سیستەمی سەرمایەداری یانی سیستەمی کاری بە کرێ و کەڵەکەکردنی زیاتری زێدەبایی بە هەموو ئەو ڕێگایانەی کە هەرخۆی شەرعیەتی یاساییشیان بۆ دەدۆزێتەوە. یەکێکیش لە ڕێگاچارەکانی سەرمایەداری بۆ کەڵەکەی زیاتری سوود و قازانجیان نانەوەی جەنگ و ماڵوێرانی و یەکلاییەکردنەوەی کێشە و ناکۆککیەکانی خۆیانە لە ڕێگای جەنگ و داگیرکارییەوە. بۆیە ئەوان باکیان نییە ئەگەر دەنگی تۆپ و بۆنی بارووتیان دانیشتوانی گۆی زەویش کاس بکات، چونکە ئەوان پارە و قازانج بەدەستدەهێنن و پارەش بۆنی لێوەدەرناچێت. مارکس بۆ ئاماژەدان بەوەی کە سەرچاوەی پارە و بەدەستهێنانی لە لایەن سەرمایەدارییەوە هیچ بەهایەکی نییە لە کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان دا جگە لە بەدەستهێنانی سوودێکی زیاتر نەبێت، لە کتێبی سەرمایەدا و لە باسی ئەوەی کە چ کاڵایەک دەبێت بە پارە و سوود دەهێنێت بۆ سەرمایەداری ئاماژە بەو ووتەیەی قەیسەری ڕۆما، فیسابیسیان، دەکات لە وەڵامی کوڕەکەیدا کە ناڕازییە بەوەی باوکی باج دەخاتە سەر ئاودەستە گشتییەکان. باوکیشی تەنها وەڵامی بۆی ئەوەیە کە پارە بۆنی نییە و هیچ گرنگیش نییە سەرچاوەکەی چییە تەنانەت ئەگەر لە ئاودەست و بۆنی پیسایی و زێرابەکانیشەوە بەدەستهاتبێت. گرنگ ئەوەیە پارەبێت و کەڵەکەبێت و ببێتە سەرمایە و بارگرانییەکی زیاتر بەسەر شانی خەڵکەوە دروستبکات.
لەم سەردەمەشدا و لەم دنیای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پێشبڕکێیەدا لە بواری زانستە جۆراوجۆرەکاندا، سەرمایەداری بەهەمان مێتۆد کەڵەکەی سەرمایەی خۆی دەکات بەڵام لە کۆنتێکستێکی تردا. ئەم جارەیان بۆنی ئاودەستەکانی گۆڕیوە بە بۆنی بارووت. جەنگی ڕوسیا و ئەمریکا و ناتۆ لە ئۆکرانیا دا گۆشەیەکە لەم بۆنە بارووتە کە ژمارەی قوربانییەکانی تەنها بەوانەوە نەوەستاوەتەوە کە رۆژانە لە ژێر بۆردووماندان و لە مەیدانەکانی جەنگی بەربەرییانەی جەمسەرە سەرمایەداراییەکاندا گیان لەدەستدەدەن، بەڵکو ڕەهەندەکانی زۆر لەوە زیاترن و دانیشتوانی تەواوی گۆی زەوی تووشی گرانی و برسێتی و نەبوونی کردووە و لە ئاستانەی مەرگێکی هێواش دا ڕایگرتوون.
لەم جیهانە ڕاگوزەرەی ئەمڕۆدا، سەرمایەداری جیهانی دووچاری یەکێک لە قوڵترین قەیرانەکانی خۆیەتی کە لەم سەدەیەدا شاهیدی نەبووین. قەیرانێک کە زۆر بەر لە جەنگی ئۆکرانیا و "شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی" و شۆڕشە ڕەنگاوڕەکانی بورژوازییەوە دەستی پێکردووە. نانەنەوەی ئەو پشێوییانە هیچ نەبوون جگە لە ڕێگایەک لە ڕاستای شەڕی نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەداری جیهاندا نەبێت کە هەریەکەیان دەیەوێت مۆری خۆی بدات لەم جیهانە ڕاگوزەرە و بە قازانجی خۆی بیشکێنێتەوە بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و کۆتاییهێنان بە جیهانی دوو قوتبی و جەنگی سارد. ئەم شەڕ و چالێنجانە بۆ گەورە زلهێزی جیهان، ئەمریکا، شەڕی مانەوەیە لە جێگاو پایەی یەکەمی خۆیدا، کە ئەم خۆرەی دەمێکە ئاوابووە، بەڵام دانەچیڕەیەتی بۆ ئەوەی وەک خۆی بمێنێتەوە و بۆ ئەمەش شەڕەنگێزیەکەی تا ئەوپەڕی ڕادە دەبات، ئەگەر سەری خۆشی بخوات. بۆ گەورە زلهێزەکانی تری جیهان و بە تایبەت چین کە هێزی ڕکابەری ئەمریکایە و بۆ دوژمنە نەریتیەکەشی کە ڕوسیایە، باسە لە جیهانێکی فرەجەمسەری کە بتوانن بە شێوازێکی ئارامترسەرمایەگوزاری خۆیانی تیادابکەن. هەر ئێستا ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگای بەڵگەنامە و بڕیارنامە و جاڕنامە جیهانییەکانەوە کە خۆیان ئیمزایانکردووە، مل بە ڕکابەرە سەرەکییەکەیان، ئەمریکا، بدەن بۆ ئەوەی ئەم جیهانە فرەجەمسەرییە قبوڵ بکات. هەر بۆیە شەڕی ئەمریکا و ڕوسیا و ناتۆ لە ئۆکرانیا و تەنانەت پێشنیهادە ١٢ خاڵییەکەی چینیش بۆ وەستان و کۆتایی هێنان بە جەنگ هیج نییە جگە لە بانگەواز و ڕاگەیاندنی ئەم جیهانە فرەجەمسەرییە.
بەڵام ئایا ئەم جیئهانە فرە جەمسەرییە هەر ئاوها بە ئاسانی دێتە بەرە و دەستەبردەبێت، لە کاتێکدا کە ئەو پارانەی ئەوان چنگیان دەکەوێت بۆنی بارووت و خوێن و جەستەی بۆگەن کردووی ئینسانەکانی لێدێت؟ ئایا ئەوان ىە دوای نانەوەی چەندین پشێوی و ئاشوبی ترەوە نابن لە جیهاندا، بە تایبەتی ئەمریکا، بۆ ئەوەی کە پێگای ئابوری و سیاسی و سەربازی خۆیان وون نەکەن؟ دوور نییە ئێمە لە نیمچە دوورگەی تایوان، یان لە نێوان دوو کۆریاکەدا یان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دا یان لە ئەفریقادا و تەنانەت لە جیهانی عەرەبیشدا شاهیدی شێوازی تر لەم جەنگانە بین. گرنگ ئەوەیە لە ناو خاکی خۆیاندا نەبێت.
تەنها هێزێک کە بتوانێت بەر بەم بەربەریەت و بۆنە بارووت و بە کەلاوەکردنەی جیهان بگرێت، هێزی ڕێکخراوی پڕۆلیتاریایە کە بە ئاگاییەکەی سۆشیالیستی یەوە بێتە مەیدان و وەڵامێکی ددانشکین بە شەڕو گرانی و برسێتی و نەهامەتیەکانی ئەم نیزامە بۆگەنەی سەرمایەداری بداتەوە. ئەم نەبەردە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و چەندین ووڵاتی تری ئەوروپا وجیهاندا دەستی پێکردووە و بەڕێوەیە و زەمانەتی سەرکەوتنی لە هاوپشتی و نێونەتەوەیی و ئاگایی سۆشیالیستیایەتی. هاوکات مەیدانێکی تری ئەم نەبەردە هاتنەمەیدانی پڕۆلیتاریای ناوخۆی ئەوروپایە دژ بە جەنگ و نەعرەتە جەنگی و ئامادەییە سەربازییەکانی وڵاتەکانیان وەک ئەوەی لەم هەفتەیدا لە بەرلینی ئەڵمانیا شاهیدی بووین، سەرەرڕای نادیاری ئاسۆ و کەمی ژمارەی بەشداربووانیشی. تەنها لەم نەبەردانەدا دەتوانرێت هاوکێشەکە پێچەوانە بکرێتەوەو سێڵاو و بۆگەناوی نیزامە سەرەوخوارەکەیان کۆتایی پێبهێنرێت و لە جێگایدا کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دابمەزرێنرێت کە ئەوەی بۆنی نییە، 'پارە'، لە ناودەبرێت و ، هەمووان وەک یەک لە سەروەتی کۆمەڵگا بەهرەمەندەبن.
27.02.2023
[1] کارل مارکس، سەرمایە، بەرگی یەکەم، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە، بەزمانی عەرەبی، وەرگێڕانی د. فالح عبدالجبار. دار الفارابی، چاپی یەکەم٢٠١٣