خرۆشانی بەردەوامی  خەڵکی  ئێران نە شۆڕشە و نە دەگا بەشۆڕش!
بابەتەکان

خرۆشانی بەردەوامی خەڵکی ئێران نە شۆڕشە و نە دەگا بەشۆڕش!

بزووتنەوەیەکی سیاسی زیاتر لە ٣ مانگە ڕێکەوتووە،٣ مانگە پەڕاوەکانی" شۆرش!" دەخوێنینیەوە و دەبیستین و دەبینین، لە ئەحزابی کۆمۆنیستیەوە بگرە تا دەگاتە ئەو پەڕی ڕاست و شاهنشاخواز، لە موجاهدینی خەلقەوە بگرە تا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی باڵی سەید برایم، لە کۆمەڵەکانی موهەتەدی و ئلیخانیزادەوە بگرە تا حزبی دیموکراتی ئێران، لە نەتەوەپەرستەکانی ئێرانەوە بگرە تا دەگاتە حکومەتە "پێشکەوتوخوازەکانی !!" ئەمریکا و سعودیە و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا. شۆڕشێک!! بە شەرتی کۆمۆنیست و بورجوازی جیهانی. مەگەر ڕوخانی رژێمی ئیسلامی ئەو خواستە پیرۆزە نیە، کە کۆمۆنیست و چەپێکی قەدیم زەمان و لەوانەیە تازە زەمانیش لە بەردەرگای ئەمریکا شەفاعەت پێ بکات لە پاڵ ڕاستڕەوە بورجوازییەکاندا لە ڕیزێکدا بوەستن، وتەنانەت داوای سەپاندنی ئابلوقەی ئابوری بکات بۆ سەر وڵاتەکەی!!. تێکەڵابوونێک لە قەدو باڵای جوڵانەوەیەک ئاڵاوە، هەر حکومەت و لایەن و حزبە و بۆنی خۆی لێدەکات، بەڵام لە هەلومەرجێکدا لەباری بابەتیەوە، تەنها دەکرێت شۆڕشێکمان هەبێت، شۆڕشی پڕۆلیتاریا. ئەم بزووتنەوەیەی لە ئێران ١٠٠ ڕۆژ زیاترە سەریهەڵداوە، بزووتنەوەیەکە لە ڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی ڕەنگاوڕەنگی ئێرانیەوە بە چەپ و ڕاستیەوە، بزوتنەوەی "رژێم چەینج"ی ئەمریکایە، جا ئەوەی ئەمریکا ئەم سیاسەتەی هەیە یان نا، هێزە بورجوازییەکان نایانەوێت زۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، گرینگ ئەوەیە خوڵیای ڕوخانی رژێمێکن و ئەمریکا لە دوورە بڵێت لە پشتانم، وەک ئەوەی ئێستا بە ئاشکرا ئەمریکا لە زمانی وەزیری دەرەوەیەوە ڕادەگەیەنێت کە لەپشتی خۆپیشاندەرانە، ئەوەندە بەسە بۆ ئۆپۆزسیۆنی چەپ و ڕاستی بورجوازی ئێران نەدیوو کە ماوەی ٤٢ساڵە لە"میهن دوورە"،  هەموو سیاسەتەکانی بە ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرێبداتەوە. " دژی ڕژێمی"و بێ هێوایی بە ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا، سەرجەم ئەحزابی کۆمۆنیست و چەپ و ڕاستی تێکەڵکردووە. نیشتمان پەرەوەر و کوردپەروەر و ئەهوازی پەروەر و سوننە پەروەر، هەموو لە ڕیزێکی پیرۆزی دەست پانکردنەوەدان و بەسەرە دەیانەوێت بگەنە ئەمریکا و داوای شەفاعەت دەکەن. لە جیهانی سەرمایەداری گڵۆباڵی ئەمڕۆدا، تێکەڵاوی چینایەتی نە بوونی هەیە وە نەدەبێت!بەڵام پرۆلیتاریای ئێران تا ئێستا لە دەرەوەی ئەم تێكەڵاوبوونە بووە وەهەیە، وە لە دەرەوەی دەبێت. کۆمۆنزمیش بێ پرۆلیتاریا نە بوونی هەیە نە مانا.

نە لە ئێران وە نەلە هیچ جێگەیەکی جیهانی سەردەمی ئێمەدا، نەک تەنها لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتاریاوە شۆرشێکی دیکە بوونی نیە جگە لە شۆڕشی پرۆلیتاریا، بەڵکو لە باری بابەتیشەوە جگە لەوە شۆرشێکی دیکە بوونی نیە، جا شۆڕشێکی ڕێکخراو و نەخشە بۆ کێشراو بە بوونی حزب و ڕێکخراوی جیاوازی پڕۆلێتێرییەوە بێت، یان شۆرشێک پرۆلیتاریا ناچار بێت پێش وەخت پیادەی بکات بە هۆکاری جیاواز. بورجوازی ئەمریکی و ئەوروپای ڕۆژئاوا دیاردە یان ڕووداوەکانی گۆڕینی "رژێمیان "ناوناوە شۆرش. شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەوروپای شەرقی، شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی و ١٧ی شوباتی سلێمانی و ساحەی تەحریری بەغدای ساڵی ٢٠١٩ و ئۆکرانیای ٢٠١٤ بەشێکن لەم شۆرشە ناونراوانەی بورجوازی. بورجوازی لە مەیدانی فکر و تیۆریشدا کۆی کۆنسێپتی- چەمک- شۆرشی گۆڕیوە وەک بەشێک لە هێرشەکانی لێبڕالیزمی نوێ بۆ سەر بزووتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا. ئەوانە جۆرێکن لە بزووتنەوەی گۆڕینی رژێمەکان لە جیاتی کودەتا سەربازییەکان و بورجوازی ناوی ناوەتەوە شۆرش. بەڵام شۆرشی خۆیەتی و تەنها مەبەستیەتی " حکومەتی جێگە نیازی خۆی" بهێنێتە سەرکار. ئەمە بە تاقیکردنەوەی مێژوویی سەلماوە، لەمیسرو تونسەوە بگرە تا دەگاتە بە غداو سلێمانی هەلومەرجی پڕۆلیتاریا و زۆربەی خەڵک خراپتر بووە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بەگشتی تەوەقعات و ڕیکخراوبوون و ناڕەزایەتیەکانی لەو وڵاتانەدا چوونە دواوە، ئەمە ئەگەر واز لە شۆرشی قەتەری و تورکی بهێنین لە سوریا هەروەها واز لە شۆرشی ناتۆ بهێنین لە لیبیا، کە تەواوی خەڵکیان ترساندووە لە ناوی شۆرش و تیرۆریستەکانی کردۆتە شۆرشگێڕ. ئەم شۆڕشانە چەمکی شۆڕشی کۆمەڵگەی مەدەنین، بەڵام تەنانەت کۆمەڵگەی مەدەنی بە مانا کلاسیکەکەی نا، بەڵكو لەسەردەمی لیبرالیزمی نوێدا. دەتوانین ناویان بینێن پۆست شۆرش لە دونیای فکری پۆست مۆدێرندا.

لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتێریەوە، تەنها شۆڕشی پرۆلیتاریمان هەیە. گوێزانەوە-عبور- بۆ سۆشیالیزمان نیە، ئەگەر هەبێت ئەی پرۆلیتاریای یەکگرتوویی ئەم شۆڕشە کوا؟! کە دەبێت ئامادە بێت بۆ پرۆسەی عبور بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی. ئایا " شۆڕشی "گۆڕینی ڕژێم مانای واقعی هەیە؟!، دەکرێت بابەتیانە لەسەر پایە مادیەکانی شۆرش بگەینە شۆرشێک کە ناوی شۆڕشی گۆڕینی رژێمە بۆ رژێمکی باشتر؟ یان بۆ رژێمێکی سکۆلار؟ وە ئایا لە ڕوانگەی بابەتیەوە سکۆلاریزم بەشێک ماوە لە ئاڕاستەی بزووتنەوە بورجوازییەکان؟ بێگومان نا، وە نەخێر. لە ئەمریکاوە بگرە تا ئەوروپا دەسەڵاتی بورجوازی لە سکۆلاریزم پاشەکشەی کردوە وە دەیکات و لە جیاتی ئەوە ئاڕاستەی کریستیانیزمی جیاواز و گەڕانەوە بۆ خوداو پەیامبەرەکان، لە کۆی سستمی دەسەڵاتی دیموکراتخوازی رۆژئاوادا زیادیکردووە. سکۆلاریزم ناتوانێت بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵام بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەتوانێت سکۆلاریزم بکاتە ئاڕاستەیەکی خۆی، هەر وەک بورجوازی فەرەنسی لە سەردەمی خۆیدا پیادەیکرد، ئەو سەردەمە بەسەرچووە. بورجوازی ئێران ناتوانێت سکۆلاریزم بێت، چونکە سەرمایە پێویستی پێی نیە، وە لە جیهانیشدا ئەمە دروستە، سکۆلارخوازێک و مافخوازێکی پەیگیری بزوتنەوەی ژنانیش، ئەگەر سوربن لەسەر خواستەکانیان ناچارن پەیوەست بن بە بزوتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریاوە. پڕۆلیتاریاش شۆرشێکی نیە بەناوی سکۆلار و شۆرشێکی دیکە بە ناوی سۆشیالیستی، واتە لەم نێوەدا قۆناغ بەندی بوونی نیە. گۆڕینی رژێمی ئیسلامی ئێران بۆ رژیمێکی باشتر  مانای چیە؟ وەک رژێمی هەنگاریا یان تورکیا یان دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتی؟ سۆشیالیزم لە دیموکراسیەوە تێپەڕ نابێت لە ئێراندا، بەڵکو  خۆی بزووتنەوەیەکە، تەریب بە دیموکراسی دەچێتە پێشەوە. لەوەش زیاتر گریمان لەوپەڕی ڕادیکالیزمی خۆیدا  ئەم بزووتنەوەیە رژێمێکی وەک وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوامان دەداتێ!! ئەوە مومکن نیە، بەڵام گریمان وا دەبێت. ئایا ئەوە کاری پڕۆلیتاریایە، کە خەریکی ئەمدیو ئەودیو کردنی رژێمە بورجوازییەکان بێت بۆ هەڵبژاردنی باشترو خراپتریان، "دیموکراتی" یان"دیکتاتۆری" ، "عەسکەری" یان"مەدەنی" یان سەر بە جەمسەری ڕۆژئاواو ئەمریکا بێت یان سەر بە چین و ڕوسیا بێت؟! بێگومان نا وە نە.  سەردەم سەردەمی شۆڕشی خۆیانە، شۆڕشی سۆشیالیستی و هەڵتەکاندنی بناغەی چینایەتی کۆمەڵگە. پاشان خودی پرۆلیتاریای ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە بەردەم هێرشی دڕندانەی دەسەڵاتی بورجوازی دیموکراسی ئەوروپی و ئەمریکیدان، لە هەموو ڕووەکانی ژیانیانەوە، ئەی بۆ ئەوان بڵیین چی؟!!. بورجوازی ئەم سەردەمە تەنها دەتوانێت هێرش بکاتە سەر سفرەی پڕۆلیتاریا، ئەگەر پولێکی لێبکەوێتە خوارەوە، ئەوە بە زۆری خەباتی پڕۆلیتاریا خۆیەتی. بەڵام دیاردەیەک یان خێمەیەک هەموو حزبە ناڕازیەکانی کۆماری ئیسلامی کۆکردۆتەوە، ئەویش خۆشەویستی ئامانجی ڕووخانی رژێمە-دژی رژێمی-، کە چەپ و ڕاست و کۆمۆنیستی وا تێکەڵ کردووە، لە پێناو پەیامی موقەدەسدا-ڕووخانی رژیم- مەگەر تەنها پرۆلیتاریا لێکیان جیابکاتەوە. کار گەیشتۆتە ئەوەی بە ئاشکرا چەپە عەیارە ٢٤کانی وەک سەید برایم داوای ئابلوقەی ئابوری بکەن بۆ سەر ئێران(چاوپێکەوتنی سەیدبرایم دەبیر کلی کۆمەلە لەگەل تەلەفیزیۆنی خەڵک) نەک هەر ئەوەندە بەڵکو داوا لە ئەمریکاش بکات فرۆکە دەرونەکانی ئێرانی بۆ بەربداتەوە کە هێرش دەکەنە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێران. سیاسەت و کارێک کە هەموو هێزە بورجوازیەکانی ئێراق لە گەڵ ئەمریکا پێش ڕووخانی رژێـمی ناسیونالیستی بەعس دەستیان پێکرد. لێرەدا واز لە سەردانی بە سەرەی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئێران دەهێنین بۆ ئەمریکا. وا پێدەچێت تەجروبەکانی ساڵی ٢٠٠٣ی عێراق وپێشتر خرۆشانی خەڵکی عێراق وڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و خودی بزووتنەوەی شورایی لە ساڵی ١٩٩١دا، هیچ سودێکی نەبووبێت بۆ چەپ و حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئێران.

لە وتاری پێشوودا بەناوی"خرۆشانی خەڵکی ئێران و بێدەنگی پڕۆلیتاریا/ ١٠ئۆکتۆبەر٢٠٢٢ "باسی ناوەرۆکی ئەم بزووتنەوەیەمان کردووە. لێرەدا پێویست بە دووبارە بوونەوەی ئەو باسانە ناکات. دووچینی سەرەکی و دوو بزوتنەوەی سەرەکیمان هەیە. خەڵک- مەردم- لەم نێوەدا وەک کۆلکەی هاوبەش وایە، هەردوو چینەکە هەم کرێکاران وە هەم بورجوازی بەشێکن لە خەڵک. ئەو هێزەی کە بەناوی خەڵکەوە-کۆمەڵگە- ڕابەڕی دەکات، جا هەرکام لە دوو چینەکە بێت، مەرجی یەکەمی وە پێویست ئەوەیە کە خۆی ڕێکخراو کردبێت لە ئاستی بزوتنەوەی چینەکەیدا- جا لەئاستی حزبدا بێت یان بێ ناوی حزب-، بەڵام ئاستێکی توندوتۆڵ لە ڕێکخراووبوونی پێویستە، وە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتی لە کالچەرو فەرهەنگی چینایەتی پێویستە لە ئاستی کۆمەڵگەدا، واتە بیرو هوشیاری چینەکە بوبێتە بەشێک لە عەقلیەتی گشتی خەڵک یان لایەنی کەم و لە ئاستێکی لاوازتردا، خواست و ئامانجی چینەکە بووبێتە خواست و ئامانجی زۆربە یان بەشێکی بەرچاو و فراوانی ئەو خەڵکە. "خەڵک" لە خۆیەوە ناجوڵێت، سەردەمی کاری عەفوی "خەڵک" بەگشتی بۆ شۆڕش دەمێکە بەسەر چووە. خەڵك ناڕازییە و ڕقێکی پەسێنراوی زۆری هەیە، رۆژانە خواست و داواکاری هەیە، کرێکارانیش وەک بەشێک لە خەڵک هەمیشە و هەردەم ناڕازیین، خواستی چینایەتی خۆیان هەیە. ئەوانیش واتە چینی پڕۆلیتاریاش پێویستی بەوە هەیە بەناوی کۆمەڵگەوە -خەڵک- قسە بکەن، وە پێویستیان بەوە هەیە کە خەڵک کێش بکەن بە دوای خۆیاندا، یان بەناوی خەڵکەوە شۆڕش بکەن، بەڵام هەنگاوی یەکەمی ئەم شۆڕشە ڕێکخراوبوون و یەکگرتووبوونی چینی پرۆلیتاریایە، لە باشترین باردا لە حزبی سیاسی چینەکەو دەیان ڕێکخراو و  شێوەو میکانیزمی جیاوازدا، یان لە بارێکی گونجاودا ئەگەر چی زۆر بەهێزیش نەبێت بەڵام لایەنی کەم ئاستێکی بەرچاوی یەکگرتووبوون و ڕیکخراوبوونی چینی پرۆلیتاریا لە ئاستی کۆمەڵاتیدا دەبینرێت، هێزی سیاسی چینەکە لە ئاستی کۆمەڵاتیدا بەتەواوی جێگەی سەرنجی کۆمەڵگەیە، یان پڕۆلیتاریا بە ناچار لە ژێر فشاری سەختی باری ئابوری و برسێتی و چەوسانەوەدا پەلامار دەدات. ئەوکاتە دەکرێت باسی شۆرش گەرم بێت و بڕیارەکە لە دەستی پڕۆلیتاریا خۆیدایە، تەنانەت ئەگەر حزبێکی بەهێزیشی هەبێت.

لە ئێستای وڵاتی ئێراندا لە هەفتەی یەکەمی ئەم جوڵانەوەیەوە تا ئێستا رۆژ بە ڕۆژ ڕۆشنتر دەردەکەوێت، بزوتنەوەکە بەتەواوی بزوتنەوەیەکی بورجوازییە وە لە لایەن بورجوازی جیهانیەوە لە ڕێگەی بورجوازییە لۆکەڵیەکانەوە، ڕابەڕی دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی تەنانەت بە " لابردنی حیجابەوە" نیە. ڕۆشنە کە لابردنی حیجاب خواست و داواکاریەکی بەرحەقی خەڵکی ئێرانە بەگشتی وە بەتایبەت ژنانی ئێران. بەڵام ناوی " ژینا و حیجاب" تەنها مانشێتی بزوتنەوەکەیە، بەتایبەت کە حیجاب و سەرکوتی ژنان و مافەکانی ژنان لە ئێراندا بابەت و مەسەلەیەکی هێجگار فراوان و کۆمەڵایەتیە، بورجوازی لۆکەڵی و جیهانیش زۆر شارەزایانە سوود لەم مەسەلەیە دەبینین. بەڵام ئەم خواست  وداواکارییە، لە ژێر دروشمی - بڕوخێ رژێمدا- باوی نەماوە، ئامانج  گۆڕدراوە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران؟! زۆر باشە، ڕوخانیش خواستێکە هەم بورجوازی ناڕازی هەیەتی وە هەم پرۆلیتاریا. پرۆلیتاریای ئێران لە بارێکدا "ڕووخانی رژێم" بەرزدەکاتەوە کەلایەنی کەمی ئەلتەرناتیڤەکەی ڕۆشن بێت، ڕۆشن بێت چی دەکات و کە کۆماری ئیسلامی ڕوخا چی دەخاتە جێگەی! یان لە بارێکی لاوازترو لە ژێر فشارێکی زۆردا، لە چەندین شوێن پەلامار دەدات  و خۆیان دەبنە بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە جا کارگە یان دامودەزگای خزمەتگوزاری دەوڵەتی، شۆرشێک کە ئەنجامەکەی شکستە، بەڵام مەسەلەیەکی بابەتیە و وەک گریمانەیەک لە زۆر وڵاتدا ئەگەری ڕوودانی هەیە. بەڵام وەک چینێک کە دەیەوێت سستمێکی نوی دامەزرێنیت، لایەنی کەمی پێویستی بەوە هەیە کە ئەلتەرناتیڤەکەی نەک تەنها ڕۆشن بێت، بەڵکو بە بەشیک لە خەڵکەشی سەلماندبێت کە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاوەو لە حزبی سیاسی خۆی و دەیان ڕێکخراوەی خۆی بەهرەمدند بێت.

ئەوە ڕاستە، هەرچۆنێک بێت لە ئێران " تەقیەوە" وئاکامێکی چاوەڕوانکراوە، بەهۆی کوشتنی ژیناوە " بتەقێتەوە"، وەک لە تونس بە سوتانی دەستفرۆشێک" تەقاندیانەوە" وەک لەمیسر و سوریا و لیبیا و بەغدا "تەقاندیانەوە"، بەڵام تەقینەوەی هەلومەرجەکە، جیاوازی زۆرە لەگەڵ بەردەوام بوونی تەقینەوەکە، واتە لەگەڵ بزوتنەوەی" ڕژێم گۆڕین" کە بورجوازی جیهانی بە پالپشتی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی دەیەوێت پیادەی بکات لە پێناو " گۆڕینی رژێمدا" لە ڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنەوە، وە لە پێناو"بەڕوباڵکردنی ڕژێمدا" لە ڕوانگەی ئەمریکاوە لە ئێستادا، وبەتایبەت فۆکەسی ئەمریکا لەسەربەشی کوردستانی ئیرانە و پێکەوە بەستنی بە کوردستانی عێراق و سوریاوە وەک پشتێنەیەکی بەهێزی پێگەی خۆی، بۆی مەسەلەیەکی سیاسی گرینگە. ئەم بزووتنەوە بورجوازیانە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابووردوودا بە جیاواز لە ناوی ڕازاوەیان کە بەگشتی ناویان ناوە " شۆڕش"، لە ڕوانگەی ستراتیژی ئەمریکاوە پیادەکراوە وبەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ململانێی سیاسی قوڵ و خوێناوی نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەوە هەیە لە جیهاندا. بەتایبەت ئێران لەم نێوەدا وڵاتێكی هەرە گرینگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پەلوپۆی لە هەموو ناوچەکەدا بە‌هێزە و هەروەها پشتێنەیەکی بەهێزی ئەمنیەتی ئابوری –ڕیگەی ئاوریشم-ی چین و پشتێنەیەکی بەهێزی ئەمنی و سەربازی ڕووسیایە. کاتێک بی بی سی و گاردیان و نیۆرک تایمز و سی ئێن ئێن و کەناڵی ئەلعەرەبیەی ئالسعود پڕوپاگەندەو ڕیکلام و هاوپشتی توند بۆ ئەم بزوتنەوەیە دەردەبڕن و  لەوەش واوەتر کاتێک ئیلۆن ماسکی گەورە سەرمایەداری جیهان ١٠٠سەت دانە ستارلینک بە هۆی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە دابیندەکات بۆ ئەوەی ئینتەرنێت لە  نێوخۆی ئێراندا وەربگیرێت!!! ( ئێورۆ نیوز- ٢٦دیسمبەری ٢٠٢٢)،  پێم وابێت بەسە بۆ ئەوەی لە ناوەرۆکی ئەم بزوتنەوەیە بگەین!!هەراو هوریای کەناڵی ئەلجەزیرەم بیردەکەوێتەوە لە ساڵی ٢٠١١دا،  بۆ شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی کە ناوچەکەی کاولکرد.

 

" کرێکاران هاواربکەن، مافی خۆتان داوابکەن"

"کارگر داد بزن، حقت رو فریاد بزن"

کاتێک پرۆلیتاریای ئێران وەک چینێکی یەکگرتوو لەپێناو خۆیدا،  ناتوانێت نمایش بکات و دەربکەوێت، ئەوکات زۆر سادە کارەکانی دەبێتە خواست و داواکارییە سەرەکیەکانی خۆی. کرێکارانی نەوتی عەبادان -١٠دیسمبەر ٢٠٢٢- خواستی مووچە و مووچە دواکەووتووە نەدراوەکان،  شۆفێرانی بارهەڵگر-کامیۆن-، خواستی هەرزانکردنی سوتەمەنی. دوای ئەوە کرێکارانی پیشەسازی کەرتە جیاوازەکان، لەوانە: کرێکارانی ئاسن توانەوە -ذوب اهان- لە ئەسفەهان کە پێشتر ٢٤-٢٥ئابان واتە ١٥-١٦نۆڤەمبەر مانیان گرتبوو وە پەیمانیان دابوونێ کە تاکو   ٥ ئاذرماە خواستەکانیان بۆ جێبەجێبکەن، دواتر کرێکارانی پیشەسازی کەلوپەلی ناوماڵی پارس، کرێکارانی کۆمپانیای سەرمائەفرین لە سەنتەری شاری پیشەسازی ئەلبورز و کرێکارانی لەحیم سازی لە کۆمپانیای میتاڵی بافق... لە ڕۆژەکانی ٥ ئاذرماە واتە ٢٦نۆڤمبەری ٢٠٢٢ ناڕەزایەتیان دەربڕی لە پێناو خواستەکانیاندا کە بەگشتی خواستی مووچە  و وەرگرتنی مووچە نەدراوەکان بووە، و دروشمی سەرەکی کرێکاران "کارگر داد بزن، حقت رو فریاد بزن" واتە " کرێکاران هاواربکەن، مافی خۆتان داوابکەن".....کۆی ئەم دیمەنە وەک بەشێکی بچووکی ناڕەزایەتی چینی پڕۆلیتاریای ئێران دژ بە دەسەڵاتی بورجوازی ئیسلامی ئێران، بەردەوام شەپۆل دەدات،  سەڕەرای بوونی بزووتنەوەی ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی ئیران، دوو بزووتنەوەی جیاواز لە کەناری یەکدا وەستاون وەک دوو هێڵی تەریب ناگەن بەیەک. بزوتنەوەی یەکەمیان بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارە لە پێناو ژیانێکی شایستەتردا، لە پێناو مووچەیەکی باشتردا،لە پێناو وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان لە دەسەڵاتی دڕندەی گەورە سەرمایەدارانی ئێران، وە دەیانەوێت سود وەربگرن لە هەلومەرجی ئێستای نێوان بورجوازی ئۆپۆزسیۆن و بورجوازی دەسەڵاتداری ئیسلامی و مافەکانیان بە دەست بهێنن، بەڵام ئامادە نین وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی خواستی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران لەگەڵ بورجوازیدا بەرزبکەنەوە، بەتایبەت کە ئێستا ئامادە و ڕیکخڕاو و یەکگرتوو نین بۆ کارێکی وا گەورە کە ئەلتەرناتیڤی خۆیان،کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی دابمەزرێنن، یان بۆ شۆڕشێکی بەردەوامی بێ وەستان تا سۆشیالیزم. ئایا چینی پڕۆلیتاریا گریمانەی ئەوەی نیە کە دەرگیری هەڵەی کوشندە ببن، بکەونە پاشکۆی بورجوازییەوە؟! بە هۆی هەلومەرجێکی بابەتیەوە، گریمانەی بێ هەڵوێست بوون و بێدەنگ بوون لە ئاست ڕووداوەکاندا زۆرە، بەڵام هەڵەی کوشندە گریمانیەکی لاوازترە. خۆ ئەگەر پڕۆلیتاریای ئێران خاوەنی ڕێکخراوەکانی خۆی و حزبی خۆی و ئاستی یەکگرتووبوونی باڵای هەبوایە لە ئاستی سەراسەریدا، ئەوکاتە گریمانەیەکی زۆر هەبوو کە بتوانێت سوود لەم هەلومەرجەی جەنگی نێوان باڵەکانی بورجوازی ببینێت و لایەنی کەم پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز بکاتەوە.

بزوتنەوەی دووەمیان بزوتنەوەی بورجوازییە، ئەمجارە نەک تەنها بورجوازیەکی لۆکەڵی ئێرانی بەڵکو بورجوازیەک کە بەناچار لە هەلومەرجی ئەمرۆدا جیهانیە و بە کۆنکرێتی لە سەردەمی هەلومەرجی تێپەری جیهانی سەرمایەداریدا، بە ناچار بورجوازی لۆکەڵی لە هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا نەک ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی سەربەخۆ پیادە بکات، بەڵکو بێگومان دەبێتە ئامرازی دەستی براگەورەی سەرمایە، لە ئۆکرانیاوە بگرە تاکو سوریاو لیبیاو یەمەن و ئێراق و ئێران و....ئەم ڕاستەیە دەبینین. بزوتنەوەی ئێستای ڕووخانی ڕژێم لە ئێراندا بە تەواوی بورجوازیە و  تەواوی جەمسەری گەورە بورجوازی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵدایە، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و سعودیە لەگەل ئەحزانی بورجوازی ناسیونالیستی کوردو عەرەبی ئەهوازی و بەلوشو ئازەر و لەهەر لایەکیشەو قەومو قیلی تازە و مەزهەبگەرایی سوننی و شیعە مەزهەب سەردەردەهێنن، فیدرالیزم دەبێتە خواستی حزبی دیموکراتی ئێران " چاوپێکەوتنی قسەکەری حزبی دیموکرات لە گەڵ کەناڵی العربیە"، تەقینەوەی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان لە دوای ڕووخانی رژێمی ئیران دادو بێداد دەکات"چاوپێکەوتنی سەید برایم لەگەڵ تەلەفزیۆنی خاکدا"، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری نوسەرانی ناسیونالیزمی کورد هەمان ترس و هەمان باوەڕیان هەیە.

دوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاواز، بە پشتێنەی دوو چینی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە، بزووتنەوەی یەکەمیان، بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا، هاوار دەکات بۆ مافەکانی خۆی. سەرنج بدەن مافەکانی خۆیان!! ڕووخانی رژێم مافێک نیە کە داوابکرێت لە دەسەڵاتی ئیستا. ئەم بزووتنەوەیە لە بەرانبەر بزووتنەوەی ڕووخاندنی رژێمی ئیسلامیدا هیچ تێکەڵاویەکی لە خۆ نیشان نەداوە لە گەل بزووتنەوەی بورجوازی ڕووخاندنی رژێمدا. بەڵام کرێکاران وەک بەشێک لەخەڵک –مردم- یان لە جەماوەر یان گەل، بوونیان هەیە وبەشی سەرەکی پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێرانن، بەم ناونیشانە لێرە و لەوێ دەبینین کە هاوپشتی ناڕەزایەتی خەڵک دەکەن، بۆ کاتێکی دیاریکراو ماندەگرن و ناڕەزایەتی دەردەبرن دژی سەرکوت و ڕەشەکوژییەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی، خواستی ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکانی هەیە، دژ بە عەسکەرتاری شارەکان دەوەستێتەوە، و بەم پێیە، هاوپشتی و سۆزی خۆیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک بەیان دەکەن. بەڵام سەرنج بدەن، هاوپشتی دەکەن!! وە لەگەڵ بەردەوامی بزوتنەوەی ڕووخانی رژێمدا ، بەردەوام نین لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان، بەڵكو بۆ رۆژێ یان چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک ناڕەزایەتی دەردەبڕن، کەواتە کرێکاران وەک بەشێک لە خەڵکی ئێران هاوپشتی و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەڵام وەک بزوتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا لەگەڵ بزوتنەوەی ڕووخاندنی رژێمدا هاوتەریبن.

ناوەرۆکی ئەم هەلومەرجە و خرۆشانی خەڵک لە ئێران نە شۆرشی خەڵکە مەگەر بورجوازی، وە نەڕاپەڕینی شۆرشگێڕانەیە مەگەر میدیای بورجوازی، وە هەرگیز پرۆلیتاریا وەک چینێک بەشێک نابێت لەم بزوتنەوەیە، هەروەک لە میسرو تونس نەبوون، هەروەک لە شۆرشی ساحەی تەحریری بەغدا نەبوون، وە لە ئێران هەر نابن، بەکورتی چونکە ئەم بزوتنەوەیە هیچ پەیوەندەییەکی نیە بە شۆرشەوە. ئەم بزوتنەوەیە سەرەتایەکە بۆ هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی ئێران و بەداخەوە ئەو پڕۆسەیە دەستیپێکردووە، کۆمەڵگەیان دابەشکردووە، بەسەر سوننە و شیعەو کوردو عەرەبی ئەهوازی و ئازەری و فارس بەلوش و ئەوانی دیکە. بەلام ئایا ئەم ئاڕاستەیە سەرکەوتوودەبێت؟ پێم وایە نەخێر، بەڵام تائێستا کاریگەری خۆی بووە. ئەم هەلومەرجە لە دوا ئەنجامدا لەجیاتی هیوا و باوەڕبوون بە خەباتی ئایندە، بێ باوەڕی و بێ هیوای بەرجەستە دەکاتەوە، وەک هەمووتەجروبەکانی پێشوو. لەم نێوەدا سیاسەتی سەڕاستی ئەمریکا دیار نیە و  لەمبارەوە هیچی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەنێو کۆی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەو لە ئاستی جیهانیدا، پێویستە ستراتیژیانە سەرنج لەم بزوتنەوەی ئێران بدرێت  ولێکبدرێتەوە. تەنها سیاسەتی سۆشیالیزمی پرۆلیتاریا، ئەوەیە کە هەوڵبدات سیاسەتی سەربەخۆی چینی پرۆلیتاریا مسۆگەر بکات لەم هەلومەرجەدا. گرینگترین کارێک بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە، جیاکردنەوەی پڕۆلیتاریە وەک هێزێکی چینایەتی و ڕێکخراو و یەکگرتوو لە بزووتنەوەی بورجوازی لەوانە لە بزووتنەوەی "بورجوازی بۆ ڕووخانی رژێم". گۆڕینی رژێمێکی بورجوازی بۆ رژێمێکی دیکەی بورجوازی لە ئێراندا، قازانجێکی تێدا نیە بۆ بزووتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا، وەک گۆڕینی کۆنزەرڤتڤ بۆ لێبەرە لە بەریتانیا و گۆڕینی ترامپ بۆ بایدنە لە ئەمریکادا، ئامانجی چینایەتی پرۆلیتاریا ڕووخاندنی رژێمی هاری سەرمایەی ئێران و دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆشیالیستییە، نەک گۆڕینەوەی حکومەتە بورجوازییە ئیسلامیەکان بە شاهنشانی و نەتەوەپەرستەکانی ئێران. ٢.جەنیوەری. ٢٠٢٣

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF