وەک ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بە پێویستی دەزانین لە هەلومەرجی سەخت و دژواری ئەمڕۆی جیهاندا..... لەگەڵ بەڕێزتان ئەم گفتووگۆیە ساز بکەین بە هیوای ئەوەی، کە هەم ڕۆشنایی بخاتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغە تێپەڕ و هەستیار و مەترسیدارەدا، چ لە ئاستی فراوانبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و چ لە ئاستی ئاڵوگۆڕە سیاسی یە جیهانی، یان لۆکەڵییەکان لە نێو عێراق و کوردستاندا. هاوکات دەرگایەک ئاواڵا بکات بۆ گفتووگۆیەکی هەمەلایەنەتر و فراوانتر، لانی کەم لە نێو ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و بەشێک لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا دەبینن.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: جیهانی سەرمایەداری لەئێستادا، لە نێو شەپۆلێکی گەورەی قەیرانی ئابوری سیستمەکەیدایە. باسی ئێمە لێرەدا باسی قەیرانی ئابوری نیە، بەڵکو باسە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. دەزانین کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا گوژم و تینێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لایەنی کەم دەکرێت یەکی ئایاری ئەمساڵ -ڕۆژی جیهانی کرێکار- بکەینە خاڵی وەرچەرخانێک لەمبارەوە... بزووتنەوەیەک کە دژ بە گرانی و برسێتی یە، لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و ئەندنوسیا و فلیبین..... هتد، پرۆلیتاریا وەک هێزێک، ئەگەرچی پەرشووبڵاو، بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی بەردەوام ناچارکراوە کە ناڕەزایەتی بکات و لەمبارەوە درێغی نەکردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی دیاری بەدەستنەهێناوە. هۆی سەرەکی ئەم پۆینتە چییە؟
ئەکرەم نادر: سەرەتا، دەستانخۆش بۆ ئەم دەرفەتە بۆ وتووێژ و ئاڵوگۆڕی تێڕوانینی جیاواز و هاوبەش لە ڕیزەکانی خەباتکارانی بزوتنەوەی کارگەری دا…
پێش هەر شتێک، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەوەی لەساڵێکدا ئەو هەموو ناڕەزایەتییە کارگەرییانە هەستپێ نەکات کە زۆر لە یەکی ئایار کاریگەرتر و فراوانتر و جیهانیترن، ئەوا لەڕۆژی یەکی ئایاردا بەشوێن مانۆڕێکدا دەگەڕێت کە شانخاڵیکردنەوەی خۆی لەیەکی ئایاردا نمایشبکات، با لەوێوە ئامانج دیاری نەکەین کەی چی ڕۆژێک بکەینە ئامانج چونکە ئەو ڕۆژە مێژوویەکی چینایەتییە و زیاتر بۆتە نەریتێک بۆ کارگەر. ئەوەش هەتا ئەو جێیە کاریگەری خۆی هەیە کە کارگەران خۆیان بەهێزێکی جیهانی و شوناسی ئایینی و ووڵات و نەتەوەییان تێپەڕێنن، ئەمەش نابێت فەرامۆش بکەین بەڵام ناشبێت بیکەینە ئامانج چونکە بۆرژوازیش کردویەتییە کاڵای بازاڕەکەی یان دەمەزەردکردنەوەی دەزگا پۆلیسییەکانی لەبەرامبەر پرۆلیتاریادا… چۆمسکى