چاوپێکەوتن لە گەڵ سامان کەریم سەبارەت بە ڕێکخراوبوونی پرۆلیتاریا!
بابەتەکان

چاوپێکەوتن لە گەڵ سامان کەریم سەبارەت بە ڕێکخراوبوونی پرۆلیتاریا!

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ:ماوەیەکە دابڕاوین لە وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانمان، ئێستا جێگەی خۆیەتی گفتووگۆ لە پەیوەند بە دوابەشی پرسیارەکانەوە بکەین. سەرەتا پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بێمە سەر بابەتی ڕێکخراوبوونی پرۆلیتاریا و شێواز و میکانیزمەکانیو چۆنیەتی ڕێكخراوبوونی،دەمەوێت باسی پایە یان بنەمای هەلومەرجی ئەمڕۆی ڕێکخراوبوونی پڕۆلیتاریا بکەین. بەکورتی بۆ ڕێکخراوبوونی پڕۆلیتاریا جیاوازی ئەم سەردەمە لەگەڵ سەردەمی زیاتر لە 200ساڵی پێشووی سیستەمی سەرمایەداریدا چۆن دەبینن؟ ئایا لەمبارەوە وەرچەرخانێکی گرینگ ڕوویداوە؟

سامان کەریم: بێگومان باسی مێژووی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا، باسێکی بابەتی و مێژووکردە. ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێت، گەلێک ئاڵوگۆڕی گەورە لە ماوەی نەک 200 ساڵی ڕابووردوودا، بەڵکو لەماوەی 50ساڵی ڕابووردوودا ڕوویانداوە. ئەمباسە دەکرێت بە ژمارە و داتاکان لەباری سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتییەوە نیشان بدرێت.لە ڕوانگەی خۆمەوە، وەڵامێکی پۆزەتیڤ دەدەمەوە بەوەی کە وەرچەرخانێکی مەزن ڕوویداوە بەتایبەت ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لەبواری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا. پەیوەندی لێکهەڵپێکراوی ئابوری جیهانی لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بۆتە پارچەیەک سەرمایەی جیهانی، سەرەڕای جیاوازیو ململانێی توندی نێوخۆی کە دەکرێت وەک دژایەتیەکانی نێو خودی سەرمایەو سەرمایەداری جیهان سەرنج بدرێت.

باسی بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا و ڕێکخراوبوونی لەئاستی جیاوازدا، باسێکە پێویستی بە لێکۆلینەوەو توێژینەوەی هەمەلایەنە و فراوان هەیە بە تایبەت باسەکە بابەتێکی هەم مێژوو کردە وەهەم سەرتاپا جیهانییە. سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بەشێوەو شێوازی تۆڕی جاڵجاڵۆکە پێکەوە گرێدراوە، بەشێوەیەک کە قەیران لە هەر سوچ و ڕایەڵێکی ئەم تۆڕەدا ڕووبدات کاریگەری کەم تا زۆری دەبێت لەسەر تەواوی سیستەمەکە، بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانە لە سەنتەری تۆڕەکەوە دەستپێبکات، واتە لە گەورە سەرمایەکانی جیهانەوە دەستپێبکات وەک ئێستا دەیبینین، بێگومان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت و هەموو جیهان دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە وڵاتانێکی وەک ئەمریکا یان چین وئەڵمانیاو یابانەوە دەست پێبکات، بێگومان سەرتاپای جیهانی سەرمایەداری دەگرێتەوە. بەرهەمهێنانی سەرمایەداریو دابەشبوونی کاری هێجگار فراوان وپانوپۆڕ، هێزی بەرهەمهێنەری تازەو زیرەکی دەستکردو بوارەکانی بەکارهێنانی، هەروەها گەشەی بەرچاو و ڕۆژانەی ئەم هێزە بەرهەمهێنەرە لە هەموو ئاستەکانی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، بازرگانی، کشتوکاڵیو لۆجیستیدا، هێندەی تر بابەتی یەکگرتووبوون و هاوخەباتیو هاوپشتی ئەم چینەی وەک پێویستی مێژوویی جیهانی هێناوەتە سەر شانۆی خەباتی چینایەتی. ئەگەر سەردەمی پیشەسازی کلاسیک وشۆڕشی یەکەمی پیشەسازی، کە مەکینەکان جێگای کاری دەستیان گرتەوە، بەتایبەت برەوێکی هێجگار گەورەیدا بە پیشەسازی ڕستنو چنین، کرێکارانی لە ژێر سەقفی کارگە و کۆمپانیای جۆراوجۆردا کۆکردبووەوە لە وڵاتێکدا یان چەند وڵاتێکدا، ئەوا شۆڕشی سێهەمو چوارهەمی پیشەسازی(1) وەک پڕۆسەیەکی بابەتیو حەتمی،کرێکارانی هەموو جیهانی لە ژێر سەقفی ئاسماندا کۆکردۆتەوە، سەقفێک کۆمپانیا جیهانییەکان بەڕێوەیدەبەن. بەم پێیە چینی پڕۆلیتاریا لە ڕووی بابەتییەوە وەک چێنێکی جیهانی جێکەوتووە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. 

گەشەو پێشکەوتنو ئەو شۆڕشەی کە زیرەکی دەستکرد وڕۆبۆت جێبەجێیکردووە و بەردەوام زیاترو زیاتر لە تەواوی بوارەکانی ئابوریدا پێشدەکەوێتو گەشە دەکاتو بەکارهێنانی سەرتاپاگیرتر دەبێت لە هەموو سێکتەرەکانی ئابوریدا، هەر ئێستا نەک هەستی پێدەکەین، بەڵکو ڕۆژانە لە گەلێک بواری خزمەتگوزاری وپیشەسازی و پیشەسازی سەربازیدا دەیبینین....ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە گاپێکی هێجگار گەورە پێک بهێنێت لە نێوان سەروەتو سامانی سەرمایەداران و پڕۆلیتاریادا، بەجۆرێک کە پڕۆلیتاریا هەژارتر و برسیتر دەبێت وکەڵەکەی سەرمایەی گەورە ملیاردێرەکانی دونیاش زیاتر و قەبەتر دەبێت(2)، وە لە هەمانکاتدا گاپێکی گەورە لە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایەدا، پێکدەهێنێت.

پایەی بابەتی یەکگرتووبوونی پڕۆلیتاریا، فکر نییە بەڵکو زەروورەت ومێژووکردە!

پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە، پەیوەندی نێوان سەرمایەی نەگۆڕو -الراسمال الثابت-سەرمایەی گۆڕاومان-الرسمال المتغیر- بۆ ڕۆشندەکاتەوە. مەبەست لە سەرمایەی نەگۆڕ ئەو سەرمایەیە کە سەرمایەدارێک یان کۆمپانیایەک سەرفی دەکات بۆ کڕێنی ئامێر(کارگە، ڕۆبۆتوبەرنامە نوێیەکانی زیرەکی دەستکرد وبەکارهێنانی...) و زەوی و خانووبەرەو هۆکانی گواستنەوە-شەمەندەفەر و هێڵەکانی، لۆری و شەقامەکانی، کەشتی- ...واتە ئەو سەرمایەیەی پێویستە بۆ کڕینی ژێرخانی ئابوری پڕۆژە ئابورییەکە جا پیشەسازی بێت، یان خانووبەرە، یان كشتوکاڵیو لۆجیستکا...  بەڵام ئەم ژێر خانە بۆ ئەوەی قازانج بکات، پێویستی بە سەرمایەیەک هەیە کە پێیدەڵێن سەرمایەی گۆڕاو، واتە بڕی ئەو سەرمایەی بۆ کڕینی هێزی کاری کرێکاران-مووچەی- مانگانەیان تەرخاندەکرێت. بەکڕینی ئامێرو ڕۆبۆت و زەوی و کەشتی و شەمەندەفەر لۆری و فڕۆکە وخانووبەرە.... سەرمایەدار قازانج ناکات، ئەگەر کرێکاران کاری لەسەر نەکەن. واتە سەرمایەدارێک ئەگەر چەندین کارگە و پارچە زەوی و ڕۆبۆت و هۆتێل و کەشتی هەبێت، هیچ قازانج ناکات ئەگەر کرێکاران کاری تێدا نەکەن. مارکس بەم شێوەیە پێناسەی سەرمایەی نەگۆڕ دەکات:"کەواتە ئەو بەشەی سەرمایە کە دەگۆڕێت بۆ ئامرازەکانی-هۆکانی- بەرهەمهێنان،  واتەکەرەسەی خاو و کەرەسەی یاریدەدەر و ئامرازەکانی کاری پێدەکردرێت، لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، بەهاکەی گۆڕانی چەندایەتی بەسەردا نایەت. هەربۆیە پێیدەڵیین بەشی نەگۆڕ لە سەرمایە، یان بە دەڕبڕینێکی کورت: سەرمایەی نەگۆڕ." ( مارکس/ کاپیتاڵ-بەرگی یەکەم-لا: 369/عەرەبی٠و: فالح عەبدولجەبار). بۆیە قازانجی سەرمایەداران لە بەکارهێنانی ‌هێزی کاری زیندووی پڕۆلیتاریادایە، نەک ئامێر و ڕۆبۆت وکارگە.جیاوازی سەرمایەی گۆڕاو، ئەوەیە کە لەگەڵ کڕینی ‌هێزی بەرهەمهێنەری زیندوودا بەرەوڕووە، واتە پڕۆلیتاریا. ئەم ‌هێزە هێزێکی کۆمەڵایەتی جیهانییە.بۆیە پێیدەڵێین سەرمایەی گۆڕاو چونکە:"بە پێچەوانەی ئەوەوە دەبینین ئەو بەشەی سەرمایە کە گۆڕدراوە بۆ هێزی کار، بەهاکەی لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا گۆڕانکاری بەسەر دێت.هەم هاوتای بەهای خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و هەم زیادەیەکیش، یان زێدەبایی، کە ئەویش ڕەنگە خۆی جیاواز بێت،  بڕێکی کەم یان زۆر، بە پێی بارودۆخەکان. ئەم بەشەی سەرمایە بەردەوام لە قەبارەیەکی نەگۆڕەوە دەگۆڕدرێت بۆ قەبارەیەکی گۆڕاو. هەر لەبەر ئەوەشە پێی دەڵێین بەشی گۆڕاوی سەرمایە، یان بە کورتی پێی دەڵێین سەرمایەی گۆڕاو."(مارکس/ هەمان سەرچاوە ولاپەڕەی سەرەوە)

بەو ئاستەی کە زیرەکی دەستکرد و کاری ڕۆبۆت لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنو بەکارهێنانەوە. واتە بەو ئاستەی پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە بە قازانجی سەرمایەی نەگۆڕ زیاد دەکات، بەهەمان ئاست لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی پڕۆلیتاریاداین لە بواری کارکردندا. واتە بەهەمان ڕێژەو بە ئاستێکی فراوانتر، کرێکاران لەسەر کارەکانیان دەردەکرێنو سەرمایەداری پێویستی پێیان نامێنێت بۆ کارکردن، بەڵکو لەجیاتی ‌هێزی کاری کرێکاران، ‌هێزی کاری ڕۆبۆتەکانو هێزی کاری زیرەک دەبینین کە پێویستیان بەهێزی کاری زیندووی پڕۆلیتاریا هێجگار کەمدەبێتەوە. بەم پێیە بەشی سەرمایەی گۆڕاو بە ڕێژەیەکی زۆر دادەبەزێت لە چاو بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەرمایەی نەگۆڕدا. ئەم بابەتە گرینگترین بابەت و کێشەی ئەمڕۆی پرۆلیتاریایە لە جیهاندا و لە هەمانکاتدا کێشەی گەورەی بورژوازی و دەسەڵاتەکەیەتی. بورژوازی دەسەڵاتەکەی لە مبارەوە لەگەڵ دوو کێشەو گرێی بابەتیدا ڕووبەڕوودەبن:یەکەم،مەسەلەیان ئەوەیە چۆن ئەو دانیشتووانە زۆر و فراوانەی سەر گۆی زەوی-لەڕاستیدا کۆمەڵگای بەشەری- ژیان و گوزەران بکەن لە کاتێکدا لەسەر کار نین، واتە مووچە وەرناگرن. دوەمیان: بورژوازیو دەسەڵاتەکەی باش دەزانن کە قازانجی سەرمایە لە هێزی کاری زیندوودایە، واتە بێ بەکاربردنی ‌‌هێزی کاری زیندوو-کرێکاران- لە پرۆسەکانی بەرهەمهێناندا، سەرمایە ناتوانێت خۆبەخۆ زیاد بکات، وبەوئاستەی بەکارهێنانی ‌هێزی کاری پڕۆلیتاریا کەمدەبێتەوە لە ئاستی جیهانیدا، تێکرایی قازانجی گشتی بورجوازی لە ئاستی جیهانیدا دادەبەزێت. ئایا ئەم ئاڕاستەیە دەگاتە ئاستێک کە سیستەمی سەرمایەداری خودکوژی بکات: واتە گەشەی ‌هێزی بەرهەمهـێنی تەکنۆلۆژیا هێندە پێشدەکەوێت کە هیچ پێویستی بە هێزی بەرهەمهێنەری کاری پڕۆلیتاریا نییە. ئەوکاتە کاتی خودکوژی سیستمەکەیە. ناوەرۆکی سیستەمی خاوەندارێتی بورژوازی و سیستەمی کاری بەکرێ، بەرهەمهێنانو بەرهەمهێنانەوەی زێدەباییە- زێدەبەها- ئەوەش تەنها لە هێزی کاری زیندوودایە، نەک لە کاری ڕۆبۆتو بەکارهێنانەکانی زیرەکی دەستکرد وتەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو. کاتێک زێدەبایی نامێنێت، سیستەمی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتی بورجوازی هەڵدەوەشێتەوە، ئەوە یاسای مێژوویی ئەم سیستەمەیە. بێگومان ئەم بابەتە بابەتێکی فکری یان سیاسی نییە، بەڵکو بە تەواوی ئۆبژەکتیڤە ولە ژیانی ڕۆژانەماندا هەمە ڕۆژە دەبینین کە ئەم ئاڕاستە جیهانییە لە برەو و گەشەکردندایە. دەبینین پڕۆلیتاریا لەسەرکارەکانیان دەردەکرێن و دەچنە ڕیزی بێشووماری پڕۆلیتاریای بێکارانی جیهانەوە.بەتایبەت بەپێیی پێشبینییەکان وا چاوەڕواندەکرێت،ئاستی بێکارکردنو دەرکردنی بە شەپۆلی پڕۆلیتاریای سەرکار بەرەو فراوانبوونەوە بڕوات. لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای جیهانی ماکنیزی پێمان دەڵێت:"لەسەر هەشت سەد پیشەو لە نزیکەی پەنجا وڵاتدا، دەریدەخات کە زیاتر لە 800 ملیۆن هەلیکار، یان لەسەدا 20 ی هێزی کار لە جیهاندا، لەوانەیە تا ساڵی 2030 بەهۆی ڕۆبۆتەکانەوە لەدەست بدرێن. کاریگەرییەکانی ئەمتەوژمە لەوانەیە لە وڵاتە پیشەسازییە دەوڵەمەندەکانی وەک ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیادا بەرچاوتر بێت، کە توێژەران پێشبینی ئەوە دەکەن کاریگەری دەبێت لەسەر  نزیکەی یەک لەسەر سێی هێزی کار لەم وڵاتانەدا.ڕاپۆرتەکە لە ئەمریکادا مەزەندەی ئەوە دەکات تا ساڵی 2030،هەلیکار-دامەزراندن لە نێوان 39 بۆ 73ملیۆن بێتە خوارەوە. بەم پێوانەیە بێتئاستی دامەزراندن له ئەمریکاتا ئاستی نیوەی کرێکارانی ئێستا دێتە خوارەوە".

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF