ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە تێزەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ!
بەڵگەنامەکانی ئاڕاستە

ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە تێزەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ!

ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە تێزەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ!

 

لە تێزەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخدا، ئێمە بەڕۆشنی ڕابوردووی سیاسی و بناغەی فکری خۆمان وهەروەها حزبێک کە نزیک بە سی ساڵ کارمان تێداکردبوو خستە ژێر ڕەخنەوە. سەرەڕای ئەوەی لەهەندێک پۆینتدا زۆر ڕۆشن جیاوازی و ڕەخنەی خۆمان ئاڕاستەی قۆناغی ڕابووردوو کردبوو، بەتایبەت لە مەیدانی حزب و پێکهێنانی حزب و چوارچێوەیەکی فکری کە کۆمۆنیزمی کرێکاری تیایدا داڕێژرابوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڕەخنەی ئێمە، لەچوارچێوەی هەمان ڕەخنەی چەپی بورژوازیدا قەتیس مایەوە. دەتوانین بڵێین لە سەردەمی نووسینی تێزەکاندا، چوارچێوەی بیرکردنەوەی ئێمە دیسان تابلۆیەکی ئایدۆلۆژی دەنەخشاند، لە کاتێکدا مێتۆدی مارکس هیچ پەیوەندیەکی بە ئایدۆلۆژییەوە نییە. ئایدۆلۆژییەک کە بەگشتی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژی سۆشیالیزمی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبوو، وە لە بناغەدا لەمیرات و جیهانبینی لینین و لینینیزم تێپەڕی نەکردبوو.

ئێمە مانگ بەمانگ وە دەتوانین بلێین هەفتە بە هەفتە پەیمان دەبرد بەوەی کە باسەکان و تێزەکان گرێیەکی نەکراوەی تێدایە. بەتایبەت کە بۆ ماوەی ساڵونیوێک ئێمە هەموو هەفتەیەک کۆدەبووینەوە و باسی جیاوازی سیاسی و فکریمان دەکرد. ئەمە زەمینەکی لەباری هێنایە پێش بۆ پەیبردن بە کۆسپ وگرێوگۆڵە فکرییەکانی تێزەکان. هەر لەم چوارچێوەیەدا باسەکان لە پەیوەند بە ئاڕاستەکانی سەرمایە و پەڕتووکی سەبارەت بە کرێ و باسی حزب لە ڕوانگەی مارکس و باسی شۆڕشی سۆشیالیستی و چەندین باسی سیاسی دیکە لە پەیوەند بە ڕووداوە جیهانییەکانەوە و هەروەها پەیوەندیمان بە زۆربەی هەرە زۆری گروپ و ڕێکخراوە سۆشیالیستییەکان لە کوردستان و بەشێکی دیکەیان لە ئەوروپا، کۆمەکیان کرد بەوەی کە هەنگاو بەهەنگاو گرێ و کۆسپە فکرییەکانی تێزەکان بە شێوەیەکی ڕۆشنتر درک بکەین و ڕەخنەی ئاڕاستە بکەین. بەڵام تێزەکانی ئاڕاستە ناونیشانی قۆناغێکی فکری ئێمەیە وبەردەبازێک بوو بۆ پەڕینەوە بە ئاڕاستەیەکی ڕوو لە پێشوو ڕەخنەگرانەی بەردەوام، ئێمە ئەم تەوژمە ڕەخنەگرانەیە بە بەردەوامی دەبەینە پێشەوە.

باسی گرینگی مارکس باسە لە تەجروبەکانی مێژوو، باسە لە مێژوویەک کە کۆمەڵگا وەک تاقیگایەک ماتڕیاڵەکانی خۆی تێدا تاقیدەکاتەوە. باسە لە ماتریالیزمی مێژوو، کە بەتەجرووبەی کۆمەڵگای چینایەتی تا ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری، کردەکانی مێژوومان دەخاتە بەرچاو کە شتێکی دیکە نەبوون جگە لە خەباتی نێوان چینەکان. ئەم خەبات و کردە کۆمەڵایەتییە مێژووییانە، پێشتر بە پەرتووک و تێز و مانیفێست نەنوسراوون، بەڵكو وەک کردەیەکی مێژوویی چینە چەوساوەکان دژ بە چینی دەسەڵاتداری خاوەن کۆیلەکان یان فیوداڵەکان و چینی بورژوازی و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانیان ئەنجامدراون وەک ئاڕاستەی ڕوو لە پێشی مێژوو لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا، وەک بابەتێکی ئۆبژەکتیڤ لە ئەنجامی بەریەککەوتنی توندوتیژی چینەکان، بوونەتە شۆڕش و ڕووداوی گەورەی سەردەمانی خۆیان.

 

بناغەی سەرەکی پێکدادانی چینایەتی بە درێژایی مێژووی سەردەمە جیاوازەکان شتێکی تر نەبووە جگە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بابەتی لە نێو دەروونی سیستەمی باودا. مێژوو پێمان دەڵێت کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و سەرەتای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانی بورژوازی لە هەناوی کۆمەڵگای دەرەبەگی یەوە هێواش هێواش وەدەرکەوتوون، تا ئەو سەردەمەی کە ئیتر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی ڕێگربوون لە گەڵ گەشە و پێشکەوتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا. هێزی تازەی بەرهەمهێن لەهەناوی گەشەی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتیدا -بورژوازی- ولەگەڵیاندا پڕۆلیتاریا، بەناچار وەک پێویستیەکی بابەتی ئەم هێزە چینایەتییە پاش ئەوەی کە زەمینە بابەتی و جیهانییەکەی ئامادە بوو لەباری فراوانبوونەوە و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕو کاردابەشکردنەوە، ئیتر زەبری شۆڕشگێرانەی توندوتیژی مێژوو دەبینین لە ژمارەیەک لە وڵاتانی سەرەکی سەدەکانی هەژدە و نۆزدەی زاینیدا. ئەمریکا ڕادەماڵدرێت لە نێو شەپۆلی خوێنی هیندیە سورەکان و گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە بونیاتدەنرێت و دەبێتە هۆکاری بەهێزبوون و گەشە و فراوانبوونەوەی خێراتری سیستەمی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا بەهۆی دۆزینەوەی ئاڵتون و کانزاکانی دیکە و بازرگانییەوە. لە بەریتانیا لە سایەی کوشتن و ڕاونانی سەدان هەزار لە ڕاکردووانی گوندەکان -جوتیارانی کۆن و پڕۆلیتاریای تازە- شارەکانی بورژوازی دەڕازێنرێتەوە و کارگە مەزنەکانی پیشەسازی بنیاتدەنرێن. لە فەرەنسا شۆڕشێکی گەورەی بورژوازی دەبینین کە پڕۆلیتاریا بەناچار پاشکۆیان بوو، و سیستەمی کۆمەڵایەتی پادشایەتی دەرەبەگایەتییان ژێرەوژوور کرد و لە جێگایدا سیستەمی نوێی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دامەزرێندرا. ئەم ئاڵوگۆڕانە سەرەتایەکی نوێی مێژووییان نەک لە ئەوروپادا، بەڵکو لە جیهاندا وەک ڕەوتێکی بابەتی هێنایە سەرشانۆی ڕووداوەکان.

لەم سەردەمەدا، کە دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی و سیستەمە ئابوورییەکەی، بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، لەسەرپایەی کاری بەکرێی پڕۆلیتاریا، دوو سەدە و نیو زیاتر لە تەمەنی بەڕێدەکات و دەسەڵاتی تەواوی نەک تەنها گرتووە بەسەر گۆی زەویدا، بەڵکو لەسایەی گەشەو پێشکەوتنی شۆڕشگێرانەی زانست و تەنکۆلۆژیاوە بەتایبەت بەرهەمهێنانی ڕۆبۆتۆیزەیشن- robotization-(:واتە ئامێر یان کارگەکان لە لایەن ڕۆبۆتەکانەوە نەک مرۆڤەکانەوە کاریان پێدەکرێت و کۆنتڕۆل دەکرێن. بێگومان بەبێ تەنکنۆلۆژیای پێشڕەوی ئێستا بە ڕۆبۆتکردنی ئەم پڕۆسانە مەحاڵە. بە سود وەرگرتن لە/پێناسەی زانکۆی کامبریج بۆ ڕۆبۆتۆزەیشن.) و هەروەها زیرەکی دەستکرد - Artificial intelligence (AI)- کە بەشێوەیەکی خێرا دەڕواتە نێو گشت بوارەکانی بەرهەمهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.ئەم دوو کردە شۆڕشگێڕانەیەی زانست، گۆڕانێکی هێجگار مەزنی بەسەر پێکهاتەی ئۆرگانی سەرمایەدا هێناوە و دەهێنێت و هێزهاوسەنگی بە قازانجی سەرمایەی نەگۆڕ (ئەو سەرمایەیەی خەرجدەکرێت بۆ ئامێرەکان و ئۆتۆماتیککردن یان بەکۆمپیوتەرکردنی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانەوە وهەروەها ژێر خانی ئابووری وەک سکەی شەمەندەفەرو بەندەرو خانووبەرەکانی لۆجیستیکا...) دەباتە ئاستێکی هێجگار باڵاوە کە بەراورد ناکرێت بە بڕو ئاستی سەرمایەی گۆڕاو(‌ئەو سەرمایەیەی خەرجدەکرێت بۆ کڕینی هێزی کاری پڕۆلیتاریا -موچە-). گۆڕانێکی گەورەی لەم چەشنە کە رۆژانە دەبینین و دەیبیستین، بێگومان دەبێتە هۆی گۆڕانێکی گەورە لە پێکهاتەی چینی پڕۆلیتاریادا، کە ڕێژەی هێزی کاری سەرکار هێجگار کەمدەکاتەوە لە بەرانبەر هێزی کاری بێکار و لەهەمانکاتدا بەهای هێزی کار بە ئاستێکی گەورە دادەبەزێنێت، واتە زۆر هەرزانی دەکات. بەم پێیە ڕێژەی برسیەکانی جیهان هێجگار بەرەو سەرەوە دەڕوات.

بە واتایەکی تر، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و چینی بورژوازی یێویستییان بەو ژمارە زۆرەی پڕۆلیتاریا نییە کە لەسەر کارەکانیان بمێننەوە، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنە مەزنەی زانستەوە بەقەولی بورژوازی پاش چەند ساڵی دیکە ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد دەتوانن تەواوی کارەکان کە ئێستا پڕۆلیتاریا ئەنجامی دەدات، ئەنجام بدەن وبەم پێیە ژمارەیەکی ‌هێجگار کەم لە پڕۆلیتاریای پرۆفیشناڵ لەم بوارانەدا پێویست دەبن کە دەتوانن بازاڕی جیهانی بجووڵێنن. لەسەر ئەم بناغەیە کۆیلە و برسیەکانی دونیا لەبەردەم دەرگای مەرحەمەتی بورژوازی و ملیاردێرە ئاوساوەکاندا ناتوانن تاسەر کۆیلە و برسی بن، لەکاتێکدا کە سەرمایەداری ناتوانێت کۆیلەکانی خۆی بەخێو بکات. سەردەمی قووڵی قەیرانی ئابووری ئێستا ئەوەمان بەڕۆشنی نیشاندەدات کە برسیەکان و کۆیلەکان ڕیزی سواڵکردن و دەست پانکردنەوەیان بەشێوەیەکی سەرسامهێنەر و شۆکهێنەرلە ئەوروپا و ئەمریکا دەستپێکردووە بۆ پارچە نان و سەمون و کەمێک ئارد و خواردنە ناتەندروستەکانی وەک پاستە، ئەمە ئەگەر واز لەو ملیارد برسیەی ئێستای جیهان بهێنین کە هەرئێستا خودی چینی دەسەڵاتداری بورژوازی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕایانگەیاندووە.

ئەم هەلومەرجە، بەتەواوی بابەتییە. ئەم بناغە ئابوورییە بەهێزە کە سەرمایەی کەڵەکەکردووی جیهانی چڕکردۆتەوە و خستوویەتیە دەستی چەند هەزار ملیاردێرێک و سامانی هەندێک لەوانە سنوورەکانی سەد ملیارد و دوو سەد ملیارد دۆلاریان تێپەڕاندووە، هاوکات لەم سەردەمەدا قەیرانی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری، دەسەڵاتدارانی چینی بورژوازی و خاوەن کۆمپانیا جیهانییە جیاوازەکانی بردۆتە ئاستی نەک تەنها ململانێ و کێبەرکێی گەورە و فراوان و توندی ئابوورییەوە، بەڵکو ‌هێزە گەورەکانی سەرمایەداری جیهانی لەبەرانبەر یەکدا ئامادەکردووە بۆ جەنگێكی نەک تەنها ماڵوێرانکەر، بەڵکو جیهان وێرانکەر. هەر ئێستا جەنگی جیهانی لە ئارادایە و لەچەندین شوێن و وڵات و ناوچەی جیهان خوێن دەچۆڕێت: ئۆکراین، فەڵەستین، ئیسڕائیل ولوبنان و یەمەن و سودان و سوریا ....هەڕەشەکانی جەنگ لە نێوان هەردوو کۆریا و هەروەها چین و تایوان وئیسڕائیل و ئێران. ئەم هەلومەرجە ترسناکە بناغەکەی ئابووری و بەرژەوەندی ئابوورییە و لەڕێگای سیاسەتەوە -جەنگەوە- پیادە دەکرێت. سەرمایەداری وەک سیستەمێکی جیهانی نەدەتوانێت برسی و کۆیلەکانی خۆی نانبدات، وە نەدەتوانێت ئاشتەوایی نێوان ڕیزەکانی چینی بورژوازی نێوخۆشی دەستەبەر بکات، چجا بگات بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی وجیهانی.

سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە باری ئایدۆلۆژیشەوە -کۆی بناغە فکرییەکانی دەسەڵاتی ئابووری سیاسی- دەرگیرە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ بەهەمان ئەندازەی قووڵی قەیرانە ئابوورییەکەی. سیستەمێک کە بەناچار گەڕاوەتەوە بۆ ئاینەکان و خورافاتی ناسیۆنالیستی لەڕێڕەوە تاریکەکانی مێژوودا. ئەم ئاڕاستەیە لە ئەمریکاوە دەستپێدەکات تادەگاتە ئەوروپا و چین و ڕوسیا و هیندستان و سەرجەم وڵاتانی جیهان بە ئاستی جیاواز. ئاینەکانی کریستیانی و ئیسلام و یەهوودی و ‌هندوسی... ڕۆژ بەرۆژ بەرەو فراوانبوونەوە دەچن و تووندبوونەوەی کەڵچەرەکانیان فراواندەبنەوە. بورژوازی جیهانی ناچار بووە و ناچارە تەواوی بەرگە ئینساندۆستیەکانی وەلابنێت و ڕووبکاتە دیکاتۆریەتێکی ئاشکرا و بێ ڕووپۆشەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاو و.....

سیستەمی سەرمایەداری لەم سەردەمەدا گەیشتۆتە ئەو پۆینتەی کە پێویستە بگات. پۆینتێک کە سیستەمی مەوجوود ڕێگرە لەبەردەم نەک تەنها گەشە و پێشکەوتنی پڕۆلیتاریا، بەڵکو بە ناچار ڕێگرە لەبەردەم گەشە و پێشکەوتنی زانست و بەکاربردنیان. بە واتایەکی کورت ڕێگرە لەبەردەم گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا. ئەگەر پرسیار ئەوەبێت ڕۆبۆتەکان و زیرەکی دەستکرد جێگای پڕۆلیتاریا دەگرنەوە لە ئاستی جیهانیدا، وە بێگومان دەیگرنەوە، ئەوکات تێکڕایی گشتی قازانجی سەرمایە لەئاستی جیهانیدا نزیکدەبێتەوە لە سفر، تەنانەت ئەگەر ڕێژەیەکی کەمیش لە پڕۆلیتاریا بمێنێتەوە بۆ کارکردن. لەم ئاڕاستە بابەتیەشەوە، بورژوازی جیهانی لە تەنگەژە و قەیرانێکی شۆکهێنەری قووڵدایە و دەیگەیەنێتە ئاستی خۆکوژی -انتحار-. سەرمایە بێ زێدەبایی وەک ماسی لێ دێت لە وشکانیدا.

ئەم ئاڵوگۆڕە گەورانە لە زەمینە و بونیادی سیستەمی سەرمایەداریدا، تەواوی زەمینەکانی دوا پەلاماری پڕۆلیتاریای جیهانی ئامادەکردووە، بۆداڕماندن و ڕووخاندنی سیستەمی کۆیلایەتی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتی بورژوازی. دوا پەلامار، شۆڕشی پرۆلیتاریا، شۆڕشی کۆیلە و برسیەکانی ئەم سەردەمەیە. شۆڕشی کۆیلەکانی سەرمایەداری هەرچۆنێك بێت وهەر فۆرمێک وەربگرێت و لەهەر وڵاتێکەوە دەستپێبکات، بەتەواوی شۆڕشێکی جیهانی دەبێت. پەلاماری توندوتیژانەی پڕۆلیتاریا وەک چینێک دژ بە سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری جگە لە کۆمۆنیزم شتێکی دیکە نیە. کاتێک چینی پرۆلیتاریا وەک چینێک ڕادەپەڕێ و پەلاماری سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی دەدات، کردەیەکی شۆڕشگیرانەیە لە پێناو خۆیدا بۆ ڕزگار بوون لە چەوسانەوە و گەیشتن بە جیهانی کۆمۆنیزم، جیهانی نەمانی خاوەندارێتی تایبەتی بورژوازی. بەم مانایە کۆمۆنیزم بۆ ئێمە کردەی چینی پرۆلیتاریایە دژ بە سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری. مارکس بە ڕۆشنی دەنوسێت: "کۆمۆنیزم، بۆ ئێمە دۆخێک نییە کە دابمەزرێنرێت، ئایدیایەک نیە کە دەبێت واقیع لەگەڵیدا بگونجێت. بۆ ئێمە کۆمۆنیزم ئەو بزووتنەوە واقیعیەیە کە بارودۆخی ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە." ( مارکس/ ئایدۆلۆژی ئەڵمانی، عەرەبی/و: فواد ئەیوب/ لا:٤٤ هێلەکانی تەئکید هی ئێمەیە). هەروەها لە مانیفێستدا دەنوسێت: "بەمجۆرە پێش هەر شتێک، ئەوەی بورژوازی بەرهەمیدەهێنێت گۆڕهەڵکەنانی خۆیەتی. ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، بەهەمان شێوە حەتمییە." (مانیفێست ئینگلیزی/ بورژوازی و پڕۆلیتاریا/www.marxists.org/هێلەکانی تەئکید هی ئێمەیە). مانیفێست لێرەدا هەمان جەختدەکاتەوە کە لە ئایدۆلۆژی ئەڵمانیدا لێکدانەوەی مێژوویی بۆکراوە. بە ڕۆشنی مارکس هاوار دەکات کە کۆمۆنیزم، واتە سەرکەوتنی چینی پڕۆلیتاریا و ئەم کردەوەیە، کردەیەکی حەتمییە.

دوا پۆینت پێویستە ئاماژەی پێبکەین ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی چینی پڕۆلیتاریایە -کۆمۆنیستەکان- لەم شۆڕش و کردە مێژووییەی پڕۆلیتاریادا. ئەگەر ئەم کردەیە حەتمییە؟! ئایا پێویست بەکار و نوسین ولێکدانەوە و بەکورتی پێویستمان بە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی هەیە؟ یان پێویستمان بە خۆڕێکخراوکرنی پڕۆلیتاریا هەیە؟! ئەم پرسیارە لە باری مێژووییەوە هەمیشە لەلایەن باڵی چەپی بورژوازییەوە پێشنیاز کراوە، بەڵام ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست ئەندامانی چینی پڕۆلیتاریان، وەک چۆن ڕۆشنبیرانی بورژوازی ئەندامانی چینی بورژوازین و لەهەوڵی ڕازاندنەوە و جوانکردنی ئابووری سیاسی و دەسەڵاتی بورژوازی و دامودەزگاکانیدان، بەهەمان شێوەش ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست ئەوە ئەرکیانە لەخزمەت بەرژەوەندی چینەکەی خۆیاندا بن، لە خزمەت ڕۆشنکردنەوەی بارودۆخی جیهانی سەرمایەداری ئەم سەردەمەدابن، هەوڵ بدەن کە پڕۆلیتاریا شوێن سیاسەت و هەنگاوە ئابورییەکانی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی نەکەوێت، هەوڵبدەن زیاتر یەکگرتوو یەکدەست بن لە خەباتی ڕۆژانە و لە خەباتی یەکگرتووانەی پڕۆلیتاریا دژ بە سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری. بۆ دانانی هێزێکی کاریگەرتر لەم ئاڕاستەیەدا پێکهێنانی ئەنتەرناسیونالێکی پڕۆلیتەری هەنگاوێکی مەزنە.

بەم نووسینە کورتە ئێمە پایە فکرییەکانی تێزەکانی ئاڕاستە بەجێدەهێڵین و ڕوولەپێش هەنگاو دەنێنین لە پێناوئەو ئەرکانەی لەم ئامانجەدا دێتە ڕێمان.

 16ی  دیسێمبەری2024

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

https: marxist-trend.org

کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی  بابەتەکە بە فایلی پی دی ئێفPDF