لە بارەى یەکى ئایارەوە لە وتارێکدا بە ناوى 'یەکى ئایار'ەوە لە ساڵى ٢٠١٢ دەڵێت یەکى ئایار لە ئەمریکاوە دەستیپێکرد و نێودەوڵەتیبوونەوەشى پەیوەندیی بە پاڵپشتى و پیشاندانى هاوپشتى جیهانییەوە، ئەویش زۆرتر لەبەر ئەو هەموو توندوتیژى و سزا یاساییانەوە کە کرێکارانى ئەمریکا لەسەر هەڵوێستەکەیان ڕوبەڕووى بوونەوە. لەم ڕووەوە یەکى ئایار ڕۆژێکە بۆ پیشاندانى هاوپشتیی جیهانى. بە مانایەکى دیکە، وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، خەباتى چینى چەوساوە لە مێژووى کۆمەڵگەی چینایەتیدا خەباتێکى بەردەوام بووە. مارکس و ئەنگڵس لە زۆر جێگادا و بەتایبەت لە سەرەتاى مانیفێستدا بە ڕوونى ئەوە دەخەنەڕوو کە مێژووى کۆمەڵگاى مرۆیی تا ئەم ساتە مێژووى هەم ململانێ و هەم خەباتى چینایەتى بووە. لە کۆمەڵگاى سەرمایەداریشدا، خەباتى چینى کرێکار خەباتێکە هەموو ڕۆژێک بە شێواز و لە جێگاى جۆراوجۆردا لە هەموو جیهاندا خۆى نمایش دەکات. بۆیە، چاوەڕوانى و دەستنیشانکردنى ڕۆژێک بۆ خەباتى چینایەتى کرێکار نازانستى و یۆتۆپییە. کاتى خۆى فۆکۆیاماى داکۆکیکارى سەرمایەدارییش بەروارى دەستنیشانکرد بۆ کۆتایی مێژوو (ساڵى ١٩٨٩) کە زۆرتر مەبەستى لە کۆتایی کۆمۆنیزم بوو یان بەرهەمهێنانى پۆتۆپیایەکى نوێ بوو بۆ سەرمایەدارى. ئەمە سەربارى ئەوەى کە ئەوە ئێمە نین ڕۆژ و بەروار و کات بۆ وەرچەرخانى خەباتى چینایەتى دەستنیشان دەکەین، بەڵکو بزووتنەوەکە خۆیەتى.
ئەگەر سەرنجێک بدەینە شێوازی پرسیارەکە دەتوانم هەرلەوێوە سەرنجی خۆم بخەمە ڕوو کە دەڵێیت باسەکە لەسەر قەیرانی ئابوری نیە، هەروەها ناڕەزایەتییەکان و جوڵانەوەکانی بزووتنەوە پرۆلیتارییە ناوچەییەکان لە ئاستی جیهاندا پەرش و بڵاوون لەئاست بەرگریدا و هیچ دەستکەوتێکی بەرچاوی بەدەستنەهێناوە! ئەمە هەر لەخۆیدا تێگەیشتنێکی نا ماتریالی و نادیالەکتیکانەیە پەیوەست بە ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان. بمبوورن کەوا لەم سۆنگەیەوە ناچارم لەوەوە دەستپێبکەم ڕەخنە لە شێوازی پرسیارەکەتان بگرم کە بەلای منەوە ئەمە هەڵە تێگەیشتنێکى ئاسایی نییە، بڵکو ئەمە بەرئەنجامى میتۆدێکى دیاریکراوە بۆ لێکدانەوە بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و دیالەکتیکی مێژوویی گەشەسەندنی ڕووداوەکان. باش سەرنجدان و وردبوونەوەم لە پرسیارەکە و تیشکخستنەسەر ئەو میتۆدە هەڵەیەى کە کەوتووەتە پشتى پرسیارەکەوە بەشێکە لە ئاگایی و ئاسۆى سۆسیالیستییانەى من چونکە بەرژەوەندییە چینایەتییەکەى پشت وەڵامدانەوەى ئەم چاوپێکەوتنەم لە هەر شت زیاتر پێگرنگترە کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی خۆم و هاوچینەکانم. ئەگەر بەخێرایی سەرنجێکی مێژوو بدەین دەبینین ئەوەی مارکسی کردە خەباتکاری بزووتنەوەی پرۆلیتاریای جیهان بزووتنەوەی پرۆلیتاریای سەردەمی خۆی بوو، بەڵام ئەوەی لەناو ئەوهەموو ڕابەرەدا ئەو و هاوڕێکانی کردە پێشڕەوی بزووتنەوەکە لەناو ئەو هەموو ڕابەرە کاریگەر و سەرشوناسانە میتۆدە زانستی و شۆڕشگێڕانەکەیان بوو. کەواتە با ئێمەش لێرەوە جیهان تاوو توێ بکەین، سەردەمەکان گۆڕاون و ئەگەر بێتو گەشەکردنی هۆکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای زیرەک و ڕۆبۆتەکان لەلایەک و گەشەی پێوانەیی ژمارەی هێزی کاری پرۆلیتاریا و یەدەکی پەکخراوی هێزی کاری لاوانی بێکار و ئەو قەیرانە قوڵ و نەبڕاوانە بەراورد بکەین بەسەردەمی مارکس کە هێشتا سیستمی سەرمایەداری پۆزی سەرکەوتنیان بەسەر سیستمی دەرەبەگایەتی و بانگەشەی ڕاماڵینی پاشماوەکانی سیستمە کۆنەکانی پێشتریشیان دەکرد، ئەوا ئێستا لە سەردەمێکداین کە ئیتر هەموو ئەوانەى پێشتر تاقیکراونەتەوە و خودی سەرمایەداری ئەگەر ئەو کات هێشتا خەڵکی کارگەر یادەوەرییەکانی سەرکەوتنیان بەسەر ئاغا و میر و پاشاکاندا گیانی شۆڕشگێڕانەی هێشتا ساردنەبوبۆوە و بەهۆی ئەوەی سەرمایەداری هەر ڕیفۆرمێکی بکردایە ئیتر دیاربوو وەدەیکردە دەستکەوتی کۆمەڵگەی دادپەروەرانەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی چینەکانی کۆمەڵگە، گەر سەرنج بدەین زۆری نەخایاندووە و هێرشی پرۆلیتاریا و ئەو ماتە وزە کۆمەڵایەتییەی دوو سەدەی پاش ئەزموونکردن خایاندووە و سەرمایەداریش چەندین نەوە لەو شانازیەی پێشتریان دورکەوتنەوە. بە مانایەکیتر، مەبەستم لەوەیە کە ئەوەى بە شۆڕشى دەرکەوت لە سەرەتاوە بەسەر دەرەبەگایەتیدا، دواتر بوو بە خیانەت وەک ئەوەى مارکس ئاماژەى بۆ دەکات. ئەمەوێت بڵێم ئەوەی ڕەخنە بێت لە بزوتنەوەکە نیە بەڵکو لە میتۆدى کارکردنەکەیە لەلایەن پێشڕەوانی کە ئێوە بە ڕۆشنبیرانی پرۆلیتاری سۆسیالیستی ناویدەبەن. ئەمەش لە خۆیدا جێگای ڕەخنەیە چونکە پێشڕەوان و ڕۆشنبیران دوو چەمکی زۆرر جیاوازن و دوو بەرژەوەندیی چینایەتی جیاوازن. ئەمەش هەر خۆی بەشێکە لەو میتۆدە نازانستییەی کە بۆتە دیدگای کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەی چینایەتیدا. هەر کارگەرێک بەئاگایانە بدوێت جیایدەکەنەوە لە کارگەرانێک کە هیچ هەلێکی گونجاویان بۆ نەڕەخسابێت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی ئاگایی شۆڕشگێڕانەی چینایەتییان. ئەمە دەرفەتی توڕەیی ناو کارگەرانى زیاتر کردووە لەبەرامبەر بە هاوڕێ بەئاگاکانیان، لەبری ئەوەش پرۆلیتارە پێشڕەوەکانیان خستۆتە بەردەم بەرگریکردن لەخۆیان و هەتا هەلێکیشیان بۆ ڕەخساوە بۆ دورەپەرێزی و تائاستی خۆپاراستن و کۆنەپارێزی لەدەستکەوتە کۆنەکان لەبری هێرش و وەلانانی پلەوپایە کۆنەکان و دەستگرتن بە ئیمتیاز و پێگەی بەدەستهاتووی بۆ نموونە سەندیکا و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە فەرمیی ەکانی کەبوونەتە بەشێک لەخودی سیستم نەک دژی. ئەوەی دەیبینن بەشێکی ڕاکێشانی جەستەی ساردبوەوەی پاشماوەی مێژووی میراتی سەندیکا مردووەکانە لەلایەک کە لە زۆر جێگادا لەجیاتی دەستبردن بۆ شێوازی سەردەمیانە و کاریگەرتر لە ڕابردوو شانبەشانی گەشەکردنەکانی پێشتر کە ئاماژەم بۆ کردن، لەهەمان کاتیشدا خودی بازاڕی سەرمایەداری بۆ پاشەکشەپێکردن و تۆڵەی داخلەدڵی پاشماوەی مێژووی لەدەستچوویان لە کارگەران و ڕێکخراوەکانیان لە دوای شکستی کۆمۆنە و یەکێتیی سۆڤێت و هەموو ئەو پاشەکشێیانەیان لەدوای دەهۆڵی سەرکەوتنیان وەک فۆکۆیامە ووتی ئیتر کۆتایی مێژووە و سەرمایەداری هەتا هەتایە ئەگەرچی تیۆریسێنەکانیان خۆشیان پەشیمان بوونەتەوە لەو تێڕوانینە بەڵام تازە ڕەوتی لووتبەرزیی سەرمایە و سەرمایەدارانیان پێڕاناگیرێت و سەرکەوتنی هەر لایەکی ئەو دوو چینە دژبەیەکە و خوێن و تۆڵە لێسەندنەوەیان کۆتایی نایەت. هەربۆیە سەرمایەداری چ جای سەرقاڵی قوڵبونەوەی قەیران و کەڵەکەی ململانێ دژبەیەکەکانی ناو خودی سیستمەکەی خۆیانن باشدەزانن هەر ملدانێک بە خواستەکانی کارگەران دەبێت جارێکی تر ئەزموونی ڕابردوو وە پاڵپشتی زیاتر بۆ سەرهەڵدانی نەوەیەکی شۆڕشگێرتر و داهێنەرتر بڕەخسێنێت. تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییانەی زانستیانە و شۆڕشگێڕانە و لێکدانەوەمان لەسەر بنەما و میتۆدی مارکسییانە نەک پیرۆزکردنی چونکە دەمانکاتەوە بە بەشێک لە سیستمی باو یان ئاینی و کاریزمایی… ئەم بزوتنەوەیە لە ناخی خۆیدا بە دڵنیایی بەردەوامی بەخۆی داوە و زۆر لە سەردەمی مارکس و شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەری ڕوسیاش فراوانتر و بەهێزترە لە هەموو ڕوویەکەوە، بۆیە ڕابەرانی زۆر زیاتر و بە ئاگاتر و بەداهێنانی زۆر جیاوازتر دێنێتە پێشەوە و لەمنداڵدانی خۆیدا پەروەردەی دەکات. ئەمە لەدایکبونێکی هەروا ئایدیالیستی نیە، بەڵکو زۆر ماتریالیسیانە و گەشەی لێکهەڵپێکراوی دینامیکیانە و میکانیکیانەی مێژوو و کێشمەکێشی چینایەتیی هەمەلایەنی خۆی هەیە کە لە هەر ساتێکدا بێت وەک لەدایکبوونی جیهانێکی نوێ دەردەکەوێت، نابێت بیرمان بچێت هەموو سەردەمێکیش لەدایکبون و ئاوابوونی خۆی هەیە، ئەوەی نابێت بمرێت گیانی شۆڕش و شۆڕشگێڕانەیە وەک ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵگەی چینایەتی…
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کۆمۆنیزم و چینی پڕۆلیتاریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەدارییەوە، پێکەوە هاتوونەتە دنیاوە. کۆمۆنیزمێک کە لەسەر دەستی مارکس لەسەردەمی خۆیدا گەیشتە ئاستێکی باڵا لە ڕۆشنی فکری و سیاسی و فەرهەنگی خەباتکارانە و ڕێکخراوبوون، بەجۆرێک کە چینی پرۆلیتاریای ئەو سەردەمە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە هاتە سەر شانۆی سیاسی و کۆمۆنیزمی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کردە زانستی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا. بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا، دەبینین ئەم جۆرە لە یەکگرتوویی چینی پڕۆلیتاریا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر لاوازە یان هەر نابینرێت کە ئاڵای سۆشیالیزمی پڕۆلیتاری بەرزبکاتەوە. دەبینین کە ئەم دیاردەیە کاریگەری گەورەی داناوە لە سەر ئاستی ڕێکخراوبوون و فەرهەنگی خەباتکارانەی ئینتەر ناسیونالستیدا. هۆی ئەم دیاردە بابەتی و مێژووییە چیە؟
ئەکرەم نادر: دیسانەوە ناچارم باس لە میتۆدی مارکس بکەمەوە. هەرچەندە لە پرسیارەکەی پێشتردا ئەوەندەی بۆ دیدارێکى لەم شێوەیە بگونێت بەکاڵوکرچی سەرنجی خۆمم لەسەرداوە. بەڵام با جارێکیتر تەماشایەکى ئەم پرسیارەش بکەینەوە. لە سەردەمی مارکسدا دانیشتووانى شارێکیش دەیانتوانى تا ڕادەیەک یەکتر بناسن بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتوانەوە. نەک ووڵات و ناوچەیەک بەڵکو هەموو جیهان بەم ئاستەى ئێستا و بە شێوە فراوانە لەیەک هەڵوەشاو نەبوو، ئەویش بەهۆی دەرئەنجامەکانی شانازیی لیبڕالیزم و سیکۆلاریزمی سەرمایەدارانەوە بەسیستمەکەیان کە فەلسەفەکەى بریتیبوو لە دابەشکردنى کۆى کۆمەڵگاى مرۆیی بەسەر تاکەکاندا (ئیندیڤیجوالیزم). ئێستا ئێمە لەسەردەمی دابڕان و نەبوونی کات لەگەڵ یەکتریشدا دەژین، ژمارەی هاوچینەکانمان لەئاستی جیهاندا وەک پرۆلیتاریا چەندین هێندەی هەموو دانیشتوانی هەسارەکەمانە، کەواتە ئەوەی مارکس و ئەنگلس و هەموو ئەوانەی بۆ ساتێکیش بەناو درێژەدان بەکاروخەباتی ئەوانەوە کردویانە کۆبکەینەوە ئێستا ئێمە سەدان و هەزاران هێندەی تر کادر و خەباتکاری پێشکەوتوو و خاراترمان دەوێت. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە دوژمنە چینایەتییەکەمان کە سەرمایەداران و دەوڵەت و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان و پۆلیسی و سامان و جبەخانە و سەرباز وچەکەکانیانە جێگیرتر و ڕێکخراوتر و پڕ تەکنەلۆجیاترن لە ئێمە. ئەمانە هەمووی کاروخەبات و ئامادەیی زیاتری لە ئێمە دەوێت، خەڵکی کارگەر وەک ئێمە شتەکان دەبینن و دەزانن چییان ناوێت، بەڵام هێشتا ئەوانەی بەناوی مارکسیشەوە خۆیان دەدەن بەکوشت و هەتا ئەوانەشی دروشمی ڕیفۆرمیستیان بە ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە بەرزکردۆتەوە نازانن چیان دەوێت. ئەمە نائومێدی نیە، بەڵکو ئەمە ڕێگا خۆشدەکات باشتر ببینین و ڕێچار دەستنیشان بکەین. ئەوەی دەگوزەرێت باس لە خەباتی کۆمەڵایەتی چینایەتی ڕەگەکێشکردنی سیستمی چیانیەتی سەرمایەداری بۆ ڕزگاری بەشەریەت نیە! باسی ڕزگارکردنی خودی کەنارکەوتوی چەپە نەک کۆمەڵگە، لێرەوە دەبێت لەوە بگەین هۆکارەکە چیە و خەریکی چین و هاوچینەکانمانیان بەچییەوە سەرقاڵ کردووە لەبری ناشتنی لاشەی ڕزیو و بۆگەنی سیستمە لە قەیران نقومبووەکەی سەرمایەداری خەریکی تەونی کفنی ئالودەبووانن بە گێڕانەوەی سێکیولاریزم بۆ ئەم سیستمە….هۆکارەکان زۆرتر و زیاتریش دەبن هەتا لەو میتۆدە زانستییە دوربکەوینەوە چونکە وەک گوتراوە ئاو کە وەستا بۆگەن دەکات،گیانی شۆڕشگێڕانە سروشتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی سیاسیانەی بەشەریەتە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤی گەشەکردوو و یاخی… مێژوویەکى دوورودرێژ لەوەى کە ڕوودەدات لەپێش مارکسیشەوەیە و ململانێ خۆشی دەکات ئەوەی دەیبینین و بەئاگایانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین لە خودی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێگای گێڕانەوەی ئەو متمانە بەخۆبوونە کۆمەڵایەتی وچینایەتیەمان پێدەبەخشێتەوە…
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە کۆتایی ئەم بەشە لە گفتوگۆکەدا، ڕۆشنە کە هەلومەرجی ئێستای نێو بزووتنەوەی "کۆمۆنیستی" چ ناوخۆیی و چ جیهانی، هەلومەرجێکی نالەبارە و هەر یەک لە ئاوازی خۆی دەخوێنێت. لێرەدا مەبەستمان کۆمۆنیزمی بورژوزای و شێوە جیاوازەکانی نیە، بەڵکو ئەو کۆمۆنیزمەی کە ڕەخنەگرە لە کۆمۆنیزمی ڕەسمی و بورژوازی. پرسیارەکە ئەوەیە پێویستە چی بکرێت لە نێو ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا، وەک ئەرکی پراتیکی باس دەکەین، چ ڕێڕەوێک بگیرێتە بەر لە پێناو بەهێزکردنەوەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتەری لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا؟
ئەکرەم نادر: ئەگەر ئاوازخوێنەکان لەناو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی پڕۆلیتاریاوە خاراوی نەهامەتییەکان و لەهەناوی کێشمەکێشە چینایەتیەکانی نێوان کار و سەرمایەوە هاتبنە مەیدان، ئەوە لەکۆتاییەکەشدا بەدڵنیایی هەر ئەو مەیدانە و بزوتنەوەکە ئاوازی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتی کۆماندەکاتەوە نەک بە ناچاری و ماندوبونمان لە ئاوازە نەشازە نازانستی و ئائدیالیستیەکانمان بۆ سۆسیالیزم. مارکس و ئەنگڵس سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمیان دانەهێنا، بەڵکو لەهەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی پڕۆلیتاریا خۆیەوە ئاڕاستەی زانستی و کرداری و هونەری گەیشتن بەو سۆسیالیزمە زانستییەیان لە مستی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا و ڕزگاریی بەشەریەتدا لە دژی سیستمی چینایەتی و سەرمایەداری و ڕەگەکێشکردنی بنەماکانی جەنگەڵستانە چینایەتییەکاندا دەستنیشانکرد، نەک لەدەرەوەی بزوتنەوەکە. ئێمە دکتۆری نەخۆشەکان نین!ئێمە کارگەرین و گیانکێشەکانی ئەم سیستمەین نەک هەتا سەرلێواری گۆڕەکەیان بەڵکو دەبێت هێندە زانستیانە و خاراو بە ئەزموونی مێژوو کاربکەین و بەئاگای چینایەتی و بەسوودوەرگرتن لە میتۆدی مارکسیزم و پەرەسەندنی ماتریالیستیانەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانە کاربکەین لە هەموو بوارەکانی گەشەسەندن سوودوەرگرین، هیچ کایەیەکی زانست و زانین و داهێنانی شۆڕشگێڕانەی قۆرخکراوی چنگی سیستمی چینایەتی فەرامۆش نەکەین لە ئازادکردن و بەکۆمەڵایەتیکردنەوەیان لە ناو ڕیزەکانی خۆمان و هاوچینەکانماندا. ئێمە دەبێت باش ئەوە بزانین کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە ناوەستێت و ئێمە دروستی ناکەین، خۆی خۆراکی بەردەوام بوون و گەشەسەندنی مرۆڤی شۆڕشگێڕە، ئێمە دابڕاو نین لەو شتانەی لە دەورمان ڕوودەدەن، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی پرۆلیتاریا وسۆسیالیزمی زانستی و کۆمۆنیزمیش زۆر لەکاری تاکەکەسی و گروپ و حزبەکان مەزنتر و فراوانتر و بەهێزترە، بە ڕادەیەک کە هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنها ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوەیە بکات، ئەوەشی وەها دیدگایەکی هەبێت دڵنیام بارگاوی بوون بە پاڵەوانە ئەفسوناویەکانی سیستمی کۆیلایەتیەکان و دەرەبەگایەتی و ئێستای سۆپەرمانە خەیاڵیەکانی سیستمی سەرمایەداری. سیستمى چینایەتى لەگەڵ هەموو نەهامەتییە فراوانەکاندا، هەمیشەش هەوڵى ئەوە دەدات ڕابەرانى دۆنکیشۆتى و سۆپەرمانیمان لێنەبڕێت تاکو بتوانێت بزووتنەوە و خەباتەکان لە تاک و گروپەکاندا کورت بکەنەوە. مێژوو و ئەزموونی شۆڕش و ڕاپەڕینی هاوچینەکانمان لە سەدەکانی نۆزدە و بیست و هەتا ئێستا خەرمانێک لە سەرکەوتن و شکستیان بۆ بەجێهێشتووین نابێت فەرامۆشیان بکەین و دەبێت کۆمەڵایەتیانە لێیانەوە فێر بین و شانی خۆمانیان لێ خاڵی نەکەینەوە و هەروەک بۆرژوازییەکان سەرچاوە و هۆکارى کێشەکان نەخەینە سەر خەڵک. شۆڕشگێڕانە لە بنەما ماتریالی و هۆکارە سەرەکیەکانیانەوە شیکاری و لاسەنگی هاوکێشەکانیان لە تێگەیشتنمان بۆ ئامجەکانمان پێبەپێی گەشەی کۆمەڵایەتی و پارسەنگی هێز و ئاگایی چینایەتی پێشخۆمان و ئێستا و ئایندە و جیهانبینیەکان دەستنیشان بکەین، ئێمە فاڵگرەوە و قومارچییەکانی بۆرژوازی نین گرەو لەسەر ڕووداوەکان و قوربانیەکان و چارەنوسی هاوچینە پرۆلیتارەکانمان بکەین، ئێمە خەباتکارین، لە هەنگاوەکان و داهێنانە کۆن و نوێکان و چەکە کاریگەرەکانی دەستی هاوچینەکانمان لە هێرش و بەرگریی خەباتی چینایەتی سوود وەردەگرین و فێردەبین و پەرەیان پێدەدەین. من دەزانم هیچی تازەم نەوتووە، بەڵام ناشبێت ئەوەمان لەبیربچێت ئەوەی بۆ من و هاوتەمەنەکانم نوێ نیە و ئەزموونمان کردووە هێشتا ئەوانەی دوای ئێمە خۆیان بۆ ئەوجەنگە ئامادە دەکەن و ئەزمونیان نەکردووە، بۆیە دەبێت پێیان بڵێین هەڵەی ئێمە دووبارە نەکەنەوە دەنا سوود بەدوژمنانی چینایەتیمان دەگەیەنن نەک خۆیان، سەرکەوتن و دەستکەوتەکان بەکەم تەماش نەکەن و نەیکەن بە میرات و جەنگی دژبەیەکی میراتگری لەسەر بکەن هەروەک ئێستا لەسەر خۆبەخاوەندارێتی مارکسیزم ولینینیزم و ترۆتسکیزم و ستالینیزم و ماوسیتۆنیزم و جیڤارایزم و…هتد، بۆتە دێوەزمەی میراتی تایەفەگەری بارگاوی بە دابونەریتی کۆنەپارێزی ناوڕیزەکانمان و دوژمنە چینایەتییەکەمانی لەبەرچاو لێڵکردووین و میتۆدی زانستی مارکسی شۆڕشی چینایەتی و ڕزگاری بەشەریەتی کردۆتە قوربانی و درێژەدان بە تەمەنی سیستمی چینایەتی سەرمایەداری. ئەوەى کە من بە شێوەیەکى خاکییانە دەڵێم من هیچى تازەم نەوتووە، مەبەستم لەوەیە کە مێژوو وەک زانست ببینین، وەک گەورەتریت تاقیگەى مرۆڤایەتى، بۆ ئەوەى بتوانین زیاتر لێیوردبینەوە و لێیەوە فێر بین. بۆیە بە دوو مانا دەڵێم شتێکى نوێم نەوتووە، یەکەم بەو مانایەى لەبەرامبەر وزە و تواناى چینەکەمدا خەم تەنیا بە وزەیەک دەبینم و لەوێشەوە بڕوایەکى تەواوم بە تواناى مادى و مەعریفى چینەکەمە کە بتوانێت خۆى بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات. ئەمە بە تەنیا نەزانینێکى سوقراتییانە نییە تاکە هەوڵى فێربوونى تاکەکەسى بدەم، بەڵکو بڕواموایە ساتى ئێستا و ڕابردوو (مێژوو) هێندە هەگبەیەکى مەزنى مەعریفییە بۆ هەموو بزووتنەوەى کرێکارى، ئەوا پێویست ناکات چارەنووسى چینێک بدەین بەدەستى مەعریفەى تاکەکان و گروپە نوخبەوییەکانەوە، یان ئێمە خۆمان بکەین بە زانا بەسەر چینى کرێکارەوە. گەر لە من دەپرسن ئەبێت چی بکەین، دەڵێم دەبێت هیچ شتێک لەیاد نەکەین و هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم سیستمە نەماوەتەوە نەبوبێتە قوربانی ململانێی سیستمی چینایەتی لە هەموو بوارەکاندا، قوربانییەکان بە تەنیا کارگەران نین، بە تەنها گوند و شار و ووڵات و ناوچە و کیشوەرێکی جوگرافىی دیاریکراو نییە، ئەم سیستمە و چاوچنۆکییەکانی نەک هەر سەر زەوی، بگرە گەردوونیش وێراندەکات لە درێژەدان بە مانەوەی. ئەرکەکە تەنها لەسەرشانی ئەوانە نەماوە کە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەتەنها بەهی خۆمان بزانین، ئەو خەباتە چینایەتیە و ڕزگاربوون لەم سیستمە خوێنمژە نزیک بێت یان دوور پێویستیی مانەوە و ژیاریمانە.کەواتە زانینی کێشەکان و قڵپکردنەوەی بەسەر بکەر و بنەما و پایەکانیدا سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێچارن . هیچ لە گەورەیی نەهامەتییە چینایەتیەکانمان لەم جەنگەڵستانی سەرمایەدارییە نەگەیشتووین…دووبارە دەستانخۆش
کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF