1ی ئایار ڕۆژی جیهانی سەرکەوتنێکی چینی پڕۆلیتاریایە. پرۆلیتاریا وەک چینێک لەم ڕۆژەدا و لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، توانییان سەرکەوتنێک بەدەستبهێنن، کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ڕۆژانە بۆ8 کاتژمێر. لە سەردەمی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەداریدا، سەردەمی وەحشیگەری و بەربەریەتی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی کە دەرگیرە لەگەڵ قووڵترین قەیرانی ئابوری سیستەمەکەیدا، و گەورە سەرمایەدارانی جیهان دەرگیرین لەگەڵ تووندترین ململانێی ئابوری و سیاسی و جەنگەکاندا، لەگەڵیدا زیابوونی ڕێژەی هەژاری وکەمکردنەوەی مووچە و بێکاری ملیۆنی و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران، و جەنگە یەک لەدوای یەکەکان لە ئۆکرانیاوە بگرە تا دەگاتە غەزە و سودان سیما و خەسڵەتی ئێستای سیستەمی سەرمایەداریمان نیشاندەدات.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا، ئەم ڕۆژە بیرهێنانەوەیەکی مێژوویی گرینگە بۆ چینی پڕۆلیتاریا کە دوا بڕیاری خۆی بدات و وەک چینێک و لە قامەتی چینێکدا بۆ هەتاهەتایە دەسەڵاتی سەرمایەداری وەلابنێت و کۆتایی بە سیستەمی کاری بەکرێ بهێنێت. یادکردنەوەی شریتی ئەزمونی خەباتکارانەی چیینێکی جیهانییە، کە لەماوەی زیاتر لە 130ساڵ دوای ئەودەسکەوتە جیهانییە، بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا بەهۆی شۆرش و ڕاپەڕینەکانییەوە لە وڵاتە جیاوازەکاندا، دەیان دەسکەوت و سەرکەوتنی ڕیفۆرمیستی بەدەستهێناوە، بەڵام دیسان و دیسان هەژارتر و چەوەساتر بووە، و دەستکەوتەکانی لێزەوتکراوەتەوە و پڕۆلیتاریای وڵاتە جیاوازەکانی کراونەتە دوژمنی یەکتری. لەم ساتە وەختە دژوارەدا، یادکردنەوەی 1ی ئایاری ئەمساڵ وەک پێویست بیرهێنانەوەی دوا سەرکەوتنە، دوا جەنگی چینایەتییە، شۆڕشی پڕۆلیتاریا و کۆتایی هێنان بە خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداری.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
٢٩ی ئەپریل ٢٠٢٤
