چاوپێکەوتنی عامر رسول لە ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ بەڕێز کامیلا دینیس لە لایەن Lutte ouvrière "خەباتی کرێکار" سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای فەرەنسا و یاسای بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بە ئامانجی گەیاندنی ڕاستی و وردەکاری ڕووداوەکان بۆ خوێنەرانمان دوور لە میدیای سێبەر و درۆینەی بۆرژوازی.
عامر رسول: ئایا دەتوانن بیرۆکەیەک و پێشەکییەکمان پێ بدەن سەبارەت بە پاشخانی پێداگری حکومەتی ماکرۆن لەسەر بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی یاسایی لەم ماوەیەدا کە جیهانی سەرمایەداری بە قەیرانێکی ئابووری قووڵ و هەمەلایەنەدا تێدەپەڕێت؟
کامیلا دینیس: ماکرۆن ئامانجەکەی ڕاگەیاند: پاشەکەوتکردنی ١٥٠ ملیار یۆرۆ لە ماوەی دە ساڵدا. بۆ بۆرژوازی، باسەکە ئەوەیە کە دڵنیابن لەوەی ئەوەندەی لە توانایاندا هەیە هەوڵبدەن کە کەمترین بڕە پارەبڕوات بۆ خانەنشینی کرێکاران وبچێتە سەر خانەنشینی کرێکاران و بەشێکی گەورەی بودجەی دەوڵەت بۆ سەرمایەدارەکان تەرخان بکرێت. بۆرژوازی دەمێکە خەریکی کەمکردنەوەی و لێبڕینی هەموو ئەو خەرجییانەی دەوڵەتە کە بۆ نەخۆشخانە، چاودێری تەندروستی، گواستنەوەی گشتی، پەروەردە، دەسەڵاتی خۆجێی و هتد خەرجی دەکات. خانەنشینیش بابەتێکی دیکەیە کە دەیانەوێت لێی کەم بکەنەوە.
عامر رسول: ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان چۆن دەبرێتەبەرەوە لە زۆربەی شارەکانی فەڕەنسادا دژ بە گۆڕانکاری لە یاسای "بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ" و ئەو لایەن و سێکتەرانە کێن کە چالاکانە بەشدارییان لەم کۆبوونەوە زەبەلاحانەدا کردووە؟
کامیلا دینیس: زیاتر لە ١٠ ڕۆژ خۆپیشاندان بەڕێوەچوو،بە بەشداری چەندین ملیۆن کرێکار لە هەموو سێکتەرەکانەوە. کەرتی گشتی لە خۆپیشاندانەکاندا بەرچاوترین بوو، بەڵام وەستان لە زۆرێک لە کارگەکاندا ڕوویدا، لەنێویاندا کارگە بچووکەکان. لە شارۆچکە بچووک و مامناوەندەکاندا خۆپیشاندانی زۆر ئەنجامدرا و ئەم بزووتنەوەیە لە پشتیوانییەکی بەهێزی بیروڕای گشتی بەهرەمەندە.
بەڵام تەنها چەند کەرتێک بۆ چەند ڕۆژێک لەسەر یەک مانیان گرت: بەشێک لە کرێکارانی هێڵی ئاسن، زبڵ کۆکەرەوە، مامۆستایان.
ئەم بزووتنەوەیە هەرگیز سیمایەکی تەقینەوەئامێزی بەخۆیە نەگرت و نەگۆڕا بە مانگرتنێکی ڕاستەقینە ، وە تەنانەت نەگۆڕا بە مانگرتنێکی گشتیش. ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوە و کۆنتڕۆڵی سەندیکا کرێکارییەکان و ڕێکخراوەکانیاندا مایەوە.
عامر رسول: ئەو سیاسەت و هەڵوێستانە چین کە حکومەت دەیگرێتەبەر بە مەبەستی سەرکوتکردنی جوڵەی ملیۆنان کرێکار و مامەڵەی پۆلیس چۆن دەبینیت لەگەڵ خپۆیشاندەراندا؟.
کامیلا دینیس :جێگای سەرسوڕمان نییە، حکومەت هێزی سەرکوتکەری ئاسایی خۆی بەکارهێنا. هەوڵیدا خۆپیشاندەران بترسێنێت.
عامر رسول: بەرنامە و پلانی بەردەوامیدان و کۆکردنەوەی کەرتە جیاوازەکانی چینی کرێکار لەدژی حکومەت و پووچەڵکردنەوەی یاساکە چییە؟ چارەنووسی بزووتنەوەی کرێکاری لە فەرەنسا چۆن دەبینن؟
کامیلا دینیس: لوتێ ئۆڤریێر"خەباتی کرێکار" بانگەشەی فراوانکردنەوەی ئەم بزووتنەوەیە و گۆڕینی بۆ مانگرتن لە ژێر کۆنترۆڵی دیموکراسیانەی کرێکاران کردووە. هەرچەندە هێزە شۆڕشگێڕەکانی فەرەنسا زۆر لاوازن بۆ گۆڕینی ئاراستەی گشتی بزووتنەوەکە، بەڵام گفتوگۆ و مشتومڕە بەردەوامەکان بووەتە هۆی پەرەسەندنی هۆشیاری سیاسی لای کرێکاران و گەنجان، کە تیشک دەخاتە سەر پێویستی ڕێکخستن لەسەر بنەمای چینایەتی. ئەمە بۆنەیەکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بیرۆکەی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە بیستراوبێت.
لایەنی هەرە بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە کە، بە کۆکردنەوەی ملیۆنان کرێکار لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکاندا، توێژێکی چینی کرێکار هاتۆتە دەرەوە کە هۆشیار و بە ئاگان بە هێزی خۆیان کە دەتوانێت لە وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و سەرمایەداراندا، کە پشتیوانی ڕاستەقینەی دەوڵەتن، نوێنەرایەتییان بکات.
هاوکات بە ملیۆنان کرێکاریش ئەزموونیان کردووە کە “دیموکراسی بۆرژوازی”بەناوبانگ ، بیروڕای ئەوان لەبەرچاو ناگرێت، بەڵکو خزمەت بە بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان دەکات کە دەتوانن بڕیارەکانیان بەبێ گوێپێدان بسەپێنن.
ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە ماکرۆن لەپای هەڵوێستە ئیستفزازییەکانیدا بەدەستی هێنا، ئەنجامێک کە ئەو نەیویستووە و ڕەنگە سەرکردەکانی سەندیکاکانی کرێکاریش نەیانوویستبێت، کە پێیان باشترە بەسوودی خۆیان لە دۆخی قەیراناویدا نیشان بدەن لەگەڵ حکومەتدا ، بەڵام ناچاری بەشداریکردن بوون لەم ناڕەزایەتیانەدا لە ترسی لەدەستدانی متمانەیان لەناو کرێکاران دا.
بێگومان ڕەنگە هەندێک بیانەوێت دۆخەکە بە شێوازی خۆیان بقۆزنەوە و بە خەڵک بڵێن "دەنگمان پێدەدەن" لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا (Nupes, RN)، کە ئەمەش مەترسی پەرەسەندنێکی کۆنەپەرستانە لەخۆ دەگرێت.
هەرچۆنێک بێت ئەم ڕووداوانە و ئەزموونی خەباتی چینایەتی کە سەریهەڵداوە، دەتوانێت لە بیرەوەری خەڵکدا بمێنێتەوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە چینی کرێکار بەهێزتر و بە هۆشیاری سیاسی زیاترەوە ئەم ئەزموونە پشتەسەرنێت، بە هەستکردنێکی باشتر بە هێزی خۆی.
ئەمەش شتێکی جەوهەرییە، چونکە چینی کرێکار ناچار دەبێت لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی دیکە ببێتەوە. دەبێت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و پەرەسەندنی قەیرانەکانی بەرەو شەڕ هەبێت، هەروەها دەبێت توانای سەپاندنی چارەسەرە شۆڕشگێڕییەکانی هەبێت. بۆ ئێمە شۆڕشی پرۆلیتاری، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تاکە ڕێگای دەربازبوونە لەم قەیرانە، کە قەیرانی خودی سیستەمی سەرمایەدارییە.
ئێمە لە پێناو ئەم بیروباوەڕانەدا شەڕ دەکەین و پێمان وایە بەشێکی کەم لە کرێکاران زیاتر ئامادەن بۆ بیستنیان.