مانگرتنی کرێکارانی نەرویج سەرکەوتنی بەدەستهێنا!
هەواڵی بزووتنەوەی کرێکاری

مانگرتنی کرێکارانی نەرویج سەرکەوتنی بەدەستهێنا!

 

ئامادەکردنی هەواڵ: کامل ئەحمەد

شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان کۆنفیدراسیۆنی ڕێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکانی نەرویج  (LO) و کۆنفیدراسیۆنی کۆمپانیاکانی نەرویج (NHO)، واتە خاوەنکارەکان بە ناوەندگیری دەزگای چاودێری دەوڵەت، بووە هۆکاری گەورەترین مانگرتن کە بە بەشداری نزیکەی ٢٥ هەزار کرێکار لە ڕشتە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا لە ڕۆژی دوو شەممە  ١٧ی  ئاپریڵ دەستیپێکرد. ئەم جۆرە لە مانگرتن  بۆ بردنەسەری ئاستی کرێ کە بتوانێت وەڵامگۆی گرانی و چوونەسەری نرخەکان بێت  و تەنها و تەنها دانووستان لەسەر کرێ بێت وهەموو کرێکاران بتوانن لە دەستکەوتەکانی بەهرەمەندبن، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە نەرویج ڕووی نەداوە. هاوکات شایانی باسکردنە کە دوا مانگرتنی کرێکارنی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی ڕێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٠ بۆ زیادکردنی کرێ.

هەڕەشەی ئەم جارەی کرێکاران و ڕێکخراوەکەیان بە بردنە سەری ئاستی مانگرتن و پەیوەستکردنی زیاتر لە ١٧ هەزار کرێکاری ڕشتەکانی تر بە ڕیزی مانگرتووانەوە لە ڕۆژی هەینی ٢١ی ئاپڕیلدا و زیادکردنی ژمارەی مانگرتووان هەفتە دوای هەفتە، ڕێکخراوی خاوەنکارانی ناچارکرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانووستانەکان و لە کۆتاییدا ملبدات بەو ڕێژەی ٥،٢ زیادکردنەی کرێ کە وەکو لانی کەم داواکرابوو. هەربۆیە ڕۆژی پنج شەممە ٢٠ ی ئاپڕیل کۆتایی مانگرتنەکە ڕاگەیەندراو و کرێکاران گەڕانەوە سەر کارەکانیان. ترس و چۆک دادانی سەرمایەداران و خاوەنکارەکان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانیان بە داخوازییەکانی کرێکاران بۆ بەرگرتن بە زیانی زیاتری کۆمپانیاکانیان و ڕادەی سوود و قازانجیان بوو. هاوکات ترسیان لەوەبوو کە دامێنەی ئەم ناڕەزایەتییانە فراونبێتەوە و تەواوی سیستەمەکەشیان بخاتە بەرامبەر هەڕەشەوە.

 ئەگەرچی ئەم بڕی ٥،٢ زیادکردنە بە شێوازی جۆراوجۆر کرێکارانی ڕشتە جیاوازەکان لێیی بەهرەمەنددەبن، بەڵام وا چاوەڕواندەکرێت کە کرێی ساڵانەی کرێکاران و کارمەندانی نەرویج بە تێکڕایی لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ هەزار کرۆن بچێتە سەرەوە.

ئەم دەستکەوتەی کرێکارانی نەرویج وئەم هاتنەمەیدانە چینایەتییەیان و پەیوەستبوونیان بە ڕیزی پڕۆلیتاری فەڕەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی  و تەواوی ئەوروپا و جیهانەوە بەرامبەر گرانی و بۆ زیادکردنی کرێ، خاڵێکی درەخشانە. سەرکەوتنی ئەم نەبەردە چینایەتییانەی کرێکارنی ئەوروپا و تەوای جیهان  بەندە بە لێکهەڵپێکران و ڕێکخستنی ڕیزی چینایەتییان  لە ئاستێکی بەرزتری نێونەتەوەییدا و لە پێکهێنانی تۆڕ و کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەییدا بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی یەوە تا بتوانێت نەک تەنها لێرە و لەوێ دەستکەوتی چینایەتی مەزن بەدەستبهێنێت، بەڵکو دوا بزماری خۆی لە تابووتی نیزامی سەرمایەداری بدات.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەم مانگرتنانەی کرێکارانی نەرویج دا وجێگای خۆشحاڵی یە، ئەوەیە کە هەندێک لە ڕابەرە محەللییەکانی ئەم مانگرتنە هەم بە کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە قایل نین و هەم داواکاری زیاتریشیان هەیە، ئەگەرچی بەسەرکەوتنێکی گەورەش ناوزەدی دەکەن. ئەوان پێیان وایە ئاستی گرانی و هاتنەخوارەوەی توانایی کڕینیان زۆر لەوە زیاترە و ئەم بڕە زیادکردنە ناتوانێیت وەڵامگۆ بێت، بۆیە مانگرتنی تر بە دوورنابینن.

Saturday, 22 April 2023