ڕاگەیاندنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ سەبارەت بە  ١ی مەی  بژی هاوپشتی چینایەتی پڕۆلیتاریا
بەیاننامەکان

ڕاگەیاندنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ سەبارەت بە ١ی مەی بژی هاوپشتی چینایەتی پڕۆلیتاریا

"١ی مەی" ڕۆژی هێرشێکە، ڕۆژی سەرکەوتنێکە، یادکردنەوەی نەبەردێکە لە نەبەردەکانی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا کە هێماو سومبۆلێکی جیهانی  وەرگرتووە. ڕۆژی ناڕەزایەتی جیهانی چینی پڕۆلیتاریا، لە ساڵپارەوە ئاڕاستەیەکی یەکگرتووتری وەرگرتووە، هەم لە فراوانبوونەوەی ئاستی خەبات و ناڕەزایەتیە جیهانیەکاندا و هەم لە بەرزکردنەوەی هەمان دروشم و داواکاریدا. خواستی زیادکردنی مووچە، لە ئاستێکی فراوانی جیهانیدا بۆتە مانشێتی داواکارییەکانی پڕۆلیتاریا لە ئاستی وڵاتە جیاوازەکاندا. لەم ساڵەدا بەهۆی چوونە سەری نرخی کاڵاکانەوە، بە تایبەتی ئەو کاڵایانەی جێگەی نیازی پڕۆلیتاریان "خۆراکی ڕۆژانە و جۆرە جیاوازەکانی وزە"، پڕۆلیتاریای ناچار کردووە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا لە پێناو خواستی "مووچە" دا بە شێوەی جیاواز و لە کاتی جیاوازدا، مان بگرن، خۆپیشاندان و ڕێپێوان میتنگ ڕێکبخەن و داواکاریەکانیان بخەنە ڕوو، وە زۆر جاریش هاتوونەتە سەر شەقامەکان....

لەم ساڵدا پڕۆلیتاریای فەڕەنسا ڕۆلیكی پێشڕەو و جەسورانەیان بینیوە لە دژی "ڕێفۆرمە لیبڕاڵیەکانی" بورژوازی فەڕەنسی، و خەباتی بێووچانی سیاسی. ئەم خەباتە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی، کە بە ڕابەری بەچکە لیبڕالێکی وەک ماکرۆن پیادەکراوە، بە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵانەوە بۆ ٦٤ ساڵ کە دواجار تەنانەت لەپشتی پەرلەمانەکەی خۆیان کە بە کۆڵەکەی فەرهەنگ و ئایدۆلۆجیای -دیموکراتی- خۆیانی دەزانن پەسەندیان کرد. ئەم خەباتە خەباتێکی سیاسی فراوانە دژ بە یاسای دەوڵەتی بورژوازی ودەسەڵاتەکەیان. کرێکارانی بەریتانیا لە زۆربەی کەرت و ڕشتەکاندا بەدەوری بەرزکردنەوی مووچەدا گردبوونەتەوە. لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا وە بگرە تا هۆڵەند و فنلەند و نەرویج وبەلجیکا و پورتوگاڵ ....پڕۆلیتاریا لەسەر خواستی بەرزکردنەوەی مووچە موکوڕە. هاوکات نەک تەنها لە ئەوروپا، بەڵکو لە ئەمریکاوە بگرە تا دەگاتە  بەرازیل وهیندستان و کرێکارانی نەوت و بەشەکانی دیکەی پیشەسازی لە ئێران و پڕۆلیتاریای تایلەند و فلیبین و بەنگەلادیش و نێجیریا و باشوری ئەفەریکا وتورکیا و میسر و عێراق ... ئەم بزووتنەوە جیهانیە لە هەموو شوێنێکەوە کڵپە دەکات هەروەک دەمی گڕکانەکان. هەموو ڕۆژەکانی ساڵی پار ڕۆژانی ڕاهێنان و پڕۆڤەیەکی گەورەی چینایەتی جیهانی بوو. لەم ساڵەدا پڕۆلیتاریا لە جیهاندا بە شێوەیەکی باشتر ڕاهێنانی کردووە. بە شێوەیەکی باشتر "دیموکراتیزم و پەرلەمناتاریزم و دەوڵەتی بورژوازی" بۆ دەرکەوتووەو تاقیکردۆتەوە. بە فرت و فێل و درۆو دەلەسەکانی بورژوای و میدیاکانیان چاوبەست نەکران. ئەمڕۆ لە ئاستێکی فراواندا، پڕۆلیتاریا دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا... وەک دەوڵەتی ملیاردێرەکان دەناسێت.

"١ی مەی" ئەمساڵیش لە سایەی قەیرانێکی قوڵی سەرتاپاگیری سەرمایەداری و کێبەرکێ و ململانێیەکی توند و خوێناوی نێو جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەداری جیهاندا تێدەپەڕێت. قەیران و ململانێیەک کە جیهانی کردۆتە مەیدانی جەنگ و کوشتن و ئاوارەکردن و ئابڵوقەی ئابوری و جەنگی میدیایی و ئایدۆلۆژی لەپێناو دابەشکردنەوەی جارێکی دیکەی جیهانی سەرمایەداری. هەر لایەک لە جەمسەرە گەورەکانی سەرمایە بە مانشێتی ئیمپراتۆریەتی هێجگار کۆنی خۆیانەوە هاتوونەتە مەیدان دژ بەیەکتری. هەر لایەکیان لە هەوڵی ئەوەدایە کە پڕۆلیتاریای نەک تەنها وڵاتەکەی، بەڵکو پڕۆلیتاریای وڵاتی بەرانبەریش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و بەگەڕی بخات لە پێناو بەرژەوەندییەکانی سەرمایەدا.

"١ی مەی ئەم ساڵ" ڕۆژی پرۆڤە و تاقیکردنەوەی هێزی لە بن نەهاتووی چینی پڕۆلیتاریایە، بەرانبەر بە برسێتی و دژی گرانی و ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە هەر وڵاتێکدا لە پێناو دابینکردنی خواستەکانیان، و بەتایبەت داواکاری "بەرزکردنەوەی مووچە بەبێ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان". ئەم ڕۆژە پێویستی بەسەرکەوتنێكی دیکەیە. ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە دەزگایەکی ئینتەرناسیونالیستی پڕۆلیتاریا هەیە کە وەک سەنتەرێک ئاڕاستەی خەباتی پڕۆلیتاریا بکات لە جیهاندا و لە لایەن خۆیانەوە ڕابەری بکرێت. و بەڕێوەببرێت. لە هەمانکاتدا ئەم ڕۆژە بۆ پڕۆلیتاریا پێویستە سەرەتای هاوپشتیەکی فراوان وگەورەی پرۆلیتاریای وڵاتە جیاوازەکان بێت. بەڵام ئەگەر خەبات لە پێناو بەرزکردنەوەی کرێدا  ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورەی جیهانی و ڕێکخراو، ناتوانێت لەو چوارچێوەیەدا بمێنێتەوە و بێگومان دەبێتە خەباتێکی سیاسی گەورە لە پێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکدا کە خاوەندارێتی تایبەتی تیایدا هەڵوەشابێتەوەو کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی بنیات بنرێت. هەر بۆیە وەک مارکس دەنوسێت:" نابێت کرێکاران خۆیان قەتیس بکەنەوە لەم ڕووبەڕوبوونەوانەدا، سەرەڕای ئەوەی کە بەناچار دەرگیر دەبن لەگەڵیدا، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سەرمایە یان ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕەوە. پێویستە بزانن کە سیستمی- سەرمایەداری- ئێستا بە هەموو نەهامەتیەکانیەوە، لە هەمانکاتدا هەلومەرجی ماددی و فۆرمی کۆمەڵایەتی پێویست لە پێناو بنیاتنانەوەی ئابووری کۆمەڵگە دەخوڵقێنێت"- کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی-.

​​سەرکەوتووبێت خەباتی یەکگرتووی چینایەتی پڕۆلیتاریا

دەستەبەربێت ئینتەرناسیوناڵیزمێکی پڕۆلیتێری

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

شەممە 29‏ نيسان‏، 2023

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF