لە هەلومەرجی ئێستای جیهان و لە گەرمەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا لە ئۆکرانیا، و لە جەرگەی ململانێ و کێبەرکێیەکی سەخت و کۆنەپەرستانەی نێوان ئەمریکا وهاوپەیمانانی لەلایەک و چین و ڕوسیاو هاوپەیمانانیان لە لایەکی ترەوە. هاوکات لە هەناوی ناڕەزایەتی فراوانی بزووتنەوەی چینایەتی پڕۆلیتاریا دژی گرانی و لە پێناو ژیانێکی شایستەتردا، لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەت لە ئەوروپا، ٨ ی مارس ڕۆژی ناڕەزایەتی ژنانی چەوساوە و پڕۆلیتاریا، مانای تایبەتی خۆی هەیە. مانای هاتنەمەیدان و بەشداربوون و خەباتی بەردەوامیانە لە ڕیزی خەباتی پڕۆلیتاریا لە پێناو زیادکردنی مووچە و لە دژی گرانی. لە هەمانکاتدا، بەشداربوونیانە لە خەباتی پڕۆلیتاریا دژ بە جەنگی جیهانی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا. نزیکترین ڕێگە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژنانی ستەمدیدە، لە یەکسانی کرێ وە بگرە لە گەڵ پیاوان بۆ هەمان شوێنی کار، تا دەگاتە ئازادی هاوسەرگیری و گەشتکردن و جیابونەوە و جلوبەرگ و تەواوی مافە مەدەنی و تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەست بوونە بە ڕیزی خەباتی بێووچانی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریاوە.
بژی خەباتی ژنانی پڕۆلیتاریا لە پێناو مافە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی خۆیاندا.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
٨مارس ٢٠٢٣