وەڵامی هاوڕێ ئەکرەم سەعید  بە پرسیارەکانی  (ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ)
بابەتەکان

وەڵامی هاوڕێ ئەکرەم سەعید بە پرسیارەکانی (ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ)

وەک ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بە پێویستی دەزانین لە هەلومەرجی سەخت  و دژواری ئەمڕۆی جیهاندا..... لەگەڵ بەڕێزتان ئەم گفتووگۆیە ساز بکەین بە هیوای ئەوەی، کە هەم ڕۆشنایی بخاتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغە تێپەڕ و هەستیار و مەترسیدارەدا، چ  لە ئاستی فراوانبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و  چ لە ئاستی ئاڵوگۆڕە سیاسی یە جیهانی، یان لۆکەڵییەکان لە نێو عێراق و کوردستاندا. هاوکات دەرگایەک ئاواڵا بکات بۆ گفتووگۆیەکی هەمەلایەنەتر و فراوانتر، لانی کەم لە نێو ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و بەشێک لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا دەبینن.

لە گەڵ ڕێزماندا

سایتی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

‏09‏/10‏/2022

 

سڵاو هاوڕێیانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

پێشەکی پێش  وەڵامەکان

سوپاستان دەکەم کە منتان هەڵبژاردووە بۆ بەشداریکردن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان لەمەڕ: *  بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. * بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە ئاستە جیهانیەکەیدا.

وەک کاوتسکی ڕوونی کردەوەو لینینش دووپاتی کردەوە ( بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا و بزووتنەوەی سۆسیالیستی ) هەردووک لە سەر زەوی ململانێی چینایەتی نێو کۆمەڵگەی سەرمایەداری سەریان هەڵداوە، بەڵام هەر یەک لەم بزووتنەوانە لە پێشەکی جیاوازەوە دەستیان پێکردووە. گرنگ ئەوەیە ئەم دوو بزووتنەوەیە پەیوەندی پێکەوە بکەن و پێکەوە هەوڵی ڕماندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بدەن. هەرکات ئەم پیوەندیە لە نێوان ئەم دوو بزووتنەوەیە هەبوو، وە هاوئاهەنگ بوون، ئیدی جەنگی چینایەتی دژی چینی بۆرژوازی بە ڕاستی دەستی پێکردووە، بردنەوە لەو جەنگەدا دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتووی سەرکرایەتی و سیاسەتی دروست کە پەیڕەو دەکرێ.

لە ئێستادا هەردوو بزووتنەوەکە هەم گەلێ لەمپەریان لەبەردەمدایە کە سانان ناتوانن لەنێو یەکتر ئاوێتە بن، هەم هەریەکەیان بۆ خۆیان گەلێ کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەیان هەیە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: جیهانی سەرمایەداری لەئێستادا، لە نێو شەپۆلێکی گەورەی قەیرانی ئابوری سیستمەکەیدایە. باسی ئێمە لێرەدا باسی قەیرانی ئابوری نیە، بەڵکو باسە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. دەزانین کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا گوژم و تینێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لایەنی کەم دەکرێت یەکی ئایاری ئەمساڵ -ڕۆژی جیهانی کرێکار- بکەینە خاڵی وەرچەرخانێک لەمبارەوە... بزووتنەوەیەک کە دژ بە گرانی و برسێتی یە، لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و  ئەندنوسیا و فلیبین..... هتد، پرۆلیتاریا وەک هێزێک، ئەگەرچی پەرشووبڵاو، بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی بەردەوام ناچارکراوە کە ناڕەزایەتی بکات و لەمبارەوە درێغی نەکردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی  دیاری بەدەستنەهێناوە. هۆی سەرەکی ئەم پۆینتە چییە؟

ئەکرەم سەعید:  بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا، بزووتنەوەێکی ئۆبیەکتە، بابەتییە، کە هەلومەرجی پەیوەندی کار و سەرمایە بەشێوەێکی خۆبەخۆیی چینی کرێکاران دەبزوێنێ دژی چینی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانیان بۆ باشتر کردنی بژێوی ژیانیان. ئەم بزووتنەوەیە ترۆدۆنییە (سەندیکاییە) و لە باشترین حاڵەتیدا کە پەیوەندی هەبوو بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ئیدی دینامۆی شۆڕشی سۆسیالیستییە.

لەم ڕۆژانەدا هەلومەرجی قەیرانی ئابووری و جەنگ بزووتنەی چینی کرێکارانی لە زۆرێک لە ووڵاتانی دونیا (بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمەریکادا) جارێکی دی بەهێزەوە هێناوەتە نێو مەیدان. مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەر لە ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا، و مانگرتنی کرێکارانی پاڵاوتنی نەوت لە فەرەنسا، نموونەی بزووتنەوەی سەرکەوتوانەی چینی کرێکارانن.

شێوازی "مانگرتن لە کارکردن" خەبات دژی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی پەیڕەو دەکات. دیارە خەباتی چینی کرێکاران بە مانگرتن لە کارکردن ماشێنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداران ڕادەوەستێنێ، بەوە گورزی گوشندە لە سەرمایەداران دەدات.

خەباتی چینی کرێکاران دژی سەرمایەداران بۆ زیادکردنی کرێ، باشکردنی هەلومەرجی کار، کەم کردنەوەی کاتی کار، باشکردنی ژیانی خانەنیشان، زیادکردنی مووچەی بێکاران،، هیتد، واتە خەباتی ئابووری؛ بابەت و مەیدانی سەرەکی خەباتی سۆسیالیستەکانە، و گرنگترە لە هەموو مەیدانەکانی خەبات، و لە پۆلێن کردندا لە پلەی یەکەم دێت لە چاو خەبات بۆ مافە مەدەنیەکان.

بێ بەکەم نرخاندنی ناڕەزایەتی جەماوەر و ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ مافی مەدەنی، بەڵام لە ڕاستیدا خەباتی کرێکاران ( مانگرتن لە کارکردن ) زەمینەی بابەتی گەشە و بەهێزبوونی سۆسیالیستەکانە، و چەکی ستراتیژی سۆسیالیستەکانە لە خەباتی چینایەتی دژی سەرمایەداران.

ئەما بزووتنەوەی چینی کرێکاران هێشتا هەندێ کۆسپی لەبەردەمدایە؛ سەندیکای زەرد و بوونی لەمپەر بۆ ئاوێتەبوون لەتەک بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ئەم دوو کێشەیە ڕێگای بەستووە لە تەقینەوەی بزووتنەوەی کرێکاران، بەڵام کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە، بۆیە لەتەک زیادبوونی کێشەی هەڵئاوسانی دراو، و گرانی بژێووی، شەپۆلی ناڕەزایەتی چینی کرێکاران بەتین تر دەبێ، ئەمە پاڵ بە بزووتنەوەی سۆسیالیستییەوە دەنێ عەمەلی ترو شۆڕشگێڕانە تر جوڵە بکات.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کۆمۆنیزم و چینی پڕۆلیتاریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەدارییەوە، پێکەوە هاتوونەتە دنیاوە. کۆمۆنیزمێک کە لەسەر دەستی مارکس لەسەردەمی خۆیدا گەیشتە ئاستێکی باڵا لە ڕۆشنی فکری و سیاسی و فەرهەنگی خەباتکارانە و ڕێکخراوبوون، بەجۆرێک کە چینی پرۆلیتاریای ئەو سەردەمە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە هاتە سەر  شانۆی سیاسی و کۆمۆنیزمی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کردە زانستی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا. بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا، دەبینین ئەم جۆرە لە یەکگرتوویی چینی پڕۆلیتاریا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر لاوازە یان هەر نابینرێت کە ئاڵای سۆشیالیزمی پڕۆلیتاری بەرزبکاتەوە. دەبینین کە ئەم دیاردەیە کاریگەری گەورەی داناوە لە سەر ئاستی ڕێکخراوبوون و فەرهەنگی خەباتکارانەی ئینتەر ناسیونالستیدا. هۆی ئەم دیاردە بابەتی و مێژووییە چیە؟

ئەکرەم سەعید: بزووتنەوەی سۆسیالیستی، لە جیهانی سەرمایەداری پڕ لە کێشەو جەنجاڵی ئەمڕۆکەدا، بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە ئاستی هەڵسان بە ئەرکەکانی سەرشانی خۆیدا نییە. جگە لە کەموکورتی ڕێکخراوەیی و نەبوونی کادێری بەتوانا و ئەندامانی ئامادە بەکاری ڕێکخستن لە نێو جەماوەری کرێکاراندا، بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە هەژارێکی تیۆریدا دەژی.

لە ڕاستیدا بزووتنەوەی سۆسیالیستی جگە لە گروپ و ڕێکخراوی گچکە لێرەو لەوێ،جگە لە بوونی بڕێک لە کەسانی بەتوانای ئەکادیمی سۆسیالیستی، دەنا ساڵانێکی زۆرە توراسی تیۆری مارکس و سۆسیالیسم خەریکە لە نێو مەیدانی خەباتی چینی کرێکاران و سیاسەتی کۆمەڵگەدا لە بیر دەچێتەوەو مەترسی فەوتانی لێ دەکرێ.

ساڵانێکە پرسی شوناس، پرسی مافی مەدەنی (مافی کەمەیەتیەکان، مافی جەندەر، مافی ژیانی سێکسی،، هیتد) زاڵ بوو بوو بەسەر پرسی چینایەتی لە سیاسەتی کۆمەڵگەدا.

دیارە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەهەر ناوچە و لۆکاڵە کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.

 لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکادا بزووتنەوەی سۆسیالیستی لاوازە، و هەرچی ئەحزابی بەناو کۆمۆنیستی هەیە لە حیزبی شیوعی ئێراق باشتر نین، کە هۆش و بەرنامەی لە کۆمەڵگەی مەدەنی دیموکراتی بۆرژوازی تێناپەڕێ، یان گروپ و ئەحزابی گچکەن کە سیکولاریسم ئامانجیانە؛ واتە لە پاشترین حاڵەتیاندا وەک لاوانی چەپی هیگلین.

 لەم ساڵانەی دوایی بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکادا جۆرێک لە سۆسیالیستی ئاتیستی توندڕەو، جۆرێک لە چەپی هیگلی پەیدا بوون کە دوژمنی سەرەکیان ئاینە. ئەم تاقمە وا بیردەکەنەوە کە هۆکاری یەکەم لە دواکەوتووی خەڵک ئاینە، ڕێگری بەردەم کرێکاران ئیمان و خودا پەرستییە، بۆیە گەر ئینسانەکان لە ئاین ڕزگار کەین ئیدی ئازادی ئینسانەکان مسۆگەرە، یانی گەر ئەقڵی ئینسانەکان بگۆڕین لە ئاین و خودا پەرستی ئیدی بەزاندنی سەرمایەداری سانایە. مارکس لە هەردوو کتێبی  ( خێزانی پیرۆز و ئایدۆلۆژی ئەڵەمانی) دژی ئەم جۆرە لە چەپی هیگلی جەنگاوە.

لە ڕاستیدا لە سەردەمی ئێمەدا گەر سیستەمی سەرمایەداری نەبوایە کێ دەستی بەرزدەکردەوە بۆ ئاسمان و لە خودا دەپاڕایەوە تا بیپارێزێ لە مەترسی جەنگ و برسییەتی؟! بەڵێ ئاینەکان پاسەوانی سەرمایەدارین، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەوە سەرمایەدارییە وای کردووە مرۆڤەکان بەردەوامن لە پەرستنی خوداکان.

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە کۆتایی  ئەم بەشە لە گفتوگۆکەدا، ڕۆشنە کە هەلومەرجی ئێستای نێو بزووتنەوەی "کۆمۆنیستی" چ ناوخۆیی و چ جیهانی، هەلومەرجێکی نالەبارە و هەر یەک لە ئاوازی خۆی دەخوێنێت. لێرەدا مەبەستمان کۆمۆنیزمی بورژوزای و شێوە جیاوازەکانی نیە، بەڵکو ئەو کۆمۆنیزمەی کە ڕەخنەگرە لە کۆمۆنیزمی ڕەسمی و بورژوازی.  پرسیارەکە ئەوەیە پێویستە چی بکرێت لە نێو ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا، وەک ئەرکی پراتیکی باس دەکەین، چ ڕێڕەوێک بگیرێتە بەر لە پێناو بەهێزکردنەوەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتەری لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا؟

ئەکرەم سەعید:من لە ئێستادا ئیمکانی ئەوە دەبینم کە بە بڵندبوونەوەی بزووتنەوەی کرێکاری لە جیهاندا، بزووتنەوەی سۆسیالیستیش تەکان دەدات و دەچێتە پێش، بەڵام لە ڕاستیدا چاوەڕێی موعجیزە نیم ڕووبدا، بەڵکە ئەوە بە کارو هەوڵی جیدی تیۆری و کاری شۆڕشگێڕی دێتە دی، کۆششی جیدی دەخوازێ لە هەموو ئەوانەی سۆسیالیسم ئامانجیانە.

سوپاس و ڕێزی دووبارەم بۆتان.

ئەکرەم سەعید

۱۷- ۱۰ – ۲۰۲۲

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF