کامل احمد
لەگەڵ بادانی پێچی ڕادیۆکەمدا، کاتێک لە کار دەگەڕامەوە، گوێبیستی چاوپێکەوتن و ووتەی ژنە شۆفێرێک بووم کە لە مانگرتن و مارشی ملیۆنی پڕۆلیتاریای فەڕەنسی دا بەشداربوو. ئەو بەو شێوەیە گوزارشتی لە ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی چینایەتی خۆی و هاوچینەکانی کرد و ووتی ماکرۆن تەنها لەسەر کورسیەک دانیشتووە، بۆیە ئەو دەتوانێت ٧٠ ساڵ کار بکات.
ئەم گوزارشتە، گوزارشتێکی پڕاوپڕ چینایەتی یە کە دەسەڵاتداران و سەرمایەدارن و پارێزەرەرانی ئەم نیزامە سەرەوخوارە لەبەر ئەوەی کە لە خۆشگوزەرانی دا دەژین دەکرێت بۆ خۆیان ٧٠ ساڵ کاربکەن، بەڵام پڕۆلیتاریای ماندوو و برسی فەڕەنسی ناتوانێت و نایەوێت لە دوای ٦٢ ساڵی کاربکات و دەیەوێت پشوویەکی بەبەردابێتەوە، ئەگەرچی ئەو پارەیەشی کە دوای خانەنشینی وەریدەگرێت بەشی لانی کەمی پێداویستییەکانی ژیانی ناکات و لە کولەمەرگیدا دەژی.
لە ٣١ ی جانیوەریدا و بۆ دووهەمین جار لەم مانگەدا پاریس و زیاتر لە ٢٠٠ شاری تری فەڕەنسا بوونە مەیدانی نیشاندانی ڕق و بێزاری پڕۆلیتاریای فەڕەنسی دژی سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی ماکرۆن. سیاسەتێک کە دەیەوێت تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بباتە سەر بۆ ٦٤ و زیادکردنی خزمەتی کارکردن بۆ ٤٣ ساڵ وەکو پێشمەرجێکی خانەنشینی. ئەوان بۆ دووهەم جار و بەهێز و عەزمێکی ئەستوورترەوە هاتنە مەیدان و لە نەبەردی چیانیەتی خۆیاندا بەردەوامن کە نایانەوێت ملبدەن بە سیاسەت و چاکسازییەکانی ماکرۆن کە جگە لە وێرانکردنی ژیانیان و مژینی شیلەی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان هیچی دیکەی بۆ ئەوان تێدا نییە.
هەشت سەندیکای گەورە لەم مانگرتن و خۆپیشاندانانەدا بەشدارن کە بووە هۆی ڕاگرنتی کار لە قوتابخانەکان و هۆکارەکانی هاتووچۆی گشتی و پاڵاوتگەکانی نەوت. هۆی هاتنەمەیدانی زیاتری کرێکاران و پەیوەستبوونی کەرتی زیاتر بە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانەوە و زیادکردنی ژمارەی مانگرتووان لە کەرتە بەشدارەکاندا ئەوەندەی تر ترسی خستۆتە دڵی بورژوازی فەڕەنسی یەوە و دەیەوێت لە ڕێگای سەرژمێریەکانی خۆیەوە و بە کەم نیشاندانی، لە گەورەیی و فراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە کەم بکاتەوە کە بەشداربووانی خۆیان لە ٣ ملیۆن کەس دەدا. تەنها پاریس مەیدانی نمایشی زیاتر لە نیو ملیۆن کرێکار بوو لەم ڕۆژەدا.
ماکرۆن لە هەوڵەکانیدا بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتەی دەیەوێت فەزڵفڕۆشی بەسەر دەنگدەراندا بکات و دەڵێت کاتێک ئێوە ئێمەتان هەڵبژارد، ئەم پێشنیارەمان هەبوو. واتە دەنگتان بەمەش داوە. ئەمە لە لایەک مایەپووچی دەنگدان و پەرلەمان و دەوڵەتی بورژوازی دەسەلمێنێت کە هەمیشە بە ناوی دەنگدانەوە دەیەوێت شەرعیەت بۆ قێزەونترین و ڕەشترین سیاسەتەکانی وەربگرێت، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت ئەو دەنگە زۆرینەیە نادیدەبگرێت کە هەم ناچن بۆ دەنگدان و هەم ئامادەنین دەنگی خۆیان بدەن بە دەوڵەت و ئەحزابە بورژوازییەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە لە مەیداندان دژی.
ماکرۆن بە تێپەڕاندنی ئەم سیاسەتە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت. هەم ٢ ساڵ زیاتر کار بە کرێکاران دەکات و دوو ساڵ زیاتر بیمەی خانەنشینیان لێوەردەگرێت و سودبەرداری دەکات لەمەدا. هەم دامەزراندنی گەنجان و هێزی ئامادەبەکار لە بازاڕی کاردا کە بەدست بێکارییە وە دەناڵێنێت بۆ دوو ساڵ دوا دەخات و خۆی لە هەموو بەرپرسیاریەتێک دەدزێتەوە. ئەمە سەرەڕای پاشەکەوتکردنی ملیارەها دۆلار لەم ڕێگایەوە و خستنە ناو گیرفانی سەرمایەدارن و دەوڵەتەوە.
ئەگەرچی وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەم پێشنیاری بڕیارە بدات، بەڵام وێڕای ناڕەزایەتیەکانی پڕۆلیتاریای فەڕەنسی، لە ناو خودی پەرلەمان و ئەحزابە جۆراوجۆرەکانیشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەنگی پێنەدەرێت و بەشکستبهێنرێت. بەڵام دەبێت ئەوە ئاشکرابێت تەنها هێزێک کە دەتوانێت شکست بەم پێشنیارە بێنێت، پڕۆلیتاریای فەڕەنسی و مانگرتن و خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانەکانیەتی هەم بە شێوازی ڕێکخراوتر و گەورەترە و هەم بە ئاگاییەکی سۆشیالیستیانەوە. هەردوو بەرە سوورن لەسەر بەدەستهێنانی دەستکەوتە چیانەیەتییە دژ بە یەکەکانیان و لە مەیدانی کێشمکەکێش و ململانێی چینایەتیدا بەرامبەر یەکتر وەستاونەتەوە. ئەگەر پڕۆلیتاریای فەڕەنسی لەم نەبەردەشدا و لەم خولەشدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت بە هۆی کەمی ولاوزی ئاستی هۆشیاری سۆشیالیستی و ڕێکخراوبوونی و نەبوونی پاڵپشتتی نێونەتەوایەتی یەوە، ئەوا ئاسان ناچێتەوە دواوە و لە نەبەردێکی تر و بۆ هەڵپێچانی کۆتایی نیزامی کاپیتاڵیستی فەڕەنسی دێتەوە مەیدان و لەم ناڕەزایەتییانە وەک خۆ گەرمکردن و مەشقێکی پڕ دەرس و تەجروبە بۆ شۆڕشی یەکجاری خۆی کە شۆڕشی سۆشیالیستیە سوود وەردەگرێت.
مانگرتن و خۆپیشاندانە فراوانەکانی ڕۆژی ١ ی فێبروەری بەریتانیاش دژی گرانی و و برسێتی لە کەرتە جیاوازەکاندا و هاوئاهەنگی و هاوخەباتییان، نیشانە و هێمایەکی تازەیە بۆ یەکگرتوویی و لێکهەڵپێکانی کەرت و مەیدانە جیاوەزەکان لە ڕاستای خەباتی چیانەیەتی پڕۆلیتاریادا. مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بە گەورەترین دادەنرێت لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا و زیاتر لە نیو ملیۆن کرێکار لە کەرتە جیاجیاکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان دا تیایدا بەشداربوون.
مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ئەم بەر و ئەوبەری مانشیان گرتووە. گەر کرێکارانی فەڕەنسی و بەریاتنی و هۆڵەندی و....... ووڵاتانی دیکە ئەم خەباتە چینایەتییەیان یەکبخەن و ڕێکخراو و یەکگرتووی بکەن لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەوا بزووتنەوەی کرێکاری هەنگاوێکی گەورە لە هاوخەباتی و هاوپشتی چینایەتی نزیکدەبێتەوە و دەتوانێت وەک چینێکی یەکگرتوو بەرامبەر بورژوازی و سەرمایەداری بوەستێتەوە. ئەمەش پێویستی بە شێواز و ئەلگۆی ڕیکخراوبوون هەیە لە چەشنی کۆمەڵەیەکی نێونەتەوەیی کە بتوانێت چۆن بورژوازی وێڕای جیاوازییەکانیان وەک چینێک بەرامبەر پڕۆلیتاریایان گرتووە، ئاوها پڕۆلیتاریاش وێڕای جیاوازییەکانیان بەرامبەر سەرمایەداری بگرن لەم نەبەردە چینایەتیەیاندا.
01.02.2023