چارەسەری هەڵاواردنە کۆمەڵایەتییەکانی سەر ژنان شۆڕشی پڕۆلیتاریایە
بەیاننامەکان

چارەسەری هەڵاواردنە کۆمەڵایەتییەکانی سەر ژنان شۆڕشی پڕۆلیتاریایە

 

جیهانی سەرمایەداری لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا دەرگیرە لەگەڵ قووڵترین و فراوانترین قەیرانی ئابووریدا. قەیرانێک چارەسەرەکانی بەرجەستەکردۆتەوە لە دوو ئاڕاستە و بەرژەوەندی چینایەتی تەواو جیاوازادا، شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان بەربەریەت و وەحشیگەری سەرمایەداری و جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و جەنگی جیهانی. هەروەک ئێستا دیمەنەکانی ئەم جەنگە جیهانی یە لە ئۆکرانیا و غەزە بە شێوەیەکی ڕۆشن دەبینین. بورژوازی لە ئاستی جیهانیدا بە "دیموکراتی!" و "نادیموکراتی!" یەوە، هیچ موژدەیەکی باش بژیەتی و خۆشگوزەرانی پێنەماوە بۆ کۆمەڵگای بەشەری و ژنانی ستەم لێکراو. بەکورتی بورژوازی جیهانی لەسەروو هەموویانەوە چینی بورژوازی ودەسەڵاتەکەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا هیچ پێویستیان بەوە نەماوە مافێک بدەنە ژنان یان خواستێکیان بۆ جێبەجێ بکەن. بناغەی "مافی" بورژوازی قازانجە، سەردەمی قازانج لە دابینکردنی مافەکانی ژنان لە باری مێژووییەوە کۆتایی پێهاتووە.

 لەم نێوەدا بورژوازی جیهانی هەزارەها ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و فێمینیستی وجێندەرییان پێکهێناوە و بوونەتە مەشخەڵ و ئاڵاهەڵگری "مافەکانی ژنان" و ڕۆژی 8ی مارسیان کردۆتە ڕۆژی دوورخستنەوە و بێ ناوەرۆک کردنی خەباتی ژنانی چەوساوە لە پێناو یەکسانی و ئازادیدا.  یەکسانی و ئازادی لە نێوان ئینسانەکاندا پێویستییەکی بابەتی و مێژووییە. ئەم پێویستییە تەنها لە ڕێگای شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە مەیسەر دەبێت. ژنانی پڕۆلیتاریا وەک باقی هاوچینەکانیان شتێکی کەمتریان لە شۆڕشی پرۆلیتاریا نە پێویستە و نە دەکرێت یەکسانی و ئازادی واقعی خۆیان جیابکەنەوە لە باقی هاوچینەکانیان لە ژێر ناوی "ڕەگەزی ژن و پیاودا". ڕێگای یەکسانی و ئازادی ژنانی پڕۆلیتاریا و تەنانەت سەرجەم ژنانی ستەم لێچوو تەنها لە ڕێگای شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە مسۆگەر دەبێت.

سەرکەوتووبێت خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

5ئازاری 2024