قورئان سوتاندن و بەرجەستەکردنی شوناس!
بابەتەکان

قورئان سوتاندن و بەرجەستەکردنی شوناس!

سامان کەریم

زۆر لەسەر دیاردەی قورئان سووتاندن نووسراوە، کە دواجار لە ٣ ی ئەیلولی ئەمساڵدا، لە شاری مالمۆی سوید سەریهەڵدایەوە و پشێووی تێکەوت. ڕۆژئاوا، بە پێشڕەوی ئەمریکا، لە مێژە کاردەکات لە پێناو جێخستنی بیر و ئایدۆلۆجیای ئاینی ئیسلام و کریستیانی وەک پایەی هۆشمەندی و دوو کاڵچەر و شوناسی جیاواز لە ئاستی جیهاندا، بێگومان بە ڕێگا و شێواز و ‌هێزی جیاواز. ئەم سیاسەت و کارکردنە لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابووردووەوە دەستیپێکردووە. ئێستا ئەوەندەی پەیوەستە بە کاڵچەر و ئایدۆلۆجیای ئیسلامەوە، بە ئەنجامی خۆی گەیشتووە لە ئاستە جیهانیەکەیدا. لە وڵاتانی موسڵمان نشین، پایەی ئابووری ئەم ئاڕاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییە، لیبڕالیزمی نوێ بووە و هەیە. لەهەمانکاتدا گورزێکی ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆجی بوو دژ بە ئایدیای نەتەوەیی و کۆمۆنیزمی نەتەوەیی ڕوسی و ڕاستەوخۆ دژ بە سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، وە لەباری سیاسی یەوە بوو بە  جەنگی خوێناوی و سەرهەڵدانی هێزە تیرۆریستەکان. ئیسلام وەک ئایدۆلۆجیا چەکی ئایدۆلۆجیای ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوو لە پێناو بردنە پێشەوە و جێخستنی لیبڕالیزمی ئەمریکیدا لە وڵاتانی موسڵماننشیندا، لە ژیر مانشێتی "دیموکراسی، مافی مرۆڤ، هەڵبژاردن، و بەتایبەت بازاڕی ئازاد".

لە هەمانکاتدا لەئەوروپا و ئەمریکا بەشێوەیەکی فراوان پڕۆسەی بەتایبەتیکردنی کەرتی دەوڵەتی دەستیپێکردبوو، لە سەردەمی ڕیگان و تاتشەرەوە. واتە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو، سەردەمێک کە بیر و ئایدۆلۆجیای پۆست مۆدێرن رۆژئاوای داگرتبوو، "خوێندنەوەی دەق" و "نەمانی چیرۆکە مەزنەکان"  و "پچڕاندنی مێژوو" و"کۆتایی مێژوو" و "مێژووی کاڵچەرە جیاوازەکان" و "فرە کلتوری" ....ناوەڕۆکی ئەم هێرشە ئایدۆلۆجیەی پێکدەهێنا. نووکی ڕمی ئەم هێرشە دژی شۆڕشی پڕۆلیتاریا و ئایدیای ڕزگاری ئەم چینە بوو. پۆست مۆدێرن و سەرجەم ئاڕاستەکانی نێو ئەم شەپۆلە فکرییە، لە خزمەت ئەو پڕۆسە ئابوورییەدا بوو، کە دواجار لە ئەمریکا و ئەورپا بەئەنجام گەیشت. ستراتیژێک خاوەنەکەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوو کە تاڕادەیەکی زۆر لە ئاستی ئایدۆلۆجی و شووناسی کۆمەڵایەتیدا و لە ئاستە جیهانیەکەیدا بە ئاکامی خۆی گەیشت. ئایدۆلۆجیای ئیسلام  و ئەوەی بە "ڕابوونی ئیسلامی" بەناوبانگە هێرشی پۆست مۆدێرنە بوو لە نێو وڵاتانی موسڵمان نشیندا و پایە ئابووریەکەی هەمان پایەی ئابووری جیهانیە.

زۆر دووبارەبوونەوەی سوتاندنی قورئان هیچ پەیوەندیەکی بە سکولاریزم یان پرینسیپ و باوەڕی "ڕای جیاواز"ەوە نیە، وە لە هەلومەرجی ئێستا بە دیاریکراوی ئەم کردار و ڕووداوانە دژ بە ئیسلام و وڵاتانی ئیسلام نەکراوە، بەو ئاستەی بۆ دووبارە ناسناندنەوەی  خۆو-ذات- بەدەستەوەگرتنی شوناسێکی تازەیە لە ئاستێکی فراوانی جیهانیدا، بۆ هەلومەرجێكی تازەی جیهانی و لە بەرانبەر شوناسەکانی دیکەدا. لەم هەلومەرجە تازەیەدا، ئاینی کریستیانی و باڵە جیاوازەکانی، نەک تەنها وەک باوەڕێکی ئاینی، بەڵکو وەک سەرخانێکی فراوانی ئابوری -فەرهەنگی کۆمەڵگا- سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا، واتە وەک ئایدیای زاڵی دەسەڵاتی بورجوازی، پیادە دەکرێت. دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان بە ڕۆشنی نیشانی دەدات، کە کردارەکان کرداری هیزێکن کە داموودەزگای دەوڵەتیان لە پشتە، بورجوازی یان بەتایبەت ڕاستی بورجوازی لە پشتە. واتە کردەوەیەکی ئاسایی کەسێک نیە کە بیەوێت ناڕەزایەتی دەربڕێت بۆ خواستێک یان  دژ بە زوڵمێک.

لەم هەلومەرجە تایبەتە مێژووییەدا، سەرمایەداری تا بینە قاقای لە قەیرانێکی ئابووری قووڵدایە. لەم قۆناغە مێژووییە تێپەڕەدا دەرگیرە لەگەڵ ئاڵوگوڕێکی بناغەیی و هەمەلایەنە و فراواندا، دەرگیرە لەگەڵ پڕۆسەی گواستنەوە لە جیهانێکی یەک جەمسەری کۆماندۆی ئەمریکی یەوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری. ئەم پڕۆسەیە ئاڵوگۆڕی ئابووری و سیاسی و دامودەزگا ئابووری و سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی پێویستە و  ماوەیەکی زۆرە دەستیپێکردووە، یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانەش کە چینی بورجوازی ڕۆژئاوا و ئەمریکا ‌هێجگار پێویستیانە، دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی کۆمەڵگاکانی خۆیانە کە گونجاو بێت بۆ قۆناغی تێپەڕی ئێستا و ئایندە. بەتایبەت کە شوناسی پێشوو "دیموکراسی، بازاڕی ئازاد، ئازادی، دەوڵەتی خۆشگوزەران" زەمینەی بابەتی نەماوە و سیستەمی سەرمایەداری کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوای بەرەو هەژاری بردووە و دەیبات. ئەم شوناسە یان داتاشینی شوناسێکی گونجاو ناتوانێت "نەتەوە" بێت و ناتوانێت "دیموکراسی و ئازادی" بێت. ناتوانێت "ئازادی بێت بەرانبەر دیکتاتۆری و سەرکوت" یان "ڕۆژئاوا بێت بەرانبەر بە رۆژهەڵات". هەموو ئەو دروشمانە زەمینەی بابەتییان لە دەستداوە. تەنها ئایدۆلۆجیەک کە زەمینەی کۆمەڵایەتی فراوانی هەیە ئاینی کریستیانیە کە بتوانێت وەک ڕۆشنبیری گشتی کۆمەڵگا-فەرهەنگ- جێبکەوێت. ئەم ئەنجامەش ڕێکەوت نییە، بەڵکو لە بناغەوە پەیوەستە بە ناوەڕۆکی بزاوت وگەشەی سیستەمی سەرمایەداریەوە، کە ئیتر سەڕەرای توانای گەشەی زانستی و پیشەسازی زیرەک و کەڵەکەی هێجگار گەورەی بەرهەمەکان، ڕووی لە نابووتکردنی کۆمەڵگاکان و زیاتر هەژارکردنی دانیشتوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و بێگومان جیهانیش. بۆیە گەڕانەوە بۆ خورافات و ئایدیاکانی "میتافیزیک" بەناچار دەبێتە ڕێگایەکی گونجاو بۆ ئەم سیستەمە لغاوبەربووە.

 ئەم کردارە سیاسییە ستراتیژییە، هەڵقەی پیادەکردنی جیاوازی دەوێت و یەکێک لە گەرمترین و کاریگەرترین ئەو کردارانە  بۆسەر کۆمەڵگە  دروستکردنی ترسێکە -فۆبیا- لە بەرانبەر کاڵچەر و کردار و شوناسی ئاینی ئیسلام و کاڵچەرەکەی -حیجاب، نیقاب- تیرۆریزم و هێزە ئیسلامیەکان، بە سوکایەتیکردن بە ژن، وە بەگشتی تەنانەت دژ بە "پەنابەران وکۆچکردووان!". بەم مانایە جۆشدانی کۆمەڵگەی دەوێت بە ئاستێک لە تەحقیری بەرانبەر و سوتاندنی ئەڵتەرناتیڤی بەرانبەر، بەتایبەت کەچەندین دەیەیە کۆمەلگاکانی ڕۆژئاوا، لە سایەی دەسەڵاتێکی سکولار و کەشو هەوایەکی مۆدێرندا ژیاون. ڕازی بوون بە کاڵچەرێکی باوی ئاینی کاری زیاتری پێویستە.  بە کورتی سووتاندنی قورئان لە ئێستادا، بۆ ئامادەکردنی کەشووهەوای کۆمەڵگای ئەوروپایە بۆ ڕازیبوون بە سیاسەتەکانی بورجوازی دەسەڵاتدار، و دواجار ڕازیبوون بە ئاینی کرستیانی -کاسۆلیک، ئەرتەدۆکس، پرۆتستانت،...- وەک کەڵچەرێک بۆ ژیان و داب و نەریت و فەرهەنگی باوی کۆمەڵگا. ئەم ئاڕاستەیە هەر ئێستا لە وڵاتانێکی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و یۆنان و ڕوسیا زۆر بەهێزە.

لەم نێوەدا ئایا ئەحزابی کریستیانی سیاسی دەبینین وەک هاوشێوە ئیسلامیەکەی؟! یەکەم: ئەوە گریمانەکەیە لە ئەوروپا و ئەمریکادا. دووەم: هەر ئێستا تەواوی ئەحزابە پۆپۆلیستە نوێکانی ئەوروپا و باڵی بەهێزی نێو حزبی کۆماری ئەمریکا، خۆیان ئەو ئاڕاستەیان هەیە و لەمبارەوە ئەگەرچی بەشێکی زۆریان پارێزگاری لە جیایی دین دەکەن لە دەوڵەت، بەڵام پارێزگاریەکەیان بۆ جیاکردنەوەی شوناسی خۆیانە نەک وەک باوەڕ و ئاڕاستەیەکی بورجوازی سەردەمی ڕۆشنگەری وشۆڕشی فەرەنسا دژ بە دەسەڵاتی کەنیسە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، پیادەکردنی بەشێک لە یاساو ڕێسای ئاینی کریستیانی لە پێناو بەرجەستەکردنی شوناسێکی ئەوروپیدا بەتایبەت لە بەرانبەر ئیسلامدا. بێگومان لەم نێوەدا کەنیسە و بیرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی کریستیانی ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە جێبەجێکردنی ئەم ئاڕاستەیەدا.

 کۆمەڵگای سەرمایەداری لە ئاستی جیهاندا، بە دابەشبوونێکی چینایەتی بێ وێنە گەیشتووە. هەژاری موتڵەق و بێ هاوتای پڕۆلیتاریا لە لایەک و سەروەت وکەڵەکەی سەرمایە بەدەست لە سەدا یەکی سەرمایەدارانەوە لە لایەکی دیکەوە، ئەم سیستەمەی گەیاندۆتە دوائاستی داڕزین و بۆگەنی خۆی. لەباری ئایدیا و هۆشمەندی و کاڵچەرەوە، بۆ بەردەوامبوونی سیستەمی سەرمایەداری، ڕێگا چارەیان ئایدۆلۆجی و ڕۆشنبیری ئاینەکانە، میتافیزیکە. ڕێگا چارەیەکی نامۆ بە ژیان و واقعیەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە دەردوو خەمەکانی هەژاری و بێ مافی و چەوساندنەوەی بێ وێنەی سیستەمی سەرمایەداری. بە کورتی نامۆبوون لە کۆمەڵگا و کۆسپەکانی، وەک نامۆبوون لەو بەرهەمەی پڕۆلیتاریا خۆی بەرهەمیدەهێنێت، قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارانەوە.  بەڵام ڕابوون و شۆڕش دژ بە چەوسانەوەی کاری بەکرێ وسیستەمی چینایەتی بە ئایدۆلۆجیای جیاواز و خورافە و باوەڕی میتافیزیک بەری پێناگیرێت. ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣ 

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF