گێمی یەکەمی جەنگی جیهانی سێهەم کۆتایی هات!
بابەتەکان

گێمی یەکەمی جەنگی جیهانی سێهەم کۆتایی هات!

ماوەی چەند ساڵی ڕابووردوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت جیهان دەرگیرە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە جەنگی بەوەکالەت. ئەم جەنگانە بەشێکن لە جەنگی جیهانی سێهەم، لە ڕێگای پێچاوپێچەوە. جەنگی کۆتایی لە نێوان ئەمریکاو چیندا دەبێت ئەگەر فریا بکەون. واتە پێش جەنگەکە ئەگەر داڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکا یان شۆرشی پرۆلیتاریا یان هەردووکیان ڕوونەدەن.

قەیرانێکی هێجگار قووڵ یەخەی بە سیستەمی سەرمایەداری گرتووە، دەڵێن ماسی لەسەرییەوە بۆگەن دەبێت، بەهەمان شێوە سەرمایەو سیستەمەکەی لەسەرەوە بۆگەن دەبێت، لە ئەمریکاوە. چارەسەری ئەم قەیرانە تەنها ڕووخانی سیستەمەکەیە، ئەگەر نا سەرمایەداری بێ ئەلتەرناتیڤە. هەر ئێستاو ماوەیەکی بەرچاوە کە بلۆکی ڕۆژئاوا بە ڕابەری ئەمەریکا هێواش هێواش دەرگیر بووە لەگەل تلیسانەوەدا. بێگوومان ئەم بلۆکە و دامودەزگاکانی بەوشێوەی پێشوو نامێنن. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو سەرجەم ئەحزابەکانی کە لەماوەی٧٥ساڵی ڕابوردوودا دەسەڵاتیان گرتووەو بەشێک بووون لێی بە چەپو ڕاستەوە، بەو شێوەیە نامێنن و ئاڵوگۆڕی گەورەیان بەسەردادێت.

هێڵی گشتی سیاسەتو کردەوەی بورژوایی لە ئاستی جیهاندا دیکتاتۆریەت و فاشیزمو ڕاسیزمە، بە ڕاستو چەپیەوە. چەپ هیچ بناغەیەکی ئابوری مانەوەی نەماوە، لە شکستی چەپەکانی یۆنانەوە(هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵ/سیریزا)ئەم ئاڕاستەیە ڕۆژ بەرۆژ قوڵتر دەبێتەوە.

لەچوارچێوەی جەنگە بەوەکالەتەکاندا، جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا لە ڕاستیدا ڕۆژئاوا بە ڕابەری ئەمریکا و ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی لە چینو کۆریای باکور، گەورەترین و گاریگەرترین جەنگی بەوەکالەتی ئەم چەند ساڵەی دوایی بووە، کاریگەریشی بۆ سەر جیهان بەهەمان شێوە گەورەتر دەبێت.

ڕێکەوتنەکانی چینو ئەمەریکا لە دواین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو وڵات لە کۆریای باشور لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، هەروەها پەیوەندی تەلەفۆنی نێوانیان لەسەر نەخشەی کۆتایی هاتنی جەنگ لە ئۆکرانیا لە ٢٤/١١/٢٠٢٥دا...ئاماژەیەکی وردە بۆ جۆرێک لە پشوو و هێمنکردنەوەی هەلومەرجی گشتی ئابوری و سیاسی دونیا.

دوا پێشنیازی ترامب" ٢٨ خاڵیەکە" بۆ کۆتایی هاتنی جەنگی ئۆکرانیا، گۆڵێکە لە خۆیانکراوە، واتە لەو بەرەو بلۆکە کراوە کە ٧٥ ساڵە ڕابەرایەتی جیهان دەکەن. ئەوە زۆر گرینگ نیە ئەم پێشنیازە وەک خۆی یان بەدەستکاریەوە جەنگ ڕابگرێت، یان تەنانەت ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، بەڵکو هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە جەنگی ئۆکرانیا وپشتکردنە ئەوروپا لە دوا چڕکەکانی گێمی یەکەمی یارییە جیهانیەکە پۆینتی سەرەکیە.

بەم پێیە دابەشکردنەوەی نفوزی تازەی سەرمایە لە گێمی یەکەمدا کۆتایی هاتووە، ئێستا پشووە ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا بەردەوامیش بێت. پشووە لە نێوان چینو ئەمریکادا. بەپێی هەمان بناغە تا ئێستا ناوچەکانی جیهان دابەشکراون بەشێوەیەکی کاتی. ئەمە مانای ئەوەنیە لەم ماوەیەدا جەنگی بەوەکاڵەت بەردەوام نابێت، یان گوایا ئاشتی دەبێت.

وەک: رؤژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بۆ ئەمریکا بە جێهێڵدراوە، بەم پێیە ئەمریکا مەملەکەتی سعودیەی وەک گەورەترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو پایەگای سیاسی و ئابوری وسەربازی خۆی لە ناوچەکەدا ناساندووە. پێگەی ئیسڕائیل چۆتە دواوە و لاواز بووە. لەم ناوچەیەدا دەبێت پێگەی ئێران جیابکەینەوە ئەگەرچی لاوازبووە. بەڵام لەماوەی پشووی داهاتوودا هێرشی گەورە بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لە ئارادا نابێت. لەم چوارچێوەیەدا، هەلومەرجی عێراقیش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئێرانەوە و هاوپەیمانی شیعەکان خۆیان حوکمران دەبن و سوننەکان بەگشتی هەلوێستی مامناوەندو نەرم دەگرنەبەر بەرانبەر ئێران بە ڕابەری حەلبوسی، ناسیونالیزمی کورد بە گشتی لاوازتر دەبێت. ئێراق دیسانەوە لە سەنتەری یاری ئەمریکاو ئێراندا دەوەستێت، بەڵام ئەمجارەیان هاتنە ناوەوەی زیاتری روسیا و چین هەروەها ئەمریکاش لە باری ئابوریەوە بۆ نێو خۆی عیراق دەبینین ئەگەر چی بەردەوامیش نەبێت. چارەسەری هەلومەرجی کوردستان و نەدانی موچە لە گرەوی لابردنی پەردەی داپۆشینی دوو ئیدارەیدایە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بورژوایی کوردیو عەرەبی ئەم قۆناغەدا. دێگەڵە سنورێکی دانپیانراوی نێونەتەوەییە لە نیوان یەکێتی و پارتیدا.

لەباری ئیستراتیژی ئابوری و دواتر سیاسیەوە، بۆ چینو ڕوسیا زۆر زەحمەتە ئێران ڕادەستی ئەمریکا بکەن. کیشوەری ئەفریکا بەگشتی چۆڵکراوە بۆ ڕوسیا و چین، بەڵام لێرەشدا وەک ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست دەبێ هەندی وڵاتی وەک مەراکیش و تا ئاستێک میسر و چەند وڵاتی بچوکتر جیابکرێتەوە کە نزیکایەتی زیاتریان هەیە لەگەڵ ئەمریکا، نفوزی کۆنی فەرەنسا لە ئەفەریکادا تا ڕادەی نەمان لاوا بووە. هەندێ وڵاتی بچوکتری وەک تورکیا و سعودیەو تەنانەت ئیمارات نفوزێکی کەمیان هەیە لە ئەفەریکادا.

لە ئەمریکای لاتین لەباری ئابوریەوە پرنسیبی " مۆنرۆ" بەتەواوی شکستی خواردوە، نفوزی ئابوری چین لەم کیشوەرەدا زۆر بەهێزترە لە ئەمریکا، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت چواردەوری خۆی پاکبکاتەوە واتە پرنسیبی مۆنرۆ جێبەجێبکاتەوە. ئەم پرۆسەیە لە گێمی یەکەمدا چارەسەر نەکراوە....پەلاماری ڕۆژانەی فینزویلا لەم چوارچێوەیەدایە.

ئەوروپا دیسان بەجیا لەوەی جەنگی ئۆکرانیا دەوەستێت یان نا، تەواو بووە، بەو مانایەی کە بناغەی ئابوری زۆر لاواز بووەو بەم پیێیە ستراکچەری هەموو ئیدعاکانی بەسەرچووە. هێلی گشتی سیاسەتیان دیکتاۆریو فاشیزمو ناسیزمو سەرکوتو سڕینەوەی مێژووی پێشووی بورژواییە بە دەستی خۆیان. لە باری ئابورییەوە، نەبوونی و هەژاری و گرانیو بێکاریو دەرکردن لە سەر کار و قەرزێکی زۆر دامێنی دانیشوانەکەی گرتووە. ئەورپای یەکگرتوو، کە هەرگیز یەکگرتوو نەبووە، بەم شێوەیە نامێنێت و ئارایشێکی گەورەی بەسەردا دێت. پێگەی وڵاتانی گەورەی ئەوروپا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا زۆر هاتۆتە خوارەوە و زیاتریش لاواز دەبن لە ئاستی جیهانیدا. وای لێهاتووە ئەمریکا پرسو ڕاوێژ بە تورکیاو قەتەر دەکات بۆ جەنگی ئۆکرانیا بەڵام ئەو وڵاتانەی فەرامۆشکردووە.

لەم چوارچێوەیەدا مانا واقعی و بناغە مێژوویەکانی دەوڵەت لە ئاستی جیهاندا تەنها لە ئاستی چەند وڵاتێکدا مانای ماوە، کە ئەوانیش لە ٨ وڵات زیاترنین کە دەتوانن مانای "دەوڵەت" بگرنە خۆ لە سیستەمی سەرمایەداری ئەم قۆناغەدا: ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا، چین، هندستان و یابان. بەشێک لەو ٨ وڵاتە بە رەحمی مێژوو وهەروەها بە یارمەتی ئەمریکا تا ئێستا لەو چوارچێوەیەدا ماون. باقی وڵاتانی دونیا هەموویان پێگەیەکی وەزیفیان هەیە " وەک فەرمانبەر". پایەی سەرەکی سەرمایەی جیهانی و جیهانی بوونی سەرمایە وگەشەکردنی" تەنانەت مانەوەی" پێویستی بەو هەمەموو دەوڵەتە دروستکراو و نەتەوەییانە نەماوە، بە هەمان دەسەڵاتی قۆناغی پێشووەوە. هەموو ڕووداو و جەنگەکان و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی گەورە سەرمایەی جیهان بۆسەر ئەو وڵاتانە بێڕازیبوونی خۆیان ئەوە دەسەلـمینێت. ئەمەریکا و ڕوسیا لەم نێوەدا پێشڕەون بەتایبەت ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا ناسیونالیزم وەک دووشەش لە دەستدا تۆپیوە بەڕاستو چەپوو مام ناوەندیەوە. سەروەری نیشتمانی لە ئاستی جیهانیدا نەماوە، جیهان یەکپارچە لەسایەی سەرمایە گەورەکاندا دەجوڵێت، نەمانی سەروەری بۆ ئەو هەشت وڵاتەش ڕاستە بە ڵام بە ئاستێکی جیاواز لە وڵاتانی دیکە.

لەم نێوەدا سەرمایەداری ئەمریکی لغاو بەربوو پەلاماری ڕاستو چەپ دەدات، بۆ ڕزگاربوونی پێگەی سەرمایەکەی لە جیهاندا. دواین نەخشەی گەورە بورژوازی ئەمریکا America First "یەکەم ئەمریکا' لەگەڵ لەدایکبوونیدا شکستی خوارد. چینی بورژوازی ئەمریکا هەرگیز وەک ئەم سەردەمە دەرگیر نەبووە لەگەڵ بێئومێدی ونەبوونی چارەسەردا بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە ئابورییەکانی. هەژاریو نەداری و گرانی و کەمی مووچە و دەرکردن لەسەرکار و قەرزی دانیشتوانو قەرزی دەوڵەت ونەبوونی کار هەرگیز وەک ئێستا فراوان نەبووە. فڕوفیشاڵی بۆرسەکان و بەتایبەت بۆرسەکانی تەکنۆلۆجیا و ئەی ئای و کەرتی خانووبەرە، هەرگیز وەک ئێستا نەئاوساوەو زۆر نزیکن لە تەقینەوە. لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتی پڕۆلیتاریا و هەژاران هێجگار فراوان بۆتەوە... هەموو ئەمانە پێکەوە زەمینەی پایەیی شۆرش یان دارووخانی سیستەمەکەیە، لە هەلومەرجێکدا چین و ڕوسیاو هندو چەندین وڵاتی دیکە لە بەرانبەریدا وەستاون کە لە قەیرانی سالێ ٢٠٠٨ ئەم "دوژمنانەی" هێشتا دیار نەبوون.