پێچەوانەی تیۆریستە مارکسیستە ناسراوەکانەوە وەک لینین، ترۆتسکی، ماو، هەرگیز زانستێکی دانەناوە بۆ ڕزگاریی پرۆلیتاریا، بەڵکو لە مەرجە ماتریالیستیەکانی ڕزگاریی پرۆلیتاریا دەکۆڵێتەوە.
٢- دەبێت کۆنسێپتی "چینی کرێکار" و "چینی پرۆلێتاریا" لێکجیابکەیەنەوە. چینی کرێکار ئەو تاکانەن کە خەریکی کارکردنن، خەریکی بەرهەمهێنانی سەرمایەن، تاکی بەرهەمهێنن، بۆیە بەردەوام لە ڕکابەریدان لە نێو خۆیاندا. چینی پرۆلێتاریا بەو هێزە دەگووترێت کە ئیتر ڕکابەریی وەلا دەنێت و دەبێتە چینێکی یەکگرتوو. ئەمە بۆ هەردوو چینەکە دروستە.
کارل مارکس دەڵێت: "تاکەکان چینێک پێکناهێنن بەو ئاستە نەبێت کە دەکەونە جەنگێکی هاوبەشەوە دژی چینێکی تر؛ وە ئیتر جگە لەوە ئەوان لە حاڵەتی دوژمنایەتیەکی ئاڵوگۆڕدان لە ڕکابەریدا" (مارکس، The Germen Ideology).
هەر لەبەر ئائەمەیە بزووتنەوەی کرێکاران لێرە و لەوێ، فۆرمی بزووتنەوەی سەندیکایی وەردەگرێت لە دەرەوەی چینەکە خۆیدا، واتە لە سنوورێکی بەر تەسکدا، لە کارگەیەک یان شارێک یان ووڵاتێکدا. پرۆلێتاریا خودی چینەکە خۆیەتی، بەتایبەت لەسەردەمە شۆڕشگێریەکاندا، چینێکی یکگرتووە، ڕکابەریی شکاندووەو بەرامبەر بە برجوازیەت هەستاوەتە سەرپێ. ئەمەیش تەنها لە حاڵی بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستیدا، مانای تەواوی خۆی پڕ دەکاتەوە. وە هەر ئەو چینەیە بە یەکگرتنی، هەموو گروپەکان و حیزبەکان دەخاتە کەنارەوە وەک کۆمەڵە تایەفەیەکی کۆنەپەرست و محافیزکار.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە کۆتایی ئەم بەشە لە گفتوگۆکەدا، ڕۆشنە کە هەلومەرجی ئێستای نێو بزووتنەوەی "کۆمۆنیستی" چ ناوخۆیی و چ جیهانی، هەلومەرجێکی نالەبارە و هەر یەک لە ئاوازی خۆی دەخوێنێت. لێرەدا مەبەستمان کۆمۆنیزمی بورژوزای و شێوە جیاوازەکانی نیە، بەڵکو ئەو کۆمۆنیزمەی کە ڕەخنەگرە لە کۆمۆنیزمی ڕەسمی و بورژوازی. پرسیارەکە ئەوەیە پێویستە چی بکرێت لە نێو ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا، وەک ئەرکی پراتیکی باس دەکەین، چ ڕێڕەوێک بگیرێتە بەر لە پێناو بەهێزکردنەوەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتەری لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا؟
ئەنوەر نەجمەدین: یەکگرتنەوە و بەهێزبوونی سۆشیالیستەکان بە نموونەی بەرز و ووشەی جوان ڕوونادات. ئەمە پرۆسەیەکی مێژووییە و لە گەشەی بزووتنەوەی پرۆلیتاریاوە سەردەردەهێنێت.
دەربارەی لاسال، کارل مارکس دەڵێت: "هەر تەنها لەبەر ئەوەی دامەزرێنەری تایەفەیەک بوو، ئیتر هەموو پەیوەندیەکی سروشتیی بە بزووتنەوەی ڕابووردووی ئەڵمانیاو دەرەوەی ئەڵمانیاوە ڕەت دەکردەوە. وە ئەویش کەوتە هەمان هەڵەی پرۆدۆنەوە، لە بری ئەوەی لە نێو ڕەگەزە ئەسڵیەکانی بزووتنەوەی چینایەتیدا بۆ بنچینەی واقیعیی هاندانەکانی بگەڕێت، هەوڵی دەدا وەسفی ڕێڕەوی ئەو ڕەگەزانە لەسەر وەسفەیەکی مەزهەبی دیاریکراو بکات ... تایەفە بیانووی بوونی خۆی و "خاڵی شەرەفمەندی" خۆی لەوەدا نابینێت کە هاوبەشێکی هەبێت لەگەڵ بزووتنەوەی چینایەتیدا، بەڵکو لەو ئەزموونە تایبەتیانەدا دەیبینێت کە کەفائەتی ئەو جیادەکاتەوە لە بزووتنەوەکە ...
هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی گشتیی کارگەرانی ئەڵمان (General Association of German Worker)، ئەو هەلە مێژووییەی دایە دەستت هەنگاوێکی گەورە ببڕیت بەرەو پێشەوەو ئەگەر پێویست بوو ڕایبگەیەنیت و بیشیسەلمێنیت گەشەسەندن چۆتە قۆناغێکی نوێوە، وە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بزووتنەوەی تایەفەگەرێتی لە بزووتنەوەی چینایەتیدا بتوێتەوەو سنوورێک بۆ ئەم دەمارگیریی تایەفەگەرێتیە دابنرێت" سەرچاوە: (Letter from Marx to Schveitzer, 1868).
١٦ / ١٠ / ٢٠٢٢